
ڕزگار شەوکەت
وانەیەک کە لە ماکیاڤیلییەوە فێر بین ئەوەیە؛ ئەو وڵاتانەی لەسەر بنەمای ستەمکاریی ڕێک خراون، بەرگریی و توانا ناوەکییەکانی کۆمەڵگاکەیان دەمرن.
ماکیاڤیلی بەراوردی فەڕەنسا و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی ئەوکات دەکات، ئەو دەڵێت؛ عوسمانیی لەسەر بنەمای ستەمکاریی و مەرکەزيیەت ڕێک خراوە، هەر هێندە بەسە سەری هەرەمەکە، واتا سوڵتان بخەیت، ئیدی باقی کارەکە ئاسانە و دژوارییەکی ئەوتۆت بۆ دەستبەسەرداگرتنی وڵاتەکە نایەتە ڕێ.
بەڵام فەڕەنسا، کە بڕێک ئازادیی و دیموکراسیی تێدایە، هێز و بەرگریی لە خاڵبەخاڵی وڵاتەکەدا هەیە، بەو شێوەیەش عوسمانیی بەهۆی مەرکەزییەتەوە گرتنی گرانە، بەڵام کە سەری هەرەمەکە کەوت، دەستبەسەرداگرتنی ئاسانە، فەڕەنساش ڕەنگە ئاسان بتوانی داگیری بکەی، بەڵام کێشەکە دوای داگیرکردن دەست پێ دەکات و لە هەموو شوێنێکی وڵاتاوە هێز و بەرگریی دێتە دەرەوە، خۆدی ڕۆژاڤا نزیکە لەو وێنەیەی ماکیاڤیلی بۆ فەڕەنسای کێشاوە.
لە ململانێی بەرەی دیموکراسیی و فاشیزمیش لە شەڕی جیهانیی دووەم، بەرەی دیموکراسیی سەرکەوت، بەڵام نموونەیەکی زەقمان هەیە لە مێژوودا کە بەرەی دیموکراتیخواز دەبەزێت، ئەویش شەڕی نێوان ئەسینای دیموکراسیخواز و ئەسپارتەی عەسکەرتاریی بوو، لەم ئەزموونە مێژووییەی سەرکەوتنی ستەمکاریی بە سەر دیموکراسییدا، ئەسپارتەی عەسکەرتاریی و ئۆلیگارشیی، بە یارمەتیی دەوڵەتی ستەمکاری فارس، شەڕەکەی لە ئەسینای دیموکراسیخواز بردەوە.
ئەگەر لەو مۆدێلە مێژووییانەوە بێینە سەر ڕۆژاڤا، دەکرێت بڵێین، شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەڕی دوو مۆدێلە، مۆدێلێکی دنیایی، فرەخواز و ئاسۆیی، لەگەڵ مۆدێلێکی فاشستی بەربەریی، کە لە سەر کۆیلەکردن و ملکەچی بنیاد نراوە.
مۆدێلەکەی ڕۆژاڤا، مۆدێلێکە و دەیەوێت کۆمەڵگا خۆویستانە پەیوەندییان پێکەوە هەبێت و بەشێوەی ئاسۆیی خۆیان ڕێک خەن، بەربەریزمی جۆلانیش مۆدێلێکە بە تۆپزیی و تۆقاندن و زۆرلێکردن بەڕێوە دەچێت، بە شێوەیەک تەنانەت شتێک بە ناوی (پەیوەندیی) ناهێڵێت، بەڵکوو سەپاندن تاکە میکانیزمی کارکردنییەتی.
هەروەک هۆزەکانی ڕەققە و دێرەزوور، ساڵانێکی دوورودرێژ لەسەر (ملکەچیی) نەک (پەیوەندیی) ڕاهاتبوون، هەر بۆیە هەرکێ هێزی هەبێت، ملکەچی ئەوەن، بەوپێیەی شەرع و گرووپەکانی دەوروبەری لەسەر بنەمای ملپێکەچکردن و گوێڕایەڵیی بینا کراون، بە پارەی خەلیج و تۆقاندنی گرووپە میلشیاکانی دەوروبەری جۆلانیی، توانیان سەری هەرەمەکە، کە لێرەدا سەرۆکی هۆزەکەیە ڕازیی بکەن، ئیتر ئەوانی شوێنکەوتە هەر لە بنەمادا خاوەن ئیرادەی ئازاد نەبوون و هەر لە ڕێوە ملکەچن، سەری هەرەمەکە کە سەرۆکی خێڵە کۆنترۆڵکە، باقییەکەی ئاسانە، سەر شۆڕ دەکەن و ڕازیین.
ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای هێزی دنیایی و واقیعی ناو کۆمەڵگا دامەزراوە، فێڵ و جادوو فریودانی تێدا نییە، زۆرلێکردن و ملپێکەچکردنیش نییە، بەڵکوو ڕێکخستن و چنین و دیسپلینە، واتا دەکرێت بڵێین ڕۆژئاوا بە شێوەیەک، پرۆڤەیە بەرەو گۆڕانیی پەیوەندیی، پەیوەندیی ژن و پیاو، دەسەڵاتدار و خەڵک. هێزەکەشی وەک مۆدێلەکەی دیکە لە دڕەندەخوویی و بەربەریزمەوە نایەت، بەڵکوو لەو گۆڕینەوە دێت وا بە سەر ئەو پەیوەندییەدا هێناویانە، پەیوەندییە ڕزیو و کۆنەپارێزەکانیان گۆڕی، کۆمەڵگایان گۆڕی بۆ سەرزەمینی مرۆڤە ئازادەکان، هێزەکەشی هی ترس و تۆقاندن نییە وەک لە مۆدێلی ستەمکاریدا هەیە، بەڵکوو هێزی مرۆڤە ئازادەکانە.
مۆدێلەکەی تریش، خەڵەتاندن، فریویدان بنەماکەیەتی و شانی قورسە بە خورافات و دواکەوتوویی، پەیوەندییش تیایدا لەسەر بنەمای ملکەچی و ستەمکارییە، ئەم جۆرە کۆمەڵگایە، بڕێکی زۆر قەمع و سەرکوتکاریی تێدایە، شەڕ لە مۆدێلی ڕۆژاڤادا بۆ ئازادیی و بەرگرییە لە بەهاکانی ئازادیی و سەربەرزیی، لە مۆدێلی جۆلانیی و گرووپەکەشیدا شەڕ بڕێکی باشی غەریزەیە، بڕێکیشی شەڕی کۆمەڵێک کۆیلەی ملکەچە لە پێناو کۆمەڵێک وەهم و خورافاتدا، دەڕندەییەکەشیان دەکرێت ناو لێ بنێین دڕندەیی کۆیلە، مرۆڤی ئازاد دڕەندە نییە، شەڕیش غەریزە نییە، بەڵکوو پرسێکی ناچارییە بۆ بەرگریی لە ئازادیی و مانا و بەهاکانی کۆمەڵگایەکی دنیایی و واقعیی.
مۆدێلی جۆلانیی و چەتەکانی، هیی کۆمەڵگا و خەڵکێکە دیلی کۆمەڵێک وەهم و فەنتازیای بەدی نەهاتووە، کە پەرچ بووەتەوە و گۆڕاوە بۆ کاردانەوە و ڕق و ڕەتکردنەوەی دنیا، وەهمەکانی بە شێوەیەک تێک شکاون، دەیەوێت لە بری خۆڕزگارکردن لە وەهمەکانی، تۆڵە لەو دنیایە بکاتەوە وا چێتر جێگای وەهمەکانی ئەمی تێدا نابێتەوە.
لێرەدا مارکس هەر زیندووە و ئیش دەکات، کۆمەڵگایەک کە کۆپەیوەندییەکەی لاسەنگە، لەسەر ملکەچی و ستەمکارییە، فەنتازیاکانی نەخۆشن و قابیلیەتی بەرجەستەکردنی نییە، بەو شێوەیە لە دنیایەکدا دەژی، هەموو شتێک بە جیهانە هۆشەکیی و دەروونییەکەی نامۆیە.
مۆدێلی ڕۆژاڤاش بەوپێیە دەستکاریی پەیوەندییە کۆنەپارێزەکانی کراوە، چنراوێکی نوێ بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکە بەخشراوە، دید، ئایدیا، هۆش و دەروونی تاکەکانی نزیکە لە جیهانە مادییەکەوە، شەڕیش بەرگرییە لەم جیهانە واقیعیی و ماددییە.



