گۆشەی ئازد

گەر کوردەکان بدۆڕێن، هەموومان دەدۆڕێین

نووسەری پەڕتووکی 'مردن ئەڕای کۆبانێ'، پاتریس فرانچێسکیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF): 🔴جێگرەوەکانی ڕژێمی ئەسەد، زۆر ترسناکن 🔴ئۆپۆزسیۆنی دژەکورد سوپای پارە و بەکرێگیراون. 🔴پێویستە تورکیا لە ناتۆ دوور بخرێتەوە.

پاتریس فرانچێسکی

توێژەر و نوسەری فەڕەنسیی پاتریس فرانچێسکی جەختی لەوە کردەوە دیموکراسێتیی ڕۆژئاوا زۆر لاوازە و ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ کێشەیەکی گەورەیە. فرانچێسکیی وتی: “تا ئەو کاتەی تورکیا ئەندامی ناتۆ بێت، ئەوا هاوپەیمانی ئەورووپایە. بە ڕاستیی پێویستە تورکیا لە ناتۆ دوور بخرێتەوە. هیچ کارێکی تورکیا لە ئەندامبوونی ناتۆدا نییە، چونکە هەموو کار و ئامانجێکی تورکیا دژی دیموکراسیی و ڕۆژئاوا و هەموو کەسێکە. بۆیە تا کاتێک تورکیا ئەندامی ناتۆ بێت، ئەوا زۆر زەحمەتە هاوکاریی کوردان بکرێت.”

 

هەتەشە بەرنامەکانی ئەردۆغان جێبەجێ دەکات

فرانچێسکیی بە بیرهێنانەوەی دۆخی ڕووخاندنی ڕژێمی شای ئێران لە ١٩٧٩ ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە هەمان دۆخ لە سووریادا دووبارە بێتەوە، دەستنیشانی کرد ڕاستە ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد ئەرێنییە، بەڵام ئەوانەی ئەو ڕژێمەیان ڕووخاند و بوون بە جێگرەوەی، زۆر ترسناکن، بە تایبەت بۆ کورد و کەمینەکانی دیکەی سووریا.

فرانچێسکی دەستنیشانی کرد هەتەشە و تەواوی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی تریش لەلایەن تورکیاوە لە ڕووی پەروەردە و مادییەوە هاوکاری دەکرێن، هەروەها لەلایەن وڵاتی قەتەرەوە پشتگیری ماددییان دەکرێت و وتی: “ئێستا هەتەشە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەکات وا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆیان دیاریی کراوە. جۆلانی، هەتەشە و ئەردۆغان لە هەوڵی ئەوەدان ئەورووپا قایل بکەن بەوەی لە هاوکاریکردنێکی بە شکۆدان. دەبێت ئاگادار بین و بەم شتەیان فریوو نەخۆین. هەتەشە گرووپێکی ڕادیکاڵی ئیسلامییە و بۆ هەموو نەتەوەکان جێی مەترسییە. گەر فریو بخۆین و لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەنگ بدەین بە هەتەشە و لە لیستی تیرۆردا دەربهێندرێن، ئەوا باجێکی قورسی ئەو کارە دەدەین. کاتێک هاوسەنگییان بە دەست هێنا، ئەو کاتە ڕۆژەڤی ڕاستەقینەی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بە دامەزراندنی شەریعەت دەستوەردانی هەموو شتێک دەکەن. ئەمەش بۆ هەموو کەمینەکان و بە تایبەت بۆ کورد، خراپ دەشكێتەوە.”

نەرمیی و نوێگەریی لە جیهادییدا بوونی نییە

فرانچێسکیی ئاماژەی بەوەدا مەترسییەکی زۆر لەسەر ئاییندەی سووریا و جیهان هەیە و وتی: “چونکە هیچ نەرمیی و نوێگەرییەک لە ڕێکخراوە ئیسلامییەکاندا بوونی نییە. ئیسلامیستی ڕادیکاڵن، بۆیە دوژمنی ڕۆژئاوا و دیموکراسی و کورد و کەمینەکانن. بە هیچ شێوەیەک نابێت بە باش نیشان بدرێن. ئەوان ئەلقاعیدەن نەک شتێکی تر.”

ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادیی

فرانچێسکیی دیاریی کرد ئێستا لە لایکەوە هەوڵی جۆلانی و هەتەشە بۆ داگیرکردنی باشووری سووریا هەیە تا تێکەڵ بە ئێمپراتۆرێتی عوسمانیی بکات، لە لایەکی ترەوە لە دژی کوردانی باکوور و  ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرشی لە نابردن بەڕێوە دەبرێت و وتی: “دەوڵەتی تورک ئەرکی بە سوپای نەتەوەیی سووریا دا، ئێستا هێرشی سەر کوردان دەکات، منبجی داگیر کرد و گەمارۆی کۆبانێی داوە.

ئەمانە سوپای پارە و بەکرێگیراون. کەم و زۆر ئیسلامگەران. لەلایەن ئەنقەرەوە پەروەردە و بە خێو کراون. ساڵی ٢٠١٨ ئەم گرووپە لە عەفرین پاکتاوی ئەتنیکییان ئەنجام دا. هەروەها بۆ پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکان نێردراونە قەرەقۆزاق. لەمڕۆشدا ئەوەندەی لە دەستییان بێت دەیانەوێت کوردان لە باکووری سووریا لەناوبەرن. هەموو ئەمانە بەشێکن لە خواست و ئاواتی ئەردۆغان. دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم نیازانە تێبگات، ئەویش بۆ ئەوەی کۆبانێ و ڕەقە لەلایەن ئەم گرووپەوە داگیر نەکرێت و بەردەوامیی بە پشتگیرییەکانی بە کوردان بدات.”

کۆبانێ سیمبوڵە، گەر بکەوێت، دەبێتە کەوتنی هەموومان

فرانچێسکیی لە بەردەوامییدا ئاماژەی بە سەرکەوتنی بەرخۆدانی مێژووی کۆبانێ کرد لە دژی داعش و بە سیمبوڵێکی گرنگی نرخاند و وتی: “گەر دۆستە کوردەکانمان تەنها بهێڵینەوە و جێیان بهێڵین بۆ چەتەکانی تورکیا  و کۆبانێیان دەست بکەوێت، ئەو کاتە ئەمە بە واتای کۆتایی جیهان دێت. بە دەربڕینێکی تر، بەرانبەر تیرۆر و تۆتالیتاریزمی تورک، ئەمە دەبێتە کۆتایی ئازادی ڕۆژئاوا. بۆ ئەوەی تورک شاری سیمبوڵیی کۆبانێ داگیر نەکەن، پێویستە هێزە نێونەتەوەییەکانی وەک ئەمریکا، فەڕەنسا هەنگاو بگرنە بەر.

بە داخەوە دیموکراسێتیی ڕۆژئاوا زۆر لاوازە و ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ کێشەیەکی گەورەیە. تا ئەو کاتەی تورکیا ئەندامی ناتۆ بێت، هاوپەیمانی ئەورووپایە. بە ڕاستیی پێویستە تورکیا لە ناتۆ دوور بخرێتەوە. هیچ کارێکی تورکیا لە ئەندامبوونی ناتۆدا نییە، چونکە هەموو کار و ئامانجێکی تورکیا دژی دیموکراسیی و ڕۆژئاوا و هەموو کەسێکە. بۆیە تا تورکیا ئەندامی ناتۆ بێت، زۆر زەحمەتە هاوکاریی کوردان بکرێت. هەموو شتێک ئاڵۆز بووە.”

مۆدێلی ڕۆژئاوا مۆدێلی دیموکراسییە

لە بەردەوامییدا فرانچێسکیی ئاماژەی بە مۆدێلی ڕۆژئاوا کرد لە پەرەدان بە دیموکراسیی، ئازادی ژنان و هتد… جەختی لەوە کردەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شێوەی تورکیا، ئوردن، ئێراق و سووریا ئەم ئازادیخوازییەی مۆدێلی ڕۆژئاوا وەک مەترسییەک لەسەر دەسەڵاتخوازیی خۆیان دەبینن، بۆیە بە هەموو شێوەیەک دژی وەستاونەتەوە.

ناچارین پشتگیریی کوردان بکەین

لە کۆتاییدا فرانچێسکیی وەبیری هێنایەوە کە گرتنی کەمپی ڕۆژ و هۆڵ لەلایەن گرووپە جیهادییەکانەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەمووان و ئەمەی وت، “زیاتر لە ٥٠ هەزار جیهادیی و خێزانەکانیان لەم کەمپانەدا ڕاگیراون. ئەم کەمپانە لە ڕۆژئاوا وەک بۆمبێک وایە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و دیموکراسییەکەیان.

هیوادارم وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا ئەم کێشەیە ببینن و ڕێگریی لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەمپانە لەلایەن تورک و هاوپەیمانە ئیسلامیەکانیانەوە بکەن. ئەو شتانەی ئێستا ڕوو دەدەن، زۆر جددین و هەموو شتێک ڕووبەڕووی مەترسیی بووەتەوە. بەداخەوە بەهۆی پرۆسەی گواستنەوەی نێوان ترەمپ و بایدن نادڵنیایی لە ئەمریکا هەیە. هیوادارم پێش ٢٠ـی کانوونی دووەم بڕیاری درووست بدەن و پشتیوانی تەواو لە کورد بکەین.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەمە بێژم؛ دنیای ئازاد واتا وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەڵام لە هەمان کاتدا کورد و وڵاتانی دیکە، دەبێ بزانن ئەوەی لە باکووری سووریا دەگوزەرێت، گرنگییەکی باڵکێشی بۆ ئازادیی هەموو جیهان هەیە. پێویستە لە ئێستاوە و بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی و پاڵپشتیمان بۆ کورد هەبێت، ئەگەرنا هەموو جیهان لەبەردەم مەترسیی داڕماندایە.”

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...