ڕژێمی ئێران هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە ڕەوایەتیی نەماوە و گۆڕانكاریی مسۆگەرە
گەلی کورد بەردەوام لە ژێر مەترسیی لەناوچووندا خۆی پاراستووە. تاکە گەلێکە لەم یەک سەدەیەی دەوڵەت-نەتەوەدا، بێ ئەوەی سوپای هەبێت، بەرگریی کردووە.

گفتوگۆی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ هیوا محەمەدیی؛ ئەندامی ڕاگەیاندنی پەژاك
هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئێران چییە؟
– ئەگەرچی سەرهەڵدانەکانی ئەمجارەی ئێران بە قەیرانی ئابووریی و بەرزبوونەوەی نرخی دولار دەستی پێ کرد، بازاڕیان داخست و لە شارەکانی دیکەش بڵاو بوویەوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، کە ڕژێم زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی خۆیدا، لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین و دیموکراسییدا، ئاستەنگی زۆری ساز کردووە و بووەتە ڕژێمێکی دەسەڵاتدار بۆ چەوساندنەوەی ژنان و گەلان، بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ‘ژن ژیان ئازادیی’، پێگەکانی ڕژێم هەڵوەشانەوە و ڕەوایی خوی لەدەست داوە، ئەمەش بەرهەمی تێکۆشانی ژنان و گەلانی بندەست بووە بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد.
ڕوانگەی پەژاک بۆ سەرهەڵدانەکان چییە؟
-وەک دەزانن ڕژێم لە ناوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا کارنامەیەکی باشی نیشان نەداوە. بەردەوام داخوازیی خەڵکی ژێر پێ خستووە. ئەو کاتانەش گەل دژی ڕژێم ڕاوەستاوە و بەرهەڵەستکاری نیشان داوە، لەبری ئەوەی بە دەم داخوازییەکانی گەلەوە بێت، وەک دەستێوەردانی دەرەکیی پێناسەی کردوە و بە سەختیی سەرکوتی کردووە. گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە بۆ مافی خۆی تێکۆشانی کردووە و خاوەن ڕێکخستنی خۆیەتی و پشتی بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆی بەستووە.
پەژاک لە بیست ساڵ تێکۆشانی خۆیدا، توانیویەتی تێکۆشانی گەلی کورد تێپەڕی قۆناغێکی نوێ بکات. ئێستا خاوەنی پارادایمە و شۆڕشی ‘ژن ژیان ئازادیی’ قەڵەمبازێکی نوێ بوو کە تێکۆشانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانی پێکەوە گرێ دا.
سەرهەڵدانەکانی ئەمجارە، بە تایبەت بۆ کوردستان و زاگرۆس بە گشتیی، تایبەت ئەو هەرێمانەی وەک ئیلام و لوڕستان و کرماشان، کە دەسەڵات پیی وابوو توانیویەتی ئاسیمیلەی بکات و بە خۆیەوە گرێی بدات. لە شۆڕشی ‘ژن ژیان ئازادیی’ و بۆنە نەتەوەییەكاندا، هەنگاوێکی بەهێزی هەڵگرت و ئێستاش پێشەنگایەتیی دەکات.
وەک دەزانین دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران هەوڵیان داوە دووبەرەکیی ئایینیی و مەزهەبیی لە نێوان گەلاندا ساز بکەن. ئەم سیاسەتە تا ئاستێک سەرکەتنی ناوخۆیی بەدەست خستبوو، بەڵام ئێستا ئەو سیاسەتە تێک شکاوە و مایەپووچ بووە.
پەژاک لەو باوەڕەدایە گۆڕانکارییەکانی ئەمجارەی ئێران جدیی دەبن و وەرزێکی نوێ لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناویین و ئێران دەکرێتەوە. بە تایبەت بۆ گەلی کورد، بە دڵنیاییەوە ئەو سەرهەڵدانانەی لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان ڕوو دەدەن، کاریگەریی دەخاتە سەر باشووری کوردستان، بە تایبەت هەرێمەکانی خانەقین و مەندەلیی و کوردانی فەیلیی.
بە گرنگی دەبینین کە گەلی کورد پەیوەست لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران، بۆ سازدانی سیستەمێکی دیموکراتیی، تێکۆشانی خۆی بەهێزتر بکات.
دەتوانین بڵێین هاوسەنگییە هەرێمییەکان دەگۆڕدرێن، بۆ ئەمەش گرنگە هێزەکان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بن. وەك پەژاك پێمان وایە چیدی هاوسەنگیی هێز وەک پێشوو نابێت، بە تایبەت دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران تووشی گۆڕانکاریی گەورە و پێکهاتەیی دەبن، پێشمان وایە تاکە ڕێگەی بەردەستیان چارەسەری دیموکراتیی پرسی کوردە و بەدەر لەمە ڕووبەڕوو هەڵوەشانەوە دەبنەوە، تەنانەت ئەوەی لە سووریا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕوودەدات، پەیوەستە بەم گۆڕانکارییانەوە. ئێران و تورکیا لەوە تێگەیشتوون کۆتاییان هاتووە و دواهەمین پەلەقاژەیان دەکەن، چون هێزی دیکە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە. گرنگە لەم قۆناغەدا کورد پێکەوە بن و لەگەڵ گەلانی دیکەش بۆ سیستەمێکی دیموکراتیی کار بکەن.
کوماری ئیسلامی بەرەو کوێ مل دەنێت؟
-کۆماری ئیسلامی پێشتر دەرفەتی زۆر بوو بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕانکاریی بکات، بەڵام ئێستا چیدی ئەو دەرفەتە زۆر کەمە، بە تایبەت لە دوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران – ئیسرائیل، دۆخی خراپ بووە و لە ناو گەلدا ڕەوایەتیی نەماوە. لە ئاودانان و مەلەکشایی گەل ناوەندەکانی ڕژێمی گرت، هەرچەند ڕژێم هێرشی کردە سەر گەل، بەڵام نەیتوانی گەل بترسێنێ. ئەمەش نیشانی ئەدات کە چیدی گەل دەستبەرداری داخوازییەکانی نابێت.
پرسی ئابووریی گەل پەیوەستە بە نەبوونی ڕێوەبەرییەکی دیموکرات و ئەو گەندەڵییە سیستماتیکەی لە نێو بەرپرسانی ڕژێمدا هەیە، ئەمەش بە ڕیفۆرم چارەسەر نابێت. یەکەمجارە دوای هاتنە سەر کاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بازاڕی تاران دژی ڕژێم مان دەگرێت، ئەمە بە واتای تێکچوونی بەرژوەندییەکانی نێوان ڕژێم و بازاڕە، لە بەر ئەوە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت و پێدەچیت کۆماری ئیسلامیی تا لێواری ڕووخان ببات.
کۆمەڵگە چۆن لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا خۆی ڕێک بخات؟
-گەلی کورد بەردەوام لە ژێر مەترسیی لەناوچووندا خۆی پاراستووە. تاکە گەلێکە لەم یەک سەدەیەی دەوڵەت-نەتەوەدا، بێ ئەوەی سوپای هەبێت، بەرگریی کردووە. ئەمە نیشانی ئەدات وەک کورد خاوەنی ئەزموونێکی زۆرین. لە ساڵانی دواییدا، بە تایبەت لە بەرخۆدانی کۆبانی نیشانی داوە کە توانای خۆپاراستنی هەیە. هەروەها بەرخۆدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە پاشەکشێی بە چەتەکانی جۆلانی کردووە، ئێمە دەبێ هەموو ئەمانە ببینین و گەلی کورد لەسەر ئەو بنەمایە پاراستنی جەوهەریی خۆی دامەزرێنێت.
گەلی کورد ئەزموونی بەرخۆدانی سیودوو ڕۆژەی سنەی هەیە، هاوکات کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان لەم چەند ساڵەی دواییدا بە هەمان شێوە توانیویەتی ژینگەی زاگرۆس بپاریزێ و لەسەردەمی کۆرۆنا و بوومەلەرزەی سەرپڵ زەهاو و لافاوی لوڕستاندا، ئەزموونێکی تایبەتی لە خۆبەڕێوەبەرییدا نیشان دا. دەبێ ئێستاش بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموونانە، سیستەمی خۆپاراستنی خۆی ساز بکات.



