کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بڵاوکرایەوە
پەرلەمان کۆنووسی کۆبوونەوەی سێ پەرلەمانتاری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بڵاوکردەوە.

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوڵستان کلچ کۆچیگیت و جێگری سەرۆکی گشتی ئاکەپە حوسەین یایمان و جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە فەتی یەڵدز لە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لەسەر ناوی کۆمیسیۆنی پەرلەمان چوونە سەردانی دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە.
پاش دوو مانگ، پەرلەمان بە ناونیشانی کۆنووسی کۆبوونەوە لە زیندانی ئاسایشی باڵای ئیمراڵی، کۆنووسەکەی لە ماڵپەڕەکەی بڵاوکردەوە.
تەواوی کۆنووسەکە بەم جۆرەیە:
” سەرەتا ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی کورد پرسێکی هەزار ساڵەیە و ئەم پرسە سێ قۆناغی هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا دەبێت رەچاوی دۆخی هەنووکەیی بکرێت. ئۆجالان ویستی ئەو هەڵە گەورەیەی لە مێژوودا کراوە، بەگوێرەی ئایدۆلۆژیای فەتی (یەڵدز) بەگ ڕوونبکاتەوە.
یەکەم شوێن کە لە ئەنقەرە سەردانی کردووە، ئولکو ئۆجاق بووە، لەوێ دەستی بە کاری سیاسی کردووە. پرسی کورد لە دەوڵەتەوە بۆ قۆناغی سیاسی تێپەڕبووە. ئێستا ئەو پرسە گرنگە لەگەڵ سیاسەتمەداران تاوتوێ دەکات و گرنگییەکی زۆری پێدەدات.
دەیەوێت سەرەتا سوپاسی بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی بکات، بەتایبەت بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کە بوێرییەکی نیشانداوە لە مێژوودا دەگمەنە و بەم بۆنەیەوە بە خۆشحاڵییەوە یادی دەکاتەوە.
سوورە لەسەر قسەکانی، ئەگەر هەلومەرجەکان گونجاو بن، توانای تیۆری و پراکتیکیی هەیە بۆ جێبەجێکردنیان.
بەڕێز باخچەلی بە وتەکانی، بەشدارییەکی گەورەی لە سیستەمی پەیوەندیی سەد ساڵەی نێوان تورک و کورد کردووە.
لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، واتە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا، بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ ئەرداڵ ئینۆنو و لە سەردەمی سولەیمان دەمیرەل لەگەڵ دەوڵەت لە پەیوەندی و دیالۆگدا بووە.
باڵێک لەناو دەوڵەتدا نایانەوێت پرسی کورد لەگەڵ خۆی و پارتەکەیدا چارەسەر بکرێت و هەموو جارێک میکانیزمی کودەتا جێبەجێ کراوە.
(دەربارەی وتەکانی حوسەین یایمان کە گوتی ‘بە هەستکردن بە ڕەوشی بنەماڵەی شەهیدانەوە هاتووینەتە ئێرە’) ڕایگەیاند کە مردنی هەر سەربازێک لای ئەو تراژیدیایە، هەرگیز ئەمەی نەویستووە، نەدەبوو ئەو گەنجانە بمرن.
ئەگەر تورکیا و هەرێمەکە چارەسەرێک بۆ پرسەکە بدۆزنەوە و دەرگایەکی ڕاست بخەنە سەر پشت، دەرفەتێکی گەورە دەکرێتەوە، کە دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ دیزاینکردنەوەی هەرێمەکە.
ئەگەر سەرکەوتن بەدەست نەهێنرێت، میکانیزمی کودەتا لەدژی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و بەڕێز سەرۆککۆمار بەکاردەهێنرێت، بەڕێز دەوڵەت باخچەلیش لە وتەکانیدا ئاماژەی بەمە کردووە.
محەمەد عەلی بیراند لە ساڵی ١٩٨٨ بەبێ مۆڵەت ڕیپۆرتاژێکی لەگەڵدا کردووە، لەسەر ئەمە ئۆزال پەیوەندی بە محەمەد عەلی بیراندەوە کردووە و پێی گوتووە ‘چی دەکەیت محەمەد عەلی، منت سووتاند’، دوای گەڕانەوەی بۆ ئەنقەرە، بە هەموو توانای خۆیەوە کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەکات، بەڵام دوای ئەوەی ئەم ڕیپۆرتاژە لە ڕۆژنامەی میللەت بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لەسەریەک بڵاوکرایەوە، ئۆزال تیرۆرکرا. کاتێک بیراند سەردانی بەڕێوەبەری سەرنوسەری تورگوت ئۆزال، کایا تۆپەری کرد بۆ چاوپێکەوتنەکە لە ١٧ی نیسان، تۆپەر بە بیراندی وتووە کە ‘ئۆزال لەناکاو مردووە، تیرۆر کراوە، گومانی لە مردنی ئۆزال هەیە، مردنی ئۆزال پەردەپۆش کراوە’. ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو نەبێت، هەمان شت نەک تەنها بەسەر بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، بەسەر هەموو مەهەپەییەکاندا دێت، هەمووانیش لایان ئاشکرایە چی بەسەر ئەردۆغاندا هات.
بەردەنگەکانیشی دەزانن کە ئەو کراوەتە پاساوی هەموو خراپەکارییەکان، کە هێرشەکانی بەرامبەری هێرشن دژی ئاشتی و یاسای برایەتی، کە هەندێک لەوانەی هێرش دەکەنە سەری ‘سیخوڕی کاریگەری’ن و هێرشەکانی دژی بەئاگاییەوە ئەنجام دەدەن.
خودی دەوڵەت باخچەلی دەڵێت ‘ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت، شتێک بە ناوی تورکبوون لە ئەنادۆڵدا نامێنێتەوە’.
مستەفا کەمال لە چاناکالە شەڕێکی گەورەی کرد، بە ئەنزاکەکانی وت، ‘شەهیدەکانتان شەهیدی ئێمەن’، پێویستە بنەماڵەی شەهیدەکانیش بەم شێوەیە پێناسەی ئەو بکەن، ئەو بە ڕێزەوە سەیری بنەماڵەی شەهیدەکان دەکات و قەبارەی ئازارەکانیان دەزانێت.
لە ڕابردوودا بە سەرۆکی ژیتەمی گوتووە، ‘ئێوە ئەم پرسەتان گەیاندۆتە ئەم ئاستە و خستووتانەتە ئەستۆی من’، ئەو چوار فەرماندەیەی کە هاتوون بۆ قسەکردن لەگەڵیدا پێیان وتووە، ئەگەر نەگەنە هیچ ئەنجامێک، ئەوا لەسێدارەدانەکەی پەسەند دەکرێت، ئەویش لە وەڵامدا وتویەتی، ‘لای من جگە لە چارەسەرێکی دیموکراتیک هیچ چارەسەرێکی تر نییە’،
نوێترین سیستەمی ڕێککەوتنی ئەمریکا و بینیامین نەتەنیاهوو بە پەیمانی ئیبراهیم ناودەبرێت، پڕۆژەیەکی وەها لە ئارادایە، پڕۆژەی شیعەی ئێرانی هەیە، ئێستا هەندێک پاشەکشەیان کردووە، بەڵام بانگەشەکانیان بەردەوامە.
هەرچەندە پرۆسەی چارەسەریی پڕە لە گرژی و ئاڵنگاریی گەورەی لەبەردەمدایە، بەڵام ئاستێک لە پێشکەوتن هەیە، نەک تەنها لەڕووی نیازپاکییەوە، سەرەتای کردنەوەی دەرگایەکە بۆ سەد ساڵ و هەزار ساڵ لە داهاتوودا، کردنەوەی دەرگای چارەسەر و برایەتییە بۆ ئێستە و سەد ساڵ و هەزار ساڵی ئاییندە.
سەرەڕای پرۆپاگەندە نالۆژیکییەکانی ڕاگەیاندنەکان، پرسی کورد لە تورکیا بوونی هەیە و گەیشتووەتە ئاستێک کە ناتوانرێت دوابخرێت. چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی دەوێت.
ئەو دەستەی بەڕێز باخچەلی درێژی کرد، وتارەکەی بەڕێز سەرۆککۆمار لە مەلازگرت بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ بوو، لەگەڵ ئەمەشدا باخچەلی دووپاتی کردۆتەوە کە دەستی درێژ دەکات، لە لایەکی دیکەوە لە قەندیل چالاکییان ئەنجام داوە، ڕووداوی توساش ڕوویداوە و ئەمەش نیگەرانی کردووە.
باخچەلی لە وتارەکەیدا بۆ فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان قسەکانی ئەوی بەبیرهێنایەوە، “ئەگەر دەرفەت هەبێت، خزمەتی دەوڵەت دەکەم” و وتویەتی، “فەرموو، با بێ لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسەبکات، تەنانەت مافی هیواش جێبەجێ بکرێت”، ئەم بانگەوازەی باخچەلی بە مێژوویی ناوبردووە.
سوورە لەسەر بەڵێنەکانی، ئەگەر هەلومەرجەکان گونجاو بن، توانای تیۆری و پراکتیکیی هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم چارەسەرە.
کەسانی تورکیش لەو ڕێکخستندا هەن کە دوران کاڵکان پێشەنگایەتی دەکات کە بە ڕەچەڵەک تورکە. هەمیشە کۆمەڵێک کەسی بەڕەچەڵەک تورک لە ڕێکخستنەکەدا هەبوون. ئەمە هەر لە سەرەتاوە نەریتێک بووە. کاتێک دیدگاکەی گەیشتووەتە قەندیل، ئاگربەستی تاکلایەنەیان ڕاگەیاند و تا ئێستاش پابەندن.
تیشکی خستووەتە سەر بانگەوازی ٢٧ـی شوبات، ئەمە دەبێت بە تایبەتی بیربهێنرێتەوە، هەموو ڕستەیەکی بانگەوازەکە هەڵگری تایبەتمەندیی پرۆگرامێکە، هەموو ڕستەیەک پرۆگرامێکە، (فەتی یەڵدز لەم بارەیەوە وتویەتی، ‘ئێمە ئاگاداری ئەمەین’)
لە بانگەوازەکەیدا ڕێگای چارەسەرکردنی پرسی کورد دانراوە، قەندیل یەک بە یەک مەرجەکانی جێبەجێ کردووە و پەکەکە کۆتایی بەو کار و چالاکییانە هێناوە کە لەژێر ناویدا دەکرێن، دوای ئەمەش چالاکیی سووتاندنی چەک بە پێشەنگایەتی بەسێ (هولیا ئۆران) ئەنجامدرا، لەو چوارچێوەیەدا بەسێ بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ، بەم هەنگاوە، لەسەدا ٧٠ی کارەکان ئەنجامدرا، دوای ئەمەش، بە پێشەنگایەتی سەبری ئۆک، ئەندامانی ڕێکخستنەکە لە تورکیا کشانەوە.
ئەو ساڵەی لە پرۆسەکە تێپەڕیوە بە سەرکەوتوو دەزانێت، لەم ماوەیەدا کەس گیانی لەدەست نەداوە و شەڕ ڕووی نەداوە، هەروەها کرانەوەیەکی سیاسیی گەورە بەدەست هاتووە و پشتیوانیی ڕای گشتی زیادی کردووە، پێیوایە لە پرۆسەی داهاتوودا پرسیار و نیگەرانییەکانی ڕای گشتیش وەڵام دەدرێنەوە و ناهێڵرێن.
وەک باخچەلیش وتویەتی دەبێت دەرفەتی پەیوەندیکردنی بۆ بڕەخسێنرێت.
لەماوەی ڕابردوودا س. دەمیرەل لە مێردین گوتبووی ‘ڕاستینەی کورد دەناسم’، هەروەها لەو سەردەمەدا ئەحمەد تورک و سڕڕی ساکک ـی ناردبووە لای ئەو لە حەلەب و پێی وتبوون ‘ئێمە دان بە ناسنامەی کورددا دەنێین، ئێوەش چەک دابنێن’، ئەو کاتە ئەو دەرفەتەی لەدەست داوە، بەڵام س. دەمیرەل زۆر کاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.
هەروەها لە ساڵی ١٩٩٧دا نەجمەدین ئەربەکان هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ. حافز ئەسەد و عەبدولحەلیم خەدام بانگی ئەو (ئۆجالان)یان کردووە و ٣ نامەیان پیشانداوە. نامەکان پێشنیاری وەک چوونە ناو سیاسەت دوای ٥ ساڵ و هتدیان تێدابوو، بەڵام دواتر کودەتای ٢٨ی شوبات ڕوویدا و هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەر نەمایەوە.
لە ساڵی ١٩٩٧ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (MGK) پەیوەندی بە سەبری ئۆکەوە کردووە و لە ژێر ناوی ‘پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان’ کۆبوونەوە، بەڵام دواتر ئەمە لە ئەنجامی دەستوەردانی دەرەکییدا شکستی هێنا.
فەرماندەی هێزە وشکانییەکان ئاتیلا تاش لە کیلیس گوتویەتی ‘ئەگەر دەرنەچێت لە ماوەی دوو رۆژدا سووریا داگیر دەکەین’، دانوستانێکی چڕ هەبووە کە دەزانێت لەڕێگەی مۆسادەوە بووە، رێگایەک کە عەرەفاتیان تێوەگلاند، پێیان گوتووە ‘یان ستۆکهۆڵم یان باکووری عێراق، بەدەر لەمانە شوێنێک بۆ مانەوەت لەم جیهانە نەماوە’، بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەمە ویستویەتی بچێتە باکووری عێراق، بەڵام بەهۆی نەگونجانی هەلومەرجەوە چووەتە ئەسینا، لەوێ ئەفسەرێکی گشتی هەواڵگری یۆنانی بە ناوی ستاڤراکیس پێی وتووە، ‘ناتوانیت لێرەوە بچیتە هیچ جێیەک بێجگە لە ئۆسلۆ، ئێمە ڕێگەت پێنادەین بچیتە هیچ شوێنێک’، بەمەش سەری سووڕماوە، و بەبێ پلانسازیی چووەتە مۆسکۆ، لەوێ پیاوێکی جوو بە ناوی ژیرینۆڤسکی (ڤلادیمیر) پێشوازی لێکردووە و وتویەتی: ‘لە ماڵێکدا دەتشارینەوە، هیچ بژاردەیەکی تر نییە’. ئەویش بە ژیرینۆڤسکی وتووە، ‘ئەمان سەر بە پارتێکی فەرمیین، چۆن دەبێت لە مۆسکۆ بشاردرێنەوە؟’. پێشنیارەکەیانی بە نالۆژیکی بینیوە، لەکۆتایی چیرۆکەکەدا پەیامەکە ئەوە بووە ‘جگە لە مۆساد هیچ شوێنێک شک نابەی لە جیهاندا پەنای بۆ ببەی’.
تا دووشەنبە بردوویانە و بۆ ماوەی ٣ بۆ ٤ کاتژمێر لە سەرمادا وەستێنراوە، بیری لەوە کردووەتەوە چۆن دەبێت مۆسکۆی سۆسیالیست-کۆمۆنیست بگاتە ئەم حاڵە، پاشان چووەتە ڕۆما، لەوێش پێی وتراوە ‘سی ئای ئەی و مۆساد ناهڵین چۆلەکەش بفڕێ’. دووبارەی ئەسینای تاقی کردووتەوە و ئەمجارە لە فڕۆکەخانەی مینسک پێی وتراوە ‘دەتوانی وەک کەسێکی بێ وڵات لێرە بمێنیتەوە’، لە بەرانبەر ئەم وتە ناشیرینەدا، بڕیاریداوە بچێت نایرۆبی و لەوێوە چیرۆکەکە لە کۆنتڕۆڵی وی دەرچووە، باڵیۆزێک کە بە ئەگەری زۆر سیخوڕی بەریتانی بووە، دەمانچەیەکی پێداوە و پێی گوتووە ئەمە تاکە پاسەوانتە و با هەمیشە لەلات بێت، دواتر ژیتەم پێی وتووە ‘ئەگەر ئەو دەمانچەیەت بەکاربهێنایە بە دڵنیاییەوە لەوێ دەمانکوشتی’، ئەمە بۆیە دەگێڕێتەوە چونکە باسەکە پەیوەندییەکی نزیکی بە باخچەلییەوە هەیە.
ئەگەر دەستوەردان نەکات، شەڕی کورد و تورک بۆ ١٠٠ ساڵی تر بەردەوام دەبێت و ئەم دەستوەردانە بە گرنگ دەزانێت.
تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابێ. باخچەلی زۆر گرنگی بەمە دەدات. ئەمە ئایدۆلۆژیای کۆمارە. پەیوەندی بە پۆزەتیڤیزمەوە هەیە کە تەسفیەکردنی کورد بە پێویست دەزانێت. تورکمانەکانیش لە هەمان حاڵەتی تەسفیەکردنن. ئەوانیش ڕووبەڕووی تواندنەوە کراونەتەوە. بۆ ئەوەی ئەم شتانە ڕوون بکاتەوە، باس لەوە دەکات ‘چۆن برینە سەرەکییەکان هەڵدرانەوە، سەرهەڵدان ڕێگەی بۆ چی خۆش کردووە’.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەم ئایدۆلۆژیایە (ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە هەوڵی تەسفیەکردنی کورد دەدات) تا ڕادەیەکی دیاریکراو لە تورکیا کاریگەرە، بەردەنگەکانی ئەم شتە باش دەزانن و هۆکاری هەموو سەرهەڵدانەکان خودی ئەم ئایدۆلۆژیایەیە.
کاتێک ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید دەستی پێکرد، ئایدۆلۆژیای شەڕی ڕزگاری (تورک) بە تێگەیشتنی ئومەتی ئیسلامی ئەنجامدرا، پاشان کاتێک کۆمار لەم تێگەیشتنە دابڕا، ئەمە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئەو کاردانەوەیە بووە مایەی سەرهەڵدان، (فەتی یەڵدز ڕایگەیاند کە هەموویان بە سەرهەڵدان ناودەبرێن بەڵام هیچیان سەرهەڵدان نەبوون، زۆرینەیان ڕووداوی توندوتیژانەن).
ناوی ڕاپەڕینەکانی کورد بۆتە ڕاپەڕینەکانی کوردایەتی، خۆی لە خۆیدا سەرهەڵدانە، هەرچەندە ناوی لێ نراوە ‘شەڕی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی مۆدێرن، شەڕی گەریلا’، سەرهەڵدانی کورد لەوە تێنەپەڕیوە، گۆڕاوە بۆ دۆخێکی تراژیدیی، لە ساڵی ١٩٩٣دا ویستویەتی کۆتایی پێبهێنێت، ئۆزال لە ڕێگەی تاڵەبانییەوە پەیامێکی بۆ ناردووە.
ئۆزال لە پەیامەکەدا وتویەتی، ‘هەموو ئەو شتانەی دەیکەن هەڵە نین، تۆ ڕۆڵی خۆتت بینیوە لە ناساندنی ناسنامەی کورد، ئەگەر پێداگری لەسەر شەڕی چەکداریی بکەیت، هەموو هەوڵەکانت بەهەدەر دەڕوات’، ئەو بیری لەمە کردووەتەوە، بەڵام زۆر درەنگ بوو، ئۆزال لەسەر حەق بوو، بەڵام لەو کاتەدا ئۆزال مردووە.
ئەو گەواهیدانی ئەندامانی کۆمسیۆن بە گرنگ دەزانێت، ئەوان گەواهیدەری زانستین، بەڵام پێویستە بڵێن ‘زانست ئەمە دەڵێت’، چەواشەکارییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان.
نامەیەک لە زیندانەوە هات کە تێیدا هاتبوو، “پرۆسەی داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە هەڵگیرسانی سەرهەڵدانەکانی کورد دەستی پێکرد”. عەبدولحەمید ڕێوشوێنی گرتەبەر و قوتابخانەکانی حەمیدیەی دامەزراند. ئەم ڕێوشوێنانە زۆر جددی بوون. عەبدولحەمید تێگەیشت کە سەرهەڵدانەکانی کورد هۆکاری داڕمانی عوسمانییەکانن.
سوڵتان عەبدولمەجید هەوڵیدا لەگەڵ میرنشینە کوردییەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی دۆستانە، لە بەرامبەردا قەیسەرییەتی ڕووسی و فەرەنسا هەوڵیاندا دەوڵەتی سریانی لە سووریا و دەوڵەتێکی ئەرمەنی لە باکوور (ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ) دابمەزرێنن.
وتەکانی بەڕێز باخچەلی سەبارەت بە قودس و سەڵاحەدینی ئەیووبی زۆر گرنگن. بەنیسبەت ئەوەوە، پێکهێنانی یەکێتیی کورد و تورک ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە لە فەتحکردنی قودسدا.
داپیرەی بە ڕەچەڵەک تورکمان بووە.
سوڵتان سانجاری سەلجووقیەکان پایتەختی پێشووی مادەکان، هەمەدانی وەک پایتەختی خۆی هەڵبژاردووە.
دەزانێت لەم جوگرافیایەدا ‘تورک بە بێ کورد ناژی و کورد بە بێ تورک ناژی’.
لە پشت سەرکەوتنی سوڵتان ئاڵپئەرسلان لە مەلازگرت، پشتیوانی میرنشینی مەروانی لە فارقین و میرنشینی کوردی لە خەڵات هەیە، ئەمەش بە وردی لە کتێبی عوسمان توران، باسکراوە.
کوردەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە سەرکەوتنی مەلازگرت، ئەمەش دەروازەکانی ئەنادۆڵی بەڕووی تورکەکاندا کردەوە، بەڵام فراوانتر بووە بۆ فورات و ڕحا و مەلاتیا کە دەرفەتی هەناسەدانی بە کورد بەخشی.
هەروەها ئەتاتورک بە سەرۆک عەشیرەتێکی بازیدی وتووە، “ئەگەر لەم شەڕەدا شەڕی یەکتری بکەین، نە کوردستان دەمێنێت نە تورکیا، هەردووکیان لەدەست دەچن”، جگە لە یەکێتیی هیچ ڕێگەیەکی تر نییە، ئەوکات لە شەڕەکەدا سەرکەوت و پشتیوانی کوردی لەبیر کرد.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەولێر کۆنگرەیەک بەسترا و لە ئەڵمانیاش کۆنگرەی جوو-کورد بەسترا. ئەمانە زۆر گرنگن. ئایا بەردەنگەکان ئاگاداری ئەمەن (فەتی یەڵدز بە ‘بەڵێ’ وەڵامی دایەوە).
بۆ تێگەیشتن لە هێزی مۆساد باسی ئەمە دەکات، لە ڕابردوودا پێیان وتووە ئەو فڕۆکەیەی ئەوی تێدایە ناتوانێ لە هیچ وڵاتێکی ئەورووپی یان وڵاتێکی ناتۆ بنیشێتەوە، کۆنتڕۆڵێکی بەرفراوانیان کردووە، ویستویانە لەلایەن تورکێکەوە تیرۆر بکرێت، لەو حاڵەتەدا ڕێکخستنەکە دەهاتە ژێر فەرمانی ئەوان، هاوشێوەی غەززە، تیرۆر و کۆمەڵکوژیی ڕوویدەدا، لەو کاتەدا کەسانێک خۆیان سووتاند، قیامەتیان هەڵدەساند، ئەمڕۆش دەبێت ئەمە بە بەردەنگەکانمان بڵێین، تا ئەمڕۆش گرنگی خۆی پاراستووە، مێژوو بەو شێوەیە بەرەو پێش دەچێت، بەرئەنجامی هەنگاونانە بەبێ دوودڵی.
بۆ شرۆڤەکردنی ئێستە ئەم زانیاریانە پێویستن، بۆیە باسیان دەکات.
چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی بەردەنگەکانییەوە.
هۆکاری سەرهەڵدانەکەی پەکەکەی ڕوونکردەوە، بۆچی بڕیارەکانی ئێستەی سەبارەت بە پەکەکە داوە و ویستی میکانیزمەکانی ئەو مەترسییە گەورەیە ڕوون بکاتەوە، ڕەنگە هەموو شتێک بەو شێوەیە نەبێت کە دەزانرێت، نابێت بە هەڵە تێبگەین.
باخچەلی لانیکەم هێندەی ئەو دەوڵەت دەناسێت، ڕەنگە ئەویش زیادەڕەوی کردبێت بەڵام دەبێت هەموو ئەگەرێک لەبەرچاو بگیرێت، ئەزموونی ئەو لەم ڕووەوە زۆرە.
(بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو لایەنانەی هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن زۆر بەهێزن).
ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) بڕوای وایە بەباشی مەهەپە دەناسێت، گەر مەهەپەییەکان بڕوایان بە باخچەلی نەبووایە پشتگیرییان نەدەکرد.
دوایین بڕیاری جەهەپە (بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان) زۆر جێی سەرنج بووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە جەهەپە لە پڕۆسەکە دوور بخرێتەوە.
لە ئێستادا هەندێک پیلان لە سووریا ئەنجام دەدرێت، ئەو زۆر باش سووریا دەناسێت چونکە ٢٠ ساڵ لەوێ ژیاوە.
ڕەنگە کۆمیسیۆنی پەرلەمان لە هەندێک بابەتدا لە ئەو ئاگادارتر بێ، بەڵام لە هەندێک بابەتدا لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان ئاگادارترە.
باسی هەنگاوی گرنگ بۆ کۆمەڵگا دەکات، ئەو لە بنەڕەتدا پێی وایە دەبوو ئەو بڕیارانەی ئێستە لەبارەی پەکەکەوە دراون لە ساڵی ١٩٩٣دا جێبەجێ بکرایە، پەیوەندی نێوان تورک و کورد پەیوەندیی پێکەوەژیانە، لەم چوارچێوەیەشدا نموونەی زیا گۆکالپ دەهێنێتەوە.
نە پەیمانی ئیبراهیمی کە ئیسرائیل دەیەوێت و نە پڕۆژەی شیعە کە ئێران دەیەوێت بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەمان گونجاو نییە، لەبری ئەمانە، ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک گرنگترە.
پێویستە هەمووان بە وردی لە بونیادی دیموکراتیکی کورد تێبگەن، باسی دەوڵەت ناکات، چەندێک بەردەنگەکانی لایەنگری ناسیۆنالیزمی دیموکراتیک بن، ئەویش ئەوەندە لایەنگری کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
لە هیچ بەشێکدا باسی دەوڵەت ناکات، بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی ئەمە باش دەزانێت، (فەتی یەڵدز باسی لەوە کرد، ‘نە دەوڵەت و نە قەوارەی فیدراڵ و نە خۆبەڕێوەبەری ناگرێتەوە’، عەبدوڵا ئۆجالان بە ئەرێ وەڵامی دایەوە).
لە ئەنجامدا ئەو دەوڵەتەی بەدوایدا دەگەڕێن کۆماری تورکیایە، ئەو بە ڕوونی ڕایگەیاندووە، کورد لەگەڵ ئەم دەوڵەتەدا جێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت، ئەوان خۆیان لە فۆرمێکی دیموکراتیکدا ڕێکدەخەن، پەیوەندی بە خۆبەڕێوەبەریی فیدراڵەوە نییە، ئەمە داهێنانی ئەو نییە، ئەمە سۆسیالیزمی بنیاتنراوە، بە چەپەکانی وتووە، ئەوەی سۆسیالیزمی ٢٠٠ ساڵەی هەڵوەشاندەوە، هەر سۆسیالیزمەکەی خۆیانە.
وەک ئەنجام دەبێت کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمار ئینتگرە (تێکەڵ) ببن.
ڕیشەی چەمکی کۆمۆن کوردییە، واتای کۆمەڵ و کۆبوونەوەیە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا مانای شارەوانی، شارەوانی گەل، هەرەوەزیی، دیموکراسی خۆجێی دەگەیاند، ئەمە بۆ تورکیا پێشنیار دەکات.
ئەوەی بۆ تورکیا دەیەوێت، بۆ سووریاش دەیەوێت، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە دیموکراسی خۆجێی و کۆمۆنە (شارەوانی دیموکراتیک)، ئەو هەموو ڕۆژێک بیر لەم بابەتە دەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان (قەسەدە) دەکات، پێی وایە (عەبدوڵا ئۆجالان) ئەوانیش گوێی لێی دەگرن بەڵام تاکلایەنە مامەڵە ناکەن، پێویستە ئەحمەد شەرعیش هاوشانی قەسەدە هەنگاوبنێت بۆ سووریایەکی دیموکراتیک.
ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) لەخۆڕا مێژوو ناگێڕێتەوە، باس لەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمێکی عەرەبی بەهێز لە سووریا هەیە، تورکمانیش لەوێ هەن، قەسەدە هاوشێوەی کورد مافەکانی ئەوانیش دەپارێزن.
هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکانی ٦ـی شوبات دەربڕی و (عەبدوڵا ئۆجالان) دەیەوێت بۆ یادی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە ئەم کارە بکات.
سەبارەت بە پرسی سووریا، (فەتی یەڵدز باسی لەوە کردووە کە قەسەدە لە ١٠ـی ئادار ڕێککەوتنێکی کرد) هەشت خاڵ لەو ڕێککەوتنەدا هەیە، ئەوان ئەو خاڵانە بەبنەما دەگرن، (حوسەین یایمان ئاماژەی بەوە کرد ئەو [عەبدوڵا ئۆجالان] خۆی سەرۆکی ئەو ڕێکخستنەیە (قەسەدە)، پرسی سووریا لەلایەن هەموو کەسێکەوە لە کۆمسیۆنی پەرلەمان و لە ڕای گشتیدا دەوروژێنرێت، باس لەوە کراوە کە گەلی تورکیاش بەهەمان شێوە سەرەتا دەیانەوێت هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ چەکدانان لە سووریا بنرێت و دایکانی ئامەد دەیانەوێت ڕۆڵەکانیان بگەڕێنەوە لایان) بۆ ئەمەش کۆمیتەیەک دامەزراوە، (حوسەین یایمان گوتی: ئەو خوشک-برایەتییە مێژووییەی لە سەرەتاوە باسی کرد زۆر گرنگە، کەس ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەمە نییە، ئیتر دەتوانن میکانیزمی کودەتا بشکێنن، بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی لەم بابەتەدا پێداگرن، ئەمجارە دەتوانن سەرکەوتوو بن). دەبێت ئاگاداری میکانیزمی کودەتا بن، ئەگەرنا ئەم میکانیزمە دەتوانێت وەک شۆفڵ پرۆسەکە ڕابماڵێت.
لە پرسی سووریادا، پێشنیاری ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) دیموکراسیی خۆجێیە، بناغەی دامەزراندنی ئاکەپە شارەوانییە، لایەنی کەمی یاساکە هەیە و دەیەوێت ئەم یاسایە هەموو شارەکان بگرێتەوە، دیموکراسیی خۆجێی لە دیموکراسی ئەسینا هەبوو، نوێنەرێک لە هەر هەرێمێکەوە هەڵبدەژێردرا و ئەو نوێنەرانە نوێنەرایەتی هەرێمەکەیان دەکەن، ئەمەش خۆجێیەتی و دیموکراسییە. سووریا پێویستی بە تایفەگەری و ناسیۆنالیزم نییە، بەڵکوو پێویستی بە پتەوکردنی دیموکراسییە، بابەتی سەرەکی پڕکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەم چەمکە و چۆنێتی جێکردنەوەیەتی لە دەستووردا.
هێندەی هێزی یەکگرتووی ناوەندی، دیموکراسی خۆجێی هەرێمیی بۆ دەوڵەت پێویستە، ئەگەر یەکێکیان نەبێت، ئەوی دیکەیان بوونی نابێت، (فەتی یەڵدز ئەو پرسیارەشی کرد کە ئایا دیموکراسییە خۆجێیەکان هێزی بەرگرییان دەبێت یان نا) هێزی ئەمنی دەبێت، لە سووریا لێکتێگەیشتنی ئەو دوو هێزە پێویستە، لە سووریا ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەهێزە، کردەوەکانی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا بەرچاون، ئەگەر هەلومەرجە دیموکراتیکەکان نەڕەخسێنرێن، لە دواڕۆژدا ئەحمەد شەرع دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرێک.
تورکیبوونی ئەنادۆڵ پەیوەستە بە کوردبوونەوە، کوردیبوونی میزۆپۆتامیاش پەیوەستە بە ئەنادۆڵەوە.
جگە لە چەکدانانی پەکەکە، دەبێت لەڕووی زەینییەوە (دوژمنایەتیش) کۆتایی بێت، پەیوەندیی خوشک-برایەتی لە نێوان ئەم دوو میللەتەدا هەیە. لە نێوانیاندا سەرهەڵدان، شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە. (لەسەر ئەمە فەتحی یەڵدز گوتی: تەنانەت لەو سەردەمەی هەواڵی شەهید دەهات کەس نەچووە پەنجەرەی دراوسێ کوردەکەی بشکێنێت، سەرەڕای ئەم هەموو ڕووداوە، دوژمنایەتیی کورد و تورک هەرگیز پەیدا نەبووە).
(تورک و کورد) هەزار ساڵە پێکەوە دەژین، تورکمانەکانی قەرەکەچیلی لە ڕحا لە من کوردترن، گەرمیانئۆغڵولارییەکان لە بنەڕەتدا کورد بوون و بە تێپەڕبوونی کات بوونەتە تورک، نابێت ئەم ڕاستییە مێژووییە پشتگوێ بخرێت، دەبێت هەردوو ناسنامەکە ڕێز لە یەکتر بگرن، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی یەکتر داو و تەڵەیە.
من لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە وازم لە بیرۆکەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو هێناوە، گۆڕانکاری زەینی پرۆسەیەکی سەخت و دژوارە. من وازم لەو پرۆسەیە هێناوە و لەڕووی زەینیشەوە دەبێت چەک دابنرێت. لە پراکتیکدا کاتی دەوێت. پێویستە ئەندامانی ڕێکخستن خۆیان ئامادە بکەن. دوران کاڵکانیش وتی، ‘ئێمە هەرگیز چەک بەکارناهێنین’.
پرسی سووریا هێندەی تورکیا گرنگە. پەیوەندیی زۆرم لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد هەبوو. پشتگیریی و پارێزگاریی زۆریان لێ کردم.
قەسەدە بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئیسرائیل، لانیکەم ١٠٠ هەزار هێزی چەکداری هەیە. لە ئێستادا فراوانتر بووە. ناوچەکانی تریش دەگرێتەوە. بەڵگەنامەکانی کۆنگرەکەم بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام مانای (کۆنگرەی کورد – جوو) لە ئەورووپا و شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر ئەوەیە کە ئێمە لێرە (ئیمراڵی) بەرەو چارەسەرێک هەنگاو دەنێین و ئەوانیش لەوێ بەرەو چارەسەرێکی تر هەنگاو دەنێن.
فەرهاد عەبدی شاهین کەسێکی نزیکی منە و پەیوەستە بە منەوە.
کۆڕبەندەکەی هەولێر و کۆنگرەکەی ئەورووپا لەژێر چاودێریی ئەڵمانییەکان بەڕێوەچوو. بەبڕوای ئەوان، ‘کورد گەیشتووەتە ئاستی دامەزراندنی دەوڵەت، ئێستا تاکە بەربەست لەبەردەم ئەمە ئاپۆیە’. من وەک ڕێبازێک کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشنیار دەکەم.
من بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەوڵدەدەم و ئەوان بەدوای دەوڵەتۆکەیەکی کوردەوەن.
کورد بۆ ئیسرائیل زۆر گرنگە چونکە تێکچوونی هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە جیۆپۆلەتیکی کوردەوە. ئیسرائیل بەبێ جیۆپۆلەتیکی کورد ناتوانێت هەژموونی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
من کۆماری تورکیا وەک پرۆتۆ-ئیسرائیل دەبینم، دەوڵەتخوازیی کوردیش وەک پۆست-ئیسرائیل دەبینم. وەک چۆن پێشتر کۆمار بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل پێویست بوو، ئێستاش دەوڵەتخوازیی کورد بۆ هەژموونی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە. ئەگینا ناتوانێت بمێنێتەوە و ناتوانێت هەژموونی خۆی بچەسپێنێت.
بەگوێرەی ئەو دوایین زانیارییانەی دەستم کەوتووە؛ ‘پڕوپاگەندەیەکی بەرفراوان هەیە، چانسی بەدەوڵەتبوونتان لەلایەن ئاپۆوە تێکدەدرێت’. ئەمەش پشتڕاستکردنەوەیەکی زۆر گرنگە.
ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو نەبم، بەڵام من توانام هەیە، لەنێو تەڤگەری کورددا سەنگم هەیە. سەنگی بەڕێز باخچەلی لە نێو ناسیۆنالیستەکاندا چەند بێت، منیش لە تەڤگەری کورددا هەمان سەنگم هەیە. ئەمە ئێران و عێراق و سووریاش ڕاستە.
ڕەوشی تورکمانەکان لە کورد خراپترە، کۆمەڵێک نییە ببێتە زمانحاڵی تورکمانەکان، ئایا بەردەنگەکەیان لە چەمکی “کۆمۆن” تێدەگات یان نا، “کۆمۆن” بە واتای کۆمەڵ دێت، مانای کۆمەڵگەی مەدەنییە.
یەک دوو خێزان دەتوانن بێن و هەموو داهاتەکانی حەلەب ببەن، نابێت ڕێگە بەمە بدرێت، ئەمە بۆ گەلانی تریش ڕاستە، تورکمانەکان لەوێ هەزار ساڵە ڕەنجیان داوە، شتێکی سرووشتییە کە ئەوانیش ببنە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، چەرکەس و ئەرمەنیش هەن، با ئەوانیش ببنە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی هاوچەرخ.
ئەگەر سووریا بەبێ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی یان دیموکراسییەکی خۆجێی بمێنێتەوە، ئەوا حافز ئەسەدێکی نوێ دەردەکەوێت. بۆ ڕێگریکردن لەمەش، ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) هێزی خۆی بەکاردەهێنێت و هەرچی لەدەستی بێت دەیکات.
ئیسرائیل دەیەوێت سووریا بەگوێرەی کولتوورێکی ئیسرائیلی لەقاڵب بدات. نابێت سووریا بە تەواوی بدرێتە دەستی ئیسرائیل. ئەمەش مەترسیدارە. ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) ناڵێت ‘با شەڕی ئیسرائیل بکەین’، بەڵام بەڵێن دەدات لێهاتووانە و بە بەشداریی قەسەدە بەگوێرەی خوشک-برایەتی کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمە با بانگەوازێک نابێت، پێویستی بە پەیوەندییەکی باشە و بەبێ دیالۆگ نابێت.
مەهەپە بە ناسیۆنالیزمی دیموکراتیک دادەنێت کە بۆ تورکیا زۆر پێویستە. ئەم کۆبوونەوەیە دەبێت بە ڕۆحی هاوپەیمانی بێت و بەسەر هەڵوێستی دوژمنکارانەدا زاڵ بێت. دەبێت هاوپەیمانییەک دروست بکەن نەک شەڕ و ململانێ. ئەمە ڕێگە ڕاستەکەیە بۆ هەموو پارتەکان.
دەبێت هەموو پارتەکان بەو زیهنیەتەوە بجووڵێنەوە کە ‘پێویستە بەرژەوەندیی دەوڵەت بخەمە پێش بەرژەوەندییەکانی پارتەکەمەوە’.
عەقڵی دەوڵەت ئەم کۆبوونەوەی پێکەوە ناوە، ئەگەر جەهەپەش (لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن) لێرە بوایە، باشتر دەبوو.
ئەگەر پێکەوە کار بکرێت بۆ ئینتیگراسیۆنێک کە ناوەندەکەی تورکیایە، ئەوکات عێراق و سووریا و ئێران بە ناچاری بەشداری دەکەن. هەروەها ئازەرییەکانیش هەن، لانیکەم بەقەد کورد گرنگن. بە بەشداریکردنیان لە ئینتگیراسیۆنی دیموکراتیکدا، ئەمە دەبێتە یەکێتییەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکیش هاوشانی ئەمە بەرەوپێش دەچێت.
کۆماری تورکیای دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێتە سەرچاوەی پەیدابوونی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکراتیک.
بەبێ هیچ پەلەکردنێک پێویستە پێکەوە کارکردن هەبێت.
کێشەی لەگەڵ سووریایەکی یەکگرتوودا نییە، بەڵام سووریا پێویستی بە دیموکراسیی خۆجێی و کۆمەڵگەی مەدەنییە و بێ ئەمە نابێ، وە نابێت بکرێتە قوربانی دیکتاتۆرییەتێکی نوێ.
(سەبارەت بە پرسیاری حوسەین یایمان، ‘سەرچاوە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان چییان لێ دێت؟’) ئەو دەتوانێت مۆدێلێکی هاوبەشکردن دابڕێژێت و ئەوەی پێشنیاری دەکات بۆ سووریا، بۆ ئێرانیش ڕێی تێ دەچێت.
ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) تورکیایەکی مەزنی دەوێت کە کێشەکانی چارەسەر بکرێت، نەک تەنها دەستبەرداربوون لە چەک، بەڵکوو دەبێت ئاسەوارەکانی چەک لەسەر مێشک بسڕێتەوە و لەوەش گرنگتر، مۆدێلێکی هاوبەش بۆ هەموو باوەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ هەموو گەلان و کولتوورەکانی ناوچەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشنیار بکات.
هەرچەند پێشتر گوتاری نەرێنی هەبووبێت، لەمەودوا دەبێت گوتاری ئەرێنی بەرەوپێش ببرێت. بۆ ئەمەش کۆمسیۆن قۆناغێکی گرنگ بەرەوپێش دەبات، ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات، ئەو پرسانەی لەگەڵ پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر نەکراوە، لە ئەستۆی ئەوان دەبێت. بەڵام پەیوەندیی ئازاد ئەولەوییەت بێت، تاوەکو ئەو شتانەی بە هەڤاڵەکانی دەڵێت بچێتە بواری جێبەجێکردن و ژیانەوە.
دوای کۆتاییهێنان بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا و پاش هەنگاوەکانی چەکدانان، هەنگاوی ئەرێنی تر دەنرێن، بۆیە دەبێت یاساکانی کۆمیسیۆن لەو چوارچێوەیەدا بێت.
لە سەرەوە تا خوارەوە، دەبێت مافی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە ڕوون بکرێتەوە، پێویستە بیر لە پێشنیارەکەی بەڕێز (دەوڵەت باخچەلی) بۆ ‘مافی هیوا’ بکرێتەوە، بەمەش لێبووردنی گشتی لەکۆڵدەکرێتەوە کە بۆ حاڵەتی تورکیا ناگونجێت.
سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ کۆمسیۆن نارد، ‘بڕیارەکە لە دەسەڵاتی ئەواندایە، بۆیە پێویستە ئەو پرسە بخرێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانەوە’.
ئێران هێندەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر پەکەکە هەیە و خۆیشی هاوڕای ئایدۆلۆژیای ئێران نییە.
گەر ڕای ئیسرائیل وەربگیرێت ئەوا دەیگوت ‘ئێمە دەوڵەتمان ڕادەگەیاند، ئاپۆ ڕێگری لێ کرد’، ڕێگری دەکرد، وەک ئەندامێکی کۆماری تورکیا مامەڵەی دەکرد و پێی وایە باشترین مۆدێل بۆ کورد کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) تورکیا بە دەوڵەتی خۆی دەزانێت و دەیەوێت تورکیا ببێتە کۆمارێکی دیموکراتیک.
ئاکەپە هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ کۆماری دیموکراتیک.
ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) دەیەوێت کەلتووری کوردی لەناو کۆماردا جێ بکاتەوە، ئەمە بە دەوڵەمەندییەک دادەنێت و نایەوێت شرۆڤەی جیاوازی بۆ بکرێت.
دووپاتی دەکاتەوە کە (بەڕێز دەوڵەت باخچەلی ) بەبێ هۆکار چەمکی “مافی هیوا” بەکارناهێنێت، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) ناتوانێت کار بکات، دوای ئەم کارە، ئەگەر لە پرسی سووریادا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا دادگاییکردن و ڕەخنە قبووڵ دەکات، لەم ڕەوشەی ئێستادا ناتوانێت دژی ئیسرائیل بوەستێتەوە، بەڵام ڕوونە کە لە رابردوودا کاتێک لەلای ئەسەد بوو ئیسرائیل چی بەسەر ئەودا هێناوە.
خودی (عەبدوڵا ئۆجالان) بەڵێنی داوە.
سەبارەت بە دەم پارتی کە وەک شاندێک هاتوون (ئیمراڵی)، دەتوانرێت گوڵستانیش (کلچ کۆچیگیت) بەشدار بکرێت.
(سەبارەت بە وتەیەکی حوسەین یایمان کە وتی ‘هەندێک سیاسەتمەدار و کەس دەتوانن بە قسەکانیان پرۆسەکە ژەهراوی بکەن) هەندێک کەس لەنێو پەکەکە ئەم کارە دەکەن، ئەگەر هەلومەرجی کارکردن لە کاتی پرۆسەکەدا بڕەخسێن، ئەو (عەبدوڵا ئۆجالان) دەتوانێت هەموو شتێک چارەسەر بکات، بەڵام داوای کردووە کاتی پێ بدرێت. هەلومەرجەکەی بۆ ئەمە نەگونجاوە، تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بێت، ئەم هەنگاوە سەرکەوتوو دەبێت، هەرچەندە بەردەنگەکانی پێی دەڵێن ‘سەدەی بێ تیرۆر’، بەڵام خۆی ناوی دەبات بە ‘سەدەی ناتوندوتیژی’، ڕایگەیاندووە کە لانیکەم هێندەی بەردەنگەکانی خاوەنی توانا و هێزە.
پێویستە وەک هاوپەیمان هەنگاوبنرێت، هاتنی کۆمیسیۆن بۆ ئێرە (ئیمراڵی) هیوای زۆری پێی داوە و قۆناغێکی مێژوویی دەست پێ کردووە، هیوادەخوازێت بەردەنگەکانیشی ببنە ناوی یەکلاکەرەوە و کاریگەر لەپێناو سەرکەوتنی ئەمەدا.
فەتی یەڵدز
وەک ئەندامانی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی، بۆ وەرگرتنی بۆچوون هاتوون. لەسەر ناوی مەهەپە فەتی یەڵدز، لەسەری ناوی ئاکەپە حوسەین یایمان، لەسەر ناوی دەم پارتی گوڵستان کلچ کۆچیگیت هاتوون و دەیانەوێت گوێ لە ڕا و سەرنجەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بگرن.
کۆمسیۆن تا ئێستا ١٨ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، گوێی لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە گرتووە، هەر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای پارێزەران تا دەگاتە بنەماڵەی شەهیدان و دایکانی شەممە. ئەزموونێکی دەوڵەمەندی گوێگرتن بووە.
لە کۆتاییدا ئەمە وەک بنەمایەک لەو ڕاپۆرتەکەی کە دەینووسن و ئاماژە بە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی پرسەکە دەکەن. کاری کۆمسیۆن هێشتا تەواو نەبووە؛ ئەوان لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕاپۆرتن و ئەوەش هۆکاری سەردانەکەیانە. ئەم کۆبوونەوەیە پێویستە وەک ١٩هەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن هەژمار بکرێت.
فەتی یەڵدز ڕایگەیاند کە بە دوورودرێژی باسی ڕابردووی سیاسەتی تورکیا ناکات و ژیانی دامەزرێنەری ڕێکخستنەکە و ڕابردووی سیاسی ئەو دەزانن. فەتی یەڵدز باسی لەوەش کرد، کە ئاشنای چەمکەکانی شارەوانی کۆمیناڵ و لیبڕاڵە کە ئەو کاری لەسەر دەکات و بۆ ئێستا پێویست ناکات باسی مێژووی ڕێکخستنەکە بکرێت.
فەتی یەڵدز ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێبازی چەکدارییەوە ڕوویکردووەتە ڕێبازی سیاسی و دەزانن ئۆجالان دەربارەی مافی هاووڵاتیبوون و هەنگاوە کەلتوورییەکان و کۆمۆناڵیتە قووڵتر دەبێتەوە.
فەتی یەڵدز دەڵێت: ” لە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان لە شوباتی ٢٠٢٥ تێدەگەین کە هەموو لقەکانی سەر بە ڕێکخستنەکە کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداریی بهێنن. ئەمەش کۆمەڵگا زۆر ئاسوودە دەکات. گەلیش بەدواداچوون بۆ ئەم پێشهاتە دەکات. بانگەوازەکەی هەموو ڕێکخستنەکانی سووریا و عێراق و ئێران دەگرێتەوە و ئەمەش گرنگە.
ئەو کێشانەی کە ڕوودەدەن دەتوانرێت لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر بکرێن. ئەمە تەنها بە کۆتاییهاتنی تیرۆر و تورکیایەکی بێ تیرۆر مومکینە.
لە دانیشتنی دادگا کرد لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، وەک پارێزەری شەهیدان بەشداربووم.
لە ساڵانی حەفتاکاندا تەڤگەری کورد لەبەر ئەوەی لەناو چەپدا بوو هەستی پێ نەدەکرا، ئێستا بەپێچەوانەوە چەپ لەناو تەڤگەری کورددایە.
ئێمە لێرە بۆ چارەسەر دەگەڕێین، بەڵام ئەندامێکی ڕێکخستنەکە بە ڕوونی وتوویەتی، ‘چارەسەر چییە، چەکدانان چییە؟ بڕیارەکەی عەبدوڵا ئۆجالان تەنها پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە’. ئەو کەسەی سەرکردایەتی قەسەدە دەکات، فەرهاد عەبدی شاهینە، گەل دەزانێت ئەم کەسە پەروەردەی دەستی عەبدوڵا ئۆجالانە.
هەڤاڵانی سەر بە پارتەکە یان ئەوانەی لەنێو سیاسەتی تورکیادان، نابێت ئەو زمانە بەکاربهێنن کە هی پێش لۆزان و دەستووری ١٩٢٤ـە، ئەمە پرۆسەکە ژەهراوی دەکات.
کاتێک سەبری ئۆک کشانەوەی لە تورکیا ڕاگەیاند، ئەو چەکانەی لە دەستی ئەندامانی ڕێکخستنەکە بوون، توڕەیی ڕای گشتیی تورکیای لێ کەوتەوە و بینی کە پەکەکە بە تەواوی پابەند نەبووە بە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە.
زۆر گرنگە قەسەدە لە سووریا بەگوێرەی ئینتیگراسیۆنی ١٠ی ئادار مامەڵە بکات.
سەبارەت بە پرسی سووریا، چاوەڕێی لێدوانێکی نوێ لە عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت.
ئەم دەوڵەتە هی هەموومانە، چەپ، (چەپ) ئاگای لەوە نییە کە ڕەنج فۆرمی گۆڕیوە.
دەزانین لە بانگەوازی یەکەمدا وتی ‘چەک دابنێن’ و ئەمەی بە هەموو پێکهاتەکانی پەکەکە وتووە. لەسەر ئەوەی لە ئێراندا هەموو ڕۆژێک لە سێدارەدان هەیە، خواستی عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەیە کە ‘مافە دیموکراتیکەکان بۆ کورد و ئازەرییەکان جێگیر بکرێن و لەسێدارەدان کۆتایی پێبێت’، بۆ ئەمەش دەستپێشخەرییەک پێویستە، بێگومان ئەمە بە مانای شەڕ نییە و ئەگەر لەسێدارەدانەکان بەردەوام بن، پەژاک چەک دانانێت و ئێستا دیالۆگ و ئاگربەست لەگەڵ ئێران پێویستە، دەبێت ئینتیگراسیۆن بۆ ئێران پێشنیاربکرێت.
هەست بەوە دەکرێت کە پەکەکە هێزەکانی لە عێراق کشاندووەتەوە بۆ سووریا و ئەمە ناکۆکە لەگەڵ بانگەوازی پێشوو.
حوسەین یایمان
ئێمە لەسەر ناوی کۆمسیۆن لێرەین. پرسیاری میللەت بە ئێوە دەگەیەنین. چاو و گوێی هەموو تورکیا لێرەیە. کەش و هەوای ئێرە کاریگەری لەسەر تەواوی هەرێمەکە دەبێت. ئەمە بۆ تورکیا و هەرێمەکە، هەنگاوێکی مێژووییە.
وەک هاوپەیمانیی کۆمار، هەریەک لە بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی بۆ چارەسەری ئەم پرسە ڕیسکێکی گەورەیان کردووە، بۆیە میللەت چاوەڕێی چارەسەری خێرایە بۆ ئەم پرسە.
دەرئەنجام، ناچارین وەک کۆمیسیۆن و تورکیا سەرکەوتن بەدەست بهێنین، بە پێچەوانەوە کەشوهەوای شەقامەکان بە شێوەیەکی زۆر جیاواز دەگۆڕێت.
میللەت بانگەوازی ٢٧ـی شوبات بە گرنگ دەزانێت و داواکاریی ئەوان ئەوەیە کە هەنگاوی پراکتیکی زیاتر بنرێت، ئێمە بە ناوی هەستیاریی هەموو بنەماڵەی شەهیدانەوە هاتووین.
من لەناو شاندی کەسانی دانادا بووم. ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی جددیی بووینەوە، ناچارین ئەم پرۆسەیە سەربخەین، ئەو ئەنجامەی لێرەوە دەردەچێت سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکان دەبێتە هۆی بەردەوامیی پرۆسەکە یان ئەنجامێکی تری لێ دەکەوێتەوە.
لەم قۆناغە مێژووییەدا، هەبوونی کۆمیسیۆن و کۆبوونەوەکان زۆر گرنگە. هەرکەسێک بەدواداچوون بۆ کۆبوونەوەکانی دەوڵەت-ڕێکخستن بکات دەزانێت کە لە ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٥-١٩٩٩-٢٠٠٩-٢٠١٤دا دەرفەتی گۆڕینی ئەم مێژووە هەبووە، دەبێت هەنگاوە پراکتیکییەکان بەگوێرەی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات خێراتر بکرێن. چاوەڕوانییەکی زۆر لە کۆمسیۆن هەیە. هەڵەکانی ڕابردوو نابێت دووبارە بکرێنەوە. پشتیوانی نییە و میکانیزمی کودەتاش هەیە. بۆ دەربازبوون لەمە، پێویستە لە سووریا و تورکیا و لە هەموو شوێنێک ڕێکخستن بەگوێرەی بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان بجووڵێتەوە.
یادەوەری مێژوویی یان خوشک-برایەتیی هەزار ساڵەی نێوان تورک و کورد دادەمەزرێنێت یان شەڕی لەناوچوون و قەیرانێکی گەورەتر و خراپتر لە ئەمڕۆ دەهێنێتە ئاراوە. لەم بارەیەوە، فەتی یەڵدزیش وتی، ‘نابێت بانگەشەیەکی مەحاڵ بۆ تورکیا بکرێت و پێویستە وریای تێکدانی پرۆسەکە بن’.
هەڕەشەی کودەتا هەیە و دەبێت ئەمە ڕوون بکرێتەوە.
وەک شاندەکە ئاگاداریی پرسە بنەڕەتییەکە و یادەوەری مێژوویین، بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکییە. عەبدوڵا ئۆجالان وتی، “بە دوای هەنگاوی ئەرێنیدا دەگەڕێم”.
هەمووان لە کۆمیسیۆنەکەدا داوای هەنگاوی پراکتیکی و پەلەکردن دەکەن.
دینامیکێکی بەهێز هەیە، چونکە گواستنەوەی ناوەندی ڕێکخستنەکە لە قەندیلەوە بۆ سووریا چارەسەری پرسەکە ناکات، عەبدوڵا ئۆجالان وەک سەرۆکی ڕێکخستنەکە دەبێت ڕێنمایییەکی ڕوون بدات. هەموو ڕای گشتی و تورکیا چاوەڕێی ئەمە دەکەن. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، کەشێکی زۆر جیاواز پەرەدەستێنێت.
هەموو بەش و لایەنێک کە لە کۆمسیۆن گوێیان لێ گیرا، دەڵێن ئەگەر توندوتیژی کۆتایی بێت، تورکیا پێشکەوتنی زۆر بەخۆوە دەبینێت و هەر بۆیە هەنگاوی کۆنکرێتی پێویستە. نابێت میکانیزمی کودەتاش لەبیر بکرێت.
ئەرکی کۆمیسیۆن بریتییە لە نەهێشتنی هەموو ناکۆکییە مێژووییەکان و دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تورکمانە و باکگراوندەکەی ناسیۆنالیستە و بە ناوی برایەتییەوە دەستپێشخەری کردووە.
ئەو ڕایگەیاندووە کە بە ڕەچەڵەک تورکمانە و پاشخانێکی ناسیۆنالیستی هەیە و لەسەر ناوی برایەتی دەسپێشخەریی کردووە.
دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە مێژووییە، ئەوان وەک زۆرینەیەکی شایستە هاتوونەتە ئێرە و پرسیارەکانی وەک، ‘میللەت لێمان دەپرسن دەرئەنجامەکەی چییە، ئایا لە سووریا چەک دادەنرێت؟ ئایا دایکانی ئامەد بە ڕۆڵەکانیان شاد دەبنەوە؟ ئایا چەک لە دەست و لە مێشکیشدا دادەنرێت؟’ چاوەڕێی وەڵامن.
کاتێک لێرە دەردەچین، ڕۆژنامەنووسان دەپرسن، ئایا لێدوانێک دەدرێت، کێشەی سەرەکی لێرەدا، وەک سەرۆکی بەڕێزی ڕێکخستنەکە ئاماژەی پێکردووە سوڕاندنی پایدەر و کاتکوشتنە، ڕای گشتیش دەزانێت کە پرسەکان بە ڕۆژێک چارەسەر ناکرێن، دیاریکردنی نەخشەڕێگایەک، پەیامی ئەرێنی، زیادبوونی چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر گرنگە، سایکۆلۆژیایەکی سیاسیی وەها لە تورکیا هەیە، هەمووان دەبێت پێکەوە کاربکەن لەپێناو سەرکەوتنی ئەمەدا.
پێویستە ئەم هەنگاوە مێژووییە سەربکێشێت بۆ ئەنجامێکی مێژوویی، ئەگەر نا پەرەسەندن ڕوونادات.
پێشکەوتنی باش و گرنگ هەیە، ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا هەرگیز لەبیر ناکرێت و دەبێت بۆ گەیشتن بە تورکیایەکی بێ تیرۆر کار بکرێت.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت
باش و سەلامەت دەردەکەویت. تەندرووستیت باش دیارە. گوێ لە زۆر لایەن گیراوە. ئێمە بە ناوی کۆمیسیۆنەوە لێرەین. هەروەها ویستمان گوێتان لێ بگرین و لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا بیروڕاکانتان بۆ ڕای گشتی بگوازینەوە.
کورد خۆی ڕێکدەخات بۆ ئینتیگرەبوون لە کۆماردا، کۆماریش خەسڵەتێک وەردەگرێت، بەڵام هەمووان دەپرسن کە چ جۆرە کۆمارێک دەبێت.
بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە و بەهێزبوونی دەستی عەبدوڵا ئۆجالان، هەموو وتەکانی جێبەجێ دەکرێن، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی کۆمیسیۆن چییە؟ ویستمان لەم بارەیەوە بیروڕات بزانین.
سبەی ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنانە، ئێمە سڵاوی ژنانت پێ دەگەیەنین”.
ژێدەر: ANF



