گوتار

نەخشەى پانتایی (ڕۆشنبیرى)

ڕۆشنبیریی کوردى کێشەى تێگەیشتنى مێژووییانەى بۆ شتەکان هەیە.

وەلید عومەر

داگرتنی فایلی PDF

 

مەبەست لە «نەخشەى ڕۆشنبیرى» لەم یاداشتە خێرایەدا، سنوورەکانى پانتایی ڕۆشنبیرییە کە سەرەتا لەناو خۆیدایە و پاشان دەچێتە کارلێکەوە لەگەڵ پانتاییەکانى ترى وەک مێژوو، سیاسەت، و هتددا. پانتایی ڕۆشنبیرى، لە هەموو کەلتوورەکاندا خاوەنى نەخشەیەکى تایبەت بە خۆیەتى کە کۆمەڵێک بکەرى تیایە وەک نووسەر، خوێنەر، ڕەخنەگر و هتد. نەخشەى ڕۆشنبیرى، لە فیکر و ئەدەبیات و هونەر و پرسى ڕەخنە و تەنانەت ئەکادیمیا و بەشێکى میدیاش پێک دێت. هەر ئەم نەخشەیە، کۆمەڵێک پەیوەندییشى هەیە دینامیکییە، واتە بەشەکانى ناو خۆى لە جووڵە و بزووتن و ململانێدان. ئەو کایانەى لەناو ئەم نەخشەیەدا کار دەکەن، تەواو جێگیر نین و شەڕى «هەژموون» بەشێکە لەم پەیوەندییە دینامیکییە. بۆ نموونە دەشێت بکەرێکى وەک ژۆرنالیست، لە بڕگەیەکى زەمەنىدا گوتارێک یاخۆ نیمچە-گوتارێک درووست بکات و کاریگەریی بخاتە سەر بکەرى کایەکانى تریش. یان زمانى کایەیەکى وەک ئەدەب، ڕووبەرى کایەیەکى ترى ناو ئەو پانتاییە داگیر بکات. نەخشەى ئێستاى ڕۆشنبیریی کوردى، زۆر ڕوون نییە؛ بەجۆرێک مرۆڤ هەندێجار هەست دەکات بەتەواوەتى درووست نەبووە و بوونێکى پچڕپچڕى هەیە، یاخۆ ئەرک و ئامانجى ڕوون نەبووەتەوە؛ یانژى تەمومژى کۆى دۆخى کۆمەڵگا نەخشە ڕۆشنبیرییەکەشى خستووەتە هەمان دۆخەوە.

پانتایی ڕۆشنبیرى و «مێژوو»

پانتایی ڕۆشنبیرى، لەناو مێژووى مۆدێرندا درووست بووە و بیرکردنەوەى مێژووییش یەکێکە لە خەسڵەتەکانى. ڕۆشنبیر، ناچارە مێژووى کایەکەى خۆى ڕەچاو بکات. ئەو دەکەوێتە کوێى ئەو مێژووەوە، پرسیارەکانى ئێستاى ناو ئەو مێژووەى چین، کۆمەڵگاکەشى لەکۆدا لەکوێوە بەرەو کوێ دەچێت. هەڵبەت ئەمە بۆ کایەکانى تری ناو ئەو پانتاییەش ڕاستە، ئیدى بکەرەکە ئەدیب بێت یان هونەرمەند یاخۆ هەر بەرهەمهێنەرێکى تر. ئێستا یەک لە پرسیارە گرنگەکان بۆ کۆمەڵگاى ئێمە، دەشێت پرسیارى مێژوو بێت. مێژوو وەک چى؟ وەک فەلسەفەى مێژوو، دواتریش وەک پێگەى مێژوویی. ئایا ئێمە دەکەوینە کوێى مێژووەوە؟ پرسیارى لەم جۆرەش، لە زیمنى خۆیدا، مەبەست لە «ئێستا»يه. «ئێستا» گەر کۆتا دەرەنجامى مێژوو بێت، سیماکانى ئەم ئێستایە چین؟ وەڵامى ئەم پرسیارە، یەک لە ئەرکەکانى پانتای ڕۆشنبیرییە کە پێدەچێت سەرەتا بیرمەند لێى بەرپرس بێت و دواییش بکەرەکانى تر.

ئاشکرایە، ڕۆشنبیریی کوردى کێشەى تێگەیشتنى مێژووییانەى بۆ شتەکان هەیە. یان لەلایەک مێژووى ڕووت و خام دەنووسرێتەوە (کە مێژوونوسیی خام خۆى بەرهەمى درووستنەبوونى ئەقڵى مێژووییە)، یاخۆ لە پرسە مرۆییەکاندا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى تەواو «مێژوویی» وەرناگیرێت کە کام دیوەى ژیانى لەناو کاتێکى مێژووییدایە و کام دیوانەشى وجودى و نامێژوویین (ئاشکرایە لە شتانێکدا کە مێژوویی بیرى لێ دەکرێتەوە، پێویستە نامێژوویی و قووڵتر وەریبگرین- شتانێکیش هەن کە پێویستە مێژوویی بیرى لێ بکەینەوە نەک لە دەرەوەى جووڵەى مێژووەوە). دیارە ئەمەش گوناهێک نییە لەبنەڕەتدا تەنیا پەیوەندیی بە فیگەرى ڕۆشنبیرەوە هەبێت، بەڵکوو مێژووى مۆدێرنى خۆرئاوا پێشوەختە گرژیی بۆ هەموو کەلتوورەکانى تر درووست کردووە. چونکە مێژووى گەشەى هەر چەمک/پرسێک سەرەتا گەشەیەکى خۆرئاواییە و دوایی دەبێت لە لۆکاڵ (ناوخۆى کۆمەڵگاکان)ـدا بیرى لێ بکرێتەوە. ئەم ناتەباییەى لۆکاڵ و مێژووى خۆرئاوا، وایکردووە لە کەلتوور و ڕۆشنبیرییەکانى تردا پتر «مۆدێل» بڕسکێت و دواییش خێرا نەمێنێت. وەکبڵێى بایى ئەوە مێژوو ناسازێنێت بمێنێتەوە. بەڵام وێڕاى ئەمانەش، پێموایە مێژووى لۆکاڵ، گەشەى کەمتازۆر تایبەت بە خۆى درووست دەکات. ئەم گەشەیە، هێڵێکە لە جێیەکەوە لەناو ئەو لۆکاڵەدا دەستی پێ کردووە و زۆرینە لەسەرى کۆکن و پێوەرى بابەتیی تایبەت بە خۆیشى دەخوڵقێنێت. ڕەنگە مرۆ زۆرجار سەرى لێ بشێوێت و هێڵە مێژووییەکە نەبینێت، بەڵام سەرەنجام تێدەگات ڕیزێک نوختە هەن خەسڵەتیان داوە بە یەکتر و یەکدییان لە «بۆشێتیی ڕەها» ڕزگار کردووە. بە مانایەکى تر، فەوزاش خاوەنى پێوەرى تایبەت بە خۆیەتى.

مێژوو خۆى لە سادەترین مانادا، خەسڵەتپێدانى شتەکانە بە یەکتر لەناو کاتێکدا و ئەم کاتەش درێژ دەبێتەوە. هەر ڕووداوێک بۆیە مێژووییە، چونکە ڕووداوێکى تر نییە. مێژوو ڕیزێک حزوور و غیاب یاخۆ نەفى و خەسڵەتە کە لە «چەندێتی»ـیەوە بەرەو «چۆنیەتى» دەجووڵێن. واتە جۆرێک کەڵەکەبوون لە زیمنى کاتدا هەیە کە لە جێیەکدا هەرەس دەکەن و شتێکى نوێ دێتە ئاراوە.

ئەو کاتانەى هەست دەکەین هیچ لە مێژوودا ڕوو نادات، ئەوە پتر لەناو زنجیرەى «چەندایەتی»ـداین، زنجيرەیەک کە هێشتا چۆنایەتیی وەرنەگرتووە و ناوەڕۆک بایی ئەوە ڕەگەزى دژى کۆنەکردووەتەوە کە فۆرمەکەى بتەقێت. ئەوەى پێى ‌دەوترێت «خاڵى وەرچەرخان»، بەرکەوتنێکى توندى «نەفى» و «خەسڵەتپێدان»ـە لەناو ئەو کاتەدا کە ئاسۆیەکى نوێ دەکرێتەوە بەبێ ئەوەى هێڵەکە بەیەکجارى کۆتایی بێت. لە مێژووى ئێمەدا، «خاڵەکانى وەرچەرخان» هێند ناڕوونن، مرۆ گومان دەکات لەناو بۆشاییدەکدا دەژى، بۆشاییش بریتییە لە نەفیی ڕووت (نێگەتیڤیتە) یان پۆزەتیڤیتەى ڕووت. واتە ئەو زەروورەتە زۆر ڕوون نابێتەوە کە ئاخۆ پێویستە چى نەفى ببێت و کام خەسڵەتە بچێتە سەر ئەو نوختە نەفیکراوە. دیسان دەیڵێینەوە، وێڕاى ئەمانەش کۆمەڵگا خۆى لەسەر شتانێکى کەم و گشتى هەر ڕێک دەکەوێت کە مێژووى پێ بناسرێتەوە. کۆدەنگییەک هەر دەخوڵقێت، ئەنجامى ڕووداوێک بێت یان نا، کە سرووشت لە ڕۆح، مێژوو لە نامێژوو، ئەمڕۆ لە دوێنێ جیا ببێتەوە. لە پانتایی ڕۆشنبیرییشدا، پێوەرگەلى وەک زمانحاڵى قۆناغێک، داهێنان، درووستکردنى گوتار و هتد دەتوانن لۆکاڵ بەسەر بڕگەى جیاجیادا دابەش بکەن و بە مانایەکى سەرەتایی، مێژوو درووست بکەن. هێشتا ئەو ڕاستییەشمان هەر لەبیرە کە مادام «ویستى هێز» لەناو ژیانى مرۆڤەکاندا حوکم دەکات، ئەوا مێژووش بە جۆرێک مێژووى «ویستى هێز»ـە: بۆیە وتمان پارادۆکس، چونکە لەنێوان میلەتاندا ئەوانەى وا لەو هێزە ئەفرێنەرە بێبەشن، پتر وەک جوگرافیایەکى ڕووت دەمێننەوە تا وەک بەشێک لە مێژووى جیهان. دەشێت لە لۆکاڵدا، مێژووى تایبەت بە خۆیان درووست بکەن بەڵام چۆن دەچنە ناو پرۆسە گەردوونییەکەوە شتێکى ترە (جێى خۆیەتى بڵێم، هیگڵ لە وانەوتارەکانى فەلسەفەى مێژوودا کە مێژووى جیهان شی دەکاتەوە، لە پەراوێزى بەشى ئێراندا، یەک جار ناوى کوردستان وەک شوێنێکى جوگرافى دەهێنێت و هیچى تر).

چەمکى «مێژوو» بۆ پانتایی ڕۆشنبیرى، تەنیا بابەتێک یاخۆ «ئۆبێکتێکى ڕۆشنبیرى» نییە؛ بەڵکوو بنخان و پشتخانى پانتاییەکەیە. دەشێت نووسەرێک هەرگیز وتارێکیش لەسەر خودى مێژوو نەنووسێت، بەڵام تەواو مێژووییانە بیر بکاتەوە. مەبەست لە «تەواو مێژووییانە»ش وەسوەسە نییە بۆ هەموو شتێکى ورد و درشت کە ڕوو دەدات، بەڵکوو ئەوەیە پەیوەندیی دیاردەکان و یاساکانى ڕسکان و کەوتنیان لەناو مێژووەکەدا بناسێت. ئەو یاسایانەى بە تەنیا یاساى فۆرماڵى مێژوو خۆى نین، بەڵکوو لە ڕۆحى کەلتوورەکەشەوە دێن. یاساکانى مێژوو، کۆمەڵێک یاساى پێشوەختە نین بەسەر کەلتوورێکدا بسەپێن؛ بەڵکوو هەر بە نێوانگریی ئەو کەلتوورە دەڕسکێن و لەویش سەرووتر هەڵدەکشێن. یاساکانى مێژوو، هەمیشە کەمێک لەسەروو کۆمەڵگا و قەومەوەیە. بۆ نموونە، بیرمەندێک چۆنچۆنى یاسا گشتەکى (کلى)یەکانى کۆمەڵگایەک دەدۆزێتەوە و لەناویشیدا مافى هەموو دیاردەکان دەدات. ماف، هەم بە وتاى ئەقڵانى و بە واتاى ئەخلاقىیش. چونکە دیتنى دیمەنە گشتییەکەى مێژوویەک و دۆزینەوەى یاسا پێکداچووەکانى، هەردوو ڕەهەندەکە پێکەوە دەپێکێت. لەم ڕووەوە ڕۆشنبیر پێویستى بە ئەقڵێکى گشتبین و میتافیزیکییە. ئەو ڕەخنەیەشى گوایە مێژوو ئامانجى نیە، بەو مانایە نایەت یاساى نییە. یاساکان، خۆیشیان ئامانجن. یاسا کە لە واقیعیشدا دێتە دى و ناواخنى خۆى پڕ دەکاتەوە، ئیدى ئامانج هەر ئەوەیە. بەڵام ئەوەى یاساکان چەندە جەوهەریین و چەندیش کاتى و گۆڕاو، دیسان یەک لە ئەرکەکانى ڕۆشنبیرى گشتبینە کە بیاندۆزێتەوە و تیۆریزەیان بکات. گەر بشسەلمێت مێژوویەک تەمومژاوییە و بۆشاییەکى زەبەلاحە، ئەوەش دیسان جۆرێکە لە دۆزینەوە؛ دۆزینەوەیەک کە یان یاساکان ئاسان خۆیان نادەن بەدەستەوە یان مێژووەکە بەو جۆرەى پێویستە دەستی پێ نەکردووە یاخود توخمە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان نەچوونەتە کارلێکى کافییەوە، یانژى هەر هۆکارێکى تر کە ئێستا ناتوانین وێناى بکەین.

کاتێک ئەم سەرنجانە تۆمار دەکەین، مەبەستمان ئەوە نییە زەینى ڕۆشنبیر و ترپەى واقیع و مێژوو هاوکاتن. نەخێر، بەڵکوو ڕۆشنبیر هەموو واقیع و مێژوو دەپەستێتە نێو زەینى خۆیەوە و ژیانێکى چەمکایەتى دەژى. ئەمە تێکڕا یەک لە کێشەکانى واقیعى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتیی ئێمەشە کە ناتوانین یاخۆ نامانەوێت ژیانێکى چەمکایەتى (conceptual) بژین. یەکەم هەنگاوى پانتایی ڕۆشنبیرى ئەوەیە کە بکەرەکان بچنە ناو ژیانێکى چەمکایەتییەوە، واقیع تووشى ئەبستراکتێتى بکەن، مێژوو لە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسادا بگوشن بێ ‌ئەوەى وردەکارییەکان بسڕنەوە، و هتد. هەر ئەمەشە مێژووى ڕۆشنبیرى دەجووڵێنێت و دەکرێت بەپێى قۆناغى جیاجیا ئایدیاکان و مەنزوومەکانى بیرکردنەوەى نەوەکان جیا بکرێنەوە. هەر لێرەشەوە دیسان پەیوەندی لەنێوان مێژوو و ئایدیا یان واقیع و ئایدیادا درووست دەبێت و پاشگرەکانى وەک «یزم» و «ناسى» مافى خۆیان وەردەگرن. ئەم پاشگرانە، بەرهەمى ویستى ڕووتى ئەم کەس و ئەو کەسى تر نین کە بیلکێنن بە قۆناغێک یاخۆ کەسایەتییەکەوە، چونکە بە مێژووى خۆیدا نەهاتووە و شتەکەش زوو بیر دەچێتەوە.

 پاشگرى «یزم» خۆى بریتییە لە جێکەوتى گوژمى ئایدیا لەسەر مێژوو. ئەقڵێکى هەژار لە دونیاى ئێمەدا، بێ ئەوەى لەم ڕاستییە تێبگات، دەچێت ئەم پاشگرە دەلکێنێت بەم کەس و ئەو کەسى سیاسی یاخۆ ناسیاسییشەوە. ڕەنگە جاروبار کە باسى «نەبوونى مێژوو» یان «دەرەوەى مێژوو» دەکرێت، پتر مەبەست لەم غیابەى ئایدیا بێت لە مێژوودا. جا کاتێک باسى یاساکانى مێژوومان کرد، دەبوو بڵێین هەندێک ڕووداوى دیار ڕوودەدەن کە دەشێت ڕۆشنبیر تووشى سەرەگێژە بکات ئاخۆ کوێى مێژووییە و کوێیشى نامێژوویی. بۆ نموونە، بزووتنەوەیەکى سیاسى کە لە ڕواڵەتدا وادەردەکەوێت جەبرێکى مێژوویی بووە و دەرکەوتەى خواستى خەڵک بووە لە تەوقیتێکدا، ئاخۆ شکستەکەشى هەر مێژووییە؟ (بەتایبەت هەر مێژوو، حیزبگەلى تر دەهێڵێتەوە بە مێژوویەکى کۆنتر و ستەمێکى زۆرتریشەوە). یان بۆ نموونە کەمینەیەکى وەک ئێزدییەکان کە «زۆرتر لەوانیتر» قوربانیی ناو مێژوویەکى قوربانیین، بەپێى کام پرەنسیپى مێژوویی، پێگەى مرۆییان دیاریی دەکرێت و دەپارێزرێن؟ مەبەستمان ئەوەیە چۆن دوو پارچەى یەک دیاردە، لەناو یەک مێژوودا تێبگەین کە سەرەتاکە تەواو مێژوویی دیارە، بەڵام لەدواییدا تەمومژێکى مێژوویی جێدەهێڵێت.

 

پانتایی ڕۆشنبیرى و «سیاسەت»

ڕەنگە لەبنەڕەتدا، ڕۆشنبیر و پانتایی ڕۆشنبیرى، کە بەشێکى گرنگن لە کۆمەڵگاى مەدەنییش، وەک چاودێریى دەسەڵات هاتبنە کایەوە. وێڕاى ئەمەش، هەندێک جۆرى پەیوەندی لەنێوان ئەم دوو پانتاییەدا هەیە کە سەرەکیترینیان «یەکداپۆشین»ـە و باقییەکەى کۆنترۆڵ، کێشکردن، ئاڵوگۆڕى سیمبوڵى، کارلێکى گوتارى و هتدە. پانتایی ڕۆشنبیرى، هەمیشە مەودایەک بە پانتایی سیاسییەوە دەهێڵێتەوە، چونکە  گەر بە زمانى دەروونشیکارى بیڵێین سیاسەت زۆرترین گەمە بە پاڵنەرى مەرگ (death drive)ـەوە دەکات. واتە لەسەروو هەموو پانتاییەکانى ترەوە، مافى بەکارهێنانى هێزى هەیە، چ وەک وێرانکردن و چ وەک نەفى و سەرکوتى ڕۆژانەى مرۆڤ. خۆى لە ڕاستییدا دەسەڵات، شوێنى کۆبوونەوەى هەموو دژیەکی و دەسەڵاتخوازییەکانى مرۆڤە. پانتایی ڕۆشنبیرى، پلەیەک و دوو پلە و چەندین پلەش زیاتر لە بەکارهێنانى هێزەوە دوورە. ئەو تەنیا هێزێکى سیمبوڵیی هەیە ڕۆژانە شەڕى خۆى پێ بکات. هەتا بیرمەندێکیش بە ئایدیاکانى خۆى خۆراک بە بزووتنەوەیەکى سیاسیی فاشیستى بدات، هێشتانێ ئەم دوو پانتاییە نابنە یەکێک. پانتایی ڕۆشنبیرى لە بنەڕەتدا، بڵندبوونەوەى پانتایی سیاسییە. واتە پاڵاوتن و هەمواربوونەوەى هێزە ڕاستەوخۆکەیە. مرۆڤەکان لەم پانتاییەدا توندوتیژى بە ناو جۆرێک «نێوانگرى»دا دەبەن. هەر کردەیەکى ڕۆشنبیرى، لە توندوتیژترین ئاستیشدا کە کوشتنى لێ بکەوێتەوە، هەر کردەیەکى نێوانگریکراو و ناڕاستەوخۆترە بەراورد بە کردەوەکانى دەسەڵات. دیارە دەشزانین چەمکى «سیاسەت» و «دەسەڵات» هاوماناى تەواوەتیی یەکتر نین، بەڵام وەک قەوارەى وجودى لەبنەڕەتەوە جیاوازن.

دەگێڕنەوە کاتێک غاندى و چارلى چاپلین یەکتر دەبینن، غاندى دەنوشتێتەوە و دەستى چاپلین ماچ دەکات. چاپلینیش، لە وەڵامدا دەیەوێت دەستى غاندى ماچ بکاتەوە، بەڵام غاندى دەستى دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت «نابێت هونەرمەند ئەوەندە متمانەى بە سیاسى هەبێت». ئەم چیرۆکە، لە یەک کاتدا دوو ڕەهەندى پێچەوانەى هەڵگرتووە کە یەکەمیان بەپێى ئەو سەردەمە هەڵوێستێکى ڕادیکاڵە، دووەمیشیان بەپێى ئەمڕۆ هەڵوێستێکى سەگباوەڕانە (سینیکى)یە. لە یەکەمیاندا، نابێت ڕۆشنبیر زۆر متمانەى بە سیاسى هەبێت، چونکە سیاسەت شوێنى پیادەکردنى پەتیی هێزە لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ، و پێویستیی بە ئەنتى‌تێزێکى ناسیاسییە بۆ ئەوەى سنوورى خۆى نەبەزێنێت. لە دووەمیشیاندا،  ئەوەى لێ دەخوێنرێتەوە ڕۆشنبیر توخنى سیاسەت نەکەوێت، چونکە گڵاوە. پشتکردن لە سیاسەت، دۆخێکى ڕەشبینانە و سەگباوەڕانەیە. سەگباوەڕى (سینیزم)، گاڵتەکردنە بە هەموو شت تا ئەو جێیەى خۆیشى دەبێتەوە بە مایەى گاڵتە. سەگباوەڕى، پێشوەخت پێناسەى ڕۆشنبیر تووشى ناکۆکى دەکات کە لەبنەڕەتەوە وەک دژەهێزى دەسەڵات درووست بووە. ڕۆشنبیرى و تەنانەت کتێب و نووسین و هتد تێکڕا سەمپتۆمن، نیشانەى شتێکى ترى جیا لە خۆیانن، زیادەى سەر پانتاییەکى ترن بەناوى پانتایی سیاسى. واتە لەبنەڕەتدا ڕۆشنبیرى وەک هێزێکى سیمبوڵى، پارچەیەکى وەدەرنراوى سیاسەت خۆیەتى کە جێى نەبووەتەوە.

 کاتێک دەسەڵات ناتوانێت سەرتاپا «سیاسى» بێت، پارچەیەکى لێ جیا دەبێتەوە و بە پاڵێوگەیەکى کەلتوورىدا دەبرێت و ناودەنرێت پانتایی ڕۆشنبیرى. بۆیە پانتایی ڕۆشنبیرى‌یش، وەک ڕەچەڵەک پانتاییەکى ئەمین و ئارام نییە. پەیوەندیی چەک و قەڵەم خۆى پەیوەندییەکى ڕەوانبێژییانەى ڕووت نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکى «سەمپتۆمییانە-symptomatic»یە. قەڵەم خۆى چەکێک بووە کە لە شوێنى خۆى ترازاوە، چونکە بنەڕەتى کۆمەڵگاى مرۆیی، سەرەتا لە زەبروزەنگەوە درووست بووە. قەڵەم، کەرەستەیەکى بڵندکراوە (sublimated)ـى چەکە. بەپێى لۆژیکى دەروونشیکارى، چێژى قەڵەم بەناچارى جێى چێژى چەکى گرتووەتەوە و جێگرتنەوەکەش شتێک نییە بەیەکجارى ڕووی دابێت و کۆتایی هاتبێت. ئەم دوو ڕووبەرە، لە گرژییدا دەژین، با مێژوویەکى زۆر بەسەر ئەو پەیوەندییەشدا تێپەڕیبێت و چەندین گوتارى شارستانییش داهاتبێت کە بنەڕەتى چیرۆکەکەى بیر بردبینەوە. پانتایی ڕۆشنبیرى، لە دۆخى ئارامدا بێت یان نائارام، هەر پانتاییەکى چەپێنراوى سیاسەت-دەسەڵاتە و بەردەوام لە کەناڵى جیاجیاوە دەگەڕێتەوە. لە ڕواڵەتدا پانتایی ڕۆشنبیرى، پاداشتێکى شارستانیی کەمترى دەست کەوتووە. بەڵام بەرمەبناى ڕێسایەکى دیالەکتیکى دەتوانین بڵێین شتەکە بەو جۆرە نییە، چونکە تەمەنى درێژى ڕۆشنبیر بەراورد بە سیاسییەکان بەگشتى لەناو مێژوودا ئەم لاسەنگییە قەرەبوو دەکاتەوە. مەبەستمان مامەڵەیەکى یەکاڵا نییە کە بکەرەکانى ناو پانتایی ڕۆشنبیر دڵ بە مانەوەیان لە مێژوودا خۆش بکەن و بەس، بەڵکوو باسەکەمان ململانێ هەمیشەییەکەیە کە کەوڵى خۆى دەگۆڕێت و هەریەکەیان شەڕى هەژموونى خۆى دەکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە، دەستەواژەى «کڕینى قەڵەم» لە مێژووى دەسەڵاتدا، دەری دەخاتەوە کە قەڵەم خۆى بە شێوەیەکى بێ‌نێوانگر چەک بووە: بەڵام شارستانییەت بەجۆرێک کەوتووەتە ڕێ و پانتاییەکانى جیا کردووەتەوە کە هەمیشە قەڵەمێک دەمێنێت نەکڕدرێت. سیاسەت وەک ستراکتۆر، ناتوانێت ئەو شوێنە بکڕێت و پڕ بکاتەوە کە دەتوانین ناوى بنێین «شوێنى بەتاڵى قەڵەم». گەر بەشێوەى هاوکاتیش قەڵەم نەتوانێت وزەى چەکداریی خۆى بگوازێتەوە، ئەوا لەشێوەى چەپێنراوێکدا، لە فۆرمى کتێبێکدا لە مێژوودا دەگەڕێتەوە و زەمینە بۆ نەوەکانى تر خۆش دەکات.

لە دۆخى ئەمڕۆى کۆمەڵگاى ئێمەدا، پانتایی ڕۆشنبیرى لە کۆمەڵێک قەیراندا دەژى. بەر لە هەمووى، واتە بەر لە هەر قەیرانێکى بەشەکى و دیاریکراو، قەیرانى پانتاییەکە خۆیمان هەیە. ئاخۆ ئەم پانتاییە تا چەند خۆى دەناسێت و خۆى نوێ دەکاتەوە و مەوداکەشى بە پانتاییەکى وەک سیاسەتەوە دەپارێزێت.

 وادەردەکەوێت ئەمڕۆ «ڕۆشنبیر» بەو سرووشتە نەگۆڕ و بێگەرد و تەقلیدییەى خۆیەوە نەماوەتەوە، بۆیە دەشێت بکەرى نوێش بخزێنە جێگاکەى و بانگەشەى ئەرکەکانى ئەو بکەن. لەم ڕووەوە پێناچێت گرفتێکى گەورە هەبێت، چونکە تۆپۆلۆژیا و شوێنى پانتاییەکە هەمیشە وەک خۆى دەمێنێت. ئەوەى گۆڕانى بەسەردا دێت، دینامیک و بزووتنە، ئەو گۆڕانانەیە کە بەپێى سەردەم و ستایلەکانى ژیان و هۆیەکانى پەیوەندیی سەردەم ڕوودەدەن. دەشێت لە چرکەیەکدا، ڕۆژنامەوانێک ڕۆڵى ڕۆشنبیر بگێڕێت. بخزێتە ئەو پێگەیەوە کە شەڕى دەسەڵات دەکات و قەیران بۆ هەژموونى دەسەڵات درووستدەکات. وەکچۆن دەسەڵات پێشوەختە هەوڵیداوە بخزێتە ناوەڕۆکى ئامرازەکانى سەردەمەوە و لە کاریگەریی ئەو پێگەیە کەم بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، دەسەڵات هەوڵدەدات هەمیشە «دال»ـە کۆنەکان بە هەندێک «مەدلول»ـى نوێ پڕبکاتەوە کە خەڵک درکى نەکەن: بۆ نمونە، دالى «ئاوەدانکردنەوە» پێشتر بە هەموو فریوەکانى دەسەڵاتەوە لە «بنیاتنان و خزمەتکردنى خەڵک»ـەوە نزیکتر بوو. بەڵام ئەمڕۆ دەتوانێت چەندین مەدلولى شاراوە بگرێتە خۆى لە چەشنى «بازرگانى» و «کەرتى تایبەت و بەتایبەتکردن» و «قەرەبووکردنەوەى ڕووتەڵیی سرووشت».

 دەسەڵات عادەتەن بە خشکەیی لەڕێى مەدلولى نوێوە، هەژموونى خۆى نوێ دەکاتەوە. ئیشى ڕۆشنبیر یاخۆ پانتاییە ڕۆشنبیرییەکە تێکڕا ناسینەوەى ئەم گۆڕانەیە لە پەیوەندیی دال و مەدلولدا.

جاریش هەیە پانتایی ڕۆشنبیرى و بکەرەکانى، تەواو لەگەڵ پانتاییە سیاسییەکەدا هاوشووناس دەبن و دەبنە یەکێک. لێرەشەوە دەسەڵات سوود لەم یەکبوون و هاوشووناسییە وەردەگرێت و لەلاوە خۆراکى ئایدۆلۆژیی خۆى لێوە وەردەگرێت. نموونەى «شارچێتى»، بەرهەمى ئەم یەکبوونەیە کە پانتایی ڕۆشنبیرى لە قازانجى پانتاییە سیاسییەکە دەجووڵێتەوە. شارچێتى، وەک هەر دیاردەیەکى تر دەتوانێت بکەوێتە ناو کۆپەیوەندییە ئایدۆلۆژییەکانەوە و بچێتە خزمەتى لایەنێکەوە. شار لەناوەوە پەرتەوازە و هەمەچەشنە، بەڵام «شارچێتى» یەکێتییەکى درۆزنانە و کاتى دەخوڵقێنێت. لەڕاستییدا «شارچێتى»یش وەک هەر دیاردەیەکى تر، چاو لە کەلێن و گرژییەکانى ناو خۆى دادەخات و یەکەم کێشەشى هەر لەوەدایە. ئەو لەڕێى «ئەویترى شار»ـەوە، بنبەستەکانى خۆى بیر دەباتەوە. گەر دەمارگیرییەک لە شارچێتىیشدا هەبێت، لاى دەسەڵات کاتییە و پێچ بە خەڵک لێ دەدات و دەچێتە مامەڵەوە لەگەڵ «ئەویترى شار»دا. بۆیە ئەرکى پانتایی ڕۆشنبیرییە لەسەرووى شارەوە، کۆدەنگییەکى مرۆیی و کەلتوورى بسازێنێت کە ململانێى دەسەڵات جێى ململانێیەکى پاتۆلۆژیکى وەک «شارچێتى» بگرێتەوە.

سەبارەت بەوەشى ئاخۆ ڕۆشنبیر سیاسەت بکات یان نا، دوو ڕاستى هەیە: یەکەم، ڕۆشنبیر خۆى لەخۆیدا شووناسێکى ڕەخنەگرانەى هەیە و یەکەم ئاراستەى ڕەخنەش ڕووى لە دەسەڵاتە. بەڵام هەر ئەم خاڵە لە واقیعى ئێمەدا دەتوانێت ناوەڕۆکى چەمکى ڕۆشنبیریش بەتاڵ بکاتەوە، چونکە واقیعێکى شەفەوی و وێنەییە و کەمتر لەسەر ڕەخنە (critique) بە واتاى تەواوى وشەکە درووستبووە. ڕەخنە هەر سەنگەرگرتن و دژایەتیی ڕووت نییە، بەڵکو کارلێک و مامەڵە و دزەتێکردنیشە. بەشەیتانکردنى دەسەڵات (کە بەشى خۆى ڕاستیی تیایە)، بوارى مامەڵەى دیالىکتیکى ناهێڵێتەوە- ئەو کاتە نەبێت بکەرە بێگەردەکە خۆی دەکەوێتە ناو سووڕەکەوە و تێدەگات مامەڵە لەگەڵ شەیتانیش دەکرێت. دووەم، ڕۆشنبیر وەک تاک سیاسەت بکات یان نا، پێگە و پانتایی «ڕۆشنبیرى» وەک ڕووبەرێکى نەگۆڕ هەر دەمێنێتەوە.

 ڕۆشنبیربوون چارەنووسێکى جەوهەرى و ئەخلاقیى ڕووت نیە کە کەس نەتوانێت لێى دەربچێت. بەڵکوو مرۆڤ دەتوانێت شووناسى خۆى لە پانتاییەکەوە بۆ پانتاییەکى تر بگوازێتەوە. پاکانەحسێبى دواى گواستنەوەکە شتێکى ترە. داهێنانى سیاسى لە پانتایی سیاسەتدایە و داهێنانى ڕۆشنبیرانەش لە پانتایی ڕۆشنبیرییدایە.

تاکەکان دەتوانن جێى خۆیان بگۆڕن، بەڵام پانتاییەکەیان وەک خۆى دەمێنێتەوە. پانتاییەکە پتر تۆپۆلۆژیایە، واتە ڕووبەرێکە پاش گۆڕانى تاکەکانیش هەر دەمێنێتەوە.

پانتایی ڕۆشنبیرى و «فیکر»

فیکر، کرۆکى پانتایی ڕۆشنبیرییە. هەر کایەیەکى ناو ئەم پانتاییە، خۆراکى خۆى لە فیکرەوە وەردەگرێت. هەتا لاوازترین کایەکان، جۆرێک فیکرى لاواز و ڕووتەڵیان هەیە. فیکر، یان بڵێین ئایدیا، پوختە و پەستێنراوى هەموو دیاردە مرۆییەکانە. کەسێک خەریکى چالاکیی فێمیستییە یان هونەرى یاخۆ وەرگێڕان، ئەوا بەجۆرێک لە جۆرەکان دەرگیرى فیکرە. مەبەست ئەوە نییە وانەى فەلسەفە دەڵێتەوە، بەڵکوو وانەى فەلسەفەش خۆى جۆرێکە لە چالاکیی فیکرى. فیکر ناوێکە بۆ بیرکردنەوەى تیۆرى، بۆ ئەو کاتەى کە کایەکان و ژانرەکان و هتد دەگەنە خودئاگایی. بە حوکمى ئەوەى پانتایی ڕۆشنبیرى، پانتاییەکى خۆرئاواییە؛ ئەوا پێشوەختە سەرچاوەکانى فیکر لەوێوە دێن. ئێمە لە کۆنەوە بۆ نوێ، لە وردەوە بۆ درشت، لە فیکرى ڕووتەوە بۆ کەمتر ڕووت پێویستمان بە خۆرئاوایە. ئەمەش لەو پێناوەدا، لە خۆمان بچینە دەر و خۆمان بناسین. خۆناسین، واتە چوونەدەرەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو خۆ. کاتێک دەوترێت فڵان فیکرى ئەورووپى کۆن بووە، ئەم قسەیە بۆ ئێمە زۆر مایەى تێگەیشتن نییە.

«کۆن»ێکى خۆرئاوایی بۆ ئێمە کۆن نییە، چونکە بەشێکە لەو مێژووەى تر نەک مێژووى ئێمە. هەتا دواى خۆخەریککردن، گەر ڕۆژێک دەربکەوێت زۆرێکى بە دەردى ئێمە ناخوات، ئەوا خۆخەریککردنەکە هەر مەرج بووە. ئێمە بەر لە خۆخەریککردنە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ و بێ‌نێوانگر ڕەتی دەکەینەوە، بەڵام دواى خۆخەریککردنەکە دەبێتە پەیوەندییەکى نێوانگریکراو، ئەزموونى، هەڵسەنگێنراو. واتە شتێک بەکەڵک نەیەت، پێویستى بە تیاژیانە بۆ ئەوەى بزانین بەکەڵک نایەت. دەشێت «کۆن»ێکى خۆرئاوایی، بۆ ئێمە نوێ بکەوێتەوە. بمانەوێت و نەمانەوێت، مێژووى کۆمەڵگاکانى تر دواى مۆدێرنە تووشى جۆرێک لە «ناهاوکاتى» هاتوون. بۆیە مامەڵەى فیکرى بە خۆرئاواوە، هەمیشە شتێک لە متووربە، خۆسازاندن، یاخۆ دیالەکتیکى لۆکاڵ و گڵۆباڵى تیایە بە هەموو کەلێن و دوورى و لێکنەچوونەکانەوە. لە فیکرى خۆرئاوادا ڕەهەندێکى گەردوونى هەیە، کە پێشوەخت پشکى «لۆکاڵ»یشى تیایە. ئەم گواستنەوەیەش لەوێوە بۆ ئێرە، وێڕاى ڕەگەزەکانى ڕێکەوت و ناوەختێتى و هتد، بەشى خۆى هونەر و دەستڕەنگینیی دەوێت. بۆ نموونە، پێویستە پانتایی ڕۆشنبیرى تێبگات کە شتێک لەوێوە دەگاتە ئێرە، چەندە ئاوێتەى پانتاییە لۆکاڵییەکە دەبێت. چ ڕەگەزێگ هەرس دەکات و چ ڕەگەزێکیش ڕەتدەکاتەوە. یاخۆ ئەو کەوڵگۆڕین و جێگۆڕکێ و بەدحاڵیبوونانە چین درووست دەبن.

 بۆ نموونە، دەشێت بانگەشەى زانست کە خۆى خۆرئاواییە، لێرە وەک میکانیزمێک بکەوێتەوە بۆ خۆلادان بە بیرکردنەوەى فەلسەفى و ڕامان لە کێشەکانى مرۆڤ. ئەویش بەو پێیەى کە لۆکاڵ دەتوانێت ئەو شتانە گوڵبژێر بکات کە نەزم و تەنسیق و چنینە ئایدۆلۆژییەکەى خۆى تێک نادات. وەکچۆن هەر لەسەرەتاوە «سەرمایە» بەرەو هەموو جوگرافیاکان پەلیکوتا بێ ئەوەى گرنگى بەوە بدات خەڵکى شوێنانى تر چۆن بیر دەکەنەوە. ئەمە بۆ فیکر و «ئایدیا»ش هەر ڕاست‌ دەردەچێت کە بەشێوەیەکى حەتمى دێن و بڵاو دەبنەوە، بەڵام جێکەوت و جێدەستیان چییە و چۆنە؟ ئەمە یەک لە ئەرکەکانى پانتایی ڕۆشنبیرییە.

  پانتایی ڕۆشنبیرى لەم قۆناغەى ئێمەدا، تووشى دەبێت بە تووشى پرۆسەیەکى وەک وەرگێڕانەوە. مەبەستمان لە وەرگێڕان، تەنیا وەرگێڕانى کتێب نییە؛ بەڵکو ئەو ئاڵوگۆڕەیە کە دەکەوێتە نێوان «گڵۆباڵ» و «لۆکاڵ»ـەوە. لەمڕۆدا دیاردەکان بەبێ هەبوونى وەرگێڕێکى دیاریکراو، خۆیان لە هەوڵدان وەربگێڕدرێنە سەر یەکترى. مۆدێلێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى لە جێیەکى تر، فشار بۆ ئێرەش دێنێت و دەیەوێت خۆى وەرگێڕێتە سەر واقیعەکەى ئێرە.

 ئەو دیاردانەشى ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پانتایی ڕۆشنبیرییەوەیە، دیسان بە هەردوو مانا وەرگێڕانن. وەرگێڕانى دیاردە بۆ دیاردە، لەگەڵ وەرگێڕانى دەق بۆ دەق. لە یەکەمیاندا، ئێمە لەبەردەم جەبرێکى جیهانیداین کە هەموو بەش و پارچەکانى خۆى دەخاتە جۆرێک کارلێکى چاوەڕواننەکراوەوە. لە دووەمیشیاندا، کە پتر خۆویستانەیە، زمانى کوردى دەخرێتە بەرکەوتنەوە لەگەڵ زمانەکانى تر و هۆشیارییەکانى تردا. لە یەکەمیاندا، وەرگێڕان تەنیا تایبەت نییە بە پانتایی ڕۆشنبیر و لەوە تێدەپەڕێت. لە دووەمیشیاندا، پتر تایبەتە بەو پانتاییە و ناوەوەى پانتاییەکەوە.

پێدەچێت «مۆد» لە هەردوو حاڵەتەکەدا ڕوو بدات، چونکە مۆد نیشانەى هەڵاوسانە، هەڵاوسانێک لەنێوان گڵۆباڵ و لۆکاڵ، لەنێوان کاریگەریی دیاردەکە و وەرگرەکانیدا. بەڵام مۆد بەتەنیا دەرەنجام نییە، بگرە گوزارشت لە دەسپێکى نەخەمڵیوى ئاڵوگۆڕەکە دەکات.

 ئەوەى بۆ لۆکاڵ گرنگە، ڕەتکردنەوەى «مۆد» نییە، بەڵکو بردنێتى تا کۆتا سنورى لۆژیکیی خۆى. خێراکردنەوەیەتى بۆ ئەوەى ماتەوزەکەى دەربکەوێت. ئەویش لەو پێناوەدا بزانین چى لە مۆد دەمێنێتەوە و چەندى لکاوە بەم واقیعەى ئێرەوە. چونکە هەموو واقیعێکى لۆکاڵ، لەبنەوە پشکى خۆى لە مۆد دەپچڕێت.

هەتا گەر بۆ ماوەیەکى کاتییش بێت، دەست لە لۆکاڵێتیی خۆى بەردەدات و ژێستى جیهانیبوون دەنوێنێت. لە دووەمیشیاندا، کە وەرگێڕانى دەقە، ڕاستەوخۆتر بەڵام سنوردارتر مامەڵە دەکات. زمانى لۆکاڵ، لەڕێى وەرگێڕانەوە خۆى تاقی دەکاتەوە. واتە بەر لەوەى مامەڵەیەکى ئامرازى بە زمانەوە بکەین و شتى «سوودمەند»ـى پێ بگوازینەوە، زمانەکە خۆى تاقی دەکاتەوە.

 دەچێتە پرۆسەیەکى خۆناسینەوە ئاخۆ تواناکانى چەندن؟ چەندە کردەکى دەبنەوە؟ لاڵییە مێژووییەکانى لەکوێدان و چۆنچۆنى بهێنرێنە گۆ؟ لە ڕووەوە، لۆکاڵ بەراورد بە حاڵەتى پێشوو، چالاکتر خۆى دەردەخات. دەیەوێت لەڕێى زمانەوە «برین»ێک بخاتە گڵۆباڵەوە و بێتەگۆ. لەم ڕووەوە وەرگێڕان پرۆسەیەکى پاسیڤ نییە، بەڵکو پێشوەخت ئەکتیڤە. وەرگێڕان ئەودەم وەک بوونێکى پاسیڤى لێ دێت کە پانتاییە ڕۆشنبیرییەکە هەستیار نەبیت بەرانبەر بە وەرگێڕان. ئیدى لە هەڵبژاردنى وەرگێڕەوە تا دەگاتە  کاردانەوەى خوێنەر و ڕەخنەگر و نووسەر. گەر لە وردەکارییە تەکنیکییە ناوەکییەکانى وەرگێڕان بگەڕێین، دەتوانین دیسان لە ڕووکارى دەرەوەوە سەیرى وەرگێڕان بکەینەوە: وەرگێڕان جۆرێکە لە میتازمان، ئەوەى کە زمان دەچێتە پێگەیەکى ترەوە بۆ ئەوەى خۆى ببینێت. زمانى کوردى بەهۆى سیاسەتى حیزبى و میدیاییەوە، وەک زمانێکى هەژار ماوەتەوە، وەک دۆخێک کە زمان ناتوانێت هەژارییەکەى خۆى ببینێت. وەرگێڕان دەتوانێت دەرچوون بێت لەو دۆخە و پانتایی ڕۆشنبیرى فشارى خۆى بۆ سەر پانتاییەکانى تر بنێرێت.

 ئەو وەرگێڕانە تەکنیکى و بچووکەى کە لەناو میدیایەک خۆیدا ڕوو دەدات، هێشتا وەرگێڕان نییە وەک «میتازمان». هێشتا زمان بەو جۆرەى کە پێویستە، لە خۆى نەچووەتەدەر. هێشتا ئەوە ئەرکێکى بەشەکى و ناوەکیی پانتایی سیاسەت خۆیەتى. وەرگێڕان، بەتایبەت هى کارى فیکرى، ئەو «میتازمان»ـە دەگەیەنێتە دوائاستى خۆى. چونکە ئەوە لە فیکردایە کە زمان تا دواسنوور بیر لە خۆى دەکاتەوە. لە ژانرەکانى تردا، زمان گەمە بە خۆیەوە دەکات، لۆچەکانى خۆى دەکاتەوە، برینى کردەکى دەخاتە خۆیەوە و هتد. بەڵام لە فیکردا، بە شێوەیەکى ئەبستراکت بیر لە خۆى دەکاتەوە.

 کاتێک ئەم ئەرکەش ڕادەپەڕێنێت، هەموو کایە و پانتاییەکانى ترى ڕاکێشاوەتە بندەستى خۆى بۆ ئەوەى بزانێت زمان لە چ ڕەوشێکدایە.

پێداگریی لەسەر فیکر، پێداگرییە لەسەر شتێکى تر: ئێمە تا لەناو فیکردا نەژین، ناشتوانین لەناو مێژوودا بژین. دیارە مەبەستمان ئەو ڕوانگە ئایدیالیستییە نییە کە مێژوو لە فیکر و ئایدیاى ڕووت پێکهاتووە، بەڵکوو بردنى کێشە کۆنکرێتییەکانە بەناو فیکر و تیۆردا. هەر کێشەیەکى واقیعى و کۆنکرێتى تا لەناو فیکر و تیۆردا بەرهەم نەهێنرێتەوە، وەک کێشەیەکى بێ‌میدیۆم و هەژار دەمێنێتەوە. پێدەچێت هەژاریی تیۆرى، بووبێتەهۆى هەژاریی مێژوویی و جاریش هەیە هەست دەکەین سەر لە هیچ دەرناکەین و ناتوانین ناو لە شتەکان بنێنین و تووشى دۆخێک دەبین کە ڕەنگە بتوانین پێى‌بڵێین «دەروونپەشێویی مێژوویی». تەنانەت ئەم دۆخە وایکردووە زۆرجار نەزانین ئاخۆ  تەفسیرى ڕیوایی بۆ شتەکان بکەین یاخۆ هۆمەندانە؟ ئاخۆ واقیع تۆپەڵێک میتافۆرە جێى یەکتر دەگرنەوە یان ڕیزێک هۆ و ئەنجامە یەکترى دەبزوێنن؟ ئاخۆ سرووشتى کەلتوورىی و زەینیی ئێمە لە کام جۆرەیانە؟ ئاخۆ ئێمە لە بازنەیەکى داخراوداین یان لەسەر ڕاستەهێڵێک دەجووڵێین؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیارى میتۆدیی تر، بایەخى فیکر بۆ پانتایی ڕۆشنبیرى دەردەخەن. یان ڕیشەییتر: گەرەکە سەرەتا لە ئاڵۆزییەکانى خودى میتۆد تێبگەین. میتۆد بەشێکە لە خۆناسین.

 میتۆدیش شتێک نییە بە شێوەى میکانیکى لە کەلتوورێکى ترەوە بهێنرێتە ئەم کەلتوورەوە، بەڵکوو شتێکى دینامیکییە. واتە سەرەنجام چۆنیەتیی گواستنەوەى میتۆدەکە، دەبێتە بەشێک لە خودى میتۆدەکە. ئەو میدیۆم و گەیەنەرى میتۆدەکەى پیا دێت، بەشێکە لە میتۆدەکە. میتۆدیش عادەتەن گەرەکە گشتگیر بێت، تۆ بڵێ میتافیزیکى، ئەوەى کە هیچ شتێک نەمێنێتەوە نەیگرێتەوە. بەم پێیە، میتۆد داوەریی هەموو شتێک دەکات، کۆى وێنەکە شیتەڵ دەکات، و لەوەش گرنگتر ئاگاى لە کەموکورتیی خۆیەتى.

 هەموو میتۆدێک وێڕاى وێنە گشتگیرەکە، دەبێت شوێنێک بۆ کەموکورتییەکانیشى بهێڵێتەوە کە هەرگیز چارە نابێت. دەشێت ئەم نوقسانییەى ناو میتۆد، بەشێک بێت لە سرووشتى میتۆد خۆى. هۆیەکەش ئەو کەلێنەى نێوان فیکر و واقیع، میتۆد و جیهانە کە بەڕەهایی یەک ناگرنەوە. بەکورتى، فیکر ڕۆحى هەموو پانتاییەکانە و پانتایی ڕۆشنبیرییش بە پلەى یەکەم بەرپرسە لە بەرهەمهێنانى. فیکر، گەر لە پانتایی سیاسەتیشدا بەرهەم بێت، ئەوا لەناو پانتایی ڕۆشنبیرىدا کۆتایی دێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...