گوتار

تەنگەژە ئیدۆلۆژییەکانی سەرمایەداریی

لەم وتارەدا، دەستپێک لەمەڕ ڕیشەی بنەماکانی جیهانیبوونی مۆدێڕن و دواتر لەمەڕ ژێدەرەکانی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی مۆدێڕن باسوخواس دەکرێت

ئیمانوێل والێرشتاین

و. وریا ئەحمەد

 

داگرتنی فایلی PDF

 

“جیهانخوازی بەرانبەر ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریدا”*

لە مێژە قسە دەربارەی ئەوەیە جیهانی مۆدێڕن ئەو جیهانەیە لە کەوشەنی پەیوەندییە بەرتەسک و ناوچەییەکانەوە بەرەو برایەتیی جیهانیی مرۆڤ[i] پێشڤەدەچێت. یانەخۆ ئاوها بەیتوبالۆرەیەکیان تاکوو دەیەی ١٩٧٠ پەیتاپەیتا بە گوێدا خوێندووین. لەو سەروەختەوە تاکوو نها، ئیتر پەیمان بەوە بردووە خودی بنەمای جیهانیبوون[ii]، تەنانەت لە ڕووی زاراوەسازییشەوە[iii] ئارێشەسازە. بۆ نموونە، دەستەواژەی (برایەتیی مرۆڤ _Man_)، بەوەدا هەڵگری جێندەری نێرینەییە، سەرومڕ تاکەکانی هەڵگری جێندەری مێینەی نادیدە گرتووە یان بۆ پلەی دووەمیان دادەکشێنێت. بە ئاسانیی دەتوانرێت چەندان نموونەی زمانەوانیی بهێنرێنەوە کە ئاماژەن بۆ تەنگەژەی[iv] ناوەکیی نێوان بەردەوامیی ڕەوایەتیی[v] جیهانخوازیی و بەردەوامیی کەتوار (واقعیەتی ماددیی و ئیدۆلۆژیی)ـی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی لە دنیای مۆدێرندا. ئا ئەمە هەمان ئەو تەنگەژە، یان بە دەربڕینێکی وردتر، هەمان ئەو هەڤدژییەیە[vi] وا دەخوازم دەربارەی بپەیڤم. ئاخر هەڤدژییەکان نەک هەر هێزی بزوێنەری سیستەمە مێژووییەکان فەراهەم دەکەن، بەڵکوو خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی ئەو سیستەمانەیش ئاشکرا[vii] دەکەن.

ئەوی وا بنەمای جیهانیبوون لە کوێوە هاتووە و بە چ ئەندازەیەک فراوان بووە یان ئەوی وا جیاکاریی جێندەریی[viii] و ڕەگەزپەرستیی[ix] بۆچ ئاوها مکوڕانە پاوەجێن و بەردەوامییان هەیە، پرسێکە بۆ خۆی، بەڵام ئەو پرسەی تەواوێک جیاواز وا لە ئارا، پرسە لەمەڕ ڕیشەکانی جووتبوون[x] و ئامێزانبوونی ئا ئەم دوو ئیدۆلۆژییە، ڕاستییەکەی دەلوێت و دەتوانرێت لەمەڕ پەیوەندیی هاوژینیی[xi] و یەکترتەواوکەریی ئەم دوو هەڤدژە گریمانەییە قسان بکرێت. لە پارادۆکسێکی[xii] ڕووکەش و ڕواڵەتییەوە دەست پێ بکەین. ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی مەزنترین ئاڵنگاریی بەردەم باوەڕەکانی جیهانخوازین و سەرەکیترین ئاڵنگاریی بەردەم جیهانخوازییش لە ڕابردوودا، هەر بیروباوەڕەکانی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی بوون. وا گریمانە دەکرێت لایەنگرانی هەریەک لەم دوو باوەڕە، کەسانێکی سەر بە دوو بەرەی دژبەر[xiii] بن. بە دەگمەن و تەنها بڕێک جار ڕێ بە خۆمان دەدەین تێبینیی ئەوە بکەین خودی خۆمان دوژمنەکەین، هەروەک پۆگۆ[xiv] وەهای دەگوت، زۆرینەی هەرە زۆرمان (ڕەنگە هەموومان) شوێنکەوتنی هاوزەمانی هەردوو باوەڕەکە، بە شتێکی تەواو گونجاو و سازگار دەزانین. ئەوە هیچ ئەم ڕەوشە جێی داخە، بەڵام بێ لە داخ، ڕوونکردنەوەشی گەرەک، لێ ڕوونکردنەوەیەک بێت لە بانگەشەیەکی سادەی  ڕیاکارانە[xv] ئەولاتر بچێت. ئاخر ئەم ناودژییە (یان ڕیاکارییە)، پاوەجێ[xvi]، بەربڵاو و بنچینەییە. ئا ئەمە هەر بە تەنێ شکستێکی ڕاگوزەر و تێپەڕی مرۆڤ نییە.

سازگاریی[xvii] و خۆگونجاندن لە سیستەمە دیرۆکییەکانی ڕابردوودا ئاسانتر بوو. هەرچەندە سیستەمەکانی ڕابردوو، ستراکچەر و چێوەبەندیی جۆراوجۆریان هەبوو، کەچی لە هەڵڕەنگاندنی چەشنە بناغەیەکی ئاکاریی و ئافراندنی جیاکاریی سیاسیی[xviii] لەنێوان یار و ئەغیاردا هیچ دوودڵیی و گومانێکیان لە خۆ نیشان نەدەدا؛ لەو سیستەمانەدا هەم باوەڕ و هەم خەسڵەتە ئاکارییە باڵاکانی کەسانی ناوەوەی سیستەمەکە و پابەندێتیی[xix] و بەرپرسیارییەتیی ئەم کەسانە لە ئاست یەکتر لەپێشتر بوون لە گشت چەمکە ئەبستراکتەکانی[xx] گرێدراوی مرۆڤ، ئەمە ئەگەر هەر لە بنەوەڕا ئەم چەمکە ئەبستراکتانە بابەتی بەرباس بووبێتن. تەنانەت سێ ئایینە یەکتاپەرستییە جیهانگیرەکەش، جوو، کریستیان و ئیسلام، جیاکارییەکی بەم ڕەنگەیان لە نێوان یار و ئەغیاردا ڕەچاو دەکرد؛ ئەمە وێڕای باوەڕیان بە خوداوندی تاقانە، گوایە پەروەردگاری گشت ئادەمیزادەیلە، نەک بە تەنێ دەستەیەکی تایبەت لە ئادەمیزادەیل.

لەم وتارەدا، دەستپێک لەمەڕ ڕیشەی بنەماکانی جیهانیبوونی مۆدێڕن[xxi] و دواتر لەمەڕ ژێدەرەکانی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی مۆدێڕن باسوخواس دەکرێت، لە کۆتاییشدا ڕاستییەکانی ئامێتەبوونی ئەم دوو ئیدۆلۆژییە، هەم لەڕووی ئەوێ هۆکارانەی وا ڕۆڵیان هەبووە لەم ئامێتەبوونەدا و هەم لەڕووی لێکەوتەکانی ئەم ئامێتەبوونە، بەر باس دەخرێن.

دوو شاڕێ بۆ ڕوونکردنەوەی[xxii] ژێدەرەکانی[xxiii] جیهانخوازیی وەکوو ئیدۆلۆژیی سیستەمی مێژووییی ئێستاکە، بوونیان هەیە. یەکەمیان، بینینی جیهانخوازییە وەک ترۆپکی[xxiv] نەریتێکی فیکریی دێرینە. ئەوی تریان بینینێتی وەک ئیدۆلۆژییەکی گونجاو و تایبەتمەند بە ئابووریی جیهانیی سەرمایەداریی. ئەم دوو دیدگایە هیچ بەرکەوتنێکیان[xxv] لەگەڵ یەکدیدا نییە. ئەوێ ئارگۆمێنتەی وا جیهانخوازیی، وەک لێکەوتە یان ترۆپکی نەریتێکی دوورودرێژی فیکریی ئەژمار دەکات، کتومت و بە وردیی[xxvi] بە سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکانەوە ڕایەڵە. سەلماوە قەڵەمەبازی[xxvii] هەرە گرنگ لە کایەی ئاکاردا ئەوێ دەم ڕووی داوە، ئادەمیزادەکان یان هەندێک لە ئادەمیزادەکان دەستبەرداری باوەڕ بە خودای قەبیلەیی[xxviii] بوون، تاقانەییی خوداوەندیان بە ڕەسمیی ناسیوە، هەروەتر ناڕاستەوخۆیش[xxix] یەکێتیی مرۆڤایەتییان بە پێویست زانی. بۆ دڵنیایبوونەوە، ئارگۆمێنتەکە درێژەی دەداتێ؛ سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکە، نیوەچڵ[xxx] و تا ئەندازەیک شوێنپێی لۆژیکی ئا ئەم هەڵوەستەکردنەیان هەڵگرت. ئایینی جوو، پێگەیەکی تایبەتی بۆ گەلی هەڵبژێردراوی خودا ڕەچاو دەکرد (واتە گەلی جوو)، هیچ خواستێکی بۆ ئەندامگرتن (لە خەڵکانی بێگانە) نەبوو. هەردوو ئایینی کریستیان و ئیسلام بەربەستەکانی[xxxi] بەردەم هاتنەناوەوە بۆ ناو دەستەی هەڵبژێردراوی خودایان هەڵگرت، ڕاستییەکەی بەهۆی بانگەشەی ئایینییەوە[xxxii]، بە ڕێگەیەکی تر و جیاواز هەنگاویان نا. بەڵام هەردوو ئایینەکە، کریستیان و ئیسلام، ئاسایی بۆ نزیکبوونەوەی پتر لە قاپی خودا، جەختیان لە جۆرە پابەندیی و سەرسپاردنێک[xxxiii] دەکرد (بە گوێرەی ئەمە، کەسی پێگەیشتوو کە پێشتر کافر بووە، دەیتوانی بە ڕەسمیی ئایینی خۆی بگۆڕێت و باوەڕ بە ئایینی نوێ بهێنێت). دەوترێت ڕۆشنگەریی مۆدێڕن[xxxiv]، هەنگاوێك ئەم لۆژیکی یەکتاپەرستییەی بردە پێشەوە، بەو هەڵگۆزانەی کە یەکسانیی ئەخلاقیی و مافەکانی مرۆڤ هەڵقوڵاوی سرووشتی خودی ئادەمیزادن، واتە پێوەیان لە دایک دەبین، دەرئەنجام، ئەوە ئەم شایستە سرووشتییانەن، نەوەک ئیمتیازی بەخشراو، کە مافەکانمان ڕەنگڕێژ دەکەن.

ناتوانرێت ئەم گێڕانەوەیە، بە مێژوویەکی خەوشدار و گێڕانەوەیەکی نادرووستی ئایدیاکان دابنرێت. ئاخر چەندان بەڵگەنامەی گرنگی سیاسیی_ئەخلاقیی لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەوە بەردەستن، ڕاستێتیی ئەم ئایدیای ڕۆشنگەرییە دەسەلمێنن؛ ئەو بەڵگەنامانەی وا لێکەوتەی گۆڕانکارییە سیاسییە مەزنەکان بوون و بەم هۆیەشەوە متمانە و پابەندبوونێکی بەرفراوانیان لە دەور هەڵچنرا (شۆڕشی فەڕەنسا، لەکۆڵۆنیالیزەخستنی[xxxv] ئەمریکا “یان جاڕنامەی سەربەخۆییی ئەمریکا” و هتد…) سەربار، دەتوانین درێژە بە دیرۆکی ئیدۆلۆژی بدەین. لەم بەڵگەنامە ئیدۆلۆژییانەی سەدەی هەژدەهەمدا، چەندان نادیدەگرتن و ڕەچاونەکردنی[xxxvi] کردەیی بوونیان هەبوو، گرنگترینیان پەیوەندیی بە ڕەشپێستان و ژنانەوە هەبوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم نادیدەگرتنانە و پرسەکانی تری هاوشێوەیان، بە گونجاندنی ئەم دەستە و گرووپانە لە ژێر ناونیشانی بنەماکانی جیهانیبووندا، مشتوماڵ و ڕاست کرانەوە. ئەمڕۆکە تەنانەت ئەو دەستە لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان وا هۆکاری هەبوونیان بریتییە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی، لە ژێر لێوەوە و ڕووکەشانە دەخوازن ئیدۆلۆژیی جیهانخوازیی ڕەچاو بکەن، دەی سەرەئەنجام و بەم پێیە، ئەوی وا بە ئاشكرا باوەڕیان پێیەتی و بە ڕۆژی ڕووناک بانگەشەی بۆ دەکەن و پێیان وایە دەبێت پێشینەی کاری سیاسییان بێت، دەبێت چەندە مایەی نەنگ و شەرمهێن بێت. کەوابوو دەرئەنجام، سەخت نییە لە دیرۆکی هزرەوە، لادان و وەرچەرخانێکی هەڵکشاو[xxxvii] هەڵگۆزین، کە ئەویش ئامێتەبوونی ئیدۆلۆژیی جیهانخوازییە بە سیکۆلاریسم و لە سەر بنەمای ئەم وەرچەرخانە پێ لە جۆرە پرۆسەیەکی مێژوویی_جیهانییی داسەپاو بنێن.

وێڕای هەموو ئەمانە، ئەو بانگەشەیەیش وا جەخت لەوە دەکاتەوە، بەوەدا جیهانخوازیی وەک باوەڕێکی سیاسیی، بە تەنێ لە دونیای مۆدێڕندا بە شێوازێکی شێلگیرانە بنکۆڵ کراوە و بەرباس دراوە[xxxviii]، کەواتە دەبێت لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی_ئابووریی تایبەتی دونیای مۆدێڕندا ڕیشە و ژێدەرەکانی سۆراخ بکەین، وادیارە بانگەشەیەکی تۆکمە و بەهێز بێت. ئابووریی جیهانیی سەرمایەداریی، سیستەمێکە لەسەر کەڵەکەکردنی ناکۆتای سەرمایە ڕۆ نراوە. یەکێک لەو میکانیزمە سەرەکییانەی وا زەمینە بۆ ئەم پرۆسەیە دەڕەخسێنێت، بەکاڵابوونی[xxxix] گشت شتەکانە. لە بازاڕی جیهانییدا ئەم کاڵایانە لە شێوەی شمەک، سەرمایە و هێزی کار هەڵدەچەرخێن. ڕەنگە تا ئەم چەرخ و سووڕانەوەیە ئازادتر بێت، گوڕی بەکاڵابوون پتر بێت. دەرئەنجام، هەر شتێک ئەم چەرخ و سووڕە جڵەو بکات، بەپێی ئەم گریمانەیە، زیانهێنەرە.

هەر شتێک ڕێگر بێت لەوەی شمەکەکان، سەرمایە و هێزی کار بۆ کاڵایەکی شیاوی خستنەڕوو لە بازاڕدا بگۆڕدرێن، ئەوا ئەم چەرخ و سووڕە جڵەو دەکات. ئەوەی پێودانگێکی جیا لە بەهای بازاڕ بۆ نرخاندنی[xl] شمەکەکان، سەرمایە و هێزی کار بە کار بهێنێت و بەپێی ئەولەوییەتێکی جیا لەوەی لە بازاڕدا باوە، نرخاندنیان بۆ بکات، هۆکارە بۆ نەفرۆشتن یان فرۆشتنی کەمتری ئەو کاڵایانە. لێرەوە بە سوودبینین لە لۆژیکێکی بێخەوش، دەلوێت بگوترێت هەموو جۆرە پارتیکوولاریسمێک[xli] لەگەڵ لۆژیکی سەرمایەدارییدا نایەتەوە یان لانیکەم بەربەستە لە بەردەم کارکردی گونجاوی ئەم سیستەمەدا. دەی کەوابوو بە دوای ئەمەدا، دەلوێت بوترێت لە کەوشەنی سیستەمی سەرمایەدارییدا، ئیدۆلۆژیی جیهانگرەوە وەک توخمێکی سەرەکیی لە ڕەدووکەوتنی ناکۆتای کەڵەکەکردنی سەرمایەدا، پێویستییەکی مشتومڕهەڵنەگرە و دەبێت بیخەینە ڕۆژەڤەوە. لەم ڕووەوەیە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریی، وەک ”گۆچانی جادوویی”[xlii] وێنا دەکەین کە دەکارێت گشت شتێک بۆ کاڵای یەکسان و هاوچەشن کەم بکاتەوە و پێودانگی هەرە دیاری ئەم کاڵایەش، پارەیە.

دەوترێت ئەمە دوو لێکەوتەی سەرەکیی هەیە. دەبێژرێت ئەم خەسڵەتەی سەرمایەداریی دەتوانێت مەزنترین سوودی مومکین لە بەرهەمهێنانی کاڵادا دەستەبەر بکات. بە تایبەت لە ڕووی هێزی کارەوە؛ ئەگەر هاتوو خودان بنەمای  ”پیشە و کار بۆ بەهرەداران[xliii] (یەکێک لە درووشمە هەڵقوڵاوەکانی شۆڕشی فەڕەنسایی) بین، ئەوا ڕەنگە بتوانین لێهاتووترین کەسەکان لە پێگەیەکی کارڕاپەڕاندندا بەگەڕ بخەین کە لە دابەشکردنی کاری جیهانییدا، گونجاوترین و شایستەترین پێگە بێت بۆ ئەوان. خۆی ڕاستییەکەی گشت میکانیزمە دامەزراوەییەکانمان، سیستەمی خوێندنی حکوومەتیی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و یاساکانی دژ بە گەندەڵیی، بۆ جێکەوتکردنی ئەوەیە وا ئەمڕۆکە بە سیستەمی شایستەسالاریی ناودێر دەکرێت، پەرە پێ داوە.

سەربار، دەگوترێت شایستەسالاریی ئەوە هیچ لە ڕووی ئابوورییەوە کارا و بەسوودە، لە ڕووی سیاسییشەوە مایەی سەقامگیرییە.[xliv]تا ئەو ڕادەیەی لە سەرمایەداریی مێژووییدا (چەشنی سیستەمە دیرۆکییەکانی پێشێن) هەرچەندە نایەکسانیی[xlv] لە دابەشکردنی[xlvi] داهات و پادداشتەکاندا بوونی هەبێت، ناڕەزایەتیی[xlvii] ئەوانەی پادداشتی کەمتریان بەر دەکەوێت لە چاو ئەوانەی پادداشتی پتر دەچننەوە، هێندە زۆر نییە، ئاخر پاساوی ئەوە دەهێنرێتەوە گوایە لێهاتوویی و شایستەیی تاکەکان، نەوەک نەریت، ئا ئەم نایەکسانییەی بەبار هێناوە. واتا، وا وێنا دەکرێت ئەوێ ئیمتیازێ[xlviii] وا لە ڕێگەی شایستەییەوە[xlix] بەدەست دەهێنرێت، لە ڕووی ئاکاریی و سیاسییەوە لە کن زۆرینەی خەڵکی پتر مایەی پەسەندکردنە تا ئەو ئیمتیازەی وا بەهۆی میراتەوە[l] بەدەست دەهێنرێت.

ئا ئەمە سۆسیۆ_پۆلەتیکێکی[li]گوماناوییە.[lii]خۆی ڕاستییەکەی، کتومت پێچەوانەی ئەمە ڕاستە. لە کاتێکدا لەمێژە لە ژێر تیرۆژی باوەڕەیەلی مینەویی[liii] و چارەنووسخوازیی[liv] بە جۆرە ڕێکخستنێکی ئەبەدیی کە چەشنە ئەرخەیانبوونێک لە کن زۆرێک لە ستەمدیدەکان دەڕسکێنن، ئەوێ ئیمتیازێ وا لە ڕێگەی میراتەوە بەدەست دێت، لانیکەم پتر مایەی پەژراندنە، بەڵام پەژراندنی ئەوەی وا ئیمتیاز بۆیە بەدەست دێت، چونکە کابرا هۆشیارتر و خوێندەوارتر و بە دڵنیاییەوە شایستەترە، ئێجگار سەختە، مەگەر بۆ ژمارەیەکی ئێجگار کەم نەبێت کە بە پێپلیکانەی پێشکەوتندا سەرکەوتوون. ئەوێ کەسێ وا خۆی تازەهەڵتۆقیو و مەسەرەفگەرا (یووپی)[lv] نەبێت، خۆشی بە چارەی یووپییەکاندا نایەت. شازادە و مێرخاسەکان هەر هیچ نەبێت، لانیکەم لە بیچم و شێوەی باوکێکی میهرەباندا خۆیان نمایش دەکرد. بەڵام تازەپیاکەوتوویەکی یووپی، لە کوڕیژکەیەکی پڕداهات بترازێت، هیچی تر نییە. سیستەمی شایستەسالاریی لە ڕووی سیاسییەوە، یەکێکە لە ناسەقامگیرترینی سیستەمەکان. ڕێک و کتومت بەهۆی ئەم پڕووکاویی و ناوبۆشییە سیاسییەوەیە، ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی خۆیان دەخزێننە نێو دیمەنەکەوە. لەمێژ بوو وا وێنا دەکرا هێڵی هەڵكشاوی گریمانەیی ئیدیدۆلۆژیی جیهانخوازیی لەگەڵ هێڵی داکشاوی[lvi] نایەکسانیی و جیاکاریی هەڵقوڵاو لە جێنەدەر و ڕەگەز، وێک دێنەوە هەم لە ڕووی ئیدۆلۆژیی و هەم لە ڕووی کەتوارەوە، گوایە تاوەکوو هێڵە گریمانەییەکەی ئیدۆلۆژیی جیهانخوازیی هەڵکشێت، لەولاوە هێڵی جیاکارییە هەڵقوڵاوەکەی نێو ڕەگەزپەرستیی و جێنەدەرخوازیی دادەکشێت، هەرچۆنێک بێت لە ڕووی ئەزموونییەوە[lvii] وا دەرنەچوو. ڕەنگە تەنانەت بلوێت ئارگۆمێنتی پێچەوانە[lviii] بهێنینەوە کە لە دونیای مۆدێڕندا نایەکسانییە ڕەگەزیی و جێندەرییەکان[lix]، ئەوە هیچ لە کەتواردا، بگرە ڕەنگە لە ڕووی ئیدۆلۆژیشەوە هەڵکشابن، یان هیچ نەبێت دانەکشاون. بۆ ئەوەی پەی بەوە بەرین بۆچی دەشێت ئەمە وابێت، پێویستە لەو بابەتەی وا ئیدۆلۆژیی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەری هەڵوەداین و بانگەشەی بۆ دەکەن، بنۆڕین.

ڕەگەزپەرستیی هەر بە تەنێ ئەوە نییە نیگای سووکایەتیئامێز و تژی لە ترس بگیرێتە ئەو کەسەی لە ڕووی پێودانگە ژێنەتیکییەکانەوە (وەک ڕەنگی پێست) یان پێودانگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (وابەستەییی ئایینیی، خەسڵەتە کەلتوورییەکان، ئەولەوییەتبەندیی زمانیی و هتد)ـەوە، سەر بە گرووپێکی تر بێت. ڕەگەزپەرستیی، ئەوە هیچ کە ئەو جۆرە سووکایەتیی و ترسە لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەمەیش واوەتر دەچێت. سووکایەتیی و ترس لە چاو ئەوەی وا پیادەکردنی ڕەگەزپەرستیی[lx] لە ئابووریی جیهانیی سەرمایەدارییدا ڕەنگڕێژی دەکات، تەواو لاوەکیین. ڕاستییەکەی تەنانەت دەلوێت بێژین سووکایەتیی و ترس لەویتر (فۆبیای بێگانە)[lxi]، ڕەهەندێکی ڕەگەزپەرستین و لەخۆگری جۆرێک لە دژبەرین.

فۆبیای بێگانە لە گشت سیستەمە دیرۆکییەکانی پێشیندا، لێکەوتەیەکی سەرەکیی ئاکاریی هەبوو؛ وەدەرنانی[lxii] ”بەربەرەکان”[lxiii] لە کەوشەنی فیزیکیی کۆمەڵ، کۆمەڵگە و دەستە داخراوەکاندا. کوشتوبڕ و مەرگ، پەڕگیرانەترین ڕەهەندی ئەم وەدەرنانە بوو. سەروەختێک بە شێوەیەکی فیزیکیی ئەویتر پاکتاو دەکەین، بێخەوشی و پاکژیی[lxiv] ژینگەی دەوروبەرمان دەستبەر دەکەین، وەک ئەوەی بڵێی هەڵوەدای ئەمە بووبێتین، بەڵام هاوکات بە ناچاریی[lxv] شتانێکیش لەدەست دەدەین. ئێمە هێزی کاری کەسی وەدەرنراو لەدەست دەدەین و سەرەنجام، بەشداریی[lxvi] وی لە ئافراندنی[lxvii] زێدەباردا[lxviii] لە دەست دەدەین کە دەکرا بە بەردەوامیی و پەیتاپەیتا خاوەنداریتیی لەم زێدەبەرهەمە بکرێت. ئەمە بۆ گشت سیستەمە دیرۆکییەکان زیانبارە؛ جا وەرە لەمەڕ سیستەمێک کە کۆی پێکهاتە و لۆژیکەکەی بە دەوەری کەڵەکەی ناکۆتای سەرمایەدا هەڵچنرابێت دەبێت چ زیانێک بێت، ئەمە زیانێکی ئێجگار پێکۆڵە.

سیستەمی سەرمایەداریی کە زۆربەی کات ڕوو لە فراوانبوونە (بە ڕەچاوکردنی بنەمای نیوەی کاتی دیاریکراو)[lxix]، ئاتاجی بەگەڕخستنی گشت ئەو هێزی کارەیە وا دەتوانێت فەراهەمی بکات، ئاخر ئەوە هێزی کارە کاڵاکان بەرهەم دەهێنێت و بەو دەساوێژە سەرمایە بەرهەم دەهێنرێت، بەدی دەهێنرێت و کەڵەکە دەکرێت. جا لەم ڕووەوە، وەدەرنان لە سیستەمدا کارساز نییە و بێمانایە.[lxx]بەڵام ئەگەر بویسترێت کەڵکەکردنی سەرمایە لە زۆرترین بڕ و ڕادەی خۆیدا بێت، هاوکات پێویستە تێچوونەکانی بەرهەمهێنان (لەم ڕووەوە[lxxi] تێچوونەکانی هێزی کاریش) و تێچوونەکانی ئاڵۆسکانی سیاسی بگەینرێتە نزمترین ئاست  (واتە کەمکردنەوە[lxxii] نەوەک بنبڕکردنی[lxxiii]، چونکە ناتوانین ئاڵۆزییە سیاسییەکان بنبڕ بکەین، واتە ناتوانین ناڕەزایەتییەکانی هێزی کار[lxxiv] بە نموونە، ڕیشەکێش بکەین). ڕەگەزپەرستیی ئەو گیراوە جادووییەیە[lxxv] گشت ئەم ئامانجانە دەپێکێت.

لێگەڕێن با ئاوڕێک لە یەکەمین و ناسراوترینی مشتومڕەکان[lxxvi] لەمەڕ ڕەگەزپەرستیی وەک ئیدۆلۆژییەک بدەینەوە. ئەوێ دەم ئەورووپاییەکان بەرەو دونیای نوێ هاتن، ڕووبەڕووی خەڵکانێک بوونەوە و بەخێرایی و لە ئاستێکی بەرفراواوندا قەسابییان کردن[lxxvii] (جا ڕاستەوخۆ بووبێت بە چەک یان ناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەوە). قەشەیەکی ئیسپانیایی، بارتلۆم دی لاس کاساس،[lxxviii]بە پاساوی ئەوەی هیندییەسوورەکان خودان گیانگەلێکن[lxxix] دەبێت ڕزگار بکرێن، ئەرک و بەرپرسیارییەتیانی گرتە ئەستۆ. مۆڵەت بفەرموون پاساوەکەی لاس کاساس و لێکەوتەکانی، کە ڕێپێدانی ڕەسمیی کەنیسە و بە دوایدا ڕەزامەندیی دەوڵەتیشی بەدەست هێنا، شەنوکەو بکەین. بەوەدا سوورپێستەکان خودان گیانن، کەوابوو ئادەمیزادن و ڕێساکانی یاسای سرووشتیی[lxxx] دەیانگرێتەوە. دەی کەوابوو لە ڕووی ئاکارییەوە، کوشتوبڕیان (وەدەرنانیان لەسەر سەکۆی ژیان)[lxxxi] ڕەوا نییە. بە پێچەوانەوە دەبوو کەسێک (لایەنێک) بەرپرسیار و پابەند بێت بۆ ڕزگارکردنی گیانی وان (بەرەو بەها جیهانییەکانی کریستیانیی[lxxxii] ڕێنوێن بکرێن). بەوەدا زیندوو دەمێننەوە و ڕەنگە لەڕێگەی ئایینی نوێوە گۆڕانیان بەسەردا بێت، کەوابوو تێکەڵ بە هێزی کار دەکرێن، هەڵبەت بە ئەندازەی لێهاتووییان، واتە لە نزمترین پلەی ناو زنجیرەی پلەبەندیی پیشە_مووچەدا خۆیان دەبیننەوە.

ڕەگەزپەرستیی لە ئاستی کردەییەدا شکڵ و شێوەیەکی بە خۆوە گرتووە دەلوێت بە ”ئیتنیکیبوونەوەی هێزی کار”[lxxxiii] ناودێری بکەین، مەبەستم لەمە ئەوەیە، هەمیشە هەرەمێکی ڕیزبەندیی پیشە_پادداشت لە ئارادا بووە، کە هەردەم لەگەڵ ئەوی وا بە پێودانگە کۆمەڵایەتییەکانی ناوزەد دەکەن، پەیوەندار بووە. بەڵام لە کاتێکدا ڕێسای ”بەئیتنیکییبوون” جێگیر و پاوەجێ ماوە، وردەکارییەکانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانیان بەسەردا دێت؛ گۆڕانکاریەکە بەو پێودانگەیە کە کام تۆپەڵەی کەڵەکەبووی کۆمەڵایەتیی و جێنەتیکیی مرۆیی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا هەڵکەوتووە و کتومت لە هەمان ئەو کات و شوێنەدا کامە پێداویستیی هەرەمی ڕیزبەندیی ئابووریی بوونی هەبووە.

واتە ڕەگەزپەرستیی، هەمیشە ئەوێ بانگەشانەی وا ڕۆنراون لەسەر بەردەوامییدان بە ڕابردوو (جێنەتیکیی_کۆمەڵایەتیی)ـی لەگەڵ جۆرە مروونەت و نەرمییەک[lxxxiv] وا دەمی ئێستا بە بنەما دەگرێت، ئامێتە کردووە سا بەڵکوو تخووبی وردی ئەو یەکە بەرجەستەکراوانەی[lxxxv] وا بە گرووپە ڕەگەزیی، یان ئیتنیکی_نەتەوەیی-ئایینییەکان ناودێریان دەکەین، دەستنیشان بکات. نەرمیی لە بانگەشەی هەبوونی پەیوەندیی بە سنوور و قەڵەمڕۆکانی ڕابردووەوە، هاوتەریب بە پێناسەکردنەوەی بەردەوامی ئا ئەم سنوورانە لە دەمی نهادا، لە شکڵ و شێوەی ئافراندن و ئافراندنەوەی بەردەوامی کۆمەڵە ڕەگەز یان ئیتنۆ_نەتەوەیی_ئایینییەکاندا خۆی دەنوێنێتەوە. ئەم دەستە و کۆمەڵانە هەمیشە بوونیان هەبووە و هەردەم بە شێوەی زنجیرەپلەبەندییەک پۆلێن کراون؛ بەڵام هەمیشە کتومت هاوشان و یەکسان نین. هەندێک لە کۆمەڵە و گرووپەکان دەتوانن لە دووتوێی سیستەمی ڕیزبەندیدا[lxxxvi] بزۆک و خۆشڕەو بن، کۆمەڵەکانی تر دەتوانن بزر، یان ئامبازی دەستە و کۆمەڵەی تر ببن، لە کاتێکدا گرووپ هەن هەڵدەوەشێنەوە و لێک جودا دەبن[lxxxvii] و لە جێگەیان، دەستەی نوێ لەدایک دەبن. بەڵام هەمیشە گرووپێک هەن ڕەشپێستن. خۆ ئەگەر ڕەشپێستان بوونیان نەبێت، یان بۆ ڕۆڵگێڕان ژمارەیان وەکوو پێویست نەبێت، ئەودەم دەتوانرێت ”ڕەشەی سپیپێست”[lxxxviii] دابهێنرێت.[lxxxix]

سیستەمێکی ئاوهایی وا تێیدا شێوە[xc] و ژەهری[xci] ڕەگەزپەرستی پاوەجێیە، بەڵام هێڵەکانی سەر سنووری[xcii] گۆڕاو و نەرمن، زۆر کارزانانە سێ کار ڕادەپەڕێنێت. دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت بلوێت ژمارەی هێزی کاری بەردەست و پێویست لە هەر “شوێن_کاتێک[xciii]“ـی دیاریکراودا، بۆ ناچیزترین ڕۆڵی ئابووریی بە کەمترین مووچە و بەپێی پێویستیی، کۆ بکاتەوە یان دابەش بکات. دەستە و گرووپی کۆمەڵایەتیی دەئافرێنێت و بە بەردەوامی مشتوماڵیان دەکات و بەرهەمیان دەهێنێتەوە، ئا ئەم دەستە و گرووپانەیش بە کردەیی سەرقاڵی بەکۆمەڵایەتییکردنی[xciv] زارۆکانیانن بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵەی گونجاوە بۆیان (هەرچەندە و هەڵبەت زارۆکەکان لە فۆرمەکانی بەرخوداندا[xcv] بە کۆمەڵایەتیی دەکەن). ئەمە دەتوانێت ڕستێک بنەمای ناشایستەسالاریی[xcvi] بۆ پاساودانی نایەکسانی، بئافرێنێت. دەبێت جەخت لەم خاڵەی دوایی بکرێتەوە. کتومت لەبەر ئەوەی ڕەگەزپەرستیی لە ڕووی بنەماوە، دژ بە جیهانخوازییە و کۆمەک بە سەرمایەداریی دەکات تاکوو وەک سیستەمێک سەقامگیریی هەبێت. ڕەگەزپەرستی ئەو دەرفەتە دەڕسکێنێت تاکوو بەشێکی مەزن لە هێزی کار، مافێکی ئێجگار کەمتریان تەنانەت لەوەیش وا دەکرێت بەپێی شایستەیی پاساو بدرێت، بۆ دابین بکرێت.

بەڵام ئەگەر سەرمایەداریی وەک سیستەمێک، ڕەگەزپەرستیی دەئافرێنێت، داخۆ بە هەمان ئەندازە حەوجەی بە ئافراندنی جێندەرخوازیی هەیە؟ بەڵێ، چونکە ئەم دووانە پەیوەندییەکی شانەوشان و نزیکیان[xcvii] پێکەوە هەیە. ئیتنیکیکردنی هێزی کار بۆیە لە ئارادایە تاکوو بۆ پێدانی کرێیەکی[xcviii] ئێجگار کەم بە گشت بەشەکانی هێزی کار، دەرفەت بڕسکێت. ڕاستییەکەی کرێ و مووچەیەکی ئاوا کەم بۆیە لە ئارادان و دەلوێت هەبن، چونکە کرێگرتەکان[xcix] لە پێکهاتەی خانەوادەیەکدا[c] هەڵکەوتوون، کۆی داهاتی کرێ و پادداشتی بەدەستهاتوو بۆ بژێویان، بەشێکی ئێجگار کەم لە کۆی داهاتی خانەوادە پێک دەهێنێت. ئا ئەم خانەوادانە ئاتاجی بەشداریی بەرفراوانی هێزی کارن لەناو ئەو چالاکییانەی وا ڕایەڵن بە بژێویی[ci] و بازاڕی گچکەوە؛[cii] بەشێک لەم بەشدارییە لە ئەستۆی پیاودایە، بەڵام پشکی هەرە گەورە لە ئەستۆی ژن و منداڵان و بەتەمەنەکاندایە لە هەردوو ڕەگەز. لە سیستەمێکی بەم ڕەنگەدا ئەم چوونەژوورەوەیەی هێزی کار بۆ ناو کاری بێ کرێ و پادداشت،[ciii] هەم قەرەبووی کەمیی داهاتی بەدەستهاتوو لە کرێ و مووچە دەکاتەوە و ڕاستییەکەی هەمیش وەک کۆمەکێکی دارایی وایە بۆ خاوەنکارەکانی[civ] ئەم کرێکارە کرێگرتانەی[cv] وا سەر بەو خانەوادانەن. جیاکاریی جێندەریی هۆکارە تا بیر لەم پرسە نەکەینەوە. جیاکاریی جێندەریی بە تەنێ هەر پێدانی ڕۆڵی کاری جیاواز یان ناچیز نییە بە ژنان، هەروەکوو چۆن ڕەگەزپەرستییش هەر بە تەنێ لە “فۆبیای بێگانە”ـدا کورت نابێتەوە. هەروەک چۆن ڕەگەزپەرستیی بۆ هێشتنەوەی خەڵکی لەنێو سیستەمدا، نەوەک وەدەرنانیان، ئافرێنراوە، ئاوهایش جیاکاریی جێندەریی هەر هەمان کارکردی هەیە.

هەرچۆنێک بووبێت، ژنان، منداڵان و بەتەمەنەکانمان بەرەو کاری نائابووریی و ئافراندنی زێدەبەها[cvi] بۆ خاوەن سەرمایەکان پاڵ پێوە ناوە و هانداوە[cvii]، ئەمە لە کاتێکدا هیچ پاداشتێکی داراییان پێ نادرێت یان ئەگەر بدرێت، هەر زۆر کەمە، بەو پاساوەی ئەو کارەی وا ئەمانە ڕایدەپەڕێنن بە کردەیی بە “ناکار”[cviii] ئەژمار دەکرێت. ئێمە چەمکی “ژنی ماڵەوە[cix]“ـمان داهێناوە و دەبێژین ژنان لەم ڕۆڵەدا “کار” ناکەن و سەرومڕ و بە تەنێ “ماڵداریی”[cx] دەکەن. بەم پێودانگە سەروەختێک حکوومەتەکان ئاماری “هێزی کار”ـی گوایە چالاک کۆ دەکەنەوە، ژنانی ماڵدار نە لەناو هێزی کاری چالاک و نە لە ڕیزی هێزی کاری ناچالاکدا ئەژمار ناکەن. لێرەوە لەگەڵ جیاکاریی جێندەرییدا، بە شێوازی خۆکارانە[cxi] تەمەنمەندیی و ”تەمەنخوازیی[cxii]”ـیش هەڵدەتۆقێت و پێبەپێی جیاکاریی جێندەریی دەڕوات. چۆن بانگەشەی ئەوە دەکەین کاری ژنی ماڵدار زێدەبەها نائافەرێنێت، دەتوانین بانگەشەی ئەوەیش بکەین کارەیلی جۆراوجۆری بێبەرانبەری منداڵان و بەساڵاچووانیش هەروەتر.

هیچ یەک لەمانە، وێنەنوێنیی[cxiii] کردەیی و ڕاستەقینەی کار نین. بەڵام سەرتاپایان لە دووتوێی ئیدۆلۆژییەکی فرە بەهێزدا، لە پاڵ یەکدیدا و پێکڕا دەگونجێن.[cxiv]ئامێتەی[cxv] جیهانخوازیی/شایستەسالاریی، کە لەلایەن توێژی سەردەست یان چینەکانی ناوەندەوە وەک بناغەیەک بۆ ڕەوایەتیدان[cxvi] بە سیستەم بەکار دەهێنرێت، لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی/جیاکاریی جێندەرییدا کە پێکهاتەی سەرەکیی هێزی کار ڕەنگڕێژ دەکەن، هەر فرە کارا و سازگارە. بەڵام ئەم کارایی و سازگارییە تا شوێنێک بڕ دەکات و هۆکارەکەیشی سادەیە؛ ئەم دوو نموونە ئیدۆلۆژییە لە ئابووریی جیهانیی سەرمایەدارییدا، لە بەریەککەتن و دژبەرییەکی ڕوون و ڕەواندان لەگەڵ یەکدی. ئەم ئامێتە تەنک و ناسکە[cxvii] هەمیشە لە بەردەم مەترسیی لەدەستدەرچووندایە، ئەمە ئەگەر بێتو دەستە و گرووپە جیاجیاکان بیانەوێت لەلایەکەوە لۆژیکی جیهانخوازیی و لەلایەکی ترەوە لۆژیکی ڕەگەزپەرستیی/جێندەرخوازیی بە شێوازێکی پەڕگیرانە بۆ پێشەوە بئاژوون.

دەزانین سەروەختێک ڕاسیزم و جیاکاریی جێندەریی زۆر پێی لێ ڕاکێشن و لە کەوشەنی پەڕگیریدا هەڵکورمێن، چی دەقەومێت. دەلوێت ڕەگەزپەرستان بکارن گرووپ و دەستەگەلی بێگانە سەرومڕ و دەمودەست وەدەر بنێن، جا یان بە خێرایی چەشنی کوشتوبڕی جووەکان بە دەستی نازییەکان، یان بە هێواشیی چەشنی پیادەکردنی سیاسەتی ڕەهای ئاپارتاید.[cxviii]سەروەختێک ئەم ئیدۆلۆژییانە سەر لە پەڕگیرییەکی بەم چەشنەوە دەردەکەن، نائەقڵانیی[cxix] دەنوێنن و کتومت لەبەر ئەم نائەقڵانیبوونە خۆیان لە بەردەم بەرخۆداندا دەبیننەوە. هەڵبەت قوربانییەکان[cxx] هەڵی دەدەنێ و دەست بە بەرخۆدان دەکەن، بەڵام هەروەتر دەستە و گرووپەیلی ئابووریی بەهێزیش دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکەنەوە، نەک دژ بە خودی ڕاسیزم، بەڵکوو دژ بەوەی ڕاسیزم لە ڕەوشی پەڕگیرییدا لە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی، واتە ئافراندنی هێزیکی کاری بەئیتنیکیکراوی بەرهەمدار[cxxi]، دوور دەکەوێتەوە.

هەروەتر دەتوانین وێنای ئەوە بکەین ئەگەر جیهانخوازیی لە بەڕەی خۆی پتر پێی لێ ڕاکێشێ،[cxxii] چی دەقەومێت. دەلوێت بڕێک کەس بخوازن بە کردەیی بوارێک بۆ یەکسانیی دەرفەت و پێگە و پادداشتەکان بڕسکێنن، تێیدا ڕەگەز (یان هاوشێوەکانی) و جێندەر بە بنەما نەگیرێن. بە پێچەوانەی پەڕگیریی ڕەگەزپەرستییەوە، هیچ ڕێگەیەکی دەمودەست و خێرا بۆ پەڕگیریی جیهانخوازیی لەئارادا نییە، ئاخر بۆ کارێکی وا گەرەکە نەک هەر بەربەستە یاسایی و دامەزراوەییەکانی بەردەم جیهانخوازیی، بەڵکوو دەبێت خەسڵەتە ناونیشینەکانی[cxxiii] ئیتنیکسازیش هەڵبگیرێن. کارێکی بەم ڕەنگە بخوازین و نەخوازین، بە ناچاریی پێویستی بە ماوەیەکی زەمەنیی لانیکەم بە ئەندازەی ژیانی نەوەیەک[cxxiv] دەبێت. کەواتە، تا ڕادەیەک بەرگریی بەرانبەر پەڕگیریی و پێلێڕاکێشانی جیهانخوازییدا ئاسانە. هەرکە لە هەر شوێنێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکە دامەزراوەییەکانی ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی جێندەریی هەنگاو نرا، هەر ئەوەندە بەسە بە ناوی خودی جیهانخوازییەوە  ”ڕەگەزپەرستیی پێچەوانە”[cxxv] سەرکۆنە بکرێت.

بەم پێیە، ئەوەی ئێمە دەیبینین، سیستەمێکە بە پەیوەندیی تژی لە بەریەککەوتنی نێوان بڕێکی گونجاو لە جیهانخوازیی و بڕێکی[cxxvi] گونجاو لە ڕەگەزپەرستیی/جێندەرخوازیی، هەڵدەسووڕێت. هەمیشە ڕستێک هەوڵدان بۆ لاسەنگکردنی ئەم هاوکێشەیە بە سوودی یەكێک لە دوو لایەنەکانی هاوکێشەکە لە ئارادایە، لێکەوتەی ئەم هەوڵدانانە، هاتنەبوونی جۆرە مۆدێلێکی هەڵبەزودابەزە.[cxxvii]ئەم بەزمە دەلوێت تاهەتایە بەردەوام بێت؛ بەڵام گرفتێک هەیە. بە تێپەڕبوونی کات، ماوەی نێوان “هەڵبەزەکان” و “دابەزەکان”[cxxviii] بچووکتر نا، بەڵکوو فراوانتر دەبێت. پاڵنەر[cxxix] بەرەو لای جیهانخوازیی لە بەهێزبووندایە. پاڵنەر بەرەو ڕاسیزم و جیاکاریی جێندەرییش هەروەتر. سەرکێشییەکان هەڵدەکشێن. ئەمەیش دوو هۆکاری هەیە.

لە لایەکەوە کاریگەریی زانیارییە هەڵگۆزراوەکان لە خەرمانی ئەزموونیی مێژووییەوە لەئارادان و لەلایەن گشت بەشداربووانی نێو پڕۆسەکەوە کەڵەکە کراون. لە لایەکی ترەوە ڕەوتە سیکۆلارەکانی[cxxx] خودی سیستەمیش وان لەگۆڕێ هەیە. دە ئاخر هەڵبەزودابەزی نێوان جیهانخوازیی و ڕەگەزپەرستیی/ جێندەرخوازیی، تاکە هەڵبەزودابەزی نێو سیستەم نییە. هەڵبەزودابەزی کشان و چوونەوەیەکی[cxxxi] ئابوورییش لەئارادایە و تاڕادەیەک هەڵبەزودابەزی ئیدۆلۆژیی جیهانخوازیی و ڕەگەزپەرستیی/ جێندەرخوازیی پێوە ڕایەڵە. تا دێت هەڵبەزودابەزی ئابووریی توندتر و تیژتر[cxxxii] دەبێت. هۆکارەکانی پشت ئەمە بەسەرهاتێکی ترە. وێڕای ئەمە، بەوەدا دژبەرییە گشتییەکانی سیستەمی جیهانیی مۆدێرن، سیستەمیان بەرەو قەیرانێکی بنچینەییی درێژخاین پەلکێش کردووە، بەگوڕترین و توندترین[cxxxiii] ئەو پنتە ئیدۆلۆژییە/دامەزراوەییانەی وا هەڵوەدای سیستەمی جێگرەوەن[cxxxiv]، لە دووتوێ و نێوان تەنگەژەی توند و ڕوولەهەڵکشانی “هەڵبەز” و “دابەز”ـی نێوان جیهانخوازیی و ڕەگەزپەرستیی/جێندەرخوازییدا هەڵکەوتوون. پرسیارەکە ئەوە نییە کام لەم دوو نیوە دژبەیەکە، کەم­وزۆر بە سەر نیوەکەی تردا زاڵ دەبێت، چونکە ئەم دووە لە ڕووی واتایی و چەمکەوە، قووڵ بە یەکترەوە بەستراون.[cxxxv] بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ و چۆن سیستەمی نوێ بئافرێنین، نە ئیدۆلۆژیی جیهانخوازیی بەکار بهێنن و نە سوود لە ئیدۆلۆژیی ڕەگەزپەرستیی/جێندەرخوازیی ببینن. پەرسڤی ئەم پرسیارە، ئەرکی ئێمەیە و بە هیچ کلۆجێک ئەرکێکی ئاسان نییە.

* امانئول والرشتاین: نقد اقتصاد سیاسی، (تنش های ایدئولوژیک سرمایەدار: جهان­روایی در برابر نژادپرستی و جنسیت­گرایی)، ترجمە: احسان انصاری، https://pecritique.com/

* Etienne Balibar and Immanuel Wallerstein: Race, nation, class: ambiguous identities, translation by Chris Turner, press VERSO, London 1991, pp 29-36.

[i] the universal brotherhood of man.

[ii]  Universalist doctrine .

[iii] Terminology.

[iv] Tension.

[v] Legitimation.

[vi] Contradiction.

[vii] Reveal.

[viii]  Sexism.

[ix] Racism.

[x]  Pairing.

[xi] symbiotic relationship.

[xii]  Paradox.

[xiii] opposite camp.

[xiv] We have met the enemy, and he is us. (چاومان بە دوژمن کەوتووە و، دوژمن، خودی خۆمانین)

پێ دەچێت نووسەر لێردەدا ئاماژە بۆ ئەم دەربڕینە بەناوبانگەی کەسێتیی کارتۆنیی (پۆگۆ) بکات کە لە لایەن واڵت کێڵی (Walt Kelly)ـیەوە ئافرێنراوە و ئەم دەربڕینە، واتە “دوژمن، خودی خۆمانین”، لە دەیەی حەفتاکاندا وەک ئیدیۆمێک بۆ پرسی پیسبوونی ژینگە، وێرانکردنی سرووشت، هەنگاوی دژبەخۆ، کاولکردنی زەوی و ڕەخنەگرتن لەخۆ بەکار هێنراوە (و).

[xv]  Hypocrisy.

[xvi]  Enduring.

[xvii] Consistent.

[xviii]  political distinction.

[xix]  Obligation.

[xx]  abstract concepts.

[xxi]  modern universalist doctrines.

[xxii] Explaining.

[xxiii]  Origins.

[xxiv]   the culmination.

[xxv]  Contradict.

[xxvi]  Precisely.

[xxvii]  Leap.

[xxviii]  tribal god.

[xxix] Implicitly.

[xxx]  part-way.

[xxxi] Barriers.

[xxxii]  proselytization.

[xxxiii]  Allegiance (بەیعەت).

[xxxiv]  Modern Enlightenment.

[xxxv]  the decolonization.

[xxxvi]  Omissions.

[xxxvii]   upward curve.

[xxxviii]   Pursued.

[xxxix]   Commodification.

[xl]  Valuation.

[xli] Particularism.

Particularism: دەکرێت بڵێین (تایبەتخوازیی) و (تایبەتمەندویستیی) لە دیوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکەیدا ئاماژەیە بۆ ڕەچاوکردنی خەسڵەت و تایبەتمەندیی و بەرژەوەندییەکانی گرووپ، دەستە، بەش، گەل و هێزێکی دیاریکراو، هەروەتر نادیدەگرتنی بەها و پێداونگە هەمەکیی و جیهانگروەکانە (و).

[xlii] universal solvent.

دیارە نووسەر دەستەواژەی (universal solvent)ـی بەکار هێناوە و دەکرێت وەک (توێنەرەوەی جیهانیی) و (چارەسەرکەری گشتگیرانە) وەری بگێڕین، چونکە مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەیە کە پیشانی بدات پەیوەندییەکانی سەرمایەداریی گشت جیاوازییەکان دەتوێنێتەوە و هەموو ئارێشەکان لە بۆتەقەی قازانجخوازیی خۆی و لە شێوەی کاڵادا چارەسەر دەکات، بۆیە ئێمە لەبری ئەمە دەستەواژەی (گۆچانی جادوویی)ـمان بەکار هێنا، هیوادارم گونجاو بێت (و).

[xliii]career open to talents.

ئەم درووشمە career open to talents کە لە شۆڕشی فەڕەنساییدا بەرز کرایەوە، مەبەست چەسپاندنی شایستەسالاریی و دوورکەوتنەوە بوو لە ڕەچاوکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی خانەدان و کەسانی دەستڕۆیشتوو. شۆڕشگێڕان خوازیار بوون لە سەر بنەمای بەهرە و لێهاتوویی، پیشە و کاری گونجاویان بۆ دەستبەر بکرێت (و).

[xliv]  Stabilizing.

[xlv]  Inequalitie.

[xlvi]  Distribution.

[xlvii]  Resentment.

[xlviii]  privilege.

[xlix] Merit.

[l] Inheritance.

[li]  the political sociology.

[lii] Dubious.

[liii]  Mystical.

[liv]  Fatalistic.

[lv] Yuppie.

ئەم چەمکە Yuppie کورتکراوەی دەستەواژەی “Young Urban Professional”ـە، لە بنەڕەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەو گەنج و لاوە تازەپیاکەوتووانەی ناو بازاڕی سەرمایەداریی کە لە دەرەوەی نەریتی میرات، خودان پیشەیەکی شایستەی پڕداهات و جۆرە ژیانێکی تایبەتی شارنشینن، خەسڵەتی مۆدێلخوازیی و براندخوازیی و مەسەرەفگەرایی، بە سەر کەسێتییاندا زاڵە و سیستەم وەک سیمبوولی کەسانی سەرکەوتوو نمایشیان دەکات. ئەم دەستەواژەیە پتر لە دەیەی هەشەتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکادا ڕەواجی پەیدا کرد و مەبەست ئاماژەدان بوو بە گەنجان و لاوانی مۆدێرن، شارنشین، خودان پیشەی پڕداهات و مەسەرەفگەرا. بە گشتیی یووپییەکان خۆ لە ژیانی مینەویی بەدوور دەگرن و پتر لە ڕێگەی پیشەی پڕداهات، ڕیستۆرانتی گرانبەها، ئۆتۆمبێلی تایبەتی گرانقیمەت، هۆڵی وەرزشیی هەرەتایبەت و کاڵای جوانکاریی و مەسرەفکردنی براندە بەناوودەنگەکانەوە خۆیان نمایش دەکەن (و).

[lvi] downward of curve.

[lvii] Empirically.

[lviii]  inverse argument.

[lix]  race and gender inequalities.

[lx]  practice of racism.

[lxi] Xenophobia.

[lxii]   Ejection.

[lxiii]  Barbarian.

[lxiv]  Purity.

[lxv]  Inevitably.

[lxvi]  contribution.

[lxvii]  creation.

[lxviii] surplus.

[lxix] which is half the time.

ئەم دەستەواژەیە، ئاماژەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کار لە ماوەی کەمتر لە کاتی دەستنیشانکراودا. دیارە نووسەر لە شوێنی خۆیدا بەکاری هێناوە، ئاخر سەرمایەداریی دەکارێت تەواوی هێزی کاری مومکیین، جا چ هێزی بازوو بێت یان هێزی هایدرۆلیکیی و تەکنەلۆژیا، بە چڕیی بەگەڕ بخات، بۆ ئەوەی لە میانەی خێراییبەخشین بە ڕاپەڕاندنی کارەکانەوە، هەم بە نیوەی کاتی دیاریکراو کاڵاکان بەرهەم بهێنێت و هەم بڕی کاڵای بەرهەمهاتوو و بڕی سەرمایەی کەڵەکەبوو پتر بکات (و).

[lxx]  Pointless.

[lxxi]Hence.

[lxxii]Minimize.

[lxxiii] Eliminate.

[lxxiv] the protests of the labour force.

[lxxv]  magic formula.

[lxxvi] Discussions.

[lxxvii]  Slaughtered.

[lxxviii]  Bartolome de Las Casas.

[lxxix]  Souls.

[lxxx]  rules of natural law.

[lxxxi]  eject them from the domain.

[lxxxii]  the universalist value of Christianity.

[lxxxiii] the ethnicization’ of the work force.

[lxxxiv]   Flexibility.

[lxxxv]  reified entities.

ئەم دەستەواژەیە reified entities، ئاماژەیە بۆ ئەو پرۆسێسەی کە تێیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئیتنیکیی و سیاسییەکان، کە تێکڕا ڕستێک پەیوەندیی ئەبستراکتن، بۆ جۆرە هەبوونێکی بەرجەستە دەگۆڕدرێن، وەک ئەوەی بوونێکی سەربەخۆ و بەرهەستیان هەبێت و لە دنیای کەتواردا ئامادەییان هەبێت. بۆ نموونە: “نەتەوە” یان ”گەل” و “هۆز” لە ڕاستیدا بەم پرۆسێسەدا تێپەڕێنراون و جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکە ئەبستراکتانە دەکەین، وەک بڵێی کەسێتییەکی گشتیی بەرجەستە بن و لە کەتواردا ئامادەییان هەبێت (و).

[lxxxvi] ranking system.

[lxxxvii]break apart.

[lxxxviii]  “White niggers”.

وا دەردەکەوێت نووسەر ئەم دەستەواژەیەی “White niggers” وەک توانج بەکار هێنابێت، چونکە دەستەواژەکە هەڵگری بارێکی توندی ڕەگەزپەرستیی تژی لە سووکایەتییە و ڕیشە دیرۆکییەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوکاتەی لە ئەمریکار بۆ ئەو کەسانە بەکار دەهێنرا وا سپیپێست بوون، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە لە ئاستێکی نزمی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا خۆیان دەبینییەوە و دەرئەنجام بە “سپیپێستی ڕەشپێست” ناودێر دەکران و بە تیرێک دوو نیشان دەپێکرا؛ دەستەواژەکە هەم تیری تانە بوو بۆ ئەم سپیپێستە کەمدەرامەتانە و هەم سووکایەتیی بوو بۆ ڕەشپێستەکان. لێرەدا مەبەست ئەوەیە ڕەگەزپەرستیی سایەی سیستەمی سەرمایەداریی، تەنانەت ئەگەر ڕەشپێستانیش نەبن، ڕەوڕەوەی مێژووەکەی بە چەشنێکە، هەر گرووپێکی تووڕهەڵدراوی بەشمەینەت دەئافرێنێت کە بکرێت ئەم گرووپە وەکوو یەکە یان چینێکی کۆمەڵایەتیی کاریگەر ڕۆڵ بگێڕن (و).

[lxxxix]  Invent.

[xc] Form.

[xci]  Venom.

[xcii]  boundary lines.

[xciii]  space-time.

[xciv]  Socialize.

[xcv]   forms of resistance.

[xcvi]  non-meritocratic.

[xcvii]  Intimately.

[xcviii]  Wages.

[xcix]  the wage earners.

[c] household structure.

[ci]  Subsistence.

[cii]  petty market.

[ciii]  non-wage work.

لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم دەستەواژەیە ” non-wage work ”لە بنەڕەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەو کار و پیشە ورد و گچکە و ناڕەسمییانەی وا ژنان، منداڵان و پیرەکان لە نێو خانەوادەدا ئەنجامی دەدەن و هیچ مووچەیەکی لە بەرانبەردا وەرناگرن، بە گشتیی دەلوێت ئاماژە بێت بۆ کاروباری ناوماڵ، باخداریی بچووک، وردەفرۆشیی یان هەر کاروبارێکی تری ناڕەسمیی، بە دیوێکدا ئەمە هەر بە تەنێ کۆمەک نییە بە پیاوی ئەم خانەوادانە، بەڵکوو ناڕاستەوخۆیش کۆمەکێکی داراییە بۆ ئەو خاوەنکارانەی وا پیاوانی ئەم جۆرە خێزانانە بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان بەکرێ دەگرن، هەروەتر ئەمە زەمینەڕخسێنیشە تاکوو ئەو خاوەنکارانە پشتێنی لێ شل بکەنەوە و نزمترین کرێ بە کرێگرتەکانیان بدەن (و).

[civ]  Employers.

[cv]   wage labourers.

[cvi]   surplus-value.

[cvii]  Induce.

[cviii] Non_work.

[cix] Housewife.

[cx]  Keepinghouse.

[cxi] Automatically.

[cxii]  Ageism.

[cxiii]  Reflect.

[cxiv] Fits.

[cxv] Combination.

[cxvi]   Legitimate.

[cxvii] Delicately.

[cxviii]Apartheid.

[cxix]  Irrational.

[cxx]   the victims.

[cxxi]  Productive.

[cxxii]  goes too far.

[cxxiii]   Internalization.

[cxxiv]  Generation.

[cxxv]  reverse racism.

ئەم چەمکە ”reverse racism” زادەی ڕەوشێکە کە تێیدا ئەودەمەی ڕەگەزپەرستیی باو هەبوونی خۆی یان ڕەوایەتیی و و بەیتوبالۆرەی دامەزراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئیتنیکییەکانی خۆی لە بەردەم مەترسیی و پەلامارداندا دەبینێتەوە، هەڵوەستە دەکات و دەچێتە دۆخێکەوە وەکوو بڵێیت لە هەمبەر ویدا ڕەگەزپەرستیی پیادە دەکرێت و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدرێت، جا لەم سەروەختەدا ڕەگەزپەرستیی باو دەست بۆ چەمکە جیهانگرەوەکان دەبات و بە ناوی مرۆڤایەتیی و برایەتییەوە بەگەژ مەترسیی و پەلامارەکاندا دەچێتەوە، لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا بەو مەترسیی و پەلامارانە دەگوترێت “ڕەگەزپەرستیی پێچەوانە”(و).

[cxxvi]  Dosage.

[cxxvii] zigzag pattern (شێوازی زیگزاگی).

[cxxviii] zigs and zags (زیگەکان و زاگەکان).

[cxxix]  Thrust.

[cxxx]  the secular trends.

[cxxxi]  expansion and contraction.

[cxxxii]  Sharper.

[cxxxiii]   the most acute.

[cxxxiv] successor system.

[cxxxv] Tied.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.