گوتار

دیالەكتیكی ئاپۆیی؛ گیان و داینامیکی داهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتییه‌

ژیانه‌وه‌ی مرۆڤ چۆن دەبێت؟ یاخود كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی دژەسەرمایەداریی -که‌ ناوی سۆسیالیزمه‌-  چۆن دادەمەزرێت

جه‌میل بایك

هاوکێشەی 5W 1H كرۆكی و میکانیزمی نووسین و پێشکەشکردنی هەواڵ ده‌ستنیشان ده‌كات. هیچ هه‌واڵسازییه‌ك بەبێ ئەوە ناكرێت. ئەگەر بشكرێت، ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئه‌م یاسا و هاوكێشه‌یه‌ له‌ درووستکردنی هەواڵ دەربارەی ڕووداوێك، یان گۆڕانكارییه‌ك و ڕووماڵكردنی ڕاستییه‌كان، هۆشیارکردنەوەی كۆمه‌ڵگه‌ لێی، ئه‌زموونوه‌رگرتن و ئاڕاسته‌دان به‌ ڕووداوه‌كاندا، گرنگه‌. ئەگەر دووان له‌و شه‌ش ڕه‌گه‌زه‌ كه‌م بێت، یان (كێ)ـیه‌كه‌ی نه‌بێت، یاخود هه‌ر یه‌كێكیانی نه‌بێت، دیاره‌ هه‌واڵه‌كه‌ ناساز و لێڵ ده‌بێت و کەسیش ئه‌نجامێكی لێ وه‌رناگرێت.

لە پلانداناندا ئەگەر كۆنترۆڵی داتاكان نه‌كرێت، ئەوا ئەستەمە پلاندانانه‌كه‌ تەواو و به‌پێی پێویست و ئەنجامهێن بێت. دەتوانین هه‌مان چوارچێوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕاپۆرته‌كانیش دابنێین. ده‌كرێت چالاكییه‌ جه‌ماوه‌ریی و سه‌ربازییه‌كانیش له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا هه‌ڵبسه‌نگێندرێن كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ شكست ئه‌نجامگیر ده‌بێت، ئه‌م یاسایه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ توێژینەوەیەکی سیاسیی و دیپلۆماسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سەربازیی و یاسایی… هتددا به‌دی بكه‌ین. با بە شێوەیەکی سادەتر ده‌ری ببڕین؛ گەر ڕێكه‌وت وه‌لا بنرێت، له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا ئه‌نجامه‌كه‌ی شكست ده‌بێت.

بۆچی؟ چونکە سرووشت و كۆمه‌ڵگه‌ بەپێی پرەنسیپە دیالێکتیکیی-ماتریاڵیستییەکان کار دەکەن. لە به‌رجه‌سته‌وه‌ ده‌ست پێ ناكات، سەیری هەمووێتیی ناكات، لە هەموو گۆشەیەکەوە بۆ کێشەکان ناڕوانێت، گۆڕان و وه‌رچه‌رخانه‌كان نابینێت. سه‌رنج ناخاته‌ سه‌ر ناکۆکیی نێو سەرچاوەی کێشەكان، چۆنێتییه‌كانیان، ڕەوتی گەشەی مێژوویی و داهاتوویان و شوێنه‌كانیان. بە کورتیی، بە میتۆدێکی دیالێکتیکیی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كان ناكات. ئه‌مه‌ش له ‌كاتێكدایه‌، خودی سرووشت و كۆمه‌ڵگه‌ بەپێی بنەماکانی دیالێکتیک کار دەکەن. ئەگەر سرووشت-كۆمه‌ڵگه‌یەک هەبێت و بەپێی پرۆسەی دیالێکتیکیی کار بکات، هەر کێشەیەکیش تیایدا سەر هەڵبدات، گەر به‌م ڕێبازه‌ هه‌ڵنه‌سه‌نگێندرێت، ئه‌وا نەک تەنیا بە چارەسەر ناگات، بەڵکووو ده‌شێت قووڵتریش بێتەوە.

باشه‌ ئەو میتۆدە دیالێکتیکییە چییە وا ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێته‌ پێناسە و شیکار و کلیلی چارەسەری هه‌موو كێشه‌یه‌ك؟ كه‌واته‌ پێویستە لێرەوە ده‌ست به‌ تاوتوێی دیالێکتیک بكه‌ین.

پڕۆسەی دۆزینەوەی دیالێکتیک و گرنگییەکەی

بە تایبەت له‌م ژینگه‌یه‌دا كه‌ بۆ ئێمه‌ی خەڵکی کوردستان پڕە له‌ مه‌ترسیی و ده‌رفه‌ت‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر واتا و گرنگیی هەبوونی تێگەیشتنێکی دیالێکتیکییانه‌ی درووست و ‌كاریگه‌ر، هاتووەتە پێشێ.

دیالێکتیک فەلسەفە یان شێوازێکی بیرکردنەوە نییە لە دەرەوە بە سەر مرۆڤدا سەپێندرابێت. بەڵکووو پرۆسه‌یه‌كه‌ لە نێو هه‌بوونی مرۆڤدا، لە پەیوەندیی و ناكۆكییه‌كانیدا، لە كۆمه‌ڵگه و سرووشتدا. دۆزینەوەی یاسا بنچینەییەکانی ئەم درووستبوون و گۆڕانە و وه‌رچه‌رخانه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌ی لە ئانوساتێكدا و لە قۆناغی ژیانی کەسێکدا دەرنەکەوتووه‌. ئەنجامی گواستنەوەی ئه‌و ئه‌زموونه‌ پڕ له‌ ڕه‌نج و ئاره‌قه‌یه‌یه‌ وا له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر دۆزراونه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی شیكاركردنی هۆكاره‌كانی دراون.

بێگومان ئەم پرۆسه‌یه‌ لە سرووشت و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایەتییدا بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکات. لە سرووشتدا، یاسا یه‌كلاكراوه‌كانی فیزیا و کیمیا به‌كارن. ئەم یاسایانه‌ی سرووشت بەلایەنی کەمەوە لە هەموو شوێنێکی سەر زەوی وەک یەکن. بەڵام لە كۆمه‌ڵگه‌دا جیاوازه‌. قۆناغی مێژوویی و دابونەریت و… هتد، په‌رده‌ له ‌سه‌ر زۆر جیاوازیی بنەڕەتیی هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ دیالێکتیکی كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازە. مەیلی سیاسیی و ڕۆشنبیریی و کەلتووریی لەچاو كاریگه‌ریی جوگرافیا نەرمتر و پێكه‌وه‌ خۆیان به ‌شێوه‌ی فره‌ڕه‌نگ دەردەخەن. ئەمانە هەن و بەکارن. به‌ڵام بۆ تێگەیشتن له‌مانه‌، پێویستمان بە توێژینەوە و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیرە.

دیاردەی زیرەکیی دەستکرد کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە، چەند ساڵێکە مشتومڕ لە ئه‌رێنیی یان نه‌رێنیبوونی ده‌كرێت، دەتوانین بێژین به ‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی مرۆڤی سه‌ره‌تایی به‌ ڕوانین له‌ ڕووداوه‌كانی ده‌وروبه‌ری پرسیاری ‘چی، چییه‌؟’ـی هێنایه‌ كایه‌‌. له‌و كاته‌وەی‌ شه‌و و ڕۆژ، سه‌رما و گه‌رمای لێك جیا كرده‌وه‌ و بۆ پاراستن و به‌رگریی له‌ خۆی لقێكی له‌ دارێك كرده‌وه‌. بە کورتیی پێ ده‌چێت وەبیرهێنانەوەی یه‌كه‌م قۆناغه‌كانی به‌ مرۆڤبوون یارمەتیدەری دۆزینەوەی ڕێ و ڕێباز بێت بۆ چارەسەری کێشەکان.

ئەو دەمە مرۆڤ خۆی و هه‌موو شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی خستووەته‌ ژێر پرسیاره‌وه،‌ كه‌ لە جیهانی ئاژەڵان جیا بووه‌تەوە. هاوشێوه‌ی هه‌ڕه‌تی فێربوونی منداڵ، هه‌وڵیان داوه‌ وه‌ڵامی مه‌راقه‌كانیان بدۆزنه‌وه‌. ڕاستییەکەی هەموو مه‌راقێك پرسیارێكه‌، هه‌ر پرسیارێک هەوڵێکە بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی مه‌راقه‌كه‌ی. ئەمە لە بنەڕەتدا گەڕانێکە و پەیوەستە بە کارکردنی سرووشت و مرۆڤایەتیی و كۆمه‌ڵگه‌وه‌. بۆچی خۆر هەڵدێت، سوودی چییە، بۆچی تاریکیی ڕوو دەدات، بۆچی و چۆن باران و بەفر دەبارن؟ جیاوازیی نێوان گەرم و سارد و ئارەزووی سوودوەرگرتن و پاراستنی خۆی لە هەردووکیان بە شێوەیەکی سەرەکیی مێشکی ئاڕاستە دەکات بۆ چارەسەری ئەو پرسیارانەی کە ئەوانه‌ چین و چۆن و بۆچی درووست بوون.

بە کورتیی، پاش ئه‌وه‌ی مرۆڤ پرسیاری ‘چی، چییە، چۆن’ـی كرد، ئه‌وجار ده‌ڵێت؛ له‌ كوێ و کەی و پرسیاری کات و شوێن ده‌بێت به‌ باسوخواس. دەست دەکات بە پرسیار لەمەڕ بوونی خۆی و ده‌وروبه‌ری و پەیوەندییەکانی له‌گه‌ڵ کۆمەڵانی کڵانی ده‌وروبه‌ری و زۆر شتی تر، ده‌ست ده‌كات به‌ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی خۆیی. هەندێک جار بە ئەزموونه‌كانی، وەڵامی وه‌هاش دەدۆزنەوە تا باوەڕ بە خۆیان دەهێنن. دوای ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی؛ له‌ بوونه‌وه‌ به‌دوایی نه‌بوو و نادیاردا ده‌گه‌ڕێت. دەست دەکات بە بیرکردنەوەیه‌ك کە هێزێکی نەبینراو له ‌پشت هه‌موو هۆکار و ئاڕاسته‌ی ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كانه‌وه‌. چونکە مرۆڤ هێشتا به‌و ئاسته‌ نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ به‌ پێناسه‌ی جیهان، گەردوون، خۆر، ئەستێرەکان، مانگ، سەرما، گەرما، باران، بەفر و… هتد و پێكهاته‌، جووڵه‌ و پەیوەندییەکانی بزانێت. هەر بۆیە هەوڵی داوە به‌ میتۆلۆژیا پێناسەی سرووشت و كۆمه‌ڵگه‌ بكات.

لەگەڵ گه‌یشتن به‌ قۆناغی شارستانییەتی دەوڵەت، ئەو تاکانەی چینی فەرمانڕەوا وا توانای بیرکردنەوە و پرسیاریان هەبووه،‌ دەستیان کردووه‌ بە درووستکردنی بیرۆکە دەربارەی سرووشت و بنیاد، بەڕێوەبردن، بەرهەمهێنان، هاوبەشیکردن، یاسا و… هتد. ئەم گرووپانە، كه‌ لە چینی كاست، هۆز و خێڵەوە دەرکەوتوون، دەستیان کردووه‌ بەوەی هەموو شتێک به‌ خوداوەند و پاشاخواوەنده‌كان شرۆڤە بکەن. بەوەش هه‌وڵیان داوه‌ گه‌ره‌نتیی پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بكه‌ن.

سەرەتا مرۆڤ له‌ دووبارەبوونەوەی بێشوماری کردار و ئەزموونەکانییه‌وه‌ فێری نابه‌رجه‌سته‌كردن، هێما و سیمبۆڵكردن بووه‌. ئەم بنەمایەی له‌ مه‌یل و بنچینه‌ی پێكه‌وه‌ژیاندا بۆ گەشەپێدان و گۆڕینی بوونی خۆی به‌كار هێناوه‌. سرووشت و پێکهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یان ‌لا بووه‌ به‌ مه‌راق. هه‌ستكردنیان به‌ جیاوازیی نێر و مێ پەرەسەندنێکی بنەڕەتیی بووه‌ لە بنیادنانی کۆمەڵایەتییدا. ئەم پرۆسەی فێربوونە سه‌ره‌تا به‌ لاساییکردنەوە دەستی پێ کرد و ئه‌زموونی درووست كرد، به‌پێی كات گۆڕا بۆ ڕوونکردنەوەی میتۆلۆژییانه‌.

درووستبوونی جیهان، زەوی و ئاسمان، خۆر و مانگ، دەریا، با و… هتد، هەموویان له‌ ئایینه‌ جیاوازه‌كان یاخود له‌ میتۆلۆژیای گه‌لاندا به‌ ئاستێك گه‌یشتوون، كه‌ گوزارشت لە خەونە هاوبەشەکانی سەردەمی منداڵیی مرۆڤایەتییش بکه‌ن. بە تایبەت چینە فەرمانڕەواکان بۆ ئەوەی بتوانن ببن به‌ دەسەڵات و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان هه‌میشه‌یی بكه‌ن، په‌نایان بۆ جۆره‌ هه‌وڵدانێكی وه‌ها بردووه‌. بەگوێرەی پێناسەکانیان بۆ سرووشت، دەستیان کردووە بە پێناسەکردنی كۆمه‌ڵگه‌ش.

به‌سه‌رهاتی لەدایکبوونی فەلسەفە به‌ پرۆسەیەكی وه‌ها دەست پێ دەکات.

تا دێت ڕوونکردنەوەکانی سه‌باره‌ت به‌ سرووشت و كۆمه‌ڵگه‌ جیاواز دەبن. هەندێکیان دەست دەکەن بە ڕوونکردنەوەی هەموو شتێک به‌ میتۆلۆژیا و دواتریش ئایین. بێگومان ئه‌و كاته‌ی بڕوایه‌كی ڕەها بە میتۆلۆژیا هێندراوه‌ و گێڕانەوەکان ناسنامەی ‘تاكه‌ ڕاستی’ـیان پێ دراوه‌، ئێدی كرۆك، سنوور و چوارچێوه‌ی ئایین گه‌یشتووه‌ به‌ ڕوانینێكی گشتگیر و دیاری كۆمه‌ڵگه‌-جیهانییی.

لەگەڵ ئەوەش هه‌ندێك بۆچوونی تریش هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ ڕووداوه‌كان، سرووشت و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ خودی تاک ڕوون بكه‌نه‌وه‌. هەموو ئەمانەش به ‌شێوه‌یه‌كی گشتیی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەدان هەزار ساڵه‌دا وه‌به‌ر هاتوون.

دیالێکتیک چییە؟ له‌ ڕووی ڕه‌گوڕیشه‌وه‌؛ نیشتمانی دۆزینه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی دیالێكتیك كوردستانه‌. ڕێبه‌رایه‌تیی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دیالێكتیك له‌ “دوو – دووانه‌”ـی كوردییه‌وه‌ هاتووه‌، لە ئەورووپاش دەبێت به‌ “دیا”. ڕیشه‌كه‌ی ئاریانییە. ئەوەی پێی دەوترێت ‘دیالێکتیک’ دەبێت بە ‘دوو’ ناو ببرێت. بابه‌تی ڕووناكیی و تاریکییه‌كه‌ی ئایینی زەردەشتیی؛ بووە بە فەلسەفه‌… ڕیشه‌كه‌ی کوردستانە، بەڵام ئەو شوێنەی چەمکەکەی تیایدا به‌ فۆرمێکی سیستماتیک گه‌یشتووه‌؛ یۆنانە.

بێگومان ئەمە هۆکاری خۆی هەیە. چونکە پاش ناپاکیی هه‌رپاگۆس و ژێرده‌سته‌كردنی مادەکان لەلایەن فارسەکانەوە، وا له‌ کورد كرا‌ به‌رهه‌مه‌كانی خۆشیان به‌بیر نه‌یه‌ته‌وه‌ و خۆشیان به‌ خاوه‌نی نه‌زانن.

لە قۆناغی به‌‌ده‌‌وڵه‌‌تبووندا له‌‌ یۆنان، به‌‌ قسه‌‌ یاخود گفتوگۆی نێوان دوو کەس گوتراوه ‌‌’دیالۆگۆس’. ڕاستییەکەی ئەگەر کەمێکی تر ڕاوه‌‌سته‌‌ی له‌‌سه‌‌ر بكرێت، ده‌‌بیندرێت یەکێک لە بنچینەیترین هۆكاره‌‌كانی به‌‌مرۆڤبوون؛ قسه‌‌كردنه‌‌. دیاره‌‌ قسەکردنیش داهێنانی تاکەکەسێک نه‌‌بووه‌‌، بەڵکووو وه‌‌ك بەرهه‌مێكی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان په‌‌یدا بووه‌‌. هه‌ڵە نییه‌‌ ئەگەر بڵێین؛ مرۆڤبوون به ‌‌واتای قسه‌‌كردنی کەسێکه‌‌ لەگەڵ کەسێکی تر. کەواتە جەوهه‌ری ژیانی دیالێکتیکییه‌‌ و سه‌‌رچاوه‌‌كه‌‌ی لە دیالۆگۆسەوە وەرگرتووە. دیاره‌‌ هه‌ر له‌‌به‌‌ر ئه‌‌م هۆكاره‌‌ بووه‌‌ دیالێکتیکیان به‌‌ وتووێژكاریی و هونه‌‌ری گفتوگۆ پێناسە کردووە، به‌‌ڵام ئەمانە مشتومڕی پووچ و بێواتا نین، وتوێژكاران له‌ ڕێگه‌‌ی ئه‌م گفتوگۆیه‌‌وه‌‌ هه‌وڵیان داوه‌ ڕاستیی و هه‌قیقه‌ت بدۆزنه‌وه‌. بەهۆی واتا و گرنگییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ قۆناغی مێژوویی ژیاندا، وشەی دایالۆگ بووەتە چەمکێکی باو و هاوبه‌ش کە زۆربه‌ی گەلانی جیهان به‌گوێره‌ی زمانی خۆیان بەکاریان هێناوە.

هیراکلیتۆس پرۆسەی دیالێکتیکیی بەم شێوەیە پێناسە کردووە، “بنیادی گه‌ردوونیی بۆ یه‌كه‌مجار به‌ ململانێی دژبەره‌کانەوە بەدی هاتووه”‌. ماددەی بە بنچینەی هه‌موو شتێک داناوە. بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ماددە سەرچاوەی هه‌موو پێشکەوتن و فره‌ڕه‌نگیی و ناكۆكییه‌كانه‌. دەستەواژەی “لە یەک شت، زۆر شت و هه‌موو شتێک” ئەم دۆخە زۆر سەرسووڕهێنەرتر نیشان دەدات. ئەوەش هه‌ر هیراکلیتۆس بووه‌ كه‌ گوتوێتی “كه‌س ناتوانێت دوو جار پێ بخاته‌ یه‌ك ڕووباره‌وه‌”. وادیارە بەدەگمەن کەس هه‌یە نەزانێت هه‌موو ئەو پەروەردەیەی سوکرات لە ئەکادیمیاکانی لە باخچەکەیدا دایدەمەزراند، لە سەر بنەمای دایالۆگ بووه‌. به‌ ڕێبازی دایالۆگ ناكۆكییه‌كانی چارەسەر کردووه‌، شتی ڕاست و نوێی به‌ كه‌سی به‌رانبه‌ر داوه‌. خودی خۆی به‌ ڕێبازی دایالۆگ و گفتوگۆ ناكۆكیی و هه‌ڵه‌كانی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌رده‌خات و به‌مه‌ش ده‌ڵێت “لەدایکبوون”. چونكه‌ به‌ دایالۆگ و گفتوگۆ هاوكاریی كه‌سی به‌رانبه‌ر ده‌كات تا به‌ بیروڕای خۆیدا بچێته‌وه‌. ڕاستییەکەی ‘لەدایکبوون’ـی بیرۆکەی نوێ بەم ڕەنگەیە.

ئەفڵاتوون فەیلەسووفێکە و هه‌ڵسه‌نگاندنی لەمەڕ دیالێکتیک هه‌یه‌. ئه‌و ئاوا پێناسه‌ی دیالێکتیک دەکات: “هونەرێکە بۆ گەیشتن له‌ بیستراو، بینراو و زانیارییه‌كانه‌وه‌ بە نادیاره‌كان”. هاوكات هه‌ندێك فەیلەسووفیش هه‌ن‌ كه‌ دیالێکتیک به‌ هه‌رزان وه‌رده‌گرن و ڕەتی دەکەنەوە. ئه‌ریستۆ یه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌نگه‌كانی ئه‌و ڕێبازه‌. ئەریستۆ دیالێکتیک به‌ لۆژیکێکی ئەقڵ و خه‌یاڵكردنێك پێناسه‌ ده‌كات کە زۆر به‌ وردیی و بەردەوام گفتوگۆ و توێکاریی دەکات، بەڵام ئەنجامێكی باشی نییه‌ و ئه‌نجامه‌كان به‌ ئاڕاسته‌ی هه‌ڵه‌ و چه‌وتدا ده‌بات.

لێره‌دا بۆ تەواوکردنی بابەتەکە پێویستە بە کورتیی باسی ماتریالیزمیش بکەین. لە کاتێکدا مرۆڤ هه‌وڵ دەدات ڕووداوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، زۆر له‌وه‌ ورد بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ چی له‌ سه‌رچاوه‌یدا هه‌یه‌. لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی هه‌موو بوونەوەرەکانی گەردوون لە تێکەڵەیەک لە “خاك، ئاو، هه‌وا و ئاگر” پێک هاتوون. پێ ده‌چێت بۆ یەکەم جار، لوکرێتیوس باسی ئەتۆمەکانی کردبێت. باسی ئەوەی کردبێت کە ئەتۆمەکان بنچینه‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌رێكن و لە دۆخی جووڵە و گۆڕان و پێکهاتەی جیاوازدا بوونیان هه‌یە. بەم شێوەیە بناغەی فەلسەفەی دیالێکتیک و ماتریاڵیستیی دانراوه‌. هیگڵ یەکەم فەیلەسووفە کە لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا دیالێکتیکی دۆزییەوە و پێناسەی کرد و به‌و پێیه‌ بیری کردووەته‌وه‌. دواتر مارکس و ئەنگلس ده‌ڵێن؛ دیالێکتیکه‌، به‌ڵام ئایدیالیستییە، ته‌نیا دیالێکتیکه‌كه‌ی لێ وەردەگرن و ماتریاڵیزمی بۆ سەربار دەخەن. مارکس لە هه‌ڵسەنگاندنێکدا جیاوازیی دیالێکتیکی خۆی و هیگڵ بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “میتۆدی دیالێکتیکی من نەک هه‌ر جیاوازە لەگەڵ ئه‌وه‌ی هیگڵ، بەڵکووو لە بنەڕەتدا دژبه‌رییەتی. بە بۆچوونی هیگڵ، ئەو بیرۆکەیەی بەناوی ‘ئایدیا’ـوه‌ کردوویەتی بە بابەتێکی كرۆكییانه‌ی سەربەخۆ؛ خوڵقێنەری جیهانی ڕاستەقینەیە… به‌ بۆچوونی منیش؛ ئایدیا بە پێچەوانەوە، جگه‌ له‌و جیهانه‌ ماددییه‌ی نێو ڕه‌نگدانه‌وه‌كانی زیهنی مرۆڤ كه‌ وه‌ری چه‌رخاندووه‌ بۆ شێوه‌كانی فیكر، هیچی تر نییه‌”. ئەنگلسیش بەرگریی لەم بیرۆکەیە دەکات. ئەنگلس لەگەڵ مارکس هه‌وڵ دەدات لە هه‌ندێک لە هه‌ڵسەنگاندنەکانیدا بۆچوونە زبرەکانی پێشووی سه‌باره‌ت به‌ ماتریاڵیزمی دیالێکتیکیی بگۆڕێت و تێپه‌ڕی بكات. هه‌وڵی داوە له‌ پەڕتووكه‌كانی ‘دیالێکتیکی سرووشت’، ‘دژەدورینگ’ و ‘بنه‌چەی خێزان و خاوەندارێتیی تایبه‌ت و دەوڵەت’ـدا، هه‌ندێك ڕاستكردنه‌وه‌ بكات. مارکس و ئەنگلس ماتریاڵیزمی دیالێکتیکییان به ‌سه‌ر مێژوودا په‌یڕه‌و كردووه‌ و هه‌وڵیان داوە مێژوو بە میتۆدی زانستیی شیكار بكه‌ن. لینین بە شوێن پێی مارکس و ئەنگلسدا ده‌ڕوات و هه‌وڵ دەدات قووڵایی زیاتر درووست بکات. لینین دیالێکتیک وەک “ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و هێزی داهێنەریی مارکسیزم” پێناسە دەکات. چەندین شاکاری سەبارەت بەم بابەتە نووسیوە. ستالینیش ماتریاڵیزمی دیالێکتیکیی تا كۆتا قه‌با كردووەته‌وه‌ و نوقمی فۆرمولەی كردووه‌. ئەم جۆرە بۆچوونانە ڕۆڵێکی گرنگیان هه‌بووە لە ڕووخانی سۆسیالیزمی بنیادنراو.

ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بە کورتیی پێناسه‌ی بكه‌ین: دیالێکتیک میتۆدی لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنه‌ لە ڕووداو  و دیارده‌ و پەرەسەندنەکانی سرووشت و كۆمه‌‌ڵگه‌.

له‌ كوێدا هه‌ڵە کرا؟ په‌یڕه‌وكردنی ڕێكاره‌كانی دیالێکتیکی سرووشت به ‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و مێژوودا لەلایەن مارکسیستەکانەوە، یه‌كێكه‌ له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵه‌كانیان و جۆرێكه‌ له‌ به‌سه‌رداكردنێكی قه‌با. بۆ نموونە، هه‌میشە مێژوو وه‌ك شه‌پۆلێك به‌ره‌و پێشێ و به‌ پێویستییه‌كی “یاسای به‌زۆر شیاندن”ـی دادەنێن. لێرەدا دەكرێت باسی ئەوە بكرێت كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناو دیترمینیزمه‌وه‌. چینایەتیی، کۆیلایەتیی و دروستبوونی دەوڵەت بە “یاسای به‌زۆر شیاندن” پێناسه‌ ده‌كه‌ن. وه‌ها ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن گوایە كۆمه‌‌ڵگەی‌‌ سەرەتایی، کۆیلەداریی، دەرەبەگایەتیی و سەرمایەداریی بە ناچاریی به‌ شوێنی یەکتردا هاتوون و له ‌دوای سەرمایەدارییش ده‌گات به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستیی، ئه‌مه‌ش به ‌لێكدانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌هێڵیی و دیترمینیزمی و قه‌ده‌رگه‌رایانه‌ ده‌كه‌ن. چونکە دەڵێن ئەوەی مێژوو دیاریی دەکات، له‌ ده‌ره‌نجامی ناكۆكیی و دژایه‌تیی هێزەکانی بەرهه‌مهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهه‌مهێناندا، هێزە بەرهه‌مهێنەرەکان پەیوەندییە کۆنەكان به‌جێ ده‌هێڵن و مێژووش به‌ره‌و پێش دەچێت. هه‌موو ئەمانەش بە پره‌نسیپی (ژێرخان؛ سه‌رخان ده‌ستنیشان ده‌كات) ڕوون دەکه‌نەوە. لەم بۆچوونەدا  وەک چۆن كاریگه‌ریی (مادده‌ داتای یه‌كه‌مینه‌ و بیركردنه‌وه‌ش دووه‌مین) هه‌یه،‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی ماتریاڵیزم، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ چاوپۆشیی له‌ مرۆڤ و بیری مرۆڤ ده‌كات و به‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی قه‌با لێكی ده‌داته‌وه‌.

لە مانیفێستۆی کۆمۆنیستییدا بە هۆی ڕۆڵی لە گەشەی سەرمایەداریی و شكستی ده‌ره‌به‌گایەتییدا؛ ستایشێكی زۆری بۆرژوازیی دەکرێت. دەگەن به‌و هه‌ڵسەنگاندنەی کە “سۆسیالیزم بەبێ ئەزموونكردنی سەرمایەداریی، به‌دی نایه‌ت”. بەمه‌دا دیاره‌ كه‌ ڕاستییەکەی بەها كۆمیناڵییه‌كانی کۆمەڵگه‌‌ نابینن. هاوكات وێرانکردنی پەیوەندییە کۆنەکانی بەرهه‌مهێنان لە هندستان لەلایەن سه‌رمایه‌داریی تاڵانكار و داگیرکەره‌وه،‌ به‌ پێشکەوتن له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. چونکە ئەمە به‌ هه‌ڵه‌داچوونێكی ڕیشەییانەی ئەوانە‌ كه‌ هاتنی سۆسیالیزم بەبێ هه‌نگاوه‌كانی پەرەسەندنی سەرمایەداریی، ده‌ركه‌وتنی چینی کرێکار و شه‌ڕی چینایەتیی لێك ناده‌نه‌وه‌. چونكه‌ مێژوو ته‌نیا له‌ شه‌ڕه‌كانی چینایه‌تییدا دەبینێت.

قۆناغی هاتنی دیالێکتیکی ئاپۆچیی

ڕێبەر ئاپۆ، لە ڕێگەی په‌رتووكی (ئەلفوبێی سۆسیالیزم)ـی لیۆ هابرمانەوە، بە بیرۆکەی سۆسیالیزم و هاوكات دیالێکتیک و ماتریاڵیزم ئاشنا دەبێت. پاش ڕێکخستنی تێكۆشانی ئازادیی لە کوردستان، سەبارەت بەوەی لە بەرەی سۆسیالیزمی بنیادنراودا ڕووداوه‌كان ئاڕاسته‌یه‌كی باشیان نییه‌، دەگاتە چەند دەرئەنجامێک، به‌ڵام له‌جیاتی هه‌ڵوێستێكی توندی ڕه‌تكردنه‌وه‌، ڕێبازێکی ڕەخنەگرانە و به‌مه‌ودا به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت. هه‌ر لە تەمەنی منداڵییەوە ژیان خستنه‌ به‌ر لێپرسینه‌وه‌، لای ڕێبەر ئاپۆ بووە به‌ خەسڵەتێک. تێبینیی دەکات ڕووداوه‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی باشدا ناڕۆن، بەڵام په‌له‌ ناكات له‌ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجام و دانانی پێناسه‌ و بەردەوام دەبێت لە توێژینەوە و به‌دواداچوونه‌كانی. پاش قۆناغی گرووپی ئایدیۆلۆژیی و گرتنه‌به‌ری تێكۆشانی سیاسیی و كرداریی، به‌ كردار هه‌موو زانیارییه‌كانی ئه‌زموون ده‌كات. له‌ سایه‌ی ئه‌زموونه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی پراكتیكی شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ی له‌ هه‌شتاكاندا، هه‌وڵ دەدات زیاتر په‌ره‌ به‌ لێکۆڵینەوەكانی بدات و به‌ ئەنجامێکی بگەیەنێت.

له‌م بابه‌ته‌دا ڕاشکاوانەتر ڕەخنەکانی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ له‌ دۆخی به‌رده‌وامییه‌كی به‌و چەشنەدا، سۆسیالیزمی بنیادنراو (واقیعیی) هیچ ئایینده‌یه‌كی ئه‌رێنیی نابێت. هه‌ڵوەشانه‌وە و ڕووخانی سۆسیالیزمی بنیادنراو (واقیعیی) ئەم پێشبینیانەی ڕێبه‌ر ئاپۆی پشتڕاست کردەوە. هه‌رچەندە لە ساڵانی نه‌وه‌ده‌کاندا و پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و ڕووخانی به‌رجه‌سته‌ی سۆسیالیزمی بنیادنراو، لێپرسینه‌وه‌كانشی نه‌كردبێت به‌ پارادایم، بەڵام تێبینیی و شیکردنەوەی گرنگی خستە ڕوو. لەو ڕاپۆرتە سیاسییەی بۆ کۆنگرەی پێنجەمی PKKـی ناردبوو، شیکردنەوەیەکی گشتگیر و به‌رفراوانی لەمەڕ سۆسیالیزمی بنیادنراو (وقیعیی) و هه‌ڵسەنگاندنێکی بۆ فەلسەفەكه‌ی كردووه‌. بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیی-سیاسیی، هه‌وڵ دەدات خۆی لە لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی سۆسیالیزمی بنیادنراو ڕزگار بکات. له‌ ڕاپۆرتی سیاسیشی كه‌ به‌ر له‌ پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ كۆنگره‌ی شه‌شه‌می PKKـی ناردبوو؛ ڕایگه‌یاندبوو؛ بەهۆی ئەو کەموکوڕیی و ناته‌واوییانه‌ی هه‌بوون، ده‌ست له‌  PKK  ده‌كێشێته‌وه‌. ڕاستییەکەی ئەمە له‌ ئاستی پەیامێکی ئاشکرادا بوو بۆ ڕزگاركردنی PKK لە کاریگەرییه‌كانی سۆسیالیزمی بنیادنراو. به‌ڵام له‌ قۆناغی ئیمراڵیدا گه‌یشت به‌ دابڕانی ڕیشه‌یی له‌ سۆسیالیزمی بنیادنراو.

ته‌نیا به‌ گوتارێك مەحاڵه‌ شیكاره‌كانی ڕێبه‌ر ئاپۆ سه‌باره‌ت به‌ ماتریاڵیزمی دیالێکتیکیی، به ‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر و به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه،‌ بخه‌ینه‌ ڕوو. لێرەدا تەنیا دەتوانین تیشك بخه‌ینه‌ سەر هێڵه‌ گشتییه‌كانی به‌شێك له‌ بابه‌ته‌كه‌. ئه‌وه‌ی تر بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانه‌. پێویستە و دەبێت بکرێت. چونکە تێگەیشتنێکی فەلسەفییانه‌ی هه‌یە کە ئەنجامگیره‌ و ڕەسەنایەتییەکی تایبه‌ت به ‌خۆی هه‌یه‌.

هه‌وڵه‌ مێژووییه‌كه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ لە ٢٧ـی شوبات، شەڕی ئیسرائیل و ئێران، شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، شەڕی پاکستان و هندستان، ڕووداوەکانی غەززە، شەڕی ناوخۆی سوودان، خواست و ئاره‌زووی توندی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ سووتاندنی جیهان لە نێو ئاگری شه‌ڕدا، مەترسیی ئەتۆمیی، تێکدانی هاوسەنگیی ژینگەیی، برسێتیی، هه‌ژاریی و کوشتنی ژنان و… هتد، ڕۆژانە بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی لە هه‌مووان ده‌كات. بەڵام ژنان، منداڵان، گه‌لان، ڕه‌نجده‌ران و توێژی بێکار و نه‌داره‌كانن كه‌ له‌و هه‌موو ئاڵۆزیی و شەڕانە زیانمه‌ندن و زیاترین ئازار دەچێژن. بارگرانی ئەم قەیران و گێژاوە بە یەکسانیی به‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا ناشكێته‌وه‌. ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌درێت قورسترین باری به ‌سه‌ر بەشەکانی دەرەوەی ده‌وڵه‌تدا بشكێندرێته‌وه‌.

ئه‌و چین و توێژانه‌ی گەورەترین زەبری مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییان بەرکەوتووە، هێشتا نەیانتوانیوە بەدیلێک بۆ ئه‌و سیستەمە بدۆزنه‌وه‌ و له‌ بواره‌كانی ئابووریی، سیاسیی، كۆمه‌‌ڵایه‌‌تیی، کەلتووریی و ئەخلاقیی و… هتددا نەگەیشتوون به‌ ئاستی ته‌واو و تێپەڕاندنی سیسته‌م.

بە درێژایی مێژوو چەندین قەیران و گێژاو ڕوویان داوە. بەگوێرەی کاریگەریی ئەم جۆرە قۆناغانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕێگاکانی دەرچوون لە قەیران و گێژاو ده‌كرێت. تاوتوێ دەکرێت. به‌ر له‌ هه‌موو شتێك هه‌وڵ دەدرێت پێناسه‌یه‌كی ڕاست بۆ بارودۆخه‌كه‌ بكرێت، به ‌شێوه‌یه‌كی بنچینه‌ییانه‌ هۆكاره‌كان شیكار بكرێن و له ‌ڕووی زیهنییه‌وه‌ ڕێ و ڕێبازی خۆڕزگاركردن بخوڵقێندرێت.

بێگومان هه‌موو کەسێک ناتوانێت وه‌ك فه‌یله‌سووف و ڕێبه‌رێكی ئایدیۆلۆژیی، سیاسیی، سه‌ربازیی و كه‌لتووریی، بە قووڵیی له‌ ڕێی دەرچوون لەو پڕۆسەیه‌ بكۆڵێته‌وه‌. ناتوانن وەک پێغەمبەران خۆیان گۆشەگیر بکەن و پاش خه‌ڵوه‌تێكی وه‌ها چاره‌سه‌ر له‌ خودی خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن. هه‌ڵوێستی خۆكوژیی و كوشتن، سووتاندن و وێرانکردن، ناهۆشیاریی، تاکپه‌رستیی وه‌به‌ر نانێن و به‌بێ بیركردنه‌وه‌ی باش و پێویست ناكه‌ونه‌ جووڵە‌.

ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریش نه‌دۆزنه‌وه‌، ڕۆڵیان ده‌بێت له‌ به‌ڕۆژه‌ڤكردن و نیشاندانی ئاستی گرنگیی و جددییه‌تی كێشه‌كه‌. یاخود هه‌ریەکێكیان لەو خاڵانه‌دا كه‌ چی جێگه‌ی نییه‌ و چی چاره‌سه‌ری ناهێنێت، ده‌بنه‌ ئه‌زموونێك له‌ یادگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا و ئه‌مه‌ش دەستکەوتێکە بۆ مرۆڤایەتیی.

پێویستە سەرەتا کێشەکە بناسرێت و شیكار بكرێت. ده‌بێت ڕوونكردنه‌وه‌ و شڕۆڤه‌ی ڕووداوه‌كان هه‌نگاوی یه‌كه‌م بێت. بەبێ تێگەیشتن لە سەرچاوەی ناكۆكیی و کێشەکان، پەیوەندییەکانیان، باکگراوندی مێژوویی و شێوەی ئێستایان، بەبێ ڕۆشنبوونه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان، لانی كه‌م بەبێ تێگەیشتن لە مەیلی زاڵی هه‌نووكه‌ی كۆمه‌‌ڵگه‌كه‌ی، بەبێ ڕازیکردنی بەشێکی بەرچاوی توێژه‌كانی، ڕاكێشانیان بۆ نێو ڕێكخستن و بەشدارییان له‌ چالاكیی، ئەستەمە کێشەکە چارەسەر بکرێت. ئەمەش تێگەیشتن و پێناسه‌ی کێشەكه‌ به‌ پێویست دەبینێت. بۆچی؟ چونکە ئەوەی لە زیهنییه‌تدا بە سەریدا زاڵ نه‌بیت، لە پراکتیکیشدا به‌ سه‌ریدا زاڵ نابیت. شۆڕش بەر له‌هه‌موو شتێك له‌ ئه‌قڵ و زیهنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. ئەوەی نه‌توانێت ئه‌و هێزه‌ بشكێنێت وا مایه‌ی ته‌گه‌ره‌یه‌ له‌ زیهنیدا، ئه‌وه‌ی نه‌توانێت بگات به‌ داڕشتنی و بڕوای پێ نه‌كات، بانگەشەیان بۆ چارەسەری ئەو کێشە کۆمەڵایەتییەی ڕووبەڕوویان بووه‌ته‌وه‌، جگە لە خۆ هه‌ڵخەڵەتاندن هیچی تری لێ سه‌وز نابێت.

هه‌ڵوێستێكی كه‌م و ناته‌واوه‌ گه‌ر بگوترێت: “ده‌ی با ده‌ست به‌ كار بكه‌ین، ئه‌وه‌ی تری خۆی به‌دوایدا دێت”. کاروان هه‌میشه‌ به‌ڕێوه‌ ڕێك نابێته‌وه‌، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ په‌رته‌وازه‌ش ببێت. كه‌م نین ئه‌وانه‌ی دووچاری ئاكامێكی وه‌ها هاتوون. بە دڵنیاییەوە دوای كه‌وتنه‌ڕێ، كردار یارمه‌تیده‌ر و ئه‌زموونی گرنگی ده‌بێت. به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی ڕیشه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تیی، هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌یه‌كی وه‌ها ئاسانخواز و ڕووکەشانە هه‌ڵناگرێت و سه‌ركه‌وتووش نابێت. باس لەوە دەکرێت کە چۆن پێغەمبەرەکان چوونه‌ته‌ خه‌ڵوه‌ته‌وه‌. خه‌ڵوه‌ت پڕۆسه‌ و قۆناغی تێفكرینی پێغه‌مبه‌رانه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ڕێ و ڕێبازه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه‌ی ده‌یڕوخێنن و ئه‌وه‌شی دایده‌مه‌زرێنن.

ڕێبه‌ر ئاپۆ لە سەرەتای هه‌شتاکاندا، دیدی بۆ جیهان یاخود مانا و گرنگیی فەلسەفەی ماتریاڵیزمی دیالێکتیکیی بۆ خۆی به‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كیی دانا. جەختی لەوە کردەوە ئەمە نەک تەنها بۆ میلیتانی فیدایی پێشه‌نگ یاخود گەریلا، بەڵکووو بۆ گه‌لیش پێویستە. چونکە گەلێکی چەوساوە، ژنانیش وەک ڕەگەزی چه‌وساوه‌، جەماوەری ڕه‌نجده‌ری چەوساوە، ساڵانێکی زۆر له‌ژێر كاریگه‌ریی جیهانبینیی چه‌وسێنه‌ره‌كانی خۆیان بوون یاخود به‌و دیده‌  په‌روه‌رده ‌كراون. هه‌رچەندە هه‌ندێك ناڕەزاییشیان هه‌بووبێت، بەڵام هێشتا به‌ سیستەماتیک نه‌بوون. بیر، فەلسەفە، ئایین، ڕه‌وشت، کەلتوور-هونەر و زانست و… هتدی چه‌وسێنه‌رانەیان ئاسۆ و جیهانی ڕۆشنبیرییانی داپۆشیوه‌. هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌زموونێكی فكریی مێژوویی گرنگیان هه‌یە. لە چوارچێوه‌ی سیستەمێکدا كاریگه‌ریی له‌ بواری بیرکردنەوە ده‌كات و به ‌شێوه‌یه‌كیش ڕه‌زامه‌ندیی وه‌رده‌گرێت. بە واتایەکی تر، ڕه‌وایه‌تیی بۆ خۆیان وه‌رده‌گرن. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە هه‌موو شێوەکانی کۆیلایەتیی سه‌ره‌تا لە مێشکه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. به ‌شێوه‌یه‌ك تاک و كۆمه‌‌ڵگه‌‌ به‌ (بێچاره‌یی و بێده‌سه‌ڵاتیی) په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن. بەرانبەر هه‌موو نادادپەروەریی و زوڵمێك، تەنانەت ژینۆسایدیش، پاسیڤیزمێكی شوكرئامێز و گوتنی (خودا لە خراپتر بمانپارێزێت) و دانانی ملكه‌چكردن به‌ ئه‌ركێكی به‌نده‌یی و ڕه‌وشتیی وه‌به‌ر ده‌نێت.

مارکسیزم و دیالێکتیکی ئاپۆچیی

مارکس و ئەنگلس یان بە نازناوه‌كه‌ی تریان مارکسیزم، قۆناغێکە لە تێکۆشانی مرۆڤایەتیی بۆ ئازادیی و دیموكراسیی و سۆسیالیزم. ئەو بیر و هزره‌یان كه‌ بڵاویان کردەوە و چەندین ساڵه‌ لە ڕۆژه‌ڤی‌ مرۆڤایەتییدا بوو، هیوا و باوەڕی بە ئازادیی و دیموكراسی و سۆسیالیزم درووست کردووە. له‌ مێژوودا ڕۆڵێکی گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ ئاشکراکردنی ماتریاڵیزمی دیالێکتیکیی و په‌یڕه‌وكردنی له‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا، ئه‌مه‌ و به‌و فه‌لسه‌فه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی دایانناوه‌، هۆشیارییه‌كی گه‌وره‌یان له‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا به‌دی هێناوه‌. هیچ گومانی تێدا نییه‌ مارکس و ئەنگلس لەم بوارەدا ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی گرنگیان هه‌بووه‌. ڕێبه‌ر ئاپۆ لە مانیفێستۆی (ئاشتیی و كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی دیموکراتیی)ـدا دوای ئاماژه‌دان به‌ پەرەسەندنەکانی میزۆپۆتامیای سەروو، داستانی گلگامێش و …هتد، سه‌باره‌ت به‌ دیالێکتیک و ماتریالیزمی مێژوویی دەڵێت: “ئەمە سوودبەخشترین فكرێكه‌ بتوانین لە مارکسیزم وەری بگرین” و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ماتریاڵیزمی دیالێكتیك، به‌ڵام به‌و واتایه‌ نایه‌ت كه‌ سەرتاپێ هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ مارکسیزم و لینینیزم. هه‌ر له‌و مانیفێستۆیه‌دا له‌ بڕگه‌كانی به‌شی (هزری دیالێكتیك و ماركسیزم)ـدا ڕەخنەکانی پێشكه‌ش كردووه‌. بە میتۆدی دیالێکتیکیی بیروبۆچوونەکانی شیكار كردوون و ڕەخنەی لێ گرتوون. هاوكات ڕێبه‌ر ئاپۆ ئەوەی مارکس دەربارەی دیالێکتیک و ماتریاڵیزمی مێژوویی نووسیویەتی، بە یتەواوی ڕەت نەکردووەتەوە. هه‌روەها بە ئاشکرا ڕەخنەی لەو بۆچوونانە گرتووه‌ وا ئه‌وان و شوێنهه‌ڵگره‌وه‌كانیانی به‌ ئاڕاسته‌ی هه‌ڵه‌ی كردارییدا بردووه‌. لێرەدا ڕەخنە گشتگیره‌كانی ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌مه‌ڕ ماركس و لینین ناخه‌ینه ‌ڕوو، ئەوەندەی ده‌ركمان پێ كردبێت، ڕەخنەکانی سه‌باره‌ت به‌ دیالێکتیک و ماتریاڵیزمی و مێژوویی دەخەینە ڕوو، هاوکات هه‌وڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئه‌و نوێكارییانه‌ی ڕێبه‌ر ئاپۆ لە ماتریاڵیزمی دیالێکتیکدا كردوویەتی. له‌مه‌شدا زۆر جار ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بۆچوونەکانی ڕێبه‌ر ئاپۆ.

لە پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆشدا، پزیشک سەرەتا گوێ لە نەخۆش دەگرێت، لێی ده‌ڕوانێت و چاودێریی دەکات، پاشان هه‌وڵ دەدات لە ڕێگەی پشکنینی جەستەییەوە نەخۆشییەکەی بدۆزێته‌وه‌ و ئازاره‌كانی بپشكێنێت. هاوكات له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كه‌دا ئەنجامی گفتوگۆكه‌ی تاوتوێ ده‌كات. پاشان به‌پێی ده‌رفه‌ت به‌ پێویستییه‌كانی تیشكگرتن هه‌ڵده‌ستێت، دۆسێی په‌ڕه‌كانی نه‌خۆشه‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی تاقیگه‌ ده‌كات و پشكنینی پێویستی بۆ ده‌كات و …هتد، دوای هه‌موو ئەو پشکنینانە، دەگاتە ئەنجامێک. له‌ كۆتاییدا به‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌دا ده‌چێته‌وه‌ و دەرمانی پێویست و چۆنێتیی به‌كارهێنان و خۆپارێزییه‌كه‌ی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات و به‌ڕێی ده‌كات.

سەرکەوتنی پزیشک بە توانای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و کاریگەریی ئەو چارەسەرەی بۆ نەخۆش ده‌ستنیشانی ده‌كات دەپێورێت. هه‌ر هه‌ڵه‌ و ناته‌واوییه‌ك له‌ شیكاری ته‌ندرووستیی نه‌خۆشه‌كه‌دا، ده‌بێته‌ مایه‌ی ژیانی نەخۆش، یان بەلانی کەمەوە کەمئەندامیی و دواکەوتنی چارەسەری ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت.

بۆ ‌ناسین و تێگه‌یشتن له‌ سرووشت و كۆمه‌‌ڵگە،‌ میتۆد زۆر گرنگە، تەنانەت مایه‌ی مان و نه‌مانیشه‌. هه‌ر هه‌ڵوێستێكی هه‌ڵە و ناتەواوییه‌ک، ڕەنگە ببێتە هۆی وێرانكردنی سرووشت، تێکدانی هاوسەنگیی ژینگەیی، كه‌مئه‌ندامكردنی تاك و كۆمه‌‌ڵگه‌ و قورسكردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی کێشەی ژنان و گه‌ل و ڕه‌نجده‌ران.

دڵنیاین ڕێبه‌ر ئاپۆ بەم هه‌ستیارییەوە لە مارکسیزم ده‌ڕوانێت و لە سەر ئه‌م بنەمایه‌ش هه‌وڵ دەدات به‌ ئه‌زموون وه‌رگرتن له‌ میتۆد و پراکتیکەکانی ڕابردوو په‌ره‌ به‌ میتۆدی خۆی بدات.

ڕێبه‌ر ئاپۆ ڕەخنە لە پێناسەی (مێژوو؛ شه‌ڕی چینایەتییه‌)ـی ماركس دەگرێت. له‌جیاتی ئەوە، لەگه‌ڵ نکۆڵیی نەکردن له‌ بوونی چینەکان، مێژوو به‌ تێكۆشانی نێوان دەوڵەت و کۆمۆنه‌ پێناسە دەکات: “من پێم وایە له‌جیاتی پێناسەی ماتریاڵیزمی مێژوویی و سۆسیالیزمی پشتبه‌ستوو به‌ شه‌ڕی چینایەتیی، جێگره‌وه‌یه‌كی وه‌ك ماتریاڵیزمی مێژوویی و سۆسیالیزمی پشتبه‌ستوو به‌ دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆنه‌، درووستترە. پێم باشتره‌ چاو بە مارکسیزمدا بخشێنمەوە و شوێنی ئەو چەمکە بگۆڕم. واتا؛ مێژوو: مێژووی شه‌ڕێكی چینایەتی نییە، بەڵکووو بریتییە لە ململانێی نێوان دەوڵەت و کۆمونه‌. تیۆری شه‌ڕی پشتبه‌ستوو به‌م جیاكارییه‌ چینایه‌تییه‌ی ماركسیزم، هۆكاری سەرەکیی داڕمانی سۆسیالیزمی بنیادنراوە… هه‌روه‌ها دەمەوێت سۆسیالیزمی هاوچەرخ نه‌ك لەسەر بنەمای كۆمۆنیزمێكی پشتبه‌ستوو به‌ دیکتاتۆری چینایەتیی، بەڵکووو لە سەر ده‌سته‌ چه‌مكێك دابمەزرێنم کە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و كۆمیناڵیتی ڕێک دەخات. ئه‌مه‌ش ئەو تێڕوانینەم له‌لا درووست ده‌كات كه‌ ئەنجامی زۆر بنیادنەر و سەرسووڕهێنەری دەبێت”.

ململانێی دژەکان بڕگه‌یه‌كی تری ماتریاڵیزمی دیالێكتیكه‌ و یه‌كترله‌ناوبردنیان په‌سه‌ند ناكات و ڕه‌خنه‌ی ده‌كات. ئەمەش به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مارکسیزم پێناس دەکات. ئاماژە بەوە دەکات کە ماتریاڵیزمی دیالێکتیکی لە تێز، دژەتێز و كۆتێز پێك دێت. دژایەتیی وەک تێز و دژە تێز ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام یەکێکیان ناتوانێت ئەوی تریان لەناو ببات. بە پێچەوانەوە، لە کاتی پرۆسەی تێکۆشاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زۆر شت له‌ یەکتر وەردەگرن و به‌ یه‌كتر کاریگەر ده‌بن. کاتێک ده‌گه‌ن به‌ كۆتێزێكیش، ئیدی هه‌ردووکیان پێگه‌ی تێز و دژه‌تێزی پێشووی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌. چونکە تێکۆشانه‌كه‌ ئامانجێکی هه‌یە و لە سەر بنچینه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ به‌ كۆتێزێكی وه‌ها گه‌یشتوون. هه‌ر بۆیه‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ  سنوورداركردنی ماددەیەکی دیالێکتیکیی  تەنیا بە گۆڕانەوە به‌ كه‌م و ناته‌واو داده‌نێت و ئاماژه‌ به‌ سەربارخستنی وه‌رچه‌رخانیش ده‌كات.

ڕێبه‌ر ئاپۆ مارکس بە هێگلییەکی چەپڕه‌ویش پێناسە دەکات. لە ڕاستییدا شوێنكه‌وتووانی هیگڵیش؛ به‌ ڕاستڕه‌و پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. هاوكات دوای ئاماژه‌دان به‌ ده‌ركه‌وتنی شڕۆڤه‌ی ڕاست و چەپڕه‌وییه‌كانی هیگڵ ده‌ڵێت: “سه‌ره‌نجام مارکس بەره‌و جه‌مسه‌رێك و ئایدیالیستەکانیش بەره‌و جه‌مسه‌رێكی تر دەڕۆن. ڕاستییەکەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە شێوه‌ی ئه‌م دوو لقەدا گەشە دەسەنێت. بەڵام بنچینه‌ییه‌كه‌یان هیگڵە. هیگڵیش لە کۆتاییدا دەڵێت: هاووڵاتییەکی ئازاد لەدایک بوو. هۆزە په‌رته‌وازه‌ ئەڵمانییه‌كانیش بوون بە یەک نەتەوە. مەرجی یه‌ك نه‌ته‌وه‌یی له‌ كۆیلایه‌تییه‌وه‌ بوونە به‌ هاووڵاتییەکی ئازادە. کۆیلەکان دەبنە هاووڵاتییەکی ئازاد و میرنشینە جیاوازەکانیش له ‌شێوه‌ی نەتەوەیەکدا کۆ دەبنەوە. لێرەدا هیگڵ پەیامبەری ئەم بیرەیە… بەم شێوەیە، فەلسەفەی هیگڵ دەبێتە فەلسەفەی داهێنه‌ری دەوڵەت-نەتەوەی ئەمڕۆمان. ڕاستییەکەی مارکس ویستی ببێتە هیگڵییه‌كی چەپ. تاڕاده‌یه‌ك لایه‌نی ڕاستی خۆیشی هه‌یە. تا ئاستی كوشتن كار به‌ کرێکاران ده‌كرا. چینێكی گه‌وره‌ی کرێکارانی چه‌وساوه‌ هه‌بوو. ئه‌ڵمانه‌كان بە ‘ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی’ وەڵامی مێژوو دەدەنەوە. پێگه‌یشتنی ئەڵمانییەکان لە سەر بنچینه‌ی ئەم فەلسەفەیەیه‌. هیتلەر زیاده‌ڕه‌ویی ده‌كات و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ فاشیزم، مارکسیش زیاده‌ڕه‌ویی له‌وه‌ی خۆیدا ده‌كات و كۆمۆنیزمی لێ سه‌وز ده‌بێت. هه‌ردووکیشیان ڕووخاون. بۆچی؟ چونكه‌ پەیوەندی دیالێکتیکیی بە هه‌ڵە به‌كار هێندراوه‌. سه‌ره‌نجام بیروباوەڕێكی فەلسەفیی هه‌ڵە؛ سێ سەدەی کۆتایی جیهانی گۆڕیوە بۆ سەده‌ی جەنگه‌ گه‌وره‌كان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ ناچاری وەرچەرخانێکی گەورەین.

ڕێبه‌ر ئاپۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات کە ماتریاڵیزم و ئایدیاڵیزم بەستێنراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئەمە دوالیزمێكه‌، بەڵام هه‌ڵەیە وەک دۆگمایەکی توند بخوێندرێته‌وه‌ و کێشەکان جه‌مسه‌رگیر بكرێن. چونکە ئەگەر ئایدیاڵیزم نه‌بێت، ماتریاڵیزم هیچ مانایەکی نابێت. پێچەوانەکەشی ڕاستە. به‌ ململانێی نێوانیان گه‌شه‌ به‌ یه‌كتر ده‌دە‌ن. داخۆ ئەگەر ئەم ململانێیە نەبووایە، دەکرا یەکێک لەم شێوازی بیرکردنەوە یان فەلسەفه‌یه‌ بگه‌شتایه‌تە ئاستی ئه‌مڕۆی؟ ئەگەر جەمسەرگیریی هه‌بێت، چۆن شێوازی جیاوازی بیرکردنەوە، کەلتوور، ئایین و مەزهه‌بە جیاوازه‌کان پێکەوە ده‌ژیان؟ ژیان دەربڕینی جیاوازییه‌كانه‌. هیچ شتێک نییە بەیەکەوە نەبەسترابن. هه‌ر جیاوازییەک دۆخێکی لەناوبردن یان دوژمنایەتیی بۆ بەرانبەره‌كه‌ی دێنێتە گۆڕێ، ئەمەش تەنیا به‌ سوودی ئەو فەرمانڕەوا و هه‌ژموونگه‌رایانه‌دا ده‌شكێته‌وه‌ وا سیاسەتی په‌رتكه‌-زاڵبه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.

ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت: “دوالیزمێكی دژبه‌ر و به‌ستوو، به‌ واتای هه‌ڵدێره‌. له‌و هه‌ڵدێره‌دا پێكدادان ده‌كه‌ن، ئەم ڕاستییە له‌ هۆكاره‌كانی پشت كوشتاری نێو خێزاندا به‌دی ده‌كرێت. ژن لە دیدی ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌وڵ دەدەن بیكوژن؛ وه‌ك سه‌هۆڵێكی به‌ستراوه‌. ژن ژنێکی ڕەهایە، پیاو پیاوێکی ڕەهایە، بەڵام ئەگەر ڕه‌وتی بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیالێکتیکی نەبێت، مسۆگەر یەکێکیان ناپاکیی لەوی تر دەکات. ئه‌م له‌و ده‌دات و ئه‌و له‌م. ڕیشه‌ی كێشه‌كه‌ لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئه‌مه‌ش وەک گوتم، به‌ واتای کێشه‌گه‌لێكی سەرسووڕهێنەر دێت. پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت”. ڕاستییەکەی لێکدانەوەی ژیان بەم شێوەیە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی سەلماندنی ئەو ئەقڵییەتەی (مرۆڤ گورگی مرۆڤه‌). ئەوکاتە، ژیان دەبێت به‌ بوارێك بۆ لەناوبردنی یەکتری و ده‌رگه‌ بۆ ژینۆساید ئاوه‌ڵا ده‌كات و ڕه‌وایه‌تیی به‌ جێبه‌جێكردنی ده‌دات. ئاساییکردن یان قەبووڵکردنی، ته‌نیا مرۆڤ ناكات به‌ هاوبه‌ش، بەڵکوو بە تێپەڕینی کات دەیکاتە ئه‌كته‌ر و جێبه‌جێكاری سه‌ره‌كیشی. بە دڵنیاییەوە ئەوەی لێرەدا گرنگە بیبینین و تێی بگەین ئه‌وه‌یه؛‌ ئەو بیرکردنەوە و پەرچەکردارانە چین وا خەڵک هان دەدەن بەم شێوەیە هه‌ڵسوکەوت بکەن و به‌ سه‌ر كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا زاڵیان بکەن.

ڕێبه‌ر ئاپۆ سه‌باره‌ت به‌ زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخە و ڕاستکردنەوەی هه‌ڵەکە دەڵێت: “لەبری ئەوە، په‌ره‌ به‌ تیۆرێک دەدەین. ئه‌وه‌ش ڕاستکردنەوە یان گۆڕانکاریی دیالێکتیکییه‌، جا ئەمەیە: لەناوچوونێکی وه‌ها نە لە گەردووندا هەیە و نە لە كۆمه‌‌ڵگه‌‌. دیالێکتیک بەو شێوەیە لێک نادرێتەوە، بەڵام ستالین وه‌ها لێکی دایەوە و سه‌ره‌نجام ملیۆنەها هاووڵاتیی خۆی کوشت. ماو شۆڕشی کەلتووریی ئەنجام دا و ئه‌ویش شكستی هانی. تێگەكانی ئێستای سه‌باره‌ت به‌ گەردوونیش گشت شتێک ڕوون ناکاتەوە. کەواتە پێویستە زیاتر بیری لێ بكرێته‌وه‌… بە کورتیی به‌بێ ئه‌وه‌ی ببین بە کۆتی دۆگماكان له‌ بیركردنه‌وه بەردەوام بین‌. ئەوەی سه‌باره‌ت به‌ دژایه‌تییه‌كان دەتوانرێت بگوترێت؛ به‌ڵێ، ڕاسته‌ وه‌رچه‌رخانێك وا لەگۆڕێ. وه‌ك له‌ سارد-گەرمدا هه‌یه‌، هاوشێوه‌ی دوالیزمی ڕووناكیی-تاریكییه‌كه‌ی زه‌رده‌شتییه‌ و یه‌كه‌مین باوه‌ڕی خۆشمانه‌. ئەمە پێكدادانێكی دیالێکتیکییە، كرۆكی دیالێکتیکە. تێز، دژە، كۆتێز ‌لای هیگڵ دەربڕی دیالێکتیکە. مارکس ئەمەی بەرەو ئەوپەڕی برد. سه‌رنه‌كه‌وتنه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئەم بنەما فەلسەفییە. شه‌ڕی چینایەتیی به‌م هۆكاره‌ مانای خۆی لەدەست داوە. له‌جیاتی ئەوە هه‌وڵ دەدەین کۆمەڵناسیی نوێ و سۆسیالیزمی نوێ ڕوون بکەینەوە”.

یه‌كێك له‌ هه‌ڵە و چەوتییە سه‌ره‌كییه‌كانی تری مارکسیزم، جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی یاساکانی سرووشته‌ بە سەر كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا. هه‌رچەندە خودی خۆیان زۆرترین ڕەخنە ئاراسته‌ی ئەو په‌یڕه‌وكارییه‌ ده‌كه‌ن وا به‌ كڵێشه‌گه‌ریی ناوزه‌د ده‌كرێت، ئه‌سته‌مه‌ له‌ ماركس و ئه‌نگلس قبووڵ بكرێت كه‌ كه‌وتبنه‌ نێو هه‌ڵه‌یه‌كی وه‌هاوه‌. به‌ جۆرێك سرووشت و كۆمه‌‌ڵگه‌ به ‌هه‌مان شێوه‌ لێك ده‌ده‌نه‌وه‌. لە هه‌ردووکیاندا جەخت لە ده‌ستڕۆیشتوویی یاساکانی دیالێکتیک ده‌كه‌ن. ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌م شێوه‌یه‌ شیكاری ده‌كات:

“داروین له‌ زیندەوەرزانیی (بایۆلۆژیی)ـدا یاساکانی گه‌شه‌سەندنی دۆزیەوە و بە هه‌مان خێرایی خۆی هه‌ڵدایه‌ ناوییه‌وه‌ و گوتی: “لە كۆمه‌‌ڵگه‌‌شدا یاسا هه‌یە”. ئەو به‌ “یاسای ماتریاڵیستی مێژوویی دیالێکتیک” ناودێری دەکات. لە بنەڕەتدا لێره‌وه‌ ده‌ست به‌ له‌ده‌ستدان ده‌كات. چونكه‌ لە سرووشتدا، نه‌ك یاسا، بەڵکووو مەیل هه‌یە. مەیل مانای یاسا نییە. ڕەنگە لە كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا مه‌یلی به‌جێ هەبێت، به‌ڵام یاسا نەبێت. بۆچی؟ چونکە كۆمه‌‌ڵگه‌ به‌نده‌ به‌ زەینی مرۆڤه‌وه‌. له‌ زەینی مرۆڤدا هیچ یاسایەکی توند جێگه‌ی نابێتەوە، مەیل و بیرکردنەوە هه‌یە. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ هه‌ر كۆمه‌‌ڵگه‌یه‌ك له‌ بیركردنه‌وه‌ و هزردا دان به‌ زیاترین ئازادیی بیروڕادا بنێت، تەندرووستترین كۆمه‌‌ڵگه‌‌یه‌.

پۆزیتیڤیزم جۆرێکە لە کۆمەڵناسیی و مارکسیش پشتی پێ به‌ستووه‌. پۆزیتیڤیزم هه‌رچه‌نده‌ بانگەشەی ئەوە دەکات کە “له‌ میتافیزیک تێپه‌ڕده‌ بێت”، دژه‌میتافیزیکە. هەروەها پێناسەیەکی زانستیی بۆ كۆمه‌‌ڵگه‌ دەخاتە ڕوو: “یاساکانی سرووشت، كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌گرنه‌وه‌”، کە لەلای مارکس و دۆرکهایمیش هه‌یە…”

هه‌ڵەیەکی تری مارکسیزم گەڕانه‌ بەدوای “یەکسانیی ڕەها و هاوسەنگیی ڕەها”. بێگومان دەشێت ململانێ و یەکسانیی و هاوسەنگیی هه‌بێت. به‌ڵام ڕەهابوون و به‌رده‌وامییان نابێت. خۆگونجاندن و دۆخێکی له‌باری هه‌یە بۆ هه‌مەچەشنیی، گۆڕان و وه‌رچه‌رخان. جەوهه‌ری ماتریالیزمی دیالێکتیکییش هه‌ر ئه‌مه‌یە. به‌ڵام درووستکردنی كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی هاوچەشن سەر دەکێشێت بۆ‌ نکۆڵیی و ژینۆسایدی گەلانی تر. هه‌ڵبه‌ت مارکس و ئەنگلس نه‌یانتوانی خۆیان له‌ بیرۆکەی دەوڵەتی-نەتەوه‌ ڕزگار بكه‌ن، بۆیه‌ ئەو ژینۆسایدانه‌شیان نه‌بینی وا له‌ ده‌وڵەتی نەتەوەییدا ڕوویان ده‌دا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ كرداریی ده‌یبینین ئه‌و ژینۆسایدەی لە سەدەی ڕابردووه‌وه‌ به ‌سه‌ر کوردستاندا ده‌هێندرێت و دەرئەنجامە کردارییەکانی ئەقڵییەتی “یەک زمان، یەک کەلتوور، یەک نیشتمان، یەک ئایین، یەک ئاڵا”ـی فەلسەفەی بنچینه‌یی دەوڵەتی نەتەوەییە كه‌ چۆن کاریگەری نەرێنیی لە سەر تاك و كۆمه‌‌ڵگه‌ هه‌یه‌.

ڕێبه‌ر ئاپۆ بابه‌ته‌كه‌ به‌م ڕەنگە ده‌ستنیشان ده‌كات: “بێگومان له‌ سرووشتدا هاوسەنگیی دەبێت، جەمسەره‌كان دەبێت؛ ده‌سته‌واژه‌ی دوالیزمی تێز و دژەتێز، من-ئه‌و، گیان-مادده‌، سوبژێکتیڤ-ئۆبژێکتیڤیەت و هاوشێوه‌كانیان به‌كار دێنین. كه‌ هه‌ڵبه‌ت له‌ نێوانیاندا ململانێیه‌كی به‌رده‌وام هه‌یه‌. دەکرێت ململانێ و هاوسەنگیی و یەکسانیی هه‌بێت. ئەو یەکسانییە ڕەها نییە. یەکسانییەکی ڕەها بوونی نییە. هاوسەنگیی ڕەها نییە، ئەگەر هه‌بووایە، گەردوون نەدەبوو. ئەگەر هاوسەنگیی ڕەها هه‌بووایە، ئەوا ئەم فرەچەشنیی و جیاوازییەی دەیبینین، نەدەهاتنە ئارا. ئەم جیاوازییە ناوازه‌یه‌، ئه‌م كرانه‌وه‌ گه‌ردوونییه‌ی ده‌یبینین، به‌ ناهاوسەنگییه‌ بەناوبانگه‌كه‌ی دیالێکتیک خۆی له‌ مەحاڵبوون ڕزگار ده‌كات. ئه‌مه‌ش له ‌كاتێكدایه‌ ئەمڕۆ ئەوە فاشیزمە بەدوای لێکچوونی كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا دەگەڕێت، کۆمۆنیزمه‌كه‌ی سۆسیالیزمه‌. هه‌ردووکیانیشیان ئاشكرا بووه‌”.

مارکس و لینین لە سەردەمی ژیانیاندا لە سەر بابه‌تی جیاجیا ڕووبه‌ڕووی ڕەخنەیه‌كی زۆر بوونه‌ته‌وه‌. به‌ مشتومڕێكی زۆر وەڵامی ڕەخنه‌كانیان داوه‌ته‌وه‌. سەبارەت بە دەوڵەت و شه‌ڕی چینایەتیی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاش ڕەخنە هه‌بووه‌. بەڵام ئەم ڕەخنانەیان بە جدیی وەرنەگرتووه‌ و به‌ مشتومڕ و پێناسه‌ی جیاواز هه‌وڵی بێكاریگه‌ركردنیان داوه‌. هه‌رکەسێک له‌ پراكتیكدا بینبێتی كه‌ ڕووخانی فۆڕمی بنیادنراوی ئه‌و سۆسیالیزمه‌ی  هیوای مرۆڤایه‌تیی بوو، چۆن ڕێی بۆ ڕووخانی هزریی و سۆزدارییانه‌ی مرۆڤایه‌تیی ئاوه‌ڵا كردووه‌، خۆیشی بووه‌ به‌ گۆڤانی ئه‌وه‌ی چۆن به‌ربوونه‌ته‌وه‌ بۆ نێو بیرێكی قووڵی بێ هیوایی‌. ئەگەر ڕەخنەکانیان بە جدیی وەربگیرایە و كاری بۆ بكرایه‌، ڕەنگە دۆخی ئێستا ڕووی نەدابا.

یەکێک لە ڕەخنە هه‌رە جدییەکانی ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌ مارکسیزم و فۆڕمە پراکتیکیەکەی کە سۆسیالیزمی بنیادنراوه‌، نکۆڵیکردنه‌ لە میتافیزیک. مرۆڤی بێ میتافیزیک؛ کەسێکە بێ پرسیار و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، بێئامانجه‌، بێ په‌یوه‌ستییه‌، بێ حەماسەت و مۆڕاڵه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م مەیله‌ش له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا گشتگیر ببێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ مایه‌ی ڕزین و داڕمانی كۆمه‌‌ڵگه‌‌ش. ڕێبه‌ر ئاپۆ ئه‌م خاڵه‌ ئاوا ده‌ستنیشان ده‌كات: “لە هه‌ر دەرفەتێکدا دانانی هه‌ڵسه‌نگاندنی قه‌بای وه‌ك؛ ژێرخان سەرخان دیاریی ده‌كات، ماددە داتای یه‌كه‌مینه‌ و بیركردنه‌وه‌ش دووه‌مین، بیرکردنەوە ڕەنگدانەوەی ماددەیە و… هتد، ئەوانی گەیاندووه‌ به‌ بۆچوونێكی وه‌ها”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: “مرۆڤ بەبێ میتافیزیک نا‌بێت. تەنانەت له‌ سۆسیالیزمیشدا ده‌بێت میتافیزیک هه‌بێت. به‌ هزرێكی وه‌ها ده‌گه‌م؛ سۆسیالیزم بەبێ میتافیزیک بوونی نا‌بێت. ده‌ربڕه‌كه‌شی سۆسیالیزمی پشتبه‌ستووه‌ به‌ ئێتیك و سیاسەت. هیچ ناڕێكێكییه‌كی تیا نییە کە ئەم سۆسیالیزمە پشتبه‌ستووه‌ به‌ ئێتیك و سیاسه‌ت، به‌ سۆسیالیزمی میتافیزیك لێك بدرێته‌وه‌. هه‌ڵەیەکی تری مارکسیزم، یان هه‌ڵه‌ی لینین و ستالین، سڕینەوەی ئێتیك و سیاسه‌ته‌. دەرئەنجامی سۆسیالیزمێکی بێ ئێتیك و بێ سیاسەت، مایەپووچییە. بۆیە سۆسیالیزمێکی پشتبه‌ستوو به‌ بنچینه‌ی ئێتیك و سیاسه‌ت مه‌رجه‌. بنچینه‌ی دوورکەوتنەوەمان له‌ سۆسیالیزمی بنیادنراو هه‌ر ئه‌مه‌یه‌”.

دامەزراندنی كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی دیموکرات، ئازادکردنی ژنان و بنیادنانی كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی ئیکۆلۆژیی، بەبێ کەسانێک کە بمە پێودانگە پەروەردە و پێگه‌یه‌ندرابن، ئەستەمە. چونکە ده‌وڵه‌ت ته‌نیا به‌ زوڵم و ستەم گورزی نه‌وه‌شاندووه‌، بەڵکوو به‌ ڕاده‌یه‌ك به‌ هونه‌ر، ئەدەب، وەرزش و سێکس و… هتد. مۆڕاڵ و ڕه‌وشتی مرۆڤی بۆ‌ ئاستی نەمان گەیاندووە. ڕووداوه‌كانی دوو ساڵی دوایی؛ ئه‌مریكا – ئیسرائیل – فه‌ڵه‌ستین – ئێران، داگیركه‌ریی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ سه‌ر كوردستان، سووریا – ڕۆژئاوا، ئۆكرانیا – ڕووسیا، ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ چۆن به‌ها مرۆییه‌كان پێشێل كراوه‌. کاردانەوەی سیاسیی و ئێتیكیی مرۆڤایه‌تییش به‌رانبه‌ر ئەوانە له‌ ئاستی نه‌بوون و چاودێرییه‌كی بێكاریگه‌ردایه‌. له‌گه‌ڵ كوژانه‌وه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن یاخود ته‌له‌فۆن، یان گۆڕنی كه‌ناڵه‌كاندا له‌و کەشوهه‌وایە ده‌رده‌چن و ده‌چنه‌ نێو کەشوهەوایەکی ترەوە. دەبێت ده‌رك به‌ زه‌حمه‌تییه‌كانی هه‌ڵساندنه‌وه‌ی مرۆڤێكی وه‌ها بكرێت.

کێشەکە هه‌میشە ماتریاڵیزم نییە. ڕاستییەکەی سۆسیالیزمی بنیادنراو له‌جیاتی مه‌عنه‌ویات، واتا له‌جیاتی میتیافیزیكی باش، ماددییه‌تگه‌رایی و خه‌رجییه‌كی ناقۆڵا به‌ ژیانێكی ڕۆژانه‌ و ساته‌وه‌ختیی پێشكه‌ش كردووه‌. ساڵانێک لەمەوبەر، ڕێبه‌ر ئاپۆ گوتی: “چاره‌سه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ لاوازترین بازنه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، ده‌بێته‌ چاره‌سه‌ر” و ڕووی كرده‌ دامه‌زراندنی ڕێكخستنی ژنان و تا ڕادەیەکی زۆر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا. بەڵام تەنها ژنان لاواز نین‌. ئەو جۆرە مرۆڤه‌ی له ‌سه‌رێ‌ باسمان کرد، زۆر لە ئاستێكی له‌وه‌ی ژن لاوازتر ده‌ژی. ‌لای ڕێبه‌ر ئاپۆ هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تووشكراو، لاوازكراو، چ له ‌لایه‌نی هزریی بێت یان ڕۆحی گه‌یاندنیان به‌ ئاستێک کە متمانە به‌ خۆیان بكه‌ن، بەرهه‌ڵستیی بکەن، جێگرەوە پێشکەش بکەن، حه‌زێكی گه‌و‌ره‌یه‌ و به‌ بنچینه‌ی بنیادنانی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیی ده‌زانێت. بەبێ بنیادنانی واقیع، کە هه‌ندێک به‌ (میتافیزیکێکی باش) پێناسەی ده‌كه‌ن، كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی دیموکراتیک بنیاد نانرێت، گەشەی پێ نادرێت و بەهێزیش ناکرێت.

یەکێک لە ڕەخنە هه‌رە بنچینەیییەکانی ڕێبه‌ر ئاپۆش به‌پیرۆزدانان و شکۆدارکردنی دەوڵەتی نەتەوەییە لەلایەن مارکس ئەنگڵس و لینین و ستالینەوە سەبارەت بە ماتریاڵیزمی مێژوویی دیالێکتیکیی. لینین پاش شۆڕش کەموکووڕییەکی دەوڵەت ئاشکرا ده‌كات و بەم شێوەیە ئاماژه‌ی پێ ده‌كات: “هاوڕێیان؛ بەردەوام باسی ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا دەکەن. بەڵام هاوڕێیان، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین ده‌وڵه‌تی پرۆلیتاریا، میکانیزمی دەوڵەتی قەیسەرییە و لە ڕۆنی سۆڤێتدا خووسێندراوە”. هه‌رچەندە هه‌ندێك ڕەخنەی هه‌بن بۆ تێپه‌ڕین له‌ لێپرسینه‌وه‌ و زاڵبوون به‌ سه‌ر هه‌ڵه‌كاندا، به‌ڵام پارادایمییانه‌ لایه‌نگری دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریایه‌ و نەیتوانیوە خۆی لێ دوور بخاته‌وه‌. ئەو بۆچوونەیه‌ جه‌خت له‌ هاتنی سۆسیالیزم ده‌كات بە رێگەی کۆمەڵایەتیکردنی دەوڵەت لە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا، واتە دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا. هێگلیزمی چەپ لێرەدا زۆر بە ڕوونی خۆی ده‌دا به‌ ده‌سته‌وه‌.

ڕێبه‌ر ئاپۆ سەبارەت بە نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیییش دەڵێت: “له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا به‌ یەکێتیی لە هه‌مەجۆرییدا ناوزه‌دی ده‌كه‌ین. ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیاش شەڕی بۆ دەکەین، هه‌ر هه‌مان شته‌. ئاشكرا بوو كه‌ بیرۆکەی یەک نەتەوە فاشیزمه‌. دژ به‌و تاكایه‌تییه‌ تێدەکۆشین. ئەمڕۆ، ئەم تاکایەتییە شه‌قی بردووه‌ و چیتر لایەنێکی نه‌ماوه‌ بەرگریی لێ بکرێت. به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنەمای دیالێکتیکی سرووشت و هزر، پەرەمان به‌ چەمکی نەتەوەی دیموكراتیک دا، ئەمە چەمکێكه‌ هه‌ل بۆ ئازادیی ده‌ڕه‌خسێنێت. جیاوازییەکان بۆیان هه‌یه‌ ئازادانە خۆیان دەرببڕن. چەمک و تێگه‌ی نەتەوەی دیموكراتیی هه‌ڵگری ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌یه‌ كه‌ چارەسەرێکی نوێ بۆ چەمکه‌ كێشه‌داره‌كانی وەک سكۆلاریی لە ئاییندا، ناسیۆنالیزم و كێشه‌ی نەتەوە دابڕێژێت. ئەم چەمکە هه‌م من و هه‌م هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌ پرۆسەی چارەسەری ئەمڕۆ گه‌یاندووە.”

سەرەڕای نووسینی په‌ڕتووكێک بە ناونیشانی ‘بنەچەی خێزان، خاوەندارێتیی تایبه‌ت و دەوڵەت’ـیش، ئەنگڵس پێگەی ڕاسته‌قینه‌ی ژنی له‌ تێكۆشانی سۆسیالیزمدا ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش یەکێکە لە کەموکووڕییە گەورەکانی. ڕزگاریی و ئازادیی ژن وەک كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دراوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك له ‌ناو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکاندا بزر كراوە. ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌م شێوه‌یه‌ ڕەخنەكانی له ‌سه‌ر ئه‌م بابەتە ده‌خاته‌ ڕوو: “کەواتە لە نێو سۆسیالیستەکاندا، بە مارکسیشەوە، بۆچی لەبارەی ژنەوە هیچ باسێكی وه‌ها نه‌كراوه‌؟ وەک بڵێی هیچ ناكۆكییه‌كی به‌و شێوەیە لەگۆڕێ نەبێت. له‌م بوارەدا کەموکورتییه‌كی زۆری هه‌یە.”

یەکێک لە بنچینەییترین جیاوازییەکانی ڕێبه‌ر ئاپۆ و هاوكارییه‌كانی بۆ سۆسیالیزمی زانستیش؛ ئایدیۆلۆژیای ئازادیی ژنە. مەسەلەی ئازادیی ژن کە لە کۆتایی هه‌شتاکان دەستی پێکرد و لە نەوەدەکان پەرەی پێدا، بۆ یەکەم جار لە نەورۆزی ساڵی ٢٠٠٤ـدا لە ئاستی پارادایمی “دیموکراسی، ژینگەیی و ئازادیخوازی ژن”ـدا به‌گوێی مرۆڤایه‌تی گه‌یشت. لێره‌وه‌ ژن نەک تەنها وەک پێکهاتەیەکی ئەم پارادایمە، بەڵکوو وەک پێشەنگی تێكۆشان پێناسە کرا. سه‌ده‌ی بیست و یه‌كیش به‌ سەدەی ئازادیی ژن ڕاگه‌یه‌ندرا. ئەگەر هاوکێشەی (ده‌بێت له‌ شوێنی ونبوونه‌كه‌یدا به‌دوای ونكراودا بگه‌ڕێن) هاوكێشه‌یه‌كی باو بێت، ئەوا مرۆڤایەتی ئه‌وكاته‌ی ژنی خست و له‌ده‌ستی دا، ونیشی كرد. چینی كاستیك لێرەوە دەستیکردووە بە ڕێکخستنی بنیاتنانی سەروەری خۆی و به‌ شێوەیەکی توند و زبرتر به‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆی گه‌یاندووه‌. ئه‌گه‌ر ئازادیی ژن بكرێته‌ بنچینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک و جه‌وهه‌ر و پێشه‌نگی، ئه‌وا ده‌كرێت باس له‌ هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بكرێت.

په‌یڕه‌وكردنی ناچارییەکانی یاسا فیزیاییەکان بە سەر مێژوو و كۆمه‌‌ڵگه‌ و داهاتوو و ئاڕاسته‌پێدانی به‌ره‌و قه‌ده‌رگه‌راییه‌كی ته‌واوه‌تیی، یەکێکە لە گرنگترین گرێكوێره‌كانی مارکسیزم. بۆچوونێكی نه‌گۆڕ و ڕه‌های داناوه‌ له‌ شێوه‌ی ئەوه‌ی كه‌ ده‌ڵێن هه‌رچۆنێك بێت، دوای زستان بەهاره‌ و هه‌موو شه‌وێك ڕۆژێكی له‌دوایه‌، به‌دوای سه‌رمایه‌دارییشدا سوسیالیزم هه‌ر دێت و ئه‌مه‌ش ڕه‌وتی ڕاسته‌قینه‌ی مێژووه‌”، ڕێبه‌ر ئاپۆ ڕەخنەی ئه‌مه‌شیان لێ ده‌كات و ناشیاوییه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنێت و ده‌شڵێت: “ئەو گۆڕانکارییەی من دەمەوێت لە هه‌ڵسەنگاندنی سیستەمە کۆمەڵایەتیەکاندا بیکەم، پەیوەستە بەو بۆچوونانه‌وه‌ وا سه‌باره‌ت بە ناچاریی و ڕێكه‌وته‌یی ده‌كرێن. چه‌مكی هۆكارگه‌رایی توند و ڕه‌وتی ڕاسته‌هێڵیی له‌ سیسته‌می فیكری ڕۆژئاوادا، کە سەرچاوەکەی له‌ چه‌مكی خۆی و یاسا خوداوه‌ندییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی فیزیای كوانتۆم و كۆسمۆس، ئیدی واقیعییه‌تی خۆی له‌ده‌ست داوه‌. لە دیالێکتیکی په‌ره‌سه‌ندندا، ماوەی گێژاو (CHAOS RANGE) لە گشت دیاردەیەکدا خۆی دەردەخات. گۆڕانکاریی چۆنایەتیی پێویستی بەو دۆخه‌‌یە. ئەمەش ئه‌وه‌ دەردەخات کە بەردەوامیی و بەرەوپێشچوونی بەردەوام لە ڕاسته‌هێڵدا نابه‌رجه‌سته‌ییه‌كی زیهنیی و هه‌ڵوێستێكی میتافیزیكییه‌. ڕه‌وتكردنێكی ڕاسته‌هێڵیی له‌و ماوه‌یه‌وه‌ هه‌میشە ده‌سته‌به‌ر نابێت. ده‌كرێت پەیوەندیی چەندین هۆکار له‌و ماوەیەدا ڕێ‌ بۆ چەندین پەرەسەندنی جۆراوجۆریش ئاوه‌ڵا بكات.

بەپێی تێگەیشتنی ڕێبه‌ر ئاپۆ بۆ دیالێکتیک، هیچ ڕه‌وشێكی وه‌ها له‌ ئارادا نییه‌ کە (لە ماوه‌ی گێژاو)ـەوە له‌ مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داریی،‌ مسۆگەر به‌ره‌و سۆسیالیزم بچێت. ڕه‌نگه‌ جۆره‌ کەسێتییەکی دواكه‌وتوو و فاشیست و كاستیكێكی بكوژی وه‌ك له‌ نموونه‌ی ترامپدا ده‌بیندرێت، سه‌ر ده‌ربكات و ببێت به‌ سەرۆكایه‌تیی هه‌ژموون. هه‌موو شتێک بەندە بە ئاستی تێگه‌یشتنی گەلان، بیروباوەڕ، پارت و لایەنەکان له‌ پڕۆسه‌كه‌ و ئاستی  ڕێكخستن و تێكۆشانیان. هێزه‌كانی تێكۆشانەكه‌ چۆنێتیی شێوه‌گرتنی ئایینده‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.

هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە نێو گێژاوێكی گه‌وره‌دان. سیستەمی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا له‌ ئاستێكی باڵادا ئه‌و هه‌له‌ی له‌ده‌ست داوه‌ كه‌ به‌ ڕه‌خساندنی ڕەزامەندیی و به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تیی كۆمه‌‌ڵگه درێژه‌ به ‌خۆی بدات‌. بۆ نموونە، ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ کە جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستی ده‌ستنیشان كرد، هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌. ئیسرائیل، فەلەستین، لوبنان، سووریا، کوردستان، ئێران و دەوڵەتی تورک هه‌موویان لە قەیرانێكی گەورەدان. كاتێك ناتۆ له‌ دوایین لوتكه‌ی خۆیدا  ‌٪٥ـی بودجەی وڵاتانی ئەندام بۆ خەرجییەکانی ناتۆ تەرخان ده‌كات، ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ هه‌موو فه‌رمانڕه‌وایان خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکەن. هه‌روه‌ها کاتێک ئامادەکارییە سەربازییەکانی خودی دەوڵەتەکانیش لەبەرچاو دەگرین، ده‌بینین ژیان سەرتاپێ به‌پێی جه‌نگ دیزاین ده‌كرێت و دارایی ده‌خرێته‌ خزمه‌تی قۆرغکارانی جەنگه‌وه‌. شەڕی گه‌رمی ١٢ ڕۆژه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە ئەمەریکاش چالاكانه‌ به‌شداریی كرد، نیشانی دا کە چۆن وێرانکارییه‌كی گەورەی لێ ده‌کەوێتەوە. هه‌موو ئەمانە قەیرانی گێژاوی سیستەمەکە دەردەخات. به‌ڵام لەبەر ئەوەی هێزە كۆمه‌‌ڵایه‌‌تییەکان ئامادەکاریی و ڕێکخستنی جدیی و قووڵیان نییە، ڕەنگە ئەم گێژاوە زۆر قووڵتر ببێتەوە و فاشیزم ڕیشه‌گیر ببێت. ئەمە ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو نییە. ڕاستییەکەی پڕۆسەیەکی لەم چەشنە دەستی پێ کردووە.

ڕێبه‌ر ئاپۆ ئاماژە بەوە دەکات کە سۆسیالیزم بە دۆخی قەیران و ململانێی وه‌ها دانامه‌زرێت، ئه‌گه‌ر داشبمەزرێت، بەردەوام نابێت، چونکە كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی دیموكراتیک و سۆسیالیزم، كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی ئاشتیخوازنە نەک شه‌ڕ. هه‌ر بۆیە بۆ باڵاداركردنی ئاشتیی؛ بە پێشه‌نگایه‌تیی ژنان و گەنجان، ڕێکخستنی هه‌موو بەشەکانی دەرەوەی دەوڵەت بە پێودانگی كۆمیناڵیزم، بووه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.

كۆمیناڵیتە بەرهه‌ڵستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەبێتەوە

کوردستانیش یەکێکە لە پێشەنگترینی ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ جوگرافیای یه‌كه‌مین په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تییدایه‌. هه‌موو داتا شوێنەوارناسییەکان، ئه‌نترۆپۆلۆژیی و توێژینەوە کۆمەڵناسییه‌كان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌ردەخەن. پێگه‌ی ناوچه‌كه‌ لە نێوان دوو ڕووباردایه‌، بوونی دەریاچەکان، دەوڵەمەندیی سەوزایی و شییانی وەرزەکان ڕۆڵێکی گرنگی هه‌بووە لە سەرەتای پەرەسەندنی خێرای مرۆڤایەتیی و درووستبوونی کڵاندا. ناوچەیەک بووه‌ كۆمه‌‌ڵگه‌كانی دایکسالاریی زوو گەشەی لێ سەندووە و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ هاوکات زەمینەسازیی بۆ هێرشبردنە‌ سه‌ر کڵان، ژن و كۆمیناڵیتەی ژنی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا.

کۆمیناڵیتە له‌ کڵانه‌وه‌ بۆ قه‌بیله‌ و خێڵ و هۆز به‌رده‌وام بووه‌. ئەوانەی لەلایەن چینە كاستیكه‌كانه‌وه‌ به‌کۆیلە كران، كران به‌ كۆیله‌ و ئەوانی تریش له‌چوارچێوه‌ی هۆز و خێڵدا به‌ره‌و شاخ، دۆڵه‌ قووڵ و دارستانه‌ دوورەده‌سته‌كانی ده‌وڵه‌تی كۆیله‌دار كشاونه‌ته‌وه‌. لە کاتێکدا هۆز بە شێوەیەکی سرووشتیی کۆمیناڵیتەی خۆی پاراستووه‌، هاوکات ڕۆڵی ڕێکخراوێکی بەرگریی ڕه‌وای بینیوه‌. کۆمیناڵیتە به‌م شێوەیە به‌رخۆدانی كردووه‌ و درێژه‌ی به ‌خۆی داوه‌. ئه‌مه‌ش تەواو گوزاره‌ له‌ مێژوومان ده‌كات.

ڕێبەر ئاپۆ له‌ مانیفێستی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتییدا به‌ شێوه‌یه‌كی سەرسووڕهێنەر ئه‌م دۆخه‌ ده‌خاته‌ به‌رچاو و ده‌ڵێت: ”كرۆكی پێكدانانی نێوان مادەکان و ئەریستۆکراتەکانی فارس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو جه‌مسه‌ربه‌ندیی؛ ‘ئایا ئێمە دیموکراسی بین یان پاشایەتی؟’ دیارترین دەربڕی ئەم مشتومڕەی نێوان به‌ده‌وڵه‌تبوون و کۆمۆنیزمبوونه‌؛ شه‌ڕی نێوان ئاستیاگ و هارپاگۆس و ساته‌وه‌ختی ئه‌و شكانه‌ مێژووییه‌یه‌ كه‌ له‌و خاڵه‌دا هاتووەته‌ ئارا… لەبەر ئەوەی ئاستیاگ سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن بووه‌ و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی ڕه‌ت كردووەته‌وه‌، ڕووبەڕووی ناپاکیی ناوخۆیی هارپاگۆس بووته‌وه‌…”

كاتێك ئەو چوارچێوەیەی ڕێبەر ئاپۆ دایناوه‌، هه‌روه‌ها كاتێك خوێندنه‌وه‌ بۆ مێژووی کوردستان و بەرخۆدانەکان دەکرێت، وه‌ها ڕاست و گونجاوتره‌ كه‌ لەسەر بنەمای هێرشه‌كانی دەوڵەت بۆ سەر کۆمیناڵیتە و خۆڕێکخستن و بەرخۆدانی کۆمیناڵیتە بەرانبەر به‌و هێرشانه‌ شیكار بكرێن و چاره‌سازیش ده‌بێت. چونکە لەگەڵ گەشەسەندنی دەوڵەت لە میزۆپۆتامیای خواروو، هێرشی چڕوپڕیان کردە سەر کوردستان بۆ تاڵانی سەروەت و سامانەکەی و کۆیلەکردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی، به ‌تایبه‌تیش ژنان و منداڵان. کوردیش لە فۆرمی قەبیلە و خێڵ یاخود كۆنفیدراسیۆنی خێڵه‌كاندا كە کۆمیناڵیتەی خۆیان دەپارێزن، به‌رخۆدانیان كردووه‌. بەمەش بوون و ناسنامەی خۆیان به‌رجه‌سته‌ کردووە و هه‌ستی نیشتیمانییان له‌خۆیاندا گه‌وره ‌كردووه‌. خوێندنه‌وه‌ی مێژوو لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە کۆمۆن یان کۆموناڵیتا تیۆرێک نییە لە دەرەوە هاوردە كرابێت، بەڵکوو ڕەگوڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دایه‌ و داپیران و باوباپیرانمان کە لە میزۆپۆتامیا و کوردستان ژیاون. ڕاستییەکەی دوای ئه‌وه‌ش له‌ وەڵامی هێرشە داگیرکارییەکانی ئیمپڕاتۆرییەتە داگیرکەره‌كاندا بۆ سەر خاکی کوردستان، لە کاتێکدا كۆمه‌ڵێك له‌ تاکەكه‌سه‌كانی چینی سەرده‌ست ده‌بوون به‌ سیخووڕ و به‌كرێگیراو، ئه‌وانه‌ی ده‌مانه‌وه‌ كه‌ ئەندامانی قه‌بیله‌ و خێڵەکان بوون، بۆ پاراستنی کۆمیناڵیتەی خۆیان بەرگریان كردووه‌. ئەمە له‌ ئاستێكی به‌رچاودا گوزارشت لە ناوەڕۆكی سه‌رجه‌م هێرش و به‌رخۆدانه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات. لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، دەتوانین پێناسەیەکی لەم شێوەیە بۆ هه‌موو به‌رخۆدانه‌كانیش بکەین. بەرخۆدانەکانی کۆچگیریی، شێخ سەعید، ئاگریی، سەید ڕەزا و قازیی محەمەد له‌ ڕووی فۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قه‌بیلە و خێڵ. ئه‌وه‌ی له‌ باكوور، ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژئاوا و باشووریش هه‌یە، هه‌ر هه‌مان شته‌. بێگومان ئەو ڕاستییەش لەبیر ناکەین کە هه‌ندێک له‌و هۆز و خێڵانه‌ی په‌یوه‌ندییان كردووه‌ به‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ر و تاڵانكار و هێزه‌ هه‌ژموونگه‌راكانی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌، چۆن بوون به‌ سیخووڕ و به‌كرێگیراو و و بوون به‌ ده‌وڵه‌ت، لێره‌شدا واقیعی ئه‌و جاشایه‌تییه‌شمان له‌ به‌رچاوه‌ وا لە باكوور، ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستاندا هه‌یه‌.

سەرکەوتنی شۆڕش بەندە بە قووڵبوونەوە له‌ دیالێکتیکی ئاپۆچییدا

پاش ئەم ڕوونکردنەوە زۆرە، پێویستە ڕاوه‌سته‌ له‌ سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كانی ڕۆڵی تێگەیشتنی ماتریاڵیزمی دیالێکتیکی لە تێكۆشانی شۆڕشگێڕیدا بكرێت. تێكۆشانی شۆڕشگێڕانە ناوی به‌ خۆیه‌وه‌یه‌تی؛ ئاماژەیە بۆ زاڵبوون، ڕووخاندن و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسیی، کۆمەڵایەتییەی وا ڕێگر و سەرکوتكار و شێوێنه‌ره‌، ڕێگه‌ به‌ گه‌شەسەندن نادات و بێزاركه‌ره‌. بۆ زاڵبوون یان ڕووخاندنی و دامەزراندنی كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی نوێی ئازادیخواز و دیموكراسیی لە جێگەكه‌ی، دەبێت به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بگەینە زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی به‌رده‌ممان و سەرچاوەی زانیارییه‌كان. بۆ بەدەستهێنانی زانیارییه‌كه‌ش، پێویستمان به‌ لێکۆڵینەوەی ورده‌. ئه‌مه‌ش پێویسته‌ بۆ گه‌یشتن به‌ زانیاریی درووست. چونکە بەبێ زانیاریی درووست، له‌ كێشەکانی بەردەممان تێناگەین. ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێگه‌یشتن نه‌بێت، پێناسه‌ ناكرێت، پێناسه‌ نه‌كراویش ناگۆڕدرێت. پێویستمان بە میتۆدێکە، هه‌م بۆ پێناسه‌ و شیكار، هه‌م تێپه‌ڕاندن و گۆڕانکارییش. هه‌ربۆیه‌ ئاشنابوون و نه‌بوون به‌ ماتریاڵیزمی دیالێکتیکی هه‌ڵبژارده‌ نییە، بەڵکوو ناچارییه‌. یەکەم هه‌نگاو لە سەر ڕێی شۆڕش فێربوونی میتۆدەکانی گۆڕانە. داخۆ ئەرکێکی سەختی وەک شۆڕشی کۆمەڵایەتی ده‌كرێت بەبێ فێربوونی میتۆدە بنچینەییەکانی شۆڕش جێبەجێ بکرێت؟ ئاشكرایه‌ ناتوانرێت بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.

بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و سیستەمی کۆڵۆنیاڵیزم لە سەر تاک و كۆمه‌‌ڵگه‌‌كانمان، گرنگیی تێگەیشتن و ده‌رككردن به‌ ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانەمان زیاتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. لە کوردستاندا ئه‌و وانانه‌ی کۆڵۆنیاڵیزم و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە قوتابخانەکاندا ده‌یڵێنه‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌مان فێر ده‌كه‌ن؛  په‌لكێشكردنی خه‌ڵكه‌ بۆ خۆڕاده‌ستكردن به‌ سیسته‌م و هێنانه‌ سه‌ر ڕێگه‌كانی بوون به‌ باشترین ئەندامی. هه‌ڵوەشاندنەوە و تێپه‌ڕاندنی سیستەمێک کە لە مێشکدا ڕه‌وایه‌تیی وه‌رگرتووه‌، ته‌نانه‌ت بە خه‌یاڵی کەسیشدا نایه‌ت. نابێت لەبیرمان بچێت کە داگیرکەران و هاوبه‌ش و هاوكاره‌كان و خودی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، به‌ پەروەردە، ئایین، کەلتوور، سیاسەت و هونەر و… هتد، نه‌ك پرس و لێپرسینه‌وه،‌ به‌ڵكوو مرۆڤایه‌تیی هه‌ڵوه‌دای قەبووڵاندن و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌كه‌ن. کەواتە سەرەتا دەبێت بە دیدگایه‌ك بگەین کە شێوە باوەکانی بیرکردنەوە، خوو و پەرچەکردارەکانی زاڵبووی سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان تێپه‌ڕ ده‌كات.

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك دەبێت ئەم پرسیارانە بکەین: بۆچی و چۆن دەبێت بە سەر سیستەمی ئێستا و دەسەڵات و شێوازی ژیانیدا زاڵ ببین؟ بەبێ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی دەبێت بە سەریدا زاڵ ببین، تەنانەت ناتوانین بچینه‌ سه‌ر چۆنێتی تێكۆشانیش. میتۆدی گه‌یشتن به‌ وەڵامی ئەم پرسیارانە ماتریاڵیزمی دیالێکتیکییە. بە شێوەیەکی سادەتر، کلیلی به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدانی تێكۆشانی شۆڕشگێڕانە؛ دیالێکتیکی ئاپۆچییه‌، فەلسەفەی ئاپۆچییه‌.

ڕێبەر ئاپۆ نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتی: “تا به‌ دیدگایه‌كی درووست و پتەو بۆ جیهان نه‌ڕوانرێت، به‌ دیدگایه‌كی درووست و زانستیی خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌ی سرووشت و كۆمه‌‌ڵگه‌ و شۆڕشگێڕییەکانیش به‌دی نایه‌ت. بەبێ ئه‌وانه‌ ناتوانین لە زۆر بواردا پێشکەوتن بەدەست بهێنین و ئەو کێشە فرە لایەنانە چارەسەر بکەین وا ژیان ده‌یخاته‌ به‌رده‌ممان. هه‌ر لەبەر ئەوەیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چارەسەرێکی گشتگیری کێشە فرەڕه‌هه‌نده‌کانی، هه‌ر له‌ ڕێکخستنی ئابووریی كۆمه‌‌ڵگه‌‌وە تا ڕێكخستنی سیاسیی، هه‌ر له‌ دیارده‌ی شۆڕشگێڕییەوە تا بە كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكیی و به ‌گشتیی هه‌موو جۆره‌ كێشه‌یه‌كی به‌رده‌ممان ده‌گات، ده‌بێت دیدگای جیهانبینیی كه‌سایه‌تیی میلیتان درووست و پته‌و بێت”.

مەبەست لە دیدگا؛ ماتریالیزمی دیالێکتیکییە. بێگومان ماتریالیزمی دیالێکتیکی تەنها لەبەرکردنی چەند بڕگەیەک و خوێندنەوە یان وتنه‌وه‌یان نییە لە کاتی پێویستدا. پێویستە مرۆڤ به‌ دیالێکتیکی ئاپۆچیی له‌ پەرەسەندن و دژایەتیی و ناكۆكییه‌كان بکۆڵێتەوە و لێکی بداتەوە و بە شێوازێکی شایان و شیاوی ئه‌و دیالێكتیكه‌ ده‌ست به‌كار بكات.

شتی تاریک، نەبینراو و ناڕوون و نادیار هه‌میشە دوودڵیی و گومان درووست ده‌كه‌ن، به‌ڵام شیكاركراو، ڕوونكراوه‌ و یه‌كلاكراوه‌كانیش ئاسوودەیی و متمانە بەخۆبوون و مۆڕاڵ و ورە درووست دەکەن. بۆیە شیکردنەوەی بەهێزی هه‌وڵ و هێرشه‌ ئایدیۆلۆژیی-سیاسیی-سەربازییەکانی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و داگیرکەران و پێشبینیکردنی لە سەر زەمینەیەکی ڕاست و درووست، وزە و توانستی شۆڕشگێڕانەی مرۆڤ زیاتر بەرز دەکاتەوە.

ئەسکەندەر بە هێزی دیالێکتیکیی ئیسلامیی ئەورووپایی فارسەکانی تێپه‌ڕاند. چونکە ئامانجەکانیان ڕوون بوو، زۆر باشتر تێگەیشتنیان هه‌بوو و ده‌یانزانی هێزی دژبه‌ریان چۆنه‌ و چۆن ده‌توانن بەرەنگارییان ببنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وانی به‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاند. چونکە ئەوان زانیاریی و میتۆدی زانینیان هه‌بوو بۆ سەرکەوتن.

لینین سه‌باره‌ت به‌ دیالێکتیک ده‌یگوت: “گیانی داهێنه‌رانە و شۆڕشگێڕییه‌”، کەمال پیریش ده‌یگوت: گیانی ئاپۆچیی’ـیه‌!

کەواتە ئەوەی گیانی داهێنان و شۆڕشگێڕانەی نەبێت، نە دەتوانێت شۆڕشگێڕ بێت و نە له‌ شۆڕشدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. هه‌ربۆیه‌، پەیوەندیی نێوان دیالێکتیک و تێكۆشانی شۆڕش و شۆڕشگێڕانه،‌ ناڕاسته‌وخۆ یاخود ناڕوون نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ و به‌رجه‌سته‌یه‌. ده‌بێت به‌م به‌رجه‌سته‌ییه‌وه‌ له‌ دیالێکتیکی ئاپۆچیی بگه‌ین و بیكه‌ین به‌ ڕێنوێنی ژیانی و تێكۆشان. دەبێت مسۆگەر ئەم میتۆدی بیرکردنەوەیە لە كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا پەرە پێ بدەین و جێی چارەسەرنەکراو بە چارەسەر، نائومێدیی بە ئومێده‌وار‌، ڕەشبینی بە گەشبینیی، دوودڵیی بە بڕیار، و دۆگماتیزم بە داهێنان، پڕ ده‌كاته‌وه‌.

به‌ دیالێکتیکی ئاپۆچیی و پراكتیزه‌ داهێنەرانەكه‌ی له‌ ماوه‌ی گێژاو تێپه‌ڕ ده‌بین

جه‌نگ سێهه‌می جیهانیی له‌ كوردستان و ناوچه‌که‌ دژوارتر بووه‌ و گۆڕانکاریی ڕیشه‌یی لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا دێته‌ ئارا‌. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بلە ڕێی شه‌ڕی هه‌مه‌چه‌شنه‌وه‌ تێكۆشانی هه‌ژموونه‌كه‌ی ده‌كات. سیاسەتی دەوڵەتی نەتەوەیی له‌ مایه‌پووچییه‌كی زۆر گه‌وره‌دایه‌. توندوتیژیی دژی ژنان بەربڵاو بووە. قەیرانی ئابووریی و دارایی قووڵتر بووه‌ته‌وه‌. داڕمانی گه‌وره‌ی کەلتووریی و تێكچوونی باری ئەخلاقیی له‌ ئاستێكی باڵادا مرۆڤایه‌تیی له‌ناو بردووه‌. هه‌ژاریی، بێکاریی و نایەکسانیی لە دابەشکردنی داهات بەردەوام هەڵدەکشێت. بە کورتیی، چەمکی “ماوه‌ی گێژاو” به‌ هه‌موو ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كییه‌وه‌ به‌ نێو ژیاندا ڕۆ چووه‌. به‌ڵام نە هێزەكانی ناوچه‌كه‌، نە دەسەڵاته‌ ئایینییه‌كان، نە دەسەڵاته‌ سكۆلارییه‌كان و نه‌ دەسەڵاتە هه‌ژموونگه‌راكانیش، هیچ چارەسەرێکیان نییە لە بەرژەوەندیی گه‌لان، ژنان، کرێکاران و تێكڕای هێزە کۆمیناڵه‌كان و هاوسەنگیی ژینگەدا بێت و كۆتاییش به‌و گێژاوە بێهێنێت. چونکە چینی كاستیك لە کەسایەتیی ترەمپدا بەرجەستە بووە و لەگەڵ هاوتاکانی ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌. ئەگەر باس له‌ چارەسەرێکیش بکرێت، چارەسەره‌كی تر به‌دی ناكه‌ن جگە كۆنترۆڵی یه‌كجاری ئه‌و دەسەڵاتەی دژی دەجەنگن. مه‌به‌ستیان لە ئاشتیی؛ سەروەریی ڕەها و كۆنترۆڵی ڕەهایە. ته‌نانه‌ت وەک لە نموونەی ئیسرائیلدا ده‌بیندرێت، مه‌به‌ستیان لەناوبردنی یه‌كجاره‌كییه‌. به‌شی زۆرینه‌ی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی خۆیان بە سۆسیالیست، شۆڕشگێڕ و… هتد دەزانن، هێشتا هیچ چارەسەر یان ڕێکخراوه‌ییه‌كیان نییە کە توانای تێپه‌ڕاندنی سیسته‌می هه‌بێت. نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر لە ژینگەیەکدا کە ناسنامەی هه‌موو کەسێکی لێ یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌، ڕاستییەکەی پەیوەندیی هه‌یه‌ بە تێنەگەیشتن لە ئاڕاستەی جیهان، نەبینینی دیارده‌ نوێیه‌كان و هه‌وڵنه‌دان له ‌پێناویدا. هێشتا پێداگریی لە سەر درێژه‌دان ڕابردوو و پێناسه‌كردنەوە به‌ فۆرمولە کۆنەکان دەکرێت. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ لە ماوەی ١٠-١٥ ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەتیش لەم ٣ بۆ ٤ ساڵه‌ی ڕابردوودا، هه‌موو نۆرمە باوه‌كان بە شێوەیەکی بەرچاو تێك چوون. پێناسەکردنی درووستی بارودۆخه‌كه‌ و پەرەپێدانی گوتار و ڕێکخستن و کرداری نوێی تێكۆشان بووەتە ئەرکێکی بەپەلە. هاوکات هێزە كۆمیناڵیته‌كان هێشتا دوورن لە پێناسەی درووست بۆ خۆیان، بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دامه‌زراندن و گرنگیدان و ڕێکخراوەیی و کردارەکانی.

دوایین مانیفێستی ڕێبەر ئاپۆ جگە لە ڕەخنەکانی لە مارکسیزمی کلاسیک، كاتێك ڕەخنە لە PKKـش دەگرێت، کە خۆی دامه‌زرێنه‌رێتی، دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ردی بناغه‌ی ڕزگاربوون له‌ گێژاو داده‌نێت. ئەمە بێگومان تازەیە و هێشتا لە ژێر هه‌لومەرجی به‌رته‌سك و زیندان و گوشاری قورسی داگیرکارییدا خستوویەتییە به‌ر گفتوگۆ‌. هه‌رچەندە ڕەگەکانی بۆ سەرەتای سەدەی بیستویەک دەگەڕێنەوە، بەڵام مەرجی گۆشەگیریی قورسی ڕێبەر ئاپۆ و شاڵاوی هێرشه‌كانی داگیركه‌ران بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگرە لە به‌رده‌م بڵاوبوونەوەی پارادایمی نوێ. کاتێک کەموکوڕییەکانی ته‌ڤگه‌ره‌كه‌شی بۆ سەربار دەخرێت، سنوورداربوونێک به ‌سه‌ر به‌ جیهانیکردنەوەی پارادایمی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆدا زاڵ دەبێت.

مرۆڤایەتیی له‌ ڕەوتی جیهانی ئێستا ناڕازییه‌ و ڕەخنەگره‌، وزە و هێزێکی گەورەی هه‌یە. لەگەڵ ئەوەش، هێشتا ئەقڵییەتێک ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ بتوانێت ئەم وزەیە بە شێوەیەکی کاریگەر و بەرچاو لە شوێن و کاتی گونجاودا بخاته‌ كار. بۆیە ڕەنگە لە هه‌موو قۆناغێك زیاتر پێویستمان بەوە بێت، لەم پڕۆسەیەدا به‌ گیانی شۆڕشگێڕیی و به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی دیالێکتیکیی بیر بکەینەوە و بە میتۆدی گونجاو په‌ره‌ به‌ بەدواداچوون و گفتوگۆكانمان بده‌ین. ناچارین خۆمان لەو دۆگما و تیۆرییه‌ زاره‌كییانه‌ ڕزگار بكه‌ین وا به‌ره‌و دواوه‌ په‌لكێشمان ده‌كه‌ن.

گۆڕان خۆی دەسەپێنێت، بەڵام ئەگەر ئەقڵی گۆڕان گەشەی نه‌كردبێت، گێژاو قووڵتر دەبێته‌وه‌، زوڵم، ستەم، ، پووکانەوە و گه‌نین زیاتر دەبێت. هه‌ڵگرتنی درووشمی پاسیڤیزمی وه‌ك (هه‌رچۆنێک بێت، شه‌و ڕۆژی له‌دوایه‌)، ته‌نیا ژماره‌ی هاوشێوه‌كانی ترەمپ، نەتانیاهۆ، تەیب، پوتین و …هتد زیاد ده‌كات.

لە هه‌لومەرجی ئێستای جەنگی جیهانییدا، پێویستە بە گشتگیریی ئەو پرسیارانە گفتوگۆ و  یه‌كلا بكرێنه‌وه‌ كه‌ دەبێت چی بکرێت، بۆچی دەبێت بکرێت، چۆن بکرێت و لە کوێوە دەست پێ بکرێت، به‌ڵام بەبێ ئەوەی ملکەچی دۆگماتیزم بێت یان نکۆڵیی لێ بکرێت، هاوكات نابێت خۆمان له‌ناو جۆشوخرۆشی ئەم گفتوگۆیانە به‌خنكاندن ببه‌ین. بۆیە ئه‌مڕۆ تاوتوێکردنی دیالێکتیک، لێكدانه‌وه‌ی کێشەکان بە درووستترین و ڕاستترین میتۆد، له‌ هه‌موو كاتێكی تر گرنگتر و ژییانییتره‌.

تێگەیشتن لە ناكۆكییه‌كانی نێوان دەوڵەت و كۆموناڵیتەی ئاڕاسته‌پێده‌ری مێژوو؛ بنچینه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌.

لە سەرەوە ڕاوه‌سته‌مان له ‌سه‌ر پێناسەی مارکس كردبوو، كه‌ مێژوو به‌ تێکۆشانی چینایەتیی ڕوون دەکاتەوە. دیاره‌ به‌ر له‌ چینه‌كانیش مێژوویەک هه‌یە و ڕۆژ و ساڵەکانی خوڵقاندنی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، پیرۆزییشن. فەرامۆشکردنی ئەمانە بابەتێکی جیایە، بەڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین بە شێوەیەکی سەرەکی تیشک بخەینە سەر گرنگیی و واتایان سه‌باره‌ت به‌ گه‌لان، ژنان و ڕه‌نجده‌ران.

لەگەڵ جەختکردنەوەكه‌ی ڕێبەر ئاپۆ لەمەڕ ئەوەی “مێژوو شه‌ڕی چینەکان نییە، بەڵکوو تێكۆشانی نێوان دەوڵەت و کۆمۆنەیە”، لەم بەشەدا  ڕێنماییەکی نوێ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین و تیۆری چینایه‌تیی به‌ وه‌رچه‌رخانێكی ڕژددا ده‌بات. ڕه‌نگه‌ شۆڕشێک له‌ بیرکردنەوەدا بکەین. پرەنسیپی بنەڕەتیی ئەم وه‌رچه‌رخانه ئەمەیە‌: “مێژوو شه‌ڕی چینەکان نییە، بەڵکوو شه‌ڕ یاخود تێكۆشانی نێوان دەوڵەت و کۆمونەیە”.

وەک شۆڕشگێڕانی سەردەمی نوێ، هه‌ڵبه‌ت كۆمه‌ڵێك ئه‌زموون هه‌یه‌ و ده‌بێت ئێمه‌ش له‌ مێژووه‌وه‌ وه‌ری بگرین و پێویستیشه‌. زۆر نووسراو و گفتوگۆی لە سەر کرا، پەروەردە و پڕوپاگەندەی بۆ كرا، كار بۆ ڕێكخستنی كرا. به‌ڵام وه‌ك ڕێبەر ئاپۆ ئاماژه‌ی پێ ده‌كات: ”تیۆری شه‌ڕی چینایەتیی، به‌ تیۆریی و به‌ پراکتیکیش سەرپاک دووچاری شكست بووه‌. سۆسیالیزمی بنیادنراو نموونەی بەرجەستەیەتی…”

ئەگەر بڵاوبوونەوەی مانیفێستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلس لە ساڵی ١٨٤٨ و لە ژێر ناوی سۆسیالیزمی زانستیی بە سەرەتایەک دابنێین، ئەوا تێكۆشانێكی ١٧٧ ساڵه‌ جێگه‌ی باسه‌. هاوکات هه‌ر ئه‌م فۆرمه‌ی سۆسیالیزمیشه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ زۆرترین ڕەخنەی لێ دەگیرێت. تەنانەت چەمکی (سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم)ـیش بۆ جوێن و سووكایه‌تیی به‌كار ده‌به‌ن. دوێنێ بەو شێوەیە بوو، ئەمڕۆش بەم شێوەیەیە. به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك، له‌ جیهانی ئەمڕۆدا دۆخێک سەری هه‌ڵداوە، کە هیچ خاوەندارێتییەکی ڕژد و قووڵ و گەورەی لێ ناكات. تا ڕادەیەک هاوشێوه‌ی ڕۆژانی ٨ـی ئادار و ١ـی ئایاری تێكۆشانی چینی كرێكار، لە ئەمریکاش بكوژێكی كاستیكی وه‌ك ترامپ ده‌ستبه‌كاره‌. ترەمپ کودەتای سەربازی نه‌كردووه‌، به‌ ده‌نگی -هه‌زارویه‌ك فرتوفێڵ- هاتووەته‌ سه‌ر كار. قەبووڵی بکەین یان نا؛ دەیان ملیۆن کەس پشتیوانیی لێ دەکەن و شەرعییەتی یاسایی هه‌یە. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌ ڕووداوێکی سادە له‌قه‌ڵه‌م ناده‌ین. لەو ئەڵمانیایەی سۆسیالیزمه‌ زانستییه‌كه‌ی ماركس و ئه‌نگلس تێیدا سەری هه‌ڵدا و به‌ بیبڵر، ڕۆزا و کارل لیبکنێخت و هاوه‌ڵه‌كانیان بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی گه‌شه‌ی كرد، گۆڕا بۆ نیشتمانی هیتله‌ر. لە ئەڵمانیای ئێستا، کە به‌شێكی نزیكه‌ی (٥٩) ساڵه‌ له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سۆسیالیزمی بنیادنراودایه‌، ئێستا بووه‌ به‌ گۆڕه‌پانی په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆنەپەرستیی فاشیستیی.

له‌ زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا، وەک ئیتاڵیا، ئینگلتەرا، فەڕەنسا، ڕۆمانیا، بوڵگاریا و… هتد دۆخه‌كه‌ زۆر جیاواز نییە. ڕێبەر ئاپۆ تووڕەیی خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌م دۆخه‌ و بیرۆكه‌ی ئەڵتەرناتیڤی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێت: ”… به‌دواداچوون بەردەوامە؛ چونکە هێشتا خوێنی چەوساوەکان و کۆمۆناره‌كان وشك نه‌بووەته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئەو دڕندەیەی یپێی دەگوترێت سەمایەداریی بە (پاشه‌ڕۆ) ناویان دەبات. نزیکەی لە ٩٠%ـی كۆمه‌‌ڵگه‌ وەک (پاشەڕۆ) یان پیسبووێك فڕێ دەدرێته‌ نێو سەرەنوێڵک و زبڵدانه‌كانه‌وه‌، ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. ئیدی کێشەکە پەیوەندیی بە چەوساندنەوە یان سته‌ملێكرانه‌وه‌ نییە، به‌ڵكوو فڕێدران بۆ پێگه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیی، خاڵی له‌ناوچوون و نه‌مانی مرۆڤایەتییه‌. ئەم شتەی پێی دەوترێت سەرمایەداریی، دڕندەیە. بۆ ڕاوه‌ستاندنی ئەو دڕندەیەش، پێویستمان به‌ دەربازبوونێکی ڕاست و ڕاسته‌قینه‌یه‌ لەو قەیرانەی سۆسیالیزمی بنیادنراو درووستی کردووە. کار دەکەین بۆ شیکردنەوەی لەگەڵ بنەما مێژووییەکانی و خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كانی.”

ڕێبەر ئاپۆ لە ناهه‌مووارترین هه‌لومەرجدا درێژه‌ به‌م كاره‌ی ده‌دا. لە ئەنجامی ئەم کارەدا گەیشتووەتە تێگەیه‌کی ڕاست و درووست لە مێژوو، پێویسته‌ مانا و گرنگیی تێگەیشتن لە مێژوو لەبیر نەکەین.

كۆمیناڵیته‌یه‌ كه‌ مێژوو ده‌نووسێت، ژنیش ده‌ستنیشانكه‌ری کۆمیناڵیتەیه‌. چونکە كۆمه‌‌ڵگه‌ لە دەوری شێوه‌ ده‌گرێت. دوای شێوه‌گرتنی کۆمەڵگەی (كاستیك) پله‌داریی، هێرش و په‌لاماری بۆ‌ سه‌ر ژن ڕێكکه‌وت نییه‌. به‌ هێرشکردنە سەر كۆمه‌‌ڵگه‌ یان کۆمەڵگەگه‌لی كۆمیناڵیی به‌رهه‌م، ژن به‌ ده‌ستی ده‌سته‌ و گرووپه‌ پیاوبكوژه‌كان، مێژوو دووچاری قڵیشانی گه‌وره‌ ده‌بێت. لە کاتێکدا دەوڵەتبوونێك له‌ژێر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی پیاوه‌ی ڕێبەر ئاپۆ به‌ نوخبه‌ یاخود چینی كاستیكی بكوژ ناوزه‌ده‌ی ده‌كات، په‌ره‌ ده‌ستێنێت، له ‌لایەكه‌ی تری ئه‌و قڵیشانه‌شدا قه‌بیله‌ و خێڵه‌كان ‌دژی ئه‌و ڕێكخراوه‌ كاستیكه‌ مه‌ترسیداره‌ ڕاوه‌ستاون. ئەم شه‌ڕه‌شیان بووه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی به‌ مێژوو داوه‌. پێویستە به‌م واتا و گرنگییه‌وه‌ كاری زیاتر بۆ تێگەیشتن له‌ مێژوو بكرێت.

بە تایبەت پێشکەوتنەکانی زانست و تەکنەلۆژیا، دۆزینەوەی نوێ لە بوارەکانی شوێنەوارناسیی و ئانترۆپۆلۆژییدا ده‌هێنێت. شوێنی زیاتر دەدۆزرێتەوە و پێدراو و زانیاریی زیاتر بەدەست دەهێنرێت. سەرەڕای ئەمەش، ناتوانین وەک ڕابردوو خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ بۆ مێژوو بكه‌ین. هه‌موو داتا و ماتریاڵێك ڕێگه‌ بۆ گفتوگۆیەکی نوێ خۆش ده‌كات و لێکدانەوەی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت.

دۆزینەوەی خراپڕه‌شك و گردی ناوك، کە ناوێکی تورکیی ده‌ستكردی وه‌ك گۆبه‌كلی ته‌په‌ی بۆ هه‌ڵبه‌ستراوه‌، ئەو پەندەی تێكشكاندووه‌ وا ده‌ڵێت: “مێژوو بە سۆمەر دەست پێ دەکات”. ئێستا داتاکان خراپڕه‌شكمان پێ نیشان ده‌ده‌ن. ڕەنگە لە داهاتوودا، شوێنێكی تر دەرفەتی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ترمان بۆ بڕه‌خسێنێت و سەرنجی هه‌موومان ڕابکێشێت.

به ‌ڕاستیش کاتێک داتا نووسراو و بینراوه‌كان ده‌خرێنه‌ به‌ر توێژینه‌وه‌، نهێنیی چۆنێتیی هه‌ڵکۆڵینی ئەو تەنە بەردە هه‌ڵکۆڵراوانە و گواستنەوەیان له‌ ڕێگه‌یه‌كی چه‌نده‌ها کیلۆمەتریی‌ و چۆنێتیی ته‌كنیكی گواستنه‌وه‌كه‌ی به‌ په‌نهانیی ماوه‌ته‌وه‌. لەگەڵ ئەوەش، بابه‌تێك هه‌یە و هه‌مووان لە سەری کۆکن، ئەویش ئەوەیە کە هێزێكی ڕێکخراوه‌یی گەورە هه‌بووه‌، ئەقڵ و ئیرادەیەکیش هه‌بوو کە توانای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و هێزه‌ی هه‌بووه‌ بۆ ماوەی چەنده‌ها ساڵ. بێگومان ڕاستە ئەم کارە لە ژێر فشار، ترس و سزای گەورەدا ئەنجام دراوە. باشه‌، ئایا ئەو خەڵکانە لە بازاڕی كرێكاری ڕۆژانەدا کاریان کردووه‌ یان بە قه‌باڵه‌؟ ئاشكرایه‌ بەو ڕەنگە نه‌بووه‌.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە هێرش ده‌كرایه‌ سه‌ر قه‌بیله‌ و خێڵەکان و دیل و ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان کۆ دەکرانەوە و به‌ نانه‌سكیی کاریان پێ دەکرا. ئه‌ی خۆراكی هه‌زاران کەس لە کوێوە هاتووە؟ ئه‌ویشان لەو هۆز و خێڵانه‌ به‌تاڵانیان بردووه‌ وا داگیریان كردوون. یاخود هه‌رێمێك یان زیاتر بۆ دابینكردنی خۆراكی ئه‌و بیناسازییه‌ ئه‌ركدار كراون. لایەنی قایلکردنه‌كه‌شی میتۆلۆژیا و ئەفسانە پیرۆزەکان بووه‌. بۆ یەکەم جار، لە سایەی زۆرەملێوە دەستیان کردووە به‌ باسی خوداوەندەکان. بێگومان سەردەمێکی پێش زیگوراتی قەشەکانی سۆمەریش هه‌یه‌. دیاره‌ ئەنجوومەنی قەشەکان بە ڕۆژێک دانەنیشتن و پڕۆژەی دیزاینی زیگوراتەکه‌یان داڕشتبێت و دەستیان بە کار کردبێت. وادیارە له‌سه‌ر ئه‌زموونێك ئەم جۆرە پەرستگا و میکانیزمەی حوکمڕانییەیان دامەزراندووە. دەگوترێت خراپڕه‌شک پەرستگا بووه‌. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بە نرخی گیانی هه‌زاران کەس درووستیان کردبێت، به ‌سه‌دان هه‌زاریشیان ناچاری كڕنووشبردن و په‌رستنی كردووه‌ و ملکەچیان كردوون. چونکە کاتێک سەیری نه‌خش و نیگاری ناو ئەو پەیکەرانە دەکرێت، ده‌رده‌كه‌وێت پیرۆزییان به‌ سه‌ردا كراوه‌ یاخود به‌وانه‌ ترسێندراون. ملكه‌چیی ڕەها، کۆیلایەتیی ڕەها و کارکردن تا مردن بنچینەییە. تەنانەت بچوکترین یاسایه‌ك نه‌بووه‌ بیانپارێزێت. یاسا تەنیاوتەنیا ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌كۆیله‌یی بەردەوام کاریان پێ بكه‌ن، زۆر ببن و له‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌رنه‌چن. ڕێبەر ئاپۆ ئه‌وانه‌ بە “كاستیكی بكوژی كۆمه‌ڵایه‌تیی” ناوزه‌د ده‌كات. بۆ ماوەی (٥-٦) هه‌زار ساڵ، خوێنیان به‌ ژنان و ئه‌و گه‌لانه‌ هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه‌ وا به‌ ئه‌قڵ و ئیراده‌یه‌كی وه‌ها به‌رخۆدان و داكۆكییان له‌ كۆمیناڵیته‌ كردووه‌. ئەمە ئیدی گوزارشت لە دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی پیاوسالارییەک دەکات کە بە سیستەم بووە.

وا ده‌رده‌كه‌وێت پەرەستگا سه‌رده‌ركردووه‌كانی میسریش، به‌ هێزێكی كاستیكی ڕێكخراو و هاوشێوه،‌ جا بەپێی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌بیله‌ و خێڵانه‌ی ژیانی كۆمیناڵییان هه‌یه‌ و کۆیلە کراون، دامه‌زراوه‌.

ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەبێ تێگەیشتن لە چینی كاستیك، له‌ مێژوو تێناگەین، کۆمەڵناسیی ناکرێت، سۆسیالیزم پراكتیزه‌ ناکرێت، شیکردنەوەکانیش به‌پێی پێویست نابن.

گرنگه‌ بە کورتیی ئاماژه‌ به‌ قۆناغی شێوه‌گرتنی چینی کاست بكه‌ین. باس له‌وه‌ ده‌كرێت کە دابەشکردنی سرووشتی کار لەسەر بنەمای ڕه‌گه‌زی یەکەم دامەزراوە، تێیدا پیاو كاری ڕاوکردنه‌ و ژن ماڵدارییه‌، ئاوا شێوه‌ی گرتووه‌. پیاو له‌ پڕۆسه‌ی ڕاوكردندا، فێری فێڵبازیی ڕاوکردن و کوشتن ده‌بێت و نه‌وه‌ی دوای خۆی فێر ده‌كات. کوشتن دەبێتە خوو و شێوازێکی ژیانی. له‌لای ئه‌و تا ده‌چێت جیاوازیی نێوان کوشتنی مرۆڤ و ئاژەڵ لێڵ دەبێت و نامێنێت. به ‌شێوه‌یه‌ك، کاتێک برسیی دەبن، مرۆڤیش ڕاو دەکه‌ن و هه‌ندێکیان دەخۆن و هه‌ندێكیشیان دەگرن و ده‌یانكه‌ن به‌ کۆیلە، ژنه‌ كۆیله‌كانیش له‌ سه‌ر بنەمای کۆیلایەتیی بۆ زۆربوون به‌كار دێنن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژنان بکه‌نه‌ سۆزانیی. تا ده‌چێت له‌وانه‌ی به‌كۆیله‌یان كردوون، یه‌كینه‌ی سه‌ربازیی تایبه‌ت پێكه‌وه ‌بنێن، دەستیان کردووە بە فراوانکردنی ناوچەکانی دەسەڵاتیان و سیستماتیزەکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر قه‌بیله‌ و خێڵه‌ كۆمیناڵه‌كان. بەم شێوەیە هه‌وڵ دەده‌ن کۆمۆناڵیزم سارد بكه‌نه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئەوەشدا، هۆز و خێڵەکانیش دەگەنە ئەو ناوچانەی دەوڵەت ده‌ستی پێ ناگات، ده‌ستیشی پێ بگات، ئه‌نجام وه‌رناگرێت. لە ناوچە شاخاویی و دارستانەکاندا خۆیان وەک ڕێکخراوێکی بەرگریی ڕێک دەخەن و هه‌وڵ دەدەن ئازادیی و دیموكراسیی خۆیان بپارێزن. چونکە پێکهاتەکانی کڵان، قه‌بیله‌ و خێڵ پێکڕا، سەرەنجامی سرووشتی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن. ئەم ڕێکخراوەییه‌ش دواتر دۆخی ڕێکخراوێکی بەرگریی سرووشتییانه‌ وه‌رده‌گرێت.

ڕێبەر ئاپۆ ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ كوردستان ناوه‌ندی ئه‌و پێکهاتە و به‌رخۆدانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌ و دەڵێت: “ئەم دوالیزمه‌ سەرەتا لەم  جوگرافیایه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا. بەڵگە هه‌یە لە سەر چۆنێتیی دروستبوون و پەرەسەندنی. سەیر له‌وه‌دایه‌ ئەم پەرەسەندنانە لە كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی سەرەتایی کوردییدا ڕووی دا کە ناوەکەی لە مێژوودا سڕاوەتەوە، وڵاتەکەی تەنانەت لەلایەن ئەندامەکانی خۆیەوە نکۆڵیی لێ کراوه‌، واتا بناغەی مێژوو به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆ نراوە، بەڵام ئەمڕۆ لە مێژووبوون ده‌ركراون. ئەمە ناكۆكییه‌كی سەیرە و پێویسته‌ کاری زۆری له‌ سه‌ر بكرێت”.

بە درێژایی مێژوو دەوڵەتان هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان بۆ پاكتاوی کۆمیناڵیتە داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌یانتوانی بەرانبەر كۆیلایەتیی و دەرەبەگایەتیی و سەرمایەدارییشدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن. نەک تەنیا لە ڕێی به‌رخۆدانی خێڵەکییەوە، به‌ڵكوو هه‌وڵ دراوه‌ به‌ شێوه‌ی فه‌لسه‌فییش وه‌ڵامی بدرێته‌وه‌. ڕێبەر ئاپۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “لەم سەردەمەدا، پێنج ئایدیۆلۆژیای سەرەکیی کۆمیناڵیی سەر هه‌ڵدەدەن. پێگە ناوه‌ندییه‌كه‌ی گوزارشتە له‌ زەردەشتیی. بەدوایدا لاوتزو لە چین، بوودا لە هیندستان، ئایدیۆلۆژیای یه‌هوودیی، پاشان فەلسەفەی سوکراتیی. كه‌ هه‌ر پێنجیان له‌سه‌ر بنچینەی کۆمەڵایەتیی سەر هەڵدەدەن‌. ته‌نانه‌ت ده‌هێنده‌ لە کۆمۆنیزمی مارکس کۆمۆنیستترن. ئەو کۆمەڵگە خێڵەکیانەی ئەورووپییەکان پێیان دەگوتن (بەربەرییەکان) و حه‌وارییه‌كانی حه‌زره‌تی عیسا بوون ڕۆمایان سووتاند. ڕاستییەکەی حه‌وارییه‌كانی حه‌زره‌تی عیسا بە ڕێکخستنی كۆمونه‌ په‌ره‌یان سه‌ند. تەنانەت ئه‌م كاره‌یان لە نێو خودی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمادا کرد. حه‌زره‌تی محەمەد لە تاریکترین سەردەمی مێژوودا لە بیابانێکدا سەری هەڵبڕی، لەگەڵ یەکەمین موسڵمانانی وەک ئه‌بوزه‌ر ژیانی کۆمەڵایەتیی ڕێک دەخات و هه‌وڵی بڵاو كردنه‌وه‌ ده‌دات. شارێکی وەک مەدینە دەکاتە ناوه‌ندی ئەم هه‌وڵەی. به‌ڵام لە ساڵانی دواتردا هه‌وڵ دەدرێت وەک مەسیحییەت بكرێته‌ ئایینی دەوڵەت و له‌ جەوهه‌ری کۆمەڵایەتیی دوور بخرێته‌وه‌. به ‌ده‌ستی معاویەش ده‌ستوه‌ردان له‌ کۆمۆنگه‌رانی ئیسلام ده‌کرێت. لێرەدا پێویستە به ‌تایبه‌ت ئاماژه‌ به‌ قرمتییەکان بکرێت کە بە کۆمۆنه‌گه‌رانی ئیسلامیی ناو دەبرێن.

لە ئەورووپا بەرهه‌ڵستکاری بەهێز لە دژی دەرەبەگایەتیی سەر هه‌ڵدەدات. شار و شارەوانییەکان ڕۆڵی کۆمۆن به‌ده‌ست دێنن. لوتکەی ئەمەش لە پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دێته‌ ئاراوه‌. به‌ڵام هه‌وڵ ده‌درێت هه‌موو بەرخۆدانەکان یەک بە یەک لە ڕێی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەوە  بە توندیی سەرکوت بکرێن.

ڕێبەر ئاپۆ به‌م شێوه‌یه‌ قۆناغی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پێناسە دەکات: “سەرمایەداریی ئێستا، دوا قۆناخی كاستیكی بکوژە. گەشەپێدانی ئابووریی بەرهه‌مدار، هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی و په‌یوه‌ندییه‌كانی لە ‌لایه‌ك، سەرمایەداریی جیهانێکی وەهای درووست کردووە کە چەمکی (پاشەڕۆ) بۆ مرۆڤ بەکار دەهێنرێت. ئاشكرایه‌ ته‌نیا كۆمه‌‌ڵگه‌ لە ژێر هه‌ڕەشەدا نییە، بەڵکوو بە ڕای من كۆتایی به‌ كۆمه‌‌ڵگه‌ هێنراوه‌ و بنبڕ كراوه‌. بەگوێرەی فۆکۆ، به‌ سەرمایەداریی، مرۆڤیش دەمرێت. ئەمە زۆر گرنگە و ئەگەر سۆسیالیزم نوێ بکرێتەوە، دەبێت لەسه‌ر ئه‌م چەمکە نوێ بکرێتەوە. لە ژێر ڕۆشنایی ڕاستییە مێژووییەکاندا ده‌بێت وه‌ڵامی  ئەو پرسیارانە بدرێنه‌وه‌: ژیانه‌وه‌ی مرۆڤ چۆن دەبێت؟ یاخود كۆمه‌‌ڵگه‌‌یەکی دژەسەرمایەداریی -که‌ ناوی سۆسیالیزمه‌-  چۆن دادەمەزرێت”.

بە کورتیی مێژوو وەک تێكۆشانی نێوان دەوڵەت و کۆمۆنە دەرکەوتووە نەک وەک شه‌ڕی چینایه‌تیی و بەم شێوەیەش بەردەوامە. لە تێكۆشانی دژبه‌یه‌كی نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمونه‌دا واقیعی تێز، دژه‌تێز و كۆتێز ڕۆڵ ده‌گێڕێت. دەوڵەت تەنیا به‌ سەرکوتكردنی قه‌با و کۆمۆنگه‌راكانیش تەنیا به‌ یاخیبوون و بەرگریی قه‌با شەڕی یه‌كتریان نەکردووە. ئەم شه‌ڕ و تێكۆشانه‌ دوولایه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیی، یاسایی، فەلسەفیی، کەلتووریی و هونەریی و… هتد كراوه‌ و هێشتاش ئه‌م تێكۆشانه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی چڕ و به‌رده‌وامه‌. كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی دیموکراتیی یان سۆسیالیزمی دیموکراتیی لە ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی مێژوویی ئاوا قووڵه‌وه‌ دێت.

لە مێژووی کوردستاندا زەردەشتیی و ماگه‌كان و بزووتنەوەكانی تری بەرخۆدان له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی مێژوودا دژی داگیرکاریی و تاڵانكارییه‌كان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، له‌بناغه‌دا پشتیان بە قه‌بیله‌ و خێڵه‌كان بەستووە. لە نێو زۆرێک لە قه‌بیله‌ و خێڵەکاندا، سەرۆک قه‌بیله‌ و خێڵ ده‌ركه‌وتوون و هاوكاریی و ده‌ستوپێوه‌ندییان بۆ ده‌وڵه‌تان كردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئەوەش هێشتاش هۆز و خێڵەکان دژی هه‌موو جۆرە هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و داگیرکەران له‌ ئاستێكی به‌رچاودا لە پاراستنی کەلتووری ژیانی کۆمیناڵی خۆیان بەردەوامن. ده‌كرێت نموونەی بەرجەستەی ئەمە لە هه‌موو ناوچەکانی کوردستاندا به‌دی بكرێن. لەم قۆناغەدا ئەو بەها کۆمناڵییانه‌ی له‌و دۆخه‌دا ده‌ژین، به‌هۆی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەتە داگیرکەران و چینی به‌كرێگیراو خیانەتکارەکانەوە، گورزیان به‌ركه‌وتووه‌ و به‌ره‌و دواوه‌ په‌لكێش كراون، ده‌كرێت بەپێی مانیفێستەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بنیادنانی ئاشتیی و كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی دیموكراسیی، ئەویش بەپێی پێداویستییەکانی ژیان، سه‌رله‌نوێ ڕۆحیان به‌ به‌ردا بكرێته‌وه‌ و بژێندرێنه‌وه‌، چونکە واقیعی مێژوویی و مانیفێستی ڕێبەر ئاپۆ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ده‌كرێت بكرێت. گرنگ ئەوەیە بۆ پراكتیزه‌كردنی بكه‌ونه‌ كار.

 

تێبینی: ئەم بابەتە بەتایبەت بۆ گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە نووسراوە و لە ژمارە ٥٠ی گۆڤارەکەدا بڵاوکراوەتەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.