گۆشەی ئازد

کەرکووک؛ لە گێژاوی دەوڵەت–نەتەوەوە بۆ ئاسۆی چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک

ئەگەر دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی دادپەروەریی گەلانی کەرکووک نەکەن بە بنەمای سەرەکیی سیاسەتی نەتەوەییان، ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا کورد وەک کەمینەیەکی شارەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

عەلی ئەحمەد

 

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨، ئینجا شکست و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانیی، نەخشەی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن بەریتانیاوە دادەڕێژرێت و بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی نەتەوە، ئایین، مەزهەب، پێکهاتە، ئیتنیک،  کولتوور و دیرۆکی خۆیان چەندین دەوڵەت لەسەر بنەمای تاکە نەتەوەیەک دادەمەزرێنێت. بەم شێوەیە بەریتانیا بەبێ ڕەچاوکردنی گەلی کورد دەوڵەت-نەتەوەی عێراقی عەرەبیی لە ساڵی ١٩٢١ دادەمەزرێنێت و ولایەتی موسڵ (واتە لیواکانی موسڵ، کەرکووک، سلێمانی و هەولێر) یان (باشوری کوردستان)، کە تا ئەو دەمە لەناو چوارچێوەی قەڵەمڕەویی عوسمانییەکاندا بوو، بە دەوڵەتی عێراقەوە دەلکێنێت. بەو پێیەی دەوڵەتیش ڕێسا و یاسا بۆ چوارچێوەی سنووری دیاریکراوی خۆی دادەڕێژێت، ڕەچاوی تایبەتمەندیی و جیاوازیی نەتەوە و پێکهاتەکانی ناکات و دەیانخاتە ناو یەک ئامانجەوە، ئەویش سەروەری و بەرژەوەندیی دەوڵەتە. لێرەوە کێشەی کەرکووک بە مانا مۆدێرنەکەی سەرهەڵدەدات. سیاسەتی بەعەرەبکردنی شاری کەرکووک و دەوروبەری بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو بە سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەی عێراقی عەرەبییەوە گرێدراوە، واتە پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و دەوروبەری لە سەردەمی مۆدێرندا بە دەوڵەتی عێراقەوە دەست پێ دەکات. دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیەش بە فۆرم و ناوی جیاوازی سیاسیی هەتا ئێستا بەردەوامە.

 

بەعەرەبکردنی کەرکووک لە ماوەی حکومڕانیی پاشایەتییدا

دۆزینەوەی نەوتێکی زۆر لە کەرکووک و دەوروبەری دەبێت بە هۆکار و سەرەتای سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆرینی دیمۆگرافیای ئەم ناوچەیە. وا دەردەکەوێت ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان لە گۆڕانی سیاسەتی بەریتانیی لەمەڕ پرسی کورد. هەر بۆیە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٧ ئینگلیزەکان و حکومەتی عیراق دەستیان کرد بە هەڵکەندنی چاڵی نەوت، هاوکات بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەی شارەکەوە دەستیان کرد بە درووستکردنی خانووی نیشتەجێبوون بۆ ئەو بێگانە و عەرەبانەی کە لە کۆمپانیای نەوتدا کاریان دەکرد. لێرەوە لە ماوەیەکی کەمدا گەڕەکی نیمچە سەربەخۆ لەناو گەڕەکە کۆنەکانی کەرکووکدا پەیدا بوون، کە ئەمەش بووە هۆی سەرەتای گۆڕانێکی گەورە لە باری کۆمەڵایەتیی و ئیتنیکی شارەکەدا.

حکومەتی عێراق بەمەوە نەوەستا، بەڵکو هەر لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٣٠ـەوە بە ناوی کشتوکاڵکردنەوە دەستی کرد بە نیشتەجێکردنی هەندێک خێڵی عەرەب، وەک عەشیرەتەکانی “ئەلعوبێد” و “ئەلجبور” لە گوندەکانی دەشتی حەویجە کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای کەرکووکەوە. ئەمەش بە قۆناغی یەکەمی سیاسەتی بەعەرەبکردن  و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و دەوروبەری دادەنرێت.

ئەم پرۆسەیە لە ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بەردەوام دەبێت، وەک چۆن عەشیرەتی “ئەلبوولحەمدان” بە ناوی کشتوکاڵەوە لە ناوچەی زێی بچووک و شاڕێی نێوان حەویجە و کەرکووک نیشتەجێ دەکرێن و دەیان گوندیان بۆ درووست دەکەن کە ڕووبەڕەکەیان دەگاتە ١٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیی. جگە لەمانەش دەیان گوندی هاوشێوە لە سنوورەکانی پارێزگای کەرکووک بونیات دەنرێن. کاریگەریی ئەم سیاسەتەش لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ـدا دەردەکەوێت  کە بە بەراورد لەگەڵ سەرژمێری ساڵی ١٩٢٥ـدا ژمارەی دانیشتووانی کورد بە ڕێژەی ٣٪ کەمی کرد.

 

کەرکووک لە ماوەی حکومڕانیی بەعسدا

کودەتاچییە بەعسییەکان لە شوباتی ١٩٦٣ دێنە ناو دەسەڵات و بە کردەنیی لە ساڵی ١٩٦٨  دەسەڵات دەگرنە دەست و تا کۆتایی تەمەنی دەسەڵاتەکەیان (واتە تا ساڵی ٢٠٠٣)  سڵ لە هیچ یاسا و ڕێسایەک ناکەنەوە و بەوپەڕی هێزی دەوڵەتی فاشیستی عەرەبەوە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و دەوروبەریان دا.

بەعسییەکان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی شاری کەرکووک و چاڵە نەوتەکان، دەستیان کرد بە ڕووخاندنی هەزاران خانووی کوردانی گەڕەکەکانی شۆریجە و ئازادیی شارەکە.

هەروەها دەیان گوندی کوردەکانیان لە نزیکی چاڵە نەوتەکانی کەرکووک ڕووخاند. دانیشتووانی هەموو گوندەکانی دوروبەری شارۆچکەی دووبزیان ناچار بە کۆچکردن کرد و عەشایەری عەرەبیان لە جێیان نیشتەجێ کرد.

 هاوکات زۆربەی کرێکارانی کورد لە کۆمپانیای نەوت دەردەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە. جگە لە سیاسەتی کۆچپێکردنی زۆرەملێ لە دژی کوردان، ناوی قوتابخانە، گەڕەک، بازاڕ و شەقامەکانی کەرکووکیش دەگۆڕن بۆ ناوی عەرەبیی.

لە دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ـەوە، دەستیان کرد بە گواستنەوەی هەموو فەرمانبەرە کوردەکانی بەرێوەبەرایەتی (سجلی مەدەنی)ـی کەرکووک و فەرمانبەری بەعسی عەرەبیان هێنایە شوێنیان، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارەزووی خۆیان دەستکاریی تۆماری دانیشتووانی شاری کەرکووک بکەن.

لە ساڵی ١٩٧٢ـدا ڕژێمی بەعس کەوتە هاندان و یارمەتیدانی سەرۆکخێڵ و عەشایەری عەرەب بۆ ئەوەی زەوی و موڵکی جووتیارە کوردەکانی دەوروبەری شاری کەرکووک بکڕن، لە هەمان کاتیشدا جووتیارە کوردەکان ناچار دەکەن زەوی و موڵکەکانی خۆیان بە عەرەبەکان بفرۆشن.

لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٢-١٩٧٣ـدا ڕژێمی بەعس نزیکەی ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی لە نزیک گەڕەکی “کەڕامە” درووست دەکەن و ناوی لێ نا گەڕەکی “ئەلموسەننا”.

کاتێکیش پرۆژەکانی کبریت و کۆکاکۆلاش لە کەرکووک درووست کران، کرێکار و فەرمانبەری عەرەبیان بۆ هێنان و کوردەکان فەرمۆش کران. بۆ ئەوەی ڕێژەی عەرەبیش لە شارەکەدا زیاد بکەن، هەر یەکێک لەو کرێکار و فەرمانبەرە عەرەبانە دەفتەر نفووسی ساڵی ١٩٥٧ـیان بۆ درووست کردن، گوایە لە کۆنەوە دانیشتووانی ڕەسەنی شاری کەرکووکن.

لە ساڵی ١٩٧٩دا نزیکەی ٢٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە (کەرکووکی نوێ/عەرەفە) لە لایەن کۆمپانیای حکومییەوە و نزیکەی ٤٠٠٠ یەکەی دیکەش لە لایەن کۆمپانیای بیانییەوە درووست کران.

حکومەت لە ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٢دا ٢٠٠ پارچە عەرزی نیشتەجێبوونی لە نزیک ڕێگەی کەرکووک-سلێمانی بەسەر (شەهیدانی قادسیەی سەدام) دابەش کرد.

ڕژێمی بەعس دەیان هەزار خانوو و شووقە و دەیان گەڕەکی گەورە و بچووک بۆ عەرەبە هاوردەکانی لە کەرکووک درووست کرد و کردیانی بە دانیشتووی ڕەسەنی شارەکە، لەوانە: (حەی حەجاج)، (حەی عرووبە)، (حەی وەحدە)، (حەی حورییە)، (حەی قوتەیبە)، (حەی شورتە)، (حەی کەڕامە)، (حەی بەعس)، (حەی ئیشتراکیەت)، (حەی غەرناتە)، (حەی تسعین)، (حەی حەجاج) …هتد. ئەم پرۆسەیەش تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراقیی لە ٢٠٠٣ـدا بەردەوام دەبێت. لە دوای ئەوەشەوە زیادبوونی ژمارەی هاووڵاتیانی عەرەب لە شارەکەدا تا ئێستا بە شێوەیەکی میکانیکیی بەردەوام دەبێت.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٢١-١٩٢٢ی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک ١٠٨ هەزار و ٧٥٠ کەس بووە. لە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی دانیشتووانی کەرکوووک ٢٨٣ هەزار و لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە بۆ  ٣٨٨ هەزار زیادی کردووە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، واتە ژمارەکە ٥٠٠% زیادی کردووە، ئەمەش زیادبوونێکی ناسرووشتیی میکانیکییە. جێی باسە لە سەرژمێرییەکانی پێشتر کەلار، کفری و چەمچەماڵ لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە لیوای ئەوکاتی کەرکووک بوون، بەڵام لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٤دا ئەو قەزایانە لە چوارچێوەی ئیدارەی کەرکووکدا سەرژمێریی نەکران. لە ساڵی ١٩٧٦ـدا قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ لە کەرکووک دابڕێنران بە سلێمانیەوە لکێنران و قەزای خورماتوو بە پارێزگای سەڵاحەدینەوە و شارۆچکەی کفریش بە پارێزگاری دیالەوە لکێنران.

 

ماوەی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس

ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانییەکانییەوە ڕووخێنرا. بە سەرۆكایەتی پۆڵ بریمەر ئەنجوومەنێكی حكوم دامەزرا. پاشان ساڵی (٢٠٠٤- ٢٠٠٥) حكومەتێكی گواستراوە بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری لە عێراق دامەزرا، مادەی ٥٨ی یاسای بەڕێوبردنی حكومەتەكە باس لە چارەسەرکردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان دەکات و دەڵێت: حكومەتی گواستراوە و دەستەی بڵندی ناكۆكی، كە تایبەتە بە كێشەی خاوەندارێتی و بابەتی پەیوەندیدار بە خاوەندارێتی، كار دەكەن بۆ ئەوەی ستەمی ڕژێمی پێشووی  لەسەر ئەو هاوڵاتیانە بڕەوێننەوە  وا بەزۆر ڕاگوێزراون و لە شوێنی خۆیان دەركراون و موڵك و ماڵیان داگیركراوە.

ساڵی ٢٠٠٥ لە تەواوی عێراقدا ڕاپرسی لەسەر ڕەشنووسی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەنجام درا و بە زۆرینەی دەنگ سەرکەوتنی بەدەست هێنا. مادەی (٥٨)ی یاسای بەڕێوەبردنی کاتی دەوڵەت گوێزرایەوە بۆ یەکێک لە مادەکانی دەستوور لە ژێر ناوی مادی (١٤٠). مادەی (١٤٠) بە ئاشکرا باسی چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی چارەنووسیان دەکات، ئەویش بە سێ قۆناغ: “ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی، ڕاپرسی”. کۆتا وادەش بۆ جێبەجێکردن (٣١/١٢/٢٠٠٧)ـە.

مادەی ١٤٠ داوای ڕاپرسی دەکات، بەڵام دیاری ناکات کێ مافی دەنگدانی هەیە، داوای گەڕاندنەوەی سنوورە ئیدارییەکانی پێش ساڵی ١٩٧٥ دەکات لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام هیچ میکانیزمێک دیاری نەکراوە بۆ ئەنجامدانی، لە ئەنجامدا و دوای نزیکەی ١٨ ساڵ لە دەنگدان بە دەستووری نوێی عێراق، مادەی ١٤٠ هەر وەک خۆی ماوەتەوە و کاری پێ ناکرێت. بە پێچەوانەوە لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە چەندین هێزی شۆڤێنیی عەرەبیی و داگیرکەری دەرەکیی هەوڵیانداوە لە ژێر ناو و ڕووخساری جیاوازدا کە نەک هەر کورد لە مافەکانی خۆی بێبەش بکەن، بەڵکو هەبوونی لەو شوێنانە بسڕنەوە و سیاسەتی بەعرەبکردن پەرە پێ بدەن و زیاتر ناسنامەی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان بشێوێنن.

 

کەرکووک پاش ڕیفراندۆمەکەی بارزانیی

پرۆسەی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک و دەوروبەری بە بەرنامەوە دوای ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی ماڵباتی بارزانی لە ساڵی ٢٠١٧ـدا چڕتر بووە، کە بە سەرپەرشتی ڕاکان جبووری پارێزگاری پێشووی کەرکووک حەوت گەڕەکی نوێ بۆ عەرەبەکان لە کەرکووک درووستکراون و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار عەرەب هێنراونەتە شارەکە. بەپێی  ئامارێکی کۆمپانیای خۆراکی کەرکووک، سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەو ساڵەدا زیاتر لە ٣٩ هەزار کەس لە ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک زیادیکردووە، کە زۆرینەیان لە شارۆچکەی حەویجە نیشتەجێ کراون و سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەبن. لە ناوەندی شاری کەرکووکدا ٣٠٩٠ کەس لە ژمارەی دانیشتووان زیادیکردووە، کە ئەوەش ژمارەیەکی نائاساییە بۆ گەشەی دانیشتووان لەو پارێزگایەدا. لە بەرانبەریشدا ڕێژەی کورد کەمی کردووە و ژمارەیەکی زۆر ڕوویان لە شارەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم کردووە. زۆربوونی ڕێژەی دەنگدەری عەرەب لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک  لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ سەلمێنەری ئەو ڕاستییە مەترسیدارەیە کە سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری بە چڕی بەردەوامە.

 

 ئەنجام

پرسی کەرکووک بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی و  ئیتنیکییەوە پرسێکی ئاڵۆزە. لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی عێراقی عەرەبییەوە لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە بەردەوام لەژێر پرۆسەی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیادایە و  هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستوەردانیان تێدا کردووە، لە لایەکەوە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و حکومەتە جیاوازەکانی عێراق، لە لایەکی دیکەوە پێکهاتەکانیان دژی یەکتر هانداوە. یەکێک لەو هێزانەی  کە ناخوازێت کەرکووک و دەوروبەری لە دۆخی ئارامییدا بێت، پەدەکەیە. ئەم پارتە بە ڕووکەش لە ئاستی ڕاگەیاندندا درووشمی کوردایەتی و دەوڵەتی کوردستانی بەرزکردووەتەوە، بەڵام زۆرینەی گەل لە کەرکووک پێیان وایە ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە تەواوی کوردستان و کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی بۆ بەرژەوەندیی بنەماڵەی بارزانی بەکار بێنێت. ڕوونە کە لەناو سیاسەتی بنەماڵەی بارزانیدا گرێیەکی  قووڵیی دیرۆکیی لەمەڕ شاری کەرکووک هەیە کە هەموو پێکهاتەکانی، بە تایبەت کورد، هەرگیز پەسەندیان نەکردووە. پەدەکە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ـەوە هاوپەیمانی ستراتیژیی لەگەڵ شۆڤێنیی عەرەب و فاشیزمی تورک مۆر کردووە و بۆ پرسی کەرکووک یەک سیاسەتیان هەیە، ئەویش ئەوەیە هەر هێزێکی کوردیی نەچێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە، ئەوا پەدەکە ئاژاوگێڕیی لەو شارەدا بکات و کورد پەرتەوازە بکات و دەستی بە پۆستی پارێزگاری کەرکووک نەگات، ناکۆکییەکانی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە قووڵتر بکاتەوە و ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی تا زیهنییەتی عەرەبی شۆڤێنیی و فاشیزمی تورکی لە کەرکووک باڵا دەست بن.

ئەگەر دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی دادپەروەریی گەلانی کەرکووک نەکەن بە بنەمای سەرەکیی سیاسەتی نەتەوەییان، ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا کورد وەک کەمینەیەکی شارەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

وەک  لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، پرسی شاری کەرکووک و دەوروبەری دەرئەنجامی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی عێراقی عەرەبییە و قۆناغی هەڵکشانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە کە بەریتانیا بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەخشەکەی بە هەڵواسراویی و  لەناو ململانێدا داڕشتووە. بەهۆی دەسەڵاتخوازیی و هێز و لایەنە سیاسییەکان نەتوانراوە چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ کێشە سیاسیی و نەتەوەییەکانی کەرکووک بدۆزرێتەوە. ئەوەی کێشەی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان چارەسەر دەکات، بەر لەوەی کە پێکهێنانی ماددەی ١٤٠ بێت، پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانیی دیموکراتیکە کە کەلتووری پێکەوەژیانی گەلان بکات بە بنەما بۆ ئەوەی هەموو  پێکهاتەکان ئازادانە گوزارشت لە ناسنامە و هەبوونی خۆیان بکەن و بەشداری ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردندا بکەن. ئەمەش تەنیا بە مۆدێل و زیهنییەتی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەدی دێت و ڕێگە لە دەسەڵاتخوازیی و  دەستوەردانی هێزە هەژموونخوازە دەرەکییەکانی دەگرێت.

 

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فورات

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.