گۆشەی ئازد

تێزەکانی کەمالیزم

شۆڕشی کەمالیستیی شۆڕشی چینەکانی سەرەوەی تورکیا بوو.

ئیبراهیم کایپاکایا

لە فارسییەوە: مەریوان کاکەیی

 

داگرتنی فایلی PDF

 

ئیبراهیم کایپاکایا: یەکێکە لە سیما دیارەکانی نێو چەپی تورکیا، ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی کاراکایای سەر بە شاری سونگورلۆ لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٧ چووەتە بەشی فیزیای زانکۆی ئەستەنبووڵ، لەوێ بزووتنەوە مارکسییەکانی ناسی، پاشان لەبەر چالاکیی لە نێو بزووتنەوە سۆسیالیستییەکانی تورکیا، لەو زانکۆیە دەر کرا. کایپاکایا ساڵی ١٩٦٩ بووە بە ئەندامی (پارتی کرێکاران و جووتیارانی تورکیا) و هەر زوو بوو بە یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەو پارتە. پاشان ساڵی ١٩٧٢ بەهۆی ڕاجیایی و خۆی واتەنی (هەڵکشانی کۆنەپەرەستیی و هەلپەرەستییی) لە پارتەکەدا دەستی لەم پارتە کێشایەوە، ساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی (پارتی کۆمۆنیستیی مارکسیست-لینینیستی تورکیا) یان دامەزراند. کایپاکایا یەکێکە لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی (کەمالیزم). پاش ئەوەی لە ئەنجامی ڕێککەوتنی زلهێزە کۆڵۆنیاڵیستەکانەوە کۆماری توریکا پێک هات، کەمالیستەکان هەوڵیان دا ڕاستینەی ئەم پڕۆسەیە وەک (شۆڕشی نەتەوەیی و جەنگی سەربەخۆیی) لێک بدەنەوە و ڕاستینەی دابەشکاریی ئابووریی و قازانجیی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە پێکهاتنی تورکیادا پەردەپۆش بکەن، وتاری (تێزەکانی کەمالیزم) ی کایپاکایا دەپەرژێتە سەر پەردەهەڵماڵین لە هێزە شاراوەکانی پشت پێکهاتنی دەوڵەتی تورک و کرۆک و کاکڵەی پێکهاتنەکەی. مسۆگەر پێناسەکردنی ئەتاتورک وەک (ڕێبەر و پێشەنگی نەتەوەیی) و (هەستانەوەی پاش کەوتنی عوسمانیی لە چنگی داگیرکەران) لەو دەمەدا ئەوی لە هەر ڕەخنە و سەرنجێک هەڵدەبوارد و وەک هێڵی سوور تەماشا دەکرا.

شەڕی سەربەخۆیی تورکیا ( (Türk Kurtuluş Savaşı) شەڕێکە پاش بەزین و کەوتنی ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانیی لە جەنگی جیهانیی یەکەم لە نێوان نەتەوەپەرەستە تورکەکان و وڵاتانی کۆڵۆنیاڵیستدا ڕووی دا. کەمال ئەتاتورک سەرکردایەتیی دەکردن، تا ئەوەی بەپێی قازانج و سوودی خۆیان دەوڵەتی تورکیایان بەپێی ڕێککەوتننامەی لۆزان دامەزراند و کەمال ئەتاتورک تا مردن سەرکۆماری ئەو دەوڵەتە بوو. تێزەکانی کەمالیزم دەپەرژێتە سەر ڕەخنەگرتن لەو ڕووداوە و هەڵوەستە لە دەستەواژەی (شۆڕش و سەربەخۆیی) دەکات. جا لەم بەستێنەدا کاکڵکە ئابووریی و سیاسیی و نێودەوڵەتیی و سەربازیی و جڤاکییەکەی شیکار دەکات.

ڕاستییەکەی (تێزەکانی کەمالیزم) هەڵگۆستەی شڕۆڤەکانی کایپاکایە لەمەڕ (پێداچوونەوەگەرایی – Revisionism)، کە ساڵی ١٩٧٢ لە بڵاوکراوەی (شەفەق) ی زمانحاڵی پارتی کرێکاران و جووتیارانی تورکیا بڵاوی کردوونەتەوە.

کایپاکایا ساڵی ١٩٧٣ پاش شەڕێک لەگەڵ سەربازانی دەوڵەت، بە برینداریی کەوتە دەست هێزەکانی دەوڵەت و لە ژێر ئەشکەنجە و سزادا مرد، بەرپرسانی زیندان هۆکاریی مردنەکەیان بە (خۆکوژیی) تۆمار کرد.

١- شۆڕشی کەمالیستیی شۆڕشی چینەکانی سەرەوەی تورکیا بوو. بازرگانە بۆرژوازەکان، دەرەبەگە خاوەنزەوییەکان، سووخۆر و بۆرژوا پیشەسازە بچووکەکان، واتە سەرکردەکانی شۆڕش لە بۆرژوازە گەورەکانی چنیی باڵای کۆمپرادۆر و دەرەبەگە خاوەنزەویەکان پێک هاتبوون. لە شۆڕشدا، چینی ناویین بە ڕواڵەتێکی نەتەوەییەوە لە پێگەی سەرکردایەتیدا نەبوو، بەڵکوو لە پێگەی هێزێکی یەدەگدا بوو.

٢- لە ساڵانی شەڕی دژەئیمپریالیزمدا، سەرکردەکانی شۆڕش بە نهێنیی هاوکاریی ئیمپریالیزمی هاوپەیمانان دەکرد. ئیمپریالیستەکانیش ڕوویەکی باشیان پیشانی کەمالییەکانیان دا، سا دیار بوو لە بە بەهێزبوونی دەسەڵاتی کەمالیستیی ڕازیین.

٣- کەمالییەکان پاش واژۆکردنی پەیماننامەی ئاشتیی لەگەڵ ئیمپریالیستەکان، هاوکارییەکانیان چڕتر کردەوە.

٤- بزووتنەوەی کەمالیستی لە بنەڕەتدا دژی «کرێکاران و جووتیاران و دەرفەتی شۆڕشی چاکسازیی زەویی» چووە پێشێ.

٥- لە ئەنجامی بزووتنەوەی کەمالیستی، پێکهاتەی کۆڵۆنیالزم – نیمچەکۆڵۆنیالیزم – نیمچەفیۆداڵیی تورکیا وەرگەڕایە سەر پێکهاتەیەکی نیمچەکۆلۆنیاڵیستیی – نیمچەفیۆداڵیی، واتە پێکهاتەی ئابووریی نیمچە کۆڵۆنیالیزم و نیمچەفیۆداڵیی بەردەوام بوو.

٦- لە بواری کۆمەڵایەتییدا بۆرژوازی نوێی تورکیای تێوەگلاو بە هاوکاریی لەگەڵ ئیمپریالیزم، کە هەڵقوڵاوی بۆرژوای ناویین بوو بە ڕواڵەتێکی نەتەوەییەوە، لەگەڵ بەشێک لە بۆرژوازیی گەورەی کۆمپرادۆری کۆنی تورکیا و بیرۆکراسی نوێ، توانی پێگەی زاڵی بۆرژوازی گەورەی کۆمپرادۆری کۆن، کە لە کەمینە نەتەوەییەکان، بیرۆکراسیە پێشینەکان و زانایان پێک دەهات، بۆ خۆی چنگ خات. بەشێک لە دەرەبەگە خاوەنزەوییەکان، خاوەنزەوییە گەورەکان، سووخۆرەکان و بازرگانانی قازانجمەندی کۆن توانیان پێگەی خۆیان بپارێزن و بەشێکیشیان پێگەی خۆیان بۆ گرووپە نوێیەکان چۆڵ کرد. لە وێنە گشتییەکەدا کەمالییەکان، نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی چینی ناوەڕاستیان بە ڕواڵەتێکی نەتەوەییەوە نەدەکرد، ئەوان نوێنەرەوەی بەرژەوەندییەکانی چینی ژوورین و باڵادەستان بوون.

٧- لە گۆڕەپانی سیاسییدا دەسەڵاتی پاشایەتیی مەشرووتەگەری ژێر چەپۆکی بەرژەوەندیی ماڵباتی پاشایەتیی بۆ کۆمارێکی بۆرژواز جێگۆڕێی کرد، ئەمە باشترین وڵامدەرەوەی بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتداری نوێ بوو. ئەم حکومەتە لە ئاخاوتنەکانیدا سەربەخۆ دەردەکەوت، بەڵام ڕاستییەکەی لە ڕووی سیاسییەوە حکومەتێکی نیمچەگرێدراوی ئیمپریالیزم بوو.

٨- دیکتاتۆرییەتی کەمالیستیی، بە ڕووکەش دیموکرات بوو، بەڵام لە ڕاستیدا دیکتاتۆرێکی سەربازیی – فاشیست بوو.

٩- «تورکیای کەمالیستیی ناچار بوو خۆی بخزێنێتە باوەشی ئیمپریالیزمی بەریتانیی- فەڕەنسیی، جا هێواش هێواش بووە نیمچەکۆڵۆنیی و بەشێک لە جیهانی کۆنەپەرەستی ئیمپریالیستیی.» [١]

١٠- لە ساڵانی دوای شەڕی سەربەخۆیی، دەسەڵاتی کەمالیزم دوژمنی باوەکوشتەی شۆڕش بوو. لەو قۆناغەدا ئەرکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەبوو تا دژی پێڕی بۆرژوازی کۆمپرادۆری کۆن و ئەو دەرەبەگە زەویدارانەی پێگەی خۆیان لەدەست دابوو، لەگەڵ کەمالیستەکان یەک بگرێت (ڕاستییەکەی هاوپەیمانێتییەکی لەو ڕەنگە هەرگیز پێک نەهات). ئەرکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بریتی بوو لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی کەمالیستیی، کە نوێنەرایەتیی بەشێکی دیکەی بۆرژوازی کۆمپرادۆر و دەرەبەگە زەویدارەکانی دەکرد، جا گۆڕینی بۆ دیکتاتۆرییەکی جڤاکیی دیموکراتیک بە پێودانگی یەکێتیی کرێکاران و جووتیاران، ئەویش بە پێشەنگێتیی چینی کرێکار.

١١- پاش دامرکانەوەی شەڕی سەربەخۆیی، لە تورکیا بۆرژوازی گەورە و کۆمپرادۆر و دەرەبەگە زەویدارەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام بۆرژوای گەورە و کۆمپرادۆر و دەرەبەگە زەویدارەکان دابەشی سەر دوو پێڕی گەورەی سیاسیی بوون، ئەو پێڕەی توانی دەسەڵات و جومگەکانی دەوڵەت بخاتە ژێر چەپۆکی خۆی، سەرەتا لەگەڵ ئیمپریالیزمی بەریتانیی و فەڕەنسیی و دواتریش لە ساڵی ١٩٣٥ بەدواوە هاوکاریی ئیمپریالیزمی ئەڵمانیی کرد. تا نزیکی جەنگی جیهانیی دووەمیش، بۆرژوای ناوندیی بە گشتیی لە ڕیزی ئەم پێڕەدا پاوەجێ بوو.

١٢- لە ساڵانی جەنگی ئیمپریالیستیی دووەمی جیهانییدا، پێڕی دەسەڵاتداری نزیک لە ئەڵمانیا، ڕوویان کردە سیاسەتێکی فاشیستانەی توندئاژۆ و قازانجپەرەست، ئەم گرووپە لە ناوخۆ دژی هەموو هێزە دیموکراتییەکان، بە چینی کرێکاریشەوە، لە دەرەوەی وڵاتیش دژی یەکێتیی سۆڤێت و بلۆکی بەریتانیا- فەڕەنسا – ئەمریکا وەستا و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی فاشیزمی ئەڵمانییەوە کرد. بەڵام هاوسەنگی زلهێزەکانی جیهان و بوونی یەکێتیی سۆڤیەت، نەیانهێشت [ڕاستەوخۆ] لە شەڕدا بچنە ڕیزی فاشیستە ئەڵمانییەکانەوە.

١٣- لە لایەکی ترەوە، پێڕی دژ بە بۆرژوای زلهێزی کۆمپرادۆر و دەرەبەگە زەویدارەکان و بۆرژوای ناوەندیی ڕیفۆرمیست و ئەو گرووپە دیموکراتخوازانەی تا ئەودەم بە هێزی لاوەکیی ڕیزەکانی (پارتی گەلی کۆماریی) [٢] هەژمار دەکران. دواتر لە چوارچێوەی (پارتی دیموکرات) [٣] و (پارتی میللەت) [٤] ڕێک خران. هەروەها (پارتی کۆمۆنیستی تورکیا) [٥] شوێن ئەم پێڕە کەوت. ئەوان هاوپەیمانییەکی جیهانییان لەگەڵ بلۆکی ئەمریکا- بەریتانیا- فەڕەنسا و یەکێتیی سۆڤێتدا بەست. کاتێک جەنگی جیهانیی دووەم بە بەزینی ئەڵمانییە فاشیستەکان و هاوپەیمانەکانیان بڕایەوە، ئەم بلۆکە لە تورکیا دەسەڵاتی بەدەست هێنا. لەگەڵ کۆتایی شەڕ، بە پاڵپشتیی ئیمپریالیزمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە قۆستنەوەی زیرەکانەی ڕق و کینەی خەڵک لە دیکتاتۆرییەتی فاشیستی پارتی گەلی کۆماریی لایەنگری ئەڵمانیا، ساڵی ١٩٥٠ پارتی دیموکرات دەسەڵاتی گرتە دەست.

١٤- بەم چەشنە بۆرژوای گەورەی کۆمپرادۆر و دەرەبەگە خاوەنزەوییەکانی خزمەتی ئیمپریالیزمی ئەڵمانیی کەوتنە خزمەت ئیمپریالیزمی ئەمریکیی و بۆرژوای گەورەی کۆمپرادۆر و دەرەبەگە خاوەنزەوییەکانی نۆکەری ئیمپریالیزمی ئەمریکیی. کێشەکە ئەوە نەبوو (بۆرژوای گەورەی قازانجمەندی شەڕ) تەواو چووەتە (ژێر باڵی سەرمایەی نێودەوڵەتیی). کێشەکە ئەوە بوو (باڵ) ی ئیمپرالیزمی ئەمریکیی شوێنی (باڵ) ی ئیمپرالیزمی ئەڵمانیی گرتەوە، هەروەها کۆنەپەرستی نۆکەری ئەمریکا شوێنی کۆنەپەرستی نۆکەری ئەڵمانیی گرتەوە.

١٥- بۆرژوازی ناوەندیی دوودڵ دژایەتیی پرۆلیتاریا و هوردەبۆرژوای لە ناخی خۆیدا سەرکوت دەکرد، پاش ئەوەی بۆ ماوەیەک ئەم دژایەتییەی خستە خزمەتی حیزبی دیموکرات، بەهۆی کردەوە فاشیستییەکانی حیزبی دیموکرات، دیسانەوە پەیوەندیی بە پارتی گەلی کۆمارییەوە کرد، کە ئەودەم لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوو. بیچمنەگرتنی بزووتنەوەیەکی جڤاکیی بەهێز و سەربەخۆ بە پێشەنگیی پرۆلیتاریا و ئۆپۆزسیۆنی چینی کرێکار، خەڵکی داچەکیو و ڕەگەزە دیموکراتیکەکانی کرد بە پاڵهێزێکی بەگوڕ، کە جارێک گرووپە بۆرژوا گەورە کۆمپرادۆرەکان و دەربەگە خاوەنزەوییەکانی پێ دەگەیەنرایە دەسەڵات و جارێکی تریش گرووپەکانی تر.

١٦- گرووپەکانی بۆرژوازی گەورەی کۆمپرادۆر و دەرەبەگە خاونزەوییەکان کاتێک ئۆپۆزسیۆن بوون، بانگەشەی «دیموکراسیی» ان دەکرد. لەگەڵ گەیشتنیان بە تەخت و بەختی دەسەڵات، بوونە دوژمنی سەرسەختی گەل.

لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم و پاش ئەوە، ئەمە واقعیی وڵاتەکەمان بوو.

 

[١] – ئەم بەندە شڕۆڤەی ماوتسی تۆنگە:

Mao Tse-tung, ١٩٦٥. Selected Works. Volume ٢, Beijing: Foreign Languages Press, pp ٣٥٥-٣٥٦

[٢] – Cumhuriyet Halk Partisi (CHP)

[٣] – Demokrat Partisi (DP)

[٤] – Millet Partisi (MP)

[٥] – Türkiye Komünist Partisi

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...