وزەی ژیان
فەلسەفەی ئابووریی لە دیدگای ئۆجالاندا لەسەر بنەمایەکی تەواو جیاواز و مرۆڤدۆستانە بنیات نراوە. ئەو پێی وایە کە ئابووریی لە بنەڕەتدا «وزەی ژیانە»؛ واتە ئەو هێزە کۆمەڵایەتیی و سرووشتییەیە کە بەردەوامی بە ژیانی تاک و کۆمەڵگە دەبەخشێت و ڕاستەوخۆ بە سێکوچکەی «ژن، ژیان، ئازادی»ـیەوە گرێ دراوە.

دانا حەمید
لەناو لاپەڕەکانی مێژووی تێکۆشاندا، گێڕانەوەیەک هەیە کە وەک ڕووناکییەک جەوهەری دوو جیهانبینیی تەواو ناکۆکی ئابووریی دەخاتە ڕوو. شەهید و تیۆرسییەن، عەلی حەیدەر قەیتان، لە کتێبی «ڕێباز و ڕژێمی حەقیقەت»ـدا، وەک شایەتحاڵ و بەشداربوویەکی ئەو قۆناغە مێژووییە، باس لە ئەزموونی یەکەمین گرووپی گەریلایی دەکات کە لە نزیکەی هەشتا تێکۆشەری ئازادیخواز پێک هاتبوون. ئەم گرووپە، لەژێر سەرپەرەشتیی و ڕێنوێنیی کەسایەتیی کاریزمایی و فیکریی وەک شەهید کەمال پیر، ڕوویان لە کەمپەکانی فەلەستین کردبوو بە مەبەستی خۆپێگەیاندن و وەرگرتنی پەروەردەی ئایدیۆلۆژیی و مەشقی سەربازیی. لە کۆتایی مانگی یەکەمی مانەوەیاندا، کاتێک هەڤاڵە فەلەستینییەکانیان وەک ڕێز و پادداشتێک، بڕە پارەیەک وەک مووچەی مانگانە بۆ ئەو هەشتا گەریلایە دێنن، ڕووداوێک ڕوو دەدات کە دەبێتە بنەمایەکی هزریی بۆ تێگەیشتن لە خەباتیان. هەڤاڵ کەمال پیر، بە هەڵوێستێکی پڕ لە شکۆ و پرەنسیپەوە، بە سادەیی پرسیار دەکات: «ئەمە چییە؟» و کاتێک وەڵام وەردەگرێت کە ئەمە مووچەی ئەوانە، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بە دەنگێکی بڕواپێکراوەوە دەڵێت: «من و هەڤاڵانم سەربازی مووچەخۆر نین. ئێمە بۆ پارە تێکۆشان ناکەین و ئەم پارەیەی ئێوەمان ناوێت». ئەم هەڵوێستە، لە ڕواڵەتدا ڕەتکردنەوەی بڕێک پارەیە، لە قووڵاییدا ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەو سیستەمە ئابوورییەیە وا هەموو شتێک، تەنانەت پیرۆزترین چالاکییەکانی مرۆڤ وەک تێکۆشان بۆ ئازادیی، دەگۆڕێت بۆ کاڵایەک کە لە بازاڕی سەرمایەدا نرخ و بەهایەکی ماددیی بۆ دادەنرێت. ئەمە دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ڕەخنە ڕیشەییەکەی بەڕێز: «عەبدوڵڵا ئۆجالان» لە سیستەمی ئابووریی مۆدێرن، کە بە «ئابووریی دەوڵەتی-دەسەڵاتخواز» ناوی دەبات؛ سیستەمێک مرۆڤی لە بەها ڕەسەنەکانی خۆی دابڕیوە، سرووشتی لەناو بردووە و ژیانی کردووەتە ئامرازێک تەنها بۆ قازانجپەرەستیی و کۆکردنەوەی سەرمایە.
فەلسەفەی ئابووریی لە دیدگای ئۆجالاندا لەسەر بنەمایەکی تەواو جیاواز و مرۆڤدۆستانە بنیات نراوە. ئەو پێی وایە کە ئابووریی لە بنەڕەتدا «وزەی ژیانە»؛ واتە ئەو هێزە کۆمەڵایەتیی و سرووشتییەیە کە بەردەوامی بە ژیانی تاک و کۆمەڵگە دەبەخشێت و ڕاستەوخۆ بە سێکوچکەی «ژن، ژیان، ئازادی»ـیەوە گرێ دراوە. لەم تێڕوانینەدا، ئابووریی زانستێکی وشکی بیرکارییانە نییە کە تەنها لە هاوکێشەکانی قازانج و زیاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو کردەیەکی کۆمەڵایەتیی زیندووە و ئامانجی سەرەکیی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە، پاراستنی هاوسەنگیی ژینگە و بەدیهێنانی ژیانێکی بەکەرامەت و ئازادانەیە بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە. بە پێچەوانەوە، ئابووریی سەرمایەداریی، کە لەسەر بنەماکانی قازانجی بێسنوور، کێبڕکێی بێبەزەییانە، تاکپەرەستیی و بەکاڵاکردنی هەموو شتێک (لە پەروەردە و تەندرووستییەوە تا هونەر و ئەخلاق) دامەزراوە، مرۆڤی لە بەها ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەکانی نامۆ کردووە. ئەم سیستەمە بووەتە هۆی چەوساندنەوەی چینایەتیی، هەژاریی سیستەماتیک، تێکدانی ژینگە، داگیرکردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی گەلان و درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە ناکۆکیی، نایەکسانیی و توندوتیژیی. ڕەتکردنەوەی مووچە لەلایەن کەمال پیر و هەڤاڵانییەوە، تەنها ڕەتکردنەوەی بڕێک پارە نەبوو، بەڵکوو ڕەتکردنەوەی ئەو لۆژیکە بوو کە تێکۆشانی ئازادیخوازانە دەخاتە چوارچێوەی مامەڵەیەکی بازرگانییەوە و بەهای پیرۆزی خەبات بۆ ئازادیی دادەبەزێنێت بۆ ئاستی کارێکی کرێگرتەیی. ئەوان دەیانزانی کە وەرگرتنی پارە لە بەرانبەر تێکۆشاندا، یەکەم هەنگاوە بەرەو لەدەستدانی ئیرادەی ئازاد و بەسترانەوە بەو سیستەمەی کە لە بنەڕەتدا دژی دەجەنگن.
لەم ڕوانگەیەوە، «ئابووریی کۆمەڵگەیی» وەک بەدیلێکی ڕیشەیی و ژیانبەخش دێتە ئاراوە. جەوهەری ئەم مۆدێلە ئابوورییە لەسەر بنەمای کارکردن و بەرهەمهێنانە لەپێناو «بەهای بەکارهێنان» و پڕکردنەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە، نەک لەپێناو «بەهای ئاڵوگۆڕ» و قازانجی بازاڕ. بە واتایەکی ڕوونتر، لەم سیستەمەدا، نان بۆ تێرکردنی برسییەک بەرهەم دەهێنرێت، نەک بۆ ئەوەی ببێتە کاڵایەک بۆ قازانجکردن لە برسێتییەکەیدا. قوتابخانە بۆ گەشەپێدانی زانست و هۆشیاریی کۆمەڵگە دادەمەزرێت، نەک بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆژەیەکی بازرگانیی. ئەم دیدگایە بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بنەما ڕەسەنەی ئابووری دەکاتەوە بە هێزێکی بنیادنەر بۆ بەردەوامیی ژیان، گەشەی کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای هاوکاریی و پشتیوانیی یەکتر، نەک کێبڕکێ و یەکترسڕینەوە. لە جیاتی ئەوەی ئابووریی ئامرازێک بێت بۆ دەسەڵات، کۆنترۆڵکردن و چەوساندنەوە لە دەستی چینێکی دەسەڵاتداردا، دەبێت ببێتەوە بەو وزە سرووشتییەی کە ژیان دەپارێزێت، ژینگە دەبووژێنێتەوە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی مسۆگەر دەکات. ئابووریی کۆمەڵگەیی لەسەر ستوونەکانی خۆبژێویی، پیشەسازیی ئیکۆلۆژیی و کۆمپانیا هەرەوەزییەکان ڕادەوەستێت، لێ تێیدا بەرهەمهێنەران و بەکاربەران پێکەوە بڕیار لەسەر پێڤاژۆی ئابووریی دەدەن. بەم شێوەیە، تێکۆشان لەپێناو ئابوورییەکی ئەخلاقی و سیاسیی، دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو و ژیانی لە خەباتی گشتگیر بۆ ئازادیی مرۆڤ و ڕزگاریی کۆمەڵگە.



