ڕاپۆرت

کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیی لە نیپاڵ

"کاتێک دەربارەی سەربردەکانمان لە نیپاڵ دەنووسیت، ئاگاداربە کە وەک ڕێبەری گەشتیاری نەخوێنرێتەوە"

کوینسی سۆڵ – ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤

وەرگێڕان: ئێڤار چیا

“کاتێک دەربارەی سەربردەکانمان لە نیپاڵ دەنووسیت، ئاگاداربە کە وەک ڕێبەری گەشتیاری نەخوێنرێتەوە”

ساتیاجیت ڕای (The Criminals of Kathmandu)

 

بە دنیایەک تێبینییەوە لە کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیی لە نیپاڵ دەگەڕێمەوە، سەرم پڕە لە هەزارەها دەزوو و لە دڵم دەپرسم چۆن چاوی دەرزییەکە بدۆزمەوە و دەزووەکەی پێوە بکەم. لەبەر سێ هۆکار بەم وتارە دەست پێدەکەم. یەکەم، بۆ ئەوەی نووسەر و خوێنەر بە ڕاستگۆیی بهێڵمەوە: ڕەفە کتێبەکانی کاتماندۆ بەدەست گێڕانەوەی بێشەرمانە و نیوەناچڵی گەشتیارانی لێنەهاتووەوە دەناڵێنن؛  کە خەریکن هەموو شتێک “ڕووندەکەنەوە”، یان دەیشێوێنن. نووسین بۆ بەکاڵاکردن لەجێی هاوخەمی، بۆ خوێنەرانێک کە لەدوای سەرگەرمیین نەک گۆڕانکاری. دووەم: ئەمانە قسەکانی فێلودان، شێرلۆک هۆڵمزێکی نیمچەکیشوەریی، لێکۆڵەرێک کە گوێیەکانی و تیانووسەکەی پڕدەکات لە سەرنجەکانی و لە ئاڵۆزییە سەرسووڕهێنەرەکانەوە دوای سەرەداوەکان دەکەوێت، پاشان تاوانبارەکان دەدۆزێتەوە و زاڵ دەبێت بەسەریاندا. ئەوەی ئێمە پێویستمانە، ئەم ڕۆحییەتەیە. سێیەم هۆکار؛ لەبەر ئەوەی باشترین  سینەماتۆگرافەری ناوچەکە ئەم وشانەی نووسیوە، پێویستمان بە دیدی ئەوە تا لە فراوانی و چڕوپڕی ئەم چیرۆکە تێبگەین.

بەپێی ساڵنامەی نیپاڵ، ئێستا مانگی فالگونە لە ساڵی ٢٠٨٠. جینۆساید لە غەززە بەردەوامە. جووتیارانی هیندستان ڕووبەڕووی گازی فرمێسکڕێژ دەبنەوە لە شاری دلهی. جەنگ لە ئۆکرانیا بەردەوامە. جولیان ئەسانج کۆتا سزای دەرکردنی بۆ دەردەچێت، یادی ٢٥ ساڵەی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالانە، لەم ناوەشدا ڕۆژی دیموکراسییە. بەرگەهەوای کاتماندۆ زۆر چڕ بووە، پێنج هێندەی ڕێژەی ئاسایی کە WHO دیاریکردووە بۆ پیسبوونی هەوا. لێرەش لە نیپاڵێ بچووکدا، لەسەر دەروازەی قەیسەری بانگهێشتنامەیەکی هەڵواسراو دەبینین؛ “جیهانێکی دیکە مومکینە.”

چەند کەس لێرە هەن؟ وەڵامدانەوەی قورسە؛ گەر بەشداربووانی ئەم ڕیپێوانە بخەمڵێنین، لە ٣٠٠٠ کەسەوە دەست پێدەکات بۆ ٣٠،٠٠٠ کەس. خوێندکاران، کرێکاران، جووتیاران، ڕێکخراوە ناحوکمییەکان، کەسانی ئەکادیمی وچالاکوانان – لە گشت کیشوەرەکان و بۆ هەموو پرسێکی دادپەرەوەرانە لێرەن. دەنگی تەپڵ، سیمفۆنیای گۆرانی، فلوت و زوڕنای نەریتی و جلوبەرگی ڕەسەن و جۆراوجۆر شەقامەکانیان تەنیوە. چەندێک هێما تا بخوێنرێنەوە، گەلێک دروشم تا ببیسترێن، هێڵێکی دوورودرێژی ڕێپێوانان کە ئەمسەر و ئەوسەری دیار نییە. هەر دژییەکی یان پشێوییەکی ئەم ئاپۆرەیە، هەر شیکارییەک کە پێویستبێت بکرێت، ناکرێت ئەو هەست و سۆزە پشتگوێ بخەین کە هەموو شایەتحاڵێکی ئەم ڕووداوە لەو ئاستەدا ئەزموونی دەکات. گەر خودی جیهانە مومکینەکەی تریش نەبێت، لانیکەم دەروازەیەکە بەرەو ئەوێ؛ ئەگەر شۆڕشیش نەبێت، لانیکەم جۆرێکە لە مەشق بۆ شۆڕش؛ گەر یەکێتی جیهانیی ڕاستەقینەش نەبێت، ڕەنگە پێشەکییەک بێت بۆی؛ گەر بەدەستهێنانی ئاشتیش نەبێت لانیکەم ئامادەکارییە بۆی – ئەگەر جووڵەیەکی کامڵیش نەبێت هێشتا بەئەندازەی واقع ڕادیکاڵە.

ڕێپێوانەکە بە دەوری ناوەندی کاتماندۆدا سووڕایەوە و گەڕایەوە بۆ (بریخوتی مانداپ) – پارکێکی گەورەیە و ناوەندی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیی و مەراسیمی کردنەوەیەتی. لە سێبەرێکدا دادەنیشم و دەست دەکەم بە نووسینی تێبینی. لە ماوەی چوار ڕۆژی داهاتوودا نزیکەی پەنجا ڕێوڕەسم بەڕێوەدەچن، لە هەمان کاتدا و ئەکرێ لە هەر کاتێکی ڕۆژەکەدا بن. کەواتە گەر تێمایەکی یەکخەر بوونی هەبێت لەم کۆڕبەندەدا، لێرەدا دەخرێتەڕوو.

بە شەش زمان گۆرانییەکی بەخێرهاتن دەوترێتەوە. واڵدن بێڵۆ لە فلیپینەوە، سەرچاوەی کۆڕبەندی جیهانی لە ٢٣ ساڵ پێش ئێستا بەبیردەهێنێتەوە. دێڕێکی چارلز دیکنس دەڵێتەوە؛ “هەنووکە باشترین و خراپترین کاتە.” ئێمە لێرەین تا بەرەنگاری کاولکاری ببینەوە، هەڤگرتووییمان پیشان دەدەین و پلانی داهاتوو دادەڕێژین. “بەدڵنیاییەوە جیهانێکی تر مومکینە – بۆیە ئێمەش لێرەین.” لە سەرەتای پڕۆگرامەکەوە ئاماژە بەوە دەکرێت کە “نیۆلیبرالیزم” –  کە لە بنەڕەتدا کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانی لە دژی کۆبوونەوە – لە جاران بەهێزترە. “جینۆساید لە ژێرناوی جیهانگیری.” لەگەڵ هەر ڕۆژێکی ئەم کۆڕبەندەدا کوشتن بەردەوامە؛ وتاربێژێکی فەڵەستینی: ” ٧٥ ساڵی تاوانکاری لە غەزە ئەنجام دەدرێت،” لە ناو هەموو ئەو پرسانەی کە ئاماژەیان پێ دەدرێ لە ڕێپێوانەکەدا، پەیامێکی هاوبەش لە سەرانسەری گروپەکاندا زەق دەکرێتەوە: ئاڵای فەڵەستین، کەفیە، دروشمی “شەڕ بوەستێنن!” دوای قسەکانی، هەموو بۆ ساتێک بێدەنگ دەبن. ( لە نێوان دە هەزار کەسدا؟!) ئەو هێز و یەکپارچەییەی لە بێدەنگییەکەدا هەیە زیاترە لە هەموو ڕێپێوانەکە. پاشان فیدراسیۆنە ڕەسەن و جیاوازەکان نمایشێک پێشکەش دەکەن؛ سەمای ڕەسەنی خۆیان: دوو سەماکەر لە ١٠ شوێنی جیاوازەوە، هەریەکەیان نمایشێکی جیاواز بە جلوبەرگ و ئامێری موزیک و ئاڵای تایبەتی خۆیانەوە… بە بازنەیی دەستیان کرد بە فڕێدانی گەڵای گوڵ، لە کۆتاییدا ژن و پیاوەکان بە هێڵێکدا تێدەپەڕن و چەقۆی دروێنەکردنیان لە مشتیاندا بەرز کردۆتەوە.

بەڕێوەبەری کۆڕبەندەکە نامەی پشتیوانی و هاودەنگی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخوێنێتەوە. لە کورسییەکەی خۆمەوە پشت پەردەکە دەبینم. کۆمەڵێک بە هێواشی دەمەقاڵێیانە لەگەڵ چادری USAID (دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی)، ئەوانیش کۆشکەکەیان کۆدەکەنەوە و لای دەبەن.

ئەندامە دێرینەکانی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانی میتۆدەکە ڕوون دەکەنەوە: دیموکراسی تاکە هیوای ئێمەیە، تاکە بەرخۆدانمانە بەرامبەر ئەو پاوانخوازییەی سیستەمی ئابووری جیهانی پشتگیری دەکات. WSF (کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیی) بانگەشەی پڕۆسەیەک دەکات؛ “شوێنێک کە هەموو کەسێک ئەتوانێت ئەجێندا و شووناسی خۆی بخاتەڕوو.” تۆماس واڵگرن لە فینلەنداوە دەڵێت؛ “لێرە هەمووان خاوەن دەسەڵاتن، WSF بەتەنها دەسەڵات ناداتە دەست سەرۆکەکان، ئێمە خۆمان و یەکتری بە کەم نازانین.”

سەماکارانی سەر کورسی پێچکەدار نمایش دەکەن! جیڤان شارما گۆرانییەک دەربارەی کۆڵبەرێکی سەر شاخەکان دەڵێتەوە، کە شین بۆ منداڵە کۆچبەرەکانی دەگێڕێت. ئەلیدا گیڤارا دەڵێت گەورەترین کێشەی ئێمە نەزانییەکە کە میدیای گشتی دروستی کردووە و گرنگترین دۆزیشمان ئازادکردنی فەڵەستینە. هەموو شتێک بەیەکجار: ڕاستییەکە بەم شێوەیەیە؛ چڕوپڕ، چین چین و لە ناو یەکدا سووڕاوە. بەڵام ڕاستییەکان بە نێو هەموو ئاژاوەکاندا تێدەپەڕن. جۆمۆ کوام لە مالیزیاوە دەڵێت: “نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵە لە ئیمپڕیالیزمدا دەژین. وێن تیجون لە چینەوە پێشنیاز دەکات قەیرانەکان بکەنە دەرفەت؛ گۆڕینی تەواوی مۆدێلی گەشەپێدان، جەختکردنەوە لەسەر خۆڕێکخستن و سەروەریی خەڵکی گوندنشین. مێدا پاتکار لە هیندستانەوە زۆرترین چەپڵەی بۆ لێ درا: “لە هەموو وڵاتەکان جەنگە، نەک تەنها ئۆکرانیا و غەززە. پێویستە جیهانێکی نوێ لەسەر بنەمای ئاشتی و ڕاستی بنیات بنێین. ئێمە لێرەین تا پارادایمێکی گەشەپێدانی بەدیل هەڵبژێرین کە بۆ هەمووان دادپەروەر بێت. گۆڕانی کەشوهەوا تاوانە دژی مرۆڤایەتی. دەبێت ڕووبارەکان بە ئازادی بڕژێن. دارستانەکان ئامێری هەواگۆڕکێی ڕاستەقینەن. پێویستە لە خێڵەکییەکانەوە ژیانی خۆبژێوی سادە فێر ببین. ئەوەی پێویستمانە بزووتنەوەی دەسەڵاتی گەلە – بەبێ ئەوە هیچ بەدیلێکمان نییە!”

کاتێک مەراسیمی کردنەوە کۆتایی هات تێکەڵی قەرەباڵغییەکە بووم، خەڵکم دەناسی و چاودێرییم دەکردن: یەکترناسین، ڕێککەوتن و مشتومڕ، گرژی پشوودان. وردە وردە لە هەندێک نوێنەری فەڵەستین نزیک دەبمەوە و لەگەڵیان بەرەو دەستەی گەستیاری نیپاڵ دەڕۆم. زیاد لە سەد کەس بەرەو هۆڵێکی دارین دەڕۆن و گەشتیارەکان مۆڵەت وەردەگرن تا بەسەر شاخی هیمالایادا سەر بکەون، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن لە فەڵەستین چی ڕوو دەدات. گوێ لە خەڵکی ناو ژوورەکە و سەر شاشەکە دەگرین. تەنیا لەو شەوەدا، ژمارەی کوژراوەکان ٢٨٠٠٠ کەس و ٧٠٠٠ کەس بێسەروشوێنن. “چل هاوڕێ و کەسانی خێزانەکەم لەدەست داوە.” هەندێک خێزان بە تەواوەتیی لەناو چوون. گوێ لە پرۆفیسۆرێکی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن دەگرین، کە ناتوانێت شیر و تەنانەت ئاوی پاکیش بۆ منداڵەکانی دەست بخات: ” فەڵەستینییەکان ساویلکە بوون کە وایاندەزانی کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان بە هانایانەوە دەچن.” میڕێل فانۆن بەدوایدا دەڵێت: “ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا بۆ خەڵکی سپیپێستە. شەش ملیۆن کەس لە کۆنگۆ مردوون و هیچ کەس دەنگ ناکات لەم بارەیەوە. ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات پارادایم و زنجیرەیەکی بەردەوامی پڕۆسەی زەوتکردنە. کاتێک کێوییەکان بەرگریی لە خۆیان دەکەن و شەڕ لە دژی شارستانییەکان دەکەنەوە، ئینجا میدیاکان لە خەو هەڵدەستن و حەزیان لە ژماردنی ڕێژەی مردووەکانە. هێشتا ئەوەمان تەواو نەکردووە کە لە ١٤٩٢ دەستمان پێ کرد. گەر هەر ئەنجامێک لە WSF دەربچێت، باشترە بۆ فەڵەستین بێت.” بەم دێڕێکی باوکی کۆتایی بە قسەکانی هێنا: “هەر نەوەیەک دەبێت ئەرکی خۆی لە تاریکییەکی ڕێژەییدا بدۆزێتەوە و بەجێی بهێنێت، یان ناپاکیی لێ بکات.”

هەموو رۆژێک گوێت لە بیرۆکەی کچەکانی چێ گیڤارا و  فرانز فانۆن نابێت، هەموو کاتێک لە نێو جەرگەی هەموو کێشە و چارەسەرەکاندا نیت، چەقبەستوو لە دیارترین ڕووداوەکانی مێژوو. بەسەر هەموو ئەمانەدا نووستم و خەبەرم بووەوە، بەڵام خەونەکەم بۆ چوار ڕۆژی تر بەردەوام بوو. دەمەوێت چیرۆکەکە بە کورتی بگێڕمەوە، تا ڕۆحە دیارەکانی ئەوێتان پێ بناسێنم. کارێکی ئاسان نییە. ئەو هەموو دەنگە، نمایشی بەردەوامی کلتووریی، گەلەئەستێرەیەکی گەورە لە گفتوگۆی ڕژدی بچوکتر و دەیەها هۆڵی گەورە و چادری پڕ لە خەڵک. یەکێتی و هاوکات ناکۆکی، دیموکراسی بەڵام بە ناتەباییەوە. فراکتاڵێکی پەشێو و ئاڵۆز. چەندەها میلۆدی کە بە ئەستەم گوێبیستی هارمۆنی دەبیت. چەندەها ڕیتمی جیاواز کە ترپەکانت لێ ون دەبێت. زۆرینەی ڕاپۆرتەکان دەربارەی ئەم ئیڤێنتە کورت و ڕاشکاوانە نووسراون، بەڵام کورتە باسێکمان پێ دەگەیەنن و دەستبەرداری قوڵاییە ڕاستەقینەکانی ئەم جیهانەمان دەبن. ئەم وتارە هەوڵی منە تا گوێبیستی موزیکی پارادایمێکی دیکەی گەشەکردن بین، موزیکی جیهانە مومکینەکەی تر.

بزووتنەوەی یەکەم: ڕووبارەکان

هەموو ڕۆژێک بەیانیان گرووپێک کۆ دەبنەوە و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەربارەی ڕووبارەکان گفتوگۆ دەکەن. زۆربەیان خەڵکی نیپاڵ و هیندستانن. ئامانجیان سادەیە – کە ئەو ڕووبارانەی بەناو نیشتمانەکانیاندا دەڕژێن، سەرچاوەی یەکگرتنییان بێت نەک دابەشکردنیان، سەرچاوەی هاوکارییان بێت نەک ململانێ. دووچاری بەربەستی زۆر بوونەتەوە – جگە لە ژاوەژاوی سیستەمی دەنگییەکان لە هەردوو لاوە – بەڵکو بەنداو، کان، دارستانبڕین، حکومەت و کۆمپانیاکان؛ هێڵە خەیاڵییەکانی لەسەر خاک و دڵ و مێشکیاندا کێشراوە. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی سی کەس کە هێڵەکان دابەشی کردوون و ڕووبارەکان یەکی خستوون، خەونیان دەبینی و بۆ دۆزینەوەی یەکێتیی لە نێوان سنوورەکان پلانیان دادەنا.

پێویستی بەرگریکردن بەپەلەیە: چالاکوان مێگ ئالێ دەڵێت “ڕووبارەکانی ترانس-هیمالایا ژیانی ١.٤ بلیۆن کەسن،” ئەگەر بمانەوێت گەنگا بپارێزین، دەبێت کاری ڕژدی بۆ بکەین: هەموو شتێک لە هیمالایا دەست پێ دەکات. هەر شتێک لە نیپاڵ ڕوو دەدات، لە هیندستان کۆتایی پێ دێت.” مانشی ئاشەر لە هیندستانەوە دەڵێت: ” ٢٠٢٣ ساڵی نەهامەتی هیمالایا بوو، نەهامەتی ڕووداوێک نییە ڕوو بدات، شتێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییە.” پێشتر ئەم چیرۆکەمان بیستووە بەڵام توێژی تازەی دەرکەوتووە. لە دەستپێکی ساڵی نەوەدەکانەوە، دروستکردنی بەنداو کەمتر بە ئامانجی خەزێنەی حەوزیی گەورەیە و زیاتر دەربارەی وەبەرهێنانی وزەی کارۆئاوییە. هەرچەندە دۆڵەکان نوقمی ئاو ناکەن، بەڵام خەریکی وێرانکردنی ئیکۆسیستەمی بەشە ئاوییەکانی شاخەکانن. لەم دواییەدا ئەمە لە ژێر ناوی “وزەی سەوز” ئەنجام دەدرێت. بەو پێیەی ئێستا هەموو بەنداوەکان وەک پرۆژەی وزەی پاک دەفرۆشرێن، کەمتر یاسایان بەسەردا پەیڕەو دەکرێت. “ناتوانیت گەشەپێدانی سەوز بخەیتە ژێر پرسیارەوە.” هەروەها، “هەرچەندە بەنداوەکە گەورەتر بێت، ئەرکەکە گەورەتر دەبێت.”

بۆ هێورکردنەوە و لە چارەسەرکردنی کارەساتەکە، بەشداربووان باسیان لە پێویستی گفتوگۆکردنی گەلانی سنووربەزێن و ڕێککەوتن لەسەر ڕووبارە سنووربەزێنەکان کرد. سۆمیا دوتا لە هیندستانەوە گرنگی مافی “بەکارهێنەرانی یەکەم” ڕوون دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە پەیماننامەکانی تایبەت بە ڕووبارەکان کە تا ئێستا هەن بە کوسێک ( سێجای یەک فیت لە چرکەیەکدا) و هیچ کام لە لایەنە کلتووری، سیاسی و ئیکۆلۆژییەکانی ڕووبارەکان ناگرێتەوە. لاداون تانتیڤیتایاپیتاک لە تایلەندەوە هیوای بەوەیە لە ئەکرێت ئەم پەیماننامەیە جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ” تۆڕی ئیمەیڵی دیجیتاڵی کار ناکات لێرەدا، زۆرینەی خەڵک لە دوای خۆیەوە جێ دەهێڵێت.” لەم کۆبوونەوانەدا مانا کەلتووریەکەی ڕووبار بە تێروتەسەلی ڕوون دەکرایەوە ؛ مێگان ئال دەڵێت: “ئێمە کێشەی دیدگامان هەیە، نەک دەربارەی ڕزگارکردنی ڕووبارەکان، بەڵکوو ناتوانین وەک ئەوەی خۆیان هەن بیانبینین، مرۆڤ بیری چووەتەوە ڕووبار چییە؛ ڕەگی شارستانییەت! شادەماری زەوی! دەبێت بە ئازادی بڕژێن بەسەر زەویدا.” زایەڵەی بەشداربووەکانی دیکە دێتە بەرگوێ: ” ئاو دیاری سرووشتە.” “بەکاڵاکردنی تاوانە.”

یەکێک لە ڕوونترین کەمپینەکان کە لەم کۆڕبەندە و تەواوی کۆڕبەندەکانی تریش بەرچاوم کەوت ئەمە بوو: ڕووباری کارناڵی بپارێزە! ئەو ڕووبارەی لە دەمەتاووسی تیبێتەوە دەڕژێت؛ گەورەترین ڕووباری نیپاڵ، کە سێ شارستانییەت بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە دەشتەکانی تیبێتەوە بۆ دەشتەکانی گەنگێتی؛ سەرچاوەی ئاوی پیرۆزی هیندۆسەکان و بوداییەکان و سیخ و جاینەکان – هەروەها کۆتا ڕووباری ئازاد لە نیپاڵ. کەسێک دەپرسێت: “ئایا دەکرێت ئاوەدانیمان هەبێت بەبێ لەناوچوون؟” لە ئێستاوە پلان دانراوە بۆ درووستکردنی سێ بەنداوی کارەبا لە کارناڵی. کەمپەینێک بۆ ڕزگارکردنی ڕەنگە هەموو کیشوەرەکە یەک بخات، لە کالیاشەوە تا کاتاراگاما. لەوێ دەتانبینمەوە!

بزووتنەوەی دووەم: دیموکراسی

دیموکراسی دڵ و تایبەتمەندی WSFـە.  ئەمەش مشتومڕ هەڵناگرێت: لەمڕۆدا بە زەحمەت کەسێک لە جیهاندا هەیە دژی دیموکراسی بێت، جا دەوڵەمەند بێت یان هەژار، چەپ یان ڕاست، ڕۆژهەڵاتیی یان ڕۆژئاوایی، باکووریی یان باشووریی بێت. هەر پارتێکی دەسەڵاتدار و هەر پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەموو وڵاتەکاندا بانگەشەی دیموکراسی دەکەن. تەنانەت ئەو چەند دەوڵەتە تاکحزبییەش بە پرەنسیپەکانی ناوەندگەرایی دیموکراسی لە ناو پارتەکانیاندا بەڕێوە دەبرێن. مافی خودایی پاشاکان کۆتایی هات و سەردەمی دیموکراسی دەستی پێ کردووە. لە نیپاڵ شتێکی تازەیە، هەر بۆیە مێژوویەکی هەستیاریشی هەیە. بەڵام لێرەش وەک هەر شوێنێکی تری جیهان ئەم پرەنسیپە سیاسییە خەریکە هەموو مانایەک لەدەست دەدات، لە کاتێکدا لە ترۆپکی گشتگیربوونیدایە.

ژنێک لە بەنگلادیشەوە دەڵێت: “حکومەتەکانمان دامەزراوەن”. دەستکەوتنی ئامارەکان زەحمەت نییە، ئەم چەند دانەیەم دەستکەوتووە؛ ڕاپۆرتی نایەکسانی جیهانی  ٢٠٢٢: ” ١٠٪ سەرمایەدارەکانن، کە ٥٢٪ی داهاتی جیهانیان بەدەستە، لەکاتێکدا نیوەکەی تری جیهان ٨.٥٪یان دەست دەکەوێت.” بەیاننامەیەکی دامەزراوەی ئاکشن ئەید لە هیندستان دەخوێنرێتەوە: “سیستەمەکە زۆرینەی جیهانی وەک دانیشتووانی زیادە پۆڵێن کردووە.” تەنانەت لە نیپاڵ کە دیموکراسی هێشتا نوێیە و تازە بە تازە لە لقێکی شۆڕشەوە بەدەست هێنراوە، داتاکان بەم شێوەیەن: بەپێی ڕاپرسیی ستانداردی ژیانی خەڵکی نیپاڵ: ٢٠٪ی دانیشتوان ٥٠٪ی سامانی وڵاتەکەیان لەبەردەستدایە، ٢٠٪ـە هەژارەکەش تەنیا ٥٪ـیان لە بەردەستایە. بۆشاییەکە فراوانتر دەبێت، لێرە و لە هەموو شوێنێکی دیکەش.  ٨٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا برسین لە کاتێکدا ساڵانە ١.٣ بلیۆن خۆراک فڕێ دەدرێت. کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان ساڵانە دەست دەگرن بەسەر ٥٠٠ بلیۆن دۆلار باج. چاندرا ئادیکاری لە نیپاڵەوە لە وتارێکدا دەڵێت: ” ١٠٪ی دەوڵەمەندەکان خاوەنی ٧٢٪ی داهاتن، ماباقی لەسەر ٢٨٪ دەژین، خەریکین چ جیهانێک بنیات دەنێین؟ تەنیا دوو چین درووست دەبن، دەوڵەمەندە دەسەڵاتدارەکان و کۆیلە شاراوەکان.” لە ١٨ی شوباتدا بەیاننامەیەک  لەلایەن دەیان ڕێکخراوەوە واژۆ دەکرێت: “دیموکراسی لە مەترسی بوون بە توێکڵێکی بەتاڵدایە.”

هەموومان هەستمان پێ کردووە. زمانیش لەگەڵ کێشەکەدا دەجەنگێت؛ ئاوەڵناوی زیاد دەکات، دیموکراسی ڕاستەوخۆ، دیموکراسی بە بەشداری خەڵک، دیموکراسی ڕاوێژکاری – ئیتر هەر شتێک تا خۆی لە دیموکراسی بۆرژوازی جیا بکاتەوە… بەڵام شتێک هەیە زیاتر لە زمان پێویستە. وەڵامەکان لە ئەمریکاوە نادۆزینەوە کە بانگەشەی دەستپێشخەری دەکات. تەنانەت سکۆلارەکانی زانکۆی پرینستۆن چەند ساڵ پێش ئێستا ناچار بوون دان بەوەدا بنێن کە شتێک نییە بە ناوی دیموکراسی لە ئەمریکا.  ئوشا تیتیکشو لە کاتماندۆوە باسی دیموکراسی لە نیپاڵ دەکات: “سیستەمی پاشایەتی کۆتایی هات، ئێستا کۆمارێکی فیدراڵی سێکولارمان هەیە. چەپەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە کۆنەپەرستەکاندا لە دەسەڵاتدان… USAID دەرکراوە لە کۆڕبەندی WSF، بەڵام IMF (سندووقی دراوی نێودەوڵەتی) و ADB (بانکی گەشەپێدانی ئاسیا) کۆنترۆڵی حکومەت دەکەن. دادپەروەریی جیهانیی درووشمێکی جوانە بەڵام سیاسەتی پشتگوێ خستووە.” نەک سەرەڕای بەڵکوو بەهۆی ئەم هۆکارانە، نیپاڵ زۆر شتی پێیە دەربارەی دیموکراسی کە فێری جیهانی بکات. هەرچەندە پرینستۆن دانی بە شکستی خۆیدا دانەوە، لە هۆڵە تۆزاوییەکانی کەمپەسی یاسای زانکۆی نیپاڵ، دەڕۆمە وۆرکشۆپێکەوە بە ناونیشانی “دیموکراسی ڕادیکاڵ و سەربەخۆیی” لە ڕێکخستنی “شوێنگەی جیهانیی ئەڵتەرناتیڤەکان”، وتاربێژەکە پێناسەی دیموکراسی لە سەدەی ٢١دا ڕوون دەکاتەوە و سەرنجی لەسەر هیندستان، چین، مەکسیک و کوردستانە.

ئاشیش کۆتاری پانێلەکە دەست پێ دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی ٢٠٢٤ گەورەترین ساڵی هەڵبژاردنە لە جیهاندا. ئەمساڵ، ٥٠٪ی جیهان دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان. بەڵام ڕوونە کە هیچ کام لە ئێمە نەخرۆشاوین بەم هەواڵە. هەڵبژاردنی دیموکراتەکان مۆدی، ترەمپ، بایدن، مارکۆس و نەتانیاهۆیان پێ بەخشیوین. مەسەلەکە تەنیا دەربارەی کەسانی خراپ لە دەسەڵاتدا نییە، بەڵکوو دەربارەی دانیشتووانە کە ئامادەن مێشکیان بشۆردرێتەوە. ماوەیەکی درێژە باوەڕمان بە شتێک هەیە بە ناوی ” دیموکراسی نیۆلیبراڵ” – لەم نێوەندەدا دەستبەرداری مافە سەرەتاییەکانمان و دەسەڵاتی بڕیاردان بووین.”  هەر بۆیە فراوانترین ڕاپرسی لە مێژوودا گەورەترین دەستبەرداربوونە لە مێژوودا. ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن هاوکاتە لەگەڵ نایەکسانی، شەڕی جیهانی و لەناوچوونی بە کۆمەڵ. “بەڵام سیاسەت و دیموکراسی کە بەڕاستی توانای گۆڕانکارییان هەبێت بوونیان هەیە” هانی هەمووان دەدات بپرسن: ” لە ئێستادا پەیوەندیی ئێمە بە دەوڵەت-نەتەوەوە چییە؟” و پێشنیاری پراکتیک و بیرۆکەی بەدیل بۆ دیموکراسی لە دەرەوەی زۆرینگەرایی و تەنانەت ئەنترۆپۆسێنتەریسمیش دەکات. سوود لە کۆبوونەوەی گوندەکان وەردەگرێت کە چەند دەیەیەک پێشتر لە هیندستان ئەنجام دەدران لە دژی درووستکردنی بەنداوەکان. لە ماوەی دەیان ساڵدا بە پڕۆسەی بازنەی لێکۆڵینەوە و کۆبوونەوە و بڕیاردانی کۆدەنگیدا ڕۆشتوون، لە کۆتاییدا بووەتە هۆکاری  کۆبوونەوەی هەموو ناوچەکە بەیەکەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە گوندێک سەری هەڵداوە بەناوی مێندها- لێخا لە ویلایەتی ماهاراشترا.  بە ئیلهام وەرگرتن لەمە، فیدراسیۆنێک لە ٩٠ گوند بە ناوی کۆرچی ماها گرامسابها دەست دەکات بە یەکخستنی لەم جۆرە بزووتنەوانە کە هێزی ڕاستەقینەی گەل درووستی کردوون. هەروەها ئاماژە بە درووشمی ئەدیڤاسی مێندها-لێخای ساڵانی هەشتاکان دەکات: ” ئێمە حکومەت لە دەلهی هەڵدەبژێرین، بەڵام خۆمان حکومەتی گوندەکەمانین.”

هەروەها باسێکی زۆر دەربارەی زاپاتیستەکان دەکرێت، کە بزوتنەوەیەکەی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتین لە چیاپاس مەکسیک، هەرچەندە بچووکن لە ژمارەدا، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر خەڵکی جیهان داناوە، بەتایبەتی سەبارەت بەم دیموکراسییەی باسی دەکەین. لە ئەمریکا زاپاتیستەکان ناسراون و ڕێزیان لێ دەگیرێت، هەرەوەها دەنگدانەوەیان لە چینیش جێی سەرسوڕمانە، بۆ نموونە وەرگێڕانی کتێبێکی سەبکۆماندانت مارکۆس یەک ملیۆن کۆپی لێفرۆشرا. لاو کین چی لە زانکۆی لە زانکۆی جیهانیی “Sustainability” لە چین پێشنیاری پرەنسیپڵی زاپاتیستا دەکات: “فەرمانکردن بە گوێڕایەڵیکردن”، پێی وایە ئەم پرەنسیپە دەتوانێت ڕیفۆرمی تیۆری و پراکتیکی دیموکراسی ناوەندگەرایی بکات. کۆمەڵگە مەدەنییەکان هۆشیارییان کەم بووەتەوە بەرانبەر سوپای زاپاتیستەکان، لە کاتێکدا ئەزموونەکانیان یارمەتیدان دەدەن سیستەمی پلەبەندی ڕەت بکەینەوە. پرۆفیسۆر وێن تیجون بەراوردیان دەکات لەگەڵ سوپای سووری چین لە ساڵانی بیستەکاندا، ئەو کاتەی گوندەکان لەلایەن سەرکردە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوە دەبران کە هیچ مووچەیەکیان وەرنەدەگرت.

پاشان دوو ژنی کورد قسە دەکەن. زۆرجار زاپاتیستەکان خەباتی خۆیان بە “٥٠٠ ساڵ بەرخۆدان بەرانبەر کۆڵۆنیالیزم” باس دەکەن. کۆمۆنەکانی کوردستان- کە بەپێی پرەنسیپەکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی ئازادانە گرێدراون – هێندەی تر دەمانگێڕیتەوە بۆ مێژوو. نەجیبە قەرەداغی لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕوونی دەکاتەوە کە شەڕێکی دیار هەیە و کەم تا زۆر ناسراوە، بەڵام شەڕێکی نەبیراویش ڕوو دەدات: ” شەڕی دووەمیان ناوی نییە، ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەستی پێ کردووە.” دیموکراسی ڕادیکاڵ ١٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر پێش هاتنی پیاوسالاری بوونی هەبووە. نەجیبە قەرەداغی تێگەیشتنێکی جیاواز بۆ کۆلۆنیالیزم دەخاتە ڕوو، کە لە بەکۆیلەکردنی ژنانەوە دەستی پێ کردووە. لەمڕۆدا گەشتووەتە لوتکە و نوام چۆمسکی بە “دیموکراسی ڕزیو” ناوی دەبات. ڕوخۆش شێخۆ ئەندامی کۆنگرا ستار  باسی ئەزموونی کورد لەگەڵ دیموکراسیدا دەکات لە دوای ئەو شەڕانەی لەم دواییەدا سەریان هەڵداوە: “ئێمە تەنیا شەڕمان دژی داعش نەکردووە، بەڵکوو بەرگریمان لە خۆمان کردووە – نەک تەنیا دژی هێزە دەرەکییەکان، بەڵکوو دژی ئەو سیستەمە ئەقڵییانەی هەن.” ئەندامەکان دەرگا بە دەرگای ماڵان دەگەڕێن، ژنانیان ڕێک دەخست، خێزانەکانیان ڕێک دەخست، هەروەها کۆمەڵگەیان ڕێک دەخست. لە گوند و شارۆچکە ئۆتۆنۆمییەکانیاندا، “هەموو کەسێک لە کۆمەڵگەدا دەبێت بەشێک بێت لە ڕێکخستن.” نەجیبە قەرەداغی دەڵێت بابەتەکە تەنیا ئازادکردنی ژنان نییە، بەڵکوو ئازادکردنی خودی ژیانە: “پێویست ناکا داوای هیچ شتێک لە سیستەم بکەین، بەڵکوو دەبێت یەکێکی تایبەت بە خۆمان بنیات بنێین.”

بزووتنەوەی سێیەم: خۆراک

لە نێوان پانێڵ و کۆبوونەوە و وۆرکشۆپەکاندا نان دەخۆین. فرۆشیارەکان دەمپلینگی مۆمۆ و خواردنی نیپاڵی دیکە دەفرۆشن، قاپی خواردنەکان لە گەڵا درووست کراون. ئێمە ئەوەین کە دەیخۆین، بۆیە سەیر نییە کە زۆربەی گفتوگۆ و کەمپینەکان لەم چوارچێوەیەدا دەسووڕێنەوە. جووتیارەکان ناڕەزایی دەردەبڕن، داوای مافی جووتیاران و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان دەکەن – ئاوازی هەموو جیهانە مومکینەکانی تر دەگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە – نانی ڕۆژانەمان.

کریشنا پاودێک لە نیپاڵەوە قەیرانی جیهانیی خۆراک لە دوو ڕستەدا کورت دەکاتەوە: ” ئێمە جووتیاران دەردەکەین و خۆراک هاوردە دەکەین، دواتر ئەوەی دەیخۆین دەماننێرێت بەرەو نەخۆشخانە.” ژنێک لە هیندستانەوە وێنەی گشتیی قەیرانەکە دەکێشێت بۆمان، باسی ڕووداوەکانی ڕێگەی دلهی دەکات، کە جووتیارەکان گاسی فرمێسک ڕژیان پێدا دەکرێت و تەقەیان لێ دەکرێت.

لە وۆرکشۆپێکدا بە ناوی “دادپەروەری خۆراک”، ئالێکس جێنسن لە ئەمریکاوە کورتەیەک لە ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی جیهانی ئەم دواییە بە ناوی “The Food Barons”  دەخاتە ڕوو: چوار بۆ شەش کۆمپانیا  کشتوکاڵی جیهان لە تۆوەوە تا فرۆشتنی تاکەکەسی کۆنترۆڵ دەکەن. تا دەسەڵات بەسەر خۆراکدا چڕتڕ و جیهانگیر تر ببێتەوە، ژەمەکانمان کەمتر تەندروست دەبن. ڕێژەی فرۆشی خۆراکی  ئامادەکراو لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣ ترلیۆن دۆلار بووە، پێشبینی دەکرێت تەنها خواردنەوە گازییەکان تا ساڵی ٢٠٢٧ ٢ ترلیۆن دۆلار داهاتییان هەبێت. سیستەمی پیشەسازی خۆراک هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ڕێژەی مردنە لە جیهاندا، تێچووی خەڵمێنراو لە چاودێری تەندروستی ساڵانە دەگاتە ٢٠ ترلیۆن دۆلار. بۆ نموونە نەخۆشی شەکرە ڕاستەوخۆ هاوتایە لەگەڵ ئازادکردنی بازرگانی، ئەو وڵاتانەی کە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکەن، بە ڕێژەی ٦٠٪ بەکارهێنانی خواردنەوە گازەکانیان زیاد دەکات.  بازرگانی کشتوکاڵیی ساڵانە بە بڕی ٦٠٠ ملیار دۆلار پاڵپشتی دەکرێت – بەڵام ئەمە تەنیا نوکی شاخێکی زەبەلاحە کە لێمان دیار نییە. چونکە تاکە هۆکار کە بازرگانی خۆراک لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت، یارمەتیدانی ساڵانەی ٧ ترلیۆن دۆلارە بۆ سووتەمەنی بەردینی. بۆیە ئەو خواردنەی کە دەیخۆین نەک تەنیا ژەهراوی خۆمان و خاک و ئاوەکەمان دەکات، بەڵکوو یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گەرمبوونی جیهان. لە بەیاننامەیەکدا کە هاوپەیمانی کشتوکاڵ بۆ خۆراک ١٤ی شووبات لە نیپاڵ بڵاوی کردووەتەوە، دەوترێت: ” هەوای چواردەورمان هەناسەی پێ نادرێت، ئاوەکەمان ناخورێتەوە، خاکەکە دەمرێت و دەمرێتەوە.” نیو سەدەی شۆڕشی سەوز دروێنەی گروتێسکی خۆی ئاشکرا کردووە: زیادبوونی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی خۆراک و زەرەرکردنی جووتیاران. ئاشیش کۆتاری لە هیندستانەوە دەڵێت: ” دە ساڵە لە ژێر ڕژێمی ڕێکخراوی بازرگانی جیهاندا دەژین.” ئەم مەسەلەیە تەنیا دەربارەی حکومەتەکان نییە، فرانسس داڤیس لە زامبیاوا دەڵێت: “کۆمپانیاکان دزەیان کردووەتە ناو هەموو ڕێکخراوێکەوە.”

ئارجوون کارکی لە نیپاڵەوە دەڵێت: “زەوییەکی فراوان بەردەستە بەڵام کەس نییە بیکێڵێت”. حەواڵەکردنی کرێکارانی کۆچبەر بڕبڕەی ئابووری مۆدێرنی نیپاڵە لە ئێستادا، ئەو پارەیەشی لێوەی دەست دەکەوێت شتومەکی وڵاتانی دیکەی پێ هاوردە دەکرێت. بۆیە هەقدەستی کرێکارە کۆچبەرەکان بۆ بەهێزکردنی کاپیتالیزم بەکار دەهێنرێت. هاوکات برنج بە فڕۆکە دەگوازرێتەوە بۆ گوندە دوورەکان. بۆیە بەبێ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان سەروەری و سەربەخۆیی ڕاستەقینە بوونیان نابێت. بەڵام چۆن دەست بۆ ئەم مەسەلەیە ببەین؟ “کاتێک گەنج بووین دەمانویست ببین بە شۆڕشگێڕ، گەنجەکانی ئێستا دەیانەوێت ببن بە بلیۆنەر، ئێمە ڕۆژانە قازانج دەدەینە بلیۆنەرەکان.” ڕەنگە ئارجوون کارکی زیاتر شارەزای ئەم بابەتە بێت، چونکە دواتر بۆم دەرکەوت ڕێکخراوە ناحوکمییەکەی هاوبەشی بانکی نێودەوڵەتییە. بەڵام ڕاشکاوانە دەڵێت: “هەموو مۆدێلەکانی گەشەپێدانمان بە سەرمایەداری دەورە دراوە.”

خۆشبەختانە لە WSF گەلێک بەدیل هەن. بەیاننامەی هەوپەیمانی کشتوکاڵ بۆ خۆراک دەڵێت: “ئەوانەی خاوەنی هێزن تا کاریگەرییەکی مانادار درووست بکەن دابەشکراون بەسەر گروپە بەرژەوەندیخوازە جۆراوجۆرەکاندا.” WSF ئەم کێشانە لە لوتکەدا دەخاتە ڕوو. هەموو چارەسەرەکان لێرەن، بەڵام سیگناڵەکان لەناو ئەوهەموو ڕووداوە یەک لە دوای یەکانەدا ون دەبن. منیش هەوڵ دەدەم سیگناڵێک بگرمە دەست  و جیهانێکی دیکەتان بۆ بگوێزمەوە. سیدی ئۆتیمۆ لە کۆمەڵەی جووتیارانی کینیا دەڵێت: “خۆراک بابەتێکی سۆسیالیستییە، چونکە کۆمان دەکاتەوە.  جووتیارەکان زۆرینەن لە جیهاندا، بەڵام پارچە پارچەن، جووتیاران دەسەڵاتیان هەیە – ئێمە زۆرینەین!” بەڵام بەداخە لەوەی چۆن مەسرەفگەری وەک شێوازێکی ژیان دزەی کردووەتە ناو ڕێکخراو و  بزووتنەوەی جووتیارانەوە: “هەڵمەت دژی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و دواتریش دەچن لە مارکێت خۆراک دەکڕن؟ چ دووڕووییەکە!”

بەڵام چارەسەری ئەم دژایەتییانە دەدۆزرێتەوە ئەگەر بزانی لەکوێ بۆی بگەڕێیت. ئاسیش کۆتاری باس لە ئەزموونی ژنە جووتیارانی دەلیتیی لە (کۆمەڵەی گەشەپێدانی دێکان) دەکات لە شاری تەلەنگانای هیندستان، ئەوان هەر لە سەرەتاوە دژی شۆڕشی سەوز بوون. تۆو و زەوییان هاوبەش بوو و هەردووکیان بە پیرۆز دەزانی، لە سایەی هەوڵەکانی ئەوانەوە، پێنج هەزار خێزان خۆراکیان هەیە و پارێزراون. کۆتاری لە شیکردنەوەی ئەم ئەزموونەدا دەڵێت: ” ناتوانین خۆراکی ئۆرگانیی بەرهەم بهێنین بەبێ بوژاندنەوەی کولتووری، بەبێ مافی پێدانی زەوی بۆ ژنان، بەبێ کۆنترۆڵی سیاسی و ئابووری.” فرانسیس داڤیس لە زامبیاوە هەمان بۆچوونی هەیە؛ کارەکانیان دژی تاوانبارکردنی جووتیارانە بەڵام “تا نەریتە ڕۆحییەکان و شوێنە پیرۆزەکانمان زیندوو نەکەینەوە، هەرچییەک بکەین سەرکەوتوو نابێت.”

شیلو فرانسیس لە کۆمەڵەی ژنانی تامیل نادوو کە هیندستان، یەکێکی دیکە لە هیوابەخشترین باسەکانی WSF دەگێڕێتەوە: کۆمەڵەکەیان لە شاری چێنا لە ساڵی ١٩٩٤ لە وەڵامی توندوتیژی دژی ژنان دامەزراوە. شارنشینترین ویلایەتی هیندستانە، کە ٤٨٪ی منداڵەکانیان بەدخۆراکییان هەیە. لە هەرێمەکەیاندا س٣٥ هەزار ژنی جووتیار کاردەکەن بەڵام ١٠٪یان دەستیان بە زەوی گەشتووە. لە ماوەی ٥ ساڵدا کۆمەڵەکەیان گەشەی کرد بۆ ١٠٠ هەزار ئەندام. ڕێکخراوەکەیان کار دەکات بۆ ئاسانکردنی چاندنی بەرهەمی ئۆرگانی و بەرهەمی تایبەت بە خۆیان. جگە لە یارمەتیدانی ژنانی جووتیار، بە هەرەوەزی زەوی دەکڕن. سەرنجیان لەسەر بەرهەمهێنانی هەرزنە، چونکە ماددەی خۆراکی زیاتر لە برنج و گەنم و ٩٠٪ـی بە باران و بەبێ مادەی کیمیایی ئاو دەدرێت. “ئێمە ئامانجمان بەبازاڕکردن نییە”. ئەو بڕە زیادەیەی دەمێنێتەوە لە ناو کۆمەڵەکەدا دابەش دەکرێت یان هەڵدەگیرێت.  چارەسەر و درووشمەکە زۆر سادەیە: “خۆراکی بەسوود بۆ منداڵان.” بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی پەتای جیهانییەوە لە کەرتی پەروەردەدا درووست بووە، یەکەی منداڵان و باخچەی چێشتخانەی منداڵانیان درووست کردووە. منداڵان یەکێکن لە سەرەکیترین بەکارهێنەرانی (خواردنی خێرا)، بۆیە ئەمە خاڵێکی بچووک و ناگرنگ نییە. بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزی ڕیکلام، پێشبڕکێی ئامادەکردنی ڕێچکەی خواردنی خۆماڵی ڕێکدەخەن؛ لە داپیرەیانەوە فێردەبن و لەگەڵ خۆیان دەیهێنن بۆ قوتابخانە. کەسێک دەڵێت کە وەک چۆن وەرزشوانانی ئۆڵۆمپی لە منداڵییەوە ڕاهێنان دەکەن، ئەو جووتیارانەش کە زۆر گرنگترن بۆ کۆمەڵگە لە وەرزشوانان، دەبێت بە هەمان شێوە لە تەمەنێکی بچووکەوە ڕاهێنانیان پێ بکرێت.

لەم وێنە بچووک و پێشوەختە دڵخۆشکەرەوە، وۆرکشۆپێکی تر دەستی پێ کرد تا ئەم پرسیارانە لە پێداونگێکی زۆر گەورەتردا لەبەرچاو بگرێت. دەستەیەک لە پسپۆڕانی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی چین و هیندستان و نیپاڵ پێکەوە دادەنیشن. خودی دانیشتنەکە ئاشکرای دەکات کە چەندە نەزانی و دوژمنایەتی و کینە لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا هەیە، نوینەرانی دوو پڕنشینترین وڵاتی سەر زەوی و نیپاڵ لە نێوانیاندا وەک “ڕووەکێک لە نێوان دوو تاشەبەردی گەورە” سەرچاوەی ئاوی شیرین و پاکی هەردوولا. یان شیاوهوی، بەشێک لە زانکۆی جیهانی “Sustainability” باس لەوە دەکات کە چین ساڵی ٢٠٠١ پەیوەندی بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە کردووە – هەمان ساڵ کە یەکەم کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانیی بەسترا. چین زۆرترین بڕی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانیی لە جیهاندا بۆ خۆی ڕاکێشا، بەڵام “کۆمەڵگەی گوندنشین کۆستی ئەم جیهانگیرییەی لە ئەستۆ گرتووە” ئەو بزووتنەوەی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لە چین وەسف دەکات بە “بزووتنەوەیەکی خۆڕزگاری کۆمەڵایەتی لە کاتێکدا کۆمەڵگەی گشتی نیۆلیبرالیزم لە باوەش دەگرێت.” لاو کین چی لە هۆنگ کۆنگ باس لەوە دەکات کە چۆن سیستەمێکی ئابووری کە لەسەر بنەمای کاڵای هەرزان وهەناردەکردنی پلاستیک لە چینەوە دامەزراوە لە “سێ جار ئیستیغلالکردن”ـی تێدایە”: لە کرێکاریی ڕابردوو، کرێکاریی ئێستا و نەوەکانی داهاتووش. ” تەواوی مۆدێلی مۆدێرنیزەکردن و گەشەپێدان یۆرۆسەنتریکە (ئەوروپایی-ناوەند)… بەپەلەترین ئەرک ئەوەی کە تەحەدای پارادایمی مۆدێرنیزەکردن بکەین – نەک تەنیا کۆمپانیا فرەوڵاتییەکان بەڵکوو شێوازی بیرکردنەوەش.” جەخت لەوە دەکاتەوە میراتی شۆڕشی چین ئەوەیە جووتیاران هێشتا خاوەنی زەوییەکانن. دواجار زەوی و تۆو: ئەمانە لەگەڵ خودی خەڵکدا، بنەمای گەشەپێدانی بەدیلن بۆ ئەوەی هەنووکە دەگوزەرێت.

پرۆفیسۆر وێن تیجون لە زانکۆی ڕێنمین، کەسایەتییەکی ناوداربە نووسین دەربارەی داکۆکیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان، مێژوویەکی دوورودرێژی گێڕایەوە – زیاتر لە سەد ساڵە هەوڵی ڕێکخراو و بەرفراوان دراوە بۆ وەرگرتنەوەی میراتی ژیانی گوندنشینەکان. شانی هەڵدەکێشێت و بە زەردەخەنەیەکی تاساوەوە دەڵێت: “بەجیهانیکردن ئیفلاسی کردووە، وڵاتی دەستپێشخەر و پێشەنگ وازی لە پڕۆسەی بەجیهانیکردن هێناوە!” ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان ئامانجی پاشەکشێکردنێکی نەرمە لە قەیرانە جیهانییەکان. جیاوازی پاشەکشێی نەرم و پاشەکشێی سەخت چییە؟ ژیان یان مردن: “مرۆڤ هیچ سەلامەتییەکی نییە لە شارەکاندا.” ئاوی پیس، هەوای پیس، خواردنی خراپ. بۆیە بە ملیۆنان دانیشتووانی شارەکانیان کۆکردووەتەوە تا یەک بگرن بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان. بابەتەکە تەنیا دەربارەی ڕێگەوبان و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان نییە، تەنانەت تەنیا دەربارەی کێڵگە و خۆراکیش نییە.  “زیادکردنی داهاتی گوندەکان بەهایەکی وەهای نییە ئەگەر بۆ کڕینی خۆراک لە کۆمپانیا و دامەزراوە فرەوڵاتییەکان بەکار بهێنرێت… هیچ قازانجێک لە وەبەرهێنانی گوندەکاندا نییە جگە لە سەلامەتی مانەوە. ” لەدوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨، یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ژێرخانی گوندەکان لە چین کراوە. بەڵام پرۆفیسۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە زیاتر لە بیناکانیش ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان پەیوەندی بە بووژاندنەوەی کولتووریەوە هەبێت. ” مێژووی ٥٠٠٠ ساڵ لە شارە گەورەکاندا پارێزراو نییە.” پاشان باس لە هێزی ڕۆحیی گۆرانییەکانی گوند دەکات.

لانینگ ژانگ ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو شەپۆلەکانی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لە چین لەلایەن فەیلەسووفەکانەوە سەرکردایەتی کراون بەڵام گەنجەکان یاسایان بۆ دەرکردوون. فرانسیس داڤیس لە زامبیاوە پوختەی جەوهەری ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان دەگێڕێتەوە کە لە ژنێکی پیری بیستووە: “دەمانەوێت منداڵەکانمان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.”  لێرەدا دێڕە ترسناکەکانی تێنزینگ نۆروەی-م دێتەوە یاد، لە کتێبی (پاش ئەڤەرێست): “پیرەکان هەمیشە دەگرین، بەردەوام دەپرسن شتەکانن چۆن دەڕۆن؟ منداڵەکان کەی دەگەڕێنەوە؟ دەڵێن زۆر لەوە پیرترن کە لە کێڵگەکەدا کار بکەن، کۆتایی هێندەی نەماوە بگات.” (١) چۆن منداڵەکان ڕازی بکەین بگەڕێنەوە پێش ئەوەی دەنگتر بێت؟ کارەبا و قوتابخانەکان بەس نین تا خەڵک لە ناوچە گوندنیشەکان بهێڵنەوە، ڕاستییەکەی پێ دەچێت زۆر جار کاریگەری پێچەوانەیان هەبێت. شتێکی زیاتر پێویستە. شۆڕشێکی کلتووریی؟! ئیتر هەر بەرنامە و ئایدۆلۆژیایەک بێت، پرۆفێسۆر تێجون سوورە لەسەر ئەوەی حکومەتەکان و گەلان دەبێت بەرپرسیارتر بن. هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ یەک پرسیار: ئایا خەڵکی گوندەکان  ڕێک خراون؟

کەدێنزا

چالاکی و جووڵانەوەکان یەک دەگرن و دەگەنە ترۆپک، پاشان وەک شەپۆلی ئاو تێک دەشکێن و دەگەڕێنەوە ناو زەریای ژیانی ڕۆژانە. لە سەرووی دەنگی سپی و دووکەڵی ڕەش و ئاڵای پەلکەزێڕینەوە بەرز دەبنەوە و وەک نەهەنگ دەردەکەون و پاشان خۆیان دەخەنەوەوە ناو قوڵاییە نهێنییەکانی مێژووەوە. ڕیتم و هارمۆنی ئەم جموجۆڵانە لە کۆتا ڕۆژەکانی کۆڕبەندەکەدا وردە وردە دەگەنە لوتکەیەکی کریسێندۆ ئاسا. لێرەوە کەدێنزاکان دەست پێ دەکات؛ بزووتنەوەکان پێکەوە بەردەوامن بەرەو ئاشکراکردنی ڕاستییەکان – ئەو جۆرە ڕاستییانەی غاندی ناوی لێ نابوو خودا، ئەو ڕاستییەی دەتوانێت ئازادمان بکات، ئازادمان دەکات تا بگەڕێینەوە بۆ ڕەچەڵەکمان، تا بگەڕێینەوە بۆ “ماڵ”، وەک چۆن هەموو شۆڕش و گۆرانییەک لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتا. ئەم کادێنزایانە تەنیا ئامڕازی ڕازاندەوە یان فەزیلەتی تەکنیکی نین، بەڵکوو خودی ئەو ڕاستییەن – لە سەرووی ترس و سام و سۆلۆکانەوە: دالیت (کەمینەی چینی خوارەوە) ڕێکخراوەکان بەرانبەر قەرزە قێزەوەکان؛ هەڵدانەوەی ماسکی چارەسەرە درۆینەکان؛ ئاشکرابوونی کارەساتەکان – ئەمانە ئامادەکارین بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ئاشتی: ئاشتییەک لەدیوی گێژاوەکانەوە، ئاشتی دارستانە سەوزەکان، لە ناو چاو و گوێ و دڵدا، کە ئامادەیە مەلە بکات و سەرکەوێت بەرەو خاکە بەڵێندراوەکەی جیهانەکەی دیکە، کە نەک هەر مومکینە بەڵکوو پێویستیشە.

قەرزەکان بەرانبەر دالیتەکان… جووتیارانی هیندستان لەسەر ڕێگای پایتەخت لەگەڵ فەوجە گەمژەکان لە شەڕدان و دەڵێن: “ئێمە لە قەرزدا لەدایک بووین و بە قەرزەوە دەمرین”. لە نێوان ڕووبارە بەنداوکراوەکان دیمەکراسییە ڕزیوەکان و خواردنە ژەهراوییەکان، ئەو کەسانەی پشت پەردەکە ون دەبن کە خەریکن ملیۆنان دۆلار دەکێشنەوە. ئەو دوژمنە سەرەکیەی کە پێویستە پاڵەوانەکانت مرۆڤایەتی لە دژی کۆ ببنەوە ناوی ناوەندی داراییە. بەپێی نامیلکەیەک کە لەلایەن ئەکشن ئەیدەوە دابەش کراوە؛ لە دوای ڕێککەوتنی پاریس و تەنیا لە باشووری جیهاندا ٣.٢ بیلیۆن دۆلار بەقەرز دراوە بە پیشەسازی سووتەمەنی بەردینی. کۆمپانیایەک بە ناوی بایەر کە گەورەیترین وەرگرە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە زیاتر لە ٢٠ بیلیۆن دۆلار قەرزی بۆ کشتوکاڵی پیشەسازیی وەرگرتووە. کۆی گشتی تێچووی ساڵانەی سووتەمەنی بەردینیی لە باشوور لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠٢٢ ٥١٣ بیلیۆن دۆلار بووە. پاشان لە کاتێکدا لایەنێک پارە دەدات و لایەنێکی دیکە پارە وەردەگرێت، بانکە گەورەکان نەک تەنیا وێرانکراری دەکەن، بەڵکوو ڕێگرن لە وەستاندنی پڕۆسەکە و چاککردنەوەی، بەو پێیەی هەموو سەرچاوە بەردەستەکان دەستیان بەستراوە بە دانەوەی قەرز. بۆ نموونە نیپاڵ نزیکەی ٤ بیلیۆن دۆلار قەرزی هەیە. کەواتە سیاسەتمەدارانی پیناڵ گەر بیانەوێت ڕووبارەکان بکەنە بەنداو، شاخەکان بکەنە کان و جووتیاران بنێرنە دەرەوە یان نا، ناچارن و ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆیان تا قەرزەکانیان بدەنەوە. ئەگەر پارەش نەدەنەوە بەدیلەکەیان چەندین کیلۆ گۆشتە. تەنانەت دوای بوومەلەرزە بەناوبانگەکەی جیهان لە ساڵی ٢٠١٥، یەک فلس لە قەرزەکان خۆش نەبوون. وەک یۆگمایا کەسایەتی عیرفانی و شۆڕشگێڕی نیپاڵی وتی: “دەوڵەمەندەکان چۆن بە فێڵ گەشە دەکەن/ دەڵێیت قەرزەکان کۆتاییان هات/ دەزانم مردووەکە قەرزەکانی داوەتەوە/بەڵام بە کوڕەکەی دەڵییت “زیاتر بدە”. ” (٢)

یەکێک لە وۆرکشۆپەکانی WSF وەڵامەکەی زۆر بە ڕوونی لە ناونیشانەکەیدا نووسیبوو: ” ساڵوەگەڕی قەرزەکان لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا.” لە کۆمۆنەکانی پاریسەوە تا کۆمۆنەی پاتان، بانکەکان ناوەندی شاراوەی دەسەڵاتن؛ هەر کەمپین یان شۆڕشێک کە دەست نەبات بۆ ناوەندی دارایی ناگات بە هیچ ئەنجامێک. سۆمیا دوتا لە هیندستانەوە دەڵێت: “بانکەکان داڕێژەری ئەجێنداکانن، خودی حوکمڕانی تێک دەدەن و لەم قەیرانەدا دەرفەت دەبینن، بانکی نێودەوڵەتیش باوەڕی وایە جیهانێکی دیکە مومکینە،” بۆیە وەڵامەکە ڕوونە: “قەرزەکان هەڵبوەشێننەوە!”

لە بەرانبەردا هەموو قەرزوەرگرەکانی جیهان، سوپایەک لە دالیتەکان یەک دەگرن. وۆرک شۆپ و کۆبوونەوەکانی دالیتەکانی سەرتاسەری باشووری ئاسیا ئەوەندە زۆر بوون پێیان ڕانەدەگەشتم. بەڵام لیستێک لە ناونیشانەکانیان پوختەی پڕۆگرامەکە دەخاتە ڕوو: قڕکردنی جیاکاری چینایەتیی. جیاکاری لە دژی منداڵانی دالیت و چارەسەر. گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر دالیتەکان کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان. تێکەڵبوونی خەباتی چینایەتی و خەباتی کاستەکان (چینی کۆمەڵایەتی هیندەکان) بۆ مافەکانی دالیت.  دایەلۆگ دەربارەی سیستەمی کاستی و سۆسیالیزم. گوتاری جیهانیی لەسەر ڕزگاری دالیت و هاوبەشیکردنی دەسەڵات لە سۆسیالیزمی دەوڵەتدا. لە ڕۆژانی کۆتاییدا هەموو شت بە درووشمی “هەر شتێک سەرکەوت دەبێت یەک بگرێت”ـی پەرلەمانی دالیت بەڕێوە دەچێت. لەو شوێنانەی حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی شکستیان هێناوە، کە بۆرژوازییەکان بێکەڵکن و حزبە سۆسیالیستیەکانیش لەوان باشتر نین، ستەملێکراوترین خەڵکی جیهان حکومەتەکانی خۆیان ڕێک دەخەن، ئابووری و شۆڕشەکانی خۆیان پەرە پێ دەدەن. تۆڕی نیشتمانی دالیت دەڵێت: “هیچ سۆسیالیزمێک بەبێ زاڵبوون بەسەر جیاکاری کاستیدا بوونی نییە،” واتا ئەمە پرسێکی جیهانییە نەک بە تەنیا لە باشووری ئاسیا.

ڕاست و درۆ و ساختە… ئێمە خۆمان دەبینینەوە؛ هیوا درۆکان و ترسە گەمژانەکان ئاشکرا دەکەین، ماسکی سەر ڕووخساری سەرکردە درۆیینەکان و شوێنکەوتووە ساختەکانیان لا دەبەین، چارەسەر و خۆراکە ساختەکەن ئاشکرا دەکەین. گوێم لە دەنگی ژنێکە لە وۆرکشۆپێکی دیکەدا: “چیتر متمانەم بە کۆمەڵگەی مەدەنی نییە! بناژۆخوازی، کۆمپانیاکان، حکومەتەکان… فریودانی سیاسیی ئەوەندە بە قووڵی دزەی کردووەتە ناو کۆمەڵگەوە، ناتوانیت متمانە بە هیچ کەرتێکی کۆمەڵگە بکەیت.” ئێمەی هاووڵاتیی خەریکە شارەزای پڕۆسەکە دەبین – چەندین جار فێڵمان لێ کراوە و ئیتر ئاگاداری دۆخەکەین. چالاکوانێکی گەنج لە مەکۆیەکی تردا وتارێکی توند دژی “کشتوکاڵی زیرەکی کەشوهەوا دەدات”: “ئێمە باوەڕمان بە چارەسەرە تەکنۆکراتییەکانتان نییە، ڕێگەتان پێ ناکەین ئەمە بکەن! مافەکانی خۆمان دەسێنینەوە!” ژنانی گوندنشینی بەنگلادیش ئەو برنجە بەپێزکراوە ناخۆن کە حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆیان دابین دەکەن. ناویان لێناوە “برنجی پلاستیک”.

کارەسات و پەردەداماڵین… ڕۆژانە لێرە سەدان کەس لە کۆبوونەوەکانی دادپەروەری کەشوهەوادا کۆ دەبنەوە، ناوبەناو لەهەمان کاتدا! بەشداربووانی بەنگلادیش ڕوونکردنەوەی زۆر لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن. یەک لەسەر سێی بەنگلادیش لە کەنار دەریا پێک هاتووە، لەم دواییەدا ساڵانە تێکڕای دوو گەردەلوول لێی داوە. ئەم ئەنجامەش بەهۆی کەمبوونەوەی ٦٥٪ی کشتوکاڵ و کەمبوونەوەی ٨٠٪ی دروێنەی برنجە.  ژنەکانی ئەم ناوچەیە و لەو دۆخەدا کە هەموو شتێک ڕێژەی خوێی بەرزە لەگەڵ مردنێکی خاودا دەژین و نەک ناتوانن خۆراکی ڕۆژانەیان دابین بکەن، بەڵکو ئەندامەکانی لەشییان لەکاردەکەوێت. ئەمە بابەتێکی ترسناکە، زۆر دوورە لە کەمپەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکانی باکووری زەوی کە خەڵک بە نەرمی دڵنەوایی یەکتر دەدەن سەبارەت بە “خەمخۆری ماندوێتیی” “مرۆڤەکان یان شریمپەکان؟” – بەنگلادیشییە کەنارییەکان لە مەودای زۆر نزیکدا ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبنەوە. “کاتێک ئاوەکە بەرز دەبێتەوە دەچنە کوێ؟” – وۆرکشۆپێک بۆ لێکۆڵینەوە لە “کۆچکردن بەهۆی کەشوهەوا و کۆیلایەتی مۆدێرن بەڕێوە دەچێت.” – لەم نێوەندەدا شتەکان لە سەرەوە، لە سەربانی جیهاندا زۆر ترسناکترن. لووتکەکانی هیمالایا خەریکە ڕەش دەبنەوە، ٤٠٪ی سەهۆڵەکە لەناو چووە. جەمسەری سێیەم زۆر خێراتر لە تێکڕای جیهان گەرم دەبێت. هیندوکوش ساڵانە بە تێکڕای شەش مەتر کەم دەبێتەوە. دەریاچە سەهۆڵبەندەکان لە پلە سەدییەکاندا بوون بە باڵۆن و بە دڵنیاییەوە لە لافاوێکی وێرانکەردا دەتەقنەوە. کاتێک ڕووبارەکان وشک دەبن و لەناو دەچن، بە بیلیۆنان کەس تینوو و برسی دەبن. لە ئێستاوە قەیرانی کوالیتی خۆراک لە ئاستی جیهاندا و تەنیا لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە. سێلێست ساولۆ، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانیی دەڵێت: “ساڵی ڕابردوو هەموو ڕیکۆردێکی گەورەی کەشوهەوا شکێنرا و ڕەنگە ٢٠٢٤ خراپتر بێت.”

بابەتێکی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی گاردیان(٣) ڕاپرسییەکی لەگەڵ سەدان زانای کەشوهەوادا کردووە. تەنیا ٦٪ی ئەو ٣٨٠ کەسەی بەشداریان کردووە پێیان وایە ڕێژەکە دەگاتە ١.٥سیلیسی. جۆناسان کوڵێن لە بەریتانیاوە دەڵێت: “١.٥ سیلیسی گەمەیەکی سیاسییە – هەرگیز ناگەین بەو ئامانجە.” در. روس سێرێزۆ-مۆتا لە مەکسیکەوە دەڵێت: “٣ سیلیسی هیواخوازانە و کۆنەپەرستانەیە.” کەمیلی پارمیزان لە فەڕەنساوە دەڵێت: “دەبێت چیتر بکەین تا خەڵک لە خراپی بارودۆخەکە تێبگەن؟” توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە لە گۆڤاری (Nature) بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتی جیهانی تا ساڵی ٢٠٥٠ بە یەک لەسەر پێنج کەم دەبێتەوە. کەواتە بۆچی کەس هیچ ناکات؟ زاناکانیش هەمان پرسیاریان لێ کراوە: تەنیا ٢٧٪ پێیان وابوو نەبوونی پارە کێشەیە. تەنیا ٦٪ پێیان وابوو کەمی تەکنەلۆژیای سەوز کێشەیەکی گەورەیە. تەنیا ٤٪ پێیان وابوو کە کەمی تێگەیشتنی زانستیی ڕێگریمان لێ دەکات بە کۆمەڵ کارێک بکەین لەم بارەیەوە. ئەوەی کە بەربەستە لێرەدا: “ئیرادەی سیاسییە”. چالاکوانێکی کەشوهەوا لە ئەمریکا دەڵێت: “سەرمایەداری بەباشی ڕایهێناوین.” مایکڵ مێرێدیس لە ئەنتارکتیکا لێکۆڵینەوە دەکات و دەڵێت: “هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە هێشتا دەکرێت کارەساتە خراپەکە ڕێگری لێبکرێت.” ستیفن هەمفرێی لە LSEەوە (قوتابخانەی ئابووری لەندەن ) هاوڕایە لەگەڵ ملیۆنان خەڵکی جیهان سەبارەت بەوەی پێویستە چی بکرێت و دەڵێت: “بێئەمری مەدەنیی… هەزاران کەس خراونەتە زیندان بەڵام بۆچی؟ چۆن دەتوانین ویژدانی تاکەکانی کۆمەڵگە بخەینە کار و بوێرییان تا ئەو ئاستە بەرز بکەینەوە کە پێویستە تا کاریگەری لەسەر سیاسەتی پیشەسازی جیهان دابنێت؟” جۆمۆ کوام سوندارام لە مالیزیاوە لەسەر ستەیجەوە وتارێک دەدات: “بزووتنەوە نایەکگرتووەکان دیسانەوە دەرکەوتنەوە. لەوێدا هیوا کۆتایی پێ دێت. پێویستە ئاشتیخواز بێت، بەڵام پاسیڤ نا. ئاسیا پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە، وەک ئەوەی لە ئەمریکا و ئەفریقا کردوویانە. با دووبارە NAM (بزووتنەوەی بێلایەنەکان) دژی ئەمریکا و ناتۆ سەرپێ بخەینەوە. با لە فەڵەستینەوە دەست پێ بکەین.”

چۆن ڕۆحەکانی جیهان بۆ ئەم ئەرکە خەیاڵییە کۆ بکەینەوە؟ شتێکم بیر دێتەوە کە سەرەتای هەفتەکە بینینم، ساتێکی ئارام و بەڵێندەرم پێ دەبەخشێت، لە کۆبوونەوەی دادپەروەری کەشوهەوای گەنجان، پیاوێکی گەنج بە ناوی جەلیب گۆرانییەکی وتەوە کە خۆی نووسیبووی، بە ناوی “دارستانی سەوز” – بە “سەرچاوەی سەرەکی شارستانییەت لەسەر زەوی” ناوی دەبات. من ناتوانم لە تێکستەکەی کە بە زمانی نیپاڵییە تێبگەم، بەڵام بە دەنگ و دڵێکی ڕاستەقینەوە گۆرانییەکە دەڵێتەوە، بەبێ یاوەری هیچ ئامێریکی موزیکیی و پشتگیرییەکی مێژوویی و ڕۆحیی هەیە. ژاوەژاوی کێبڕکێی ئەجێنداکان بێدەنگ دەبێت و هەموو گوێ لەم گۆرانییە دەگرن. میلۆدییەکەم لەبیر نەماوە، بەڵام هەرگیز هەستەکە لەبیر ناکەم: جوانی، بوێری و هیوا – تەنیا شتە ڕاستەقینەکان لە دەنگیدا بوونیان هەیە. سەرەتا بە کەمئەندام ناسێنرا، بەڵام نازانم بەڕاستی کەمئەندامەکان کێن؟ – هەموو ئەوانەی کە دەتوانن بە پێ بڕۆن و قسە بکەن و ببیستن و ببینن، بەڵام هیچ شتێک ناکەن نە بۆخۆیان نە بۆ یەکتر. جەلیب و هەموو ئەوانەی پێیان دەوترێت کەمئەندام لەم کۆڕبەندەدا بیری هێلین کێلەرم دەخەنەوە، کە جارێک شتێکی نووسیبوو بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک کە تەحەدای بۆچوونەکانی کردبوو؛ بە چەند وتارێک باسی پارادۆکسی تەواوی ژیانی خۆی کردووە – کە کوێر و کەڕ و داماو بووە، بەڵام شتانێکی دەبیست و دەبینی و دەوت کەسی تر نەیدەتوانی بیانکات:

تاریکی من پڕبوو لە ڕووناکی ژیربوونم و تۆش سەیرکە، جیهانی ڕووناکی دەرەوە لە کوێرایی کۆمەڵایەتیدا لە پەلوپۆ کەوتووە…! ئەگەر هەرکات بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبەی خەونی پێوە دەبینم، بەشداری بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی بکەم، دەزانم ناوی دەنێم چی: کوێربوونی پیشەسازی و کەڕبوونی کۆمەڵایەتی… هەر لە ئێستادا جیهان پڕە لە پێشبینییە کارەساتبارەکان… بەڵام ڕەنگە هیوایەکی زیاتر لە دۆخەکەدا هەبێت وەک لەوەی بیری لێدەکەینەوە. لە ژێر گێژاو و دارووپەردووەکەدا بیرۆکەیەکی گەورە بە هێواشی سەر دەردەهێنێت، بە وریایی و هەنگاوی تۆکمەوە. (٤)

کۆڕبەندەکە کۆتایی پێ دێت. هەموومان هەنگاو بەرەو کازیوەی کاتماندۆ دەنێین. چیتر لە ناو دڵی زیندووی جیهانێکی دیکەدا ناسووڕێینەوە، بەڵکوو دەبینەوە بە دژەتەن و دەگەڕێینەوە ناو موولوولە خوێنەکانی جیهانگیری نیۆلیبڕاڵ. ڕۆژی دواتر لە پەنجەرەی پاسەکەوە ڕێپێوانێک لە کەناری ڕێگاکەدا دەبینم. زۆرینەیان ژنی بەتەمەنن، تۆزی سەر جادەکەیان پێوە دەبینرێت، بوخچەیان لەسەر سەریان داناوە و لافیتەی کۆمونیستییان بەدەستەوەیە. هیچ ڕۆژنامە و قەرەباڵغی یان شاندێکی نێودەوڵەتییان لەدەور نییە تا چالاکییەکەیان تۆمار بکەن. گەڕاینەوە ناو جیهانی ڕاستەقینە، هیچ ڕێگەیەک نییە بمانگەیەنێت بە جیهانێکی دیکە، تەنیا ئەو دەروازەیە نەبێت کە لە دڵ و مێشکی خۆماندایە. نەمزانی ناوی ئەو ڕێکخراوە یان ئەو هۆکارە چییە کە وایکردووە ئەم ژنە پیرانە بێنە سەر جادە و ئەوەندە دوور بڕۆن تۆزی سەر ڕێگەکە هەڵمژن، هیچ کەسێکیش لەوێ نییە هانیان بدات. بەڵام بیرۆکە مەزنەکەیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. وردە وردە دەگەینە کۆتا هێڵێ ڕێگەکە – بەرەو ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک. بڵێی هەرگیز ناوی WSFـیان بیستبێت؟ هەرچییەک فێر بووبین لەوێ، ئیتر لێرەوە تاقیکردنەوەکەمان دەست پێ دەکات. ئایا دەتوانین ئەم زانیاریانە بۆ پرس و کەمپینە ناوخۆییەکان بەکار بهێنین؟ دەتوانین بەبێ هیچ لافیتەیەکی زەق و نامیلکەی شووشەیی و باقوبریق پرسەکەمان بگەیەنین بە جیهانە ئەشکەنجەدراوەکەمان؟ مۆسیقاکەمان بیستووە، بەڵام ئایا فێری سەما بووین؟ چەند کەس لە ئێمە بە بیرۆکەی تازەوە دەگەڕێینەوە کۆمەڵگەکانی خۆمان؟ یان تەنیا بۆ وێنەگرتن هاتووین؟ کات وەڵامی ئەمانە ئاشکرا دەکات، نهێنییەکانیشمان.

پاشەکی

دوای هەفتەیەک لە کۆڕبەندە گەڕامەوە کاتماندۆ، بانگهێشتکراوم بۆ کۆبوونەوەی یەکێک لەو گرووپانەی ئامادەکارییان بۆ کۆڕبەندەکە کردبوو. دوای ئەوەی میوانەکان ڕۆشتن و جەنجاڵییەکە کۆتایی پێ هات، ئامادەکاران دادەنیشن و لە نێوان خۆیاندا باسی پڕۆسەکە دەکەن، تا ئاماژە بە هەڵەکانیان بدەن، داننان بە سەرکەوتنەکانیان و بڕیاردان لەسەر ئەوەی چۆن بەردەوام بن لە داهاتوودا. پیرەکان و گەنجەکان، جووتیارێک، خوێندکارێک، وەزیرێک و چالاکوانێکی میدیایی. ئەمە ڕێکخستنی کشتوکاڵە بۆ خۆراک. ناوەکە ئاشکرای دەکات شتەکان چەند خراپ کەوتوونەتەوە. ئاخر کشتوکاڵ بۆ چییە ئەگەر بۆ خۆراک نەبێت؟

ئەوانیش هەمووی ڕوون دەکەنەوە. کشتوکاڵ لەم ڕۆژەدا بۆ بازرگانییە. کشتوکاڵ بۆ کاسبی؛ بۆ بازاڕەکانی هەناردەکردن؛ بۆ ئاڵوگۆڕی بیانیی، بۆ پارە. خۆراک لە کشتوکاڵی پیشەسازیدا ون بووە – بۆیە ئەم کۆمەڵە کەسە دەستیان کردووە بە پرسیارکردن دەربارەی کشتوکاڵ. بەڕاستی ئامانجی کشتوکاڵ چییە؟ ئەگەر بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکە کەواتە دەبێت بێ ژەهر بێ! چۆن نیپاڵ ناتوانێت کێبڕکێی کشتوکاڵ لەگەڵ هیندستان و چین بکات؟ بەڵام ساڵانە ٥٠٠٠ تۆن پەینیی کیمیایی هاوردە دەکرێت. بەڵام لەم نێوەندەدا ٧٠٪ی نەخۆشییەکان ناگوێزرێنەوە. بەرهەمەکان دەڕزێن و شتومەکی هاوردەکراو بەسەر یەکدا دەڕژێن. دێڕێکی گۆرانییەکی بەناوبانگ  دەوترێتەوە کە هەمووان دەیزانن، سەبارەت بەوەی چۆن گوندەکان بوونەتە ماڵی دانیشتووانە بەساڵاچووەکان.

بەڵام بەدیلەکان ئامادەن، وەک پریشک دەفڕن بەسەرماندا لەم کۆبوونەوەیە چەندین کاتژمێر بەردەوام دەبێت. “با بگەڕێینەوە بۆ ڕێچکەکانی ئەو کاتەی بودا لە ژیاندا بوو.” “با زیاتر لەگەڵ شارەوانییەکان کاربکەین و کەمتر لەگەڵ ڕیکخراوە ناحکومییەکان.” “پێویستمان بە تیمێک لە خەڵکە کە ئامادەبن سەرکێشی بکەن.” “ئێمە لە پراکتیزەیەکی خراپدا گیرمان خواردووە و بەبێ پارە ناتوانین هیچ کارێک بکەین. نەک تەنیا ئێمە بەڵکو هەموو کۆمەڵگە.” زۆرێک هاوڕان: ” تەنیا ڕێگە بەرەو داهاتوو بەشداریکردنی خۆبەخشانەیە لەلایەن هەر یەکەمانەوە.”

بە دڕێژایی ئەم ئەزموونە لە WSF پرسیارم لە زۆرێک لە نیپاڵییەکان کردبوو کە ڕایان لە سەر تێکڕای ئەم پرسە چییە. زۆربەیان چەندین مانگ کاریان کردووە تا ئەم کۆڕبەندە لە ڕووی لۆجیستییەوە بەڕێوە ببرێت. ئایا هیوا و چاوەڕوانییەکانیان چی بوون؟ هەموویان بە خۆشحاڵی و بە هیواوە وەڵامیان دەدایەوە، بەڵام ئێستا کە کۆڕبەندەکە کۆتایی هاتووە، لە نێوان خۆیاندا قسەیان دەکرد و کەشەکە جیاواز بوو؛ مامەڵەی هەستیاریان و میهرەبانییە کڵێشەییەکەیان ڕێی بۆ چەندین ڕەخنە و خودڕەخنەی بێبەزەییانە خۆش کردبوو: یەکێکیان دەڵێت “باشەکەین ئەگەر جارێکی تر ئەمە دووبارە بکەینەوە؟” وەڵامەکان ئەرێنین بەڵام گومانەکان بەردەوامن – دەربارەی وتاربێژی لاواز، دەربارەی گفتوگۆی ڕووکەش و ململانێی نێوان ڕێکخەران و بزووتنەوەکان. زۆرینە پێیان وایە دیزاین و فەزای گشتی پڕۆگرامەکە ڕیگری لە یەکگرتنی گەورەتری بەشداربووەکان کردووە: لە کۆتایی کۆڕبەندەکەدا پێنج ڕاگەیاندنی جیاواز لەسەر خۆراک و کشتوکاڵ هەبوون. “نەمانتوانی کۆڕبەندەکە بەکار بهێنین تا یەکێتییەک بنیات بنێین.” زۆرینەی کۆبوونەوەکان لە کۆنفرانسی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەچوون؛ سیاسی نەبوون. لە ترسی لەدەستدانی خێرخوازان بوێرییان نەبوو تا ڕاشکاوانە قسە لەمەڕ سەرمایەداریی بکەن. ” کریشنا پاودێل دەڵێت: “گەشەپێدان و سرووشت پێکەوە ڕێک ناکەون، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بۆی دەدرێت، لەم ڕوانگەیەوە کۆڕبەندەکە کارەسات بوو.”  ئوشا تیتیکشو دەپرسێت: “هیچ بیرۆکەیەکی ئۆریجیناڵ سەبارەت بە دادپەروەری کەشوهەوا سەری هەڵدا؟” “ڕاپۆرتی جوانکیلە دەربارەی کۆڕبەندەکە بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام کێ سوودمەند دەبێت؟” ئەم پرسیارانە پێش هەرکەسێکی دیکە بۆ خۆمانن. بەشێک لە بەڕێوەبەرانی کۆڕبەندەکە دەڵێن: “پێویستمان بە پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە هەیە سەبارەت بە پڕۆسەی WSF ئەگەر ئەمانەوێت سوودی لێ ببینین” “بە بەڵێنی درۆ سەرمان لێ شێوا. هەڵسەنگاندنی هەڵەمان کرد. بەڵام هەموو شتەکان مەرگ و تاریکی نین، دەبێت دان بنێن بە دەستکەوتەکانیشماندا، بە نموونەی زیندووەوە بێگومان.” “با لە ژووری کۆنفرانسەکە دەربچین؛ پێویستە خەڵکەکە نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.” “پێویستە توێژینەوەکان لەلایەن جووتیارانەوە سەرکردایەتی بکرێن نەک شارەزایانی سەر کاغەز، چونکە دەتوانین لە جووتیارانەوە فێربین.” پیاوێکی گەنج دەپرسێت: “با مامەڵەمان لەگەڵ دەوڵەت بگۆڕین – ئایا دەتوانین لەجیاتی ئەوەی فشار بخەینە سەر سیاسەت، خۆمان لەسەر زەوییەکان پراکتیز بکەین؟ تەنانەت شوێنێکی بچکۆلەش دەبێتە مۆدێلێک بۆ هەموو جیهان ئەگەر بەباشی کاری تێدا بکەین.” ئوشا لە وەڵامدا دەڵێت: “ئاسانە بۆ ئێمە کە لە دڵگەرمییەوە ئاواتەکانمان بنیات بنێین، بەڵام بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو هەستانەدا ڕاستگۆ بین، دەبێت بۆ بنیاتننانی زەمینەیەکی بەهێز ئاڕاستەیان بکەین.”

ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە دەبێت لە شوێنێکدا کۆتایی پێ بێت، تەنیا دەتوانێت ئەم دوا وشانە پێشکەشی نیپاڵییەکن بکات و بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی دەستمان پێ کردووە. ڕاپۆرتێک لە  WSFـەوە لە نیپاڵ دوو جار مەحاڵە: یەکەمیان بەهۆی دژایەتییەکانی هیمالایا بۆ نیپاڵ، دووەمیان WSF خۆی. ناتوانی بە چاوێکی بچووکەوە بڕوانیتە هیچ کامیان، چونکە هەردووکی زۆر فراوانن. نیپاڵ هەموو سیستەمی جیهان بانگهێشت دەکات. مەنجشووری تاپا دەنووسێت: “ئێستا بڕۆ بۆ هەر گوندێکی نیپاڵ، کەسانێک دەدۆزیتەوە کە بەختیان بەندە بە بازاڕی جیهانیی… لەمڕۆدا نیپاڵییەکان لە جیهاندا چەسپاون و جیهانیش لە نیپاڵدا چەسپاوە.” (٥) WSF بە شێوازی خۆی ئەو پەرەسەندنە نیشان دەدات کە سری ئاورۆبیندۆ ناوی لێ نابوو (Overmind) و رالف والدۆ پێی دەوت (ڕۆحی جیهان) – وەک چۆن ئەمانە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مێژوودا مانیفێست دەبنەوە. پابەندبوونی بە فەزای گشتییەوە دڵنیا دەکاتەوە کە دژایەتی هەموو کیشوەرەکان پیشان دەدرێن. گێڕەرەوەیەک بوونی نییە هەموو شتێک بزانێت. ئەرکەکە ئەوەیە هێڵێک هەڵبژێریت و دەرزییەکەت ئامادە بکەیت تا ڕێڕەوێک لە ناو گێژاوەکەدا دابڕێژیت و دەست بکەیت بە کارکردن تێیدا. سیحراوی بوونی هەموو شتەکانی ئێرەش کارەکە ئاسان ناکەن، تەنانەت بە هەموو ئەو وزە جادووییەی هەزار ساڵە کۆ دەبنەوە و سەر و دڵت پڕ دەکەن لە دڵنیاییەکی سەمەرە. ئایا دەکرێت ئادۆلۆژیا و ڕۆحیانەت و گرنگی جیۆپۆلۆتیک هەمووی بەیەکەوە باس بکرێن و بکرێنە ڕاپۆرت؟ وەک ناندا دێڤی بەپێی تێنزینگ نۆرگای دەڵێت: “بێگومان (مەحاڵ) نییە، بەڵام لە هیچ شوێنێک شتێکی لەو جۆرە نییە.” (پاش ئەڤەرێست). بەڵام وەکو ئاڵپینیزم، تەنیا متمانە بە نیپاڵییەکان دەکرێت کە ڕێنماییت بکەن. تاکە ڕێگە بۆ دۆزینەوەی هێڵەکە بە شوێنکەوتنی شوێنپێی ئەوانە. هیچ نیشانەیەکمان بۆ دانەنراوە لە لووتکەی شۆڕشەکانی جیهان و بەئاگاهاتنەوەی جیهاندا تا بەدوایدا بکەوین، بەڵام دەتوانین بە هەناسەبڕکێوە بە ناو ڕەشەبادا بەردەوام بین لە ڕێکردن کاتێک نیپاڵییەکان پێشەنگایەتی دەکەن. شاباش، هەڤاڵان. سوپاس: ڕەنگە ئێوە بتوانن میهرەبان بن لە جیهانێکدا کە دەسەڵاتدار و خراپەکاران حکومڕانی دەکەن، بەڵام بە بەهێزیەوە لە سیستەمێکدا ڕاوەستاون کە بە خێرایی دادەڕمێت، ئێمەش سەرتان بۆ بەرز دەکەینەوە وەک چۆن سەر بۆ شاخەکان بەرز دەکەینەوە، کە ژیانتان و خەونەکانتان و چارەنووستان لەخۆ دەگرن.

سەرچاوەکان:

(١) پاش ئەڤەرێست، تێنزینگ نۆروەی شێرپا،١٩٧٧

(٢) یۆگمایا و دورگا دێڤی: ژنانی یاخیبووی نیپاڵ، لە نووسینی باربارا نەمری عەزیز، ٢٠٢٠

(٣) “بێهیوا و شکاو” گاردیەن، ٤ی ئایاری ٢٠٢٤

(٤) هێلین کێلەر، ساڵانی سۆسیالیستییەکەی، لەلایەن فیلیپ س. فۆنەرەوە سەرپەرشتی کراوە، ١٩٦٧

(٥) ئەو ژیانانەی لەدەستمان داون: وتار و تێڕوانینەکان دەربارەی نیپاڵ، مەنجوشری تاپا، ٢٠١٣

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.