هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی فیکریی نێگەتیڤ بۆ بڕیارەکەی پەکەکە
ئەم هەوڵە لەلایەن کوردێکی چەوساوەوە، ئەگەر کەموکورتییەکیشی هەبێت، بایەخێکی دووقاتی هەیە.

پڕۆژەی نێگەتیڤ: پڕۆژەیەکی فیکریی چەپگەرایە و لە باشووری کوردستان بڵاوکراوەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە
پەکەکە لە چەکدانانە سیمبوڵییەکەی ئەمڕۆیدا، جارێکی تر جەختی لەسەر سۆسیالیزم و خەباتی فراوانتری ئینتەرناسیۆناڵ کردەوە. خەباتی ئینتەرناسیۆناڵ، خەبات نییە بۆ “شوێنێکی تر”، بەڵکوو خەباتە بۆ “ئایدیایەکی تر، یان با بڵێین گەورەتر”. گەر فاشیزمی تورکی بە پیریی پرۆسەی ئاشتییەوە بێت، هێشتان خەباتی پارتی کرێکاران کۆتایی نایەت، ژیانی ناو شار سەرەتای خەباتە ڕیشەیی و ڕادیکاڵەکەیە دژی چەوسانەوە دێرین و بونیادییەکەی سەرمایەداری.
پەکەکە، ئەوەشی سەلماند کە دەمارگیری و ڕادیکاڵیزم دوو شتی جیاوازن. دەمارگیری، پێداگرییە بەبێ بیرکردنەوە. ڕادیکاڵیزم، پێداگرییە بەبیرکردنەوەوە، ئەوەی لەکوێدا بەرەنگاریی چەکداری پێویستە و لەکوێشدا ئیمکانی ئاشتی. بەپێی زاراوەکانی دەروونشیکاریی فرۆید، دەمارگیری جۆرێکە لە چەقین (fixation)، ناڵین بەدەست ڕەگەزێکی ناوەکییەوە، بەڵام ڕادیکاڵیزم دەتوانێت بڵندبوونەوە (sublimation) بێت بەرەو ئیمکانێکی تر، جۆرێک لە خۆتێپەڕاندنی بەردەوام.
بەو هیوایەی ئەم پرۆسەیە، ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجالانی بەدواوە بێت؛ ئەو بیرمەندەی کە وەک بیرمەندانی تری ناو نەریتی چەپ، جارێکی تر هەوڵیداوەتەوە مێژوو بخوێنێتەوە و ئەگەرەکانی ڕزگاری بپشکنێت: کارل مارکس، لە چاخی بەردینی کۆنەوە، واتە لە کۆمۆنەی سەرەتاییەوە مێژووی خوێندەوە. ئۆجالان، لە چاخی بەردینی نوێوە، واتە لە شۆڕشی کشتوکاڵییەوە. ئەم هەوڵە لەلایەن کوردێکی چەوساوەوە، ئەگەر کەموکورتییەکیشی هەبێت، بایەخێکی دووقاتی هەیە.