چیرۆکی کۆبانێ لە کوێوە دەستی پێ کرد؟ و ژیانی فیکریی ئۆجالان
چیرۆکی کۆبانێ لە کوێوە دەستی پێ کرد؟ کۆبانێ چ تایبەتمەندییەکى هەیە وا ئەمڕۆکە سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە؟ چۆن ئەم کۆمەڵە شەست هەزار کەسییە نەک توانیویانە لە ستاتۆیەکی ئازاد و یەکساندا خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵکوو بەرانبەر قورسترینی ئەو فشارانەی چاویان لە بەزاندنیانە، ئاوا بە کوڵودڵ، پاوەگەزدان بکەن؟

بێهرەنگ سەدیقی
سوورێن ئیبراهیم و وریا ئەحمەد
لە فارسییەوە کردوویانە بە کوردی
داگرتنی فایلی PDF
چیرۆکی کۆبانێ لە کوێوە دەستی پێ کرد؟[1]
لە فارسییەوە: سوورێن ئیبراهیم
چیرۆکی کۆبانێ لە کوێوە دەستی پێ کرد؟ کۆبانێ چ تایبەتمەندییەکى هەیە وا ئەمڕۆکە سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە؟ چۆن ئەم کۆمەڵە شەست هەزار کەسییە نەک توانیویانە لە ستاتۆیەکی ئازاد و یەکساندا خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵکوو بەرانبەر قورسترینی ئەو فشارانەی چاویان لە بەزاندنیانە، ئاوا بە کوڵودڵ، پاوەگەزدان بکەن؟ دەبێ لانی کەم بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارانە لەو حوکمڕانییەی وا گوزارشتە لە کەجەکە[2] هەڵبگۆزین. ئەو سیستەمەى وا ئۆجالان بە درێژایی ئەو پانزە ساڵەی لە زیندان بووە، هەوڵی داوە وردبینانە نەخشەی بۆ بکێشێ. ئەم سیستەمە چییە؟ ئۆجالان چۆن بەم ئەنجامە گەیشت و سرووشی لە کێ وەرگرت، دواتر ئەمە بەرباس دەدەین. باسی ئەوە دەکەین چۆناهی لە بن باندۆری بۆکچیندا لە مارکسیزم- لینینیزمەوە نیگای بۆ ئاسۆی ئانارشیسم وەرگەڕاند، مسۆگەر لەگەڵ چێوە ئاسایی و بەرجەستەکانی ئانارشیزمیشدا ناگونجێ، هەروەتر چ پەیوەندییەک لە نێوان بیرگۆڕانی ئۆجالان و نەخشەڕێی کەجەکەدا هەیە.
ئەو چیرۆکە کاتێ دەستی پێ کرد کە ئۆجالان پەڕتووکی «ئەمەیە ئایین»ـی سەید قوتبی دانا و «ئەلفبێی سۆشیالیزم»ـی لیۆ هۆبەرمەنی خوێندەوە، ئەو پێشتر قورئانی لەبەر دەخوێندەوە، کەچی ئێستا بە چپەدوو دەیوت: «دین دەهەڕۆژێ و مارکس سەردەکەوێ.»[3] وتبوویان گەر لەو ڕێبازە هەڵنەگەڕایەتەوە وا ئەوی بۆ پێشنوێژیی مزگەوتی گوندەکەی هەڵکشاندبوو، ئەوا سەرەنجام ڕەنگە بتوانێت «مینا فریشتان بفڕێ.»[4] بەڵام گۆڕا. مارکس و لینینی خوێندەوە. ساڵی ١٩٧٦ پەکەکەی لە ئەنکەرە دامەزراند و ڕێبەرێتیی کرد (اوجالان، 1389آ:8). سەرەنجام پاش ئەوەى پێنج ساڵ یەکبینە مارکس و لینینی خوێندەوە، دواجار لە بەهاری ئامەد نەخشەڕێیەکی ئاگرینی چاپ کرد و ئەو مارکسیزم-لینینبزمەی وا هەموو پێکهاتەیەکی ڕیڤیژیۆنیست (لادەر)ـیان لە مارکسیزمدا دەکوتایەوە، جا چ برنشتاین بێ چ ترۆتسکییی و هەر پارتێکی سۆشیال دیموکراتی ئەورووپایی، هەموویانی بە دەسکەلای ئیمپریالیزم دانا کە ئێستا بە سەرکەوتنی سۆشیالیزم لە کۆماری یەکێـتیی سۆڤێت ببووە بە سەگێکی هار (اوجالان، ۱۳۸۹آ: ۸ و ۴۸-۴۹، هەروەها بڕوانە اوجالان، ۱۳۹۲). ئەمە بوو ڕێگای شۆڕشی کودستان (١٣٨٩)، جا ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بۆ گەلی کورد، ساڵی ١٩٧٨ ناوی ئاپۆی بەبەردا بڕا و بە ڕێبەریان ناودێر کرد.
شڤان پەروەر تێی دەچریکێنێ «بەرخۆدان ژیانە، هەی هەی، سەرهەڵدان ژیانە، هەی هەی.» عەبدووڵڵا ئۆجالان تفەنگەکەی هەڵگرت و وتی: «باکوور باشوور ڕۆژهەڵات… یەک ئامانج و یەک خەبات.» جا کوردانیش لە شاری پێغەمبەرانەوە[5] بۆ چیاکان ملی ڕێیان گرت. شڤان دیسانەوە تێی هەڵکرد و ئۆجالان سەد بەرگ پەڕتووکی نووسی، کوردەکانیش دیسانەوە ڕێی کێوانیان پێوا، تا شەهیدان بۆ چل هەزار و زیندانییان بۆ دەیان هەزار کەس هەڵکشان. تا ماندێلا لە پێدانی مافی پەنابەرێتیی بە ئۆجالان پەژێوان بوویەوە، تا بڵند ئەجەوید لە تەلەفزیۆنەوە ئۆجالانی بە کەلەپچەکراوی نیشان دا. ئێستا ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ بوو، نە باسی مارکسیزم دەکرا نە لینینیزم، کە سی ساڵێک ئاپۆ و لایەنگرانی کۆ کردبووەوە، شڤان پەروەریش ئیتر لە بری «ڕێبەر» دەیوت «بەڕێز»، پاشان لە تەنیشتی برایم تاتڵیساسەوە بەرزەپێ وەستا و لە پەناگوێی بارزانیی و ئەردۆگانەوە سترانی دەچڕی. ئاپۆ ڕاچڵەکی، هەستی کرد دەبێت بگۆڕێ، جا گۆڕا.
ئێستا پانزە ساڵە ئاپۆ لە دوڕگەی ئیمڕاڵی تەنیایە و ڕەنگە تا هەتایە تەنیا بمێنێتەوە، ئەو لە گەنجییشدا «مرۆڤێکی تەنیا» بووە، خۆی دەڵێت تا ١٥ـی ئابی ١٩٨٤، کە هێشتان چەکی هەڵنەگرتبوو و گرووپی پێکەوە نەنابوو، تا ئەوکاتەی بانگەشەی «کوردستانی ئازاد و یەکگرتوو و دیموکراتیی» وەسەر زاران نەهاتبوو، واتە تا سی و شتێک ساڵیی، کۆمەڵایەتیی نەبووبووەوە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۲۸-۲۳۲). دیسان تەنیا ماوەتەوە، لێ لەم تەنیاییەدا، نەگۆڕاوە، کراسگۆڕکێی کردووە، ئێستا ئۆجالان بۆ خۆیشی ئەو ڕابەرە نییە وا بوو، ئەو ڕابەرە سیاسییە- پراکتیکیەی فەرمانی دەدا و دیتران جێبەجێیان دەکرد، ڕێبەرێتیی خۆی لەم ساڵانەی زینداندا بە ڕێبەرێتییەکی کۆمەڵناسانە دادەنێت. ئاپۆ لە ساڵانی ئیمراڵییدا خەریکی ڕەنگاندنی چێوەیەک بووە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی، گەرچی ئەمەى لە قووڵایی دیرۆکەوە هەڵگۆستووە، لێ پێی وایە کۆیادێکی ئەزەلییە و هێندە بەسە بیری بێنینەوە تا وەڕاست بگەڕێتەوە. ئەو لەم ساڵانەی زینداندا ڕەهەندێکی تیۆریی هەڵدووریوەتە بەر سیاسەتکاریی ئەزموونیی ئەم سی ساڵەی خۆی (اوجالان، ۱۳۹۲: ۱۹۸). لەم ڕێگەیەدا ڕووی لە زۆر کەس ناوە؛ لە بۆکچینەوە تا واڵەرشتاین و فۆکۆ، لە هەریەکە و گوڵێکی چنیوە. (اوجالان، ۱۳۸۹ب: ۱۲-۱۳). جێگرەوەیەکی بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕاست کردووەتەوە و ناوی لێ ناوە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک.
مسۆگەر پاش ئەمە نەک تەنیا سەرمایەداریی، بەڵکوو بێپەروا ڕووبەڕووی ئەو هاوڕێیانەی سۆسیالیزمی زانستیی و واقعیی دەبێتەوە وا سەرەتای سەرهەڵدان پێکۆڵانە بەرگریی لێ دەکردن، چون نەیانتوانیوە خۆیان لە تەڵەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ببوێرن. (بۆ نموونە بڕوانە ئۆجالان، ١٣٨٩ ب:١٤ و ئەو مژارانەى پاشان دێن). لەم کێشمەکێشەدا نەک تەنیا لینین و ستالین و ماو، بەڵکوو چاو لە مارکس و ئەنگڵسیش ناپۆشێت:
تا ئەندازەیەکی باش ڕوون بووەتەوە سۆسیالیزمەکەى مارکس- ئەنگڵس، کە وەک بەرهەڵەستی [سیستەمی سەرمایەداریی] سەری هەڵدا، سادەترین ڕاڤەی بەستێنی کۆمەڵایەتییە، ئەمانە سەرباری سەرپاکی بانگەشەکانیان دژی دژبەرەکەیان، لەو لیبڕالیزمە زیاتر خزمەتی سەرمایەدارییان کرد وا ئایدۆلۆژیای فەڕمیی سەرمایەدارییە (اوجالان، ۱۳۸۹ب: ۱۱).
دەی، ساڵی ٢٠٠٥ پێڤاژۆی بەسوێی ڤەژینی ناسنامەى کوردیی بڕاندەوە و ڕایگەیاند، جا لایەنگرانی بۆ پاراستنی ئەم زارۆڵە بانگهێشت کرد (اوجالان، ۱۳۹۲: ۱۹۴). لەمەوپاش ئیتر ئاخافتنەکانی پێشتری دووپات نەکردەوە، ئەو لە هەواری ئیبراهیمەوە دەهات و دەیخواست ڕێی ئەو بگرێتە بەر: «… لە زادگای ئیبراهیم… لەدایک بووم؛ لەو جێیەی ئەو بتەکانی شکاند، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەیەکی بتشکێن تێکۆشام؛ وەک دەرچوونی ئەو، ڕێگام پەی کرد.» (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۵).
خۆی دەڵێت لە ڕۆم ئەو دەرچوونەی کرد، چۆن سەری لە ڕۆماوە دەرهانی؟ ساڵی ١٩٨٤ لە ژێر کاریگەریی فشارەکانی کودەتای سەربازیی ١٢ سێپتەمبەری ١٩٨٢ لە تورکیا و ڕێبەندی زمانی کوردیی (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۲) ڕۆشتە سووریا و لەگەڵ لایەنگرانی لە دۆڵی بیقاع نیشتەجێ بوو. هەر لەوێ بە ڕەسمیی کوردانی بۆ چالاکیی سەربازیی بانگهێشت کرد. ساڵی ١٩٩٩ لە سۆنگەی ئەو پیلانگێڕییەی تورکیا بۆ ئەو و سووریای گێڕابوو، لە شام و حەڵەبەوە ڕۆشتە ئەسینا و مۆسکۆ و دووشەنبە و پاشان ڕۆما. هەڵبەتە ڕەنگە ئەمە ئەو گەشتە ڕاستەقینەیە نەبووبێ وا ئەو پێوای، ڕەنگە ئەو سی ساڵە بەرخۆدانە بێت وا ئەوی بە ڕۆما گەیاند. مسۆگەر بە بەهای گیانی چل هەزار کەس، دواجار خۆشی پەنای بۆ سەفارەتی یۆنان لە کینیا برد. جا لە نایرۆبیی لە کەلەپچەی میتدا گەڕێنرایەوە بۆ ئەستەنبووڵ، ئالیاژش فەرمانەکەى کلینتۆنی بە ئەجەوید دابوو. لەوێشەوە بۆ هەمیشە تاکوتەنیا، بۆ دوڕگەى ئیمڕاڵیان گواستەوە. لە ڕۆما بوو کاتێک دوادیداری ئەنجام دا و وتی گەرەکە پەکەکە نوێ بکرێتەوە[6]. هەر ئەو کارەی وا لە گۆشەگیریی دوڕگەی ئیمراڵی پلانی بۆ کێشا، پایەکانی سۆسیالیزمی زانستیی و واقعیی نۆژەن کردەوە، هەرچەندە سی ساڵ پابەندی بوو. «… بەهۆی ئەو کاریگەرییەی سۆسیالیزمی واقعیی لەو ساڵە زۆرانەدا داینابوو،.» زۆر سەخت لە کۆڵی بوویەوە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۳).
مسۆگەر ئەو دەڵێت ئەم سۆسیالیزمە زانستیی و واقعییە کێماسییەکی هەبووە و لە تێکڕای ئەم سی ساڵەدا زایەڵەیەکی کپ لە زەینیدا دژبەری بووە، جا هەمیشە بۆ چارەسەرێک گەڕاوە تا لە کۆڵی بێتەوە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۳، هەروەها بڕوانە اوجالان، ۱۳۸۳: ۳۰۶). ئەم زەینییەتەش پڵتۆکێکی ویستووە تا لە خەو ڕاچەنێت، چریکەی باوە ساڵەح[7] لە ڕۆما ئەم پڵتۆکە دەوەشێنێ: چمان ڕاستینەی گەلی کورد لە گەرووی باوە ساڵەحەوە هەڵایسا (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۱). باوەساڵح لە دەشتی موسڵ دەدوا، هەنگێ دەروێشی عەبدیی[8] لە چیای شەنگاڵەوە گاز دەکات تا ناسنامەى کورد بەرانبەر دوژمنانی بپارێزێت و پاراستی، تا خۆی لە خوێندا گەوزا، کاتێک دەروێش لە ئەسپەکەی گلا، ئەو دەوڵەت- نەتەوە کوردییەی وا سی ساڵ بوو ئۆجالان لە زەینیا دەیڕەنگاند، شکستی هێنا، جا لەگەڵ ژنەفتنی چریکەی باوەساڵەح، دەستی لە «ئەو دەوڵەت- نەتەوەیەی لەگۆڕێ نەبوو»، بەر دا. (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٣-٢٣٤).
بەم ڕەنگە دواجار لە گۆشەگیریی ئیمڕاڵییدا تێگەیشت پڕۆژەی سۆسیالیزمی زانستیی و واقعیی لە بنەوەڕا هاوتای پڕۆژەی دەوڵەت- نەتەوەیە؛ بنیاتی ئەم پڕۆژەیە سەرمایەدارانەیە. (اوجالان، ۱۳۹۲: ۱۹۷). ئەم پڕۆژەیە وەک نەخۆشییەکی هەمیشەیی کەوتووەتە کەوڵی زۆرینەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەویش سی ساڵ دووچاری بووە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۳)؛ هەمان نەخۆشیی بوو کە «لینینی شێت کرد و ستالینی کوشت!» تەنانەت «شۆڕشی کەلتووریی ماوییش دەرمانی دەردی ئەوی نەکرد» (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٤). بێگومان لە باسی ئەم نەخۆشییەدا ئەولاتر ڕۆشت و هەڵەکەی مارکس و ئەنگڵسی بە هاتەریبی پڕۆژەی دەوڵەت- نەتەوە زانی: «گەورەترین هەڵەى بنیاتنەرانی سۆسیالیزمی زانستیی، واتە کارڵ مارکس و فردریک ئەنگڵس، ئەوە بوو لەبری ئەوەی دژی ئەم دژەشۆڕشەی دەوڵەت-نەتەوە ڕاوەستنەوە، کەچی پشتیوانییان لێ کرد.» ئۆجالان پاش گورزی بۆرژوازیی، ئەمە بە گەورەترین گورز دادەنێ تا ڕۆژی ئێمە بەر شۆڕش و بزووتنەوە دیموکراتییە کۆمەڵایەتییەکانی گەلان کەوتبێت (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۲۷).
بەم ڕەنگە، تا ئێستا ژینی ئیمڕاڵی بە «هەوڵ و کۆش بۆ ئازادیی یەکجاریی لە پاوانەکانی ئەو خواوەندە» گوزەراندووە، خواوەندی دەوڵەت-نەتەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات گەر نەبێت، نە هیچ لە خێزان دەمێنێتەوە نە ئایین و جڤاک (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۴)[9]. تەنیایی ئیمڕاڵیی بەختێکی باشی بەو داوە تا دوور لە خوێن و خوێنڕێژیی لە کاریگەریی تەسکبینانەى نەتەوەپەرەستیی ڕزگاریی بێت و جێگرەوەیەک بەپێی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک پێش بخات، سا ئەمە نەخشەڕێیەکی سەرپاک جیاوازە لە نەخشەڕێی دەوڵەت (اوجالان، ۱۳۹۲: ۱۹۷). بەم ئاوایە چەمکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی وەک جێگرەوەی مۆدێرنیتە ڕەنگڕێژ کرد: «وەک چۆن کارڵ مارکس میتافیزیکی دیالێکتیکی هیگڵی وەرگەڕاندە سەر ماتریالیزمی دیالێکتیک، منیش هەوڵم دا مۆدێرنیتەی سەرمایەیەداریی وەرگەڕێنمە سەر مۆدێرنیتەی دیموکراتیی» (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۴).
هەر لەم بارگۆڕانەدا، دەستبەرداری دەوڵەت بوو، پێی وابوو ئەم بوونەوەرە ناتوانێت بەپێی پێڤاژۆیەک و لە سەرەوەڕا دیموکراسیی وەدی بێنێ، پێی وابوو «بیرۆکەی دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت» لە ڕیشەوە «پووچەڵە»، ئەو دەوڵەت بە ئامێری سەرکوت و «سیستەمی گەشەسەندووی چینی فەرمانڕەوا» و «یەکێک لە ترسناکترین دیاردەکانی مێژوو» دەزانێ، ئەمەش بۆ دیموکراسیی، ژەهرێکی کوشندەیە و بەم دەساوێژە «سیستەمێکی دیموکراتیی پاوەجێ ناکرێت»، سا بۆیە بۆ وەدیهێنانی دیموکراسیی، دەبێت هەوڵەکان لە سەر دەوڵەت چڕ نەکەینەوە و نەبینە دەوڵەت، چونکە ئەمە دێتە واتای لەدەستچوونی دیموکراسیی و خەڵک دەکاتە گەمەی دەستی پەرگاڵی سەرمایەداریی. (اوجالان، ۱۳۸۳:، ۱۷۷ به نقل از Biehl, 2014ا)[10].
بەهەرحاڵ، پەکەکەش «سەرەتا پشتی بە سیستەمی سۆسیالیزمی واقعیی دەبەست»، دەبوو دەستبەرداری ڕێبازی دەوڵەت-نەتەوە ببێت و پێ بەرەو دیموکراسی هەڵکوتێ. (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۴). ئیتر نەیدەتوانی تێزی دەوڵەتی سەربەخۆ و سەربەخۆیی نەتەوەیی (اوجالان، ۱۳۸۹آ: ۱۷) بە «تاکە شیکاریی ڕاستی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان.» بزانێ (اوجالان، ۱۳۸۹آ: ۱۰۴). ئیتر نەیدەتوانی پێواژۆی جەنگێکی نەتەوەیی، کە تاکتیکی سەرەتای شۆڕشی کوردستان بوو (اوجالان، ۱۳۸۹آ: ۱۰۰-۱۰۱)؛ بەپێی ئەو ڕێبازەی دەوڵەت-نەتەوە وا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی گەلی کورد ڕەنگڕێژ کرابوو، بە ڕێباز بگرێت. لە سۆنگەی ئەم بیرگۆڕانەی ئاپۆوە، دەبوو پەکەکەش نوێ ببێتەوە. ئەوە بوو کراسی پارتێکی لەبەر هەڵدووری، وەک پارتێک نا کە لینین وێنای دەکرد، ئۆجالان ئێستا ڕەخنەگری ئەوەشە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۱۹۶، هەروەها بۆ ڕەخنەى حزب بڕوانە اوجالان، ۱۳۸۳: ۳۵۳). ئەم پارتە دامەزراوەیەکی ئایدۆلۆژییە و ئەرکی ئاڕاستەکردنی فیکریی ئەندامانی لە ملە: «ئەم دامەزراوەیە ناوەندێکی کردەکیی نییە و مافی ئاڕاستەکردنی کردەیی نییە، تاکە ئەرکی چاودێریی چالاکییە فیکریی و ئایدۆلۆژییەکان و پەروەردەی ئایدۆلۆژییە لەلایەن کادیرەکانییەوە لە سەرپاکی بەشەکانی کوردستان.»[11]. شابنەمای ستراتیژیی ئەم پارتە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە فیکریی و ئایدۆلۆژییە، «نەتەوەی دیموکرات و پیشەسازیی ژینگەپارێز و ئابووریی سۆسیالیستییە»، سیاسەتیشی بەپێی ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵناسیی و زانست و ئەخلاق و هونەرە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۱۹۸). لەم ڕێگەیەدا کەجەکە بە ئاڵاهەڵگر دەزانێت (اوجالان، ۱۳۹۱: ۱۳۱). ئاپۆ لەم ساڵانەى زینداندا هەموو خەم و کۆششی بۆ ئافراندنی ئەمە سووتاند، پێمان دەڵێت ئەمە چییە و دەبێت چی بکرێت.
بەڵام KCK چییە؟
ئۆجالان بە دەستنێژی ڕەخنەگرتن لە دەوڵەت-نەتەوە کەجەکەی ڕەنگاند، ئەو پێی وایە دەوڵەت-نەتەوە «شێوەی ڕێکخستنی هێزی هەژموونگەرایی پاڵپشت بە سیستەمی سەرمایەدارییە، گونجاوترین سیستەمی دەوڵەتییە کە زۆرترین سوود و پیشەسازگەرایی وەدی دێنێ.» هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن هەر نەتەوە و ئایینێکەوە، بە واتای «پاڵپشتیی جیهانبیبوونەوەی سەرمایەداریی و هەڵکشانی بەرهەمهێنان و تێکدانی ژینگە» دەزانێت. (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۴، هەروەها بڕوانە اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۲۴). مسۆگەر لەم نێوەندەدا لە نێوان دەوڵەت-نەتەوەی سەرمایەداریی و سۆسیالیستیی واقعییدا جیاوازییەکی وا نابینێتەوە. جگە لەوەی ئەوەی دووەمیان «دەوڵەت- نەتەوەیەکە بە دەمامکێکی چەپڕەوانەوە» (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۴)، تەنانەت لە شێوازی یەکەم چەپۆکسالارتر و ئامادەترە بۆ دەرکەوتنی فاشیزم، هەرچەندە سەرەتای شۆڕش، فاشیزمی بە بەرهەمی دەوڵەتە بۆرژواکانی نێو دەوڵەتە سەرمایەدارەکان دەزانی (اوجالان، ۱۳۸۹آ: ۴۰).
ئەو کەجەکە بە جۆرێک لە سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستان یان ڕوونتر ئۆرگانی سیاسەتی دیموکراتیی کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان دەزانێ. ئەمەش پشتبەست بە «تێگەشتنی دیموکراتیی نادەوڵەتیی» و بە درووشمی «بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان» (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۳). ئەم ڕێبازە دیموکراتییە نەک پەیوەندیی بە مۆدێلە بەرچاوەکانی دەوڵەت-نەتەوەوە نییە، تەنانەت لە پێڕی سیستەمە فیدراڵەکانیش نییە، چونکە سیستەمە فیدراڵەکان هەر بیچمێکی ڕاستەوپاستەکراوی دەوڵەت-نەتەوەن (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۴).
کەجەکە لە ڕیشەوە نە هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەدات و نە بۆ دەستبەسەراگرتنی (اوجالان، ۱۳۸۳: ۱۶۶). خەونی کوردستانی گەورە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ گەلی کورد، کە ئامانجی سەرەتای پەکەکە بوو، کەلا دەخات و جوداخوازیی بە ئامانجی خۆی نازانێت، سا سەرقاڵی «دیموکراتیزەکردنی کوردە» و تەنانەت گەر کەسێک جیابوونەوە بداتە کۆڵی کورددا، ئەم پێملی نابێت (اوجالان، ۱۳۸۱ب: ۶۰). کەجەکە پێچەوانەى سەرەتا، نەک «خۆبەڕێوەبەریی هەرێمیی» بە ڕیفۆرمخوازانە و کۆنەپەرەستانە نازانێ (اوجالان، ۱۳۸۹آ: ۱۰۴)، بەڵکوو ئێستا بە کوڵودڵ ئەوەى گەرەک، ڕێکاری پێگەشتنیشی بە پراکتیکی خۆبەڕێوەبەریی (ئۆتۆنۆمیی) دەزانێ، جا چ بە ئاشتیی و ڕەسمیی یان بە جەنگی خەستوخۆڵ (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۴-۲۱۷).
بنەمای یەکێتیی گەل لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا نە بە دەوڵەت دەزانێ، نە بازاڕ و یاسا و کەلتوور، ئەم پێناسانە بۆ نەتەوە کۆسپی سەرەڕێی ڕێزلێنانە لە هەمەچەشەنیی و تەڵەزگەی دیموکراسییە، گەل لە سیستەمی کەجەکەدا لەو تاکانە پێک دێت وا ڕامانێکی دیموکراتیی هاوبەشیان هەیە، جا پاڵپشت بە باوەڕبوون بە جڤاکە ئازاد و یەکسانەکان و بەپێی فرەیی و جیاوازیی. یەکەمیان بە پەروەردە و زانست و فەلسەفە و هونەر وەدی دێت و دووەمیش لە سۆنگەی مافی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتانەی گەل (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۵-۲۱۷).
سیستەمی کەجەکە بۆ نەتەوەیەکی دیموکرات، ئەم دە تەوەرە، بە سەرەکیی دەزانێت: (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۶- ۲۳۶)
١. ئازادیی تاکەکەسیی و کۆمیناڵ پێکڕا بەدی بێت. (گەر ئەندامانی نەتەوەی دیموکرات هاونیشتمانیی دەوڵەت-نەتەوەش بن، ئەوا دەبێت ڕەهەندیی هاووڵاتییبوون بۆ ئەم دووانە سەربار بخرێت، جا لە چوارچێوەی دەستووردا پێناسە بکرێت و سنوورەکەی ڕوون بکرێتەوە.)
٢. بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، ئەمە ڕەهەندە سیاسییەکەی نەتەوەی دیموکراتییە و گرنگترین کۆڵەکەیە، لەم گۆشەنیگایەوە کەجەکە نەخشەڕێ و دامەزراوەیەکی هاوشێوەی دەوڵەت-نەتەوەی هەیە، لێ سەرپاک لە دەوڵەت-نەتەوە جیاوازە، ناوەندی بڕیارەکەی کۆنگرەی گەلە، ئەمەش ناوەندێکی دیموکراتییە بە پێشەنگایەتیی چینەکانی خەڵک و توێژی ڕۆشنبیران.
بە پێچەوانەى سیستەمی پەرلەمانیی دەوڵەت-نەتەوەکان، کە جڵەوی لە دەست چینە زەنگین و بۆرژواکانە، ئەنجوومەنێكی بڕیاردەر بەڕێوبەریی کەجەکە چێ دەکات، ئەمەش هەماهەنگ[12]ـی چالاکییە ڕۆژانەییەکانی خەڵکە، ئەمە پتر لە دامەزراوە مەدەنییەکانەوە نزیکە تا ناوەندە حکومییەکان، هاوسەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە بەرزترین ئاستی گشتیی نوێنەرایەتیی نەتەوەی دیموکراتیی پێک دێنێ، ئەمە چاودێریی یەکسانیی نێوان یەکە جیاوازەکانی کەجەکە و جێبەجێکردنی سیاسەتە بنەڕەتییەکان دەکات. جا لە ڕێی هەڵبژاردنێکی گشتییەوە هێڵکێش دەکرێت. هەروەها پارتە سیاسییەکانی نێو ئەم سیستەمە دەوڵەتتەوەر نین و پرسە کۆمەڵایەتییەکان مژاری کاری وانە، ئەم پارتانە کۆمەڵگە هۆشیار دەکەنەوە و ڕێکی دەخەن و لە بەرانبەر دەوڵەتدا بەردەوام پاڵپشتییان دەکەن[13]. لە سەرپاکی ئەم مژارانەى سەرێدا دیموکراسیی ڕاستەوخۆ بەکار دەبرێت[14]
٣. لەم سیستەمەدا خۆبەڕێوەبەریی جڤاک تەوەرە، نەک ئەو شار و چین و دەوڵەت و شارستانییەتانەى وا بوونییان بە تاکگەرایی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەوە بەندە. ئامانجیش هەر ئەم مانەوە و بەردەوامییەی کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتییە.
٤. ئازادیی ژنان و ڕزگاربوون لە ڕوانینی نامووسیی ڕۆژەڤە، بە بۆچوونی ئۆجالان «ژنی ئازاد، کۆمەڵگەی ئازادە، کۆمەڵگەی ئازادیش، نەتەوەی دیموکراتییە.» ئەمە واتا هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر ڕوانینی زاڵی زایەندیی پاڵپشت بە وەچەخستنەوە لای پیاوان و ژنان، ئۆجالان ئازادیی ژن ئەوەندە بە گرنگ دەزانێت، لە جێیەکدا دەبێژێت: «دەڵێن کرێکارە ستەملێکراوەکان جیهان ڕزگار دەکەن، بەڵام من دەڵێم ژن جیهان ئازاد دەکات.» (اوجالان، ۱۳۸۱ب: ۱۱۷)
٥. دەستەبەرکردنی خۆبەڕێوەبەریی ئابووریی پشت بە پیشەسازیی ژینگەپارێز و ئابووریی هەرەوەزیی دەبەستێت، پێویستە ئابووریی و پیشەسازیی و گەشە بە پێودانگی ژینگە بێت، سیستەمی ئابووریی و بازاڕ لەم سیستەمەدا بەپێی پارەپەیداکردن و لە ڕێی پارەوە نییە، بەڵکوو بەپێی سووڕی ئابوورییە، هەروەها هەوڵدان بۆ کردەییکردنەوەی درووشمی «کارکردن ئازادییە.» لە جێی وێناکردنی کار وەک کاری دژوار و بێگاریی. بەم پێودانگە «پاراستنی خاک و دارستانسازیی… پیرۆزترینی کارەکانە».
٦. پێکهاتەى یاسایی لە کەجەکەدا پشت بە ڕێزگرتنی هەمەچەشنیی و پاراستنیان دەبەستێت.
٧. کەجەکە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی ڕاست فەرهەنگ و دیرۆکی کوردان زیندوو بکاتەوە.
٨. لەم سیستەمەدا بەرگریی پشت بە سیستەمی پاراستنی جەوهەریی دەبەستێت، ڕوونتر؛ پەکەکە لە سەرەتای سەرهەڵداندا بۆ پاککردنەوەى دەروونی گەلی کورد، پاراستنی جەوهەریی ڕەچاو کرد، پاشان پاراستنی جەوهەریی لە ڕێی جەنگەوە کردەیی کردەوە. جا لە قۆناغی یەکەمدا ئەم سیستەمەى پاراستنی جەوهەریی، بە مەرجی بە ڕەسمیی ناسینی مافی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی گەلی کورد، شێوەیەکی ئاشتییخوازانە وەردەگرێ. بەم پێودانگە «دەبێت جگە لەو بەرگرییە نەتەوەییە هاوبەشەی وا بەرانبەر دەرەوە ڕەنگڕێژ دەبێ، سەرپاکی کاروباری تەناهیی، لەلایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە بەڕێوە ببرێت.» چونکە «هەموو کۆمەڵگەیەک تەنیا خۆی دەتوانێت بارودۆخی تەناهیی ناوخۆیی بە ڕێکوپێکیی پاوەجێ بکات و ئامانجەکان بە باشترین شێوە وەدی بێنێت.».
٩. لە کەجەکەدا دیپلۆماسییەت وەک ئامڕازی ئاشتیی و گرێدانی پەیوەندییەکی گونجاو و دۆستانە لەگەڵ گەلانی دراوسێ و کۆمەڵگە نزیکەکان و بۆ ڕەخساندنی کۆبوونەوەى هاوبەش و درووستکردنی کۆتێز لە ئاستێکی باڵاتری جڤاکدا، سوودی لێ دەبینرێت. هەر لەم بەستێنەدا «یەکێک لە شائەرکە نەتەوەییەکان، پەرەپێدانی دیبلۆماسییەکی سەرتاپاگیری نێوان کوردانە»، کۆما جڤاتێن دیموکراتیی (کەجەدە) دەتوانێت ڕۆڵێکی لەم چەشنە وازیی بکات، ڕەنگاندنی ئەمە ئەرکێکی لەپێشینەی دیپلۆماسییەتی KCKـەیە.
١٠. هەوڵی بەردەوام بۆ وەڵامدانەوەى ڕەهەندە جیاوازەکانی «پرسی کورد»، ئەمەش بە دەستنێژی خۆڕەخنەکردنی ڕادیکاڵ لە نێو پەکەکە و دۆزینەوەى ڕێبازێکی دیموکراتیی.
مێژووی کەجەکە[15]
پەکەکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ساڵی ١٩٩٩ بریتیی بوو لە باسکێکی سیاسیی (بەرەی ڕزگاریی گەلی کوردستان ERNK) و باسکێکی سەربازیی (سوپای ڕزگاریی گەلی کوردستان ARGK)، ERNK سەرپەرەشتیی کاروباری سیاسیی و ڕێکخستن و دیپلۆماسیی و ئابووریی میدیایی کوردانی دەکرد لە سەرانسەری جیهاندا. ARGKـەش لە کوردستان سەرقاڵی جەنگ بوو. کۆنگرەی حەوتەمی پەکەکە، پاش دەستگیرکردنی ئۆجالان بەڕێوە چوو، لەم کۆنگرەیەدا ئەم دوو دامەزراوەیە بۆ یەکێتیی دیموکراتیی کوردستان (YDK) و هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG) ناوگۆڕکێیان کرد. هەر ئەم ناوگۆڕکێیەی سوپای ڕزگاریی بۆ هێزەکانی پاراستنی گەل، بەڵگەی گۆڕانی سیاسەتی چەکدارانەى پەکەکەیە بۆ سیاسەتی ئاشتیخوازانە لەم قۆناغەدا، ئەمەش وەک پەرچەکرداری ئەو فشارانەى دەکرێنە سەر PKK جێی لێڕامانە. ئەم فشارانە و کێشە ناوخۆییەکانی پەکەکە و بارگۆڕانی ناوخۆیی، گۆڕانی هەیتاهەیتی لە PKKـدا لێ کەوتەوە. جا بیرۆکەی KCK هەر لەم پێڤاژۆیەدا ڕەنگا.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٠٢ پەکەکە هەڵوەشایەوە و لە جێی ئەمە کۆنگرەی ئازادیی و دیموکراسیی کوردستان (KADEK) دامەزرا. ئەویش ساڵێک دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ کۆما کۆمەڵێن کوردستان (KKK). لەم پێڤاژۆیەدا پێکهاتەى ستوونیی مارکسیست- لینینیستی پەکەکە گۆڕا بۆ سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسۆیی، ئەمەش لە چەندین کۆمیتە پێک هاتبوو، ئەو کۆمیتانە بریتین لە: کۆمیتەی سیاسیی، کۆمیتەی کۆمەڵایەتیی، کۆمیتەی بەرگریی ڕەوا (دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ پاراستنی گەل)، کۆمیتەی تەندرووستی گەل، کۆمیتەی زانست و ڕۆشنگەریی، کۆمیتەی کەمینەکان، کۆمیتەی چاپەمەنیی، کۆمیتەی کاروباری ئابووریی و دارایی. ئیتر بەم ڕەنگە و بە شێوەیەکی پلەڕیز؛ کوردانی دانیشتووی وڵاتانی تر، هاتنە سەر ئەم ڕێبازە، جا بەم چەشنە ئەم چوار گرووپەی خوارێ خەمڵین:
١. (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK) لە ئێران
٢. پارتی چارەسەریی دیموکراتیک (PÇDK) لە عێراق
٣. پارتی ڕزگاریی دیموکراتیی (PRD) لە تورکیا
٤. پارتی یەکێتیی دیموکراتیی (PYD) لە سووریا
مسۆگەر ئەم پارتانە بۆ هاوئاهەنگیی سیاسەتی گشتییان پێکەوە گرێ دەدەرێن و لە گۆڕەپانی چالاکییشدا سەربەخۆ چالاکیی دەنوێنن و ناوەندی جێبەجێکردن و بڕیاردانی خۆیان هەیە.
ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٥ ناوی ئەم سیستەمە بەڕێوەبەرییە ئاسۆییەی نا «کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK)». ئاڵایەکیشی بۆ دانا: ئەستێرەیەکی سوور لە نێو ڕۆژێکی زەرددا، لە سەر پانتاییەکی سەوز. ئەم سیستەمە سێ دەسەڵاتی هەیە: دەسەڵاتی یاسادانان، کۆنگرەی گەل باڵاترین ناوەندێتی و لە وێنەی پەرلەمانە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئەمەش ئەنجوومەنی جێبەجێکردنەکەیەتی و ڕۆڵەکەی وەک کابینەی وەزارییە، دەسەڵاتی دادوەریی، ئەمەش لە دادگاکانی گەل و دیوانی یەکسانیی ئیداریی پێک دێت. ئەم سێ دەسەڵاتە سەربەخۆ لە یەکتر کار دەکەن. ئەندامانی کۆنگرەی گەل لە ڕێی هەڵبژاردنەوە لە نێوان گشت ئەندامانی ڕێکخستندا هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە دووساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت، هەمووان، لە سەرۆکەوە تا ئەندامانی ئەنجوومەنی بڕیاردان، تەنیا دوو خول دەتوانن ئەندام بن، نوێنەرانیش دوو ساڵ جارێک دەگۆڕێن.
کاتێک پەکەکەش لەم قەڵەمبازەی ساڵی ٢٠٠٢ـدا هەڵوەشایەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ دیسانەوە ژێنرایەوە. پاش بەستنی کۆنگرەی گەل لە ساڵی ٢٠٠٣، بڕیاری زیندووکردنەوەی درا، ئەمەش بۆ کونبڕکردنی کێماسییە تیۆرییەکانی سیستەمەکە و ئاڕاستەی فیکریی ناوەندەکانی کۆنگرەی گەل، بۆ بیرهێنانەوەى پەکەکە ئەم ناوەندەیان ناو لێ نا «PKK». ئەم پڕۆسەیەشیان بە ڕێکاری نوێکردنەوەی پەکەکە ناودێر کرد. بێگومان ئەم ناوەندە دامەزراوەیەکی جێبەجێکەر نییە و دەسەڵاتی ئاڕاستەکردنی کردەیی نییە، تاکە ئەرکی چاودێریی چالاکییە فیکریی-ئایدۆلۆژییەکان و سازدانی پەروەردەی ئایدۆلۆژیی کادرانی هەموو بەشەکانی کوردستانە.
لەوانەیە بتوانین ئەرکی کەجەکە و پەیوەندیی بە پەکەکەوە لەم وتەیەی خوارێی ئۆجالانەوە پوخت بکەینەوە:
پێشەنگێتیی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی پەکەکە، کە ئەزموونێکی سی ساڵ بانترە، سا پشتیوانیی گەل لە سۆنگەی جەنگی شۆڕشگێڕانە، هەروەتر ئەو هێزە سەربازییەی توانای پاراستنی جەوهەریی لە سەرپاکی گۆڕەپانەکاندا هەیە، هەروەتر تۆڕەکانی پەیوەندیی ناوخۆ و دەرەوە، هەلومەرجی پاراستن و بەڕێوەبردنی نەتەوەی دیموکرات بۆ کەجەکە دەڕەخسێنێت. ئەم ڕێگەیە ئیتر بەو بنبەستەی پێشتر ناگات. چونکە نەتەوەی دیموکرات دەکاتە سەرتۆپی ئامانجەکانی نەک نەتەوەپەرەستیی دەوڵەتگەرا. کەواتە: هەمیشە لایەنگری چارەسەری پرسەکان و ئاشتییە، هەروەتر دەرگای گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت-نەتەوە وازە. لێ گەر لەم ڕێگەیەدا سەرنەکەوت، ئەوا دەتوانێت لە سەر شاڕێی خۆی و بە دەساوێژی هێزی خۆیی، بەردەوامییەکی سەرکەوتووانە بداتە ڕەنگاندنی نەتەوەی دیموکرات و بەڕێوەی ببات و بیپارێزێ. (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۳).
سەرچاوەکان:
گفتگوی برهان جوانمرد با شورش مریوان
متن کامل قرارداد اجتماعی جامعه دموکراتیک و آزاد شرق، کودار
اوجالان، عبدالله (۱۳۸۱آ). از دولت کاهنی سومر بەسوی تمدن دموکراتیک. ترجمۀ مرکز انتشارات ارد. اتحادیۀ روشنگری دموکراتیک (ارد)
اوجالان، عبدالله (۱۳۸۱ب). آفتاب آزادی (یادداشتهای رهبر آپو). ترجمۀ مرکز انتشارات ارد. اتحادیۀ روشنگری دموکراتیک (ارد)
اوجالان، عبدالله (۱۳۸۳). دفاع از یک خلق. بینا
اوجالان، عبدالله (۱۳۸۹آ). راه انقلاب کردستان. ترجمۀ گروه مترجمان. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
اوجالان، عبدالله (۱۳۸۹ب). آزمونی در باب جامعهشناسی آزادی (مانیفست تمدن دموکراتیک، کتاب سوم). ترجمۀ آ. کاردوخ. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
اوجالان، عبدالله (۱۳۹۱). نقشۀ راه. ترجمۀ باران ر. بریتان. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
اوجالان، عبدالله (۱۳۹۲). مسئلۀ کُرد و رهیافت ملت دموکراتیک: دفاع از کُردها، خلقی در چنگال نسلکشی فرهنگی (مانیفست تمدن دموکراتیک، کتاب پنجم). ترجمۀ آ. کاردوخ. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
گرابر، دیوید (۲۰۱۴). «چرا جهان کُردهای انقلابی سوریه را نادیده میگیرد؟». ترجمۀ رحمان بوذری.
Best, S. (1998).” Murray Bookchin’s theory of social ecology: An appraisal of the ecology of freedom.” Organization & Environment, 11(3)
Biehl, Janet (2014). “Bookchin, Öcalan, and the Dialectics of Democracy Reply”. http://attackthesystem.com/2014/10/18/bookchin-ocalan-and-the-dialectics-of-democracy/
Biehl, Janet (2007). “Bookchin Breaks with Anarchism”. COMMUNALISM, 12, Oct. 2012
Bookchin, M (1991). The Ecology of Freedom: The Emergence and Dissolution of Hierarchy. Montreal: Black Rose
Bookchin, M (1995). “Libertarian Municipalism: The New Municipal Agenda”.http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bookchin/libmuni.html
*نووسەری لێکۆڵینەوەکە ناوی هەندێک ناوەند و پارت و سازیی تەڤگەری ئاپۆیی بە هەڵە نووسیوە، لە سۆنگەی تێگەیشتنێکی ڕاست لەو مێژووە و شیکارییەکی ڕاستی بابەتەکە، لە وەرگێڕانەکەدا هەڵەکان سەرڕاست کرانەوە. (وەرگێڕ)
ژیانی فیکریی ئۆجالان
لەفارسییەوە: وریا ئەحمەد
پێناسەی ژیانی فیکریی ئۆجالانیش وەک زۆربەی کەسایەتییە ھاوشێوەکانی وی، ئامێتەیەکە لە ئەفسانە و ڕاستیی. ئەو بەرھەمانەی تا ئێستا نووسیونی، بەپێی گێڕانەوەیەک سەد بەرگ و بە گێڕانەوەیەکی تر، پێنجسەد بەرگن. ئەو پەرتووکانەشی لە زینداندا خوێندوونییەوە، ھەمان چیرۆک لەبارەیانەوە ھەیە. دەگوترێت لەم ساڵانەی زینداندا ٣٥٠٠ پەرتووکی خوێندووەتەوە، ئەمەش واتا نزیکەی پێنج پەرتووک لە هەفتەیەکدا! بەرھەمی زۆرێک لە هزرمەندان لەناو خورجینی پەرتووکە خوێنراوەکانی ویدان. خۆی لە بەرھەمەکانیدا ناوی ئەم کەسانە دێنێت: بوکچین[16]، واڵەرشتاین[17]، براودێل[18]، نیچە، فۆکۆ، گوندەر فرانک[19]، گۆردۆن چایڵد[20]، گیدنز[21]، ھانتینگتۆن[22] و برژینسکی[23].
ڕەنگە بتوانین پتر لە هەمووان جێدەستی ئایدیاکانی مۆرای بوکچین لە نووسینەکانی ساڵانی زیندانی ئۆجالاندا، بدۆزرینەوە. بوکچین، ڕچەدانەر و بنیاتنەری ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی[24] یان بزاڤی ناسراو بە ‹ئیکۆئانارشیزم›[25]، وێڕای پێشینە ستالینییەکەی، لە دەیەی ١٩٤٠ـدا کەمەندکێشی ترۆتسکیزم[26] بوو، جا بوو بە یەکێک لە ڕەخنەگرە ڕژد و سەرسەختەکانی ستالینیزم. بەگوێرەی گوتەی ھاوژینی بوکچین، ئەوێ دەم ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ لە کینیا دەستگیر کرا (ڕفێنرا) و بوکچین هەواڵی وی ژنەفت، دەمودەست ئەویشی بە یەکێکی تر لە ڕێبەرانی مارکس/لینینیزم ئەژمار کرد، کە گیرۆدەی داوی ستالینیزم بووە. بوکچین دەیان ساڵ بوو تیری ڕەخنەی بۆ ئەم جۆرە کەسانە لە کەواندا بوو، جا پێی وابوو ئا ئەمانە کەڵکی خراپ لە ویستی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئازادیی، وەردەگرن، سا خەڵکان بەرەو دۆگماتیزم و دەوڵەتگەرایی و تەنانەت بە پێچەوانەی ڕووکەش و ڕواڵەتی خۆیان، بەرەو پەژراندنی سەرمایەداریی دەئاژوون. بوکچین، پاش جەنگی جیهانیی دووەم، کە بەشی هەرە زۆری ئایدیاکانی چەپ داپووکان و زۆررینەی چالاکڤانە چەپەکان ڕوویان کردە کاروچالاکیی ئەکادیمی و ژۆرنالیستیی، گیانی شۆڕشگێڕیی و بەرخۆدانی لەدەست نەدا.
سا قۆڵی لێ هەڵماڵی تا بە قسەی ترۆتسکی بکات، ئەوی وا پێش ئەوەی ساڵی ١٩٤٠ تیرۆر بکرێت، گوتبووی گەر جەنگی جیهانیی دووەم بە شۆڕشی کرێکاری لە ئەمریکا و ئەورووپا کۆتایی پێ نەیەت، ئەوا پێویستە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بۆ فیکری مارکسیزم بکرێت. بوکچین لەناو بازنەیەک لە ھاوڕێیانیدا، دەستپێشخەریی کارێکی وای کرد. بوکچین و هاوڕێکانی لە دەیەی ١٩٥٠ـدا و لە میانەی دانیشتنی ھەفتانەدا، بۆ نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی شۆڕشگێڕیی لە هەلومەرجی نوێدا، پشتوێنیان لە کەمەر بەست.
لەم بازنەی دانیشتنەدا بوو، تێگەیشت چیتر پرۆلیتاریا ناتوانێت ئەو فاکتەرە بێت وا سەرمایەداریی لەناو ببات. دەبێت فاکتەرێکی تر ھەبێت، تاکوو بە شێوازی خۆبەخۆ دەرفەت بۆ ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداریی بڕەخسێنێت. بوکچین وەها هۆکارێکی لە هەڤدژیی نێوان سیستەمی سەرمایەداریی و ژینگەدا دۆزییەوە؛ دەی هەر ئەوەندە بەس نییە ئەم سیستەمە ھەم سرووشت پاکتاو دەکات و ھەم تەندرووستیی مرۆڤایەتیش. لەم سیستەمەدا، بە چێکردنی گەورەشاری دابڕاو لە سرووشت، بەرھەمھێنان و بەکاربردنی لەڕادەبەدەری زڕەکاڵا، کە پاڵەپەستۆیەکی زۆر دەخاتە سەر سرووشت، هەروەتر، ئەو گوشارەی لەپێناو ژینی ئەم گەورەشارانە دەکەوێتە سەر خەڵکی و دواجار خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم سیستەمە مەسرەفگەراییەدا، سەرەنجام خووخدە و گیان و جەستەی مرۆڤ دادوەشێن. کەواتە قەیرانی سەرمایەداریی زادەی چەوسانەوەی چینی کرێکار نییە، بەڵکوو زادەی لەمڕۆڤخستن و لەمرۆڤایەتیداماڵینی خەڵک و کاولکردنی سرووشتە. بەم پێودانگە بوکچین لە دەیەی ١٩٥٠ـەوە تاوەکوو سەروەختی مردنی لە٢٠٠٦، کۆشا تابنەماکانی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژیکی دیموکراتیک[27] دابڕێژێت.
ھەر ئەم ئایدیایانەی بوکچین بوو، ئۆجالان بۆ چێکردنی ‹كەجەكە›[28] سوودی لێ بینین. ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٢ دەستی بە خوێندنەوەی بەرھەمەکانی بوکچین کرد، بە تایبەت کەوتە بن باندۆری ھەردوو پەرتووکی (ئیکۆلۆژیای ئازادیی)[29]و (شارنشینی بەبێ شار)[30]. لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە خوێندنەوەی پەرتووکی (شارنشینی بەبێ شار)ـی بۆ تەواوی سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و (ئیکۆلۆژیای ئازادی)ـی بۆ گەریلاکان پێشنیار کرد. لە بەھاری ٢٠٠٤ـدا پەیامی بۆ بوکچین نارد، کە خۆی بە پەیڕەوکاری ئەو دەزانێت و تامەزرۆیە تا ئایدیاکانی بۆ کۆمەڵگەکانی خۆرھەڵاتی ناوین بەکار بهێنێت.[31]
بە گوزەرێکی وردتر بە ناو ئایدیاکانی بوکچیندا، دەتوانرێت باشتر ئاستی کاریگەریی ئەو بە سەر ئۆجالانەوە درک بکرێت.
ئیکۆئانارشیزم یان ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی
بوکچین هۆشداریی دەدات، قەیرانەکانی ئیکۆسیستەم بە ڕادەیەک پێچەڵپێچ بووە، چیتر دروشمەکەی مارکس، کاتێک دەڵێت؛ یان سۆشیالیزم یان بەربەریزم، کە ڕاستییەکەی بانگەواز بوو بۆ بووژانەوەی کۆمەڵگە، هەتوانێک ناخاتە سەر زامان و بەرسڤی تەڵەزگە ئیمڕۆژییەکان نییە. نها دەبێت نیگەرانی قڕبوونی بنەچە و تۆرەمەی مرۆڤ بین و نیگەرانییەکی ئاواش گەرەکە سەر بکێشێت بۆ ئاواکردنی (ئیکۆتۆپیا[32])ـیەک لەسەر بنەمای بناغەکانی ئیکۆلۆژیا[33]. وی لە دەیەی ١٩٥٠ـدا لە بزاڤە کلاسیکییەکانی چەپی ئەمریکا لاتراسکەی بەست، جا ئامێتەیەکی لە ئانارشیزم و تێۆرییە ئیکۆلۆژییەکان خستە ڕوو، سا ڕەوتێکی بە ناونیشانی ئیکۆئانارشیزم (Ecoanarchism) یان ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی (social ecology) ڕەنگڕێژ کرد، ئەوە هیچ بۆ خۆیشی لەناو جووڵانەوە و بزاڤەیلی پەیوەست بەو مژارەدا چالاکیی نواندووە. بەم ئاوایە؛ سەروەختێک تیۆرەکانی گەشەپێدان بووبوون بە بنێشتەخۆشەی سەر زاران و چلچرای گشت دانیشتن و مێزگردێک، بوکچین لەمەڕ ‹لەمەرکەزییەتخستن›ـی شارەکان ئاخافت و داوای بەکارهێنان و خستنەگەڕی وزەی خۆر و با و ئاو و تەکنەلۆژییە جێگرەوەکانی تری کرد.[34] ئەمە لە سەردەمێکدا چەپی کلاسیک، لە بنەڕەتەوە ئاوڕدانەوە لە مژارە ژینگەییەکانی بە كەڵكەڵەیەكی بۆرژواییانە ناودێر دەکرد.
بوکچین لەو کەسانە بوو وا بۆ هەوەڵینجار پەرژانە سەر چەمکە ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییە پێوارەکانی نێو ئیکۆلۆژیا، سەروەختێک بزاڤی چەپ بە دیار چەمکە کلاسیکەکەی چینایەتییەوە باوێشکی دەدا، ئەو چەمکی گشتگیرتری ھەڕەمیبوون (ھیرارشییەت[35])ـی کردە بناغەی شڕۆڤەکانی. هەرچەندە وی کاریگەرە بە دیالەکتیکی مارکس، لێ بۆ بەرباسدانی ئیکۆلۆژیا بە نەشیاو و نەگونجاوی دەزانێت. ئەو لەو سۆنگەوە مارکسی بە هاوڕەوتی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی دەزانی و لای وابوو هەردوولا دەستیان لە یەک کاسەدایە، کە هەردوولا وایان دەبینی گوایە سرووشت کەوشەن و قەڵەمڕۆیەکی بێسۆز و بێگیان و چرووکە و گەرەکە دەستەمۆ و کەویی بکرێت. بوکچین ئەم میتۆدە دیالەکتیکییەی لە مژاری ژینگە هەڵکێشا و ئیکۆلۆژیزەی کرد، جا کەژماڵکردنی جیھانی سرووشتی و کۆمەڵایەتیی لە چێوەیەکی تێۆریی گشتگیردا ئامێتە کرد و مرۆڤ و بوونەوەرانی نێو جیهانی سرووشتیی بە هاوپشکی بەهێزی یەکترتەواوکەر دانا نەک هەڤدژ.
ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی پێی وایە گشت مژارە ژینگەییەکانی هەنووکە دواجار مژاری کۆمەڵایەتین، نەک ئەوەی مژاری مینەوی یان تەنانەت تێکنۆلۆژیی یان دەوڵەتیی یان بایۆلۆژیی بن. دەتوانرێت قەیرانە ژینگەییەکان بە ھۆکاری دەرکەوتنی ئەو پرسانەی سەرەوە لەقەڵەم بدرێن نەک وەکوو لێکەوتەی ئەو پرسانە. دەبێت ڕەگوڕیشەی سەرەکیی ئەم قەیرانە ببەسترێتەوە بە دیرۆکی دوورودرێژی هەژموونی مرۆڤ بەسەر مرۆڤ و پاوانکردنی هەرتک جیهانی کۆمەڵایەتی و سرووشتیی وەکوو سەرچاوەگەلێک بۆ بەدەستخستنی هێز و قازانج.
بوکچین، ڕێچکەی خۆی لە کارکردی باوی ژینگەپارێزیی لە نموونەی ژینگەخوازیی لیبراڵ[36] و ژینگەخوازیی قووڵ[37] هەڵبوارد و ئەمانەی وەک تووشبوو بە خەیاڵپڵاویی سەرمایەداریی سەوز[38] ئەژمار کرد. پێی وابوو، گێژاوە ژینگەییەکان نە بە چەمکە تێکنۆلۆژیی و بیۆکراتییەکان (بە واتا ژینگەخوازییە لیبراڵییەکەی) چارەسەر دەبن و نە بە بانگھێشتی ئادەمیزادەیل بۆ هاسۆزیی سرووشت لە ڕێی دۆزینەوەی خودە ڕەسەن و قووڵەکەی ناویان (وەک ژینگەخوازیی قووڵ پێی وابوو). لەم سۆنگەوە چارەی قەیرانە ژینگەییەکان پەیوەستە بە گرتنەبەری ڕێکاری کۆمەڵایەتیی و ڕێچارەی کۆمەڵایەتیی_دامەزراوەییەوە، هەروەتر گرێدراوی هەوڵ و کۆششە لەپێناو ڕزگاربوون لە پەیوەندییە پلەڕیز (ھیرارش)ـییەکانی نێو کۆمەڵگە؛ ئەم قەیرانانە، بە پشتبەستن بە میتۆدە فەلسەفیی و تێکنۆلۆژیی و بایۆلۆژییەکان چارە ناکرێن. بوکچین نکۆڵی لەوە ناکات لەپێناو بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی پەیوەندییەکانمان لەتەک یەکتر و جیھانی سرووشت، فەلسەفە و ئاکار و ھەستیاریی نوێمان گەرەک دەبێت، بەڵام سەرووتر لەمە، وی جەخت لە پێویستیی ھەبوونی سیاسەتێکی نوێ بۆ سەرپێخستنی بزاوتە تازە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە، تا بتوانین کۆمەڵگەیەک ڕۆ بنێین، کە لەبری وێرانکردنی جیھانی سرووشتیی ۆمەڵایەتیی، ڕوانینێکی یکۆلۆژیکیانەی بەرانبەر کۆمەڵ هەبێت.[39]
بەم ڕەنگە ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی پێی وایە سەرپاکی مژارە هەنووکەییە ژینگەییەکان لە کۆتاییدا پرسێکی کۆمەڵایەتیین، نەک پرسی مەعنەویی و تەنانەت پرسی تەکنەلۆژیی یان حکومەتیی و بیۆلۆژیک، دەتوانین قەیرانە ژینگەییەکان بە هۆکاری ئەمانە بزانین نەک دەرەنجام. دەبێت ڕیشەی بنەڕەتیی ئەم قەیرانانە بۆ دیرۆکی دوورودرێژی باڵادەستیی مرۆڤ لە سەر ڕاسەری مرۆڤ و پاوانی ژینگەی کۆمەڵایەتیی و سرووشتیی وەک سەرچاوەى دەسەڵات و سوود ببینین. قەیرانەکانی کۆمەڵگەی نائەقڵانیی و دژەئیکۆلۆژیک و نەیار بە ژینگە، لە ڕێی چاکسازیی بەشەکیی و لابەلاوە چارەسەر ناکرێن. ئەو کەموکووڕییانەی لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشتدا ھەن، زادەی کەموکووڕیی پەیوەندییەکانی مرۆڤە لەتەک یەکتر. لە دیدی بوکچینەوە، ئارێشە ژینگەییەکان هەڵقوڵاوی دیرۆکی دوورودرێژی پەیوەندییە ھیرارشی و ھەڕەمئاساکانی نێو کۆمەڵگە مرۆییەکانن و نها گشت ئەو ئارێشانە لە چێوەی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی چینایەتیی و سوودگەرا و کەڵەکەخوازدا جەمیان جەمە. بە واتایەکی وردتر، ئەو فاکتەرانەی وا هەڤدژیی نێوان مرۆڤ و سرووشتیان لێوە ڕسکاوە، ‹›لە ھەناوی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە چەکەرەیان کردووە نەک ئەوەی زادەی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و سرووشت بن.[40] بە پێچەوانەی ھەندێک لە مارکسییەکانەوە کە لایان وایە ھەژموونی مرۆڤ بە سەر سرووشتەوە دێرینترە لە هەژموونی مرۆڤ بە سەر مرۆڤەوە، بوکچین ئەم پەیوەندییە ئاوەژوو دەکاتەوە و نکۆڵیی لەو ئایدیایە کرد گوایە ئادەمیزادەیل دەبوو سەرەتا سرووشتیان دەستەمۆ کردبا، ئینجا کۆمەڵگەی چیانەتییان چێ کردبا، تا بەڵکوو ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەناوی وێرانەکانەوە ئازادیی چرۆ بکات.
بوکچین دەکۆشێت بە گرتنەبەری ڕێکارێکی نۆرماتیڤییانە[41]، جۆرە ئەخلاقێکی ئیکۆلۆژیی (ئەخلاقی یەکترتەواوکەر)[42] بخاتە ڕوو، جا ئەمە بریتییە لە هەماهەنگیی نێوان پەرەسەندنی سرووشتیی و کۆمەڵایەتیی. کەواتە شاچەقی بەرهەمەکانی بوکچین بریتییە لە توێژینەوە دەربارەی نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان گرۆی ئادەمیزاد و بوونەوەرانی سرووشتدا، ئەوە هیچ ئەم نەبوونی هەماهەنگییەش خۆی دەرهاویشتەی ئەو پەیوەندییە دەستدرێژیکارانەیە وا مرۆڤایەتیی لەگەڵ خۆی هەیبووە. ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی بە گشتیی پەیوەندیی دیالەکتیکیی نێوان کۆمەڵگە و سرووشت شیتەڵ دەکات، سا ڕەگەزی مرۆیی بە بەرھەمی ھەردوو پرۆسەی پەرەسەندنی سرووشتیی و کۆمەڵایەتی ئەژمار دەکات. بە ڕێکارێکی ئاوا، دەتوانرێت لە ھەناوی ویستی فروانخوازیی جیهانی سرووشتییەوە، ئازادیی و داھێنان و تاکگەراییەکی فرەتر دەستەبەر بکرێت.
کۆمەڵگە دیموکراتیکەكان و کۆمۆناڵیزم[43]
بوکچین، بەتایبەت لە پەرتووکی ‹ئیکۆلۆژیای ئازادیی›ـدا، وردکۆڵانە ڕوونی دەکاتەوە، کۆمەڵگە ھیرارشییەکان چۆن پەیدا و فراوان بوون، بە درێژایی مێژوو چ جۆرە بەرگرییەک بەرانبەر ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە نوێنراوە و چۆنچۆنی دەتوانرێت لە شەڕ و بەڵای کۆمەڵگەیەکی بەم ڕەنگە ڕزگارمان ببێت. وی پێشمەرجی ڕزگاربوون لەم سیستمە هیرارشی و هەڕەمئاسایەنە دەبەستێتەوە بە ئاواکردنی کۆمەڵگە ئیکۆلۆژیکە دیمۆکراتیکەکانەوە؛ کۆمەڵگەیەک شارەکانی ناوەندێتییان نییە، خەڵکی لە چێوەی هەرێمی گچکەدا دەژین و خۆیان بەڕێوەی دەبەن، هەر خۆشیان پێداویستیی خوردوخۆراکیان لە ناوچەکەدا دەچێنن و کەڵک لە وزەی پاک، کە بۆ نۆژەنکردنەوە دەست بدات، وەردەگرن. ئەم کۆمەڵگە تازەیە لەلایەن بڕیارە ئەخلاقیی و هەرەوەزیی و کۆمۆناڵییەکانی خودی خەڵکییەوە بەڕێوە دەبرێت، نەک بازاڕ و هەژموونی دەوڵەت.
ڕاستییەکەی ئەم هەرێمانە کۆمەڵەگەلی دیموکراتییکن.[44] لە پێناو هاتنەئارای ئەم هەرێمانە، دەبێت ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی هەنووکە لە ئارادان، کەلا بخرێن و دەسەڵات و هێزیان بۆ هاووڵاتییانی ئەم کۆمەڵگانە بگوازرێتەوە. چونکە ئەم کۆمەڵگانە لە ڕەهەندی ناوچەییەوە کاران، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەرێمێکی جوگرافیی هەراوتردا کارا بن، دەبێت لە چێوەی کۆنفدراسیۆندا یەکانگیر ببن. ئەم ئایدیایە خۆی لەخۆیدا ئایدیایەکی شۆڕشگێڕانەیە. بوکچین ھەر ئاوها ڕێچکەی شۆڕشی وێنا دەکرد. ڕاستییەکەی ئەم کۆنفیدراسیۆنەی وا لە کۆمەڵە دیموکراتیکەکان پێک هاتووە، بەکاوەخۆ و پلەبەپلە بۆ جۆرە ئەنتی هێزێک[45] لەدژی دەوڵەت-نەتەوەکان دەگۆڕێت و سیستەمی ھێز دووکەرت دەکات[46]، ئەمەش ھەمان ئەو ھەلومەرجەیە بە واتا ترۆتسکییەکەی، شۆڕش لە ھەناویەوە چەکەرە دەکات. بوکچین سەرەتا ئەم بەرنامە و پلانەی بە خۆبەڕێوەبەریی شارەوانییەکان[47] ناودێر کرد و دواتر ناوی کۆمۆناڵیزمی لێ نا.
بوکچین ھەموو ھەوڵێکی خۆی بەگەڕ خست تاوەکوو چەپەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ئاست گرنگیی ئەم پڕۆژەیەدا قایل بکات. بەڵام، لەو ساڵانەی وی ئەم جۆرە ئایدیایە پەڕیبووە سەریەوە، مێشکی چەپەکان وەها بە ماوتسی تۆنگ[48] و ھۆشیمین[49] و فیدڵ کاسترۆوە سەرقاڵ بوو، سەرنج و بۆچوونەکانی ئەویان نەژنەفت و نەژنەفت. باسوخواسی وەکوو ئیکۆلۆژیا و دیمۆکراسی لە دیدی واندا، ئایدیای وردەبۆرژوایانە بوو. تەنھا کەسانێک ئامادە بوون گوێ لە بوکچین بگرن، ئانارشیستەکان بوون، ئەمانە لە هەڵوێستی دژەدەوڵەتدا هاوبۆچوونی بوکچین بوون. بەڵام ئانارشیستەکانیش لەو سۆنگەوە کە لە هەمبەر گشت شێوازەکانی دەسەڵاتدا، تەنانەت لە ڕەهەندە لۆکاڵیی و ناوچەییەکەیشیدا، پشووکورت و چیکڵدانبچووک بوون، هەروەتر بەهۆی پشتیوانیان لە کەمینەکان کێشەی ڕژدیان لەگەڵ دیموکراسیی ڕۆنراو لەسەر پایەی دەنگی زۆرینە هەبوو، نەبوونە هاوڕێگەی بوکچین. بوکچین لەگەڵ ئەوەی لەم مژارانەدا هاوبۆچوونی ئانارشیستەکان بوو، بەڵام بە دیدی وی، بۆ گەیشتن بەو تەرزە ژیانە کۆمەڵایەتییەی وا ئانارشیستەکان چاویان تێ بڕیبوو، شۆڕشێکی ھەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕاستەقینە و بەدیھێنانی گۆڕانکاریی لە ستراکچەرە یاسایی و سیاسییە داسەپاوەکانی ڕۆژدا، پێویستە. کۆمۆناڵیزم ڕێگەیەک بوو لەم پێناوەدا؛ بۆ دەستڕاگەیشتن بە شوێنپێیەکی تۆکمە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت-نەتەوەدا. بوکچین ھەوڵی خۆی دا تاوەکوو ئانارشیستەکان بھێنێتە سەر ئەو باوەڕەی ئەمە ڕێگەیەکە بۆ ئامادەگیی و دەرکەوتنی بەگوڕی ئانارشیستەکان لە پانتایی سیاسەتدا. بەڵام وردەوردە لە ئانارشیستەکانیش نائومێد بوو و پاشەکشەی لێ کردن.[50]
ئۆجالان و بوکچین
هەم بوکچین و هەم ئۆجالانیش لە بەرھەمەکانیاندا بە شیتەڵکردنی گۆڕانکارییە دیرۆکییەکانی شارستانیەتەوە خەریک دەبن، ئەویش نەک لەپێناو پێشبینیکردنی داهاتوو، بەڵکوو بۆ دەستنیشانکردنی ئەگەرەکانی داهاتوو و ئەو ھەنگاوانەی پێویستە دواتر بنرێن، هەڵبەت بە پشتبەستن بە ڕێکارێکی دیالەکتیکیی. ھەردووکیان ڕیشەکانی شارستانیەتیان خستووەتە بەرباس؛ بۆ نموونە بوکچین لە ھەردوو پەرتووکی «ئیکۆلۆژیای ئازاد» و «شارنشینی بەبێ شار»دا و ئۆجالانیش لە ھەردوو پەرتووکی «لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانییەتی دیموکراتیک» و «نەخشەڕێگا»دا. هەرتک، لە کۆمەڵگەکانی چاخی بەردینەوە گێڕانەوە دیرۆکییەکەیان دەست پێ کردووە، پەرژاونەتە سەر دەرکەوتنی کشتوکاڵ و خاوەنداریی تایبەت و کۆمەڵگەی چینایەتی، هەروەتر لەسەر ئەم ڕیتمە، سەرهەڵدانی ئایین، دەوڵەت، حکوومەت، سوپا، ئیمپراتۆریەتەکان، ئەرستۆکراسییەت، فیوداڵیزمیان بەسەر کردووەتەوە. لە کۆتاییدا گەیشتوون بە مۆدێرنیزم و لەمەڕ ڕۆشنگەری و زانست و تێکنۆلۆژیا و پیشەسازیی و سەرمایەداریی قسەیان کردووە.
بوکچین، لەم گێڕانەوە دیرۆکییەدا و لەپێناو بەرگریکردن لە پرۆژەی ئیکۆلۆژیا کۆمەڵایەتییەکەی، پیشانی دەدات کە بە ڕیفۆرمی دەوڵەت ھیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت و پێویستە گۆڕانکارییەکان ڕادیکاڵانەتر و ڕیشەییتر بن. جا بۆ کۆمەڵگەکانی «پێشنووسین»[51] دەگەڕێتەوە و پیشانی دەدات وان کۆمۆنیاڵ و ھەرەوەزییانە[52] ژیاون. ڕستێک تایبەتمەندیی دەژمێرێت کە بەھۆیانەوە گیانی ھاوکاریی و ھەرەوەزیی لەنێوانیاندا بەدی ھاتووە: مافی بەکارھێنان و سوودوەرگرتن لە ئامراز و پێداویستییەکانی ژیان بەگوێرەی پێویستیی، ئەمە بێ ئەوەی مافی خاوەندارێتیی و کرێ زیانپێگەندنیان گۆڕی بێت[53]، ئیتیکی یەکترتەواوکەر[54] و مافی ھەمووان لە سوودوەرگرتن لە پێداویستییەکانی ژیان بە چاوپۆشیی لەوەی کێ کاری زیاتر یان کەمتری کردووە[55]. بوکچین وەها کۆمەڵگەیەک بە کۆمەڵگەی ئۆرگانیکی[56] ئەژمار دەکات.
بەڵام بەگوێرەی گێڕانەوەکەی بوکچین، لەم کۆمەڵگە ئۆرگانیکەوە وردەوردە سیستەمە ھیرارشی و ھەڕەمئاساکان هەڵقووڵاون: سیستەمە باوکسالاریی[57] و ھەژموونگەرانی سەر ڕاسەری ژن: سیستەمە پیرسالارەکان[58], هەڵتۆقینی چینی پیاوانی ئایینیی و جەنگاوەران، سەرھەڵدانی دەوڵەت و دەرکەوتنی کۆمەڵگەی چینایەتیی.[59] لەم ڕێگوزەرەدا بەکاوەخۆ ئایدیای سەپاندنی هەژموون بە سەر سرووشتدا ڕسکا و سرووشت پاوان کرا. ھەڵبەت لەبەرانبەر ئەم سیستەمانەدا ھەمیشە بە درێژایی مێژوو بەرھەڵستکاریی و بەرخۆدان ھەبووە و ھەیە، کە لە هەمان کۆمەڵگەی ئۆرگانیکی سەرەتاییەوە سرووشیان وەرگرتووە و بە بنەماکانی ئەوان پشتئەستوور بوون.
بوکچین لە «شارنشینی بەبێ شار»ـدا ئاماژەی بۆ نموونە و لێکچووەکانی ئەم کۆمەڵگە ئۆرگانیکانە کردووە: لە ئەسینای کۆن و هەوەڵین شارەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیاوە بیگرە تا کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ و «سۆڤێت[60]»ـەکانی ڕووسیا لە ساڵی ١٩٠٥ و ١٩١٧ و شۆڕشی ئیسپانیا لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٧، تەنانەت نموونەی زیندووی ئەمڕۆییشی ئاماژە پێ داوە، وەکوو کۆمەڵگەی شارەدێیەکانی نیوئینگلاند[61] لە ناوچەی نیوئینگلاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا[62]. وی بەپێچەوانەی مارکسییەکانەوە، پیشانی دەدات چۆنچۆنی شۆڕش لە شارەکانەوە دەست پێ دەکات نەک کارگەکان.
ئۆجالانیش لە دووتوێی ئەو بەرھەمانەی لە ئیمراڵی نووسینی، ڕێچکەیەکی هاوشێوەی ئەوەی بوکچینی گرتە بەر. دیرۆکی شارستانیەتی سۆمەریی خستە بەرباس و «زەقوورەکان[63]»ـی بە زێد و واری دەزگەی دەوڵەتیی زانی (اوجلان، ١٣٨١آ: ١٥). وی ئەو پیاوە ئایینییانەی سۆمەر وا ئەم زەقوورانەیان ئاوا کردبوو، بە ‹›هەوەڵین ئەندازیارانی دەسەڵاتی سیاسیی قاڵبوو›› ئەژمار کرد. ئەوان بەردی پەرستگەکانیان لە شارەکاندا لەسەر یەک هەڵچنی و ئینجا دواتر لە ھەناوی شارەکانەوە، دەوڵەتەکان و ئیمپراتۆرییەتەکان و شارستانیەتی چەکەرەیان کرد، لێ سرووشتی دیاردەکان هەروا زیندوو دەمێنێتەوە، بەدەربڕینی وی، زەقوورەکان:
«…تۆوی ھەزاران دەزگەی شارستانییەتییان چاند… یەکەمین دەزگە، ناوەندی پەرستن بوو کە خودا تێیدا یەکەمین بەندەی خۆی ئافراند. زەقوورە ھاوکات ناوەندی چالاکییە ھونەرییەکان و نمایشی میوزیک و زانکۆش بوو. هەوەڵین خانەی خودا و یەزدانەکان بوو. بۆ یەکەمینجار سۆزانیخانە گشتیی و تایبەتییەکانیش ھەر لێرەوە دازان… گشت قوتابخانە و پەرستگە و ھۆڵەکانی ڕۆژگارەیلی دواتر، شێوەی پەرەسەندووی ئەم زەقوورانەن…»[64]
بەڵام ئەم ڕەوتە بەبێ کۆسپ و ئاستەنگ نەبووە. گەرچی یەکەمین دەوڵەت لە سۆمەرەوە سەری ھەڵدا و بە وتەی ئۆجالان: «مێژوو لە سۆمەرەوە دەستی پێ کرد»، بەڵام یەکەمین بەرخۆدان و بەرهەڵستییش دژ بە دەوڵەت، ھەر لەم سۆمەرەوە دەستی پێ کرد. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، مانای «ئازادی»ـیش کە بۆ یەکەمینجار لە دیرۆکدا لەناو تاتەقوڕە بزمارییەکانی پاشماوەی سۆمەرییەکاندا بەرچاو کەوت، بۆ پەسن و پێداهەڵگوتن بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر و سەرکەوتوو لەبەرانبەر پادشا چەپۆکسالارەکان بەکار براوە و دەستەواژەکە ئاوهاییە: «amargi». سەیرە مانای حەرفیی ئەم دەستەواژەیەش لە زمانی سۆمەریدا بریتییە لە «گەڕانەوە بۆ باوەشی دایک». ئەم دایکە، چ لەسەر بنەمای دایکسالاریی و بنەچەک بردنەوە سەر دایک[65] ڕاڤە بکرێت، کە لەناو کۆمەڵگە ئۆرگانیکەکاندا باو بووە، چ بە خودی سرووشت ئەژمار بکرێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە دایکێکی بەخشەر بووە.[66]
ئۆجالان لە پەرتووکی «بەرگریکردن لە گەلێک»ـدا لەمەڕ کۆمەڵگەی سرووشتیی داخێوێت، ئەمە ھاوشێوەی کۆمەڵگەی ئۆرگانیکیی بوکچینە. سەبارەت بە شێوە و بیچمە سەرەتاییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە دەنووسێت:
«مەبەست لە کۆمەڵگەی سرووشتی، سیستەمێکە، ڕەگەزی مرۆڤ لەگەڵ دابڕان لە مرۆڤی سەرەتایی، خۆی تێدا بینییەوە، کۆمەڵە و خڕبوونەوە مرۆییەکان تا پێواژۆی کۆمەڵی پلەبەندیی پێکڕا و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و بە شێوازی کۆمەڵایەتیی تێیدا ژیاون، لە سۆنگەی کەرەستە بەردینەکانیانەوە، بەم گرۆی ئادەمیزادەیلە کە بە گشتیی بە کڵان[67] ناو هێنراون و ژمارەیان لە نێوان بیست بۆ سی کەسێک بووە، گوتراوە مرۆڤی چاخی بەردینی کۆن و چاخی بەردینی نوێ. ئەوان لە ڕێگەی ڕاووشکار و کۆکردنەوەی ڕووەکچنیی و گیا و و ئەوەی لە سرووشتدا ھەبووە، ژیاون و خۆراکیان بەدەست خستووە»[68].
لەم کڵانانەدا ژیان کۆمۆناڵ و هەرەوەزیی بووە:
«مرۆڤی کۆمەڵگەی سرووشتیی لانی کەم بەبێ ھیچ مەرجێک و بنجبڕانە و بە ڕەھایی پابەندی یاسای ژیانی بەکۆمەڵی ئەندامەکانی کڵان بووە کە خۆیشی بەشێک بووە لێی. ئەندامی کڵان ببڕایببڕ ناتوانێت لەمەڕ هەبوونی ژیانێکی تایبەت و جیا لە ژیانی ئەوانی تر، بهزرێت. ژیان لە دەرەوەی کڵان، وێنا ناکرێ. کۆمەڵگەیەکی داماڵراو لە مافی تایبەتیی، چین، پلەبەندیی و پاوانکاریی، کە میلیۆنان ساڵ بەردەوامیی هەبووە. لە ھەناوی کڵاندا پەیوەندیی تایبەتیی چێ نەکراوە. ئەوەی لە ڕاووشکار و بەروبوومی درەختان گلێر کراوەتەوە، ھی ھەمووانە. منداڵان موڵکی خودی کڵانەکانن. ژن و پیاو ھێشتا موڵکی تایبەتیی یەکتر نین. پێدانی ناوی کۆمۆنەی سەرەتایی بەم جۆرە کۆمەڵگەیانە، لەم تایبەتمەندییانەوە هەڵگۆزراوە.»[69]
ئۆجالان بەم جۆرە ئەنجامگیریی دەکات: «کۆمەڵگەی مرۆیی، پشتئەستوور نییە بە پەیوەندییەکانی حکوومڕانییەکی ماوەدرێژ، بەڵکوو پشتئەستوورە بەو پەیوەندییانەی وا لە سەر بنەمای هەروەزیی و پێکەوەبوونی درێژخایەن چێ کراون. مرۆڤی ناو ئەم پەیوەندییانە، سرووشت لە وێنەی ئەو دایکە وێنا دەکات وا لە دامێنیدا گەورە بووە و وابەستەیی نێوان سرووشت و مرۆڤ بنەمای ژیانە»[70]. بەم پێیە، لە کۆمەڵگە سرووشتییەکاندا، خەڵکی وەکوو بەشێک لە سرووشت دەژین و کۆمۆنە مرۆییەکان بەشێک بوون لە ئیکۆلۆژیای سرووشتیی.
لەو وایە ویستی ژیان لە کۆمەڵگەی سرووشتیدا، کە ئازادیی و یەکسانیی بۆ ئادەمیزاد فەراهەم دەکات، ئەو ڕەوشەی مرۆڤایەتیی ماوەیەکی درێژخایەن پێی ڕاهاتووە و لەناویدا ژیاوە، هەرگیز دانەمرکاوە و دانامرکێت و سەرھەڵدانی دەوڵەتەکان و سیستەمە ھیرارشیی و ھەڕەمئاساکانیش بە تەنێ ئەم ویستەیان چەپاندووە و ڕێگریی لە چەکەرە و دەرکەوتنی دەکەن[71]. ویستی ئاواکردنی کۆمەڵگەی سرووشتیی لەنێوان ئەو گرووپە نەتەوەیی و بزاڤە چینایەتی و دەستە ئایینی و فەلسەفییانەی وا یەکپشوو لە درێژەی مێژوودا بۆ ئازادیی تێکۆشاون، بەردەوام بووە، ویستێکی وا هەمیشە دژبەری کۆمەڵگەی پلەبەندیی بووە:
«کۆمەڵگەی سرووشتی هەرگیز لەناو نەچووە… ھەمیشە توانای خۆبەرھەمھێنانەوەی ھەبووە. جا چ وەکوو ئیتنیکخوازی و سۆزی ئیتنیکیی[72] چ وەکوو زەمینەیەک بۆ پەڕینەوە لە چینی کرێکار و دەرکەوتنی کۆمەڵگەیەکی نوێ، چ وەکوو کۆمەڵگەی کۆچەریی ناو لێڕەوار و بیابان، چ وەکوو لادێنشینیی ئازاد و خێزانی پشتبەستوو بە دایک بووبێت، سەرباری ئەو ھەموو وێرانکارییانەی ڕوویان داوە، کەچی وەکوو ئەخلاقی زیندووی کۆمەڵگە، ھەرگیز گۆڕپانی چۆڵ نەکردووە»[73].
بەم پێیە، «بەپێچەوانەی باوەڕی باو، تەنها بزوێنەری پێشکەوتنی کۆمەڵگە، خەباتی سنوورداری چیانەیەتی نەبووە، بەڵکوو گیانی بەرهەڵستیی مەزنی بەهاکانی کۆمەڵگەی سۆشیالیزم بووە. ھەڵبەت مەبەست نکۆڵیی و نادیدەگرتنی خەباتی چینایەتیی نییە، قسەکە ئەوەیە ئەم خەباتە بە یەكێک لە هێزە بزوێنەرەکانی مێژوو دابنێن نەک تاکە بزوێنەر. هەمیشە ڕۆڵی هەوەڵ و سەرەکی ئەو کۆمەڵەیە دەگێڕن وا بەردەوام لە دۆخی کۆچدان بەرەو چیا و لێڕەوار و بیابان» (اوجلان، ١٣٨٣: ٨٠). بەم جۆرە ئۆجالان بانگھێشتمان دەکات بۆ دامەزراندنی «کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی ئیکۆلۆژیک» و مەبەستی لەمە بریتییە لە سیستەمێکی ئەخلاقیی پەیوەندیی دیالەکتیكیی تۆکمەی ئاوێتەی سرووشت، لە سیستەمێکی بەم ڕەنگەدا، چاکەی گشتیی و خۆشگوزرانیی گشتیی[74] لە ڕێگەی دیموکراسیی ڕاستەوخۆوە دەستەبەر دەکرێن.[75]
نە بوکچین و نە ئۆجالان باوەڕیان بەو پەندە ستالینییە نەبوو گوایە ھێزی بانمرۆیی[76] تاکەکان جڵەو دەکات. بەم پێیە، ناکرێت سەرھەڵدانی ھیرارشییەت و دەرکەوتنی سیستەمی سەرمایەداریی وەکوو چارەنووسێکی داسەپاوی ناچارەکیی وێنا بکرێن. لە دیدی ھەردووکیانەوە، ڕەوتی مێژوو ھەمیشە دەیتوانی و دەلوا بە ڕێگەیەکی تردا بڕوات و مادامەکێ ئێمەومانان سەروەختێک کۆمۆناڵ و هەروەزییانە ژیاوین، کەواتە دەتوانین سەرلەنوێ هەمان تەرزی ژیان ببووژێنینەوە. ڕەنگە ئەمە ھەمان نۆڕینی ڕزگاریبەخشی سەرەکیی ناو گۆشەنیگای ھەریەک لە ئۆجالان و بوکچین بێت. هەر ئەو هیوایەی وا بۆ زیندووکردنەوەی ئەم تەرزە ژیانە لە پەرتووکی «ئیکۆلۆژیای ئازاد»ـی بوکچیندا پەنهانە، لە پەڕتووکی «بەرگریکردن لە گەلێک»ـی ئۆجالانیشدا داشاراوە؛ ئەو هەستە ئاشنا و خۆشەی سەروەختانێک خەڵکی لەناو جۆرە پێکەوەییەکی کۆمۆناڵیانەدا ژیاون و ئەوەی ئەگەر ئێمە بڕیار بدەین ڕۆتینە کۆمەڵایەتییەکانمان بگۆڕین، ئەوا ڕایەمان دەکەوێت لەنوێ ئەزموونی ئەو ژیانە بکەینەوە.
لێ ئەم بیرۆکانە چۆن دەبنە وەڵامگۆی پرسی کورد؟ ئۆجالان پێی وایە گەلی کورد هەمیشە پابەندی بنەڕەتی هەرەوەزیی ئۆرگانیک بووە؛ خۆی واتەنی، کۆمەڵی کوردەواریی لە مێژوودا پشتی بە کڵان و کۆنفدراسیۆنە خێڵەکییەکان بەستووە و تەرێزی لە کۆمەڵگە دەوڵەتییە ناوەندگەراکان گرتووە، جا لەم سۆنگەوە کورد زەمینەیەکی پتەوی ئازادییان هەیە، مسۆگەر ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئازادیی گەلی کورد بە واتای ئازادیی هەمووانە، ‹›هەموو چارەسەرێک تێهەڵکێشێکە لەو هەڵبژاردانەى کە نەک تەنیا بۆ گەلی کورد گرنگە، بەڵکوو وەڵامگۆی هەمووانە، ئەمە واتا من بەپێی چێوەیەکی مرۆڤدۆستانە لەم پرسە دەنۆڕم، یەک مرۆڤایەتیی، یەک سرووشت، یەک جیهان.›› (بەرگرییکردن لە گەلێک، وەرگیراو لە (Biehl, 2014 ئەو پێی وایە کاتێک کوردەکان نەختەنەختە پێیان بۆ دەزگەى دیموکراتیک هەڵهێنا، ئەوا دەرەنجام سەرپاکی تورکیا دیموکراتیزە دەبێت، ئەم دەزگانە دەبنە تۆڕێک و بە نێو تانوپۆی سنوورە نەتەوەییەکاندا هەڵدەخرێن و زەمینە بۆ دەرکەوتنی شارستانییەتی دیموکراتیک لە تێکڕای ناوچەکەدا دەکەن، جا نەک تەنیان ئازادیی بۆ کوردان دێنێت، بەڵکوو جیۆپۆلەتیک و فەرهەنگییش نوێ دەکاتەوە، سەربار، یەکێتییەکی کۆنفیدرالیزمی دیموکرات لە سەرتاپێی ڕۆژهەڵاتی ناویین دێنێتە بوون، ئەو ئەم گوزارشتە کوردییە بۆ ناونانی شار ‹کۆنفیدراڵێمی دیموکراتیک› ناودێر دەکات.
‹مانیفیستۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی کوردستان›، کە ئۆجالان لە مارسی ٢٠٠٥ـدا وەشاندی، بانگهێشت و بانگەوازە بۆ هێنانەئارای (پێکھاتەیەکی کۆمۆناڵ دیموکراتیک)ـی پشتئەستوور بە کۆمەڵگەی سرووشتیی، کە تێیدا ‹›بڕیار و فەرمانە کارگێڕییە سەرەکییەکان لە دەستی ئەنجوومەنی گوند و گەڕەک و شار و ئەندامەکانی ئەو ئەنجوومەنانەدایە. تەنیا بڕیاری گەل و ئەندامانێتیی دەخوات.›› لەم سیستەمەدا:
ئەم سیستەمە، سیستەمی دیموکراتیکی نادەوڵەتیی گەلە. سیستەمێکە گشت توێژەکانی گەل، لە سەرووی ھەموویانەوە ژن و گەنجان، سیاسەتی ڕێکخراوەیی دیموکراتیکییانەی خۆیان دەستنیشان دەکەن و لە سەر بنەمای ھاووڵاتیی کۆنفیدراسیۆن بە شێوازی ڕاستەوخۆ و یەکسان، ئەنجوومەنی هاووڵاتییانی ئازادی خۆیان لە ناوچەکەدا بەرپا دەکەن… ئەم سیستەمە ھێزی خۆی لە گەلەوە بەدەست هێناوە و لە بواری ئابوورییشدا ھەوڵ دەدات بگات بە ئاستێک پشت بە بەروبوومی ناوخۆیی ببەستێت[77].
کاتێک بوکچین لە مانگی جۆلای ٢٠٠٦ـدا کۆچی دوایی کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە پەیامی پرسە و سەرەخۆشیدا، ڕایگەیاند: « تێزەکەی بوکچین لە بارەی دەوڵەت، دەسەڵات و ھیرارشیەت، لە ڕێگەی بەرخۆدانی ئێمەوە جێبەجێ دەبێت و دێتە دی… ئێمە ئەم ھیوایە بۆ کارکردن لەم ڕێگەیەدا دەپارێزین تاوەکوو ببینە یەکەمین کۆمەڵگە کە کۆنفیدرالیزمێکی دیموکراتیکی بەرجەستە، بەدی دێنێت». ئێستا لانی کەم سێ ساڵێک دەبێت کە خونچەی ئەم سیستەمە لە کوردستانی تورکیا و بەدوایدا لە ڕۆژاڤا، بە پشتبەستن بە ھەرسێ بنەمای ئیکۆلۆژیی و دیموکراسیی و یەکسانیی جێندەریی پشکوتووە و کۆبانی یەکێکە لەو گوڵانە.
سەرچاوەکان:
١. اوجالان، عبدالله (۱۳۸۱آ). از دولت کاهنی سومر بەسوی تمدن دموکراتیک. ترجمۀ مرکز انتشارات ارد. اتحادیۀ روشنگری دموکراتیک (ارد)
- اوجالان، عبدالله (۱۳۸۱ب). آفتاب آزادی (یادداشتهای رهبر آپو). ترجمۀ مرکز انتشارات ارد. اتحادیۀ روشنگری دموکراتیک (ارد)
٣. اوجالان، عبدالله (۱۳۸۳). دفاع از یک خلق. بینا
٤. اوجالان، عبدالله (۱۳۸۹آ). راه انقلاب کردستان. ترجمۀ گروه مترجمان. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
٥. اوجالان، عبدالله (۱۳۸۹ب). آزمونی در باب جامعهشناسی آزادی (مانیفست تمدن دموکراتیک، کتاب سوم). ترجمۀ آ. کاردوخ. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
٦. اوجالان، عبدالله (۱۳۹۱). نقشۀ راه. ترجمۀ باران ر. بریتان. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
٧. اوجالان، عبدالله (۱۳۹۲). مسئلۀ کُرد و رهیافت ملت دموکراتیک: دفاع از کُردها، خلقی در چنگال نسلکشی فرهنگی (مانیفست تمدن دموکراتیک، کتاب پنجم). ترجمۀ آ. کاردوخ. مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان
٨. گرابر، دیوید (۲۰۱۴). «چرا جهان کُردهای انقلابی سوریه را نادیده میگیرد؟». ترجمۀ رحمان بوذری
- http://www.thesis11.com/Note.aspx?Id=240
- Best, S. (1998).” Murray Bookchin’s theory of social ecology: An appraisal of the ecology of freedom.” Organization & Environment, 11(3)
- Biehl, Janet (2014). “Bookchin, Öcalan, and the Dialectics of Democracy Reply”.http://attackthesystem.com/2014/10/18/bookchin-ocalan-and-the-dialectics-of-democracy/
- Biehl, Janet (2007). “Bookchin Breaks with Anarchism”. COMMUNALISM, 12, Oct. 2012
- Bookchin, M (1991). The Ecology of Freedom: The Emergence and Dissolution of Hierarchy. Montreal: Black Rose
- Bookchin, M (1995). “Libertarian Municipalism: The New Municipal Agenda”.http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_Archives/bookchin/libmuni.htm
[1]– لە پێگەی ‹مەیدان› بڵاو بووەتەوە:
http://meidaan.com/archive/3976 و http://meidaan.com/archive/3950
[2]– کۆما جڤاکێن کوردستان
[3]– http://ramyari.blogfa.com/post-20.aspx
[4]– http://nnsroj.net/fa/detiles.aspx?id=6279&ID_map=22
[5]– بۆ باسی ئەم شارە بڕوانە: http://pyragy.blogfa.com/post-419.aspx و
http://aliakbarzadeh49.blogfa.com/post-172.aspx
[6]– http://nnsroj.net/fa/detiles.aspx?id=6279&ID_map=22
[7]– هونەرمەندێکی بەناوبانگی کوردە.
[8]– داستانێکی بەناوبانگی کوردییە و بە زاری کرمانجییە، دەروێشی عەبدیی ئاشقی عەدوولە بووە، بۆ ئەوەی بە ئەڤینەکەى بگات، مەرجێکی بۆ دادەنێن، لەگەڵ دوانزە کەسی یارانی لەگەڵ دژی دوژمنانی نیشتمانەکەى، کە هێرشکەرانی عەرەبن، ڕادەپەڕێ، جا سوپای دوژمن بە تەڵەکەبازیی ڕاپێچی خاکێکی نەرمەڵانی دەکەن، سمی ئەسپەکەی لە خاک ڕۆ دەچێ، دەروێش لە ئەسپ دەگلێ و بریندار دەبێت و دەمرێت. (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۳)
[9]– دەڵێن گوایە گرامشییش لەم ڕاستییە نزیک بووەتەوە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۳۴)
[10]– بێگومان ئۆجالان لە هەمان پەڕتووکدا ڕیزێک خاڵی دژ بەو مژارەی لای سەرێ دەبێژێت. بۆ نموونە: «من پێم وایە ڕاست نییە گەر دەوڵەت ڕاماڵێن و شتێکی تر ببێتە جێگرەوەی.» ئەوە «خەیاڵپڵاوییە کە دیموکراسیی بە ڕاماڵینی دەوڵەت دێتە گۆڕێ». لەبری ئەمە دەکرێت دەوڵەت بچووکتر بکرێتەوە و کەوشەنەکانی پتر سنوورمەند بکرێن، ئۆجالان پێی وایە هەندێک جووڵەی دەوڵەت هەن پێویستن: بۆ نموونە: ئاسایشی گشتیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و بەرگریی نەتەوەیی. کۆما جڤاکێن کوردستان دەپەرژێتە سەر ئەو مژارانەی وا «دەوڵەت ڕایەی ناکەوێت تەنیاباڵ ڕاستەوپاستەیان بکات»، دەوڵەتێکی سنوورمەند دەتوانێت دەستوپەنجە لەگەڵ دیموکراسیی نەرم بکات، دەوڵەتێکی سنووردار لەگەڵ دیموکراسیی دەگونجێت و هاوتەریبێتی. (دفاع از یک خلق وەرگیراوە لە Biehl, 2014 و هەروەها بڕوانە اوجالان، ۱۳۸۳: ۲۹۴). هەر لەبەر ئەمەیە لە هەندێک بارودۆخدا بە پێکەوەژیانی گەلی کورد «تەنانەت لە چوارچێوەی یەکپارچەیی دەوڵەت-نەتەوە» و «بەبێ گۆڕینی دەوڵەت نەتەوە فەرمانڕەواکانیش بۆ شێوازی وەک فیدراڵیزم» (اوجالان، ۱۳۹۱: ۱۳۳) و ژیان لە ژێر ئەو سەیوانە سیاسییەی لە دەوڵەت نەتەوەی تورکیاشدا هەیە؛ ڕازییە (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۱۴). لەم ڕێگایەدا «سیاسەتی دیموکراتیی و ئاشتییەکی شکۆمەندانە» بە گونجاوترین سیاسەت دەزانێت نەک «جەنگ» (اوجالان، ۱۳۹۱: ۱۳۱) کە لە سۆنگەی سیاسەتە نەرێنیی و پاکتاوکەرەکانی دەوڵەتی تورکیاوە دژی کوردان، بە تایبەت پاش کودەتای سەربازیی ١٢ـی ئەیلوولی ١٩٨٢، بەربینگی کوردانی گرتبوو. (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۰۱). مسۆگەر هاوکات هۆشداریی ئەوەش دەدات گەر ڕێ بەو ئاشتەواییە دیموکراتییە نەدرێت، ئەوا تاکە ڕێ جەنگێکە مەزنتر لە جەنگی پێشوو «جەنگێکی سەرتاسەریی و یەکلاکەرەوە» (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۰۰ و ۲۰۱). هێرشەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورکیا نیشاندەری ئەوەیە گوایە کوردان پتر ڕێکاری دووەم دەگرنە بەر. سەربار؛ ئەو دەبێژێت: «گەر پڕۆسەکەی بەردەممان، چ بە دەساوێژی جەنگێکی ناکۆتا بێت یان ئاشتیی، سەر بکەوێت، ئەوا بەرەنجامەکەی ڕسکانی نەتەوەی دیموکراتە. بەم ڕەنگە لەو فەرهەنگ و شارستانییەتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا گەمەی هەزاران ساڵ شارستانییەتی چینایەتیی و شارنشینیی و دەوڵەت کردوویەتی بە حەمامی خوێن و هۆز و ئایین و ئایینزا و گەلانی بەرداوەتە وێزەی یەکتری، سەردەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی بەپێی پێکەوەژیانی گەلانی دیموکرات چاو بەم ژینە هەڵ دێنێت.». (اوجالان، ۱۳۹۲: ۲۰۱)
[11]– http://www.akhbar-rooz.com/article.jsp?essayId=11001
[12]– coordinate
[13]– http://www.akhbar-rooz.com/article.jsp?essayId=11001
[14]– http://andaryari.blogspot.ca/2014/05/blog-post_6.html
[15]– لەم بەشەدا سوودی زۆرم لەم سەرچاوە وەرگرتووە:
http://www.akhbar-rooz.com/article.jsp?essayId=11001
[16]– Murray Bookchin(1921_2006).
[17]– Immanuel Maurice Wallerstein (1930_2019).
[18]– Fernand Braudel(1902_1985).
[19]– Andre Gunder Frank(1929_2005).
[20]– Vere Gordon Childe(1892_1957).
[21]– Anthony Giddens(1938_).
[22]– Samuel Huntington(1927_2008).
[23]– Zbigniew Brzezinski(1928_2017).
[24]– Social ecology.
[25]– Ecoanarchism.
[26]– Trotskyism.
[27]– Ecological Democratic.
[28]– Koma Civakên Kurdistanê (کۆما جڤاکێن کوردستان).
[29]– The Ecology of Freedom.
[30]– Urbanization Without Cities.
[31]– Bookchin, Öcalan, and the Dialectics of Democracy BY KEITH PRESTON ON OCTOBER 18, 2014
[32]– Ecotopia.
[33]– Bookchin, 1980: 70-71.
[34]– Bookchin, 1962 Best, 1998.
[35]– Hierarchy.
[36]– liberal environmentalism.
[37]– deep ecology.
[38]– green capitalism.
[39]– Bookchin, 1987.
[40]– Bookchin, 1990: 32.
[41]– Normative.
[42]– ethics of complementarity.
[43]– Communalism.
[44]– democratic assemblies.
[45]– Counterpower.
[46]– dual power.
[47]– liberation municipalism.
[48]– MAO ZEDONG.
[49]– Hồ Chí Minh.
[50]– Biehle, 2007
[51]– pre literate.
[52]– Cooperative.
[53]– customs of usufruct.
[54]– the ethnic of complementarity.
[55]– Bookchin, 1991: Chap 2.
[56]– organic society.
[57]– Patriarchy.
[58]– Gerontocracy.
[59]– Bookchin, 1991: Chap 3.
[60]– سۆڤێت یان (soviet)، ڕستێک ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی شۆڕشگێڕانە بوون، لە کرێکاران و جووتیارانی ناڕازی و یەکسانخواز پێک هاتبوون. سەرەتای دەرکەوتنی ئەم سۆڤێتانە دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان و شۆڕشە خوێناوییەکانی ڕووسیا لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٠٥_١٩١٧دا. هەرچەندە سەرەتا ئەم جۆرە ئەنجوومەنانە تەنها سەرپەرشتیی مانگرتنی شارە مەزن و پیشەسازییەکانیان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی پارتیی سۆشیال دیموکراتی کرێکاریی ڕووسیا هاتە ڕیزیانەوە، شێوەی دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕییان بەخۆیانەوە گرت و خێرا لە زۆربەی شارەکاندا خۆبەڕێوەبەرییان ڕاگەیاند (و).
[61]– new England towns.
[62]– نیوئینگلاند دەکەوێتە بەشی باکووری خۆرهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و لە شەش ویلایەت پێک هاتووە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی پاشماوەی کۆچبەرە پرۆتستانەکانی بەریتانیان. وەکوو نەریتێکی تایبەت بەم ناوچەیە، کە لە سەدەی حەڤدەهەمەوە ماوەتەوە، کەنیسا و پیاوان و ژنانی شار و شارەدێیەکان بۆ قسەوباس لەمەڕ مژارە سیاسییەکان، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی تایبەت بە شار و شارەدێیەکانی خۆیان پێک دەهێنن و تێیدا کۆبوونەوە و هەڤبەیڤین ساز دەکەن.
[63]– زەقوورە؛ یان زیگۆرات پەرستگا شێوە پلیکانەییەکانی سەردەمی سۆمەرییەکانە و خودی وشەکە بە سۆمەریی بە واتای ڕۆیشتن بەرەو ئاسمان دێت.
[64]– اوجالان، ۱۳۸۱آ: ۴۹.
[65]– Matrilineality.
[66]– Bookchin, 1991: 168.
[67]– Clan.
[68]– اوجالان، ۱۳۸۳: ۱۵.
[69]– اوجالان، ۱۳۸۳: ۱۸-۱۹.
[70]– همان.
[71]– همان
[72]– Ethnicity.
[73]– اوجالان، ۱۳۸۳:۸۰.
[74]– Welfare.
[75]– اوجالان، ۱۳۸۳: 161-761
[76]– Transhuman.
[77]– http://www.pkkonline.com/farsi/index.php?sys=article&artID=20