کۆڵۆنیاڵیزم و خشۆکەکانی مۆریس ئێشەر
دروستکردنی هێزی بەرگریی تایبەت بە ژنان لە ڕۆژئاڤا، زۆر گرنگە. یەکینەکانی پاراستنی ژن-YPJ لە چوارچێوەی ڕێکخستنی ژناندا، بۆ پاراستنی ژیان و شکۆی خۆیان لە ئۆرگانە فەرمییەکاندا بەشدارن. فیگوری ژنی تێکۆشەری کورد لە ڕۆژئاڤادا توانی ڕوخساری ڕاستەقینە و مرۆڤانەی ژن پیشانی جیهان بدات.

دەنیز چیا
بە وردبوونەوە لەو دۆخە خەمناکەی هەمیشە کوردستانی لێ ژیاوە، بۆمان دەردەکەوێت؛ هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشە تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، قەیرانی کەسێتییە. نەبوونی میتۆدێکی زانستیی یەکدەست و تۆکمە، پێواژۆی شیکردنەوەی کەسایەتیی فرە ئاڵۆسکاندووە و شێوازی هەڵسوکەوتنی تا ڕادەیەک لە ڕاستیی ترازاندووە. ئەو قەیران و گێژاوەی لەلایەن سیستەمە داگیرکەرەکانەوە دەسەپێنرێت، دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی واقعی ساختە و کەسێتییەکی هەمیشە سەرگەردانی نێو ئەم سیستمە ساختەیە. کورد لەم گۆڕەپانە ساختەیەدا هەمیشە وەک “نەبوو” دەژی و شکانێکی تایبەت دەشکێت. خەیاڵپڵاویی ئەم کەسایەتییە کوردییە، “خشۆکەکانی مۆریس ئێشەر”ـمان وەبیر دەهێنێتەوە، کە فۆڕم و ناوەڕۆکەکەیان لە واتا پووچەڵە.
کەسایەتیی شکاوی کورد، بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو، هەمیشە لە دۆخێکی چەقبەستوو و سواو و لە پەراوێزی گێڕانەوە گەورە و بچووکە فیکریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ڕەگەزییەکاندا ژیاوە و نەیتوانیوە وەک گێڕەرەوەیەک ڕۆڵ وازیی بکات. هەژاریی لە لێکدانەوەی دەروونیی، بووەتە هۆی ئەوەی هەمیشە لە ڕوانگەی ئەوانی ترەوە خۆی بپشکنێت، جا کەسایەتیی کورد لە قۆناغی ئاوێنەییشدا تووشی جۆرە داڕمانێکی دووقات بووەتەوە. ئەو ئاوێنەیەی کورد خۆی تێدا دەبینێتەوە، شکستۆک و لێڵە، هەر بۆیە کورد لە دۆخێکی ناڕوون و تەڵخدا دەژی.
ئەو بێسەروبەرییە کۆمەڵایەتییەی وەک دەرهاویشتەی باڵادەستی وەهمیی سیستەمە داگیرکەرەکانی سەر ڕاسەری کۆمەڵگەی کوردستان پەرەی پێ دەدرا، ئەم کەسایەتییەی لە کاکڵەی خۆی داماڵی. خوورافەپەرەستیی و قەدەرگەرایی بووە هۆی نەزۆکیی سیاسیی کەسایەتیی کورد و ئەوی وەرگەڕاندە سەر کەسێک، کە هەموو شتێک دەخاتە ئەستۆی کەسانی تر، تەنانەت “وەسی”ـیان بۆ دانا. نەزانیی هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینە و زانستی تێدا نەبوو، لێ بووە هێمایەک تا کورد لە گوتاری زانستیی بێبەش و بناژۆخواز بێت، بۆیە دەبێت هەمیشە کەسێک ئاگاداری بێت. بینینی کەسێتیی کورد وەک منداڵ، بەرهەمی کۆڵۆنیاڵیزمە. ڕوانگەی زاڵ پێی وایە کەسایەتیی کورد هەرگیز گەورە نابێت و وەک منداڵێکی ساوا، توانای بەڕێوەبردنی سامان و ماڵی خۆی نییە. فیقهی کلاسیکی ئیسلامیی لەسەر بنەمای کەلامی ئەشعەریی بنیاد نراوە و کاریگەرییەکی زۆری لە تەشەنەسەندنی ئەم پڕۆسەیەدا هەیە. درووستکردنی ژیانێکی پڕ لە کۆتوبەند، کە تاک لە دۆخی هۆشیارییەکی ساختەدا سنووردار دەکات، بووە هۆی تەشەنەسەندنی لەخۆترسان، کەسایەتیی کورد هەمیشە دڵەڕاوکێ و ترسی هەیە نەوەک لە دادگای سزادا، دادگایی بکرێت. فیقهی ئیسلامیی جۆرێکە لە ڕێنمایی بۆ ژیانی چاکەکارانە، وەک “دال”ــێکی گەورە لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینە بەتاڵە، ئەمە سێبەرێکی سەنگینی خستووەتە سەر کەسایەتیی کورد و ڕەهەندە نیشانەناسییەکانی لە هەر “مەدلوول”ـێک بێبەشن، ئەمەذ کوردی لە هێما و واتا داماڵیوە.
سەرپاکی بابەتەکانی سەرەوە سەبارەت بە قەیرانی کەسایەتیی کورد، بۆ ژنانی کوردیش ڕاستن و تەنانەت زیاتریش. ژنی کورد بە جۆرێک لە گوتاری کوردیدا نائامادەیە کە کەسایەتییەکەی لە تەمومژێکی ناڕووندایە و لێکۆڵینەوە لەسەری هەروا ئاسان نییە. مێژووی کوردستان مێژووی نکۆڵیی و سڕینەوەی ژنە و بکەری ئەم کارەش پیاوی کوردە، هۆکارەکەشی زهنییەتی باڵادەست و داگیرکەرە سیاسی و ئایینییەکانن. دەوڵەت وەک فۆرمێکی حاکمییەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئایین، لە سۆنگەی دابونەریت ڕسکاندنی زهنیی و فیکریی خۆیەوە، چیرۆکی ژنی بەپێی ویستی خۆی داڕشتووە. پیاوی دەسەڵاتدار لە سەرووی هەڕەمی فەرمانڕەواو و لە سۆنگەی دژەژنێتیەوە هەوڵ دەدات ژن بۆ پەراوێز ڕاماڵێ و لە ژنێتیی بیشواتەوە.
دۆخی ئاڵۆزی ژن لە کوردستان، خاوەنی چوارچێوەیەکی “ئینتەرسێکشناڵیتی” (لێکئاڵاویی)ـیە و بابەتەکانی وەک چینی کۆمەڵایەتیی، تایبەتمەندیی ڕەگەزیی، ئایین، جوگرافیا و تەمەن، جۆرێک تێکەڵاویی هۆکارییان درووست کردووە. هەموو ئەم بابەتانە لە داڕشتنی کەسایەتیی ژنی کورددا ڕۆڵ وازیی دەکەن و هەرکام بەپێی پێویستیی خۆیان کاریگەرن. کوردبوون لە ڕووی یاساییەوە وەک تاوان تەماشا دەکرێت، گەر ژنیش بێت، ئەوا دەبێتە تابۆ و کوفری ئاشکرا و کەس بوونی ئەو پەسەند ناکات. ژنی کورد بێبەها کراوە و ئیرادەی بەتاڵان براوە. ڕاستینەی بوونی ئەویش، جۆرێک لە پێواریی بوونناسییە و ڕەگەکەی لە زمان، سیاسەت و کەلتووردایە.
ناسیۆنالیزمی کوردیش بەرهەمی زهنییەتی پیاوسالارانەیە، پێناسەکردنەوەیەکی هەڵەی ناسنامەیە و دەستوپەنجە لەگەڵ نائومێدیی و گەڕەلاژە نەرم دەکات. ئەم گوتارە لە هەوڵی پێشێلی ئەخلاقییاتدایە، بە فێڵ و تەڵەکەبازی هەموو ئازار و زەحمەتیی ژنی کورد تاڵان دەکات و ژن وەک پاشماوەی ڕەگەزیی پێناسە دەکات. ئەو ژنەی دەکەوێتە داوی ئەم نایەکسانییە ناسنامەییەوە، لە ڕەسەنایەتیی خۆی دەترازێت و وێنایەکی شێواو دەگرێت. لەم ناهەمووارییە فیکرییەدا، بە دەرکەوتنی بیری ئاپۆیی، بابەتی کەسایەتیی کورد و ژن بە شێوەی زانستیی شیتەڵ کرا. ڕێبەر ئاپۆ بە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانەی مێژوو، سەرپاکی گرێکوێرەکانی دەستنیشان کرد و گشتێکی تۆکمەی ئەم دۆخەی نەخشاند. ئەو ئەزموونەی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ کە لە قووڵایی قەیرانەکاندا هەمیشە یاخییانە خوازیاری گۆڕانکارییە، وەک ڕێنوێنیی سەرەکیی ڕۆڵی گێڕاوە.
درووستکردنی کەشێکی کراوەی سیاسی بۆ شیکردنەوە، زەمینەخۆشکردن بۆ خۆپێگەیاندن، ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن، پەروەردەی زانستیی و دواجار بەخشینی دەستپێشخەریی بە ژنان، بووە هۆی ئەوەی کەسایەتییەک لە کوردستان بیچم بگرێت، کە لەگەڵ توخمە بوونناسییەکانی ڕزگاریی، سەرپاک گونجاو و تەریب بێت. ژنان ئامانجی خۆیان هەڵێنجا، کە ئەویش خۆڕاپسکاندنە لە زهنییەتی کۆنەپەرەستیی. ژنان گشت ‘تیۆرییەکانی ڕزگاری’ـیان لەسەر هەموو ئاستەکان پەلکێشی گۆڕەپانی پراکتیک کرد. بەشداریی چالاکانە و ئازاد لە چیا ئازادەکان، ئەویش لەو دۆخە سەختانەدا، ئیرادەی ئەوانی نیشان دا کە ژنان بکەری ڕاستەقینەی خواست و تواناکانی خۆیانن. ژنان بە تێپەڕاندنی هەلومەرجی پێشوو، مێژووی تاریکیان تێپەڕاند و بوونە پێشەنگی ڕاپەڕینی ڕزگاریی گەلان.
ئامادەیی فیگۆری وەک گوڵناز کاراتاش، زەینەب کناجی و ساکینە جانسز، تیۆریی پێشەنگایەتیی ژنانی تۆکمە کرد و ئەم شەهیدانە هەرکام هێڵی ڕێکخستنی خۆیان درووست کرد، ئەمەش لە مێژووی کوردستاندا بێوێنەیە. ڕاستینەی بوونی ژنان ئەمجارە سەرتاپێ ڕاستەقینەیە. پێوەرە ڕاستەقینەکانی بەدیهاتنی ژیانی ئازاد دۆزرانەوە و پێشکەش کران، لەسەر ئەو بنەمایە، هێزی ژنان خۆی ڕێک خست. ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی ژن بە بە پێشینەی ئازادیی کۆمەڵگە هەژمار دەکات، ئەویش لەبەر ئەوەی ژن خاوەنی ڕەسەنایەتیی ئیستاتیکیی، ئەخلاقیات، جوانیی و ئیرادەی دۆزینەوە و داهێنانە. ژن چیتر ئۆبژەیەکی ناشیرین نییە، بەڵکوو نموونەی سەرەکیی و شامژاری فەلسەفەییە.
لەم بەستێنەدا ڕۆژئاوای کوردستان بایەخێکی مەزنی هەیە. ژنانی ئەم هەرێمانە بە نزیکەیی لە گشت بوارەکاندا بەشداریی بەرچاویان هەیە. سیاسەت، دبلۆماسیی، هونەر، پەروەردە و هێزی سەربازیی، مەیدانی ئامادەبوونی ژنانە و لەم بوارانەدا ژنان توانیویانە هێڵی تایبەت بە خۆیان درووست بکەن. ژنانی ڕۆژئاڤا بە پێداگریی لەسەر دیموکراسیی و ئازادیی، بۆ هەر مۆدێلێکی زاڵی ئەم گوتارانە، ئەلتەرناتیڤیان پێشکەش کردووە و کردەییان کردووەتەوە. ئیتر ژن نەک بوونەوەرێکی پلەدوو نییە، بەڵکوو هاووڵاتییەکی ئازادە و خاوەنی ناسنامەی خۆیەتی. ژنانی ڕۆژئاڤا لە سۆنگەی گۆڕینی بنەڕەتیی نەریتە چەوتە کوردییەکانەوە، خۆیان لە کۆتی پیاوسالاریی و ڕوانگەی زاڵ ڕزگار کرد، هەروەتر هەمیشە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پیاوسالاریی چێژگەرا کەرتوپەرت بکەن. ڕۆژئاڤا نموونەی باڵکێشی گوتاری ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ـە. ڕاستییەکەی ئەمە پارادایمی بنەڕەتیی گۆڕانکاریی بوو لەو زهنییەتەی ژنی بۆ پەراوێز دادەکشاند و ڕۆح و هەستەکانی زیندەبەچاڵ دەکرد.
ژنانی ڕۆژئاڤا ئیتر لە کونجی تەنیاییدا قەتیس نەماون، بەڵکوو لە نێو کۆمەڵگەدا ئامادەن. ئەوان لە ئەکادیمیا، یاریگا، سینەما، ڕیزەکانی شەڕڤانان، مۆسیقا و سیاسەتدا هەڵوێستی خۆیان نواند و بۆ یەکەمجار ژن بوو بە خاوەنی چیرۆکی خۆی. ئەو نموونەیەی لە ڕۆژئاڤادا هەیە، نموونەیەکی باڵای بەرخوەدان و دەستێوەردان و دەروازەیەکی متمانەپێکراوە بۆ لێکدانەوەی فەلسەفیی ژنێتیی. ژنانی ڕۆژئاڤا لە سۆنگەی جەستەناسییەوە، خۆیان لە فێتێشیزمی سەرمایەداریی ڕزگار کرد و جەستەیان لە کۆت و بەندی باو ڕاپسکاند. جەستە-بوون وەک پایەی سەرەکیی بوون، وەک ئەلتەرناتیڤی جەستەبێزیی ئاسایی، کە سەرمایەداری چەوتەکەڵکی لێ وەردەگرێت، پێشکەشی هەموو ژنانی جیهان کرد. سەرچاوەی سەرپاکی ئەم گۆڕانکارییان و ژنۆلۆژییە و ئەمەش جیهانبینیی ڕیشەیی ژنانی ڕۆژئاڤا پێک دەهێنێت.
ژنانی ڕۆژئاڤا دەستیان بە ڕێکخستنی ژنان کرد و لە شار و دێ کردەییان کردەوە. ئەم ڕێکخستنە تەنیا پراکتیکێکی حزبیی نییە، بەڵکوو ڕەگەکەی لە ژنۆلۆژیدایە و بەرنامەی ماوەدرێژ دادەڕێژێت. ژنان کۆمۆنی تایبەت بە خۆیان درووست کرد و دەستیان بە پێکهێنانی کۆم و کۆمۆن کرد. ژنی ڕێکخراو لە ڕێی بەڕێوەبردنی هەست و سۆزی خۆیەوە، لایەنی زانستیی خۆی بەهێز دەکات و پەرە بە توانای ئەقڵانیی خۆی دەدات، نموونەی باڵای ئەو ئەقڵانییەتەش لە ڕۆژئاڤادا بە ڕوونیی دەبینرێت.
دروستکردنی هێزی بەرگریی تایبەت بە ژنان لە ڕۆژئاڤا، زۆر گرنگە. یەکینەکانی پاراستنی ژن-YPJ لە چوارچێوەی ڕێکخستنی ژناندا، بۆ پاراستنی ژیان و شکۆی خۆیان لە ئۆرگانە فەرمییەکاندا بەشدارن. فیگوری ژنی تێکۆشەری کورد لە ڕۆژئاڤادا توانی ڕوخساری ڕاستەقینە و مرۆڤانەی ژن پیشانی جیهان بدات. ژنی کورد توانی زهنییەتی داعشی سەرتاپێ دژەژن و بوونی ژن، تێک بشکێنێت و ئاڵا ڕەشەکەی داگرێت. ژنانی کورد بە ڕۆحی گەنجانە و شادمانیی خۆیان دژی پیریسالاریی و تیرۆریزم، بەرگرییەکی گیانبازانەیان نیشان دا. ئەم بەرگرییە ڕەگەکەی لە باوەڕبەخۆبوون و خۆپێگەیاندنی زهنییەتی ڕۆژئاڤادا بوو. ژنان لە گۆڕەپانەکانی جەنگی دژواردا توانیان تواناکانی ژنانەی خۆیان بە ئاڕاستەی ڕاماڵینی ستەم و زۆرداریی گەشە پێ بدەن. ڕاستییەکەی ژنانی ڕۆژئاڤا خواوەندە ئاپۆییەکانن و ئافرێنەری جوانیی و ڕەسەنایەتیین. ئەوان بوونەوەرێکن و لە نێو ژیاندا وەک سیمفۆنیایەکی ئاشقانە، زایەڵەی ئازادیی دەچڕن. ئەو ژنەی تا دوێنێ لەژێر کۆت و دەسەڵاتی پیاودا بوو، هەنووکە هەوڵ دەدات پیاویش لە کۆتی زهنییەتی خوێنڕێژیی و دژەژیان ڕزگار بکات. ژنانی ڕۆژئاڤا ناوەندی گەشە و ئەڤینن و هەرگیز بەکرێگیراوانی سەلەفیی و تورکیی ناتوانن ئەوان بسڕنەوە.



