گۆشەی ئازد

هەر کۆمەڵگەیەک گەنجەکانی لەدەست بدات، شایستەی مانەوە نییە

سڵاوی خۆم بۆ کۆمەڵەی هەڤاڵانی گەنجی کۆمۆناڵیست دەنێرم، بە تایبەت ئەوانەی کاریان کردووە لەپێناو درووستکردنی وەها سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی گەنجان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک

 

ئەنجوومەنی گەنجانی کۆنگرەی دیموکراتیی گەلان (هەدەکە)، ئەنجوومەنی گەنجانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) و ئەنجوومەنی خوێندکارانی ئازادیی ئیستەنبوڵ (ISOM) بە ناونیشانی “ڕۆڵی گەنجان لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستییدا” پانێڵێکیان ڕێک خست. پانێڵەکە لە هۆڵی نمایشی هونەری ئاویی، لە ناوچەی فاتیحی ئیستەنبوڵ بەڕێوە چوو، چەندین گەنج بەشدار بوون. لە هۆڵەکەدا، پانکارتی “ژن، ژیان، ئازادیی” و “بە ڕۆحی هاوڕێیەتی کۆمۆناڵیست خۆمان ڕێک دەخەین و ئازاد دەبین” هەڵواسرا.

پاش وتەی دەسپێکی پانێڵەکە، پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێنرایەوە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە:

“سەرەتا دڵسۆزانەترین سڵاوی خۆم بۆ کۆمەڵەی هەڤاڵانی گەنجی کۆمۆناڵیست دەنێرم، بە تایبەت ئەوانەی کاریان کردووە لەپێناو درووستکردنی وەها سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی گەنجان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هەروەها بۆ هەموو هاوڕێ گەنجەکان کە لەسەر بنەمای هەڤاڵێتی کۆمۆناڵیستی تێکۆشان دەکەن. پرۆسەکانی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی تەنها بە بەشداریی و پێشەنگایەتیی گەنجان دێنە دی. گەنجان داینەمۆی گۆڕان و نوێبوونەوەن. ئەو پرۆسە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی کە گەنجان بارە ئایدۆلۆژییەکەی هەڵنەگرن و لە پراکتیکدا ڕێکی نەخەن، شانسی سەرکەوتنی زۆر کەمە. بۆیە ئەو کۆمەڵگەیەی گەنجەکانی خۆی لەدەست داوە، نەک هەر کۆمەڵگەیەکی دۆڕاوە، بەڵکوو مافی مانەوەی لەدەست داوە. پێچەوانەکەشی ڕاستە، ئەو گەنجانەی کۆمەڵگە و کۆمەڵایەتییبوونیان لەدەست داوە، ئاییندەیان لەدەست داوە. لە هەر شوێنێک کۆمەڵگەبوونی سۆسیالیستیی و سەرکەوتنی تێکۆشان نەبێت، شیبوونەوە و پەرتەوازەیی و لەناوچوون دێتە کایەوە. کەسایەتیی تەنیا وەک پارچەی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو مانای دەبێت و کۆمەڵگە تەنیا بە کەسایەتیی ڕێکخراو، توانای مانەوەی هەیە.

خۆتان و هەموو جێیەک ڕێک بخەن

بنیادنانی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگەی سۆسیالیست و ئازادیی تەنیا بە ڕێکخستن دێتە دی. هەر بوونێک، بەگوێرەی شوێن و کات و دەرفەتەکانی خۆی ڕێک نەخات، زوو یان درەنگ، لەناو دەچێت. پێشتر گوتبووم ‘لە هەموو جێیەک خۆتان ڕێک بخەن، هەموو جێیەک ڕێک بخەن”. ئەمە تەنیا پێویستییەکی سیاسی نییە، هاوکات پێشمەرجی بوونی کۆمەڵایەتیی و ئازادییە. مەیلی ئازادیی، مەیلێکی گەنجانەیە. پێشەنگایەتیی گۆڕان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی-مێژوویی، دەرئەنجامێکی سرووشتیی ئەم مەیلی ئازادییەیە. هەڵگرتنی ئەم ئەرکە تەنها بژاردە نییە، بەڵکوو پێشمەرجی ئازادیی و ژیانی مانادارە. گەرەنتی ئازادیی و بوونی کۆمەڵایەتیی، گرێدراوی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە. بەهۆی ئەم مەیل و داینامیکە ئازادیخوازییەی گەنجانەوە، بکوژی کاستیک بە درێژایی مێژوو لە ڕێی هەموو ڕێ و ڕێبازێکی تێکدەر و گەندەڵکارانەوە هێرشی کردووەتە سەر گەنجان.

بڕوام وایە گەنجان ڕۆڵی پێشەنگایەتیی دەگێڕن

بە تێکۆشانی کۆڵەکتیڤ و هۆشیاریی ڕێکخستنەوە، کە پشتئەستوورە بە هاوڕێیەتی کۆمۆناڵیست، هێز و وزەی داینامیکی گەنجان، دەتوانێت ببێتە ئیرادەی گۆڕان و گۆڕانکارییەکی دامەزرێنەر و بنیادنەر. وەکچۆن ئازادیی لەنێو داینامیزمی گەنجاندا خۆی دەبینێتەوە، ئازادیی و کۆمەڵایەتییبوونیش تایبەتمەندییەکی سۆسیالیزمە. لەم سەردەمی داڕمانی سەرمایەدارییەدا، گفتوگۆی گەنجان دەربارەی سۆسیالیزمی دیموکراتیی و بنیادنانەوە و ڕێگەکانی تێکۆشان، زۆر گرنگە. ئەم گفتوگۆیانە، دەوڵەمەندیی فیکریی ئێوە و ڕێ و ڕێبازی نوێی تێکۆشان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەمڕۆدا کە بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتیی ڕووبەڕووی هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەبنەوە، بڕوام وایە، گەنجان ڕۆڵی پێشەنگایەتیی دەگێڕن. لەسەر ئەم بنەمایە دیسانەوە سڵاو لە هەموو ئەو هاوڕێ گەنجانە دەکەم وا تێکۆشانی سۆسیالیزمی دیموکراتیی بەڕێوە دەبەن، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم”.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.