ڕۆژاڤا ڕیسەکەی ئەردۆغان دەکاتەوە بە خوری!
ڕەنگە پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورک بە ڕێبەرایەتی ئۆجالان دەست پێ بکاتەوە، ئەگینا دوور نییە ئەردۆغان و تورکیا هەمان چارەنووسی ئەسەد و سووریایان هەبێت!

نەبەز سەمەد
لە کوردەواریدا دەوترێ ”ڕیسەکەی لێ کردەوە بە خوری!” ئەمە لە چییەوە هاتووە و واتای چییە؟ خوری مەڕوماڵات چ بە خەڕەک یان بە تەشی با بدرێت و بڕێسرێت، دەبێت بە ڕیس. لەبەر ئەوەی خوریڕێستن ئەرک و زەحمەتی زۆرە، کاتی زۆر دەوێت و بە چەند قۆناغی ئامادەکاریدا تێپەڕ دەبێت، تەشیڕێس زۆر ماندوو دەبێت تاکوو خورییەکەی دەکات بە ڕیس. هەندێک جار لە پرۆسەی خوریڕێستنەکەدا،ڕەنگە ڕیسەکە بئاڵۆسکێ بەمە دەوترێت ”ڕیسەکەی لێ بووەوە بە خوری”، چونکە تەشیڕێس تاکوو جارێکی دیدەیکاتەوە بە ڕیسی بادراو، زۆر زەحمەتی دەکێشێت، یان ڕەنگە هەر بۆی نەکرێتەوە بە ڕیس. ئەم دۆخە لە زمانی کوردی و لە کوردەواریدا بووە بە پەند و ئیدیۆم بۆ تێکچوون و سەرنەگرتنی ئیشێک، پڕۆژەیەک یان پلانێک. بۆیە ئەگەر کەسێک یان هێزێک ببێتە هۆی تێکچون و سەرنەگرتنی ئیشێک یان پڕۆژەیەک بەم هۆیەوە کارەکە تەواو نەبێت،نیوەچڵ بێت یان بەتەواوی هەڵوەشێتەوە، ئەوا دەوترێ”ڕیسەکەی لێ کردەوە بە خوری!”
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە لەسەر بنەمای ڕیسی سڕینەوە و نکۆڵیکردن لەڕابوردوو دامەزراوە. بۆیە کۆماری تورکیا هەر لە لەدایکبوونییەوە هەڵگری نەخۆشی لەبیرچوونەوەی کۆمەڵایەتی (social amnesia)ـیە. ئەم نەخۆشییە بریتییە لە لەبیرچوونەوە\لەبیربردنەوەی ڕابوردووی گەلێک یان کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەکی کۆیەکیی. واتا ئەو گەلە لەبری یادەوەریی کۆیەکیی، دەبێتە هەڵگری لەبیرچوونەوەی کۆیەکیی.
لە ١٩٢٠ـەکانەوە کۆماری تورکیا دەست دەکات بە سڕینەوەی یادەوەریی و ڕابوردووی دەوڵەتی عوسمانی لەبەر ئەوە واز لە ساڵنامەی کۆچی\ئیسلامی دەهێنێت و پەیڕەوی ساڵنامەی زایینی یان گریگۆریی خۆرئاوایی دەکات. پاشان ئەلفوبێی ئارامی\عەرەبی بۆ ئەلفوبێیی لاتینی دەگۆڕێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ نەوەی نوێی تورک مەحاڵ بێت بتوانن هیچ نووسینێک بخوێننەوە کە پێش دامەزراندنی کۆمار نووسرا بێت. ئینجا دوای ئەوە یاسای ڕیفۆرمی زمان دەر دەکات. بەمەش هێندەی دی نەوەی نوێ لە ڕابوردوو و میراتی عوسمانی دادەبڕێنێت. لە هەنگاوێکی دی هاوشێوەدا، هەموو هاووڵاتییەکی تورکی ناچار دەکرێت واز لە ناوی خێڵ، عەشیرەت، گوند و ناوچەکانیان بهێنن، هەروەها دەبێت هەموو ناونیشانێکی ئایینیی واز لێ بهێنرێت، لەبری ئەوانە هاوشێوەی وڵاتانی خۆرئاوا نازناو بەکار بهێینن
بۆیە دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەسەر وێرانەی دەوڵەتی عوسمانی بریتییە لە بەدامەزراوەییکردنی لەبیرچوونەوە\لەبیربردنەوە. چونکە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەک بۆ تورک لەسەر خاکێکی فرەئاین، فرەنەتەوە و ئێتنیک، کۆمار ناچار دەکات بۆ نەتەوەسازیی تورک پەنا بۆ ‘ناسیۆنالیزمێک لە سەرەوەڕا’ ببات و یەک ناسنامەی یەکگرتووی نیشتیمانی تورکیی بەڕێی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە بەسەر کۆمەڵگە و هەموو گەلانی تورکیادا بسەپێنێت. بەمەش هەموو ڕابوردووی فرە-چاند و فرە-نەتەوەیی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی دەسڕێتەوە، بۆیە کۆماری تورکیا لەگەڵ سڕینەوەی یادەوەری و ڕابوردووی تورکی عوسمانلی، دەست دەکات بە سڕینەوەییادەوەریی گەلانی دیکەی وەک گریکییەکان، ئەرمەنییەکان، جووەکان و کوردەکان. دوای ئەوە پڕۆسەی تواندنەوە و تورکاندنی گەلی کورد بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەستپێ دەکات، بۆیە ناوی کورد و کوردستان دەسڕدرێتەوە، لە هەموو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا لەبری کورد تورکی شاخی یان درەنگتر تورکی ڕۆژهەڵات و لەجیاتی کوردستان ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەکار دەهێنرێت.
کۆماری تورکیا هەموو ئەوانە دەکات تاکوو خۆی وەک دامەزرێنەری سەردەمێکی نوێ بناسێنێت و وەک دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێرن خۆی نیشان بدات. واتا ئەو خورییەی کۆماری تورکیا دەیڕێسێت، ڕیسەکەی بریتییە لە لەبیربردنەوەی ڕابوردوو و دامەزراندنی سەردەمێکی نوێ: یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا.
هەروەها بە هەمان شێوە بەشێک لە میراتی کودەتای سەربازی ١٢ـی ئەیلوولی ١٩٨٠ بریتییە لە سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە یادەوەریی، مێژوو و ڕابوردووی کۆماری تورکیا. دوای کودەتاکە حکوومەتی سەربازی نەک تەنیا هەموو پەرلەمانتار، شارەدار و ئەنجوومەنی شارەدارییەکان دوور دەخاتەوە، بەڵکوو زۆرینەی ڕۆژنامە، کۆمەڵە و سەندیکاکانیش دادەخات. پاشان کۆتایی بە هەموو پارتە سیاسییەکان دەهێنێت، ئەرشیفی پارتە سیاسییەکان دەسڕێتەوە، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە ئەرشیفی نزیکەی ٢٠ ساڵی پەرلەمان لەناو دەبات.
لە دوای کودەتاکە، وەک بەشێک لە سڕینەوەی گەلی کورد، ئازادیخوازانی کورد بەڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن حکوومەتی سەربازییەوە دەستگیردەکرێن و زیندانی دەکرێن. لە زینداندا بە شێوەیەکی زۆر دڕاندانە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن. بۆیە زیندانی سەربازیی ئامەد بە هۆڤێتیی ناوبانگ دەردەکات.ئازادیخوازانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد و ژنانی کورد زیندانی ئامەد بۆ شوێنی بەرخۆدان دەگۆڕن و بە توندییبەرەنگاری سیستەمی ئەشکەنجەی زیندان دەبنەوە.
هەر لەوێوە فەلسەفەی ”بەرخۆدان ژیانە” لەدایک دەبێت، مەزڵوم دۆغان، ساکینە و هەڤاڵانی دی دەبن بە هێما و سیمبولی ئەو بەرخۆدانە. کاریگەریی ئەم بەرخۆدانە تاکوو ئەمڕۆش بڕ دەکات، چونکە هەم لە باکوور و هەم لە ڕۆژاڤا، هەم هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا تا هەنووکە ئازادیخوازان، گەریلا و شەڕڤانانی ئازادیی کورد تێکۆشان دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە کاتێک ئاکەپە لە سەرەتای ٢٠٠٠ـەکانەوە لە تورکیا سەر هەڵدەدات و هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵات دەگرێتە دەست، وەک فریادڕەس و ئافرێنەری سەردەمێکی نوێ لە تورکیا خۆی دەناسێنێت. بۆیە بە هەمان شێوەی ڕژێمەکانی پێش خۆی، دەست دەکات بە سڕینەوەی ڕابوردوو و یادەوەریی کۆمار و گەلانی تورکیا. ئاکەپە\ئەردۆغان دەیەوێت ئەو ڕووە سێکولارەی لە ئەتاتورکەوە بەسەر کۆماردا سەپێنرابوو بسڕێتەوە. بۆیە ئەردۆغان\ئاکەپە بەڕێی گەڕانەوە بۆ میراتی عوسمانی دەست دەکەن بە سڕینەوەی ڕابوردووی کۆمار. چونکە ئەردۆغان خەون بەوەوە دەبینێت ببێت بە سوڵتان و هەموو جیهانی ئیسلامیی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.
پاشان ئاکەپە و ئەردۆغان لەژێر ناوی ”کرانەوەی کوردی” لە ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٥ هەوڵ دەدەن بەڕێی نا-سیاسیکردن (depoliticize)ـی ناسنامەی کوردییەوە و لەژێر ناوی موسڵمانێتیدا کورد لەنێو بۆتەی تورکدا بتوێننەوە. بۆیە لە ساڵانی دواتردا بەتایبەتی دوای کۆتاییهێنان بە کرانەوەی کوردی و پرۆسەی ئاشتی بە تەواوی ئاشکرا بوو کە ئەردۆغان\ئاکەپە بە دوای چارەسەر و سیاسەتێکی دیموکراتیکدا نەدەگەڕان، بەڵکوو خەریکی برەودان بە سیاسەت و سیستەمێکی دەسەڵاتگەر و نادیموکراسیبوون. پاشان دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژاڤا و لەکاتی بەرخۆدانی کۆبانێ بەڕوونی ڕووە فاشیستییەکەی ئاکەپە و دیکتاتۆرایەتی ئەردۆغان ئاشکرا بوو.
لە ئەنجامدا، سڕینەوە، نکۆڵیکردن لە یادەوەریی و لەبیربردنەوەی ڕابووردوو بەشێکی کڕۆکییە لە پێکهاتەی کۆماری تورکیا. ئەمەش نەک تەنیا بووەتە هۆی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ڕابوردوو و یادەوەریی کورد، بەڵکوو ڕابوردووی تورک خۆشی سڕدراوەتەوە و نکۆڵی لێ کراوە. دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوە هەوڵی سڕینەوەی یادەوەری و ڕابوردوو دەدات تاکوو وەک کۆمارێکی مۆدێرن دەربکەوێت. بۆیە دەوڵەتی تورکهەمیشە لەنێو ترسی ڕابوردوودا دەژیت. هەر لەبەر ئەوەشە کۆماری تورکیا بەردەوام باس لە درووستکردنی سەردەمێکی نوێ و داهاتوو دەکات. ئەو خورییەی کۆمار لەژێر ناوی سەردەمێکی نوێ بەردەوام دەیڕێسێت، تورکیایبێڕیشە و بێمێژوو کردووە، چونکە هەموو ئەو ڕەگ و ڕیشانەی کە بە ڕابوردوویەوە دەبەستێتەوە، بڕیوەتەوە.
ئەم نەخۆشییەی کۆماری تورکیا لەلایەکەوە پەیوەندیی بە مێژووی تورکەوە هەیە، چونکە ئەوان لە ناوچەی میزۆپۆتامیا و ئەناتۆڵیا بێڕەگ و ڕیشەن. ئەوان خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، بەڵکوو لە ڕێگەی داگیرکارییەوە لەسەر خاکی گەلانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە وەک گریکی، ئەرمەنی و کورد ئیمپڕاتۆریەتی خۆیان بونیاد ناوە. بۆیە ڕقیان لە ڕابوردوو و یادەوەرییە، لە ڕێگەی تورکاندنەوە هەمیشە ئیش لەسەر لەبیربردنەوە و سڕینەوەی یادەوەری و ڕابوردووی گەلانی ئەو ناوچانە دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم نەخۆشییەی کۆماری تورکیا پەیوەندی بە مۆدێرنە و کۆڵۆنیاڵیزمی ئەورووپییەوە هەیە. چونکە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و کۆمار لە سەرەتای سەدەی بیست بەڕێی داگیرکاری و کۆڵۆنیاڵیزمی ئەورووپییەوە دەکەوێتە ژێر هەژموونی مۆدێرنە. لەبەر ئەوەی مۆدێرنە لەسەر سڕینەوە و لەبیربردنەوەی ڕابوردوو دامەزراوە، ئەوا مۆدێرن بوون واتا بڕینی ڕایەڵەکان بە ڕابوردوو و بە نەریتەوە. ئەورووپای مۆدێرن بە تایبەتی لە سەردەمی ڕۆشنگەری نکۆڵی لە نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی خۆی دەکات و بە سەدە تاریکەکان دەیناسێنێت. بۆیە دەیەوێت ئەو ڕابوردووە، ئەو یادەوەرییە لە هۆشی گەلانی ئەورووپادابسڕێتەوە. لە ڕاستیدا نە سەدەکانی ناوەڕاست هێندە ڕەش و تاریکە نە ڕۆشنگەریش هێندە گەش و ڕووناکە. مۆدێرنە لە کۆڵۆنیاڵیزم جودا ناکرێتەوە. کۆڵۆنیاڵیستە ئەورووپییەکان گەلانی خۆجێیی ئەفریقا، ئەمریکا، ڕۆژهەڵات داگیر دەکەن، لە ڕێگەی پڕۆژە داگیرکارییەکانیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی ڕابوردوو و یادەوەری گەلانی داگیرکراو دەکەن.ئەورووپای مۆدێرن لە ناوەوە و لە دەرەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی ڕابوردووی گەلانی ئەورووپا و گەلانی خۆجێیی کۆڵۆنییەکان دەکات.
بۆیە ئیپمڕاتۆریی عوسمانی و پاشان کۆماری تورکیا لە سڕینەوەی ڕابوردوو، تواندنەوە و تورکاندنی گەلانی میزۆپۆتامیا و ئەناتۆڵیا لاسایی مۆدێلی کۆڵۆنیاڵیستە ئەورووپییەکان دەکەنەوە. بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە داگیرکارییەکانیان دژ بە گەلانی خۆجێیی کۆمەک لە ئەورووپا وەردەگرن. بۆ نموونە دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەدا بە هاوکاری ئەڵمانیا هەوڵی خۆ-مۆدێرنکردن دەدات. سەرەتا بە ڕیفۆرمی تەنزیمات(Tanzimat reforms) لە ساڵی ١٨٣٩ لە ڕیزەکانی سوپای عوسمانی دەست پێ دەکات.
پاشان لە ڕووی کارگێڕییەوە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە ناوەندی (centralize) دەکات. لە ئەنجامی ئەم بەناوەندیکردنەی دەسەڵات، ڕێکخستنەوە و مۆدێرنیزەکردنی سوپای عوسمانی، سەرجەم میرنشین و خۆ-بەڕێوەبەرییەکانی کورد کە بۆ ماوەی سێ بۆ چوار سەدە خۆسەر و ئۆتۆنۆم بوونلەناو دەبات. پاشان لەکاتی دامەزراندنی کۆماردا، ئەتاتورک و گەنجە تورکەکان لە لایەکەوە ئەو بەناوەندیکردنەی دەسەڵات و ڕیفۆرمی تەنزیمات وەک مۆدێل وەردەگرن. لە لایەکی دیکەشەوە سوود لە مۆدێلی کۆماری فەڕەنسا وەردەگرن. لەسەر بنەمای ئەو دوو مۆدێلەکۆمار یان دەوڵەت-نەتەوەی تورک دادەمەزرێنن.
هەرچەندە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە هەندێک کورد وەک خەڕەک خوری داگیرکەری تورک دەڕێسن و نکۆڵی لە ڕابوردوو و یادەوەریی خۆیان دەکەن. بەڵام هەموو هەوڵەکانی کۆماری تورکیا بۆ سڕینەوە و لەبیربردنەوەی ڕابوردوو نەیانتوانی بەتەواوی کۆمەڵگەی کوردی بێیادەوەری بکات. چونکە کورد دانیشتووی ڕەسەنی ئەم وار و خاکەیە، ڕەگ و ڕیشەی قووڵ لەم خاکەدا داکووتاوە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی یادەوەری و ڕابوردووی هەیە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئازادیخوازانی کورد دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەوەستنەوە. ئەوان دژ بە سڕینەوە و لە بیربردنەوەی کوردبوون بەرخۆدانیان کردووە، چونکە تواندنەوە و تورکاندنیان ڕەتکردووەتەوە و ڕیسەکەی کۆماری تورکیایان کردووەتەوە بە خوری. لەبەر ئەوەی هەموو بزووتنەوە و شۆڕشێکی کورد ڕابوردوو بیری تورک دەخاتەوە و هەقیقەتی خۆی نیشان دەدات، بۆیە کۆمەڵگە و دەوڵەتی تورک فۆبیا و تراومای نەتەوەییان بەرانبەر بە کورد هەیە.بۆیە دژی کوردن لە هەر کوێیەک بێت!
لەبەر ئەو تراوماو و فۆبیایەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکبەرانبەر بە کورد هەیەتی، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژاڤاوە بە چەندین ڕێگەی جودا جودا، چ ڕاستەخۆ لە ڕێگەی سوپاکەی خۆیەوە بێت یان ناڕاستەوخۆ بەڕێی گروپە تیرۆریستی و چەتەکانەوە بێت یان لە ڕێگەی کوردی نۆکەرەوە بێت، هەوڵی دژایەتی، داگیرکردن، سڕینەوە و لەناوبردنی ڕۆژاڤای داوە. لێرەوە ئەو پرسیارە زیت دەبێتەوە: ڕۆژاڤا چۆن ڕیسەکەی لە ئەردۆغان کردووەتەوە بە خوری؟
پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریی، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئەردۆغان-باخچەلی باسیان لە پرۆسەی ئاشتی و دیدار لەگەڵ ئۆجالان کرد. ئەوان ویستیان لەژێر ناوی ئاشتیدا گەلی کورد بخاپێنن تا پڕۆژە و پیلانە داگیرکارییەکانیان لە ڕۆژاڤا، باشوور و باکور درێژە پێبدەن. بەڵام هەر زوو ئۆجالان ڕیسەکەی لە ئەردۆغان-باخچەلی کردەوە بە خوری و نەیهێشت پیلانەکانیان لەژێر ناوی ئاشتیییەکی فریودەر سەر بگرێت. ئاخر شەڕکردن و بەرخۆدان لە ئاشتییەکی فریودەر باشترە.
بۆیە ئەردۆغان و دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەندین ڕێگەی دیکەیان بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی ڕۆژاڤا گرتە بەر، بۆبێکاریگەرکردنی هەسەدە و بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە داهاتووی سوریای دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد. بۆیە هەر لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریی، تورکیا لە ڕێگەی بەکرێگیراو و چەتەکانییەوە دەستی بە هێرش بۆ سەر ڕۆژاڤا کرد، ئامانجی ئەوە بوو کۆبانی داگیر بکات. بەڵام گەلی ڕۆژاڤا، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژاڤا-بارۆس لە ڕێگەی ئامادەکارییەکانیانەوە لە ڕووی سەربازی، خۆ-پاراستن، سیاسی و دیپلۆماسییەوە، بەڕێی بەرخۆدانێکی مەزنەوە کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە، ئەو پیلانە داگیرکارییەی ئەردۆغانیان شکست پێ هێنا.
لە لایەکی دیکەوە دەزگای جاسوسی بەدناوی میت لە ڕێگەی کڕین و فریودانی هەندێک خێڵی عەرەبییەوە ویستی شەڕی نێوان کورد و عەرەب دروست بکات تاکوو نموونەی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی گەلان، ئێتنیک، ئاین و مەزهەبە جوداکان لە ڕۆژاڤا-بارۆس کۆتایی پێبهێنێت. بەڵام هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژاڤا-بارۆس ئەو پیلانەی میت و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان پووچەڵ کردەوە.
هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەوڵی دا ئەنەکەسە و پێشمەرگەی ڕۆژ کە لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی و لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم لەلایەن میتی تورکەوە بۆ دژایەتی ڕۆژاڤا درووست کراونوەک خەڕەک\تەشی بۆ ڕستنی خوری پڕۆژە داگیرکارییەکانی بەرکار بهێنێت. شەڕی کورد بە کورد بکات و هەمان ئەزموونی شەڕی ناوخۆی باشور بۆ ڕۆژاڤا بگوازێتەوە. ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوە بوو لە ڕێگەی کوردی خیانەتکار، هۆش داگیرکراو و نۆکەرەکانییەوە دەست بەسەر ڕۆژاڤا دابگرێت. چونکە ئەنەکەسە بەشێکە لە ڕیسی پرۆژە داگیرکارییەکانی تورک. لەبەر ئەوەی ئەوان لە بەرەی دوژمن و داگیرکەردان، بۆیە دەبێت وەک خیانەتکار سەیریان بکرێت و ڕیسی ئەوانیش بکرێتەوە بە خوری! نەک وەک هاوبەش سەیریان بکرێت. بۆیە نابێت لەژێر ناوی یەکڕیزی کورد لە ڕۆژاڤا سازش بۆ هێزێکی خیانەتکار و داردەستی داگیرکەر بکرێت. تەنیا بەو مەرجە دەبێت دانوستاندنیان لەگەڵدا بکرێت کە واز لە خیانەت بهێنن و هیچی دیکە نەبنە داردەستی داگیرکەر.
وەک مەسعوود محەمەد لە پەرتووکی ‘کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێ؟’ دەڵێ ”من کوردم بە کورد قەبووڵە تا ڕۆخی خیانەت. ئەگەر بشچێتە ناو خیانەتکارییەوە و بە دڵێکی پاکەوە لێی بکشێتەوە، قەبووڵمە.” کەواتە تەنیا کاتێک دەبێت ئەنەکەسە وەک کورد قبووڵ بکرێت، ئەگەر هەموو پەیوەندییەکانی خۆی بە میتی تورکەوە بپچڕێنێت. واتا واز لە خیانەت بهێنێت و داوای لێبوردن لە گەلی کورد لە ڕۆژاڤا بکات.
سەرەڕای ئەوەی قەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باش دەزانن ئەنەکەسە نۆکەری تورکیایە و خیانەتکارە، بەڵام هەر بە کورد قبووڵیان کردوون و هەوڵ دەدەن لەناو خیانەت بیانهێننە دەرەوە. لەم چێوەیەدا مەزڵوم کۆبانێ و بەڕێوەبەری خۆسەر بانگەوازی یەکێتیی کوردانیان کرد و ئامادەییان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەنەکەسە نیشان دا. بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە مەسعوود بارزانی و هەرێمی کوردستان کرا لەم ڕووەوە ڕۆڵ بگێڕن. سەرەنجام قەسەدە و ئەنەکەسە کۆبوونەوە.
کەواتە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی ڕۆژاڤا و جێبەجێکردنی پڕۆژە داگیرکارییەکانیان، بەڵام تاکوو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. چونکە بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادی و فەلسەفەی ژیانی ئازاد و خۆسەر، پێکەوە ژیانی گەلان، ئازادیی ژن و ئیکۆلۆژی لە ڕۆژاڤا-باڕۆس ڕیسەکەی لە ئەردۆغان و دەوڵەتی داگیرکەری تورک کردووەتەوە بە خوری! بۆیە وەک جۆن هۆڵۆوەی (John Holloway) ساڵی ٢٠٢٢ لە وانەگۆتارێکیدا لە زانینگەی ڕۆژاڤا وتی؛ ئەگەر بە یەک وشەتەرجەمەی ڕۆژاڤا بکەم، ئەوا ئەو وشەیە بریتییە لە ”هیوا”!ڕۆژاڤا هیوایە بۆ ژیانێکی ئازاد لە دەرەوەی سیستەمی(سەرمایەداریی، پیاوسالاری، دەوڵەت-نەتەوە). بەڵام ڕۆژاڤا گەورەترە لە هیوا، ئاخر ڕۆژاڤا ئیرادەیە، ئازادییە، بەرخۆدانە.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورک بە ڕێبەرایەتی ئۆجالان دەست پێ بکاتەوە، ئەگینا دوور نییە ئەردۆغان و تورکیا هەمان چارەنووسی ئەسەد و سووریایان هەبێت!