کورد؛ درزێکی بنیادیی لە گێڕانەوەی دەوڵەت-نەتەوەکاندا
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، دوو خاڵی سەر نەخشەی سەربازیی نین، بەڵکوو سیمبولی بوونی شارستانیی کوردن لەنێو گەورەشارەکانی سووریادا

مەها حەسەن[1]
وەرگێڕان: شێروان ئیبراهیم
هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، بە تەنها ڕووداوێکی سەربازیی ڕاگوزەر نیین لەنێو تۆماری دوورودرێژی توندوتیژییەکانی سووریادا؛ بەڵکوو ساتێکی یەکلاکەرەوەیە. نەک هەر ساتی تاقیکردنەوەی هاوسەنگیی هێزەکان، بەڵکوو ساتی تاقیکردنەوەی لۆژیکی ئیدارەدانی خودی ململانێکانە لە سووریا و سەرتاپای ناوچەکەدا. لەو کۆڵانانەی پڕ بوون لە خەڵکی مەدەنیی و لەو باڵکۆنانەی تەرمی شەڕڤانانی ژن و پیاوی لێوە فڕێ دران، پرسیارێک دێتە پێش کە حەلەب تێدەپەڕێنێت: لەمڕۆدا “سەرکەوتن” مانای چییە؟ کێ بە ڕاستیی دەدۆڕێت؟
ئەم هێرشەی لە هەلومەرجێکی ناوچەیی ئاڵۆزدا پێک هات، لە ڕوانگەی تورکیی بۆ دۆزی کورد لە سووریا دابڕاو نییە. سەرەڕای باڵادەستییە سەربازییە ڕوونەکەی و ئەو پەیامە ئەمنییە توندانەی ئەنقەرە دەیویست بیگەیەنێت، کەچی دەرئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە ئاستی مامناوەند و دوورخایەندا، هێشتا ناڕوونن، بگرە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانن.
دەکرێ ئەمە بە “سەرکەوتنی پیرۆسی[2]” ناو ببرێت: سەرکەوتنی سەربازیی لەڕووی مەیدانییەوە، بەدەستهێنانی دەسکەوتی تاکتیکیی کورتخایەن، بەڵام بە باجی قورس و زیانی سیمبولیک و مەعنەویی، کە ئاسەوارە سیاسی و ئەخلاقییە درێژخایەنەکانی بەهای سەرکەوتنەکە دادەشکێنن و دەیگۆڕن بۆ بارگرانییەکی هەمیشەیی.سەرکەوتن بە تامی شکست، چەمکێکی سیاسییە، چیرۆکی پشت ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی پاشا پیرۆسی پاشای ئەپیرۆس بە سەر ڕۆمەکاندا، کە بەپێی مێژوونووسان؛ زیانەکانی پشت سەرکەوتنەکە ئەوەندە زۆر بوون، تاڵاوی شکستیان پێ چێشت.
سەرکەوتنی سەربازیی و سنوورەکانی
لە لۆژیکی دەوڵەت و سوپاکاندا، ڕاگەیاندنی سەرکەوتن ئاسانە: گەڕەکەکان بۆردوومان دەکرێن، هێڵەکانی بەرگریی دەشکێنرێن، دوژمن ناچاری پاشەکشە دەکرێت. بەڵام ئەم سەرکەوتنانە نەفەسکورتن. بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە ناوچە مەدەنییەکاندا، لەبری ڕادەستبوون دەبێتە مایەی کەڵەکەبوونی ڕق و تووڕەیی، یادگەیەکی کۆڵەکتیڤ پێک دەهێنێت کە نە لەبیر دەکات و نە دەبوورێت.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، دوو خاڵی سەر نەخشەی سەربازیی نین، بەڵکوو سیمبولی بوونی شارستانیی کوردن لەنێو گەورەشارەکانی سووریادا، ئەو بوونەی بە درێژایی ساڵانی جەنگ هەوڵی داوە لە دەرەوەی جەمسەرگیریی توندی تایفی و سەربازیی بمێنێتەوە. هێرشکردنە سەر ئەم دوو گەڕەکە، تەنها بەئامانجگرتنێکی سەربازیی نەبوو، بگرە پەیامێکی سیاسیی ڕوونە: هیچ فۆرمێکی خۆبەڕێوەبەریی کوردیی لە نێو تەونی سوورییدا جێی نابێتەوە.
کەچی ئەم پەیامە وەکخۆی نەخوێنرایەوە. لەبری هەڵوەشانەوە، بنکی جەماوەریی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، فراوانتر بووە. زۆرێک لەو سوورییانەی، بە عەرەب و کوردەوە، پێشتر بە گومانەوە دەیانڕوانییە قەسەدە یان ڕەخنەی توندیان لێ دەگرت، ئێستە لە بەردەم ڕەوشێکی تردا خۆیان دەبیننەوە: مەدەنییەکان بۆردوومان دەکرێن، سووکایەتیی بە تەرمەکان دەکرێت، شکۆ دەشکێنرێت. لەمەودوا، چیتر ناکۆکییەکە سیاسی نییە، بەڵکوو ئەخلاقییە؛ لەمەشەوە، هەڵوێستەکان دەگۆڕێن.
وەختێ قوربانی دەبێتە سیمبول
شوێنەواری جەنگ تەنها بە ژمارەی کوژراوەکان ناپێورێت، بەڵکوو پێوەرەکە ئەوەیە: پێگەی کوژراو لە ئاگایی کۆڵەکتیڤدا چییە؟ وەختێک جەنگاوەر لە جەنگێکی هاوسەنگدا دەکوژرێت، ناوەکەی لە چوارچێوەی گێڕانەوەی سەربازییدا دەمێنێتەوە. بەڵام ئەو دەمەی تەرمی شەڕڤانێکی وەک دەنیز لە باڵکۆنەوە فڕێ دەدرێت، چیتر ناوەکەی ئاستی تاکایەتی تێپەڕدەکات و دەگۆڕێت بۆ سیمبول.
یادگەی سیاسیی سیمبولیک وەها دەئافرێنرێت. لێرەیا یادگە بە مانای چڕبوونەوەی مانا دێت، نەوەک هەڵبەستن. دەنیز چیتر کەس نییە، بەڵکوو وێنەی ژنێکی کوردە، لە یەک کاتدا هەم دەجەنگێت و هەم سووکایەتیی بەرانبەر دەکرێت. زیاد حەلەب تەنها ناوێک نییە، بەڵکوو دەبێتە سەربووردەی گەنجێک، کە ڕێگەیەکی هەڵبژاردووە و بە ئاشکرا باجەکەی داوە. ڕەنگە ئەم چیرۆکانە سەرکەوتنی سەربازیی بە قەسەدە نەبەخشن، بەڵام شتێکی قووڵتری دەدەنێ: شەرعییەتی ئەخلاقیی لای جەماوەرێکی نادڵنیا و بێلایەن. ئەم شەرعییەتە بە زەبری هێز ناسەنرێتەوە. فڕۆکەکان ناتوانن سیمبولەکان بۆردوومان بکەن و تۆپهاوێژەکان ناتوانن یادگە کپ بکەن.
زۆرینەی کوردان، نەوەک هەر لە سووریا، بەڵکوو لە تەواوی جیهان، وەک پاڵەوانە نەمرەکانی سپارتا دەڕواننە زیاد حەلەب و کوڕ و کچە شەڕڤانەکان، ئەوانەی لەبری سواربوونی پاسەکانی ڕژێم و دەرچوونی سەلامەت، مانەوە و بەرخۆدانیان هەڵبژارد: کەمینەیەک دەزانن لە ڕووی سەربازییەوە دەدۆڕێن، بەڵام بڕیار دەدەن لایەنی سەرکەوتوو گیرۆدەی شڵەژانی ئەخلاقیی بکەن.
تورکیا چی چنییەوە؟
گەر بە خوێنساردییەکی سیاسییەوە بڕوانینە دیمەنەکە، دەتوانین بڵێین، تورکیا ئامانجی تاکتیکی ڕوونی چنیوەتەوە: فشارکردن لە هەسەدە و سنووردارکردنی، نیشاندانی خۆی وەک یاریکەرێکی یەکلاکەرەوە لە باکووری سووریا. بەڵام پرسیارەکە ئەوە نییە چی چنیوەتەوە، بەڵکوو ئەوەیە، لە بەرانبەردا چی بەخشیووە؟
تورکیا ساڵانێکە دەیەوێت کۆدەنگیی کورد دەربارەی قەسەدە هەڵبوەشێنێتەوە، کەچی ئەنجامەکەی پێچەوانە کەوتەوە. لەبری قووڵکردنەوەی دووبەرەکیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیی سووریا، ئەم هێرشانە بوونە مایەی نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان لایەنە کوردییەکان. لەبری قایلکردنی کەسانی ڕاڕا بەوەی قەسەدە بارگرانییەکی سیاسیی و سەربازییە، ئێستە ئەم کەسانە قەسەدە وەک قەڵغانێکی پارێزەر دەبینن، یان لانی کەم، وەک باشترین بژاردە بەرانبەر توندوتیژییەکی ڕووت و نائەخلاقیی.
واوەتر، ئەم هێرشانە دەبنە مایەی زیندووکردنەوەی گێڕانەوەی قوربانیبوونی کورد، نەوەک هەر لە سووریا، بەڵکوو لە سەرتاپای ناوچەکە. کوردانی تورکیا و سووریا و ئێراق و ئێران، پێکەوە یادگەیەکی مێژوویی پڕاوپڕ لە سەرکوت و پەراوێزخستنیان هەڵگرتووە، هەر ڕووداوێک دێتە سەر ئەم یادگەیە، نابێتە ڕووداوێکی دابڕاو، بەڵکوو دەبێتە ئەڵقەیەک لە زنجیرەیەکی دوورودرێژ. لەمەوە توندوتیژیی سەر بۆ ملکەچبوون ناکێشێت، بەڵکوو دەچێتە خزمەتی بەرهەمهێنانەوەی شووناسێکی زامدارەوە.
ئاشتیی گۆڕاو
هەر ئەوکاتەی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بۆردوومان دەکران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشە سیاسییەکانی خۆی دادەڕشتەوە. “ئاشتیی” چیتر ململانێی کلاسیکی نێوان ئیسرائیل و عەرەب نەبوو. ئەم باسە، بە هەموو کارەسات و دژییەکییەکانییەوە، لە کۆتاییە سیاسییەکانی نزیک دەبێتەوە، تەنانەت گەر ڕەگوڕیشە ئەخلاقییەکانیشی بە کراوەیی بمێنێتەوە.
دوای چەندین دەیە لە ململانێ، ئیسرائیل لە ڕێی هێز و سیاسەتەوە، توانی دوژمنە کلاسیکییەکانی تووشی پووکانەوە و لاوازبوون بکات: حەماس لە غەززە، حزبوڵا لە لوبنان، ڕژێمی سووریا کە بەدەست شەڕی ناوخۆوە شەکەت بوو. هاوشانی ئەمە، تۆڕێکی پەیوەندیی و ڕێککەوتنی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی چنی، هەندێک بە ئاشکرا و هەندێک بە نهێنیی؛ ئینجا گەیشتە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەندێک لەو هێزانەی کە پێشتر لە خانەی دوژمندا هەژمار دەکران.
بەم مانایە، چیتر ململانێی عەرەبی-ئیسرائیلی “ئاڵۆزترین ئاشتیی” ناوچەکە نییە. ئیتر ئاڵۆزترین و توندترین ململانێ، ئەو ململانێیەیە کە هەرگیز چارەسەر نەکراوە و ناوە درووستەکەشی بەبەردا نەکراوە: ململانێی نێوان کورد و دراوسێکانی.
ئەم ململانێیە، بە تەنیا پەیوەست نییە بە خاک و دەسەڵاتەوە، بەڵکوو پەیوەندیدارە بە مافی بوونەوە؛ پەیوەندیدارە بە پرسیارێکەوە کە لە ڕوواڵەتدا سادەیە، بەڵام ئەنجامەکەی وێرانکەرە: کێ مافی پێناسەکردنی “شەرعییەت”ی هەیە، کێ وەک زیادەیەک دەخرێتە دەرەوەی ئەم مافەوە؟
بۆ فامکردنی قووڵایی ئەم ململانێیە، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ ژمارەکان. دەوڵەتی ئیسرائیل، کە لە ڕێی هێز و سیاسەتەوە بوونی خۆی سەپاندووە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نۆ بۆ دە ملیۆن تێپەڕ ناکات. لە بەرانبەردا، عەرەبەکان زیاترن لە چوارسەد و پەنجا ملیۆن و بەسەر زیاتر لە بیست دەوڵەتدا دابەش بوون.
سەرەڕای ئەم جیاوازییە گەورەیە لە ڕێژەی دانیشتووان، واقیعێکی ئاشتیی- یان لانیکەم جۆرێک لە پێکەوەژیانی زۆرەملێ- لە نێوان ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبەکانییدا سەپێندرا. ئەمە ئاشتییەکی دادپەروەرانە نەبوو، بەڵکوو ئەم ئاشتییە وەک واقیعێکی سیاسیی داسەپاو بەرهەم هات، با پڕیش بێت لە ناکۆکیی ئەخلاقیی.
لەولاشەوە، ژمارەی کوردەکان لە پەنجا ملیۆن زیاترە، لە نێو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین و بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بوون: تورکیا و سووریا و ئێراق و ئێران. تەنیا لە تورکیا، ٢٠ بۆ ٢٥٪ی ڕێژەی دانیشتووان پێک دەهێنن. ئەوان کۆمەڵگەیەکی ڕاگوزەر یان کەمینەیەکی پەراوێزیی نین، بەڵکوو قەوارەیەکی مرۆیی گەورەن بە ڕەگوڕیشەی مێژوویی و جوگرافییەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە: گەر جیهان ئاشتیی نێوان کەمینەیەکی ئیسرائیلیی و قەوارەیەکی عەرەبیی زەبەلاحی پەسەند کردبێت یان خۆی لەگەڵیدا گونجاندبێت، بۆچی داننان بە مافەکانی کورد، یان پێکەوەژیانی دادپەروەرانە لەگەڵیاندا، ئەوەندە مەحاڵە؟
گرێی کوردۆفۆفیا
بەشی سەرەکیی وەڵامەکە دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە. ئەو دەوڵەتانەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم پێک هاتن، لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە فرەیی دامەزران، شووناسێک وەک تاکەشووناسی دەوڵەت سەپێنرا. لەم چوارچێوەیەدا، کوردەکان چیتر تەنها “کەمینە” نین، بەڵکوو دەبنە درزێکی بنیادیی لە گێڕانەوەی دەوڵەت-نەتەوەکاندا.
بە نیسبەت تورکیاوە، هەر دەسکەوتێکی کورد لە سووریا، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە. لە سووریادا، بۆ چەندین دەیە، کوردەکان لە وڵاتی خۆیاندا وەک میوانی نەخوازراو بینراون. لە ئێراق و ئێران، سیاسەتی لەخۆگرتنی کاتی و سەرکوتی ناوبەناو بەردەوام بووە. کەڵەکەبوونی ئەم ترسە لە کورد، وایکرد باسکردن لە هەر ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد، بە لای ڕژێمەکانەوە، وەک سازشێکی وجوودیی ببینرێت نەوەک چارەسەرێکی سیاسیی.
بەڵام واقیعە دیمۆگرافییەکان بە سەرکوتکردن ناسڕێنەوە. گەلان بە بۆردوومان ناتوێنەوە. ئەوەی سەرکوت دەکرێت، زۆر جار بە شێوەیەکی چڕتر و خودئاگایانەتر دەگەڕێتەوە.
دوای شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە
ڕووداوەکانی حەلەب کۆتایی چیرۆکەکە نییە، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی نوێی پرسیارەکانە. ئاخۆ تورکیا و دەوڵەتە هەرێمییەکانی تر، دەتوانن بۆ هەتاهەتایە بە لۆژیکێکی ئەمنییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا بکەن؟ ئایا دەتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە ئیتر کوردەکان بوونەتە بکەرێکی سیاسی و سەربازیی کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن؟
ڕەنگە دوای ساڵانێکی تر، ئەم هێرشانە وەک خاڵێکی وەرچەرخان بخوێنرێنەوە: وەک ساتێک کە چیتر هێز بەس نییە، ئاشتیی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە ڕێککەوتنی فەرمیی مەیسەر نابێت، بەڵکوو پێویستی بە چارەسەرکردنی گرنگترین و نکۆڵیلێکراوترین ململانێیە: هەردوو ململانێی کوردیی-تورکیی و کوردیی-عەرەبیی.
ئاشتیی دواخراو یان ڕووبەڕوونەوەی کراوە؟
ناتوانرێت گەلێکی وەک کورد بۆ هەمیشە دابپڵۆسێنرێت، وەکچۆن سەقامگیریی ناوچەیی بە نکۆڵیی هەمیشەیی نایەتە دی. ڕووداوەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ڕاستییەکی سادە و هەراسانکەر بیری ناوچەکە دەخاتەوە: هەر “سەرکەوتن”ێکی سەربازیی بەبێ ئاسۆیەکی سیاسیی، تەنها دواخستنی ململانێیەکی گەورەترە.
هێشتا ئاشتییە ئاڵۆزەکە دەستی پێ نەکردووە، بەڵام بەڕێوەیە، جا ئیتر دەوڵەتەکان بیانەوێت یان نا. پرسیارەکە ئەوە نییە ئەم ئاشتییە دێت یان نا، بەڵکوو ئەوەیە: بە چ نرخێک و لەسەر حیسابی کێ؟
سەرچاوە: منصة آغورا
[1] مەها حەسەن ژنە نووسەر و ڕۆماننووسێکی کوردە، لە شاری حەلەب لەدایک بووە و ئێستە لە پاریس دەژی. بە زمانەکانی عەرەبیی و فەڕەنسیی دەنووسێت، خاوەنی چەندین بەرهەمە، لەوانە؛ (مترو حلب) و (مقام الکرد).
٢سەرکەوتن بە تامی شکست، چەمکێکی سیاسییە، چیرۆکی پشت ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی پاشا پیرۆسی پاشای ئەپیرۆس بە سەر ڕۆمندا، کە بەپێی مێژوونووسان؛ زیانەکانی پشت سەرکەوتنەکە ئەوەندە زۆر بوون، تاڵاوی شکستیان پێ چێشت.



