گۆشەی ئازد

کانتۆنە دژە فاشیستییەکان

ڕۆژاڤا هەرێمێکە بەر لەوەی بە زەیتوون و سەرچاوە نەوتییەکان دەوڵەمەند بێت، بە کۆمەڵێک پاشخانی مەعریفیی و فەلسەفیی گەورەتر دەوڵەمەندە.

ئالان فەرمان

وەلید عومەر لە چاوپێکەوتنێکدا دەنووسێت: لە زاراوەی جیهانگیرییدا مەبەستمان لە جیهان، پتر هەسارەی زەوییە، هەسارەیەک تەنیا لە دیوە  فیزیکیی و ماددییەکەی نا، بەڵکوو بە توێژە ڕەمزی و شارستانییەکەشیەوە، بە مرۆڤ و زینەدەوەرەکانییەوە. ئەگەر لە تەلەسکۆبی هابلەوە سەیری زەوی بکەین، دەبینین زەوی تەنیا چینە جیۆلۆجییەکان و گۆڕانکارییە نیشتووەکانی سەری نییە، بەڵکوو چینە مێژوویی و ڕەمزی و شارستانیەکەشییەتی.

ڕۆژاڤا خۆبەخۆ جیهانێکی ئاڵۆز و مشتومڕاوییە. زیاتر لەو تەفسیرەی سەرەوە دەچێت کە وەلید عومەر بۆ جیهانی دەکات. زۆربەی خوێندنەوەکان بۆ ڕۆژاڤا زیاتر چینە جیۆجۆلۆجیی و ماددیەکانی ئەوێ دەخوێنێتەوە نەک چینە مەدەنیی و شارستانیی و سەمبۆڵییەکەی. ڕۆژاڤا هەرێمێکە  سرووشتەکەی دژ بە سرووشتی گشتیی دونیای ئەمریکایی و خەون و خواستی ئەمریکاییە. ئەمریکا تەنیا هێما نییە بۆ  زلهێزێک ئابووریی و کەرەستە سەربازییەکانی لە زۆربەی فیرعەونەکانی تری دونیا گەورەتر بێ، ئەمریکا تەنیا وڵاتێک نییە  لە نیگای کامێرەکەی (پاتریک بۆکانان)ـەوە بخوێندرێتەوە کە گوتی: ئەمریکا تەواوی دنیای بەدەست هێنا، بەڵام خۆی دۆڕاند. ئەمریکا تەنیا دەوڵەتێک نییە بەوە بناسرێتەوە پشت لە دۆستەکانی دەکات و  ئەخلاقی لە سیاسەت ترازاندووە.  دونیای ئەمریکایی هێمایە بۆ هەرەسی  ژیان و حەز و  سەرکەوتنی بەشە نارسیزمەکەی مرۆڤ. ئەمریکایی تەنیا سیاسەت نییە بەبێ ئەخلاق، بەڵکوو هەرەسهێنانی سەرجەمی ژیان و خەون و توانستەکانمانە، سەرکەوتنی لەزەتە غەریزیەکانمانە بەسەر دیوە داهێنەر و مرۆییەکەمان، گەورەبوونی لەزەتەکانی کۆنتڕۆڵە لەو شوێنەی دەمانتوانی تێیدا ئازاد و کۆچەریی و بێ کۆنتڕۆڵ بمێنینەوە. هەڵەیەکی گەورەیە ڕۆژاڤا تەنیا وەک ڕووبەرێکی جوگرافیی و لە چاوی تەفسیرە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکانەوە سەیر بکەین. ئەو سەرزەمینە بە ئیمتیاز شوێنی حەوانەوەی سەنگەرە نافاشیستییەکان و کەڵکەڵە و ئارەزووە دژە فاشیستیەکانە. ڕووبەرە ڕەمزی و شارستانییەکەی ڕۆژاڤا، خەون و هێما و دەلالەتەکانی دەیان جار گەورەترە لە ڕووبەرە سیاسیی و جیۆسیاسییەکەی. پرسی درووستکردنی بوونەوەری گەردوونیی و ژیانی گەردوونیی  لەو پرسە زۆر هەستیار و ترسناکانەیە وا کامێرای سیستمەکە لێی دەترسێنێت.

کێشەی  کورد لەو بەشەی کورستان تەنیا کیشەی نەتەوە نییە، بەڵکوو بە ئیمتیاز کێشەی مۆدێلە، کێشەی خەون و داڕشتنەوەی سەرتاسەری ئەو ئاڕاستانەن وا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆمانی دیاریی دەکات. ڕۆژاڤا سەنگەرێکی دیموکرات و نافاشیستییە. فاشیزم تەنیا دەبابەکانی جۆلانیی و سوڵتانە نەخۆشەکەی نین، بەڵکوو ژێرخانی نهێنیی و پەنهانی تەواوی سەردەمەکەیە، شوێنێک و دەوڵەتێک و ستاتۆیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو خواست و خەونێکن تەواوی خەونەکانی دونیاش دەستکاریی دەکەن. فاشیزم هێندەی دەبابەیەکی ئایدیاڵە هێندە دەبەبابەیەکی مەلمووس و دەستکرد نییە. درووشم و ناوهێنانێک نییە پاکەکان بە ناپاکەکانی بڵێن، بەڵکوو ڕەحمی لەدایکبوونی هەموو سیاسەتەکانی سەردەمەکەیە. ڕۆژاڤا کەلێن و شەبەقێکە لە قوڵایی سیستمەکەدا سەنگەرێکی ترسناکی لە بەردەم فاشیزمی دونیا لێ کەوتووەتەوە. ئانتی فاشیزم واتا نەخزێیە نێو یارییە نائەخلاقییەکانی میدیا، سیاسەت، دوژمنایەتیی ڕەگەزیی و یەکترکوشتن. بەبێ بینینی ئەو وێنەیە قورسە بتوانین هۆی ئەو دەبابانە بدۆزینەوە کە تۆم باراک هەناردەی ئەو مەملەکەتەی دەکات. لە ڕۆحی ئەو سیستمەدا مرۆڤی بێسنوور و بێ حەساسییەتی ڕەگەزیی و گرووپی و نەتەوەیی درووست دەبن. گوناهێکی گەورەیە تەنیا کیشەی ئەو مۆدێلە لە کێشەی نەتەوەدا بچووک بکرێتەوە (ئەگەرچی  ئەمەش لای خۆیەوە هەقیەتێکی مێژوویی هەیە)، کێشەی ئەو مۆدێلە ڕێکنەکەوتنییەتی لەگەڵ لیبڕاڵە ئیلاهییەکانی سەردەمەکە. کێشەی درووستکردنی سوبێکتە لە پشتی سیمەکانی سنوورەوە.

ڕۆژاڤا هێڵەکانی هەڵاتنە لە سیستم. نۆمادێکە دژ بە تەلبەندکردن و گەمارۆی جوگرافیاکان. لای دۆڵوز (نۆماد) واتا ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم. نۆماد واتا ئەو جووڵە و خێرایی و تێپەڕینانەی بە ناو ڕۆحی سیستمەکەدا ئاودیو دەبن و ناگیرێن. نۆماد هێمایە بۆ ڕەمزییەتی نەگیران و کۆنترۆڵنەکردن، بەخشینی وێنەیەکی لێکترازاو و تێکشکاو و پاڕچەپارچەیە بە وێنە شمویولی و داخراوەکەی سیستمەکە. نۆماد ئەو گەڕۆکەیە لە ڕۆحیدا شوێنێک نییە بۆ قەناعەتکردن بەو سنوور و دیوارە دەستکردانەی سیستم لە ڕۆحی ئێمەدا پەروەردەی دەکات. نۆماد ئەو بوونەوەرە دژەسنوور و دژەفاشستییەیە وا کەناڵە ئەزەلییەکانی سیستم وەک کەناڵی کاتیی و زەمەنیی بەکار دێنێت تا لێیەوە بپەڕێتەوە. ڕۆژاڤا تەنیا ئەو کەشە ئایدۆلۆژیک و سیاسیە نییە بە خوێندنەوەی ئەو هاوکێشانەی کە داهێنەرەکانیشیان لێی تێناگەن، بتوانین تێیبگەین. بەڵکوو چینە زۆر فەلسەفیی و ئینسانییەکەی ناو جیهانە ئاڵۆزەکەمانە بەبێ ئەوەی ڕۆچێتە نێو گەمەکانی سیستمەوە.

حەماسەت و هاوپشتیی خەڵکی کورد  لەو ڕۆژانەی دوایی هەم مایەی دڵخۆشییە و هەمیش جێی سەرنج و هەندێک کێشمەکێشن، جا پێویستە ورد بکرێنەوە سەر یەک. بە دیوێکدا ئەو هاوپشتییە سەرتاسەرییەی کورد بۆ هاونەتەوەکەی لە ڕۆژاڤا هاوارێکە دژ بەو ئەقڵە فاشستیانەی بە ئاشکرا نەتەوەیەک دەدەنە دژی نەتەوەیەک، شارێک لە باوەشی شارێک دەردەهێنن و دەیدەنە شارێکی دی. ئەو هاوارە لەم ڕووەدا بایەخێکی بێوێنەی هەیە. لەلایەکی ترەوە دەبینین حەماسەتێکی پۆپۆلیستیی و میدیایی دژ بە دەستەواژەی (برایەتیی گەلان) دەستی پێ کردووە. قەزاوەتێک  بەبێ خوێندنەوەی هەموو ڕەهەندە مێژوویی و فیکرییەکەی، بەبێ بینینی دیوە ناسیاسیی و ماددییەکانی، بەبێ تێبینیکردنی دیوە مەعریفیی و پاشخانە ئەقڵییەکانی ڕۆژاڤا، ئاسان لە دەمی هەمووان بەر دەبێتەوە. هاواری دووەم پتر لەو هاوارە دەچێت کە  (فێلیکیس گواتاری) ناوی دەنێت: هاواری فاشیستبوون. (هەمووان دەیانەوێ ببنە فاشیست!)

ئەو هاوارە چەندە کاردانەوە بێ دژ بەو زوڵم و جەورە ناهەقەی لەوێ هەیە، هێندەش خزمەتە بەو ئەقڵییەتەی جۆلانیی و سوڵتانە نەخۆشەکانی بەرهەمیان هێناوە. لە دیدی ئۆجالاندا، کە ڕەحمی فەلسەفیی ئەو هەرێمەیە، برایەتیی گەلان ڕوکنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە نەک فەنتازیایەک حەزمان پێی بێ یاخود نا. نەتەوەکان  مەرجە لە سەریان برا بن نەک دژ. جدیەتیی ڕۆژاڤا لەو کەشە نۆمادییە و گەڕۆکەی دایە ئەو سنوورانە دەباتەوە پێش ساتی درووستبوونیان، جوانییەکەی زیاتر لەو تێکستەی (نۆفالیسەوە) نزیکە کە دەڵێت: سنوور بۆیە لێرەیە، تا تێیبپەڕێنین. بڕینی سنووری نەتەوە لەگەڵ نەتەوە، نەگیرسانەوە بە یەک شێوەی خەون و ڕەگەز و گرووپەوە، شاهۆی ئەو بەرەنگارییەیە وا دونیای حیرەت و سەرمەست کردووە. ئەو هاوارەی دەڵێت: (گەلان برا نین)، زەمەنی ئەو شەڕە بەرەو شەڕی تر و کوشتنی تر درێژ دەکاتەوە. ئەمە ئەو هاوارەیە تۆم بارک و برادەرەکانی دەیانەوێت  گەورەتر بێ. ڕەنگە بوون بە برای عەرەب و تورک و عەجەم لە ئاڵنگارییە زۆر قورسەکانی کورد بێ بتوانێت تاقی بکاتەوە. کورد کە سەمپتۆمی هەموو نەخۆشییەکانی سیستمە، یەکەم ساتی بەرەنگاریی فاشیستی دەست پێ کردووە، ئەویش بە ساردکردنەوەی جەمسەرەکانی ئەو شەڕە. وێڕای هەموو سەختییەکانی، بەڵام ئیمکانی زۆر لەو ئەگەرە زیاترە ئاسان دەمانکاتە فاشیست تەنیا بۆ ئەوەی چەن کاتژمێرێک شەڕ ڕابگیرێت. ئەو حەماسەتەی برایەتیی نەتەوەکان بە مەحاڵ و درۆی گەورە ناو دەبات، حەماسەتێکە خۆی لەسەر جەهل و تێنەگەشتن و درۆی گەورە ئاوا کراوە، حەماسەتێکی فاشیستییە لە چنین و دەستکردی وردی میدیای سەردەمەکەیە. دانانی تێکستەی (فریدریک جیمسنمان) بایەخێکی بێوێنەی هەیە کە گوتی: خەڵکی لە ڕێگەی سینەماوە باوەڕی بە کۆتایی دونیا هێناوە نەک بە گۆڕینی. مرۆڤی ئێمە لە ڕێگەی میدیاوە باوەڕی بە شەڕی ئەبەدیی نەتەوەکان هێناوە نەک برایەتییەکەی. ڕۆژاڤا سەر بەو تەفسیرە نییە کە بایەخی دەوڵەتی لە بایەخی مرۆڤ لا گەورەترە. مرۆڤی گەردوونیی خەونی گەردوونیی لە ئاڵنگارییە  سەرەتاکانی ئەو هەرێمەیە دژ بە مرۆڤی لۆکاڵ و خەونی لۆکاڵ. کێشەی مرۆڤی لۆکاڵ کێشەی ئازادییە فەردییەکانیشە لە ناو ستراکتۆری کۆمەڵایەتییدا. ئەو قیژەیەی دەیەوێت ببینە دوژمنی هەمووان، نائاگایانە دەمانکاتەوە مەخلووقی نائازادیش. هەبوونی دەوڵەتێک دیوارەکەی لە پۆڵا بێ، ڕەنگە شتێک لە فاشیستەکانی دەوروبەرمان لێ دوور بخاتەوە، بەڵام تووشی دەردێکی تریشمان دەکا، ئەویش دەردی فاشیستە لۆکاڵییەکانە. بەبێ تێگەیشتن لە ئازادییە مرۆیی و گەردوونییەکان، ناتوانین لەو ئازادییانە بگەین کە گەردوونیی و جیهانیی دەبنەوە. وێنەی هەرێمی کوردستان وێڕای هەندێک دەستکەوت و لۆبی نێودەڵەتی گرینگ، بە تەواویی لەو دیستۆپیایە نزیکە کە دەمەوێت وێنەی بکێشم. هەرێمی کوردستان تەنیا لەبەر ئەوەی بەبێ دیدگا و جیهانبینییەکی تایبەت بوو بە ماف و ئازادییە گەردوونیی و کۆمەڵایەتییەکان، تەنیا لەبەر ئەوەی زادەی حەماسەتێکی ناسیۆنالیستیی و میللیگەرا بوو، وێڕای ئەو نیمچە ستاتۆیەی پێێ درابوو،  کەچی  بووەتە هەرێمێکی گەورەی نائازادیی. هەموو خەون و کەڵکەڵەکانمان لە بن ڕەحمی دەسەڵاتێکی فاشیستی و دڵڕەقدایە. بەبێ تێگەشتن لە ئازادییە مرۆییەکان، ناتوانین لە ئازادیی نەتەوە تێبگەین. لە قەیرانی ئابوورییەوە بۆ قەیرانی مرۆڤ و کۆمەڵگا، لە کێشەکانی دیموکراسییەتەوە بۆ کێشەکانی دەزگای فاشیستیی و پەروەردە و زانکۆی فاشیستیی، سەرجەمی ژیانی ئێمەیان ڕەنگڕێژ کردووە. هەر مۆدێلێک لە یەکەم ساتی لە دایکبوونی دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیاری گەورەوە. ناکرێ تەنیا لەبەر ئەوەی نیمچە سەربەخۆییمان هەبێ، وەڵامی هیچ پرسیارێکی ترمان لانەبێ. ئەمە ئەو قەیرانەیە دواتر دەمانباتەوە ناو کایە فاشیستییەکانەوە. کێشە گەورەکانی وەک کێشەی ئازادیی، کێشەی ئابووریی، کێشەی لێبوردەیی و پێکەوەژیان، کێشەی ئازادییە دینیی و نادینییەکان، کێشەی مردنی هونەر و ئیستاتیکا، کێشەی کوشتنی ژن، کێشەی ڕاسیزمی گەڕەک و گەڕەکەکان، کێشەی  یاسا و شێوازەکانی پیادەکردنی لە کۆمەڵگا، کێشەی چاندنی خانەکانی سەرمایەداری ل ەدڵی گەورە و بچووکدا، لەگەڵ دەیان کێشەی ڕژدتر لەو مۆدێلە سیاسییە پڕ قەیرانەی ئێمە بە دوو تێکستیش وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ڕۆژاڤا بە پێچەوانەوە فێرخوازێکە لە سەرەتدا خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە ئامادە کردووە. ڕۆژاڤا هەرێمێکە  لە سەیروورەتێکی بەردەوامدایە لە بوون بە نافاشیست. بوون بە نۆماد و گەڕۆک، جگە لەوەی سنوور و شەڕەکان سارد دەکاتەوە لەگەڵیشی تێگەیشتنێکی دیکەمان لەمەڕ ئازادیی دەداتێ. ئەو دیسکۆرسەی ڕۆژاڤا تەنیا لە بەرگی نەتەوەیەکی بێ پشتوپەنا و گونا‌هدا شڕۆڤە دەکات، دیسکۆرسێکی ناسیۆنالیستیی و پرەنسیبێکی موقەدەسە کە جگە لە نەتەوە هیچ پێکهاتە و حساباتێکی فیکریی تر نادۆزێتەوە.

داهێنانی کانتۆن و درووستکردنی فەزایەک، کە ڕۆژنامەنوسێکی کورد و عەرەب پێکڕا تێیدا ئازاد بن، دەرگا لە سەر ئازادیی گەردوونیی و مرۆڤی گەردوونیی تر دەخاتە سەر پشت. وەرگرتنی ئازادیی و بەرتەسکردنەوەی تەنێ لە چوراچێوەی دیوار و سنوور و شورادا دەمانباتەوە سەر ڕێگای نائازادیێکی ترسناکتر. ئەوەی ئەمریکا و زلهیزانی تر لێ دەترسن، ئەو برایەتیی و مۆدێلە کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەیە وا ڕۆژاڤا بەرگریی لێ دەکا. درووستبوونی مەملەکەتێک ببێتە دوڕگەی ئاشتیی و بەدیهێنانی خەونی کۆمەڵگای بێ شەڕ و کەلتووری بێ شەڕ، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو مۆدێلە جیهانییەی ئەمڕۆ زاڵە. ڕۆژاڤا هەرێمێکە بەر لەوەی بە زەیتوون و سەرچاوە نەوتییەکان دەوڵەمەند بێت، بە کۆمەڵێک پاشخانی مەعریفیی و فەلسەفیی گەورەتر دەوڵەمەندە. ترس لە ڕۆژاڤا ترسە لە سەرکەوتنی هێزی مەدەنییەت بە سەر نامەدەنییەتدا، ترسە لە درووستبوونی خەڵکانێک چیتر بەلایانەوە باڵەخانەیەک لە دەم و ددانەکانی مرۆڤ گرینگتر نەبێ. ترس لە ڕۆژاڤا بە ئیمتیاز، ترسە لە سەرخان و مۆدێلە کەلتوورییەکەی، کە چیتر کەس ناکاتە گورگی کەس. کەوتنی ئەو مۆدێلە مەترسییە بۆ سەر کەوتنی هەموو بەها دیموکراسییەکان، خۆشکردنی ڕێگایە تا فاشیزم جێگای خۆی بۆ ئەبەد لە ڕۆح و ئەقڵی ئێمەدا قایم بکات.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.