تێناردییه‌كانت له بیره؟
ده‌سه‌ڵات له كوردستان، له ئێسته‌دا خۆی به‌شێكه له‌م نموونه‌یه، كه‌سانێك كه ده‌بنه شه‌ریكی شكسته‌كانی خۆیان و به هه‌ڕاجی نیشتمانی خۆیان ده‌بن به پاشماوه‌خۆری داگیركه‌ران

مەنسوور تەیفووری
چه‌نده كاری سیاسه‌ت درووستكردنی متمانه‌ی سووژه‌كان به خۆیان و به یه‌كتر بێت، متمانه به توانای یه‌كسانه‌كان كاتێ به پێی بنچینه‌ی توانای هاوبه‌ش ده‌جووڵێنه‌وه و ده‌خولقێنن؛ ئه‌وه‌نده‌ش كاری پۆلیس بڵاوكردنه‌وه‌ی بێ متمانه‌یی و ته‌نینی فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تییه به درۆ. به‌م مانایه چیدی ئێمه له‌به‌رده‌م جۆرێك له شه‌ڕڕداین كه سه‌رچاوه‌كه‌ی دیار نییه. ڕه‌نگه دۆن كیشۆت یه‌كه‌م كه‌س بێت كه خۆشاردنه‌وه‌ی شه‌ڕڕی ناسیبێته‌وه زانیبێتی كه گرانه بزانیت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م وێنه تازه‌یه‌دا ڕمه‌كه‌ت له كوێ بده‌یت، به‌ڵام ئه‌وه‌شی ده‌زانی كه چیدی شه‌ڕر بنه‌مایه‌كی ماددی و هه‌یه و ده‌كرێ له هه‌موو لایه‌كیش بێت. به‌ڵام ڕه‌نگه كافكا یه‌كه‌م كه‌س بێت ئه‌مه‌ی به وشیارییه‌وه وێنه كێشابێت، كاتێ ده‌زانێ شه‌ڕڕ چۆن ده‌توانێ له پشته‌وه‌ی ده‌زگاندا خۆی بشارێته‌وه و له‌رێگه‌ی ده‌زگاییبوونه‌وه‌وه ببێت به‌شێكی هه‌میشه‌یی به‌ڵام نادیار له شته‌كان و له كاروبار، دنیایه‌ك تێیدا هه‌ر وه‌ك ڕۆمانی دادگایی هه‌ر كه‌س ببێته داگایه‌كی گه‌ڕۆك، كه‌چی ته‌نیا جێگه‌یه‌ك كه دیار نه‌بێت ئه‌وه‌یه كه چۆن ده‌توانی به‌ره‌نگاری ئه‌م دادگاییه گه‌ڕۆكه و ئه‌م نه‌زمه پۆلیسییه نادیاره ببیته‌وه. هاوكاتی ئه‌وه‌ی كه دنیای كافكا چه‌نده باسی ده‌زگاییبوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و خۆشاردنه‌وه‌ی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش باسی دۆخی كۆمیكی خودی دادگایه، كه له دواییدا كارمه‌نده‌كانی نه‌ك زیره‌ك به‌ڵكوو ته‌وه‌زه‌ل و گێل دیارن.
رۆمانی هه‌ژارانی ڤیكتۆر هووگۆ، جگه له توانای له وێنه‌كشانی كۆمه‌ڵگای فه‌ڕه‌نسی له سه‌رده‌مێكی شۆڕشگێڕانه‌ی پاش شۆڕشی ١٨٣٢ دا و نیشاندانی به‌ریه‌ككه‌وتنی چین و هێزه جیاوازه‌كان، سه‌ره‌تایه‌كه له سه‌ره‌تاكانی وێنه‌كێشانی ده‌ركه‌وتنی بوونه‌وه‌رێكی نوێ و ده‌زگاییبوونه‌وه‌یه‌ی شه‌ڕڕ له دنیای مۆدێرندا. بۆ ڤیكتۆر هووگۆ ئه‌م مه‌خلووقه نهێنیی و ژێره‌وانكێیه بریتییه له بنه‌ماڵه‌یه‌ك، كه شان به‌شانی هه‌موو ڕۆمانه‌كه و هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كان ئاماده‌ن و وه‌ك تارماییه‌ك له هه‌موو جێگه‌یه‌ك خه‌ریكی گۆڕینی به‌ها، چاكه، لێبوردن و به‌خشنده‌یی و له دواییدا شۆڕشن بۆ كاروكاسبی.
هووگۆ سه‌باره‌ت به‌م بوونه‌وه‌ره نوێیه ده‌ڵێ: «ئه‌م بوونه‌وه‌ره سه‌ر به‌و چینه زۆڵه‌یه كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كه‌سانی بچووكی پێگه‌ییشتوو و خه‌ڵكانی له باری وشیارییه‌وه شكست خواردوو، شوێنه‌كه‌ی جێگه‌یه‌كه له نێوان چینی نێوه‌ڕاست و چینی خواره‌وه‌دا، تێكه‌ڵه‌یه‌ك له هه‌ندێ نوقسانی ده‌سته‌ی دووهه‌م و هه‌موو فێڵه‌كانی ده‌سته‌ی یه‌كه‌م، به بێ ئه‌وه‌ی نه لێهاتوویی كرێكارانی هه‌بێت و نه نه‌زمی ڕاستگۆیانه‌ی بورژوایی. ئه‌مانه له‌و جۆره سرووشته بچووكانه بوون كه، ئه‌گه‌ر به ڕێكه‌وت هه‌ندێ گڕی تاریك گه‌رمیان بكاته‌وه، به ئاسانی ده‌بن به شتی دێ‌و و درنجئاسا. له ناخی ژنه‌دا پیاوێكی شه‌ڕاشۆ نووستبوو و له پیاوه‌كه‌شدا تانوپۆی ده‌ستبڕێك. هه‌ردووكیان له‌و چه‌شنه‌یان تێدابوو كه ده‌توانێ تا ئه‌وپه‌ڕی خراپه پێشبكه‌وێت. ڕۆحی وه‌ها هه‌ن كه وه‌ك قرژانگ هه‌ر به‌ره‌و تاریكایی ده‌چن، به‌ره‌و دواوه (…) ئه‌م ژن و پیاوه له‌و جۆره رۆحانه بوون»
وه‌ك ڕه‌چه‌له‌ك ئه‌م بوونه‌وه‌ره نوێیه ڕه‌چه‌ڵه‌كی نییه، كه‌چی له هه‌موو جه‌نگه‌كاندا له‌وێیه، به‌ڵام نه‌ك بۆ جه‌نگان بۆ به‌هایه‌ك. دیدارێكی گرنگی هووگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م بوونه‌وه‌ره له مه‌یدانی شه‌ڕی واتێرلۆیه كه تێیدا له‌شكری ناپلیۆن شكاوه. نووسه‌ر له‌و لای شكان و پاشه‌كشێوه، پاش كێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه و ئاماژه بۆ به‌یانیی پاش شه‌ڕ، كاتی ئه‌مان وه‌ك كاتی دوایی دیاریی ده‌كات: «یه‌كێك له شته قڕێژه هه‌ره‌سه‌یره‌كانی شه‌ڕ په‌لاماری ڕووتكردنه‌وه‌ی مردووه‌كانه پاش سه‌ركه‌وتن. ئه‌و به‌یانییه‌ی پاش شه‌ڕ دێت هه‌میشه به‌سه‌ر ته‌رمی ڕووتدا هه‌ڵدێت»، ئه‌گه‌رچی ڤۆلتێر لای وایه كه خوێنخۆره‌كانی شه‌و هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه ڕۆژ نه‌كه‌وتوون و به پێوه ماون، به‌ڵام بۆ هووگۆ وه‌ها نییه و «هه‌موو له‌شكرێك كلكێكی وه‌های هه‌یه و ئه‌مه‌یه ئه‌و شته‌ی كه ده‌بێ مه‌حكووم بكرێت». دیمه‌نی شه‌وه‌كه به ورده‌كاریی وه‌ك تریفه‌ی مانگ، تاریكایی، لقه داری شكاو، كۆمای ته‌رمه‌كان، سێبه‌ر و ڕووناكیی به وردی باس ده‌كرێت و نووسه‌ر زه‌مینه ئاماده ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ كه‌سه‌كه‌ی بهێنێته سه‌ر شانۆ، هاوكاتی ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مانه له دواییدا هی هیچ لایه‌نێك نین، به‌ڵكوو به خزی ده‌گۆڕێن و له هه‌ر جێگه‌یه‌ك به ڕه‌نگێكن:
«نزیكی نیوه‌شه‌و، پیاوێك مڵ و مۆی بوو، یان بڵێین زیاتر سینگه خشكێی بوو […]. به ئاشكرا، ئه‌مه یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی باسمان كردن، نه ئینگلیز و نه فه‌ره‌نسی، نه وه‌رزێر و نه سه‌ربازن، كه‌متر مرۆ و زیاتر درنجن. بۆنی ته‌رم ڕایكێشاوه، سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنی دزییه، هاتووه بۆ چه‌پاو له واتێرلۆ.» ئه‌م كه‌سه ته‌نیا نییه، له‌ولای دیمه‌نه‌كه‌وه، فۆرغونێك هه‌یه و تێیدا ژنێك له‌سه‌ر هه‌ندێ سندووق و هه‌ندێ پاكه‌ت دانیشتووه، وه‌ك هووگۆ ده‌ڵێ « له‌وانه‌یه ئه‌م ژنه له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌دا پێوه‌ندییه‌كی هه‌بێت».
ئه‌م پیاوه، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نگوستیله‌ی ته‌رمێك ده‌دزێت، له پڕ هه‌ست به ته‌رمێكی دیكه له‌و لای كۆمای ته‌رمه‌كانه‌وه ده‌كات. ئه‌مه‌یان ته‌رمی ئه‌فسه‌رێكه. ڕوخساری خۆڵاوی و خوێناوییه. له‌سه‌ر سینگی خاچێكی زیوینی نیشانی ئازایه‌تیی هه‌یه. پیاوه‌كه خاچه‌كه‌ی لێ داده‌ماڵێت، گیرفانی به‌رباخه‌ڵی ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌گه‌ڕێ و كاتژمێرێكی گیرفانیی تێدا ده‌دزۆێته‌وه. پاشان گیرفانی ئێله‌كه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێ و كیسه‌ی پاره‌كه‌ی ده‌دۆزێته‌وه. به‌ڵام هووگۆ ماویه‌تی و نایه‌وێت به سانایی واز له‌و دیمه‌نه بهێنێت و له‌وێ ده‌وه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ببینێت و وێنه‌كه روونتر بكاته‌وه، چونكوو دواتر پێویستی به‌م دیمه‌نه‌یه. ته‌وسه‌كه‌ی هووگۆ لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه هه‌میشه هه‌بوون و كلكی هه‌موو شه‌ڕه‌كانن، به‌ڵام له سه‌رده‌می نوێ‌دا ته‌نیا له دووره‌وه و له پشته‌وه ناوه‌ستن، ئێسته ده‌توانن به هۆی ده‌زگاكانه‌وه خۆیان بگۆڕن و خۆیان بشارنه‌وه: له‌و كاته‌دا شڕه‌خۆره‌كه خه‌ریكی «یارمه‌تیدانی» ته‌رمه‌كه بوو، له‌پڕ «ئه‌فسه‌ره‌كه چاوی كرده‌وه و سپاسی كرد». ئه‌فسه‌ره‌كه به زه‌حمه‌ت ده‌پرسێ «كێ شه‌ڕه‌كه‌ی برده‌وه؟» وه‌ڵام ئه‌وه‌یه «ئینگلیزه‌كان.» ئه‌فسه‌ره‌كه داوا ده‌كات كه كابرا گیرفانی بگه‌ڕێت و پاره‌دان و سه‌عاته‌كه‌ی ببات بۆ ئه‌وه‌وی ده‌ستی ئینگلیسیه‌كان نه‌كه‌وێت. كابرا ده‌ست ده‌بات و ده‌ڵێ كه شته‌كان «دزراون». ئێسته وه‌ختی خۆگۆڕینێكی دیكه‌ی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌یه و هووگۆ جارێ به نیاز نییه وازی لێ بهێنێت. ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌پرسێت تۆ كێیت و وه‌ڵامه‌كه ئه‌مه‌یه: «منیش وه‌ك ئێوه له نێو له‌شكری فه‌ره‌نسادا بووم. ده‌بێ به جێتان بهێڵم. ئه‌گه‌ر بمگرن تیربارانم ده‌كه‌ن. من ژیانتانم ڕزگار كرد. ئێسته خۆتان له‌م شوێنه دوور بخه‌نه‌وه.» ئه‌فسه‌ره‌كه له پله‌ی ده‌پرسێت و كابراش ده‌ڵێ «سێرجێنت تێناردییه». ئه‌وه‌ی دواتر ده‌بێته ناوی میوانخانه‌ی كابرا و ژنه‌كه‌ی. ته‌وسێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كابرا خه‌ڵاتی ئازایه‌تیش وه‌رده‌گرێت، خۆیشی ده‌وره‌كه‌ی خۆی به جددی ده‌گرێت و لای وایه به ڕاستی شیاوی ئه‌و خه‌ڵاته‌یه. ترسه‌نۆك و شڕه‌خۆرێك، كه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ شه‌ڕێكی كردبێت خۆی ده‌كات به «نه‌به‌ز» و قاره‌مان. به‌ڵام هووگۆ نیشان ده‌دات كه ئه‌م بوونه‌وه‌ره و گۆڕانكارییه‌كانی و پله‌سه‌ربازییه‌كه‌ی، چه‌نده و چۆن زاده‌ی به‌دحاڵیبوونه، ئه‌و زاده‌ی هه‌ڵه‌تێگه‌ییشتنێك و هی كاتی دوای شه‌ڕه، به بێ ئازایه‌تیی جه‌نگاوره‌ان ئه‌و ته‌نیا به هه‌ڵه ده‌بێت به هه‌ڵگری نیشان. هووگۆ دیسان له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سایه‌تییه ده‌ڕوات. ئه‌و ئێتسه میوانخانه‌یه‌كی كردوه‌ته‌وه خۆی به ڕزگاربوویش ده‌زانێت، به‌مه‌شه‌وه شانازیی ده‌كات، وه‌ك حه‌وارییه‌كی مه‌سیحی خۆیشی پیشان ده‌دات. ئه‌مه ڕه‌نگه سه‌ره‌تایه‌كیش بێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی هووگۆ بۆ ده‌ركه‌وتنی یاریی «خێرخوازیی» و كێشانه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م جۆره له ئه‌ده‌بدا، ئه‌مانه‌ی كه له مردووه‌كان ده‌دزن و به‌شێكی وه‌ك خێر ده‌ده‌ن به زیندووه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار له چۆنیه‌تیی و هۆی بوون و ده‌وڵه‌مه‌ندییان، له بانك و كۆمپانیاكانیان نه‌كرێت. ئه‌مه سه‌ره‌تای گۆڕینی چاریتی و به‌خشینه بۆ كاروكاسبییه‌ك كه هیچ شتێكی له هاوسۆزیی یان مه‌عنه‌وییه‌ت تێدا نییه، جگه له درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری سوودی زیاتر.
تێناردییه، كه خه‌ریكی ڕووتكردنه‌وه‌ی گیرفانی سه‌ربازه مردووه‌كان بووه، به به‌دحاڵیبوونێك بوه‌ته قاره‌مان. ئه‌مه سه‌ره‌تای ئاشناییشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه چۆن شۆڕش له‌گه‌ڵ خۆی، توانای خۆگۆڕین به‌م بوونه‌وه‌ره‌ش ده‌دات. به‌ڵام چیرۆكه‌كه ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌تی و هووگۆ له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی مێژووی بنه‌ماڵه‌ی تێناردییه‌وه مێژووی پارازیت و لاخۆره‌كانی شۆڕشیش ده‌گێڕێته‌وه، مێژووی ئه‌گه‌ری ئاماده‌یی تێناردییه‌كان له هه‌ر شوێنێك و له فۆرمی جیاوازدا و سرووشتی بگۆڕی خۆگونجێنیان له‌گه‌ڵ به‌رژوه‌ندیدا.
چیرۆكی ناسراوتر چیرۆكی میوانخانه‌كه‌یه. به‌ڵام هووگۆ یارییه‌كی دیكه‌یشی هه‌یه. به‌رده‌وامیی چیرۆكه‌كه به‌كارهێنانی كچێكه به ناوی كۆزێت كه پێیان ده‌سپێردرێت و چیرۆكی چه‌وساندنه‌وه‌ی، كه نموونه‌ی توانای ئه‌مانه بۆ گۆڕینی ده‌ور و ده‌موچاویان. ئه‌مان له چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و كچه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن، دواتر ده‌گه‌ن به فرۆشتنی كه‌سه‌كان به پۆلیس و له دواییدا تێناردییه به پاره‌ی به‌رتیل ده‌چێت و له ئا‌مریكا ده‌بێته بازرگانی كۆیله. ئه‌م ڕه‌وته، بۆ هووگۆ له چركه‌ی كڕین و فرۆشتن به هه‌مان كچۆڵه‌وه و هه‌وڵ بۆ ده‌رهێنانی بڕی زیاتری پاره له چه‌وساندنه‌وه‌ی دایكی كچه‌كه‌وه ده‌ست پێده‌كات. تا ئاستی بردنی بۆ فرۆشتنی ددان و قژ و له‌شی، بۆ دابین كردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه «به‌خشنده‌كان» داوای ده‌كه‌ن. هووگۆ لێره‌وه دیسان ناكۆكییه‌كی دیكه‌ی هه‌ناوی بانگی ئه‌خلاقیی-ئایینی ئه‌م بوونه‌وه نوێیه ئاشكرا ده‌كات.
سه‌فه‌ری دواتری بنه‌ماڵه‌ی تێناردییه‌كان بۆ پاریسه. به كارهێنانی خودی كچانی بنه‌ماڵه‌كه بۆ دابینكردنی زیاتری هێز و هتد به‌شێكی دیكه‌ی ڕامانه‌كه‌ی هووگۆیه. لێره ئیتر ده‌وره‌كه ده‌بێ به ته‌واوه‌تیی بگێڕدرێت، له‌و شوێنه‌ی تێناردییه‌ی باوك كه ناوی بنه‌ماڵه‌كه‌ی گۆڕیوه بۆ «جه‌ندرێت» له‌گه‌ڵ پۆلیس و له‌گه‌ل داروده‌سته‌كانیش تێكه‌ڵ ده‌بێت. ئه‌و به‌ڵام هاوكات كارێكی دیكه‌شی هه‌یه: فرۆشتنه‌وه‌ی نهێنیی. ئه‌مه ده‌ورێكی نوێ و كاڵایه‌كی نوێییه كه جۆرێك به‌رهه‌می دنیای مۆدێرنه. ئه‌و نیشان ده‌دات چۆن ده‌توانێ به نهێنی فرۆشتن، به هه‌واڵگریی كاڵایه‌كی هه‌بێت بۆ فرۆشتن.
له‌وێ دیسان له دوو به‌ره‌وه خه‌ریكی پێوه‌ندیی ده‌بن، له به‌ره‌یه‌كه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن پۆلیس بۆ خۆیان به كار بهێنن و له به‌ره‌یه‌كی دیكه‌وه له‌گه‌ڵ خوێڕییه‌كاندان. دیمه‌نی سه‌رنجڕاكێش و ره‌به‌ق ئه‌و كاته‌یه كه دوای شه‌ڕی سه‌نگه‌ره‌كان، تێناردییه له‌گه‌ڵ چه‌ند شه‌قاوه‌یه‌ك درگای ڕێڕه‌وی ئاو له والژان داده‌خه‌ن كه ته‌رمی ماركووسی به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه و ته‌نیا به مه‌رجی ڕووتكردنه‌وه‌ی گیرفانی ده‌هێڵن بڕوات. ئه‌مه نهێنیی ئه‌م مه‌خلووقه تازه‌یه‌ی هووگۆیه، ئه‌و كه له هه‌موو شوێنێكه و ده‌توانێ شۆڕش بكات به كاڵا.
شهووده‌كه‌ی هووگۆ هاتوه‌ته دی، به‌ڵام به جۆرێكی زۆر ئاڵۆزتر و، شه‌ڕ نهێنی و ده‌زگایی بوه‌ته‌وه. ئێسته بنه‌ماڵه‌ی تێناردییه ته‌نیا نموونه‌یه‌كی ساكاره له دۆخێكی كه هه‌یه، ئێسته ته‌نانه‌ت تێناردییه‌كان به‌شێكن له‌و شته‌ی كه پێی ده‌ترێت ئابووریی سیاسیی جه‌نگ، داروده‌سته‌یه‌ك كه وه‌ك ئازارێك ده‌توانن له ناخه‌وه هه‌ر شۆڕشێك كرمۆڵ بكه‌ن و بیكه‌ن به په‌چه‌یه‌ك بۆ خۆشاردنه‌وه. ئه‌وان له كوردستانیش ده‌توانن ببن و هه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌یه كه هه‌میشه پێویستی به ناسینه‌وه و له‌سه‌ر ڕۆشتن هه‌یه.
له سه‌رده‌می ئێمه‌دا چیدی بوونی ئه‌و جۆره بنه‌ماڵانه و نموونه‌ی وه‌ها كه‌سایه‌تییه‌ك هێند ئاسایی بووه‌ته‌وه و گۆڕاوه بۆ به‌شێكی رۆژانه‌ی ژیان، كه چیدی ته‌نانه‌ت نایانبینین. مادام له بڕوایه‌كی ئایدۆلۆژیكی نهیلیستییانه‌دا هاوڕاییه‌ك هه‌یه كه سیاسه‌ت له دواییدا هیچ نییه جگه له فرۆشرانی دواتر و هونه‌ر هه‌ر ڕۆژێك بێت ته‌سلیمی بانگه‌شه ده‌بێ، چیدی بوونی ئه‌م بوونه‌وه‌رانه‌ش ئاسایی بوه‌ته‌وه و ناشبینرێن. له ئێسته‌دا چیدی تێناردییه‌كان ته‌نیا بریتی نین له بنه‌ماڵه‌یه‌ك ، به‌ڵكوو تێناردییه‌كان له هه‌موو بوارێكدا ده‌توانن خۆیان ته‌رجه‌مه بكه‌ین، ده‌توانن ژوونالیست یان گۆرانبێژ یان ئه‌ستێره، پاڵه‌وانی درۆیین و هتد بن، كه‌سانێك كه نوێنه‌رایه‌تی سه‌ركه‌وتن بكه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ماندوویه‌تی، لێهاتوویی، شاره‌زایی یان به‌هره‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌لپه‌رستی به هونه‌ر دانه‌نرێت.
ده‌سه‌ڵات له كوردستان، له ئێسته‌دا خۆی به‌شێكه له‌م نموونه‌یه، كه‌سانێك كه ده‌بنه شه‌ریكی شكسته‌كانی خۆیان و به هه‌ڕاجی نیشتمانی خۆیان ده‌بن به پاشماوه‌خۆری داگیركه‌ران، هاوكاتی ئه‌وه‌ش كه له‌گه‌ڵ خۆیاندا له‌شكرێكی ژێره‌وانكێ درووست ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ری هه‌ر سیاسه‌تێك مه‌حاڵ بكات، له‌شكرێك له راپۆرتنووس به ده‌موچاوی جیاوازه‌وه كه كاره‌كه‌ی نه‌هێشینی ئه‌و شته‌یه كه سیاسه‌ت مومكین ده‌كات.