گۆشەی ئازد

ڕێککەوتنەکەی سووریا: ئەنجامی دیپلۆماسیی ئیمراڵی و بەرخودانی گەل

نوێنەرانی ڕۆژئاڤا، نوێنەری ڕێبەر ئۆجالان، ئەمەریکا، فەرەنسا، دیمەشق و دەوڵەتی تورکیا لە کوێ کۆبوونەوە بۆ ڕێکەوتن لەسەر پرۆسەی ئێستای ڕۆژئاڤا و سووریا؟

سەردار ئاڵتان

لە کرمانجییەوە: نەجیبە قەرەداغیی

ئەو پەیمانەی لە سووریا پێک هات، ئەگەرچی بەتەواویی بە دڵی لایەنەکان نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێگری لە شەڕێکی گەورە کرد، وەک چارەسەرێکی باش پێشوازی لێکرا. بێگومان هەموو کەسێک سەرسام بوو کە ئایا ئەم چارەسەرە چۆن پێکهات. قسەی زۆری لەسەر کرا و هەر لایەنە و دەیویست سەرکەوتنەکە بۆ خۆی ببات. بەڵام ئەم چارەسەرە بە هەوڵەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێکهات. ئەو دیپلۆماسییەی لە نێوان دوورگەی ئیمراڵی، ئەنقەرە، ڕۆژئاڤا، دیمەشق، هەولێر، لەندەن، پاریس و واشنتۆن بەڕێوەچوو، هێزی ئۆجالان جارێکی دیکە نیشان دەدات.

لە سووریا پەیماننامەیەک لە نێوان هەسەدە (هێزەکانی سووریای دیموکراتیک) و حکومەتی کاتیی سوریا ئیمزا کرا. بەر لەوەی ئەم پەیماننامەیە ئیمزا بکرێت، شەڕێکی قورس لە حەلەب دەستی پێکرد. ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەم، هێزەکانی سەر بە هەیئەت تحریر ئەلشام (HTŞ) و گرووپە چەتەکانی سەر بە تورکیا هێرشێکی قورسیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب. پاش شەڕێکی چەند ڕۆژە، هێزەکانی ئاسایشی گەڕەکەکان لە هەردوو گەڕەکەکە کشانەوە و حەلەب بەتەواویی کەوتە دەست هێزە هێرشبەرەکان. دواتر هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی تری ڕۆژئاڤا بەردەوام بوون. پاش ئەوەی هەسەدە هێزەکانی خۆی لە تەبقە و ڕەقە کشاندەوە، HTŞ هێرشی کردە سەر ناوچەکانی تری ڕۆژئاڤا. تا بەر دەرگای کۆبانێ، حەسەکە و قامیشلۆ هاتن. بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بڕیاری سەفەربەری دا و بەرخۆدانێکی بەهێز دەستی پێکرد. هەروەها لە چوار پارچەی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان، کورد و دۆستانیان ڕاپەڕین. دەرکەوت کە ئەم هێرشانە بە ڕەزامەندیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاریی تورکیا لە لایەن هەتەشەوە کرا. لە پاریس لە ژێر چاودێریی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل دانیشتن و لە ئەنجامی پەیمانی نێوانیان، بێدەنگییەک بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤا ساز کرابوو.

پاش ئەوەی ئەم پلانە نێودەوڵەتییە و هەوڵەکانی قڕکردنی کورد ئاشکرا بوون، گەلی کورد ڕاپەڕی و تووڕەیی خۆی بە هەموو جیهاندا ڕاگەیاند. کاردانەوەیەکی گەورە لە دژی هێزە نێودەوڵەتییەکان هاتە ئاراوە. هەروەها هەڵوێستی شۆڤێنیانەی تورک و عەرەبیش تووڕەیی کوردی زیاتر دەکرد. دەتوانرێت بگوترێت بۆ یەکەمجار کورد لە مەیدانەکاندا یەکێتیی خۆی پێکهێنا. چوار پارچەی کوردستان بوون بە یەک دڵ و ئەو دڵە لە ڕۆژئاڤا لێی دەدا.

ڕۆڵی ئۆجالان کە ویستیان بیشارنەوە

 

بێگومان لە هەمان کاتدا چاوی کۆمەڵگە لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو. زۆر جێگەی سەرنج بوو کە ئاخۆ ئەو ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنێت. چونکە ئۆجالان لە هەموو دەرفەتێکدا دەیگوت؛ “ڕۆژئاڤا هێڵی سووری منە”. هەروەها لە باکووری کوردستان و تورکیا پرۆسەیەکی ئاشتی بەڕێوە دەچوو. دۆخی دوایی سوریا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەم پرۆسەیە دەبوو.

لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ بوو دەنگ لە دوورگەی ئیمراڵییەوە نەدەهات، نەدەزانرا ئۆجالان لەسەر ئەم دۆخە چی گوتووە. لایەنە خێرنەخوازەکان و نەیارانی بزووتنەوەی ئازادییش ئەمەیان وەک دەرفەت بەکار هێنا و هێرشەکانیان بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد و ئۆجالان زیاد کرد. گوایە دەیانگوت ئەو دۆخە مەترسیدارەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویداوە، ئەنجامی سیاسەتەکانی ئۆجالان و بزووتنەوەکەیەتی. ئەم لایەنە نەیارانە ویستیان ئەم تێڕوانینە لە نێو ئەو گەلەشدا بڵاو بکەنەوە کە ڕاپەڕیون. بەڵام ڕاستیی بابەتەکە دواتر دەرکەوت. لەبەر هەندێک نیگەرانیی ئەمنیی، دۆخە ڕاستەقینەکە ئاشکرا نەدەکرا. بێگومان ئەمەش جێگەی ڕەخنەیە، بەڵام دەتوانرێت بگوترێت کە لە دۆخی وەهادا، جاروبار کێشەی ڕاگەیاندن بەم شێوەیە دێتە ئاراوە.

پشت پەردەی هاتوچووی دیپلۆماسیی ئیمراڵی

هێرشەکانی سەر حەلەب لە ٦ی کانوونی دووەم دەستی پێکردبوو. دیدارەکەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجالان لە ١٧ی کانوونی دووەم پێکهات. کاتێک دیدارەکە پێکهات، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی تری ڕۆژئاڤا بە فراوانی دەستی پێنەکردبوو. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە تێبگەین، دەبێت کاتژمێرەکە کەمێک بەرەو دواوە ببەین و ڕۆڵی ئۆجالان لەم پرۆسەیەدا نیشان بدەین.

هەروەها پێویستە ئەو دیپلۆماسییەی لە نێوان دوورگەی ئیمراڵی، ئەنقەرە، ڕۆژئاڤا، دیمەشق (شام)، هەولێر، لەندەن، پاریس و واشنتۆن بەڕێوە چووە، بە زانیارییە ئاشکرانەبووەکان ڕوون بکەینەوە. وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئەم زانیارییانەی لەگەڵتان بەش دەکەین، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە سەرچاوەکانی ڕۆژئاڤا، باشوور و بەرپرسانی دەم پارتی بەدەستمان هێناوە. واتە زانیارییەکان لە سەرچاوەی متمانەپێکراوی نێو پرۆسەکەوە وەرگیراون.

هۆشدارییەکانی ئۆجالان بۆ ڕۆژئاڤا

 

لە بنەڕەتدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا دەست بە هۆشدارییەکانی بۆ دۆخی ڕۆژئاڤا دەکات. وەبیری بهێنینەوە، لەم کاتەدا گوشارەکانی تورکیا لەسەر هێزی سەربازیی بەڕێوەبەریی خۆسەر زیاد ببوو. لەسەر ئەم گوشارانە و هەندێک پێشهاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێبەر ئۆجالان لە دوایین دیداری خۆیدا لە مانگی کانووندا هۆشداری دەداتە بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بکەن و لەسەر پەیماننامەکەی ١٠ی ئادار لەگەڵ دیمەشق ڕێکبکەون. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان هێناوە، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: سێ خاڵی سەرەکیی بکەنە ئامانج و لەم چوارچێوەیەدا دیدار بکەن. ئەو خاڵانەش بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان و داهاتی ئابوورییە. واتە ڕێبەر ئۆجالان داوا دەکات کە لەسەر ئەم خاڵانە ڕێکبکەون و دەستکەوتەکانی خۆتان لەبارەی هێزی سەربازیی و بەڕێوەبەریی ناوخۆیی بپارێزن. هەروەها لێرەدا ڕێبەر ئۆجالان هەڵسەنگاندنێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەکات و ئەم زانیارییە دەدات: “دیارە هێزە هەژموونگەرەکان دەستوەردان لە سووریا دەکەن، بۆ پێشگرتن لەمە، زوو کار بکەن”. دەگوترێت ئۆجالان بە ئاشکرا داوای کردووە کە لایەنی کوردیی دەبێت لەگەڵ ئەو هێزانەدا بێت وا ڕێز لە ئیرادەی خۆبەڕێوەبەری دەگرن.

لە دیدارەکەی ٤ی کانوونی دووەمدا چی ڕوویدا؟

 

لەسەر ئەم پێشنیارانە، بەڕێوەبەریی خۆسەر پەرە بە هەوڵەکانی دەدا بۆ ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی. لە لایەکی ترەوە، لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرانی دیمەشق دەقێکی فەرمیی بۆ ڕێککەوتن پێشنیاری بەڕێوەبەریی خۆسەر دەکەن. لەسەر ئەم هەوڵانە، بڕیاری دیدارێکی فراوان بۆ ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دەدرێت. لە ٤ی کانوونی دووەمدا ئەم دیدارە بە چاودێریی دیپلۆماتکارانی ئەمریکیی و فەرەنسیی لە شام پێکهات. گفتوگۆیەکی فراوان بەڕێوەچوو و خاڵ بە خاڵ لەسەر ئەو خاڵانە وەستان کە لە پەیماننامەی ڕێککەوتنەکەدا جێگەیان دەگرت. لە ئەنجامدا دەقێکی ڕێککەوتن دەرکەوت. لایەنەکان ڕێککەوتبوون و ئەمە بە ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرا. هێشتا گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی ڕاگەیەندراوەکە دەکرا کە شتێکی سەرنجڕاکێش ڕووی دا. تێبینییەک بۆ وەزیری دەرەوە ئەسعەد حەسەن شەیبانی دێت کە لەگەڵ شاندی ڕۆژئاڤا لە کۆبوونەوەکەدایە و ئەو لە کۆبوونەوەکە دەچێتە دەرەوە. پاش گەڕانەوە دەڵێت، “با ئێستا پەیماننامەکە ئیمزا نەکەین و ڕاگەیەندراوەکە ڕابگرین” و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بۆ بەرانبەرەکانی باس بکات، کۆبوونەوەکە کۆتایی دێت.

ڕۆڵی ئینگلیزەکان لە تێکچوونی پەیماننامەکەدا

 

دواتر دەرکەوت کە ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەم زانیاری بە بەرپرسانی HTŞ گەیشتووە کە لە ٥-٦ی کانوونی دووەم دیدارێک لەگەڵ ئیسرائیل پێک هات. خۆی ئەم دیدارە کە لە پاریس لە ژێر چاودێریی ئەمریکا پێکهات، دواتر ئاشکرا بوو. دیدارەکە ئەگەرچی لە نێوان ئیسرائیل و HTŞ پێکهاتبێت، تێگەیشتن کە ئەم دیدارە ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیپلۆماسیی، دەتوانین بە ئاشکرا بڵێین ئەم دیدارە لەسەر داوای ئینگلتەرا پێکهاتووە. دەتوانین بڵێین کە ئەم زانیارییە بۆ یەکەمجارە دێتە ڕۆژەڤەوە. تا ئێستا ڕۆڵی ئینگلیزەکان لەم پرۆسەیەدا بە شێوەیەکی شاراوە باس دەکرا، بەڵام دەگوترێت لەندەن ڕاستەوخۆ بەشداری لەم پەیماننامە چەپەڵەدا کردووە. لێرەدا زانیارییەکی شاراوەش دەتوانین بدەین. بەپێی هەندێک سەرچاوەی متمانەپێکراو، دەگوترێت ئینگلیزەکان ڕاستەوخۆ بە بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هەسەدەیان گوتووە “ڕێگە نادەین پەیماننامەی سایکس-بیکۆ تێک بچێت” و تێڕوانینەکانی خۆیان لەم بارەیەوە بە ئاشکرا دەربڕیوە.

جۆلان بۆ ئیسرائیل، باکووری سووریا بۆ تورکیا

 

ئیسرائیل و HTŞ ( و لە پشت پەردەوە تورکیا) لەسەر هەندێک خاڵی گرنگ ڕێککەوتبوون. لە سەرەتادا، بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ئیسرائیل، زۆر بابەتی دیکە هاتبووە ڕۆژەڤەوە و یەکێک لەم بابەتانەش ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی HTŞ بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاڤا بوو. پاش هەواڵەکەی ڕۆیتەرز کە ئەم پلانەی ئاشکرا دەکرد، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا یەحیئێل لایتەر ئەم بانگەشەیەی ڕەتکردەوە و گوتی ئێمە بڕیارێکی وەهامان نەداوە. بەڵام لەبارەی بێدەنگیی دەوڵەتەکەی لەسەر ئەم پلانە هیچ شتێکی نەگوت.

پلانگێڕییەکی نوێی نێودەوڵەتیی!

 

دەتوانرێت بگوترێت کە ئەمە جارێکی دیکە پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی بوو لە دژی کورد. لە سەرووی هەمووشیانەوە، پلانگێڕییەک بوو لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە سەرەتادا هەوڵی گرنگی بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیک لە سووریا دەدا. خۆی ئۆجالان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی ئەمەی بە ئاشکرا گوتووە: “ئەمە پلانگێڕییەکی گەورەیە کە لە پلانگێڕیی ١٥ی شوباتیش بەربڵاوترە.” بێگومان ئەمە لە سەرەتادا باش تێنەگەیشتن. ئایا کورد ڕووبەڕووی چ پلانێک ببووەوە؟ ئۆجالان بۆچی دەڵێت ئەمە پلانگێڕییەکی زۆر گەورەیە؟

ئۆجالان داوای دیدار لە دەوڵەت دەکات پاش پەیماننامەکەی پاریس

لە ٦ی کانوونی دووەم هێرشەکە بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستی پێکرد. هێرشەکە فراوان بوو و بە ئامانجی قڕکردن ئەنجام دەدرا. بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان هێناوە، ئۆجالان داوای دیدار لە بەرپرسانی دەوڵەت دەکات و دەیەوێت بابەتەکە تێبگات. ئەم دیدارە لەو سەردەمەدا کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کەوتبوونە دەست HTŞ و هێرشەکە بۆ سەر دێر حافر دەستی پێکردبوو، پێکهات. لەم دیدارەدا ئۆجالان بە توندی ناڕەزایی نیشانی بەرپرسان دەدات. هەروەها پەیامێک بۆ بەڕێوەبەریی خۆسەر دەنێرێت. ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەمە پلانێکی زۆر گەورەیە لەسەر کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هێرشە بەردەوام دەبێت. تەنانەت دەڵێت: ڕەنگە پاش دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژئاڤا، هێرشەکان بەرەو شنگال، ناوچەکانی باشوور و تا قەندیل بچن. ڕێبەر ئۆجالان داوا لە بەڕێوەبەریی خۆسەر دەکات ڕێکارەکانی خۆیان بگرنەبەر و خۆیان بۆ بەرخۆدانێکی گەورە ئامادە بکەن.

لەو نێوەندەدا ئۆجالان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت بۆ چارەسەر درێژ بە دیدارەکانی دەدا. لە دیدارێکدا بەرپرسانی دەوڵەت پێشنیارێک کە لە ٦خاڵ پێکهاتووە پێشکەشی ئۆجالان دەکەن. ئەم پێشنیارە وەک نامەیەک نیشان دەدەن کە لە جۆلانییەوە هاتبێت. دەگوترێت لەم نامەیەدا پێشنیارەکانی لایەنی حکومەتی دیمەشق بۆ چارەسەر هەن کە وەک دەقێکی خۆبەدەستەوەدان ساز کراوە. بەپێی سەرچاوەکانمان، ئەم دەقە ئەوەیە کە لە ١٨ی کانوونی دووەم لە لایەن دیمەشقەوە ڕاگەیەندراوە.

ڕێبەر ئۆجالان دەقی ١٨ خاڵییەکە ڕەت دەکاتەوە

 

ڕێبەر ئۆجالان ڕاستەوخۆ ئەم دەقە ١٨ خاڵییە ڕەت دەکاتەوە. خاڵەکانی ناو پێشنیارەکە وەک لەناوبردنی کورد پێناسە دەکات و بێزاریی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێت: “ئایا ئێوە بۆچی ئەم خاڵانە بۆ تورکمانەکان ناخوازن. ئێوە بۆ ئەوەی کورد لەناو ببەن، تورکمانەکانیش دەکەنە قوربانی”.

ڕێبەر ئۆجالان ئەم قسانەی خۆی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی و دەم پارتی دووبارە دەکاتەوە. ئەم دیدارە لە ١٧ی کانوونی دووەم پێکهات. لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئۆجالان بە فراوانی لەسەر پیلانە نێودەوڵەتییەکە دەوەستێت. جارێکی دیکە دووبارەی دەکاتەوە کە دەبێت بۆ ڕێگرتن لەم پیلانە، هەوڵەکان بەهێز بکرێن. بە بەرپرسانی دەوڵەت کە لەم دیدارەدا بەشدارن دەڵێت: ” ئەگەر ئێوە پێش بەم هەوڵەی قڕکردن نەگرن، کورد بە توندی بەرخودان دەکات. هیچ کەسێک قازانج لەمە ناکات. ئەو قسەیەی من کە دەڵێم سووریا دەبێتە غەززە، ئەمەیە. ئەگەر کورد بەرخودان بکات، هیچ کەس ناتوانێت پێش بە ئەنجامێکی وەها بگرێت”.

دیپلۆماسییەکی فراوان

 

دیسان وەبیری بهێنینەوە کە دیدارە فەرمییەکە لە ئیمراڵی لە ١٧ی کانوونی دووەم پێکهات. لە ڕێگەی شاندەکەوە ڕێبەر ئۆجالان تێڕوانینەکانی خۆی بە فراوانی دەردەبڕێت. بەڵام پاش ئەم دیدارەش هەوڵەکانی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام دەبن. دیپلۆماسییەک دەست پێ دەکات کە ناوەندەکەی ئیمراڵییە. دیدارە گەرمەکان لە نێوان ئیمراڵی، ئەنقەرە، قامیشلۆ، دیمەشق، هەولێر و واشنتۆن پێکدێن. ناوەندی ئەم دیپلۆماسییەش ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستانە. بانگەشە دەکرێت کە دەوڵەتانی وەک ئینگلتەرا و ئەمریکا (تۆم باراک) دەیانەوێت ڕۆڵێکی نەرێنی بدەنە هێزەکانی باشووری کوردستان. بە تایبەت بۆ ڕازیکردنی بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، ئەم ڕۆڵە گرنگە. بەڵام دەتوانرێت بگوترێت کە پاش بەرخودان و ڕاپەڕینی کورد لە سەرانسەری جیهان، ویستی هێزە نێودەوڵەتییەکان بەو شێوەیەی دەیانویست پێکنایەت.

لەو نێوەندەدا هێرشەکانی HTŞ و چەتەکانی سەر بە تورکیا فراوان دەبن. ڕەققە و دێرەزوور دەکەون. هەسەدە هێزەکانی خۆی بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکێشێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکان ناوەستن. بەڕێوەبەریی خۆسەر کاتێک دەبینێت پلانێک بۆ لەناوبردن لە کاردایە، بڕیاری سەفەربەری دەدا. دەگوترێت ئەم بڕیارەش لەسەر پەیامێکی ئۆجالان دراوە. ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “ئەگەر بۆ قڕکردن دایان بەسەرتاندا، تەنیا بە بەرخۆدان دەتوانن خۆتان بپارێزن”.

ئۆجالان پەیماننامەی خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکات

 

لە ١٨ی کانوونی دووەم، لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی دیمەشق (شام) ئاگربەست ڕاگەیەندرا. ئاگربەستەکە بە ڕێککەوتنی هەردوو لایەن پێکهات، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا ویستیان هەندێک ماددە کە ئیرادەی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەتەواویی تێکدەدات، بەسەر شاندی هەسەدەدا بسەپێنن. مەزڵوم عەبدی و شاندەکەی ئەم سەپاندنەیان قبوڵ نەکرد و لە شام گەڕانەوە.

جارێکی دیکە نیگای هەموو لایەنەکان لەسەر ڕێبەر ئۆجالان بوو

 

ئەم پێشنیارانەی HTŞ و دەوڵەتی تورک بۆ ئەویش نێردران. ڕێبەر ئۆجالان کاتێک دەبینێت ئەم خاڵانەی کە بەسەر ڕۆژئاڤادا دەسەپێنرێن، جارێکی دیکە پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت درووست دەبێت. لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئۆجالان بە ئاشکرا دەڵێت، ئەگەر تورکیا لەسەر ڕۆژئاڤا درێژە بە هەوڵەکانی بدات، ئەو ئەمە قبوڵ ناکات. هەروەها دەڵێت کە ئەو بەتەواوی خۆی لە پرۆسەکە دەکێشێتەوە. بەپێی سەرچاوەکان، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: “ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هیچ مانایەک بۆ پرۆسەکەی ئێرە نامێنێتەوە. بڕۆن بە بەرپرسان بڵێن، ئۆجالان لە پلانێکی وەهادا نییە. هیچ کەس ناتوانێت ڕۆژئاڤا بێ پێگە-ستاتۆ بکات و ناچارم بکات کە قبوڵ بکەم”.

هەروەها ڕێبەر ئۆجالان داوا لە دەوڵەت دەکات کە بۆ چارەسەر، ئەو خۆی ڕاستەوخۆ بکەوێتە جوڵە. داوا دەکات کە کەناڵەکانی دیدار بکرێنەوە. پاش ئەمە، بۆ چارەسەر هەندێک دیدار ئەنجام دەدات. ئەمجارە بە پێشنیاری ڕێبەر ئۆجالان، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق درێژ دەکرێتەوە. لە هەمان کاتدا لە سەرانسەری کوردستان و لە سەرانسەری جیهان، کورد ڕاپەڕین. ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد. لە لایەکی تر سەرۆکی پەدەکە مەسعوود بارزانی و سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانیش بەشدارییان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا کرد. پاش هەوڵە فراوانەکان، دۆخەکە کەمێک ئارام بووەوە. هەم دەوڵەتی تورک، هەم حکومەتی دیمەشق و هەم گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ نەرم بوونەوە.

تەواوی لایەنەکان لە ڕۆژئاڤا کۆبوونەوە

 

لەسەر پێشنیاری ڕێبەر ئۆجالان، ئەمجارە دیدارێکی فراوان کە بۆ یەکەمجارە زانیارییەکانی بەدەست هێنراوە، پێکهات. ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت، پێویستە لەم دیدارەدا تەواوی لایەنەکان هەبن. مەبەستی ڕێبەر ئۆجالان لێرەدا ئەوەیە کە هیچ کەس لە دەرەوە نەمێنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پلانی نهێنی دانەنرێت. لەسەر ئەمە، شاندێک لە تورکیا، یەکێک وەک وتەبێژی ڕێبەر ئۆجالان، لایەنی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا، شاندێک لە حکومەتی دیمەشق و لە ناویاندا بەرپرسانی ئەمریکا و فەرەنساش هەبن، شاندێکی نێودەوڵەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوان لە شارێکی ناوچەی جزیرە ئەنجام دەدەن. لەم دیدارەدا چوارچێوەی پەیماننامەی ٣٠ی کانوونی دووەم دیاری دەکرێت. خاڵ بە خاڵ لەسەر پەیماننامەکە دەوەستن و یەک بە یەک ئەم خاڵانە دانوستان دەکەن. هەر لایەنێک پێشنیارەکانی خۆی دەخاتە سەر مێز. بە تایبەت لایەنی کوردیی هێڵە سوورەکان و ئەوانەی نابێت لێی لابدەن، دەڵێن. بەپێی زانیارییەکان، ڕێبەر ئۆجالان بە تایبەتیی سێ خاڵی گرنگ دەستنیشان دەکات و دەیەوێت ڕێککەوتن لەسەر ئەم خاڵانە بکرێت. ئەم خاڵانەش مافی خۆپاراستن، مافی خۆبەڕێوەبردن و مافی زمان و پەروەردەن. لە ئەنجامدا پەیماننامەی ٣٠ی کانوونی دووەم دەرکرا. خۆی ئەم پەیماننامەیە لە دیمەشق ئیمزا کرا و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە.

ئەنجام

لە ئەنجامدا دەتوانرێت بگوترێت کە بێگومان ئەم پەیماننامەیە زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا. کەم و کوڕییەکانی گوترا. زۆر لایەن ڕەخەنیان لێ گرت. بەڵام وادیارە کە لەم بارودۆخەدا، گونجاوترین پەیماننامە بوو. چونکە پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی دانرابوو و ئامانجەکەی بەتەواویی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد بوو. خۆی وەک لە نووسینەکەدا گوتمان، ئەمە پلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی بوو. ئینگلیزەکان سەرکێشیان بۆ دەکرد. بێگومان ئەم پیلانە، بەر دیواری تێڕوانین و هێزی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کەوت. واتە پێشبینیی، زانیاریی و بەهێزیی ڕێبەر ئۆجالان ڕێگری لە کارەساتێکی گەورە دەکات. دەتوانرێت بگوترێت ڕێبەر ئۆجالان جارێکی دیکە هێزی ڕێبەریی خۆی نیشان دا.

هەروەها بەرخۆدان و ناڕەزاییەکانی گەلی کورد لە سەرانسەری کوردستان و جیهان، جارێکی دیکە نیشانی دا کە کورد ئەو پلانانە قبوڵ ناکەن کە لە دەرەوەی ئەوان ساز دەکرێن. ئەمجارە جیاواز لە جارەکانی تر، کورد لە مەیدانەکاندا یەکێتیی خۆیان پێکهێنا و بەم هێزە پاشەکشەیان بە هێزە هەژموونگەرەکان کرد. گرنگترین شتیش، هەرێمی ڕۆژئاڤا، واتە پارچە بچووکەکەی کوردستان، بۆ یەکەمجار بووە خاوەنی پێگە و مافی خۆی. لە لایەکی تر، ئەو لایەنانەی دەیانویست ڕێبەر ئۆجالان و بزووتنەوەکەی ڕەش بکەن، جارێکی دیکە پوچەڵ بوونەوە.

 

سەرچاوە: ئاژانسی وڵات

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.