گوتار

کۆمەڵگە؛ توندوتیژیی و ئەخلاق

چەند جار هۆشدارییم داوە، پێویستە کۆمەڵگە ڕێکخراو بکرێت. دەبێت ڕێکخستن بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەش بگرێتەوە. کۆمەڵگە هی ئەوە نییە پشتگوێ بخرێت. گەورەترین تێکۆشانی دیموکراسیی، ڕێکخستنی گەلە

عەبدوڵڵا ئۆجالان

 

شەڕ و پێکدادان لەنێو خێزان و شار و عەشیرەتەکان تا دێت زیاتر وەردەگەڕێتە سەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر. بەم دواییانە، بە تایبەت لە وان و چەند شارێکی تر، کێشەی هەرە بچووکیش وەردەگەڕێن بۆ شەپۆلێکی توندوتیژیی و ئەمەش شوێنەواری نەرێنیی لە سەر پەیوەندییەکان و ئاشتەوایی و ئارامیی کۆمەڵایەتیی هەبووە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـەوە وەرگیراون، ڕێبەر ئاپۆ سەرنجی خستووەتە سەر مەترسیی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە و داوای هەستیارییەکی کۆمەڵایەتیی کردووە.

‘ئاگام لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێو کۆمەڵگەیە’

بە قسەی شاندەکەی دەم پارتی، ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانەوە چاودێریی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاکەکان و خێزان و عەشیرەتەکان دەبینێت. لە دیدارەکەدا، لەم بارەیەوە داوای زانیاریی لە شاندەکە کردووە، دەڵێت: “ئاگام لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێو کۆمەڵگەیە. بە تایبەت توندوتیژیی دژی ژنان لە لوتکەدایە. بەمە ناڕەحەتم”.

‘هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە دەکەم’

ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا جەختی کردووەتەوە کە هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە دەکات، گوتویەتی: “هۆکارێکی پێداگرییم لەسەر پرۆسەی چارەسەر، ئەوەیە کە هەڵوەستە لە سەر ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە بکەم و چارەسەریان بۆ بدۆزمەوە. پاش تێپەڕاندنی یەکەم قۆناغی پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی، نۆرەی ئەم پرسانە دێت. بەڵێن بێت، لە نزیکترین کاتدا ئەوەندەی دە وەزارەت کار بکەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. یەکەمین تەوەرێک لە سەری بوەستم، دەبێت توندوتیژیی نێو کۆمەڵگە بێت. پێویستە بەرانبەر ئەم بابەتە، ڕێوشوێنی یاسایی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و کەلتووریی بگیرێتە بەر”.

‘نابێت بە وشەیەکیش دڵی کەس بڕەنجێنرێت’

ڕێبەر ئاپۆ ئەم بانگەوازەی لە هەمووان کردووە: “بانگەوازم بۆ ئەو کەسانەی گوێ لە من دەگرن ئەوەیە: بە شێوەیەکی ئەخلاقیی چەکەکانیان دژی یەکتر دابنێن. بە وشەیەکی زبریش بێت، دڵی یەکتر مەڕەنجێنن. کێشەکان لەڕێی ئەقڵ و گفتوگۆوە چارەسەر بکەن. توندوتیژیی نێو خێزان و نێوان خێزانەکان و عەشیرەتەکان و شارەکان ڕەت دەکەمەوە، بە شتانێکی نائەخلاقییان دەبینم”.

‘بەرانبەر توندوتیژیی نێو کۆمەڵگە بەرپرسیار بن ‘

ڕێبەر ئاپۆ داوا لە هەمووان دەکات بەرپرسیار بن بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی، دەڵێت: “دەبێت هەمووان بە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییەوە ڕووبەڕووی ئەم کێشانە ببنەوە و ڕۆڵ بگێڕن. ئەم داوایەم لە وڵاتپارێزان و هەڤاڵانم هەیە. پێشتر وتم، گەر ڕێگە نەدەین تەنانەت یەک کەسیش لەم پرۆسەیەدا گیان لەدەست بدات، ئەوا سەرکەوتووین. بۆیە دەبێت دەست لە توندوتیژیی کۆمەڵایەتیی هەڵبگیرێت وا هۆکاری دابەشبوونمانە، دەبێت وشەیەکی خراپ و ئازاربەخشیش بە مرۆڤ نەوترێت”.

‘هۆکارەکەی ڕێکخراونەبوونە’

ڕێبەر ئاپۆ هۆکاری ئەم توندوتیژییانە بۆ ڕێکخراونەبوون دەگەڕێنێتەوە، دەڵێت: “چەند جار هۆشدارییم داوە، پێویستە کۆمەڵگە ڕێکخراو بکرێت. دەبێت ڕێکخستن بچووکترین یەکەی کۆمەڵگەش بگرێتەوە. کۆمەڵگە هی ئەوە نییە پشتگوێ بخرێت. گەورەترین تێکۆشانی دیموکراسیی، ڕێکخستنی گەلە”.

‘پێویستە دەم پارتی بگاتە ڕێژەی نزیکەی ٢٠٪’

ڕێبەر ئاپۆ تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی دەم پارتی لە سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا، دەڵێت: “لە قۆناغی دووەمی پرۆسەکەدا بەم بابەتەوە سەرقاڵ دەبم. دەم پارتی ماتەوزەیەکی گەورەی هەیە. دەبێت باوەڕی بە خۆی هەبێ. پارتێکی یەکلاکەرەوەیە. نە هاوپەیمانیی کۆمار و نە هاوپەیمانیی میللەت، ناتوانن بەبێ دەم پارتی هەنگاو بنێن. لەبەر ئەمە، دەبێت کۆمەڵگە ڕێک بخات و باوەڕی بە خۆی هەبێت. دەتوانێت بگاتە دەوروبەری ڕێژەی ٢٠٪”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شاندەکەوە وەرگیراون، ڕێبەر ئاپۆ لە دوایین دیداردا، لە هەموو شتێک زیاتر دەربارەی دەرکردنی یاساکان بۆ ئەنتێگراسیۆن هەڵوەستەی کردووە، داوای لە هەموو کەس و لایەنە دیموکراتییەکان کردووە، بەرپرسیارێتیی بگرنە ئەستۆ.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.