گۆشەی ئازد

ترس و ئومێدی کوردستان لە ئەندازیاریی ژیۆپۆلەتیکی داهاتوودا

پڕۆژەی ڕێگای گەشەی ئێراق کە هەرێمی کوردستان پشتگوێ دەخات، تەنیا هەڵبژاردەیەکی لۆجستی نییە، بەڵکوو بڕیارێکی سیاسییە،

شیلان سەقزیی

لەفارسییەوە: دانا حەمید

 

هەرێمی کوردستان (باشوور) لە ئێراق، لە خاڵی یەکتربڕی ڕێڕەوە هەرێمییەکانی نێوان دوو ڕێچکەی ژیۆپۆلەتیکدا هەڵكەوتووە. لە لایەکەوە پڕۆژەی «پشتێنە و ڕێگا»[1]ـی چین، بە وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە و ژێرخانی گواستنەوەدا، هەرێم دەکاتە بازنەیەک لە زنجیرەی جیهانییدا. لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی «ڕێگای گەشە»[2] لە بەسڕەوە تا سنووری تورکیا، هەوڵ دەدات هێڵەکانی گواستنەوە بەبێ تێپەڕین بە خاکی کوردستاندا تێپەڕێنێت. لەم ڕووەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم دوو پڕۆژەیەدا چێ بکات، یان نەچێتە نێو کێشەی سیاسییەوە لەگەڵ بەغداد، لەوانەیە ڕۆڵی ئەم حکومەتە نیمچە سەربەخۆیە لە یاریزانێکی بەشدارەوە بۆ یاریزانێکی بێدەنگ داکشێت.

وا بڕیارە پڕۆژەی «ڕێگای گەشە» بەندەری فاو لە باشووری ئێراق بە سنووری تورکیا و لەوێشەوە بە ئەورووپا ببەستێتەوە، یەکێکە لە پلانە ئابووریی-ژیۆپۆلەتیکییە هەرە زەبەلاحەکانی حکومەتی فیدراڵی ئێراق لە دەیەکانی ڕابردوودا. دیزاینی ڕێڕەوی ئەم پڕۆژەیە بە کردەوە باشوور (هەرێمی کوردستان) پشتگوێ دەخات، ئەمە بژاردەیەکی تەکنیکیی یان ئابووریی نییە، بەڵکوو پاڵنەرێکی سیاسییە بۆ پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی پێگەی ژیۆپۆلەتیکیی کورد.

هەرچەندە حکومەتی بەغداد بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە هەڵبژاردنی ڕێڕەوەکە بەهۆی ڕەچاوکردنی جوگرافیی و کێشە مادییەکانەوەیە، لێ ئەم نەخشەکێشیی ڕێڕەوەکە بە شێوەیەکە تەنانەت یەک شاری هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە هەولێر، سلێمانی یان دهۆکیشی تێدا نییە.

ئەم سڕینەوە و وەلاخستنە واتادارە، بە تایبەت دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٧، نیشانەی بەردەوامیی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و سەپاندنی کۆنترۆڵی ناوەندییە بە سەر سەرچاوە و کاریگەریی باشووردا.

هەرێمی کوردستان، لە سۆنگەی پێگە شاخاوییەکەی و نزیکیی لە سنووری ڕۆژهەڵات و باکوور و سەرچاوە وزەی زۆر، توانای ئەوەی هەیە ببێتە خاڵێکی سەرەکیی بۆ تۆڕەکانی گواستنەوەی هەرێمیی.

بەڵام بە سڕینەوەی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیە، بەغدا بە کردەوە هەوڵ دەدات ڕۆڵی لە هاوکێشەکانی گواستنەوە و ئابووریی ناوچەکەدا کەم بکاتەوە و توانای دانوستاندنی هەولێر لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سنووردار بکات، ئەمە بە کردەوە بەرهەمهێنانەوەی هەمان شێوازی کلاسیکی ناوەندگەرایی سەرپاکی حکومەتە فەرمانڕەواکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستانە.

پشتگوێخستنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیەدا، هەردوو دەرفەتی گەشەپێدانی هاوبەش لەناو دەبات و کەلێنی نێوان ناوەند-پەراوێز قووڵتر دەکاتەوە. هەروەها بێمتمانەیی نێوان هەولێر و بەغداد زیاتر دەکات. ئەم پەراوێزخستنە، لەبری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی سووڕی مێژوویی ناسەقامگیریی و دوورکەوتنەوە لە ناوەند لە ئێراقدا و داهاتوویەکی ناتەواو و ناتەبا بەرەو پێشێ دەبات.

دەتوانرێت بوترێت پڕۆژەی ڕێگای گەشەی ئێراق کە هەرێمی کوردستان پشتگوێ دەخات، تەنیا هەڵبژاردەیەکی لۆجستی نییە، بەڵکوو بڕیارێکی سیاسییە، جۆرێکە لە پێناسەکردنەوەی ناوەند-پەراوێز و هەوڵ دەدات هەرێم لە هاوکێشە ژیۆپۆلەتیکییەکاندا  پەراوێز بخات و لە سوودەکانی گواستنەوە، پیشەسازیی و وەبەرهێنان بێبەشی بکات.

ئەم پڕۆژەیە نیشانەی دووبارە بنیاتنانەوەی «دەسەڵاتی نیشتمانیی» بەغدایە، ئەویش دوای ساڵانێک لاوازیی بەهۆی داعشەوە، شەڕی ناوخۆ و کێشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەڵامنەدانەوەی ئەم سڕینەوە ژیۆپۆلەتیکییە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نەک تەنیا هێمای لاوازییە، بەڵکوو نکۆڵیکردنە لە توانای دانوستاندن لە پێکهاتەی سیاسیی ئێراقدا.

گێژەڵۆکەی چینیی لە نیشتمانی کوردان

هاوکاریی چین بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێراق، ئەویش لە بواری وزەی پاکدا، بە تایبەت پڕۆژەی درووستکردنی وێستگەی وزەی خۆری هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٣، نموونەیەکە لە بەیەکەوەبەستنەوەی بەرژەوەندییە ئابووریی، ژیۆپۆلەتیکیی و سیمبوڵییەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگادا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی Chinadaily، ئەم پڕۆژەیە بە وەبەرهێنانی سەد ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە، بڕیارە ٢٥ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و ساڵانە ٢٢٠ ملیۆن کیلۆوات کاتژمێر وزەی پاک بۆ تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد بکات.

هەرچەندە چوونە نێو سیاسەتی وزەی جیهانیی دەرفەتێکە، بەڵام بەبێ سەربەخۆیی سیاسیی، دەتوانێت ببێتە جۆرێک لە «پاشکۆیەتیی سەوز»[3] یان «داگیرکاریی سەوز»[4]، چونکە سیستەمی ژیۆپۆلەتیکیی جیهانیی بەدوای دۆزینەوەی خاڵێکدایە بۆ کۆنترۆڵی خەرجیی کەم و زۆرترین قازانج، و هەرێمی کوردستان بەهۆی کەلێنە سیاسییە ناوخۆییەکان، لاوازیی دامەزراوە حوکمڕانییەکان و پشت‌بەستنی دارایی بە بەغداد، بژاردەیەکی نموونەییە بۆ ئەم ئامانجانە.

لەم ڕووەوە، ئەگەر گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان بەبێ بەهێزکردنی دامەزراوە وەڵامدەرەوەکان، بەشداریی سیاسیی زەڵاڵ و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان بێت، ئەوا ئەوەی دێتە کایە، باڵادەستی تەکنۆلۆژیایە.

چین لەژێر ناوی «وزەی پاکژ» کۆنترۆڵی هێڵەکانی ژێرخان دەکات، لە کاتێکدا بەغداد هەرێمی کوردستان لە ڕێڕەوە ستراتیژییەکان لا دەبات و لە کۆتاییدا، تورکیا بە سوودوەرگرتن لە کاریگەریی ئابووریی و ئاسایشی خۆی لە سنوورەکانی هەرێم، ئەم ناوچەیە لە ژێر کاریگەریی خۆیدا دەهێڵێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەرێمی کوردستان کە هەمیشە ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی و ئابووری بووەتەوە لەلایەن بەغدادەوە، بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانیی لە بواری وزە نوێبووەوەکاندا، هەوڵ دەدات پشتبەستن بە حکومەتی ناوەندیی کەم بکاتەوە، چونکە لە دیدگای هەرێمی کوردستانەوە ئەم پڕۆژەی خۆرە، هەنگاوێکە بەرەو دابینکردنی وزەی بەردەوام و هێمای هەوڵی هەرێمە بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووریی و سیاسیی.

هەرچەندە پڕۆژەکەی ئێستا دەتوانێت یارمەتیی باشترکردنی ژێرخانی وزەی هەرێم بدات، بەڵام پشتبەستن بە وەبەرهێنانی هێزە بیانییەکانی وەک چین، ڕەنگە لە درێژخایەندا ببێتە هۆی کەمبوونەوەی سەربەخۆیی بڕیاردان و هەڵکشانی کاریگەریی بیانیی لە سیاسەتی ناوخۆیی باشووردا.

بە واتایەکی تر، پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆری هەولێر، لە ڕواڵەتدا هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو گەشەپێدانی بەردەوام و دابینکردنی وزەی پاک، بەڵام لە کاکڵەدا، بەشێکە لە یارییەکی گەورەتر و هێزە جیهانییەکان لە سۆنگەی بەکارهێنانی ئامڕازە ئابووریی و تەکنۆلۆژییەکانەوە، هەوڵی فراوانکردنی کاریگەریی خۆیان لە ناوچە ستراتیژییەکاندا دەدەن.

بێگومان، جەختکردنەوە لە سەر بوونی ئاستێک لە سەربەخۆیی لە بڕیارداندا، بە واتای پشتگوێخستنی ڕاستییەکانی هێز یان یەکسانکردنی چین وەک هێزێکی جیهانیی و هەرێمیی کوردستان نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ جەختکردنەوە لە سەر ئەم خاڵە کە هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن هۆکاری بوونی لە بۆشایی و ڕکابەرییە ژیۆپۆلەتیکییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، دەتوانێت بە سوودوەرگرتن لە یارییەکی زیرەکانە و داهاتووبینیی، ڕۆڵێکی کاریگەر و چالاک لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوەدا بگێڕێت.

لە گۆشەیەکی دیکەوە، پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە بە گشتیی پەیامێکی مۆدێڕن، ئاشتیخوازانە و گەشەپێدەرانە هەڵدەگرن. لەم بارودۆخەدا، بوونی چین لە هەرێمی کوردستان نەک تەنها ئابوورییە، بەڵکوو سیمبوڵییشە، پەیامێک دەنێرێت بۆ جیهان کە هەرێم بەشێک دەبێت لە سیستەمی نوێی وزەی داهاتوو، ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی وێنەی نەریتیی کوردستان وەک ناوچەیەکی پڕ شەڕوشۆڕ و ناسەقامگیر دەوەستێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بە داکشانی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی زەبەلاحی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAP) لەلایەن تورکیاوە، هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگای قەیرانێکی ژینگەییدایە، جا وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا، بەشێکە لە وەڵامدانەوەی ئەم قەیرانە ژینگەییە.

سەرەڕای ئەمانەش، بەبێ داڕشتنی ستراتیژێکی گشتگیر، مەترسی ئەوە هەیە ئەم پڕۆژانە تەنیا ببنە ئامڕازێک بۆ کاریگەریی دەرەکیی یان ڕکابەرییە ژیۆپۆلەتیکییەکان، بە تایبەت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت ڕۆڵێکی چالاک لە ڕێڕەوە هەرێمییەکاندا وەک «ڕێگای گەشە» یان «پشتێنە و ڕێگا» بگێڕێت، پێگەی لە یاریزانەوە بۆ بەکاربەر دادەکشێت.

لە ڕواڵەتدا، پڕۆژەکانی چین لە هەرێمی کوردستان دەرفەت بۆ گەشە و پێشکەوتن دەڕەخسێنن، بەڵام ئەگەر مۆدێلی وەبەرهێنانی چین لە ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست تاوتوێ بکرێن، دەتوانرێت مەترسیی دووبارەبوونەوەی شێوازی «داگیرکاریی ژێرخان»ـیش ببینرێت.

چین بە گشتیی بە پێدانی قەرزێکی زۆر، پڕۆژەکان بە هێزی مرۆیی، تەکنۆلۆژیا و بەڕێوەبردنی چینیی جێبەجێ دەکات، لە بەرانبەر گەڕاندنەوەی قەرزەکاندا، داوای ئیمتیازاتی درێژخایەن دەکات، لەوانە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە. هەمان ئەو کردارانەی وا کاتی مامەڵە گەورەکانی خۆی لەگەڵ هێزە گەورەکانی وەک ئێران ئەنجامی داوە.

بۆیە، ئەگەر ئەم هاوکارییانە بێ شەفافیەت و ستراتیژییەکی ئابووریی سەربەخۆ بن، ڕەنگە هەرێمی کوردستان وەرگەڕێننە سەر پشتبەستوویەک بە سیستەمی چینیی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵات و لەلایەن لایەنگرانی ڕۆژئاوا، بە تایبەت ئەمریکاوە، دوور بخرێنەوە.

پشکی کوردەکان لە ژیۆپۆلەتیکدا: خاک و بەڵێن

ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە لە نێوان ویستی گەشەپێدانی مۆدێرن و ترسی قووتدانی لە ڕکابەرییە ژیۆپۆلەتیکییەکاندا هەڵواسراوە. پەسەندکردنی هەر پڕۆژەیەکی گەورە بەبێ توانای بەشدارییەکی واتادار و ستراتیژیی، ڕەنگە هەستی بەشداریی لاواز و قەیرانی ناسنامەی سیاسیی درووست بکات، بەو واتایەی گەشەپێدانێکی بێدەسەڵاتی لێ دەکەوێتەوە، جا لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لادان لە ناسنامەی ناوخۆیی و لاوازبوونی یەکێتیی جڤاکیی.

لەم نێوەندەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەشداریی لە پڕۆژەکانی وزەی پاک یان هێڵەکانی گواستنەوەی جیهانیی، ڕێگای دەرچوونە لە پەراوێزخستنی مێژوویی، یان تەڵەیەکی جیۆئابوورییە بۆ جێگیرکردنی پێگەی کورد وەک نێوەندگیرێکی بێدەنگ؟

لە سیستەمی نوێی هەرێمیدا، کورد ئەگەر نەتوانێت لە سەر ئاستێکی گەورە یاریی بکات و تەنیا بە ڕۆڵی ناوخۆیی یان تەکنیکی ڕازیی بێت، جارێکی تر لەو هاوکێشەکانەی خاکەکەی  دەبڕن، تەنێ بینەر دەبێت.

یاریکردن لە بواری وزە، ژێرخان و گواستنەوەدا دەبێت ئاستی تەکنیکیی تێپەڕێنێت و بەرز بکرێتەوە بۆ ئاستی سیاسیی، ئەگەر نا، کورد هەرچەندە ڕێڕەوە جیهانییەکان بە خاکەکەیدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەم تێپەڕینە نەک گەشەپێدان و پێشکەوتنی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکوو دەبێتە ڕێڕەوێک بۆ تێپەڕینی سەرمایە نێودەوڵەتییەکان و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ملکەچ و گوێڕایەڵی بەرژەوەندیی هێزە دەرەکییەکان و حکومەتی ناوەندیی دەمێنێتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕکابەری جیهانیی لە سەر ڕێڕەوە گریمانەییەکان، نەک تەنیا هەرێمی کوردستان، بەڵکوو زۆرێک لە وڵاتە گەورەکانیش لەم قۆناغەدا پتر ڕۆڵی چاودێر دەگێڕن و کەمتر وەک یاریزانی چالاک ئامادەن.

بۆشایی ستراتیژیی لە ژیۆپۆلەتیکی کوردییدا

یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان لە جوگرافیای کوردستاندا، نەبوونی ستراتیژێکی ژیۆپۆلەتیکیی هاوبەشە، وەک درووستکردنی کۆنفیدراسیۆنێکی هەرێمیی بە سەرکردایەتیی کورد. نەبوونی یەکگرتوویی لەم ڕووەوە بووەتە هۆی ئەوەی بەرژەوەندییەکانی کورد نە لەسەر ئاستی هەرێمیی نوێنەرایەتیی بکرێت و نە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش متمانەی پێ بکرێت.

بە گشتیی گەر کۆمەڵگەی سیاسیی کوردیی، بەرانبەر پڕۆژە هەرێمییەکان تەنیا ملکەچی لۆژیکی قازانجی کورتخایەن و وروژاندنی هاوکاریی و چارەسەری قەیرانە کاتییەکان بێت، ئەوا جارێکی تر دەکەوێتە ناو تەڵەی ژیۆپۆلەتیکی بێدەسەڵاتیی.

بەبێ داڕشتنی مۆدێلێکی گەشەپێدەر، خۆڕاگر و پشتبەستوو بە ئیرادەی سیاسیی خۆماڵیی، پڕۆژەکانی وەک هاوکاریی لەگەڵ چین و دوورخستنەوەی هەرێم لە ڕێگای گەشە، نەک تەنیا بێبەشیی، بەڵکوو سووکایەتیی سیاسییشی لەگەڵ دەبێت.

یاریی داهاتوو لە سیستەمی نوێی هەرێمییدا بۆ کورد، یاریی داواکردنی مافە لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئابووریی هەرێمیدا، نەک تەنیا بەرگریی چەکداریی و بەشداریی لەو گەشەپێدانەی ئەوانی تر بۆیان داڕشتووە.

دەتوانرێت بوترێت پێگەی کورد لە پڕۆژە ژیۆپۆلەتیکییەکاندا وەک ڕێگای گەشەی ئێراق، هاوکارییەکانی وزە لەگەڵ چین و ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕوونیی ڕەنگدانەوەی لاوازیی پێکهاتەی سیاسیی کوردیی و نایەکگرتوویی ستراتیژیی نێوان یاریزانە کوردەکانە.

لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەکانی گەشە دەکرێت نەک ببنە گۆی ئامڕازێک بن بۆ پێشکەوتنی کورد، بەڵکوو دەکرێت ببنە دەستپێچی یەکخستنێکی کۆنترۆڵکراو، بێدەسەڵات و بێئیرادە، واتە جۆرێک لە باڵادەستیی نوێ لە لە پۆشاکی هاوکاری ئابوورییدا.

بۆ دەرچوون لەم دۆخە، پێویستە سیاسەتی کوردیی لە پشتبەستن بە لۆژیکی بەرگریی و بەشداریی ڕووکەشەوە بەرەو ئاسۆی دیپلۆماسی هەرێمی چالاک و داڕشتنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکان و چنینی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی پێی لێ هەڵبگرێت، چونکە بەبێ ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە، کورد نەک تەنیا لە پەراوێزی گەشەپێداندا دەمێنێتەوە، بەڵکوو گەشەپێدانی ئەنجامدراویش بە زیانی ناسنامە و سەرچاوە و داهاتووی سیاسیی کوردستان کۆتایی دێت.

یاریزانە کوردەکانی بەشە جیاوازەکان یان دەگەنە ئەو پێگە گەشەسەندووەی سەرنج بدەنە لۆژیک و یاریی گەورەی ناوچەکە، بە تایبەت لە سەر ئاستی سیاسەتەکانی ئاشتیی و جەنگی هەنووکەیی ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵات و ئەم بابەتە لە جووڵە ناوخۆییەکانی کورددا ڕەچاو دەکەن، یان ئەمجارەش گەمەکە بۆ داهاتوویەکی نادیار، ئەویش بەبێ ئەگەری شینوشەپۆڕ و پەشیمانیی و هەلی قەرەبووکردنەوە، دەدۆڕێنن.

سەرچاوە:

https://www.arenanews.net

[1] پڕۆژەی پشتێنە و ڕێگا :Belt and Road Initiative -پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و چین ساڵی ٢٠١٣ دەستی پێ کرد. ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی ئەوەیە چین بە ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپاوە ببەستێتەوە، ئەویش لە ڕێی درووستکردنی ژێرخانی گواستنەوە، وەبەرهێنان لە وزە و تەکنۆلۆژیادا. ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی بەهێزی لە سەر ئابووریی و سیاسەتی جیهانیی هەیە و وەک ئامڕازێک بۆ فراوانکردنی کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی چین بەکار دێت.

[2] پڕۆژەی ڕێگای گەشە :Development Road Project-ڕێگای گەشەپێدانی ئێراق، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ئامانجی بەستنەوەی بەندەری فاوە لە باشووری ئێراق بە سنووری تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپاوە. ئەم پڕۆژەیە بە شێوازێک نەخشەکێش کراوە کە هەرێمی کوردستانی تێیدا نییە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی سیاسیی بۆ پەراوێزخستنی کورد لە بازرگانیی هەرێمی و ناوچەکە شڕۆڤە دەکرێت. پڕۆژەکە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوەندگەرای بەغدادە لە پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٧.

[3] پاشکۆیەتیی سەوز :Green Dependency- دەستەواژەیەکە ئاماژە بە شێوازێکی نوێی کۆنترۆڵكردن دەکات لەژێر ناوی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوامدا ئەنجام دەدرێت. لەم چەشنە پاشکۆیەتییەدا، وڵاتە پیشەسازییەکان بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای وزەی پاک و پڕۆژەکانی ژینگەیی، کۆنترۆڵی ئابووریی و سیاسیی بە سەر وڵاتە تازەگەشەکردوەکان دەسەپێنن، ئەمەش بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەستتێوەردانی سەربازیی بکەن.

[4] داگیرکاریی سەوز:Green Colonialism- جۆرێکە لە کۆنترۆڵی ئابووریی و لە ڕێی وەبەرهێنان لە پڕۆژە ژینگەییەکان و وزەی نوێبووەوەکانەوە ئەنجام دەدرێت. لەم شێوەیەدا، وڵاتە بەهێزەکان بە پێدانی قەرز و تەکنۆلۆژیا بۆ پڕۆژەکانی وزەی پاک، کۆنترۆڵی درێژخایەنی سەرچاوە و ژێرخانی وڵاتە لاوازەکان دەکەن. ئەم جۆرە داگیرکارییە لە شێوەی نەریتی جیاوازە و چەشنێکە لە (داگیرکاریی نەرم)، جا لە ژێر بەرگی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوامدا بەڕێوە دەبرێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.