گوتار

کۆمین؛ بنچینەی کۆمەڵایەتیی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە

کۆمین؛ شێوازی ھەبوونی کۆمەڵگە و خانە ڕیشەییەکەیەتی. ھاوکات گرنگترین تێگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی؛ کۆمینە.

جەمیل بایک

 

سەرمایەداریی لە ئاستێکدایە، مرۆڤایەتیی بە سنووری مەرگ گەیاندووە. لە سەرمایەدارییدا ھەموو شتێک لە پەراوێزی قازانج و بەرژەوەندییدایە، چونکە بەپێی قازانجی زۆر سیستەمی ئیندوستری-پیشەسازیی بەکار دەھێنێت نەک پێویستییەکانی مرۆڤایەتیی. ئەوەشی بەگوێرەی پێویستییەکانی کۆمەڵگە نییە و بەگوێرەی قازانجی زۆرە، لای ئێمە پێناسەکەی ئیندوستریالیزمە. بەم شێوازە بەکارهێنانی پیشەسازیی-ئیندوستری، ئیندوستریالیزمە و بەشێکی زۆر گرنگی تاڵانکاریی سیستەمی سەرمایەداریی و بەشێکی زۆر گرنگی ئەوەشە کە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە و سرووشت. سیستەمی موڵکگەرایی و سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵات، بە ھەزاران ساڵە مرۆڤایەتیی فێری ماددەتپەرەستیی کردووە.

لە کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و پۆلەتیکییدا خزمەت و ھاوبەشیی بە گرنگ دادەنرێت. ھەرەوەزیی و ژیانی کۆمەڵایەتیی بنچینەیە. لای خۆمانەوە وەک پێوانی ئەخلاقیی و پۆلەتیکیی؛ پرەنسیپی ‘تاکی ئازاد و کۆمۆنەی دیموکراتیی’ بە بنچینە وەردەگرین. لێرەدا جێی موڵکگەراییە تایبەتەکەی سەرمایەداریی و موڵکگەراییە دەوڵەتییەکەی سۆسیالیزمی بنیادنراو (ڕیال سۆسیالیزم) نابێتەوە. موڵکایەتیی کۆمیناڵ، موڵکگەرایی دەوڵەت نییە، موڵکایەتیی کۆمینە، کۆمین خاوەن ماڵەکەیەتی. تاکڕەویی تێدا نییە، ڕەھایی نییە، پێناسە و سیستەمی کۆمینێکیش نییە کە لە ھەموو شوێنێک جێبەجێ بکرێت. ئاوا تیۆریی و ناوەندیی نییە، بەرجەستە بەھەند وەردەگرێت، ھەرێمییە، دۆخێکە بەپێی ھەر ژینگەیەک، ھەر ژیانێک، ھەر کۆمەڵگەیەک و ھەر تایبەتمەندییەکی ماددیی ژینگەیەک گەشە دەکات و شێوە دەگرێت. کۆمۆناڵبوون لە کۆمەڵگەدا چۆن گەشە دەکات و لە ژینگەی ماددیدا چۆن کەسەکان ڕازیی دەکرێن، دەکرێت لە کوێوە دەست بە ھەنگاوەکانی کۆمیناڵیتا بکرێت؟ ھەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ بەھرەمەندیی و لێھاتوویی لە بەرجەستەییدا.  دەکرێت بە چی بڵێین کۆمین؟ ئەندامێتیی لە کۆمین یاخود لە گشتییترین کۆمیندا چ بەرپرسیارییەک دەخاتە ئەستۆی تاک؟ ئەمە کارێکی پڕ لە بەرپرسیارێتییە. کام کۆمین، کام ژیان چۆن بەرپرسیارێتییەک دەسەپێنێت؟ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خێزان دەکاتە بنچینەی موڵکایەتیی خۆی، ئێمەش ژیانی کۆمیناڵ. بنچینەی کۆمەڵایەتیی مۆدێرنیتە دیموکراتییەکەمان کۆمینە. کەواتە کۆمین چییە و چۆن لێی تێبگەین، ئابوورییەکەی چییە، کەلتوورەکەی، سیاسەت، ھونەر، پروپاگەندە، پەروەردە و بەرگرییەکەی چی دەبێت؟ ھەموو ئەوانە تایبەت بە کۆمینن و لە کۆمیندا شێوە دەگرن؟

 

جۆری مرۆڤ بە کۆمین بوونی ھەیە

دەبێت بەپێی پێویست لە واتا و گرنگی ڕژدیی ئەم  کارە بگەین. کۆمین ناوکی کۆمەڵگەیە، ڕێبەر ئاپۆ گوتی: “خانەی ڕیشەییە”. جۆری مرۆڤ بە کۆمین بوونی ھەیە، کۆمین بە واتای کۆمەڵایەتییبوونە. لەم سۆنگەیەوە سۆسیالیستەکان بانگەشە دەکەن و دەڵێن: “مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە”. لیبڕاڵیزمیش دەڵێت: “نەخێر بە ھەڵەداچوون، مرۆڤ بوونەوەرێکی تاکانەییە” و ھەموو تێزەکانیان بەپێی ئەو ڕێچکەیە دادەنێن. دواجار دەوڵەت-نەتەوە سیستەمی تاکی داهێنا و مرۆڤایەتیی خستە ژێر قورسترین کۆیلایەتیی دەوڵەت-دەسەڵات و پاوانکارییەوە.

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بە کۆمەڵایەتیی بووە، دەکرێت بڵێین ھەموو شتێک لە پێناو کۆمەڵگەدایە و پرەنسیپێکی فەلسەفیی بۆ دابنێین. ئەمەش نەک وەک بەرانبەری شتێک، بەڵکوو بە واتایەک وەک پێویستیی بوون بە ھەبوونێکە، کە ھەموو ھەبوون و بەھرەیەکی خۆی بخاتە خزمەتی کۆمەڵگەوە. بە واتای کارکردنە لە پێناوی چاکە، جوانیی، ئارامیی، ڕاستیی و ئازادیی کۆمەڵگەدا. جێگەی سەرنجە کە تایبەتمەندیی تەڤگەری ئاپۆیی لە کۆمەڵایەتییبوونەکەیدایە و سەرچاوەکەی لە پەیوەستبوونی ئاشقانەی بە خزمەتکردنی کۆمەڵگەوە وەردەگرێت. ڕاستییەکەی وەھایە و ڕاستینەی ڕێبەر ئاپۆ گوزارشت لەم خاڵە دەکات.

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “ئازادیی تاک ئازادیی کۆمەڵگەیە”، لەم ئاستەدا بە نێو یەکدا چوون، بەبێ یەکتر نابن. کەواتە ئەرکی ھەمووانە بە ھەموو هێز و توانا و بەھرەیەکمانەوە، بەبێ چاوەڕێکردنی ھیچ پادداشتێک؛ بە تێگەیشتن، زانین و بە خواست و ویستەوە، بەشداریی بکەین لە برەودان بە تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی بۆ ئازادی کۆمەڵگە و دیموکراسیی.

دەبێت بزانرێت کە سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت لەناوبردنی ھەموو بەھایەکی مەعنەویی کردووەتە ئامانجی خۆی. دەبێت ڕەخنە لەوە بگرین کە ئەو جۆرە پێکھاتە زەینییانە چ گورزێکی بە ڕاستیی و ژیانی مرۆڤ گەیاندووە و بە ھەوڵ و تێکۆشان ڕاستییەکانی ئاشکرا بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەرکی ئاشکراکردنی دادپەروەرانە و جوانەکەشیمان لە سەرە. تێکۆشانێکی وا ئەرکی ھەموو کەسێکە. نەک بە شێوەیەک کەسانێک بیکەن و کەسانێکیش سەیریان بکەن، نەخێر، بەڵکوو دەبێت وەک پرەنسیپ و ڕاستیی مرۆڤبوون بکرێن.

 

گرنگترین تێگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی؛ کۆمینە

کۆمین؛ شێوازی ھەبوونی کۆمەڵگە و خانە ڕیشەییەکەیەتی. ھاوکات گرنگترین تێگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی؛ کۆمینە. یەکەی بنچینەیی، بنیادنانی نەتەوەی دیموکراتیی و مۆدێرنێتەی دیموکراتییە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: “ڕێچکەی تاکی ئازاد و کۆمینی دیموکراتیی”. ئازادیی تاک و کۆمینی دیموکراتیی ئاوێتەی یەکترین، تاکی ئازاد لە کۆمینی دیموکراتییدا پێ دەگات، کۆمینی دیموکراتیی لە تاکە ئازادەکان پێک دێت. بەشدارییکردن لە ژیانی کۆمیناڵ گەیشتنی تاکە بە ئازادیی. ئەمەش پەیوەندیی تاک-کۆمەڵگە، شێوازی ھەبوونی تاک و کۆمەڵگە دەستنیشان دەکات. ھاوکات کۆمین فەلسەفە، ئایدۆلۆژیی، ڕێچکەی ڕێکخستن، سیاسەت و شێوازی خۆی ھەیە. ھەموو ڕەھەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیی و مۆدێرنیتەی دیموکراتیی لە کۆمیندا شێوەی خۆی ڕەنگڕێژ دەکات. یەکەی بنچینەیی لەوێوە دەست پێ دەکات نەک لە سەرەوەوە، چونکە ڕێبازی دیموکراتیی ڕێبازێکی ناوەندیی نییە کە لە سەرەوە بەرەو خوارەوە بڕوات، ئەمە ڕێبازی دەسەڵات و دەوڵەتە. ڕێبازی دیموکراتیی ئەوەیانە وا لە توێژی خوارەوەوە دەست پێ دەکات، ئەوەیانە وا لە کۆمینەوە دێت و بەرەو کۆنفیدراسیۆن دەڕوات. توێژ و پێکھاتەی خوارەوە دەستنیشانکەرە، کە کۆمینە.

لەم ڕوانگەیەوە جەوھەری کۆمین ڕاستیی کۆمەڵگەیە، خودی کۆمەڵگەیە و کۆمەڵایتیبوونە. ئەویش بریتییە لە وەگەڕخستنی ھەموو بەھرەیەک لە پێناوی ئارامیی، جوانیی و چاکەی کۆمەڵگە و کارکردن و ھەوڵدان لەو پێناوەدا. یەکەمین پرەنسیپی کۆمین ئەمەیە و ھیچ پاداشتێک ھەڵناگرێت. دووەمیان بەشی خەرجکردن و دابەشکردنە. بەکارهێنانی دڵنزمانەترینی تەنیا ئەو بڕەیە وا پێویستە. ھەر بۆیە ئەوەی پێویستیی ھەبێت، لە ژیانی کۆمیناڵیدا زیاترین دەرفەتی دەست دەکەوێت. کاری کۆمیناڵیی و ھەرەوەزیی دەتوانێت بۆ ھاوکاریی خاوەنپێداویستییانی تر ھەوڵی فرەتر بدات. ئەم زیھنییەتە، بەگوێرەی فەلسەفە و پرەنسیپەکان شێوەی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە و لە زەمیندا خۆی ڕێک خستووە.

لێکدانەوەی کۆمین تەنیا وەک دیاردەیەکی ئابووریی لەجێی خۆیدا نییە، بەڵکوو سەراپای ژیانی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە کە دەبێت ھەموو ڕەھەندەکانی لە کۆمیندا بەرجەستە بکرێت، ڕێکخراوەیی ژنان، ڕێکخراوەیی ئابووریی، رێکخراوەیی ژینگەپارێزیی، ڕێکخراوەیی بەرگریی جەوھەریی، سیاسەتی دیموکراتییانە؛ ھەروەھا خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییانە، کەلتوور، ھونەر و وێژە و ھەموو شتێک لە ڕێکخستنبوونی کۆمیندا خۆی ببینێتەوە. کۆمینێکی سەرتاپاگیر دەتوانێت ھەموویان لەخۆ بگرێت. بەڵام دەشێت لە ھەموو شوێنێک ھەموو ئەوانە لە کۆمیندا نەبن، نابێت وەھا لێک بدرێتەوە کە دەبێت ھەموویان لە کۆمیندا ھەبن و بە جۆرێک بێت بێ کەموکورتیی ھەموو شتێک جێبەجێ بکات، چونکە بەپێی ژینگە ماددییەکان دەگۆڕێت. کۆمین لە گەڕەکێکدا بەگوێرەی پێویستییەکانی خۆی ڕێک دەخات و بەرھەم دەهێنێت، کۆمینی گوندێکیش لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی. شوێن ھەیە کشتوکاڵی تیا دەکرێت و شوێن ھەیە پیشەسازیی؛ دەبێت ڕەچاوی ئەو جیاوازییانە بکرێت. وەک ڕاستەهێڵێکی دۆگمایی نییە کە لە ھەموو شوێنێک ھەمان شت یان ھیچیان نەبێت. کەواتە زۆر گرنگە لە نەزم، فەلسەفە، پرەنسیپە ئایدۆلۆژییەکانی، پێکھاتەی ڕێکخستن و شێوازی ھەڵسووڕانی تێ بگەین. چونکە سیستەمێکە جیاوازییەکان بە ئازادیی لە کۆمینێکی دیموکراتیی گشتگیرانەدا یەکیان گرتووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەریی بەمجۆرە بەدی دێت. ئەمە کۆمینە، ئامانجیش ھەر ئەوەیە. لە ھەموو لایەک برەو بە بنیادنانی مۆدێرنێتەی دیموکراتیی دەدات و بە کۆردیناسیۆنی ناوچەیی – نەتەوەیی دەگەیەنێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی ئاوا پێناسە کرد: “یەکگرتن لە سەر بنچینەی کۆنفیدڕاڵیزم” و گوتی: “کۆمینی کۆمینەکان”. واتا کۆردیناسیۆن یان کۆنفیدراسیۆنەکان دەستنیشانکەر نین، ئەوەی دەستنیشانکەرە کۆمینە لە پێکھاتە زەمینییەکاندا. وەھا نییە کە ناوەڕۆک و چوارچێوەکەی یان بەمجۆرە دەبێت یان ھیچ ڕێی تێنەچێت، لە فەلسەفەی کۆمیندا ھاوبەشیی و دابەشکاریی ھەیە. ھاوبەشیی و دابەشکاریی لە ھەموو بوارەکاندا لە ئاستێکی باڵادا گوزارشتە لە کۆمین. بەڵام گەیشتن بەوەش بە تێکۆشان و ھەوڵێکی گەورە دەبێت. بەو شێوەیەش نییە کە بڵێیت یان بە ھەمووی دەگەیت یان ھیچ ھەوڵی بۆ مەدە. ئەوکاتە بە ژیانی کۆمین گەیشتوویت کە لە ھەر بوارێکی ژیاندا ھاوبەشییت پێ کرابێت و بەدیت هێنابێت. شوێنەکانی تر لەپاڵیدا دەبن و پێکڕا ھەنگاو دەنێن. شتێک نییە کە بگوترێت یان ئەوەتا کۆمین دەبێت تا کۆتا کامڵ بێت یان ئەوەتا نەبێت.

بە یاسا و بە زۆریی ھەوڵ بۆ بنیادنانی کۆمین نادەین، بە پەروەردە و ڕەزامەندیی دەبێت. دووەمیان کۆمین یەکەیەکی بنچینەییە. موڵکایەتیی ھی کۆمیناڵە. سۆسیالیزمی بنیادنراویش گوتی: “موڵکایەتیی گشتیی”، بەڵام کردیان بە موڵکایەتیی دەوڵەت. بەوجۆرە نییە، دەبێت کۆمین خاوەنی موڵکی خۆی بێت، موڵکایەتیی ھی کۆمینە. ھاوکات ڕێبەر ئاپۆ گوتی: “دەبێت ئەندامی کۆمین بتوانێت بڵێت ئێرە ھی منە”. کەواتە لە ھەندێک لە بوارەکانی ژیاندا ھاوبەشیی بەدی دەهێنیت و لە ھەندێکیاندا نا، لەوێدا ژیانی تایبەت بەدی دێت، موڵکایەتیی تایبەت و کۆمین پێکەوە و لەناویەکدا گەشە دەسەنن، ناکۆک نابن، دەشێت زۆر بۆ یەک بهێنێن، بەڵام دەکرێت لە سەر بنچینەی کۆمەڵێک پرەنسیپ ھەبن. پێویستە ڕێبازێکی وەھا بە بنچینە وەربگیردرێت کە تیایدا لە یەکێک لە بوارەکانی ژیاندا بە کۆمین دەست پێ بکات و سەراپای ژیان بەرەو بە کۆمینبوون و ھاوبەشبوون ببات. لێرەدا بە شێوەیەک نییە کە کۆمەڵگە لە سەداسەدی ھەموو شتێکی ھاوبەشیی پێ بکات، ئەمە زیھنییەتی بۆرژوازیی بچووکە و لە کۆمیندا یەکسانیی بەوجۆرە نییە. بەڵام ئازادیی ھەیە، دیموکراسیی ھەیە، ڕێباز و شێواز ھەن، یەکسانییەک ھەیە و ڕەچاوی جیاوازییەکان دەکات. بابەتی گەیاندنی مرۆڤە بە ئاستی ھاوپشتیوانیکردن. ئەگەر ئەمەش بە زۆر و بە یاسا نەبێت، کەواتە بەپێی کات، بە ھەوڵ و کاری ھاوبەش، بە نیشاندانی بەرھەمداریی ژیان و جوانییەکانی دەبێت. ھەر بۆیە دەڵێن بە ڕەنگێک نییە کە یان دەبێت کۆمینێکی کامڵ بێت یاخود ھەر با دەست پێ نەکرێت. دەستکردن بە کۆمیناڵیتا لە بوارێکی ژیانەوە و پاشان ھەنگاو بە ھەنگاو گەیاندنی بە کۆمینبوون بە بوارەکانی تر، ئەویش بە ڕازیکردن و پەروەردە و تێگەیاندن و ڕاکێشان و بەشداریی مرۆڤ، دەکرێت وەک شێوازێک بە ھەند وەربگیردرێت.

ڕەھەندێکی تری ئەوەیە کە ژیانی ئابووریی بەگوێرەی چی بنیاد دەنرێت؟ سەرمایەداریی تەرزی تاڵانکارییە. بەرانبەر سەرمایەداریی، سۆسیالیزم ھەڵوێستێکی ئایدۆلۆژییە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “کۆمەڵگەی کۆمیناڵیستیی دیموکراتیی، کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دیموکراتیی، کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و پۆلەتیکیی”. سەرمایەداریی؛ دزینی بەھاکان، بەدزیدانی بەھاکان، بەهێزکردنی هێزە کاستیکە پاوانکارەکانە، فیداکردنی ھەموو کۆمەڵگەیە لە پێناوی تاڵانکاریی و ڕێکخستنی ھەموو شتێکە بەگوێرەی بەرژەوەندیی هێزە کاستیکەکان.

کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیی یاخود کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی؛ بریتییە لە ڕێکخستن بەگوێرەی پێویسیتییەکانی کۆمەڵگە، بریتییە لەو ڕاستییەی دەبێت ژیانی کۆمەڵایەتیی بەگوێرەی شێوەگرتنێکی ئازاد، ئاشتیی و دیموکراتییانە و خستنەڕووی زیاتری ڕاستییەکانی کۆمەڵگەیە. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەشی بە “ئەخلاقی و سیاسیی” پێناسە کرد. سەرمایەداریی ڕێگری دەکات لەوەی ئەخلاق و سیاسەت لە پێکھاتەی کۆمەڵایەتییدا ڕۆڵی زیاتریان دەست کەوێت. سەرمایەداریی ئەوە دەکوژێت و ھەموو شتێک بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەت و ئەو کەس و گرووپە کاستیکیی و ئۆلیگارانە دەگێڕێتەوە، کۆمەڵگە پاکتاو دەکات و تاکیش دەکات بە کۆیلە و دەیخاتە خزمەتییەوە. بەڵام کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیی دەیەوێت لە چوارچێوەی کۆمینی دیموکراتییدا لە سۆنگەی بەهێزکردنی تاکی ئازادەوە بە ئامانج بگات.

نیشتمانپەروەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەهێزە

لە ڕێبەر ئاپۆدا زۆر بە ئاشکرا دەبیندرێت کە کۆمەڵگەگەریی، وڵاتپارێزیی، نیشتمانپەروەریی و مێژوو تەنیا بە قسە نییە، سۆزێکە، یەکانگیربوونە لەگەڵ ڕاستییەکان. خۆئاوێتەکردنە بەو ڕاستییانە. نیشتمانپەروەریشی بەو جۆرە پێناسە کردووە. تۆ کە وڵاتت بەجێ هێشتووە و هەڵهاتووی، بە چوار لای دنیادا پەرشوبڵاو بوویتەتەوە، پاشان ھەڵدەستی و دەڵێیت کوا مافەکانمان، ئەمە تێکۆشانی پێ ناگوترێت. ژینگەیەکمان لە بەردەمدایە و مرۆڤ تێیدا خراوەتە دۆخێکی بەم ڕەنگەوە. ئەمە ڕاستیینەی مرۆڤێکی بەرجەستەکراو و بەماددییکراوە، ژیانەکەشی بێ ھەست و سۆز و ناقۆڵا و بە ماددییەت کراوە. ئەمە ئەو جۆرە مرۆڤەیە وا سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداریی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ھەڵوەدای درووستکردنێتی.

ڕژێمی تاڵانکاری کەلتووریی بە تەواویی ھەوڵی داوە لە کوردستاندا ھەمان شت بنیاد بنێت. تێکۆشانی گەورەی شۆڕشگێڕیی لە ئاستێکی باڵادا ئەمەی پەک خستووە. ڕێ و ڕێبازی پەنجا ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ و ھەوڵەکانی نەبان و ڕەنگدانەوەکانیان بە کوردستانەوە نەبووایە، ئەوا ھیچ کەسێک لە کوردستاندا نەدەما باسی کوردایەتیی بکات. ئەمە ڕاستییە و زیادەڕۆیی نییە. ڕەنگە هیچ کەس لە کوردستانیشدا نەمایەتەوە. لەکوێ دەرفەتی ژیانی ماددیی و خەرج و خواردنی زیاتر هەبا، ڕای دەکرد بۆ ئەوێ. چونکە نەیدەزانی و نەیبینوە، پڕ بە دڵ ڕای دەکرد بەرەو ئەوە ڕای دەکرد وا شتی نوێی پیشان بدات. کورد بەر لە ھەموو کۆمەڵگەکانی تر کوردستانی جێ دەهێشت و بە ناو ژیانی ماددیی ڕۆژانەدا ڕۆ دەچوو. دەبوونە کۆمەڵە مرۆڤێک کە بیر لە ھیچ ناکەنەوە و چاوەڕێی ڕۆژی مردن دەکەن. ئەگەر نەکەوتبنە دۆخێکی وەھاوە، ئەوا لە سایەی ھەوڵ و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆوە بووە. شۆڕشی گەورە ھەموو ئەوانەی پەک خست و پێچەوانەکەی بەدی هێنا، ئێستاکەش تێکۆشانێکی زۆر گەورە ھەیە، ئەگەرچی سەرکەوتنی یەکجارەکیشی بە دەست نەهێناوە.

قڕکردن لە کوردستاندا چییە؟ بە چ ڕێباز و ئامڕازێک پەیڕەو دەکرێت؟ تاک و کۆمەڵگەیەک کە قڕکردنی کەلتووریی لە سەر جێبەجێ کرا بێت، دووچاری چ کاریگەریی و گۆڕانێک دەبێتەوە؟ پێویستە زۆر بە ڕوونیی لە وەڵامەکانیان بگەین. ئەگەر بۆ دۆخی ئێستا بڕوانرێت و وا بزانرێت کوردستان ھەر وا بووە و مرۆڤی کورد، گەنجان و ژنانی کورد، ھەموویان ھۆشیار و ڕێکخراو و شۆڕشگێڕ بوون، بە ھەڵەدا چوونە. ھەموو ئەو دەستکەوتانە بە تێکۆشان سەرلەنوێ ژیێندراونەتەوە. بەم واتایە تەنیا شۆڕش نییە، بە ڕاستیی ژیانەوەیە.

ئەوانە ھەموو چیرۆکی ئێمەن و ڕاستینەی گرنگ و مێژوویین. تا ئەوانە نەزانرێت، کەس بە ڕاستیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان تێناگات. نیشتمانپەروەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەهێزە. لە ئاستی شەیداییدایە و گوزارشتە لە پابەندبوونێکی ئاشقانە. لە سەر ئەم بنچینەیە گرنگیی بە کۆمەڵگەی کشتوکاڵ-گوند داوە. گەورەشاربوونی بە شێرپەنجەییبوون پێناسە کرد و بە ئەنجامی مەترسیداری بەرھەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دانا، بە نیشانەی قیامەت دەستنیشانی کرد. ئەگەر بە شۆڕش ڕێبەند نەکرێت، ئەوا ئەو ئەنجامانەی دەرکەوتەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریین، کۆمەڵگە دووچاری داڕمان دەکەن. کۆمەڵگە و مرۆڤ لە خۆیان و لە بیرکردنەوە لە ھەبوونی خۆیان دوور دەخەنەوە. دەبنە بوونەوەرێک کە بەردەوام دەخوات، دەخواتەوە، دەخەوێت، ھەڵدەسێت و دەمرێت، واتا تەنیا خەرجیی ھەیە. بە کورتی مرۆڤ دەخرێتە دۆخی بوونەوەرێکەوە کە خۆی دەخواتەوە، دەوروبەر و ژینگە و سرووشتەکەی دەخواتەوە و لەناوی دەبات. مەعنەوییات سەرپاک تیا دەچێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەوانە دەبینێت، ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و سامێکی گەورەی لێ دەبینێت. سەرچاوەی توند و ڕەوانبوونی ھەڵوێستی بەرانبەر بە سەرمایەداریی، بۆ  ئەو سام و مەترسییانە دەگەڕێتەوە. بە مەترسییەکی گەورەی سەر مرۆڤایەتیی دەزانێت، بۆیە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و بۆ ڕێگریکردنێکی ڕەھاش لەو مەترسییانە، بیر و ڕامانی خۆی بەرفراوانتر دەکات و دەیخاتە خزمەتی مرۆڤایەتیییەوە تا تێکۆشان گەورەتر بکرێتەوە.

 

مرۆڤ بەپێی ھزری کۆمەڵایەتیی گەشە دەسەنێت

ڕێبەر ئاپۆ مێژوو بە ڕاست تێگەیشتن لەمڕۆ پێناسە دەکات و دەڵێت: “مێژوو لەمڕۆماندا و ئێمەش لە قووڵایی مێژوودا شاراوەین”. ڕێبەر ئاپۆ بە “مانیفێستۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی” ھزرێکی نوێی مێژوویی بنیاد دەنێت و گەشە بە زانستی مێژوو دەدات. کۆمەڵگەی مێژوویی پێناسە و شیکار دەکات. بە گەڕانەوە و بنکۆڵکردنی کۆمەڵگە و مرۆڤ، کە بنیادنەرێتی، ھەوڵ دەدات لە گەردوون تێبگات. ئەمەش لانی کەم بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیاندنی مرۆڤە لە زۆربەی زۆری ئەو شتانەی بە لای مرۆڤایەتییەوە نازانرێت و مایەی تێگەیشتن نەبوون.

کەوابوو ئەگەر مێژوو، کە بە دایکی سەرجەم زانستەکان دادەنرێت، بە کەڵەکەی زیھنیی مرۆڤ لێک بدەینەوە، ئەوا ئەو ڕاستییەش دەردەکەوێت کە ھەموو بەرھەمێکی دەستی مرۆڤیش، بەم کەڵەکە زیھنییە بەدی ھاتووە. ھەموو زانستە پۆزیتیڤ و مرۆییەکانیش، لە ھزری مێژوو، لە زانستی مێژوو و لەو کەڵەکە زیھنییەی مرۆڤ وا بە مێژوو ناوی دەبەین، سەرچاوەی گرتووە و پشتئەستوور بەو گەشەی سەندووە. ئەمە چی دەگەیەنێت؟ تا چەند زانستی مێژوو گەشە بسەنێت، ئەوا دەکرێت زیاتر برەو بە پێشخستنی بوارە زانستییەکانی تریش بدرێت. بە پێچەوانەشەوە تا چەند لە زانستی مێژوودا لاوازیی ھەبێت، ئەوا لە بوارە زانستییەکانی تریشدا ئەوەندە پاشکەوتوویی دەبێت. پێویستە بە شێوەیەک برەو بە جیھانی زیھنییمان بدەین، کە بە ئاستی تێگەیشتن لە فرەڕەھەندیی ڕاستینەی ژیانی بەهێز و دەوڵەمەند بگات. ژیریی مرۆڤ یاخود ژیریی کۆمەڵایەتیی، ھۆشمەندیی بنیادیی مێژووە. بەدەر لەم ڕاستییە لە ھیچ بوارێکی دیکەدا تێگەیشتن لە ڕاستیی ژیانی مرۆڤ بەدی نایەت.

کەوابوو مرۆڤ لە سایەی ھۆشمەندیی کۆمەڵایەتییەوە دەتوانێت خۆی و کۆمەڵگە و سرووشت بناسێت. مرۆڤ پابەند بە ھۆشمەندیی کۆمەڵایەتیی گەشە دەکات. لەلایەکی ترەوە تێگەیشتن لە ڕاستینەی کۆمەڵایەتیی و ڕاستینەی ژیان سەرتاپێ بەندە بە ھۆشمەندیی مێژووەوە. کەسێک یان کۆمەڵگە تا چەند لە ڕووی مێژوییەوە بە شێوەیەکی ڕاست کەڵەکەی زیھنی بەدی هێنابێت، ئەوەندەش لە هەقیقەتەوە نزیکە. واتا ئەوەندەش نزیکە لە تێگەیشتنی ڕاست لە ژیان، ئەویش لە چوارچێوەی پێویستییەکانی مامەڵە و ھەڵگرتنی ئیرادەی ئازاددا. بە زانین، تێگەیشتن، پلان و ڕێکخستنی ژیان دەژی. پێچەوانەکەشی: بە ئەندازەی لاوازیی ھۆشمەندیی و تێگەیشتنی مێژوو یاخود نەبوونی؛ مرۆڤ لە هەقیقەت، ژیانی ئازاد و ڕاستییەکانی ژیان دوور دەخاتەوە، سووکی دەکات، نەک بە شێوەیەک کە بە تێگەیشتن و پلان بژی، بە کاردانەوە و ئاڕاستەپێدان و دنەدانی دەوروبەرەکەی ژیانێکی دەستەبەندیی نێو خەڵکییدا دەژێت. ژیانێکی بەم چەشنەش بەرھەمدار نابێت و ھیچ سوودێکی بۆ ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەش نابێت.

 قووڵایی ھۆشمەندیی مێژوویی گوزارشتە لە قووڵایی گەیشتن بە ھۆشمەندیی ژیانی ئازاد و لاوازیشی گوزارشتە لە دووربوونی. نەبوونی ھۆشمەندیی مێژوویی بە واتای دوورکەوتنەوەیە لە مرۆڤ و کۆمەڵگەبوون. سەرەکییترین بنیادی کۆمەڵگەبوونی کۆمەڵگەیەک و مانەوەی بە کۆمەڵگەیی و گەیشتنی بە ژیانی ئازاد؛ ھۆشمەندییە لە مێژوودا. ھۆشمەندیی مێژوو ھۆشمەندیی هەڵکشانی کۆمەڵگەیە بۆ ئاستی تێگەیشتن، شیکار و ڕێکخستنی ژیانی ئەمڕۆی. ھۆشمەندیی مێژوویی بابەتێکە و کۆمەڵگەکان لە سەردەمی شارستانییەتدا زۆرترین گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە. لە سەردەمانی سەردەرکردنی دەسەڵاتخوازیی بە سەر زێدەبەھای بەرھەمی ژیریی و ڕەنجی مرۆڤ و دەرکەوتنی یەکەمین دیاردەی دزییەوە، لە خاڵی جێبەجێکردنیاندا دوو ڕێچکەی سەرەکیی وەبەر گرتووە: ڕێچکەی یەکەم ڕێبازی توندوتیژییە. دەستبەسەراگرتنی زێدەبەھای بەردەست و تاڵان و دزینییەتی بە شێوازی جیاجیا و بە حوکمی هێز و توندوتیژیی.

ڕێچکەی دووەمیان دوورخستنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە کە هێزی ھزر و ھۆشمەندیین لە خاوەندەرکەوتن لە هێزی ڕەنجی خۆیان، یاخود بردنیان بە دۆخێکدا کە بەپێی پێویست بەھای ڕەنجی خۆیان نەزانن و بەرگریی لێ نەکەن. تاڵانکردنی بەھا کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە بەڕێوە دەبرێت، بە چەواشەکردنی ھۆشمەندییش بەدی دێت. تەنانەت لە ڕووی مێژووییشەوە بە پێچەوانەی زانراوەکان، زیاترین تاڵانیی بەھا لە ڕێگەی چەواشەکردنی ھۆشمەندییەوە کراوە. بە تایبەتی ئەمڕۆ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە زۆرترین شێوە پەیڕەوی دەکات. ھەموو شان و شکۆی ئەو ئایدۆلۆژییەی پێی دەڵێن لیبڕاڵیزم، بۆ ئەو بنچینەیەی دەگەڕێتەوە.

ڕێبەر ئاپۆ گوتی: “سەرمایەداریی هێزی لە چەک یاخود لە پارەکەیدا نییە، لە لیبڕاڵیزمەکەیەوە وەری دەگرێت” بەم گوتەیەشی ئاماژە بەو چەواشەکردن و لاوازکردنەی ژیریی مرۆڤ و کەڵەکەی ھۆشمەندییەکەی دەکات کە سەرمایەداریی پەیڕەوی دەکات. بە شێوەیەک ئەو تاک و کۆمەڵگەیەی ئاگای لە واتای بەهێزبوونی بەھای ڕەنجەکەی نەبێت و خاوەنداریی لێ نەکات، زەمینەکەی بۆ ژێردەستەکردن و تاڵانکاریی لەبارە. ئەم کۆمەڵگەیە بە دۆخێک گەیەندراوە کە بەبێ دەستبردن بۆ ھیچ توندوتیژییەک، تاڕادەیەک بە ڕەزامەندیی خۆی تاڵان و ژێردەستە دەکرێت.

ئەگەر ھەر شتێک بەپێی ھۆشمەندیی مێژوو بەدی بێت؛ ئەوا ھەبوون و ئازادیی مرۆڤ و کۆمەڵگەش بەمەوە پابەند دەبێت، کەواتە چەواشەکردنی ھۆشمەندییش، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێبازەکانی تاڵانکردن و ژێردەستەکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگە. هێزە دەسەڵاتدارەکانی شارستانیی بۆ ئەم مەرامە تا کۆتا بە ئەنقەست، بە ڕێکخراوەیی و بە پیلان، هۆشمەندیی مێژوویی چەواشە دەکەن و زانستی مێژوو کوێر دەکەنەوە. بە تایبەت سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ئاستی قڕکردنی کۆمەڵگەدا، کار بۆ کوێرکردنەوە و چەواشەکردنی ھۆشمەندیی دەکات.

مێژوو بە کەڵەکەی زانیاریی کرۆنۆلۆژییانە پێناس ناکرێت، بەڵکوو بینین و لێکدانەوەی وەک توانستی زیندووییەک، کە لە ڕاستینەی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا دەژی، ئەمڕۆ رۆشن دەکاتەوە و ئاڕاستە بە ئاییندە دەدات، لە بەسەرھاتەکانەوە ئەزموونی ژیانی ئاییندە دەبەخشێت و ئاشکرایان دەکات، جا ناوەڕۆکی بنیادنانی ھۆشمەندی مێژوو دەردەبڕێت.

هێرش بۆ سەر ھۆشمەندیی مێژوو، هێرشە بۆ سەر ھزر و فیکر

سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، کار بۆ تاڵانکردنی ھەموو نرخەکانی کۆمەڵگە بە درێژایی مێژوو و جەوھەرە کۆمەڵایەتییەکانی و پێشبینیی ژێردەستەکردنی و هێشتنەوەی کۆمەڵگەیەکی بێ جەوھەر دەکات. بۆ بەڕێوەبردنی تاڵانکارییەکی وەھا فرەڕەھەند و بەرفراوانیش دەبێت جۆرە دەسەڵاتداریی و هێرشێکی ھاوئاست بکاتە سەر کۆمەڵگەش. ڕژێمی قڕکردنی کەلتووریش بەوجۆرە سەر ھەڵدەدات. فرەلایەنیی هێرشی سەر تاک و کۆمەڵگە لەم خاڵەدا بەدی دەکرێت. لە ھەوڵ و پەیڕەوکارییەکی وەھادا هێزەکانی دەوڵەت و دەسەڵات هێرشێکی زۆر گەورەتر لە تاڵانکردنی زێدەبەھاکان دەکەنە سەر تاک و کۆمەڵگە.

لەم سۆنگەیەوە زۆرترین هێرش دەکرێتە سەر ھۆشمەندیی مێژوو، ئەمەش بە واتای هێرشە بۆ سەر زیھنییەت و فیکر؛ بە واتای لەناوبردنی کەڵەکەیەکی زیھن و فکری خودی تاک و کۆمەڵگە و ھەموو شتێکی تری کە لەسەر ئەو بنچینەیە بنیادی گرتووە. لە ڕەوشێکی وەھادا تاک و کۆمەڵگە دەکەونە نێو دۆخێکەوە درک بە ڕاستینەی خۆی ناکات، بیرکردنەوەی بۆ خۆی نییە، بەرژەوەندییەکانی خۆی نازانێت، ئاییندەیەکی ئازاد بۆ خۆی دانانێت و پلانی نابێت و بەو ئاڕاستەیەشدا ناڕوات. ئەمەش پابەندبوون بە بەھای تر و لەدەستدانی ڕەسەنێتی کۆمەڵایەتیی و بوون بە کۆمەڵگەی تر لەگەڵ خۆی دەهێنێت.

مێژوو وەک کەڵەکەی ھۆشمەندیی، گرێدراوی گەلێریبوون و ڕاستینەی بوون بە کۆمەڵگەیە. لەناوبردنی ھۆشمەندیی مێژوو، نەهێشتنی ھۆشمەندیی ئازادیی و وڵات و لەناوبردنی دەکرێت بە ھەوڵدان بۆ ڕیگریی لە دەرکەوتن و لەباربردنی ھەلی گەشەسەندنی ھۆشمەندییەکی وەھا پێناسە بکرێت. هەموو کۆمەڵگەیەک لە پێناو بەرخۆدانی بەرانبەر ئەو هێرشەی دەکرێتە سەر بوارەکانی ھەبوونی، پێویستە خاوەنی سەرجەم ڕەھەند و ڕاستییەکانی ھەبوونەکەی خۆی بێت. ئەمەش ھۆشمەندیی بوون بە کۆمەڵگەی مێژووییە. ھەبوون و خوڵقاندنی ھۆشمەندییەکە و لە مێژوودا لە ھاوبەشیی زمان و کەلتوور و ژیانی شێوەگرتوودا ھەبوونی خۆی نیشان دابێت.

ڕێبەر ئاپۆ ئایدۆلۆژیا و تێکۆشانی زەینیی کرد بە بنچینەی سەرپاکی تێکۆشانەکانی خۆی. سەرجەم ھەوڵەکانی خستە خزمەتی سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ھۆشمەندیی مێژوویی کۆمەڵگە. لەم خاڵەدا بە ئەندازەی سەرکەوتن و خوڵقاندنی پێشکەوتنیش، برەوی دا بە ھۆشمەندیی، خۆڕێکخستن و تێکۆشان دژی هێرشە داگیرکەرییە کەلتووریی و سیاسییەکانی سەر کۆمەڵگە.

ژیانی ئازاد ئەو ژیانەیە لە بازنەی ژندا گەشەی سەندووە

کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و پۆلەتیکیی؛ کۆمەڵگەی ئازادە، کۆمەڵگەیەکی یەکسانە و ڕەچاوی جیاوازییەکان دەکات و یەکێتییان لەنێواندا درووست دەکات. بنچینەی ئازادیی کۆمەڵایەتییش ئازادیی ژنە. گەر ئازادیی کۆمەڵگە پابەندی ئازادیی ژن نەبێت، بوونی نابێت. بۆیە لە بنچینەی شێوەگرتنی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی-پۆلەتیکییدا ئازادیی ژن ھەیە. بێگومان بەوپێیەی ئازادیی ژن ئاستی ئازادیی کۆمەڵگە دەستنیشان دەکات، کەوابوو کۆمەڵگەی ئەخلاقیی-پۆلەتیکیی، کە کۆمەڵگەی ئازادە، کارابوون و ڕۆڵبینینی بەندە بە بەشداربوونی ئازادانەی ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “ژن لە ژیانی ئازاددا کەسی یەکەمینە نەک دووەم”، ھەر ھەڵوێستێک بە کەسی دووەمی دادەنێت، نوێنەرایەتیی زیھنییەتی پیاوسالاریی دەکات، لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کڵان و نیۆلۆتیکیشدا ناشێ و ناگونجێت. ئەمەش دۆخی دەستکردەی دەسەڵات و دەوڵەتە. لەم سۆنگەیەوە ژیانی ئازاد ئەو ژیانەیە وا ژن لە پێگەی سەرەکییدایە. کۆمەڵگەی ئازاد دەبێت لە ئاستێکی وادا بێت کە ژن لە کاروبارە کۆمەڵایەتیییەکاندا بەشداربوونێکی زۆر لەپێشتری ھەبێت.

تێکڕای زیھنییەتەکانی تر، سیستەمی ژیان و خێزانیش ناچارە بە گۆڕان و وەرچەرخانێکی بەم ڕەنگەدا بڕوات. پێویستە سەرلەنوێ زیھنییەت بەو پێیە بنیاد بنرێتەوە و ئازادیی کۆمەڵایەتیی لەسەر ئەو بنچینەیە دابڕێژینەوە. پێشەنگایەتیی کاروبارەکانی ئازادیی ژن له‌ بنیادنانی كۆمینی دیموكراتییدا ته‌نیا به‌ قسه‌ و جاڕدان نابێت، پێویسته‌ بكرێته‌ ڕاستییه‌كی كرداریی. پێویسته‌ په‌روه‌رده‌ و به‌شداریی ژن به‌و چەشنە بێت. ده‌بێت حه‌تمه‌ن رێكخراوه‌یی گشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی پیاو و ژیانیشی به‌م پێیه‌ بێت.

لیبڕاڵیزم گوتی؛ بره‌و به‌ ئازادیی تاكه‌كه‌س ده‌ده‌م و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌شی ئازادیی ژنی زه‌ق كرده‌وه‌، جا كردی به‌ شاژنی مێتاكان و خستییه‌ ئه‌و ڕه‌وشه‌وه‌.

ده‌مه‌وێت جه‌ختی لێ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ته‌نیا له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا شوێنێكی گرنگمان نه‌داوه‌ به‌ ژن، هه‌ر كه‌سه‌و لای خۆیه‌وه‌ بانگه‌شه‌یه‌كی به‌و ڕەنگەی هه‌یه،‌ به‌ڵام كرداره‌كانیان جیاوازه‌ و ده‌بێت به‌ وردیی جیاوازیی نێوانیشیان لێك بدرێته‌وه‌.

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئەو دۆخه‌ی‌ ئایینه‌كان، کە زیهنییه‌تی چاخی سه‌ره‌تایی و ناویین، شارستانیی مۆنۆپۆڵگه‌را، زیهنییه‌ت و سیاسه‌تی پیاوسالاریی به‌ سه‌ر ژنیدا هێناوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی لیبڕاڵیزم و سه‌رمایه‌داری هێناونییەتییە گۆڕێ، ڕه‌خنه‌ی زۆر به‌هێزیان ئاڕاسته‌ بكرێت و بەرانبەر بەمە ئه‌وه‌ دابهێنین كه‌ پێویسته‌ ئازادیی ژن چۆن بێت، هەروەها پێناسەکردنەوەی ئازادیی کۆمەڵایەتیی بەپێی ئازادیی ژن. كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌خلاقیی-پۆله‌تیكیی له‌ سه‌ر بنچینه‌یه‌ك گه‌شه‌ دەسەنێت كه‌‌ پێشبینیی به‌و شێوازه‌ به‌شدارییە و ئازادیی ژن ده‌كات. بۆیه ده‌بێت به ‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزتر پره‌نسیپ و پێودانگه‌كانی دابنرێن، ڕه‌خنه‌ی توندتر له‌ دژبه‌ره‌كانی بكرێن و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ڕێكخراوه‌تر، به‌ پلانتر و به‌ كاریگه‌رتر، په‌روه‌رده‌ و تێكۆشانی زیهنیی بكرێت. ژیانی كۆمینی دیموكراتی تاكی ئازاد و ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌نده‌ به‌ گه‌شه‌سەندنی ئازادیی ژنه‌وه‌. تا چه‌ند ئازادیی ژن گه‌شه‌ بكات؛ ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تیی، كۆمینی دیموكراتیی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیی به‌دی دێت. ‌تا وه‌كوو پشت به‌ پێشه‌نگایه‌تیی ژنی ئازاد و بنچینه‌كانی نه‌به‌سترێت،‌ كۆمه‌ڵگه‌ و كۆمینی دیموكراتیی به‌دی نایه‌ت.

به‌وپێیه‌ی ژیانی ئازاد هه‌بوونێكی جێگره‌وه‌یه‌، ده‌توانین سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی بكه‌ین به‌ كۆمین. پێویسته‌ له‌ یادی نه‌كه‌ین هه‌موو شتێك به‌ شێوازی هه‌وڵ و كاركردن كراوه‌، وه‌ك بیرێكت به‌ سه‌ری ده‌رزی هه‌ڵكۆڵی بێت، به‌ڵام لێره‌دا بانگەشەیەک، سه‌بر و بڕیاردارییه‌ك، به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌. پاش به‌دیكردنی، پابه‌ندبوونێكی بێكۆتایی به‌ ڕاستییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. ڕاستییەکەی ئه‌و گومانه‌ی له‌ ژیانی سیسته‌م ده‌كرێت، به‌ ئه‌ندازه‌ی بره‌ودان به‌ ڕاستییه‌كان، له‌نێو ده‌چێت. جێگه‌ی خۆی بۆ چۆنێتیی و بڕیارداریی جێ ده‌هێڵێت. به‌م شێوه‌یه‌ش ژیانێكی جێگره‌وه‌ی نوێ دێته‌ ئاراوه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌و ژیانه‌ جێگره‌وه‌یه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ به‌دی دێت، به‌دیهێنانی نیشتمانپه‌روه‌ریی كوردی، ڕاستینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كۆمیناڵیی و دیموكراتیی و گه‌یاندنی به‌ هۆشمه‌ندیی، ڕێكخستن و چالاكیی و پێشه‌نگایه‌تییە‌ بۆ ئه‌و ڕێچكه‌یه‌.

ڕێبه‌ر ئاپۆ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و به‌ها بنچینه‌ییانه‌ ده‌كات. نیشتمانپه‌روه‌رییه‌كی كوردیی و كۆمه‌ڵگه‌گه‌رییه‌كی به‌ بڕیار و ڕاست. له‌م خاڵه‌دا وردبوونه‌وه‌ و هه‌وڵدان و داكۆكیی ئه‌مڕۆكه‌ له‌ كه‌سایه‌تیی ڕێبه‌ر ئاپۆدا؛ هه‌م گه‌لی كوردی کردووە به‌ ڕێنیشانده‌ری نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیی و هه‌م ڕێگه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمیناڵی دیموكراتیی نیشانی مرۆڤایه‌تیی ده‌دات.

كه‌وابوو پێویستمان به‌ قووڵكردنه‌وه‌ و به‌رفراوانكردنی نیشتمانپه‌روه‌ریی و په‌یوه‌ستبوون به‌ وڵات، خاك، مێژوو و كەلتوور هه‌یه‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه‌ش، ده‌بێت پەیوەستێتیی به‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، له‌ ئاستی ئه‌شق و شه‌یداییدا بێت.

 

تێبینی: ئەم بابەتە بەتایبەت بۆ گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە نووسراوە و لە ژمارە ٥١ی گۆڤارەکەدا بڵاوکراوەتەوە.

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە – ژمارە ٥١ و نامیلکەی ‘لە بوونەوە بۆ ئازادی’

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.