گۆڕینی دیموگرافی و کاریگەری لەسەر ژینگەو تەندروستی

عادل عوسمان
گۆڕینی دیموگرافی واتە کۆچ پێکردن و بەزۆرەملی دەرکردنی خەڵکی خۆجێی لەشوێن و زێدی خۆی و بەجێکردنی خەڵکی دەرەوەی جوگرافیای گۆڕاوو بۆ هێنراو. گۆڕینی دیموگرافی تەنیا ڕاگواستن، دەرکردن، داگیرکاری و هەڵکەندنی خەڵکی خۆجێی ناوچەیەک نیە، کاریگەریەکانی لەسەر ژینگە، تەندروستی، جینات و ئیکۆلۆژی بەفراوانی هەیە. سەرەڕای ئەوەی خەڵکی بۆ هێنراویش هەمان کاریگەری خەڵکی دەرکراو کارتێکەری لێ دەکات. گۆڕینی دیموگرافی تەنیا زوڵمی دەرکردنی نەتەوەیەک، ئایین و پێکهاتەیەکی جیاواز نیە!. بەڵکو دەستێوەردانی ژینگەی ژیانی بونەوەرە جیاوازەکان و پەیوەندیەکانیەتی بە سروشت، خاک، داروبەردو ئەو کلتورە ڕۆحی و جەسەدیەی کەهەموو بونەوەرەکان پێکەوە هەیانە. لەبەر ئەوەیە گۆڕینی دیموگرافی دەستێوەردانێکی کوشندەی ژینگەیی، سروشتی، گەردونیە. کە تاوانەکەی بەخشین هەڵناگرێت، بەڵکو لێپرسینەوەو بەدواداچون و چارەسەری ڕیشەیی دەخوازێت.
کاتێک دەڵێین ژینگە واتە ئەو دەوروبەرەی کە مرۆڤ و هەموو بونەوەرەکان لەپەیوەندیەکی ژینگەیی و پێکەوەییدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم پەیوەندی و پێکەوەبەستنە، تەنیا مرۆڤ بەشوێنی نیشتەجێبونەوە نیە، ئەگەر لێرەش نەبوو ئەوا لەشوێنێکیتر ئاساییە. لەڕاستیدا ئەو پەیوەندیە پەیوەندیەکی ڕۆحی، ماددی، جینەتیکی، ژینگەیی، تەندروستی، دەرونی و یەکتر ناس و یەکتر تەواو کەرە. دابڕانی هەریەکێک لەم توخمانە بۆشاییەک لە بوون و پەیوەندیە سروشتیەکەدا دروست دەکات، کەدەبێتەو هۆکاری دەیان نەخۆشی و بەڵا.
زۆری نەخۆشیە تەندروستی، دەرونی، ڕۆحیەکان هۆکاری ئەو دابڕان و تێکدانی پەیوەندی جینەتیکی و ئیکۆلۆژیەیە. ئیکۆلۆژیا، پەیوەندی سروشتی، ژینگەیی و جینەتیکی مرۆڤ و بونەکان و خاک و سروشتە. ئەو سروشتە لەخۆیەوە دروست نەبوە، لەدایک بوون و زایەند، بەرهەمی پێکەوەیی تێکەڵبون و خوڵقاندنە. ئەو پەیوەندیەی لە جیناتی مرۆڤ و خاک و خۆڵ و دەرودەشت و دارو دەوەن و گژوگیادا دروست دەبێت، دەبێت بپارێزێت. تێکدانی ئەو پەیوەندیە خەتای گەورەو ناڕەوایە.
کاتێک مرۆڤ، یان ئاژەڵ، یان ڕووەک و دارودرەخت، لەژینگەکەی هەڵدەکەنرێت، تەنانەت بەخواستی خۆیشی، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ژینگەکۆنەکەی و سەردانێک دەکات، ئەوە دێنێتە زمان، کە ئەمڕۆو بەم سەردانە چەندە ئاسودەیە! هۆکارەکەی بۆ ئەو پەیوەندیە ژینگەیی ـ جینەتیکیە دەگەڕێتەوە. لەوانەیە لای هەندێک ئەوە بابەتی گاڵتە پێکردن بێت، کاتێک باسی پەیوەندی ژینگەیی و سیستەمەکەی دەکرێت و بڵێن خۆ ئاژەڵ، گژوو گیاو دارو دروخت، خاک و بەرد بیرناکەتەوە و تێناگات. بەڵام زانست زیندویەتی ئەموو ئەوانەی نیشانداوەو پەیوەندیەکەشی لەگەڵ یەکتر شیکردوەتەوە. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری قازانج لەبری ڕێزداری بەرامبەر بە شیکردنەوەو تێگەیشتنە زانستیەکان. دێت و لەپێناوی دەسکەوت و قازانجدا دەستێوەردان دەکات و ئەو پەیوەندیانە تێک دەدات. زۆربونی شێرپەنجەو نەخۆشیە کوشندەکان، هۆکاری تێکدانی ئەو پەیوەندیە ئیکۆلۆژیەی نێوان مرۆڤ و ژینگەکەیەتی. لەم ڕۆژانەدا چاوم بەڕاپۆرتێکی بەریتانی کەوت، کەباسی کۆچی چەند هەزاری ڤایرۆسەکانی دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا. ئەوە نیشانەی ئەو دەستێوەردانە کوشندەی سیستەمە داگیرکەرەکانە بۆ ژینگەی ڤایرۆسەکان.
ئەو هەموو شەڕو تاقیکردنەوەی بۆمبە ئەتۆمی و کیمیاوی و قەدەغانەی لەم ناوچەیەدا بەکاردەهێنرێت و لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەموو کۆچ و دابڕان و ئاوارەبوون و گۆڕینی دیموگرافیانە کاریگەری قورس و ڕوخێنەرو تێکدەری لەگەڵ خۆیدا هێناوەو پێویستی بەچارەسەری و تێگەیشتن لە ئیکۆسیستەمی ژیان و ژینگە هەیەو پێویستە بە کەمی نەگرین و بۆچارەسەری لە گۆڕەپانی بەرەنگاربونەوەی تەماعکاری سیستەمی سەرمایەو چاوچنۆکی و داگیرکاریەکانی بەهەڵوێست و لەمەیدان و ڕێگربین.
سەرمایەداری و بەتایبەت مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری جیهانی بەهۆی چاوتێبڕین و دەستێوەردانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکان و دابەشکردنی کوردستان بەسەریاندا، بەشێوەیەکی کوشندە لەسەر سیاسەتی کوشتارو پاکتاوو ملپێکەچکردن و کۆچ و گۆڕینی دیموگرافی کاری خراپ و تێکدەرانە دەکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیان کردوەتە گۆڕەپانی شەڕو کوشتارو تاقیکردنەوەی چەکە کۆکوژو پێشکەوتوە ئەتۆمی و نانۆییەکانیان. بەوە زیانێکی گەورەیان بەژینگەو سروشتی ناوچەکەو بەتایبەت کوردستان و هێڵی زاگرۆس ـ میزۆپۆتامیا گەیاندوە. ئەو دوو ناوچەیەکی کەپڕ دەوڵەمەندی هەمەجۆری کلتوری، نەتەوەیی، ئابوری، وزە، خاک، ئاوو سروشتی و ژینگەییە کەوتوەتە بەر پەلامارێکی هۆڤانەی وێرانکەرەوە، کە پێویست دەکات، مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، پێکهاتەو نەتەوەکانی ئەم جوگرافیایە لەڕێگەی دیموکراتیزەبون و ناسینی جیاوازیەکانی ئەم ناوچەیەو ڕێزداری بۆ ژینگەو پەیوەندیەکانی بکەونە پاراستن و هەوڵی ڕاگرتنی ئەو دەستێوەردانە وێرانکەرانە.
بڵاو کردنەوەی هوشیاری ژینگەیی وئیکۆلۆژی وەک سەرچاوەی ناسین و پەیوەندی ئیکۆسیستەمی گەردونی و مرۆڤیش وەک دانەیەک لەبونەکانی ناوی، دەتوانێت ڕێگربێت لەتێکدان و مافی دەستێوەردانی مرۆڤ بۆ سروشت و ژینگە وەک خاوەن ماف و ڕەوایەتی. شەڕ لەگەڵ ڕێکخستن و کۆڕوکۆمەڵە ساختە ژینگەییەکان ئەرکێکی گرنگ و لەپێشە. دارو درەخت ڕواندن ئەو ڕێگەیە نیە، هەرچەندە باشە، کە ژینگەی پێ بپارێزرێت، ئەوە ساختەچێتی و کەمکردنەوەو هێنانە خوارەوەی ئاستی تێگەیشتنی ژینگەیی و پەیوەندیەکانی گەردونیە کەسەرمایەداری مرۆڤەکانی پێ گێژ دەکات.
ڕێگری لە پیشەسازیگەرایی قازانج پەرست، تەماعکاری و وێرانکردنی سروشت، گونجاوترین هوشیاری و تێکۆشانێکە کەمرۆڤ بۆ پارێزگاری و پاراستنی خۆی و ژینگەو سروشتەکەی ئاراستە دەکات. کاتێک مرۆڤی قازانجپەرست هێندە چاوچنۆک و تەماعکار نەبوو، هێرشی سەر ژینگەو دەوروبەرەکەشی ناکات و لەبری ئەوەی زانست بۆ پێشخستنی توانای دەستبەسەرداگرتن و قازانج بەکاربێنێت، بۆ خزمەتی باشترکردنی ژیان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیە تێکدراوەکان و خزمەت بەیەکتر کردن و پێکەوەیی بەکاری دێنێت. ڕێکخستنەوەی ئیکۆسیستەمی گەردونی پەیوەندی بە هوشیاری تێکۆشانی ئازادی و ئەو لێدانە کوشندەیە هەیە کە لە ژینگە، ژن و کۆمەڵگەدراوە.