پرسی ژن

پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ بزووتنەوەی ژنانی کورد

خوێندنەوەیەکی فیکری و سۆسیۆلۆژی بۆ ڕۆڵی ژن وەک بکەری سەرەکیی دامەزرێنەری کۆمەڵگە و تێپەڕاندنی سیستەمی پیاوسالاری.

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداخی

پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ بزووتنەوەی ژنانی کورد

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە نامەیەکدا بۆ بزووتنەوەی ژنانی کورد ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ڕووی مێژووییەوە “ژن” بکەری سەرەکیی دامەزرێنەری کۆمەڵگەیە و دەڵێت: ” پڕۆژەی ژنم نزیکە لە تەواوبوون، بەڵام ئێستا ئەرکێکی گەورەی پراکتیکی و ژیانیی لەبەردەمم وەستاوە.”

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان، بەبۆنەی ٨ـی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕەنجدەر، ئەم پەیامەی لە ماڵپەڕی خۆیدا وەک “دیاریی” بڵاو کردەوە.

دەقی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان:

” هەموو کەسێک دیدێکی سوبجێکتیڤ، خولیا یان نەفرەتێکی بۆ ژن هەیە، یاخود کوێراییەک. ئەگەر لەم جیهانەدا باس لە خوداوەندییەک بکەین، پێم وایە درووستتر و تەنانەت پێویستیشە سەرچاوەکەی ژن بێت. ئەو خاڵەی من سەرسام دەکات، ئەوەیە کە پیاو هەموو قۆر‌غکاریی زانین و دەسەڵاتی خۆی لە کۆیلەکردنی ژندا بە بێپەروایی بەکار هێناوە. بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی ئەخلاقیی-سیاسیی، بەو شێوەیە ژنی لە ڕووی ڕۆح و جەستەوە بەکار هێناوە، ئەمە وەک بنەڕەتییترین پرسی فەلسەفیی ناچارم دەکات واتای پێ بدەم. زۆر زیاتر لەوەی بیر لێ دەکرێتەوە، پێویستمان بە تێڕامان هەیە لە فەلسەفە، زانست-فەلسەفە و تەنانەت لێکۆڵینەوەکانی ئایین و میتۆلۆژیی بۆ ڕووناککردنەوەی ئەم بابەتە. ئەمەش پێویستیی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەخلاق و جوانناسیی ڕاستەقینەی مرۆڤ، بنیادنانی کایەی سیاسیی و دامەزراوەییبوونی کۆمەڵگەی دیموکراتییە و ببێتە بابەتی سەرەکیی سۆسیۆلۆژیا و ژنۆلۆژیی.

“تەنانەت مرۆڤبوونی ڕاستەقینە و دابڕان لە جیهانی ئاژەڵان، تەنها لە ڕێگەی پێوەرە یەکسان، ئازاد، ئەخلاقیی و جوانناسییەکانەوە لەگەڵ ژن شیاو دەبێت.”

لە کاتێکدا کارڵ مارکس لە هەڵسەنگاندنێکیدا دەڵێت ‘هەموو شتێکی مرۆیی جێی بایەخی منە’، من دەمەوێت بەم شێوەیە وەڵام بدەمەوە: ‘مرۆڤی ژن زیاتر جێی بایەخی منە’. ئەوەی ڕیاڵ سۆسیالیزم کە خۆی بە زانستییترین دەزانی، بەم شێوەیە لە بەرانبەر ژندا کوێر بوو، نەک هەر یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ڕووخانی، بەڵکوو بەڵگەی ئەوەشە کە پیاوی کۆیلەخواز تا چەند ڕیشەی داکوتاوە. لە کاتی تێپەڕاندنی ڕیاڵ سۆسیالیزمدا، ئەو جێگرەوەیەی پەرەم پێ دا ‘پێویستیی سۆسیالیستبوون لە پەیوەندییەکی ئازادیی ڕاستەقینە لەگەڵ ژن سەرچاوە بگرێت’ بۆ من وەک پێوەرێکی بنەڕەتیی قەبووڵ کرا. تەنانەت مرۆڤبوونی ڕاستەقینە و دابڕان لە جیهانی ئاژەڵان، تەنها لە ڕێگەی پێوەرە یەکسان، ئازاد، ئەخلاقیی و جوانناسییەکانەوە لەگەڵ ژن شیاو دەبێت.

 

سیستەمی کوژەری کۆمەڵایەتیی کاستیک

ئەوەی ویستم لە مانیفێستۆی کۆتاییدا دەری ببڕم ئەوە بوو؛ کە لە سەرەتای سیستەمی کوژەریی کۆمەڵایەتیی کاستیکدا ڕۆحی ژن لەناو برا، مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییش جەستەی ئەوی لە تەرم خراپتر کرد. ئێوە باش دەزانن؛ ژنان زیاتر دەڵێن؛ ‘ئێوە منتان لە گیان و لە جەستە کرد’. ئەمە دەربڕینێکی ڕیشەدارە و بە درێژایی مێژوو گوتراوە.

تێبینییەکی تری گرنگ لە مانیفێستۆدا، پەیوەست بوو بە پێناسەکردنەوەی سۆسیۆلۆژیا. بە بڕوای من، سۆسیۆلۆژیا ناتوانرێت وەک زانستی کۆمەڵگە بنیاد بنرێت. چونکە تایبەتمەندیی ‘سرووشتی دووەم’ـی کۆمەڵگە، بەهۆی پەیوەندییە ناکۆتاییەکانەوە نابێتە ئۆبژەی واتاکەی، بۆیە زانستەکەشی نابێت. ڕاستتر بڵێم، هەرچەندە ژێرخانی ئابووریی (مارکس و ئەنگڵس)، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی (ڤێبەر) و پێکهاتەی ناسنامەیی (دورکهایم) وەک ئۆبژە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بەڵام ناتوانن لە ڕووی زانستییەوە لێکۆڵینەوە لە ‘جیهانی واتا’ گەورەکەی سرووشتی کۆمەڵایەتیی بکەن. ئەگەر لێکۆڵینەوەش بکەن، دەبێت تەنها ناوی لێ بنرێت ئەخلاق-جوانناسیی، واتە هونەری کۆمەڵگەی سیاسیی. بێگومان ئەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەژێر ناوی پیشەسازیی کەلتوورییدا درووستی کردووە و وەک ‘قەسابخانەی کەلتوور’ وایە، بە هونەر ناوی نابەم.

 

کۆمەڵگەی دایکانە

لەبری تێزی مارکسیزم کە دەڵێت؛ ‘مێژوو ململانێی چینایەتییە’، گەیشتمە پێناسەیەک کە دەڵێت ‘هەموو مێژوو، تەنانەت پێش نووسینیش، ململانێی نێوان کۆمۆن و دەوڵەتە و لە دابەشبوونی کڵانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت’. ڕووداوی کۆمۆنبوون پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی درێژ هەیە، لە بنەڕەتدا بە هۆکاری جوگرافیی و گونجاوی ژینگە و گیانەوەران، لەسەر تەوەرەی زاگرۆس-تۆرۆس نزیکەی ٣٠-٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر وەک کۆمەڵگەیەکی دایکانە گەشەی سەندووە، ئەمە لە ڕووی شوێنەوارناسیییەوە سەلمێنراوە. تەنانەت دۆزینەوەی پەیکەرە بچووکەکانی ژن لەو مێژووەدا، کە هیچ پەیکەرێکی پیاوی تێدا نییە، گوزارشت لەم ڕاستییە دەکات. کۆمەڵگەی دایکانە تا سەردەمی نیۆلیتیک پاشەکەوتێکی گەورە دەکات، بەتایبەت لە زمان، ڕووەک و کەلتووری ئاژەڵدارییدا. تا لێواری کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، بێگومان کەلتووری باڵا ژن-ناوەند بووە. بەڵگەشمان توخمی مێینەیە لە ڕیشەی زۆربەی زمانەکاندا، هەروەها کەلتووری ‘ ما- ‘ Ma  لە قۆناغی کۆتاییدا. ‘یانەی پیاوان’ کە ئەزموون و هێزی زۆریان لە کوشتنی ئاژەڵە کێوییەکاندا پەیدا کردبوو، کاتێک ئەم دەوڵەمەندییەیان لە تەنیشت خۆیانەوە بینی، بە ئاسانیی لە کوشتنی ئاژەڵەوە ڕوویان کردە کۆمەڵگەی ژن. پێشتر، ئەو پیاوانەی (برا، خاڵ، گەنج) کە لەژێر پاراستنی ژندا بوون، کوشتیانن و دەستیان بەسەر دەستکەوتەکانیاندا گرت، دواتر ژنیان کۆیلە کرد. ڕاستییەکەی ڕۆحی ژن لەناو برا، خودای پیاو بەم شێوەیە دەرکەوت. لە ئایینی خوداوەندیی سرووشتییەوە گواستنەوە بۆ ئایینی ئاسمانیی پیاوانە ڕووی دا. ئەوەی تریش لە ئەفسانەی سۆمەریی و ئایینە تاکخوداییەکانی دواتر بە ئاسانیی دەردەکەوێت. ململانێی ئەنکی و ئینانا و گێڕانەوە ئەفسانەییەکانی نێو داستانی گڵگامێش ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستییەیە؛ لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەدەبییات، سیاسەت و سۆسیۆلۆژیا لە بنەڕەتدا گوزارشت لەم پیاوە دەسەڵاتخواز و باڵادەستە دەکەن.

پڕۆژەی ژنم نزیکە لە تەواوبوون

ئەو خاڵەی من سەرسام دەکات ئەوەیە؛ کە بە درێژایی مێژووی شارستانییەت، بۆچی بەرانبەر ئەم ڕاستییەی دەبێت زۆر بە ئاسانیی ببینرێت و تێبگەین، لە نێو هۆشیاریی و هەستێکی ئاوا کوێرانەدا ماینەوە و سوور بووین لەسەری؟ لە سەرووی هەموویانەوە ژنۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژیا، تەنانەت سۆسیالیزمی نوێ (سۆسیالیزمی دوای ڕیاڵ سۆسیالیزم)، لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵگە و هونەر، بەرپرسیارن لە دەرخستنی ئەم ڕاستییە، تیۆریزەکردنی و گواستنەوەی بۆ نێو بنیادنانی کۆمەڵایەتیی.

هەڤاڵانی خۆشەویست، ڕاستییەکەی کاتێک گوتم پڕۆژەی ژنم نزیکە لە تەواوبوون، مەبەستم ئەم ڕوونکردنەوەیە بوو. بەڵام ئێستا ئەرکێکی گەورەی پراکتیکیی و ژیانییم لە بەردەم ڕاوەستاوە. گرنگیپێدان و پرسیارە زۆرەکانی هەڤاڵان و دۆستانی ژن، ئاشکرایە کە من بەرەو پەیجووری نوێ دەبەن. ڕوونیشە شوێن و مەرجەکانم لە ڕووی پەیوەندییەوە بۆ وەڵامدانەوە بەس نین.

 

لە ڕووی مێژووییەوە، ژن بکەری بنیادنەری کۆمەڵگەیە

ئەو قۆناغەی تێیداین، قۆناغێکە کە ژنان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەرتری لێ بگێڕن. بنیادنان بە پێشەنگایەتیی ژن دەهۆنرێتەوە. لە ڕووی مێژووییەوە ژن بکەری بنیادنەری کۆمەڵگەیە. کۆمەڵایەتیبوون لە دەوری ژن و بە دەستی ژن شێوە دەگرێت. ئەمە ڕاستییەکی سۆسیۆلۆژییە. ژنان چ لە ڕووی هۆشیاریی ئازادیی و چ لە ڕووی ئاستی ڕێکخستنەوە، خاوەنی ماتەوزەیەکن کە دەتوانن پێشەنگایەتیی پڕۆسەی بنیادنانەوە بکەن. کەواتە، دەبێت ئەو چڕبوونەوە و چالاکییەی ئەم ماتەوزەیە لە هێزەوە دەگۆڕێتە سەر کردار، ببێتە کارنامەی سەرەکیی ڕێکخستنی ژنان. چونکە ئەم قۆناغە، قۆناغێکی گونجاوە و ژنان تێیدا ئازاد بن و ئازادیی بەدی بهێنن.

 

ژن، هێزی سەرەکیی قۆناغەکەیە

هێزی سەرەکیی قۆناغەکە ژنە، بۆیە پێویستە ژن وەک بوونێکی تایبەت، کەسایەتی خۆی زیاتر سیاسیی بکاتەوە. لەبری هەڵوێستی پڕ لە هەست و سۆز، ئەو ژنبوونەی لایەنی سیاسیبوونی زیاتر بەرجەستە بێت، لە گەشەکردندا گرنگییەکی زۆری هەیە. بەبێ ڕاستینەی سیاسیی تەنانەت هەناسەش نادرێت. ئەمە زۆر گرنگە و بڕوای تەواوم هەیە کە سەرکەوتوو دەبن. هێڵە ئایدیۆلۆژییە ئازادیخوازەکەی ژنمان ناسراوە. ژنان لە ڕووی ئازادیی و ڕێکخستنەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی گرنگ. دەبێت لە ئایدیۆلۆژیای ڕزگاریی ژنەوە قەڵەمباز بەرەو سیاسیبوونی ڕزگاریی ژن بنێین. لە ئێستاوە لە هەموو شوێنێک گەشەکردنی پراکتیکیی ئەمە دەبینرێت. بڕوام وایە دەبنە ژنە ڕێبەرە سیاسییە بەهێزەکان.

دەزانن هەرگیز ئێوەم بەجێ نەهێشتووە. بڕوام وایە گوزارشتی هەرە ڕاستەقینەی ‘ئەشقێکی پلاتۆنیی’ سەبارەت بە کۆمەڵایەتیبوون، هەر ئەمەیە.

 

ئایدیاڵیزەکردنی ئەوەی ناتوانرێت ڕیاڵیزە بکرێت

تێگەیشتنی مرۆڤێکی سۆسیالیست بۆ ئەشق و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، نیشاندەری کەسایەتیی ئەوە. پێویستە باش تێبگەین کە ئەو هەستەی کوژەری کاستیک وەک ‘ئەشق’ دەیفرۆشێتەوە، بە جۆرێک ڕێکخراوە کە بەردەوامی بە کۆیلەکردنی ژن بدات. نابێت ئەو چەمکەی پێی دەڵێم؛ ‘ئەشقی پلاتۆنیی’ بە هەڵە تێبگەین. ئەشقی پلاتۆنیی، ئایدیاڵیزەکردنی ئەو شتەیە وا ناتوانرێت ڕیالیزە (پەیڕەو) بکرێت. ئایدیاڵیزمی ئەشقی پلاتۆنیی لە ڕیاڵیزمی ئەشقی پراکتیکیی بەهادارترە. دەتوانن لەسەر ئەمە قاڵ ببنەوە. نابێت ئەقڵ و دڵتان بەرەو لایەنی ڕیالیزمی ئەشقی پراکتیکیی وەرگێڕن. دەبێت ئەشقی پلاتۆنیی هەڵبژێرین، چونکە ڕیالیزمی ئەشقی پراکتیکیی پڕە لە تەڵە.

لە کۆتاییدا، گەشەتان بە گرنگ و وەک ‘سەردەمی پاڵەوانێتیی ژن’ هەڵدەسەنگێنم و پیرۆزباییتان لێ دەکەم. بە دڵنیاییەوە ژیانی پاڵەوانانەتان زۆر ئەخلاقیی و جوانکارییە (ئێستاتیکییە). بەهێزترین وەڵامی ئەم سەردەمەیە بۆ کوژەری کاستیک. کێشەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چۆن ژیانی مرۆڤی نوێ بنیات دەنرێت. تا مرۆڤ نەگاتە نهێنییە ڕاستەقینەکانی ژیان لەگەڵ ژن، ناتوانێت زمانی گەردوون تێبگات.

بۆ ئێوە و هەموو ئەو دۆستانەی پرسیار دەکەن، هیواخوازم ساڵی داهاتوو و ساڵانی داهاتووتان پڕ بێت لە واتا و بەرەو خۆشەویستی و ئەشق باڵ بگرنەوە.

 

بە ڕێزەوە سڵاوتان لێ دەکەم.

بابەتەکانی نووسەر
نەجیبە قەرەداخی
سەرچاوە
mezopotamyaajansi
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.