ڕانان بۆ پەڕتووکی (بەرگرییکردن لە گەلێک)
ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت ئازادیی لە جیهانی ناوەوەی خۆیدا بنیات بنێت، ئەوا ناتوانێت لە دەرەوەی زیندانیش ئازاد بێت.

هەردی دولبەر
ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان پەڕتووکی ‘بەرگریکردن لە گەلێک’ی ساڵی ٢٠٠٤ لە زیندانی تاکەکەسیی ئیمراڵیی نووسیوە. ئەم پەڕتووکە پاش پەڕتووکە دوو بەرگییەکەی ‘لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانێتی دیموکراتیی’ و پێش پەڕتووکە پێنج بەرگییەکەی ‘مانیفێستۆی شارستانێتیی دیموکراتیی’ نووسراوە، ئەمە وەک ئەڵقەیەکی هەرەگرنگی زنجیرەی پێشکەوتنی فیکریی لەدایکبوونی ‘پارادایمی نوێی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی’ گرنگییەکی باڵکێشی هەیە.
‘بەرگریکردن لە گەلێک’ لە کاتێکدا نووسراوە تارماییەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ هەم لە ناوەوە (تەسفیەگەرێتیی ناوخۆ) و هەمیش لە دەرەوە (ڕۆڵی گلادیۆی ناتۆ لە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە) زیاتر ڕوون بووەتەوە، بەمەش دەمامکی ‘دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا’ دادەماڵرێت، کە نایەوێت دۆزی ڕێبەر ئاپۆ وەک «دۆزی ماف و ئازادیی گەلی کورد» ببینێت و وەک دۆزێکی تاکەکەسیی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لەمیانەی ئەو بەرگرینامەیەیدا دۆزی خۆی وەک دۆزی گەلێک دەستنیشان دەکات و پێویستیی بە «بەرگریکردن لەو گەلەی نکۆڵیی لێکراوە و قڕ و کۆمەڵکوژ کراوە» دەخاتە ڕوو.
لەم پەڕتووکەدا؛ هاوکات لەگەڵ سەرلەنوێ شیکرکردنەوەی مێژوویی-کۆمەڵناسیی ژیاریی کۆمەڵگەی سرووشتیی و شارستانێتیی پلەداریی دەسەڵاتگەرا، هێڵی گشتیی و بناخەی ئەلتەرناتیڤە مێژووییەکەی کە ‘مۆدێرنیتەی دیموکراتیی’یە دەخاتە ڕوو و چوارچێوە فیکریی و فەلسەفیی و تەنانەت سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی و بەرگری ڕەوا و هەموو بوارەکانی دیکەیشی دادەڕێژێت. ڕۆڵی مێژوویی بزووتنەوەی پەکەکە لە بونیادنانی ئەو ئەلتەرناتیڤەدا دەستنیشان دەکات.
ئەم پەرتووکە لە پێشەکییەک و حەوت بەشی سەرەکی پێک هاتووە، هەر بەشەش شەنوکەوی چەند مژارێکی گرنگی لەخۆ گرتووە.
بەشی یەکەم؛ لێگەڕینی هەریەک لەم پرسە گرنگانە لەخۆ دەگرێت، «ڕاستینەی کۆمەڵگە و تاک، کۆمەڵگەی سرووشتیی، لە هەمانکاتدا هەوڵی داوە کۆمەڵگەی پلەداریی و دەوڵەتگەرایی، کە بوونەتە هۆکاری پەراوێز-ناوەند بە وردیی شی بکاتەوە. دێڕی یەکەمی ئەم پەرتووکە خوێنەر ناچار بە هەڵوێستە دەکات. ڕێبەر ئاپۆ لەم پێشەکیەدا بەم شێوە دەست پێ دەکات و دەڵێت: «ڕاکردن لە ڕاستینەی کۆمەڵگە زۆر لەوە زەحمەتترە کە مەزەندە دەکرێت». گەر ڕاکردنی تاک لە کۆمەڵگەکەی بە ڕاکردنی منداڵ لە دایکی بچوێنین، ئایا دەکرێت وەک دۆخێکی ئاسایی چاوی لێ بکرێت؟ ئەمە ئەو پرسەیە وا زیاد لە سەد ساڵە بێ وەڵام ماوەتە کە تاکی کورد بۆ لە هەقیقەتی خۆی و کۆمەڵگە و کەلتوورەکەی ڕادەکات؟ دەکرێت بڵێین کاتێک کۆمەڵگە لەژێر هەژموونی زیهنی پیاوسالارییدا ڕۆڵی دایکایەتیی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لەدەست دەدات، ئەوکات دۆخی نامۆبوون و دەستبەرداربوون لە کۆمەڵگە دەرکەوێت. بۆ ئەوەی بەر بەم ڕاکردنە بگیرێت، پێویستە ئەو هەقیقەتە فام بکرێت کە «لە بواری زانستییەوە دەستنیشان کراوە دایک هێزی سەرەکیی و بنەڕەتیی بەکۆمەڵگەبوونە». لەنێو پڕۆژەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، بە تایبەت لە ڕێککەوتننامەکانی سایکس بیکۆ و لۆزان، گەورەترین نکۆڵیی لە بوونی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کورد کراوە. لێرەوەیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: «گرنگە لە فەلسەفەی برگریکردنمانەوە ئەو پرسەش ڕووبەڕووی سیستەم بکەینەوە کە چۆن حسابی ئەم تاوانانەی دەرهەق بە کورد دەدات کە بە زۆرەملێ و فێڵبازیی، کۆمەڵگە و گەلێک لە خاوەنداریی خۆی بێبەش دەکات؟»
لەم پەرتووکەدا ئێمە ڕووبەڕووی دوو جۆر پڕۆسەی کۆمەڵایەتیی دەبینەوە؛
یەکەم: کۆمەڵایەتیبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بە پێودانگی سەرکوتکردنی تاک خۆی ڕێک خستووە!
دووەم: تاکڕەوێتیی لە ڕۆژئاوا بە پێودانگی نابووتکردنی کۆمەڵگە خۆی ڕێکخستووە!
لەم پەرتووکەدا باشتر لەو وتەیەی فێرناند بڕاودڵ تێدەگەین کە دەڵێت: «کۆمەڵناسی زانستی مێژووە»، ڕێبەر ئاپۆ بە شیکارییەکانی لەنێو ئەم پەرتووکە تیۆریزەی وتەکەی براودڵی کردووە، بەوەی گەر زهنییەت و شۆڕشێک خاوەنی ڕوانینێکی فراوان و قووڵی کۆمەڵناسی نەبێت، چۆن دەبێتە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگە. بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگە و دەوڵەتگەرایی ئایدیۆلۆژیا پێویستە. لێرەوە ڕێبەر ئاپۆ دەپرسێت: «لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کاتێک سۆسیۆلۆژیی ناتوانێت بە ئەندازەی ‘ئایین’یش وەڵامی کێشە و گرفتەکان بداتەوە، ئەوا لێپرسینەوەی کۆمەڵناسیی، تەنانەت لێپرسینەوەی تەواوی پێکهاتە زانستییەکانیش دەکاتە ناچارییەک. مادام زانست هێندە پێشکەوتووە، ئەی ئەم هەموو شێتایەتییە بۆچی؟»
بەشی دووەمی ئەم پەرتووکە؛ تایبەت کراوە بە مژارەکانی «کۆمەڵگەی ژینگەیی، بەها دیموکراتییەکانی کۆمەڵگە و ئازادیی ڕەگەزی و…
لەم بەشەدا ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونیی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە سیستەمی دەسەڵاتداریی هۆکاری سەرەکی نائومێدییەکانە، بە ئامانجی دابڕانی کۆمەڵگە لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان و شکستپێهێنانی هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانی بەدیهێنانی ژیانێکی «ئەخلاقیی، سیاسیی، ئازادیی، یەکسانیی، دیموکراسیی…» ئەو پەیوەندییانەی خۆراکی هەموو نایەکسانیی و کۆیلایەتیی و دیسپۆتیزم و فاشیزم و میلیتاریزمێک دەدەن، سەرچاوەی سەرەکیی خۆیان لە زیهنییەتی فۆرمی دەوڵەتەوە وەردەگرن و دەکەونە پەیوەندییەوە. ئەگەر ئێمە یەکسانیی و ئازادیی و دیموکراسییمان دەوێت، پێویستە تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی دیموکراسی و سازییەکانی دەسەڵات لێک جیا بکەینەوە، بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو هەمان ئەو هەڵەی کۆمەڵناسەکان کە ڕێبەر ئاپۆ لەم پەرتووکەدا فراوان ڕەخنەیان دەکات و دەڵێت: «یەکێک لە کەموکورتییە هەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسی نیشاننەدانی جەمسەری بەرانبەرەکەی ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە گرێدراوی دەوڵەت و پلەدارین و پێویست بوو بە درێژایی مێژوو لە ناو دوالیزمێکی دیالێکتیکیدا بژین». سیستەمی دەسەڵاتداری کە پێکهێنەری کەم لە ٪٢ مێژوو پێک دێنێت، ڕێبەر ئاپۆ بە سەرچاوەی تێکدانی دیالێکتیکی مرۆڤ و کۆمەڵگە-مرۆڤ و ژینگەی دەبینێت. لە هەمووی گرنگتر ڕێبەر ئاپۆ ڕوونی دەکاتەوە کە مرۆڤ و کۆمەڵگە-مرۆڤ و سرووشت دەتوانن بە هەماهەنگی بوونیان هەبێت. پێویستە بڵێین هەموو ئەو گرووپانەی دژی سیستەمی چینایەتیی دەجەنگن، لە بنەڕەتدا نوێنەری کۆمەڵگەی سرووشتین. بۆیە کۆمەڵگەی سرووشتیی لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە، هێندە فراوان و بێڕەحمانە ناوزەد دەکرێت. لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ هۆشیاریی فراوانی داوە و لەم بەشەدا دەڵێت: «تاوەکو کۆمەڵگەی سەرەتایی لە ناوزەدکردنی «سەرەتایی» ڕزگاری نەبێت، ئەوا تەواوی دەسنیشانکردنەکانی کۆمەڵناسیی لە بیناکردنی بنگەیەکی چەوت ڕزگاریان نابێت. بە هۆکاری ئەوەی شەڕ هەستیارترین و توندترین دۆخی ئەم قۆناغەیە و لە بنەڕەتدا هێزی دەسەڵات-شەڕ دەسەپێنێت». هەرچی هێزی ماددیی و مەعنەویی کۆمەڵگەشە لە دژی توندوتیژیی و فرتوفێڵ و داگیرکەرییەکانی دەسەڵات بەری خۆ دەدات. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: «دیموکراسی شێوازی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو گەلەیە وا نەبووە بە دەوڵەت و دژی بە دەوڵەتبوون ڕادەوستێ». ڕۆڵی ژن لە سەرپێخستنی پڕۆسەی کۆمەڵایەتیی لە فۆڕمی تیرەوە تا نەتەوەی دیموکرات، یەک لەو پرسە سەرەکییانەیە وا لەم پەرتووکەدا خراوەتە ڕوو. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: «شانبەشانی ئەوەی ژن نوێنەرایەتیی گەوهەری دیموکراتیزەبوون دەکات. بۆیە هیچ کات پیاو نەیتوانیوە و مەیلی ئەوەشی نەبووە بە شێوەیەکی سرووشتیی و ئاسایی لە ژن نزیک بێتەوە». درووشمی «ژن ژیان ئازادیی» بۆیەکەمجار لەنێو ئەم پەرتووکەدا خۆی مانیفێست کر. ڕێبەر ئاپۆ شۆڕشی ژنان وەک دەستێوەردانی ڕیشەیی بەرانبەر ئەقڵییەتی باڵادەستیی پیاوسالاریی دەبینێت. بەم مانایە ژنۆلۆژیی ئاماژە بە پرۆسەیەکی ئیپیستمۆلۆژی دەکات. دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی ژنان بە زانستی ژنان و بەرهەمهێنانی زانستی خۆیان دەبێتە هۆی دووبارە درووستکردنەوەی تاکایەتیی ژن و کۆمەڵایەتیبوونەوەی ژنان.
شیکارکردنی هەر سێ قۆناغە هەژموونگەرییەکانی سیستەمی شارستانیی ناوەندیی کە لە ڕووی کاراکتەرییەوە گشتگیرن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمە یەکێکی ترە لەو پرسە گرنگانەی ڕێبەر ئاپۆ بەم ڕەنگە شیکاری کردووە. یەکەم؛ سەردەمی شار-دەوڵەتەکانی سۆمەرییە. دەوڵەتداریی لە چوارچێوەی شار-دەوڵەتییەکاندا گەشە دەکات، سنووری هەژموون فراوانتر دەکات و لە شێوەی وەشانی لە هەموو شوێنێکدا بەربڵاو دەبێت. هەموو وەدیهاتنە هەژموونییەکان تا سەرهەڵدانی هەژموونی یۆنانیی-ڕۆمانیی لە ناوچەکەشەوە سەرچاوەیان گرتووە و وەشانی بەهێزتری شار-دەوڵەتەکانی سۆمەریی بوون. سەرهەڵدانی یۆنانی-ڕۆمانی دووەم قۆناغی هەژموونی گەورەیە لە سیستەمی شارستانیەتی ناوەندیدا و ئەویش سیمایەکی گشتگیری هەیە. هەرچەندە لە تێڕوانینی ئەمڕۆدا ڕۆژئاوایی دەردەکەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ڕۆژهەڵاتییە نەک ڕۆژئاوایی. هەرچەندە بەشداریی ڕەسەنی زۆری هەیە، بەڵام گونجاوترە ئەم سەرهەڵدانە هەژموونگەرییە وەک سەرهەڵدانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە هەڵە نابێت ئەم قۆناغە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزانین. جێی خۆیەتی ئەم قۆناغە بە دووەمین قۆناغی هەژموونگەرایی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندیی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە، ناو بنێین. سەرهەڵدانی ئیسلامی سێیەم هەنگاوی گەردوونیی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوەی کە ئەوان دیاریکەری سەرەکی سیستەمی شارستانییەتی ناوەندین، ئەم دەسەڵاتانە دەکاتە هەژموون. هەموو ئەم زلهێزانە هاوشێوەی ئەمریکای ئەمڕۆن. دوا دەسەڵاتی هەژموونی سیستەمی شارستانی ناوەندیی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکاوە نوێنەرایەتیی دەکرێت. ئەمەش بە مانای گواستنەوەی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاواش دێت.
بەشی سێیەمی ئەم پەرتووکە بۆ شیکردنەوەی دۆخی گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەگەرەکانی چارەسەریی تەرخان کراوە.
ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوە دەست بەم پرسە دەکات و دەڵێت: «لەگەڵ ئەوەی پێناسەی شەڕی شارستانییەتەکان ڕاست و بەجێیە، بەڵام هێشتا گەوهەرەکەی بە شێوەیەکی ڕاست شڕۆڤە نەکراوە. ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی هێندە ڕوون نەکراوەتەوە. لایەنەکان و شێوازەکانی شەڕ و ئامانجەکان یەکلا نەبوونەتەوە.» سەرچاوەی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دۆخی گێژاو، خۆی لە ژێر ئەو مەیلەدا حاشار داوە وا هەردەم دەسەڵات و دەوڵەت شکۆمەند دەبینرێت. جەنگی جیهانیی سێیەم کە ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە شێوازێکی فراوان بەردەوامە. زیاتر لە دووسەد ساڵە سەرمایەداریی لە هێرشدایە بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە بە ڕووی داگیرکارییەکانی خۆیدا بکاتەوە. ئەم هێرشە دەستبەجێ هەوڵی ڕەتکردنەوە و نکۆڵی هەموو ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکەی بەو مۆدێلەی دەوڵەت-نەتەوەییە دەدات وا لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە سەر ناوچەکەدا سەپێنراوە. ڕێبەر ئاپۆ لە بەشەدا بە باوەڕییەوە هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕاستییە دەکات، گەر دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە خۆیان بەرەو ڕووی پرسی دیموکراتی نەکەنەوە، سەرئەنجامیان لە ئەفغانستان و ئێراقی سەددام حسێن باشتر نابێت، وەڕاستگەڕانی ئەم ڕوانگانەی ڕێبەر ئاپۆ لە هەریەک لە دەوڵەت نەتەوەکانی ‘تورکیا، سووریا، ئێراق، ئێران. لوبنان، لیبیا، یەمەن…’ دەبینین. هاوکات دۆخی ناوبەری دەوڵەتی ئیسرائیل و فەڵەستینیش لەم ڕوانگەیەوە باڵکێشە!
بەشی چوارەم بۆ مژاری کێشەی کورد لە گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوین تایبەت کراوە.
«سەرچاوەی ئەو کێشانەی ئەمڕۆ تووشی دەبین لە کێشەی کورددایە، کە ناچار «مەحکوم» ە بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە». ڕێبەر ئاپۆ ئەو ڕاستییەی خستووەتە ڕوو کە دەڵێت: «کێشەی کورد بە توندوتیژیی چارەسەر نابێت». لەم بەشەدا پێداگیریی لە سەر بەرکەنارکردنی زیهنییەتی دەسەڵاتداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناویین دەکات، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: «کەوتووینەتە قۆناخێک چیتر ناتوانرێ وەک جاران کورد بەڕێوە ببرێت. ئەگەر کوردان خوازیاربن ئیتر کاری نەکردە دەبێت، بەردەوامکردنی تەمبەڵی ژیانە کۆن و نەفرەتلێکراوەکەیان لەگەڵ سەردەم بگونجێنن». وەک ئەوەی بخوازێت بە بیری کوردانی بێنێتەوە خاوەنی کەلتوور و دایک-خوداوەند و لانکەی سەرپێکەوتنی ژیار ئێمەی کورد بووین، هێشتا ڕۆح و مەیلی ژیانێکی دیموکراسیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لەنێو ئەم کەلتوورەدا دەژیت کە ڕێبەر ئاپۆ بە کەلتووری «زاگرۆس» ناوی دەبات. پەکەکە هۆکاری زیندووهێشتنەوەی ئەم ڕۆحەیە وا دەخوازێت هەم پرسی چارەسەری دیموکراسییانەی ناوبەری گەلان و هەمیش دۆخی گێژاوی ناوچەکە بە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیزمیی دیموکراتیی دەرباز بکات. ڕێبەر ئاپۆ لەم پەرتووکەدا هۆشیاری داوە و دەڵێت: «ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکرات نەکرێت، سەدەیەکی دیکە لەدەست دەدەین».
بەشی پێنجەمی ئەم پەرتووکە تایبەت کراوە بۆ مژاری بزووتنەوەی پەکەکە و ڕەخنە – ڕەخنەدان و سەرلەنوێ ئاواکردنەوە
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: «هیچ کاتێک گومانم لەوە نەبووە «پەکەکە» یی بوون لەدایکبوونی کوردی هاوچەرخە. ڕێبەر ئاپۆ بەو هۆشیارییەی لەبارەی ڕاستینەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کەلتووریی کوردەوە هەیبووە، سەرلەنوێ لە کەسێتیی کادیرانی پەکەکەدا سەرقاڵی ئافراندنەوەی ڕۆحی ڕاستەقینەی کورد بوو. دەکرێت بڵێین پەکەکە ئەو هێزە ماددیی و ڕۆحییە بوو کە توانی ژیان بە بەر نەتەوەی کورددا بکاتەوە. تاوەکو ئەم هیوای ڕزگارییە ‹پەکەکە› دەربازی مۆدێلە باوەکانی سەرهەڵدان و جووڵانەوەکانی بەر لە خۆی بکات، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەی ڕەخنە و ڕەخنەدانی کردە کەلتوور و پێویستییەکی شۆڕشگێڕیی، بۆیە کاتێک پاش بیست ساڵ خوێنەر ئەم پەرتووکە دەخوێنێتەوە، باشتر لە ئەفسوونی مانەوەی پەکەکە و فراوانبوونی زەمینەی کۆمەڵایەتیی تێدەگات، لە کاتێکدا هەموو سیستەمی سەرمایەداریی لە بوونی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا نکۆڵی لە بوونی کوردان دەکەن. ڕیبەر ئاپۆ لە بەردەوامیی ڕەخنەکانی بۆ هەڤاڵانی دەڵێت: «پارتەکان ‹حیزب› لەبری ئەوەی چارەسەری قەیران بکەن، بوونەتە ئامڕازی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان. هەروەک دەزانرێ یەک دوو بەرگ ڕەخنەم دەرهەق بە ‹عوسمان ئۆجالان› هەبوو و هەوڵی دادگایکردنیم دا، تەنانەت کاتێک دایکم کۆچی دوایی کرد بۆ تاکە جارێکیش بە تەلەفۆن هەواڵیم نەپرسی، بەهۆی چەمکی ‹زیان بەتێکۆشانی گەل دەگەیەنێ› پشتگۆێم خست». لەم پەرتووکەدا ڕێبەر ئاپۆ بەوپەڕی ئەشق و پێداگیرییەوە وەک پێویستیەکی ژیانی ئازاد، لە ڕێهەڤاڵانی دەخوازێت پێویستە پەکەکە بکرێتە موڵکی گەل، بۆ ئەم پێواژۆیەش دەڵێت: «لە ڕێکخستندا ئەوەی بە ئەندازەی پارتێک تەنانەت زیاتریش وەک دەزگایەک پێویستە، کۆما گەل ‹کۆنگرەی گەل›ە. بەگوێرەی ڕەوشی بەرجەستەی کوردستان کۆنگرەی گەل وەک ڕێکخستنێکی سەرەکیی چەترئاسای گەل پێویستی بە پێناسەیەکی تایبەت بە خۆیەتی.
بەشی شەشەمی ئەم پەرتووکە تایبەت کراوە بە ڕۆڵی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە کەیسی ڕێبەرایەتیدا
پاش پتر لە ٢٥ ساڵ زیندانی ڕێبەر ئاپۆ ئەو هەقیقەتەی پیشان داوین کە «ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت ئازادیی لە جیهانی ناوەوەی خۆیدا بنیات بنێت، ئەوا ناتوانێت لە دەرەوەی زیندانیش ئازاد بێت. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت کۆت و بەندەکانی ناو مێشکی بشکێنێت؛ لە هەر شوێنێک وەک دیل بۆی دەگەڕێتەوە». «تەنانەت لە ژێر ئەم بارودۆخەشدا هەوڵ دەدەم هەموو ڕۆژێک بە خوێندنەوە خۆم باشتر بکەم. سیاسەت کارێکی قورسە»، مرۆڤ دەبێت لە ڕووی هزریی و ڕۆحییەوە خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ژیانێکی کۆمیناڵ پەروەردە و ئامادە بکات. ڕێبەر ئاپۆ بۆ بێکاریگەرکردنی ئەم پیلانگێڕییە بە هۆشیاریی و باوەڕێکی زۆرەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە «سیاسەتکردن لەم هەلومەرجەدا پێویستی بە بوێرییە». سیستەمی سەرمایەداریی بەو ئامانجەی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگەی کوردیی و پەکەکە داببڕێت، وەک بەردەوامیی ئەو زنجیرە ژینۆسایدانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا دژی پاکتاوی نەتەوەی کورد بەڕێوە براون، پەنای بۆ پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی برد. ڕێبەر ئاپۆ منداڵی ئەو مێژووە پیرۆزەیە وا ڕەگوڕیشەکەی تا قۆناغی نیۆلۆتیک درێژ دەبێتەوە، بۆیە لەمڕۆدا مێژووی تێکۆشانی ئەم ڕێبەرە گوزارشت لە تایبەتمەندییەکانی هەقیقەتی کۆمەڵایەتیی دەکات. لەمبارەوە دەڵێت: «ئەو تاکەی بە هەموو شێوەیەک کۆمەڵایەتییە، لەم چوارچێوەیەشدا هەموو شتێکی خۆی بەخت کردبێت، دابڕاندنی لە کۆمەڵگەکەی و بە جودابینینی لەگەڵ ئیرادەی گەلەکەی، تەواو فێڵبازییەکی یاساییە. ئەمە لەگەڵ چەمکی دادوەریش ناکۆکە کە بنەمای یاسا ‹حقوق – مافپەروەریی› پێک دێنێ.››