گۆشەی ئازد

ڕۆژئاوا باشوور نییە

شیکارییەک بۆ جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئەزموونی ڕۆژئاوا و باشوور لە چوارچێوەی هاوکێشە مێژوویی و جیۆپۆلیتیکییەکاندا

ڕۆمان ئامینە

 

ڕۆژئاوا باشوور نییە

لەنێو کەتواری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردیدا ڕوانینێکی زاڵ هەیە، کە تێیدا لە پرسی هەر شکست و لەمپەڕێکدا، دێن و لە چاویلکەی سەقامگیری ڕێژەیی ئەزموونی باشوورەوە چاو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت ڕۆژئاوا دەکەن. وەختێ لەوێ گرفتێک دێتە پێش، خێرا دەستەیەک قوت دەبنەوە و دەڵێن؛ دەبوو چاو لە ئەزموونی باشوور بکەن و بۆ وەک باشووریان پێ نەکرا. ڕاستییەکەی خودی ئەم بەراوردە بە ئەنقەست بێت یاخود لە ڕوانگەی نائاگاییەوە، گرفتە و پێویستە تێپەڕێنرێت. باشووری کوردستان  کە نزیکەی سەدەیەکە بووەتە مەکۆ و چەقی جووڵانەوەی سیاسی کورد و ستاتۆکەشی کە زیاتر لە سێ دەیەیە ڕەوایەتیی هەرێمی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە، هەرگیز ناکرێت بەراورد بکرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە چوارچێوەی جیۆپۆڵەتیکی جووڵاوی سووریادا تا ئێستا دەرفەت نەبووە سەقامگیر ببێت  و ڕۆڵی نەرێنیی تورکیا و سعوودیە و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و فەڕەنسا لەلایەک و  ڕووسیا و ئێرانیش لە لایەکی دی جۆرێک لە ئاڵۆزیی و گرێکوێرەی درووست کردووە کە وادەکات داهاتووی ئەم ستاتۆیە بە نادیاریی بهێڵێتەوە. ڕاستییەکەی زلهێزان تا ئێستا لەسەر ئەو کڵێشە کۆنە دەڕۆن کە پرسی کورد بە بچوککراوی بهێڵنەوە و ڕێگریی بکەن لەوەی کە دۆزەکە لەوە زیاتر گەورە ببێت و بە ناچاریی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ هەموار بکەنەوە، بۆیە تا ئێستا لەو نێوەندەدا ماونەتەوە و نە دەتوانن ستاتۆی ڕۆژئاوا لەناو بەرن کە یەک دنیا سەروەریی تیا تۆمار کراوە و ئەفسانەی داعشی بەزاندووە، نەش دەتوانن دانی پێدابنێن و مۆری ئازادیی دووەم بەشی کوردستان دەستەبەر بکەن، چونکە نایانەوێ سەروەریی دەوڵەت نەتەوەکان تێک بدەن و چوار وڵات ڕووبەڕووی ناسەقامگیری درێژخایەن بکەنەوە، بۆیە بە گوێرەی ستراتیژێکی دوور دەمێکە لەسەر ئەوە ساغ بووەنەتەوە کە ئەگەربێتوو ڕۆژگارێک زۆریان بۆ بێت و دۆزی کورد بە ڕوویاندا بتەقێتەوە، ئەوا دەوڵەتۆچکەیەکی بچووک لە چوارچێوەی ئێراقدا بۆ کورد چێ بکەن، ئەوەی ئێستا لە ستاتۆی باشووری کوردستاندا دەینینین، ڕاستییەکەی زادەی ئەو ڕوانین و کارکردەی سیستمی جیهانییە. مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمەی لەم پارچەیەدا بەدەست هاتووە لەخۆوە نییە و سا بە تەنهاش زادەی خەباتی کورد نییە لەو بەشەدا، بەڵکوو زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکییە، کە ئەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان لەگۆڕێ نییە و ئەستەمە ئەو پێدراوانەی سیستم بە ئاسانیی لە ڕۆژئاوادا جێ بکەون، ئەگەرچی ڕۆژئاوا دنیایەک ڕەنج و قوربانیی بۆ دراوە و لە هەگبەیدا بێشومار مانا و بەهای لە خۆیدا گل داوەتەوە. هەروەکوو وتمان ئەوەی لە باشوور بەدەست هاتووە، زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکییە  و تەنها شموولی ئەم بەشەی کوردستان دەکات، نە پەیوەندیی بە کارامەیی و تێکۆشانی ئەم بەشەوە هەیە بە تەنها، نە ئەوەی لە ڕۆژئاواشدا دەگوزەرێ، پەیوەندیی بە ناکارامەیی و نەزانی ئەو بەشەوە هەیە. بەم جۆرە هەلومەرجەکانی پێکهاتنی ستاتۆی دانپێدانراوی باشووری کوردستان ڕوون دەکەینەوە:

١- واقیعی جوگرافیی و ململانێی زلهێزەکان

دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتنی “سایکس-پیکۆ”، ویلایەتی موسڵ (کە باشووری کوردستانی ئێستایە) بوو بە خاڵی ململانێی توند لە نێوان بەریتانیا و تورکیا. بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە نەوت و ڕێگریی لە هەژموونی تورکیا، ناچار بوو جۆرێک لە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی کوردیی بکات لەم ناوچەیەدا. ئەمەش وای کرد دۆزی کورد لە ئێراقدا زووتر بچێتە نێو تێکستە نێودەوڵەتییەکانەوە (وەک بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان).

٢. ئەزموونە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان

  • ئەزموونەکەی شێخی نەمر: یەکەم هەوڵی ڕاستەقینە بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی دەوڵەتگەرایی (شانشینی کوردستان) کە بەریتانییەکانی ناچار کرد دان بە بوونی “کێشەیەک”ـدا بنێن.
  • شۆڕشی ئەیلوول: بەهۆی سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانیی و بارودۆخی جەنگی سارد، دۆزی کورد لە باشوور بوو بە کارتی فشار لە کێبڕکێی نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ململانێی ئێران و ئێراق.
  • دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و پێکهاتنی ناوچەی دژەفڕین (١٩٩١): ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بوو. لێرەدا سیستمی جیهانیی (بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا) بڕیارێکی ڕاستەوخۆی دا بۆ پاراستنی ئەم پارچەیە، کە دواتر بوو بە بناغەی هەرێمی کوردستان.

 با هۆکاری ئەو بە چەقبوونەی باشووری کوردستان وردتر بکەینەوە:

١. بەیاننامەی هاوبەشی بەریتانیا و فەڕەنسا (١٩١٨) و پەیمانی سیڤەر (١٩٢٠)

ئەمە یەکەمین بەڵگەی فەرمیی نێودەوڵەتییە و باسی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ژێر دەستی عوسمانیی دەکات. لە پەیمانی سیڤەردا (مادەکانی ٦٢، ٦٣، ٦٤)، بە ڕوونی باس لە درووستکردنی قەوارەیەکی کوردی کرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە. هەرچەندە سیڤەر هەموو کوردستانی دەگرتەوە، بەڵام کاتێک کەمالیستەکان لە تورکیا بەهێز بوون، بەریتانیا ستراتیژی خۆی گۆڕی و تەنها لە ویلایەتی موسڵدا جەختی لەسەر “ناسنامەی کوردیی” کردەوە، بۆ ئەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلان لە بەرژەوەندیی ئێراق (کە لەژێر ئینتیدابی خۆیدا بوو) بشکێتەوە.

٢. بەیاننامەی ١٩٢٢ی بەریتانیا و مەلیک فەیسەڵ

بەریتانیا و حکومەتی ئێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا دانیان بە مافی کورددا نا لە دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی لە سنووری ئێراقدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە تورکیا (بەپێی پەیمانی لۆزان) و لە ئێراندا، نەک هەر باس لە ماف نەدەکرا، بەڵکوو نکۆڵیی لە بوونی نەتەوەیی کورد دەکرا. بەریتانیا ویستی بەم کارتە گوشار بخاتە سەر تورکیا و سۆزی کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

٣. ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی “کۆمەڵەی گەلان” (١٩٢٥)

کاتێک کێشەی موسڵ گەیشتە کۆمەڵەی گەلان، لیژنەیەک هاتنە ناوچەکە کە لە سێ ئەندامی نێودەوڵەتی (سویدی، هەنگاری، بەلجیکی) پێک هاتبوون. ئەو سێ ڕاسپێردراوەی لیژنەکە، ڕاپۆرتێکیان ئامادە کرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا مەرجی ئەوەیان دانا کە ئەگەر ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر ئێراق، دەبێت:

  • کارگێڕیی ناوچەکە بە دەستی کورد بێت، چونکە کورد زۆرینەی ئەو ناوچانەیە و نایانەوێت ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا.
  • زمانی کوردیی زمانی فەرمیی بێت.
  • دادوەر و فەرمانبەرەکان کورد بن. ئەم دۆکیۆمێنتە باشووری کوردستانی کردە خاوەن پێگەیەکی یاسایی نێودەوڵەتیی کە هیچ پارچەیەکی تر نەیبوو.

٤. سیاسەتی “جیاکردنەوەی ناڕاستەوخۆ” لەلایەن بەریتانیاوە

بەریتانیا لە ڕێگەی ئەفسەرە سیاسییەکانی وەک (مێجەر سۆن) و (ئیدمۆندس)، هانی جۆرێک لە “خۆسەریی کلتووری-نەتەوەیی”یان دەدا لە سلێمانی و دەوروبەری. مەبەستیان ئەوە بوو باشوور بکەنە “قەڵغانێکی مرۆیی و سیاسی” لە دژی هەژموونی تورکیا و یەکێتیی سۆڤێت. ئەم بوارە کەمەی بەریتانیا ڕەخساندی، وای کرد یەکەمین قوتابخانە، ڕۆژنامە و چاپەمەنیی کوردیی لە باشوور گەشە بکات، کە دواتر بوو بە هەوێنی جووڵانەوەی  شێخ مەحموود و مەلا مستەفای بارزانیی.

بەڵام بەریتانیا ئەوەی بۆ باکووری کوردستان نەکرد، هەرچەندە لەوێشدا جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردیی لاواز نەبوو، بەم هۆکارانە:

١. گۆڕانی هاوسەنگیی هێز: لە “سێڤەر”ـەوە بۆ “لۆزان”

لە ساڵی ١٩٢٠ (پەیمانی سیڤەر)، بەریتانیا دەیویست تورکیای عوسمانیی پارچەپارچە بکات، بۆیە باسی دەوڵەتی کوردی کرد لە باکوور. بەڵام کاتێک مستەفا کەمال ئەتاتورک هات و جەنگی سەربەخۆیی بردەوە، هاوکێشەکە گۆڕا:

  • هێزی سەربازیی: سوپای تورکیا بەهێز بوو، بەریتانیاش دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بڕستی جەنگێکی تری گەورەی نەمابوو.
  • مەترسیی سۆڤێت: بەریتانیا دەترسا ئەگەر زۆر فشار بخاتە سەر تورکیا، ئەتاتورک خۆی باوێژێتە باوشی “یەکێتیی سۆڤێت” (کە ئەو کات دوژمنی سەرسەختی ڕۆژئاوا بوو). بۆیە بڕیاری دا تورکیا ڕازیی بکات و لە پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) دەستبەرداری مافی کوردانی باکوور بوو.

٢. ویلایەتی موسڵ: کێشەی “نەوت” و “سنوور”

بەریتانیا لە باکوور پاشەکشەی کرد، بەڵام لە باشوور (ویلایەتی موسڵ) قاچی خۆی توند کرد. هۆکارەکەی سێ خاڵ بوو:

  • کەرکووک و نەوت: بەریتانیا دەیزانی پاشەڕۆژی ئابووریی ئیمپراتۆرییەتەکەی لە نەوتی کەرکوکدایە. نەیدەویست ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە ژێر دەستی تورکیا.
  • کورد وەک “زمانحاڵ”: بۆ ئەوەی لە بەردەم “کۆمەڵەی گەلان”ـدا بسەلمێنێت کە موسڵ نابێت بدرێتەوە بە تورکیا، بەریتانیا دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەڵگەی نەتەوەیی. دەیگوت: “دانیشتووانی ئەم ناوچەیە کوردن، نەک تورک، و ئەوان نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەنقەرە.”
  • پشتیوانیی کورد بۆ ئێراق: بەریتانیا جۆرێک لە “خۆسەریی” و “مافی کەلتووریی” بە کوردانی باشوور دا (وەک بەیاننامەی ١٩٢٢)ـدا هاتووە، تەنها بۆ ئەوەی کوردەکان ڕازیی بن ببنە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی ئێراق و نەڵێن دەمانەوێت بچینەوە سەر تورکیا.

٣. بۆچی باکووری نەکردە “کارتی گوشار”؟

ڕاستییەکەی بەریتانیا بۆ ماوەیەکی کورت ویستی ئەمە بکات (بۆ نموونە پەیوەندیی بە هەندێک سەرهۆزی باکوورەوە کرد)، بەڵام زوو تێگەیشت کە ئەمە “گەمەیەکی مەترسیدارە”:

  • ترس لە پەرشوبڵاویی: ئەگەر بەریتانیا پشتگیریی شۆڕشی کوردانی باکووری بکردایە، تورکیاش دەستی دەکرد بە تێکدانی بارودۆخی ئێراق و سووریا.
  • پاراستنی دەوڵەت-نەتەوە: بەریتانیا دەیویست تورکیایەکی سەقامگیر هەبێت کە سنوورەکانی دیار بێت و ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕووسیای قەیسەری و (دواتر سۆڤێت). درووستبوونی دەوڵەتێکی کوردیی لە باکوور، بە واتای هەڵوەشانەوەی تورکیا و ئێران دەهات، ئەمەش ناوچەکەی دەخستە ناو گێژاوێکەوە کە بەریتانیا نەیدەتوانی کۆنترۆڵی بکات.

ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوا) تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکوو مۆدێلێکی نەتەوەی دیموکراتییە کە هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە و بنەماکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەژاندووە.

ئەوەی ئێستاش هەیە لە ڕۆژئاوا، زادەی هەمان کارکردی سیستمە، کە نایەوێت پرسی کورد لە چوار دەوڵەتدا باڵ بکێشێت و سنووری دەوڵەت-نەتەوەکان بسڕدرێتەوە. دەنا بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە کوردەکان نوێنەرایەتیی دەکەن لە ڕووی دامەزراوەیی و پێکهاتە و بەهاوە نەک هەر بە داعشە نوێیەکانی ڤێرسیۆنی جۆلانیی بەراورد ناکرێت، بەڵکوو بەو توانا کەمەوە شان لە ئەزموونی دەوڵەتانی ئەورووپییش دەدات. سا وەک لە لێدوانەکانی تۆم باراکی نوێنەری ترامپ بۆ کاروباری سووریادا هات، ئەوان ڕێگرییان کرد لە پارچەبوونی دەوڵەت کە ناوچەکەی دەخستە گێژاوێکی گەورەوە!

بابەتەکانی نووسەر
ڕۆمان ئامینە
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.