چاند

ژینۆساید، گەڕانەوە بۆ داهاتوو

یادداشتێک سەبارەت: نیولیبراڵیزم و ژینۆساید و سەلەفییەت لە باشووری کوردستان

فەرهاد حەیدەری گۆران

یەکەم:

من یەکێک بووم لە میوانانی دووەمین کۆنفرانسی ژینۆساید لە شاری سلێمانی. من بۆ ئەوە نەهاتم تا لە کوردستانی پیرۆز، فۆرد و تۆیۆتا لاندکرۆزەر لە نێو شەقامەکان ببینم. هاتم بۆ گوێگرتن لە گێڕانەوه ی ژیان و دیارنەمانی دەروێش حەبیب، کە هەشتا ساڵ لەمەوبەر له داڵاهوو ملی ڕێی بەرەو شنروێ گرتە بەر و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئایینی هەقیقەتی دەدا، لێ دەستگیر کرا و سەرئەنجام لە بەغدا خوێنێ ڕژێنرا.

توێژەر دەبێت لانیکەم مانگێک بە سەر ببات تا بابەتێک بنووسێت. ڕێکخەرانی دووه‌مین کۆنفرانسی ژینۆساید لە سلێمانی، نەک هەر تێگەیشتنیان لەمەڕ ئەم کێشەیە نەبوو، تەنانەت خەرجی سەفەری توێژەرانیان پشتگوێ خست و تەنها پارەی میوانی تایبه‌ت(!) و چەند خانمێکیان دا!

گەندەڵیی تەنانەت خەرجی سەفەری توێژەرانیش دەخوات!

 

ڕخنە لە خۆم!

با ڕوونی بکەمەوە بۆچی نەدەبوو بێمە ئەم کۆنفرانسە. لەم کۆنفرانسەدا مێژوونووسێکی چەپی چەواشەنووس میوانی تایبەت بوو، ئەو بە درێژایی تەمەنی دەستی لە ساختەکردن و ژینۆسایدی کەلتووری دەقەکانی یارسان و مێژوودا هەبووە. من وەک نووسەرێکی کورد و یارسانیی لە ئێران و کوردستان ناسراوم. پێویست ناکات ڕێزم لێ بگیرێت. پێویستیشم پێی نییە.

هەمان فیلمی دیکۆمێنتاریی «تەنگەنەفەسیی: هه‌نار»، بە سەرمایەی تاکه‌کەسیی درووستم کرد. بەڵام بەم زووانە باسی ئەوە دەکەم که چۆن پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کەلتوور و «پەیوەندیی تایبەت»، مێژوو ساختە دەکات و هه‌قیقه‌ت دەگۆڕێت.

خۆشبەختانە پڕۆسەی بیناسازیی و ژیانی هاوچەرخ بە سلێمانییەوە دیارە، بەڵام لە شارێکدا کە خەڵک ئۆتۆمبێلی ٥٠٠ هەزار دۆلاری لێ دەخوڕێ، وەزارەتی ڕۆشنبیری تەنانەت ماف و کرێی توێژەرانی کۆنفرانسی ژینۆسایدیش دەخوات.

ڕێکخەرانی کۆنفرانسی ژینۆساید دەرفەتێکی باشیان دۆزییەوە بۆ ئەوەی پارە لە حکومەتی هەرێم وەربگرن. ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ داوەشانی ئەخلاق و باڵادەستی زهنییەتی بەکاربەریی له باشوور.

دووەم

هەرێم لە مەترسییدایە

 بە پێچەوانەی شارەکانی کوردستان و ئێران، ژیانی خەڵکی سلێمانیی لە ڕوانگەی خۆشگوزەرانیی ئابوورییەوە، شادتر بوو. دەستکوریی لە شەقامەکاندا نازریکێنێت، ئەمە گەرچی بڕینی مووچە لەلایەن بەغدادەوە ژیانی فەرمانبەرانی سەخت و دژوار کردووە.

مسۆگەر لە سەرانسەری کوردستاندا، شنروێ (ئەو چیایەی كڵامی هەقیقەت لێیەوە سەری دەرهانی) نیشتمانی پیرۆزی منە؛ سوێند بێت بە خوێنی هەموو ئەوانەی وا لە ڕێی ڕزگاریی گەل و نیشتمانی خۆیاندا گیانی خۆیان بەخشی.

کاتی گەڕانەوەم لە سلێمانیی و لە جادەی کەلار، شارەزوور، شۆفێری تاکسییەکە لایدایە لای مزگەوتێکی پۆشتەوبەرداخی زەبەلاح و زەنگین، جا چوو تا نوێژەکەی بکات، زۆرینەی ئەم مزگەوتانە بە پارەی زۆروزەوەندی سەرمایەگوزاری وڵاتانی عەرەبیی درووست دەکرێن.

گەرما هێڵەی دەکرد، هەناسەم بەهۆی شاڵاوی کتوپڕی خێوی ترسەوە تەنگ دەبوو.

چەند گەنجێکی بە سەروسەکووت وەک داعش لە مزگەوتەکە هاتنە دەر، چوونە نێو ڕێستۆرانتێکی شیکی ئەو نزیکانە، بەدوایاندا چووم، هەلێکم دۆزییەوە تا لێیان بپرسم خەڵکی کوێن و لێرە خەریکی چین؟

یەکەوجێ وتیان خەڵکی ئەم وڵاتەین!

وتم وڵاتی ئێوە یان هی کاکەییەکان؟

یەکێکیان وتی ناوی ئەو «چەپەڵ»ـانە مەبە، لە سەردەمی چوار خەلیفەکەوە وڵاتی ئێمە بووە: لە شەڕی جەلەولا بەملاوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا سیاسەتی سەرمایەدارانە (شێوە جیاوازەکانی سەرمایە و بەرهەمهێنان و هێز و دەسەڵاتگەریی) هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی پارتیی  و یەکێتیی نیشتیمانیی، ژیانی مەسرەفگەرایی زاڵدەست کردووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە جێی بزووتنەوە چەپ و دیموکراتییەکانی بۆ بەدلێکی توندڕەو لێژ کردووە.

کاکەییەکان (یارسان) لە هەڵەبجەوە تا شارەزوور و خانەقین و کەرکووک، دووچاری دوو کارەسات هاتوون؛ خۆخواردنەوە و سرووشتێکی باتنیی (ئەمە سرووتێکی نەریتییە و لەگەڵ هەلومەرجی ژیانی مۆدێڕن ناهاوسەنگە)، هەروەها سڕینەوەیەکی سیستەماتیکیان لەلایەن دەزگای سیاسیی فەرمانڕەواوە، تا ئەو شوێنەی لە نێو نزیکەی بیست کەناڵی تەلەفزیۆنیی هەرێمدا، تەنانەت یەک دانەشیان هیی ئەم خەڵکە نین وا ڕۆڵەی بەجێماوی بزووتنەوەی مەزنی پەردیوەرن و ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەسە!

ئێستا ئەو ترسە دەستی لە بینەقاقام گیر کردووە کە خۆسازکردنەوەی تازەی سوپای چیچەک و  ئەو سەلەفییانەی لە دەورەی پردێوەردا باوەکوشتەی خوێنی یارانی هەقیقەت بوون، هاوتا لەگەڵ هەژموونێکی سەرتاپاگیری سیاسییانەی نیولیبراڵیزم، ئاییندەی هەرێمی کوردستان کۆت و زنجیر بکات.

دایکێکی قوربانیی پاش کیمیابارانی زەردە – داڵاهۆ. لە بەڵگەفیلمی «تەنگەنەفەسیی: هه‌نار»ـەوە وەرگیراوە.
دایکێکی قوربانیی پاش کیمیابارانی زەردە – داڵاهۆ. لە بەڵگەفیلمی «تەنگەنەفەسیی: هه‌نار»ـەوە وەرگیراوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.