ڕێبەر ئاپۆ: پێویستە تێپەڕین بەرەو قۆناغی بنیاتنانی پۆزەتیڤ
نابێت زمانی ئەم سەردەمە زمانی زاڵبوون و دەسەڵاتخوازی بێت. پێویستە ڕێگە بە هەمووان بدرێت بەدرووستی گوزارشت لە خۆیان بکەن و گوێیان لێ بگیرێت تاوەکو ڕاستییەکان لە زاری خۆیانەوە دەرببڕن.

شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و دەم پارتی بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە پەیامێکی نوێی ڕێبەر ئاپۆیان بڵاوکردەوە. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا کە لە هۆڵی یەڵماز گونەی ئەنجامدرا، نوێترین پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێنرایەوە.
پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە:
“بانگەوازەکەمان لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، دەرخەری ئەوەیە، لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتیک دەچەسپێت، ئیتر چەک واتا لەدەست دەدات و سیاسەت دەبێتە بە بژاردە، ئەمە پرەنسیپە. ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکی یەکلایەنە، بەشێوەیەکی بنەڕەتی سەردەمی سەرهەڵدانی نێگەتیڤمان کۆتایی پێ هێنا. پرۆسەی ڕابردوو، توانا و هێزی ئێمەی بۆ دانوستان سەلماند، دەریخست ئێمە دەتوانین سیاسەتی توندوتیژی و دابەشبوون بگوازینەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆن. بانگەواز و کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان بۆ ئەم ئامانجە بوون. بڕیارەکانی ڕێکخستن بۆ کۆتاییهێنان بە کاروچالاکییەکان لەژێر ناوی خۆیدا و کۆتایهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری، تەنها ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی و پراکتیکیی توندوتیژی نییە، هاوکات گۆڕانێکی زیهنییە بەرەو ڕێگەی سیاسی. ئەمە هاوکات مانای ئاشتەواییەکی زیهنییە لەگەڵ کۆماردا.
ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان و بانگەوازی بەڕێز باخچەلی و هاوکارییەکانی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵی هەموو کەس و لایەنە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان کە ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی ئەرێنی بەشداریی پرۆسەکەیان کرد، بە گرنگ دەبینم. هەروەها بەتایبەت و بە ڕێز و حەسرەتێکی مەزنەوە یادی هاوڕێم سری سورەیا ئۆندەر دەکەمەوە.
تورک بەبێ کورد، کورد بەبێ تورک نابن. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە، خاوەنی کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە. دەقە بنەڕەتییەکان لە پرۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی نێوان تورک و کورد نیشان دەدەن. بانگەوازەکەمان لە ٢٧ـی شوبات، هەوڵێکە بۆ ژیاندنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و خواستی بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیکە. ویستمان میکانیزمی خوێن و شەڕ بوەستێنین. ئەگەر بەگوێرەی بەرژەوەندیە سیاسییە کورتخایەن و تەنگەکان بجووڵێینەوە، وە مێژووییبوون و جددییبوون و مەترسییەکانی پرسەکە نەبینین، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. هەوڵی درێژەدان بە نکۆڵی و سەرهەڵدان، هەوڵی گۆڕینی ئاوارتەیە بۆ ڕێسا. ئێمە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو یەکێتییە لادەدەین کە دووسەد ساڵە هەوڵی تێکدانی دەدرێت، ئێمە مەرجە یاساییەکانی ئەم یەکێتییە بەدی دەهێنین. گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە چۆن بێینە پاڵی یەکتر و بتوانین پێکەوە بژین.
ئێستە دەبێت ئێمە لە قۆناغی نێگەتیڤەوە، تێپەڕین بەرەو قۆناغی بنیاتنانی پۆزەتیڤ. ڕێگە بۆ سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە کۆتایی بە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی بهێنین و پرۆسەیەک لەسەر بناغەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا دەست پێ بکەین. بانگەواز لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەین، لەم ڕووەوە دەرفەت بڕەخسێنن و بەرپرسیارێتی بگرنەئەستۆ.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕێککەوتنی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆن، پایە زیهنییەکانی قۆناغی پۆزەتیڤن. قۆناغی پۆزەتیڤ، ڕێبازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەدەر دەنێت. ئامانجی بنیاتنانی پۆزەتیڤ، دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە و باڵەخانەیەک نییە، ئامانجی ئەوەیە، هەر کەسێکی نێو کۆمەڵگە بەرپرسیاربێت و بەشداربێت لە بنیاتنانی کۆمەڵایەتییدا. ئامانجەکە بنیاتنانی هاوبەشە لەنێو کۆمەڵگەدا. گرووپە بندەست و ئیتنیکی و ئایینی و کەلتوورییەکان، دەتوانین بە تێکۆشانی دیموکراتیکی درێژخایەن و ڕێکخراو، خاوەنداری لە دەسکەوتەکانیان بکەن. لەم پرۆسەیەدا، گرنگ ئەوەیە، دەوڵەت وەڵامی گۆڕانکارییە دیموکراتیکەکان بداتەوە.
ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هێندەی دامەزراندنی کۆمار، گرنگە. بانگەوازێکە، هەمان ئاست لە واتا و پۆتێنشیاڵی ئاییندە و هێز، بوون و فرەیی لەخۆدەگرێت. مۆدێلی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بناغەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکە. ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ ڕێبازی دابەشکەر یان ڕێبازی ئاسیمیلاسیۆن. تێپەڕین بەرەو ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، پێویستی بە یاساکانی ئاشتییە. هەروەها چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێویستی بە بونیاد و چوارچێوەی یاسایی ئەوتۆیە کە هەموو ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوورییەکان دەگرێتەخۆ.
زۆرێک لەو کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە، بەهۆی نەبوونی یاسای دیموکراتیکەوەیە. ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا بەرگریی لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین. پێویستمان بە ڕێبازێکە کە زەمینە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و خودی دیموکراسی بڕەخسێنێت، گەرەنتی یاسایی تۆکمە بۆ ئەمە بهێنێتە کایەوە.
هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە دەڕەخسێت، نەک ئینتیما بۆ نەتەوەیەک. بەڵام ئێمە بەرگریی لە هاوڵاتیبوونی ئازاد دەکەین، کە ئازادیی ئایین و نەتەوە و بیرکردنەوە پێشدەخات. وەکچۆن ئایین و زمان ناسەپێنرێت، نابێت نەتەوەش بسەپێنرێت. هاووڵاتیبوونی یاسایی [دەستووریی]، لە چوارچێوەی سنوورە دیموکراتیکەکان و لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دەوڵەت، مافی ڕێکخستن و گوزاشتکردنی ئازاد لە ناسنامە و ئایین و ئایدۆلۆژیا و نەتەوە، دەگرێتەخۆ.
لەمڕۆدا، هەر سیستەمێکی بیرکردنەوە لەسەر دیموکراسی دانەمەزرابێ، ناتوانێت بمێنێتەوە. هەڵوێست و ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتیین، ئەوەی دەمێنێتەوە و هەمیشەییە،دیموکراسییە. ئامانجی بانگەوازەکەمان ئەوەیە، نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، چارەسەر بۆ قەیران و کێشەکانی پێکەوەژیان بدۆزێتەوە. ئێمە بەرگریی لە مافی بوون و ئازادیی ڕادەربڕینی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ڕووبەڕووی ستەم و نادادیی بوونەتەوە.
ژنان هێزی پێشەنگی کۆمەڵگەن، هەر کۆمەڵگە و دەوڵەتێک ژنان لەبەرچاو نەگرێت، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات. لەمڕۆدا، توندوتیژیی خێزانی و ژنکوژی و ستەمی باوکسالاری، هەموویان دەرکەوتەی هاوچەرخی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژنان دەستی پێ کردووە. بۆیە ژنان ئازادیخوازترین پێکهاتە و بەهێزترین هێزی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکن.
نابێت زمانی ئەم سەردەمە زمانی زاڵبوون و دەسەڵاتخوازی بێت. پێویستە ڕێگە بە هەمووان بدرێت بەدرووستی گوزارشت لە خۆیان بکەن و گوێیان لێ بگیرێت تاوەکو ڕاستییەکان لە زاری خۆیانەوە دەرببڕن.
جێبەجێکردنی هەموو ئەم خاڵانە، پێویستی بە عەقڵێکی هاوبەشە، کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر دامەزراوە.
سڵاو و ڕێز”.
ژێدەر: ANF



