
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک دەستنیشانی کرد کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێکن لەم جەنگە جیهانی و هەرێمییە و وتی کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە هەموو لایەنەکانیەوە ڕێگەی لە شەڕی دابەشکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە، لەبەر ئەوە دەکرێتە ئامانج. بایک وتی: “هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا خاوەنی ڕەهەندی نێونەتەوەیی و هەرێمین” و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سیاسەتە دەوڵەت-سەنتەرەکانی هێزە نێونەتەوەییەکانەوە.
جەمیل بایک وتیشی کە “هێزە نێونەتەوەییەکان لەبەر ئەوەی دەوڵەتان بۆ خۆیان دەکەنە بنەما، سیاسەتێکی یەکگرتوویان بۆ کورد نییە” و ڕایگەیاند کە تورکیا، هەتەشە و ئەکتەرەکانی دیکەی هەرێمەکە لەسەر ئەم بنەمایە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بە ئامانجی “شکاندنی ئیرادەی کورد” ئامادە کراون.
بایک سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو مەیلەی لەسەر ڕۆژئاوایە تەنها سەربازی یان سیاسی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا هێرشێکی ئایدۆلۆژییە و وتی: “لایەنێکی گرنگی هێرشەکەی سەر ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکاتە ئامانج.” بایک بیری هێنایەوە کە ئەو سیستەمەی لەوێ دامەزراوە لەسەر “پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژن” بونیادنراوە. بۆیە بایک ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە بە واتای “هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک” دێت و ئاماژەی بەوە دا کە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن واتایەکە و بەو هۆیەوە بووەتە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە.
بەشی یەکەمی هەڤپەیڤینە تایبەتەکەی جەمیل بایک کە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەنجامی داوە بەم شێوەیەیە:
ئێمە لە کاتێکداین کە ڕۆژانە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕوودەدەن و کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان دەکەن. لە زۆرێک لە هەرێمەکانی جیهان لە ئاستی خۆجێیی یان هەرێمیدا شەڕ ڕوودەدات. مرۆڤ دەتوانێت باس لە شەڕێک بکات کە بە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتیک لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی وەک جەنگی جیهانیی سێیەم پێناسە کردبوو. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش کوردستان وەک چەقی ئەم جەنگە دەبینرێت. ئایا هۆکاری ئەمە چییە؟ کوردستان لەم ڕووەوە خاوەنی چ گرنگییەکە؟ بۆچی لە ئامانجدایە؟
لە جەنگی یەکەمی کەنداوەوە تا ئێستا جەنگی جیهانیی سێیەم بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەی لە جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم ناچێت، نابینن کە جەنگی جیهانیی سێیەم دەستی پێکردووە و بەردەوامە. جەنگی جیهانیی سێیەم لەناو مەرجەکانی کاپیتالیزمی جیهانگیردا بەڕێوەدەچێت. وەک جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم نییە کە پشت بە دژایەتی ڕەق و توند ببەستێت. چونکە دژایەتییەکی توند و ڕێبازێکی شەڕ بۆ لەناوبردنی یەکتر لە کاتێکی کورتدا وەک جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم بوونی نییە. بەڵام شەڕێک هەیە کە ناکۆکی و ململانێکان بە شێوازی جیاواز بەردەوامن. بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی سەرمایەدار بە هاوپەیمانیی جیاواز لاواز بکەن و خۆیان بەهێز بکەن، تێکۆشانێکی ناوخۆیی سیستەمەکە بەبێ وەستان بەڕێوەدەچێت. جەنگە جیهانییەکان هەمیشە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە هاوسەنگییەکانی پێشوو هەڵدەوەشێنەوە، هاوسەنگی و ستاتۆی نوێ دەخوازرێت. لە شوێنی ستاتۆ و هاوسەنگییە سیاسییەکان کە بەهۆی جەنگی ساردەوە لەیەک هەڵوەشانەوە، بەگوێرەی پێداویستیی سیستەمی کاپیتالیزمی جیهانگیر شەڕی بونیادنانی ستاتۆ و هاوسەنگییە نوێیە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت. ئەم شەڕە بەهۆی کارەکتەری کاپیتالیزمی جیهانگیرەوە شەڕێکە کە دەیان ساڵە هەیە، بەڵام بووەتە هەمیشەیی. ئەمەش بەزۆری بە شێوەی شەڕ لە ئاستی هەرێمیدا بەردەوامە. هەموو ئەم گرژی و شەڕانە بەشێکن لە جەنگی جیهانیی سێیەم. دەبێت مرۆڤ بەم شێوەیە لە کاراکتەری جەنگی جیهانیی سێیەم تێبگات. هەروەها دەبێت مرۆڤ پەیوەندی ئەمە بە ڕاستیی کاپیتالیزمی جیهانگیرەوە بزانێت.
جەنگی جیهانیی سێیەم لە هەمان کاتدا بە تێکەڵاوی لەگەڵ قەیرانی کاپیتالیزمی جیهانگیر بەردەوامە. کاپیتالیزمی جیهانگیر لەناو قەیرانێکی فرەلایەندایە. جیاوازی و نادادپەروەریی داهات لەنێوان کۆمەڵگە و وڵاتان، قەیرانی ئیکۆلۆژی، بەردەوامبوونی سەروەری بەسەر ژناندا بە شێوەیەکی سەخت، پرسی کۆچبەری، خۆچەکدارکردن و بەردەوامیی شەڕ لایەنە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانەن. لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەناو سیستەمەکەدا نەیتوانی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە، پارتە ڕاستڕەوەکان لە زۆر وڵات دێنە سەر دەسەڵات. زیادبوونی دەسەڵاتە ڕاستڕەوەکان نیشانەی زیادبوونی گەورەی قەیرانی کاپیتالیزمە.
ئاشکرایە کە زیادبوونی قەیرانەکە ئەرکێکی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی. لەناو ئەم کەشوهەوای قەیرانەدا، ئەوانەی خاوەنی نزیکبوونەوەی دروستی ئایدۆلۆژی-سیاسی و پڕۆژەی چارەسەرین، دەرفەتی سەرکەوتنیان زۆرە. لەبەر ئەوەی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ خاوەنی ئەو کاراکتەرەیە کە دەتوانێت وەڵامی کێشەکانی ئەم قەیرانە بداتەوە، تێکۆشانی ئێمە هێشتا زیاتر بەرەو پێش دەچێت. لەبەر ئەوەی جەنگی جیهانیی سێیەم بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، دەبینرێت کە پارادایم و پڕۆژەکانی چارەسەریی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە سەر زەمینەی پێشکەوتن و ئەنجامگیری. تەڤگەری ئازادیی ئێمە کە تا ئێستا پێشکەوتووە، دەبینرێت کە سەرەڕای سەختی و ئاستەنگییەکانیش ئەگەر پارادایمی ڕێبەرێتی بە شێوەیەکی ڕاست بکەوێتە پراکتیکەوە، ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا دروست بوون لەمەودوا زیاتر دەبن. مەرج و دۆخە سەختەکان بوونی بتەڤگەری ئێمەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. بۆیە مەرج و دۆخە سەختەکان بۆ ئێمە دەبنە پاساوی تێکۆشان و سەرکەوتن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕەوتی مێژوودا بووەتە ئەو جوگرافیایەی کە ستاتۆکۆ و هاوسەنگییە سیاسییەکانی لێ بونیاد نراوە. ئەمڕۆش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕدراوە بۆ گۆڕەپانێکی شەڕ کە هاوسەنگییەکانی جیهانی لێ بونیاد بنرێتەوە. لەبەر ئەوەی کوردستان لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، شەڕیش لە کوردستان و دەوروبەری قورس دەبێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆ جیهان گرنگە. لە جیهانی بە گڵۆباڵ بووی ئێمەدا، دەبێت مرۆڤ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و ئەفریقا بە شێوەیەکی هاوبەش ببینێت. ئەگەر مرۆڤ ڕۆژئاوای ئاسیاش بۆ ئەمە زیاد بکات، ئەوا تێدەگەین کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە چەندە گرنگە. کاتێک مرۆڤ گرنگی وزە بە ئەندازەی ئاو بۆ کۆمەڵگەکان و کاپیتالیزمی جیهانگیر هەژمار بکات، ئەو کاتە مرۆڤ دەتوانێت باشتر تێبگات کە بۆچی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بێگومان بوونی ئیسرائیل و داواکاریی ئەو بۆ زیادکردنی کاریگەریی خۆی لەسەر ناوچەکە، هەروەها ئەو هەنگاوانەی لەم چوارچێوەیەدا دەینێت، یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی دیکە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ناوەندی جەنگی جیهانیی سێیەم. کوردستان لەناو سنووری چوار دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. ئەم چوار دەوڵەتە هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن. لەم دۆخەدا کوردستان لە چەقی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە. بەڵام کورد لە ئەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەی خۆیدا ئەمڕۆ بووەتە هێزێکی گرنگی سیاسی. هەم لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین و هەم لەناو هاوسەنگییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی پێگەیەکی زۆر گرنگە. ئیتر هیچ هێزێکی هەرێمی و نێونەتەوەیی بەبێ بینینی کوردان ناتوانێت سیاسەتێکی ڕاست و ئەنجامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەببات. بێگومان بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدان هەرچەندە لە ئێستادا دەوڵەتان دەکەنە بنەما، بەڵام کورد بە دڵنیاییەوە لەناو ئەم هاوسەنگییە سیاسییانەدا خاوەنی پێگەیەک دەبن. هەتا کێشەی مانەوە و ئازادی کوردان چارەسەر نەکرێت، نە ئەو وڵاتانەی بەسەر کوردستاندا سەروەرن ئارام دەبن و نە هێزە نێونەتەوەییەکانیش دەتوانن لە سیاسەتەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا ئەنجام بەدەست بهێنن. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد توخمی سەرەکیی کێشە و قەیرانی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەبەر ئەوەی کورد لە هەر چوار پارچە کاریگەرە، هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان هەوڵ دەدەن بیانخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. دەیانەوێت کوردان یان بێکاریگەر بکەن یان بیخەنە ژێر کاریگەری خۆیان. بۆیە شەڕی هەرێمەکە لەسەر کوردستان بەڕێوەدەچێت. کوردیش ئەم دۆخە گرنگەی خۆیان لە تێکۆشانی سیاسیدا دەنرخێنن و لە تێکۆشانی ئازادی و مانەوەی گەلی کورددا تێکۆشانی بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان بەڕێوەدەبەن.
ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی دیدارەکاندا لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ وتبووی، هێرش و شەڕی ئیمپریالیستی لە سووریا بنبەست بوو، دوای ماوەیەک بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵات دەڕوات. ئایا ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە؟ بۆ نموونە، ئێوە لەسەر قورسبوونی شەڕ لە سووریا بیر لە چی دەکەنەوە؟ ئەمریکا لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا عێراق و ئێرانی کردووەتە ئامانجی خۆی. ئایا شەڕ دەکرێت بەرەو عێراق و ئێران بڕوات؟ ئەنجامە ئەگەرییەکانی چی دەبن؟ کاریگەرییەکی چۆن لەسەر تورکیا دەکات؟ دەوترێت، نۆرە دێتە سەر تورکیا، ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم بۆچوونە؟
ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی وەک دەرگایەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا. لەم شوێنە سووریا، لوبنان و ئیسرائیل هەن. غەزەش لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە. لە ڕەوتی مێژوودا تێکۆشانێکی گرنگ لەسەر سووریا بەڕێوەچووە. ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش دەرگای سووریای کردەوە و بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەروەر بوو. ئەو گۆڕەپانەی کە شاڵاوەکانی خاچپەرستان تیایدا زۆر بوو، ئەم گۆڕەپانە بوو. لە جەنگی جیهانیی یەکەمیشدا جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک بوو لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی تێکۆشانی سیاسی و شەڕ. لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسادا بووە گۆڕەپانی تێکۆشان. لە کۆتاییدا فەرەنسا بە سەروەری بەسەر سووریادا، و بەریتانیاش بە سەروەری بەسەر عێراق و ئوردندا ویستیان لە ناوچەکەدا کاریگەر بن. دروستبوونی ئیسرائیل دۆخی لوبنان و سووریای بە گرنگی هێشتەوە. بۆیە تا دۆخی سیاسی و هاوسەنگییە سیاسییەکانی سووریا نەگاتە ئارامییەک، لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە دۆخێکی نادیار دەبێت. لەبەر ئەم هۆکارە بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و تورکیا، هەتەشەیان خستە ناو جووڵەوە و لە سووریا کۆتاییان بە ڕژێمی بەعس هێنا. بێگومان لە بابەتی کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بەعس ڕۆڵی ئیسرائیلیش هەیە. دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی بەعس، دەستێوەردانی ئیسرائیل لە سووریا وەک بەشێک لەم پلانی هەڵوەشاندنەوەیە پێکهات.
ڕژێمی سیاسیی ئێستای ئێران لە ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە. سەرەتا هێزەکانی سەر بە ئێرانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ کاریگەر کرد. ئێستاش ڕاستەوخۆ ئێران دەکەنە ئامانج. لە عێراق بە داگیرکاریی ئەمریکا سیستەمێکی نوێی سیاسی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. هێشتاش وڵاتێکە کە لەژێر کاریگەریی ئەمریکادایە. بەڵام لەبەرئەوەی یەکێک لەو شوێنانەی کە ئێران تێیدا هەناسەدەدات عێراقە، دەیانەوێت دەسەڵاتی عێراق لەو دۆخە دەربهێنن کە پشتیوانی لە ئێران بکات. بە تایبەتی دەیانەوێت حەشدی شەعبی بێ کاریگەر بکەن. لە ماوەی حکومەتی سودانیدا لەسەر ئەم بابەتە هەندێک هەنگاو نران. بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ئەمەیان بەلاوە بەس نییە. دەیانەوێت لەو دۆخە دەری بهێنن کە بتوانێت بۆ ئێران ببێتە هەناسەیەک. هەر بۆیە ترەمپ هەڕەشەی لە بەربژێری سەرۆکوەزیرانی شیعە کرد. ئەگەر ڕێککەوتنێک ڕوونەدات، ئەوا هەندێک دەستوەردان لە عێراقیش ڕوودەدات. لە عێراقێک کە ئارام بووەتەوە، لەوانەیە هاوسەنگییە سیاسییەکان بگۆڕێن. یەکەم مەیلی ئەمریکا لەوانەیە بە لای دروستکردنی ڕێککەوتنێکدا بێت. هەر خۆی دیارە کە مالیکی دەستی لە بوونە سەرۆکوەزیر هەڵگرتووە.
ئەمە ئاشکرا بووە. ئەو زەمینەیە نەماوە کە ڕژێمی هەنووکەیی ئێران لەسەر پێ بمێنێتەوە. ئەم ڕژێمە یان دەگۆڕێت، یان دەڕووخێت. ئەگەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی نەکات، ڕوونە کە ئەنجامەکان بەم شێوەیە دەبن. بەڵام دەسەڵاتێک کە پشت بە دەستوەردانی دەرەوە دەبەستێت، لەوانەیە قەیران و کێشەکان قورستر بکات. هەر خۆی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە هەندێک ڕووەوە لەبەر ئەمە ڕاگیرا. ئەو سەرهەڵدانانەی کە دواتر ڕوویاندا، ڕژێمیان لاوازتر کرد. ئەگەرچی دەستوەردان وایکرد لە سەرهەڵدانی گەلدا سستبوونێکیش بێتە کایەوە، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت کە ڕژێم بەهێز بووە.
ئیسرائیل و ئەمریکا لایەنگری ئەمەن کە ئێران یەکپارچە بمێنێتەوە بەڵام ڕژێم بگۆڕێت. ئێرانێکی یەکپارچە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە گونجاو دەبینن. کاتێک ڕژێم ڕووخا، ئێران دابەشیش نەبێت، دامەزرانی سیستەمێکی دیموکراتیک کە پشت بە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکان دەبەستێت بێگومان دادەمەزرێت. لە ڕاستیدا ئێران خاوەن مێژوویەکی سیاسییە کە پشت بە خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێیەکان دەبەستێت. هەمیشەییبوونی ئەمە لە ئێران، ئارامی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. کام هێز ئەمە دەکات، بە پێی کات ئەوە دەبینین. مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێژووی ژیانە لەناو خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیدا. فیتنەی نەتەوەپەرستی لە جیهانی ڕۆژئاواوە هاتووە. ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە قەیراندا بێت، هۆکارێکی گرنگی ئەمە ئەوەیە کە تێڕوانینی دەوڵەت نەتەوە کە لە دژی مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەکو فیتنەیەک لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراوە. هەرخۆی سیاسەتی بەناوبانگی ‘پەرتکە و زاڵبە’ش پشت بەم تێڕوانینە تاکڕەوەی دەوڵەت-نەتەوە دەبەستێت.
ئەگەر تورکیا خۆی نەگۆڕێت، بە تێڕوانینی نەتەوەی دیموکراتیک دەبێتە سیستەمێکی دیموکراتیک کە پشت بە خوشک-برایەتیی تورک و کورد دەبەستێت، ناتوانێت خۆی لە ئاستی ئەو وڵاتە ڕزگار بکات کە بەردەوام لە قەیراندایە و بەکاردەهێنرێت. ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی کە سوود لە دۆخەکە وەردەگرن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان لەوانەیە لە تورکیا دیزاینێک بکەن. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لاوازترین ڕوویەتی. چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە بۆ تورکیا دەبێتە کێشەیەکی ڕاستەقینەی هەمیشەییبوون. دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە ئەم مەترسییانە دەبینێت کە دەشێت بێتە بەردەمی؛ بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانێت ئیرادەی ئەو سیاسەتەی کورد نیشان بدات کە تاوەکو ئێستا درێژەی پێ دەدات، وەکو ئێوەش ئاماژەتان پێ کرد، ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
ئایا شۆڕشی ڕۆژئاوا بەو هۆکارە ڕووبەڕووی هێرش بووەوە کە لە هەموو ڕوویەکەوە بووبووە ڕێگر لەبەردەم ئەم شەڕی دابەشکارییە نوێیە؟ هۆکارەکانی چین؟ کوردان کە لە سەدەی نوێدا بوونەتە ئەکتەرێک، ئایا بەسەریاندا دەسەپێنرێت کە پەراوێز بخرێن؟ پلانێکی لەم شێوەیە ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە؟ دەتانەوێت چی بە هێزەکانی کورد و گەلان بڵێن؟ لەم مژارەدا پێگەی ڕێبەر ئاپۆ چییە؟
ئەو دۆخەی کە زۆرترین زەحمەتی بۆ چارەسەریی پرسی کورد دروستدەکات، دابەشبوونیەتی بۆ چوار بەش لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا. لە هەموو ئەم وڵاتانە کورد دووەم گەورەترین گرووپی ئەتنیکییە. لە ئێران ئازەری هەن، بەڵام لەبەرئەوەی شیعەیی لە لای ئەوان ناسنامەی سەرەکییە، لایەنە نەتەوەییەکەیان هێندە بەرجەستە نابێت، یان ڕێگە بە بەرجەستەبوون نادات. ئەم چوار دەوڵەتە لە سەدەی ٢٠ـدا بە تێڕوانینی دەوڵەت نەتەوە شێوەیان گرت. ئەگەرچی توندترین مامەڵە دژی بوونی کورد لە تورکیاش نیشاندرابێت، لە سێ وڵاتەکەی تریش سیاسەتی سەروەریپەرستی لەسەر کورد پەیڕەوکرا. لەبەرئەوەی پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو هاوسەنگییەکانی جیهاندا زۆر گرنگە، هێزە نێونەتەوەییەکانیش لە ڕووی سیاسەتەکانی خۆیانەوە دەوڵەتانیان کردە بنەما. ئەمە خۆی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا ڕێگر (هاندیکاپ)ـێکی گرنگە. لە لایەکی ترەوە ئەگەرچی چوار دەوڵەت لە مژاری جیاوازدا دژبەری یەکتریش بن، کاتێک مژار دەبێتە کورد، دەتوانن سیاسەتێکی هاوبەش بخوڵقێنن. ئەم ڕاستییە ئەوە دەخاتە ڕوو کە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد ڕووبەڕووی چ زۆر و زەحمەتییەک دەبێتەوە. کاتێک بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد درێژە بە تێکۆشان درا، پێویستە ئەمانە ببینرێن و بەم پێیە سیاسەت پەیڕەو بکرێت. بۆئەوەی ئەم ڕێگر(هاندیکاپ)ـانەی کە باسمان کرد نەهێڵرێن، تێکۆشانێکی بەهێز و بە بڕیار، هەروەها وەستایی و زەریفیی سیاسی پێویستە. هەربۆیە لە پرسی کورددا گوتاری دژبەری و دوژمنایەتی ئەنجامی نابێت. بە کورتی پرسی کورد بە هیچ پرسێکی تری هاوشێوە لە جیهان بەراورد ناکرێت. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بەهۆی کەم یان زۆری داخوازییەکانەوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی دەوڵەت نەتەوەن و ئامانج لێیان لەناوبردنی کوردە. ئەگەر ئەو سیاسەتانەی دژی کورد پەیڕەودەکرێن لەگەڵ کێشەیەکی هاوشێوە لە ناوچەیەکی تری جیهان وەکو یەک ببینرێن، ئەمە هەم دەبێتە خەیاڵ، هەم ناتوانێت سیاسەتەکانی چارەسەری بەرهەمبهێنێت.
هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هەم ڕەهەندی نێونەتەوەییان هەیە و هەم ڕەهەندی هەرێمی. هێزە نێونەتەوەییەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بەردەوامبوونی پەیوەندییە تاکتیکییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا کە لە دژی داعش هاوبەشییان لەگەڵدا کرد، لە بەرژەوەندییاندا نییە، پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا و هەندێک وڵاتی عەرەبی زیاتر لە بەرژەوەندییان بینی. لە بابەتی ڕووخاندنی ئەسەد لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتن. بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلیان لەبەرچاو گرت. لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ ئەم وڵاتانە سیاسەتی هاوسەنگییە سیاسییە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەدەبرد، چاوی خۆیان لە هێرشەکانی هەتەشە نوقاند. هێزە نێونەتەوەییەکان لەبەر ئەوەی دەوڵەتان بۆ خۆیان دەکەنە بنەما، خاوەنی سیاسەتێکی یەکگرتوویان بۆ کورد نییە. بۆیە بەرژەوەندی و هاوسەنگییەکی دیکەی سیاسییان هەڵبژارد. خۆی کۆماری تورکیا و هەتەشە هەمیشە پلانی ئەوە دادەنێن کە ئەمە جێبەجێ بکەن و دەست بە هێرش بکەن. بەو پەیمانەی کە باشووری سووریای بۆ ئیسرائیل جێهێشت، دەستیان بە هێرش کرد.
لە ڕاستیدا هەموو کەس دەبینێت کە کورد خاوەنی ئەو هێزەن کە دەتوانن کاریگەری لەسەر زۆر بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەو تێکۆشانەی بە دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کوردی لە ڕووی سیاسییەوە کردووەتە هێزێکی زۆر کاریگەر. کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دەکەن. تەڤگەری ئازادیی کورد سیاسەتەکانی “پەرت بکە و زاڵ بە”ـی تێپەڕاند و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنەمای خوشک-برایەتیی گەلان کردە ئامانجی خۆی. ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەندێک هێزدا نییە. ئەو ڕۆڵەی لە سەدەی ٢٠دا بە کوردان درابوو ئەوە بوو کە کورد ببنە سەرچاوەی ناسەقامگیری. هێزە هەژموونگەراکان بەم شێوەیە وڵاتانی ناوچەکەیان لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دەهێشتەوە. ئەم سیاسەتەی سەدەی ٢٠ کەمێک گورزی خواردبێت، یان کون بووبێت، هێشتا دەستبەرداری نابن. ناتوانن کوردان پشتگوێ بخەن؛ بەڵام چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی ڕێککەوتنی دیموکراتیکی دوور لە شەڕ لە بەرژەوەندیی خۆیان نابینن، سیاسەتێکی کوردیی یەکگرتوو بەڕێوەنابەن. بەڵام لەبەر ئەوەی کورد ئەمڕۆ لە هەموو بەشەکانی کوردستان گۆڕدراون بۆ هێزێکی گرنگ، جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە سەخت بووە. ئەگەر کورد ئەو تێکۆشانەی تا ئێستا بەڕێوەی دەبات بەبێ وەستان بەردەوام بێت و هێزە سیاسییەکانی کورد دەست لە سیاسەتی ئاستەنگکردنی یەکتر یان سەروەریی خۆیان بەسەر ئەوی دیکەدا هەڵگرن، ئەم سیاسەتە لەناو دەچێت و کورد لە هەر وڵاتێک بن دەبنە خاوەن ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک. پڕۆژەی چارەسەریی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆش کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، پڕۆژەی لەناوبردنی سیاسەتی هێزە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکانە لەسەر کوردان. بە نزیکبوونەوەی تەسکبینانەی نەتەوەپەرستی ئەم سیاسەتە ناتوانرێت لەناو ببرێت، بە نزیکبوونەوەی بەم شێوەیە کورد ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی قڕکردن دەبنەوە. لەبەر ئەوەی یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتیک کە بێتە دی هێز دەداتە تێکۆشانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکان، کێشەی ئازادی و مانەوەی کوردان لە چوار بەش چارەسەر دەبێت.
ڕێبەر ئاپۆ هەم بۆ کوردان عەقڵێکی ستراتیژی دەخاتە ڕوو، هەمیش دیموکراتیکبوونی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. یەکگرتنەوەی پێداویستیی دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەقڵی کوردان نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی دەستپێکردنێکی نوێ. ئەو عەقڵەی ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتییە ڕوو، لە هەمان کاتدا سەدەی ٢١ دەکاتە سەدەی کوردان. ڕاپەڕینی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و دەنگدانەوەی ئەم ڕاپەڕینە لەناو ڕای گشتیی جیهانیدا، جارێکی تر نیشانی دا کە هێزی بەدیهێنانی ئازادی لای گەلی کورد چەندە بەرزە.
ئایا هەڕەشە لەسەر پارادایمی ڕێبەرێتی هەیە؟ ئایا ئەم هێرشانەی کە هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکانی تێدایە ئامانجیان بێکاریگەرکردنی پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە؟ یان تەنها هێرش دەکرێتە سەر ئیرادەی کوردان؟ شانبەشانی پەیوەندیی ئەم ئیرادەیە بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە، دەتوانن ئەم هێرشانە هەڵسەنگێنن؟
پارادایمی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک، دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژنی ڕێبەر ئاپۆ پارادایمێکە دژی دەسەڵاتداری، دەوڵەت و کاپیتالیزم. بێگومان ئەوانەی بەسەر گەلانەوە خاوەنی دەسەڵاتداریی ئۆتۆریتەرن و هێزە مۆدێرنیستە سەرمایەدارەکان کە مرۆڤایەتییان گەیاندووەتە لێواری تیاچوون، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکەن؛ دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنی. بۆیە نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە هەر شوێنێک ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیی کورد تێیدا کاریگەر بن، هەڵوێستێک دژی ئەم پارادایمە نیشان دەدەن. ژنان، گەنجان، ڕەنجدەران و کۆمەڵگە ژێردەستەکان هەموو سەر بۆ مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم دانانەوێنن کە سروشت تاڵان دەکات و فشار وەک ئامرازێک دژی کۆمەڵگەکان بەکاردەهێنێت. لە هەموو شوێنێکی جیهان خاوەن مەیلە جیاوازە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان دژی ئەم هێزانەی دژ بە کۆمەڵگە و سروشتن تێکۆشان بەڕێوەدەبەن. تەڤگەری ئێمە کە لەم بابەتەدا خاوەنی تیۆری و ئایدۆلۆژیایەکی سیستماتیکە، بێگومان هێزێکە کە کاریگەرترین تێکۆشان بەڕێوەدەبات. هەڵبژاردەی ئێمە ئەوەیە کە ئەم تێکۆشانە نەک لە بەرە و ڕووبەڕوو بە شەڕکردن، بەڵکو لە کەشوهەوایەکی دیموکراتیکدا بەڕێوەببەین. لایەنێکی تێکۆشانی ئێمەش گەیشتنە بەم زەمینەی تێکۆشانە. گەل و کۆمەڵگە ژێردەستەکان تێکۆشانی خۆیان زۆرتر و کاریگەرتر لەناو ئەم مەرجانەدا بەڕێوەدەبەن. لە هەر چوار بەشی کوردستان ئێمە شێوازێکی بەم چەشنەی تێکۆشان دەکەینە ئامانج و بنەما. بۆ فیدراسیۆنی باشووری کوردستانیش ئێمە تێکۆشانێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی بەم شێوەیە بە ڕاست دەبینین.
لایەنێکی گرنگی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریاش هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک. دەسەڵاتداری دیمەشق و هەتەشە بێگومان سیستەمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریایان قبوڵ نەدەکرد و پەسەندیان نەدەکرد. ئاشکرا بوو کە لەگەڵ باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەوتنە ناو گرژییەکەوە. ئایا ئەمە گرژییەک دەبوو لەناو کەشوهەوایەکی دیموکراتیکدا، یان بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی توندوتیژی دەبوو؟ لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی دیمەشق خاوەنی عەقڵییەتێکی دیموکراتیک نین، شتێکی شاراوە نەبوو کە توندوتیژی بەکاردەهێنن. بێگومان زەمینە و هێزی ئەوەیان نەبوو کە ئەمە بە تەنها بکەن. دوای ئەوەی ڕەزامەندیی هێزە نێونەتەوەییەکان و پشتیوانیی وڵاتانی ناوچەکەیان وەرگرت، هەم بۆ لەناوبردنی ئەم سیستەمە دیموکراتیکە و هەم بۆ شکاندنی ئیرادەی کورد کەوتنە جموجۆڵەوە.
ئاشکرایە کە هێرش کرایە سەر سیستەمە دیموکراتیکەکەی ڕۆژئاوا. تۆم باراک وتی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراسی نابێت، پاشایەتی گونجاوە. ئەمە سووکایەتییەکە بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایستەی دیموکراسی نابینێت. بەم قسەیە هەڕەشە لە باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا کرا. کاتێک پاشایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار بکرێت، بێگومان سیستەمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر پاشایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستەمە نادیموکراتیکەکان وەک مەترسی دەبینرێت. ئەم سیستەمە دیموکراتیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە سیستەمی کاپیتالیزمی مۆدێرنیست دەستنیشانی دەکات، بە واتای مەترسی دێت. یەکێک لە ئامانجەکانی هێرش بۆ سەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی پاکتاوکردنی ئەو مەترسییەیە لەسەر خۆیان.
تورکیا تا ئێستا دیموکراتیکبوونی لەسەر مانەوەی وەک هەڕەشەیەک دەبینی. بەو بیانووەی کە کورد سوودی لێ وەردەگرن هەنگاوەکانی دیموکراتیکبوونی نەنا. دیموکراسی وەک ئەنجامێکی سروشتی بە واتای دیموکراسیی خۆجێیی دێت؛ لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی خۆجێیی. لەبەر ئەمەش تورکیا مەرجی خۆسەریی خۆجێیی ئەورووپا قبوڵ ناکات. وڵاتێک نییە دیموکراتیک بێت بەڵام خۆسەریی ناسنامە جیاوازەکان و خۆبەڕێوەبەری قبوڵ نەکات. ئەگەر دیموکراسی بەدیهاتنی ئیرادەی گەل بێت، ئەوا ئیرادەی خۆجێییش قبوڵ دەکرێت. تورکیا لە شارەوانییەکانی شارەکان لەژێر دەسەڵاتی پارێزگار و لە شارۆچکەکانیش لەژێر دەسەڵاتی قایمقام لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، شتێکی زیاترە. شارەوانی تەنها ئەو گۆڕەپانی کارە نییە کە ڕێگاوبان، ئاو، ئاوەڕۆ و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دەکەن.
نە هێزەکانی هاوپەیمانان، نە هەتەشە و نە تورکیا سیستەمی خۆبەڕێوەبەرییان قبوڵ نەکرد کە لە ڕۆژئاوا و باکوور-ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا. دیموکراسی وەک سیستەمێکی بەڕێوەبردن دەبینن کە سیستەمەکەی ئەوان بێکاریگەر بکات. بۆیە ویستیان بە شکاندنی ئیرادەی کوردان سیستەمی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پاکتاو بکەن. لەبەر ئەوەی ئەم سیستەمە پشت بە کۆمەڵگە عەرەب، سریان، چەرکەس، تورکمان و ئەرمەنەکان دەبەستێت، لەلایەن ئیرادەی کوردی شۆڕشی ڕۆژئاواوە ئافرێندراوە. بۆیە هێرش بۆ سەر ئەم ئیرادە کوردییە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. بینییان کە ئەگەر ئەم پارادایمە لە سووریا کاریگەر بێت، ئەوا لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەبێتەوە.
لە وەها دۆخێکدا دەگوترێت، پارادایمەکە لەناوبراوە، بیرۆکەی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک و یەکگرتووی گەلان، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک داڕماوە و بووە فانتازیایەک لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا. چۆن سەیری ئەم هەڵسەنگاندنە دەکەیت؟
وتنی ئەوەی کە پارادایمی ئیکۆلۆژی، دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژنی ڕێبەر ئاپۆ و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک داڕماوە، بەمانای گوتنی مرۆڤایەتی پێویستی بە سەرمایەدارییە، سیستەمێکی داگیرکارییە. فوکۆیاما گوتی، مێژوو کۆتایی هاتووە. بە واتایەکی تر دەگوترا، دوا سیستەم بۆ مرۆڤایەتی نیولیبراڵیزمە، لە دەرەوەی ئەمە هیچ سیستەمێکی تری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە. دوای ئەوەی سۆسیالیزمی بونیادنراو بەهۆی هەڵەی ناوخۆییەوە داڕما، ئەمە وەک سەرکەوتنی سەرمایەداری سەیر دەکرا.
ئەگەر ئەمڕۆ سیستەمێکی داڕماو هەبێت ئەوا سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەسەڵاتخواز و دەوڵەتپەرەستە. ئەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی ئێستا ڕووبەڕووی بووەتەوە و ئەو گێژاوەی ئێستا لە جیهاندا هەیە، ئایا وا ناکەن مرۆڤایەتی بزانێت کە دەبێت ئەم سیستەمە هەڵبوەشێنرێتەوە؟ ئەوانەی دەڵێن بیرۆکەی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیکی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داڕما، لە پرۆسەی داڕماندان. ئەوان کەسان و بازنەیەکن کە کۆیلەی بیرۆکەی هەندێکن، بێبەشن لە بیرۆکەی ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد. داڕمانی ئەم پارادایمە لە لایەک، ئەم فکرە سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە هیوایەکی نوێیە بۆ مرۆڤایەتی، کە مرۆڤایەتی زیاتر و زیاتر قبوڵ دەکات. ئەمانە قسەی دیماگۆژیکی ئەو بازنەیانەن کە جگە لە سیستەمی نەتەوەپەرەستی و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هیچ سیستەمێکی تر ناناسن. لە ڕاستیدا دژایەتییان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەمە دەڵێت. ئەمانە قسەی ئەو کەسانەن کە لە ناو ئەو پارانۆیایەدان کە ٥٠ ساڵە هەوڵی دۆزینەوەی کەموکوڕییەک لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەدەن، بەڵام گەل، ڕەنجدەر، ژن، گەنجان و هێزەکانی گەڕان بەدوای ئازادیدا ئەم پارادایمە وەک هیوا نابینن.
ئەم پارادایمە ١٤ ساڵە بە کەمکوڕییەکانییەوە لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پراکتیک جێبەجێکراوە. جگە لە تورکیا و نەیارانی ڕێبەرێتی، بووە بە مۆدێلێک کە لە جیهاندا نمونەی نییە. سەلمێنراوە کە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئەم پارادایمە دەتوانرێت بنیات بنرێت. لە ڕۆژئاوا کەموکوڕی لە پراکتیکدا هەیە کە دەکرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت و ئێمەش ڕەخنەیان لێدەگرین. بەڵام سیستەمێکی ژیانی کۆمەڵایەتی دامەزرا. ژنان ژیانێکی ئازادیان بەدەستهێناوە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بەدەست نەهاتووە. کورد، عەرەب، چەرکەس، سریانی، ئەرمەنی، تورکمان بەبێ شەڕی یەکتر، بە خوشک-برایەتی دەژین. هەرچەندە ئەم سیستەمە بە هێرشی هێزە نێونەتەوەییەکان، هێزەکانی دوژمنی کورد و دیموکراسی گوزری بەرکەوتووە، بەڵام ناتوانرێت بگوترێت ئەم بیرۆکە و پڕۆژەیە داڕماوە. تەنها هەندێک گۆڕەپان کە مەبەست لێی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بوو، لەلایەن دوژمنانی دیموکراسیەوە داگیرکران.
ئەوەش زانراوە کە بیرۆکەکانی حەزرەتی عیسا، محەمەدیش وەک خەونێک سەیر دەکران و دەیانویست وازیان لێبهێنرێت. لە بەرانبەر سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە خەریکە مرۆڤایەتی لەناو دەبات، پێشکەش نەکردنی یۆتۆپیایەک کە ببێتە هیوایەک بۆ مرۆڤایەتی، واتە قبوڵکردنی مردن بە ناوی مرۆڤایەتییەوە. مرۆڤایەتی نەمردووە. پارادایمی ڕێبەرێتی بانگەوازێکە کە نیشانی دەدات مرۆڤایەتی نەمردووە، مەرجەکانی مرۆڤبوون لەگەڵ بەها دیموکراتیکە کۆمەڵایەتییەکاندا زیندوو دەکاتەوە. ئەمە پڕۆژەیەکی ڕزگارییە. مرۆڤایەتی ناتوانێت سیستەمی دەسەڵاتی ئێستای دەوڵەتپەرەستی یان سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری قبوڵ بکات. ئەگەر بیرۆکە و سیستەمێکی داڕماو هەبێت، ئەوا سیستەمی دەوڵەتپەرەستی دەسەڵاتداری پیاوسالارییە. سیستەم دەژی، ژیان دەبەخشێت، ئاییندەی مرۆڤایەتی بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت.
ئایا دەکرێت بگوترێت گەل ناتوانن پێکەوە بژین، تەنها دەتوانن ببنە دوژمن و یەکتر بکوژن؟ ئایا دەکرێت بگوترێت سیستەمێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک درووست نابێت؟ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانکەی مرۆڤایەتییە؛ زۆر بەها لێرەوە بۆ جیهان بڵاوبوونەتەوە. پاشان دۆگماتیزم سەریهەڵدا. لەسەرووی ئەمەشەوە ئەگەر بوترێت هیچ شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەدی نایەت، ئەمە بە مانای پشتگوێخستنی بەها مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. ئەمە ڕوانگەیەکی ڕۆژهەڵاتناسییە، واتە ڕوانگەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بیرۆکەیەکی ڕۆژئاواییەوە. ڕێبەر ئاپۆ پڕۆژەیەکی ڕزگاریی بۆ هەموو مرۆڤایەتی پێشکەش دەکات، بەڵام وەک دەڵێن ‘لە هەمان گوند پێغەمبەر نایەت’، دەوترێت کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن پارادایمێکی ڕزگاری لەو شێوەیە بخەنەڕوو. هەڵە نییە ئەوکەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر پارادایمی ڕێبەرێتی بەمجۆرە پێناسە بکەین. لەبری ستایشکردن و پاڵپشتیکردنی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و ئەو بەهایانەی کە دامەزراندوویانە، نیشاندانی ڕێبازی پێچەوانە بەو مانایەیە کە ‘مرۆڤایەتی ناتوانێت بە شێوەیەکی برایانە و دیموکراسی و ئازاد بژی’. لە سەردەمێکدا کەسانی خاوەن بیرکردنەوەی ڕاستڕەو و فاشیستی دەیانگوت سروشتی مرۆڤ زۆر تاکگەراییە، ناتوانێت سیستەمێکی سۆسیالیستی لەو شێوەیە بنیات بنێت. ڕوونە ئەوانەی لە پارادایمی ڕێبەرێتییدا بەدوای کەموکوڕییەکدا دەگەڕێن، لە هەمان هەڵەدادان. بە کورتی ئەم پارادایمە و پڕۆژەکەی داڕماوە؛ بە پێچەوانەوە زیاتر گەشە دەکات و گەل خاوەندارێتی لێ دەکەن.
بەشی دووەمی:
“دوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا-سووریا و بەتایبەت دوای خۆکشانەوەی قەسەدە لە ڕەقە و تەبقە، هەندێک بازنە هۆکاری کشانەوەکەیان بە ڕەخنەکردن و تۆمەتبارکردنی نەتەوەی دیموکراتیک لێکدایەوە. مشتومڕێکیان دەستپێکرد گوایە پارادایمەکە یەکێتی کوردان لاواز دەکات و دوورە لە واقعی ڕۆژئاواوە، لەم ڕووەوە چی ئەڵێن؟
چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک بە تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرمانە، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گیرۆدەی شەڕی ئەتنیکی و ئاینییە تاکە ڕێگەی چارەسەرییە. داخۆ بەدەر لەمە چی فۆرمولەیەکی دیکە هەیە بتوانێ ڕێگری لەم شەڕانە بکات؟ ئەورووپا جوگرافیایەکە کە زۆرترین سەختی و دەردەسەری بەدەست شەڕی ئەتنیکی و ئاینیەوە کێشا، دەبینین بە شێوەژیانێک کە نزیکە لە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆوە دۆخێک ڕەخسێندرا کە پێکهاتە ئەتنیکی و ئاینییە جیاوازەکان لە ناو ئاشتییدا پێکەوە دەژین. مرۆڤ دەتوانێت ڕەخنەی زۆر لە ئەورووپا و مۆدێرنێتەی سەرمایەداری بگرێت؛ بەڵام شێوەژیانی پێکەوەیی کۆمەڵگەی ئاینی و ئەتنیکییە جیاوازەکان گرنگترین دەستکەوتی ئەورووپایە.
کورد لە بنەڕەتدا دەتوانێت لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنەوە بوونی خۆی مسۆگەر بکات
هەروەها ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی ١٤ ساڵ بە تێگەیشتنی نەتەوەیەکی دیموکراتیکی پێکەوە ژیاون. عەرەبەکان لە زۆر ناوچەی سووریاوە لە شەڕەکان هەڵهاتن و چوونە ناو ناوچەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە. ئەم پرۆژەیە پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی سووریاش بوو. چونکە کورد لە بنەڕەتدا دەتوانێت لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنەوە بوونی خۆی لەناو هەر وڵاتێکدا مسۆگەر بکات. وڵاتانی نادیموکراسی هەمیشە هەڕەشەن بۆ سەر کورد. لەبری شەڕ، بەدواداچوون بۆ چارەسەرێک کە لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردن بێت، ڕاستترین و پێویستترین ستراتیژە بۆ کورد.
ئەگەر کورد و عەرەب و ئاشووری و گەلانی دیکە پێکەوە سیستمێکی دیموکراسییان لە سووریا دانەمەزراندبایە، هەر زوو ناسیۆنالیزمی عەرەبی هەڵدەگیرسا و شەڕی کورد و عەرەب دەستی پێ دەکرد. ڕژێمی بەعسیش هەوڵی هاوشێوەی دابوو بەڵام نەیتوانی ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەگەر زلهێزە نێونەتەوەییەکان سیاسەتی ڕێگەدان بە سەربوونی هەتەشەیان بۆ سووریا بەڕێوەنەبردایە و تورکیاش سیاسەتی دزەکردنی پەیڕەو نەکردبایە، عەرەب و کورد پێکەوە دەژیان و دەبوونە بناغەی سووریایەکی دیموکراتیک. لە بارودۆخی دەستێوەردان و دزەکردنی دەرەکیدا، کشانەوەی هێزەکانی قەسەدە لە ڕەقە و تەبقە شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو. هێزێک کە خوشک-برایەتی گەلان و تێگەیشتنی نەتەوەیەکی دیموکراسی بپارێزێت، دەبوو ئەو ئیستفزازانەی کە هەوڵی دەستپێکردنی شەڕی کورد-عەرەبیان دەدا، پووچەڵ بکردایەتەوە و ئەوەش کرا.
پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک پڕۆژەیەکی مێژووییە
ڕەخنە لە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بەڕاستی پاشڤەرۆییە. بۆ ئەو گەلانەی لە سنووری یەک دەوڵەتدا دەژین و دراوسێن، هیچ ڕێبازێکی دروستتر لەمە نییە. لە ڕاستیدا پێویست ناکات وەڵامی ئەو کەسانە بدرێتەوە کە ڕەخنە لە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک دەگرن. بەڵام بەو پێیەی هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر هەستی بەشێک لە گەلەکەمان دروست بکەن، ئێمە ناچارین هەندێک شت بڵێین. نەتەوەیەکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە چەندین باوەڕ و ناسنامە پێکهاتووە، پڕۆژەی ژیانی خوشک-برایەتی و ئاشتییە. لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بڕاواداری و ناسنامەی هەر کەسێک دامەزراوە. هەمووان بە شوناس و کولتوور و حوکمڕانی خۆیان پێکەوە دەژین. زۆر گرنگە ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکرێت. بۆیە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک پڕۆژەیەکی مێژووییە.
هەڵگرانی دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک بەرگریکاری یەکڕیزی کوردانن
ئەو قسانەی کە دەڵێت ‘دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک یەکگرتوویی کوردی لاواز کردووە’ بیرۆکەیەکی هەڵەیە. ئەوانەی هەڵگری دیدگای نەتەوەی دیموکراتیکن، هەمیشە بە توندی بەرگری لە یەکڕیزی نێوان کورد دەکەن. چونکە فۆرموولەی دیموکراتیکی بۆ یەکگرتوویی کورد پێویستە. وەک چۆن ئایدۆلۆژیا و تێگەیشتنی نادیموکراسی گەلان دابەش دەکات، هەمان شێوە ناشتوانێت یەکڕیزی کورد بەدەست بهێنێت؛ کێشە لە نێوان کورداندا دروست دەکات. شەڕی کورد بە هۆی ئایدۆلۆژیای دیموکراتیکییەوە ڕوونادات. بەپێچەوانەوە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم کە هەوڵ دەدات هەموو ژینگەیەک کۆنترۆڵ بکات و هەموو کورد بخاتە ژێر دەسەڵاتی هێزێکی پاوانخوازەوە، ڕێگری لە یەکگرتوویی کورد دەکات. تەڤگەری ئازادیی (پەکەکە) بایەخ بە چارەسەری خوشک-برایەتی لەگەڵ گەلان دەدات، بەڵام مەیلی ناسیۆنالیستی گرنگی بە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە دەدات.
لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ تورکیا هەندێک لایەن یەکێتی نەتەوەییان بە گونجاو نەزانی!
گەر بە شێوەیەکی مێژوویی و بابەتیانە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری نەبوونی یەکگرتوویی کورد بکرێت، دەبینرێت هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵی هەژموونی پاوانخوازانە یان کاریگەریی هێزە دەرەکییەکان. پەیوەست بە کاری یەکێتی نەتەوەیی، لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرپرسێکی هێزێکی نێونەتەوەیی کە بە کاروبار و سیاسەتکردنی کوردانەوە پەیوەندیدارە گوتی، لەم بارودۆخەدا کۆنگرەی نەتەوەیی بەپێی خواستەکانمان بە گونجاوی خۆمانی نابینین، خودی خۆی ئەمەی گوت. لە لایەکی ترەوە کاتێک شەڕ لەگەڵ تورکیا هاتە ڕۆژەڤەوە، هەندێک لایەن بە گونجاویان نەزانی کە کاری یەکێتی نەتەوەیی بۆ خۆیان ئەنجام بدەن. مەسەلەی ئەوەی کە بۆچی کورد یەکگرتوو نەبووە و ناتوانرێت یەکگرتوو بێت، مەسەلەیەکی دوور و درێژە. لە سەردەمێکدا کە گەلەکەمان یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خۆی بەدەست هێناوە، دروست نییە ئەمە لە ڕۆژەڤدابێت.
تێکۆشانی ٥٠ ساڵە هەستی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێوان هەر چوارپارچەکەی ئافراند
تەڤگەرمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان خۆی بەڕێکخستن کرد و کاریگەری دانا. هەموو ئەو هەستانەی ڕاماڵی کە بەهۆیی سنووری نێوان پارچەکانەوە لە ئارادایە و پەرەی بە هەستی نەتەوەیی دا. کێ نزیکایەتی هەستی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێوان هەر چوارپارچەکەی ئافراند؟ کێ لە ڕووی ڕێکخستنییەوە ئەمەی دامەزراندووە؟ بێگومان سەدەیەک لە تێکۆشانی بە دوای ئازادییدا لە ئارادایە، بەڵام هەموو کەسێک دەزانێت لە ناو ٥٠ ساڵی کۆتاییدا لەهەر چوار پارچەی کوردستان ئەمە چۆن بەهێز بوو. سەرەتا درووشمی “باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات یەک وڵاتە” بەرزکرایەوە. لە ئێستادا درووشمی “کورد یەکە” بەرزدەکرێتەوە. قسەگەلێک کە دەڵێت چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک کە لەم ٢٠ ساڵەی کۆتاییدا وەک پرۆژەیەک پەرەمان پێداوە یەکێتی کوردان لاواز دەکات قسەی پروپوچ و بێ مانایە. بە پێچەوانی ئەمەوە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا زیاتر لێگەڕینی یەکێتی کوردان پێشکەوت، گەل ئەم ڕاستییە ئەزانن. کۆمەڵگەمان بە سەرچاوەی کێشەکانی نێوان هیزە سیاسییەکان دەزانێت، بۆیە ناتوانرێت بە وشەی دیماگۆژی و چەواشەکارانە ڕاستییەکان بشوێندرێت. یەکێتی کوردان بە قسەگەلی لەم شێوەیە لاواز دەبێت، ئەوانەی ئەم پاگەندەیە دەکەن هیچ بیریکێیان لای یەکێتی نەتەوەیی نییە. بەشێک لە هێرشەکان بۆسەر تەڤگەر و ڕێبەرێتیمانە، بەڵام ئەم بازنانە ناتوانن ڕاستییەکان پێچەوانە بکەنەوە، بەری خۆر بە بێژەنگ ناگیرێت.
گوتەی ‘نەتەوەی دیموکراتیک لەگەڵ واقیعی ڕۆژئاوا ناگونجێت’، نەزانییە. نە لە باکوور، نە لە باشوور، نە لە ڕۆژهەڵات، مرۆڤەکان بەقەد ڕۆژئاوا تێکەڵ نین. لە دێرک، قامیشلۆ، حەسەکە، سەرێکانی، هەروەها لە دەوروبەری کۆبانێ پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەبدا هەیە. هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی سریانی لە ڕۆژئاوا هەیە. بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیک بە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک پڕۆژەیەکە کە بە باشترین شێوە وەڵامی پێداویستییەکانی ڕۆژئاوا دەداتەوە.
کوردستان دابەشکراوە بەسەر ٤ بەش؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی ئەتنیکی و مەزهەبییەوە دەخورێت و لەناو دەچێت. هەربۆیە چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستە. لە ڕاستیدا ئەم وڕێنە و دیماگۆژییەتە دەرخەری ئەو زیهنەتەییە کە ساڵانێکی دژی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەوەستێتەوە کە دژایەتیکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتخوازییە.
دەگوترێت هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب کە زۆرینەیان کوردن، دەستیپێکرد و تەشەنەی کرد بۆ ڕۆژئاوا و لە هەندێک ناوچەی وەک دێرەزوور و ڕەقە، جیابوونەوەی بەشێک لە هۆزەکانی عەرەب و هێزە چەکدارەکان لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و قەسەدە متمانەی لای کورد شکاندووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو تێزەی ‘کورد نەدەبوو متمانەی بە عەرەب هەبێت’ هێندەی تر بە دەنگێکی بەرزتر دەوترێتەوە. لەلایەکی دیکەوە شەڕی تایبەتی میدیای تورک و ئەو زمانە ژەهراوییەی کە میدیاکان بەکاری دەهێنن، بە دوایین پڕاڤاکسیۆنی ئاڵا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆیان. دوژمنایەتی بەرانبەر کورد پەرەپێدراوە. ڕوونە کە ئەم زمانە گەلان لە دژی یەکتر هاندەدات و خاوەندارێتی لە نەتەوەپەرەستی دەکات. جگە لەوەش لە نێو کورددا وشەی ‘متمانەمان بە تورکیا نییە، متمانەمان بە تورک نییە’یش زیادی کردووە. ئەم دۆخە مەترسیدارە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بەتایبەتی چۆن دەتوانرێت تێکچوونی هەست و متمانەی کورد بە گەلانی دراوسێ چاک بکرێتەوە؟ ئەگەر چاک نەکرێتەوە یان ناتوانرێت چاک بکرێتەوە، لێکەوتەی چی دەبێت؟
شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوا لە تێکۆشانی دژ بە داعش لەگەڵ گەنجانی عەرەب شەڕیان کرد. زیاتر لە هەزار شەهیدی عەرەب هەیە، برینداری شەڕ هەیە. ئێستا لە ڕۆژئاوا گەنجانی عەرەب هەن کە لەناو هێزی سەربازی و لە کایەی کۆمەڵایەتیدا لە تێکۆشاندان. هەمیشە بەپێی هێڵێکی سیاسی-ئایدیۆلۆژی کە چینی دەسەڵاتدار و گەلی لەیەکتر جیاکردۆتەوە، مامەڵەمان کردووە. لەمەودواش نزیکایەتییەکەمانیش بەم شێوەیە دەبێت. ئێمە ئەو بیرۆکە و تێگەیشتنەمان نییە کە لە تورکیادا دەگوترێت ‘هیچ دۆستێکی تورک نییە جگە لە تورک’. ئێستا کورد لە نێو تورک، عەرەب، فارس و گەلانی دیکەدا دۆستی هەیە. لە ڕۆژئاوا ئەنتەرناسیۆناڵیستەکان لەسەرانسەری جیهان شەهیدبوون. شۆڕشگێڕانی تورکیا شەهیدبوون. هەروەها لە دەسکەوتەکان و هێڵی سیاسی-ئایدیۆلۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕەنجیان هەیە. کورد ئێستا مێشکێکی دیموکراسی هەیە. لەم مێشکەدا هیچ دوژمنایەتییەک بەرانبەر بە گەلان بوونی نییە. بێمتمانەیی بەرانبەر بە گەلان نییە. بە تایبەتی ڕێبازی بێمتمانەیی کورد بەرانبەر بە گەلان بوونی نییە. بیری سیاسی گەلان یەک بلۆک نییە. گفتوگۆکانی ئێستا لەسەر دیجیتاڵ میدیا، دەرئەنجامی هەست و سۆز یان لێدوانی هەندێک بازنەیە کە زیان بە کورد دەگەیەنن.
بۆ ڕێگریکردن لە پڕاڤاکسیۆن قەسەدە لە دێرەزوور و ڕەقە و تەبقە کشایەوە. لە کاتی کشانەوەدا لە گۆڕەپانەکاندا هیچ هێرشێک لەلایەن گوندنشینە عەرەبەکانەوە ئەنجام نەدرا. لە ڕەقە هەندێک لایەنگری هەتەشە دوای گەشتنی هێزەکان هێرشیان ئەنجام دا. ساڵانێکە ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە دژی شانەکانی داعش ئەنجام دەدرێن. کارەکتەری هۆزە عەرەبەکان بەباشی ناسراوە. تا ئەو کاتەی هێزەکانی هاوپەیمانان پشتگیرییان لە هەتەشە نەکرد، ڕوانگەیەکی نەرێنییان بەرانبەر بە قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نیشان نەدا. دوای ئەوەی قەسەدە بڕیاری کشانەوەی دا، ڕوون بووەوە کە هۆزەکان پەیوەندی لەگەڵ هەتەشە دادەمەزرێنن. هۆزە عەرەبەکان لە نێو هەڵوێستێکی وادابوون کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەپێی هەڵوێستی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان مامەڵەیان دەکرد. هۆزەکان خۆیان هەمیشە بەو مەیلەدا بوون کە بەپێی نزیکبوونەوە لە هاوسەنگی هێز درێژە بە بوون و ژیانی خۆیان بدەن.
شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوا دەیانویست لەگەڵ گەلی عەرەبدا کاریگەری لەسەر دیموکراتیزەکردنی سووریا دروست بکەن، بەڵام دوای ئەوەی بینیان هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەرانبەر دیموکراتیزەبوون بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە نزیک دەبنەوە، قەسەدە لە گۆڕەپانەکانی عەرەب کشایەوە و لە جوگرافیای ڕۆژئاوا هێڵێکی بەرخۆدانی بنیاتنا. هاوسەنگی سیاسی و ئاستی شەڕ ئەمەی سەپاند. ئەم دۆخە نابێتە هۆی ئەوەی کە ‘نەدەبوو متمانە بە عەرەب بکرایە’. کێشەکە خۆی لە خۆیدا پرسی متمانە یان بێمتمانەیی نییە. ئەو واقیعانەی کە هاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ڕێکخراوەیی دەسەڵات دروستی دەکەن، ڕێبازی خەباتی سیاسی و سەربازی دیاری دەکەن.
ئەرکی دامودەزگا دیموکراتیکەکان و نوێنەرانی سیاسی گەلی کورد ئەوەیە کە لایەنگران و دۆستەکانیان لە نێو گەلانی هەرێمەکەدا زیاد بکەن. بە تایبەتی بەهۆی سیاسەتی قڕکردن و نکۆڵیکرد وڵاتانی هەرێمەکە پێویستی بە هەندێک زیاد کردن هەیە. بۆیە گوتەی ‘عەرەب بەمجۆرەیە، تورک بەمجۆرەیە’ بێمانایە. سەپاندنی شۆڤێنیزم و نەتەوەپەرەستی لەلایەن دەوڵەتانەوە بەسەر کۆمەڵگاکانیاندا. ئەمەمان لە واقیعی تورکیادا بە ڕوونیترین شێوە بینیوە. بینین و تێگەیشتن لەم واقیعانە جیاوازە. سەرکەوتنی گەلانی هەرێمەکە و هەوڵ و سیاسەتی ئازادکردنیان لە دوژمنایەتی بەرانبەر کورد بابەتێکی جیاوازە. گوتاری خوشک-برایەتی کورد-عەرەبی، کورد-تورک و نزیکایەتی ئێمەیە کە تا ئێستا بۆ ئەو گەلانەمان نیشان دا، لەمەودوا بەردەوام دەبێت. ئەنجامنەدانی ئەم کارە لە سەرووی هەموو شتێکەوە نزیکایەتییەکی نابەرپرسیارانەیە بەرانبەر بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد.
ئێمە دەزانین لە تورکیا ناوەندەکانی شەڕی تایبەت دوژمنایەتی بەرانبەر کورد لەناو کۆمەڵگەدا پەرەپێدەدەن. ئەمە سیاسەتێکی سەدە ساڵەیە. ئەمەش بە شێوەیەکی زۆر پلان بۆ داڕێژراو و ڕێکخراو و بە تایبەت لە ماوەی تێکۆشانی ٥٢ ساڵەی ئێمەدا ئەنجام دەدرێت. شەڕی تایبەت لە تورکیا بووە بە سیاسەتی بنەڕەتی واشیکردووە ڕۆژئاوای تورکیا بهێنێتەوە دواوە و بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی تەڤگەری ئازادیی کورد بە ئاسانی درێژە پێ بدات، نەتەوەپەرەستی بە گوڕ دەکات. وایان لێهاتووە لە هەدەپە ناڕەحەتن کە بووە بە پارتێک گوزارشت لە تەواوی تورکیا دەکات. ئەوەی زۆرتر لێی دەترسن ئەوەیە کە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای تورکیا لایەنگر و دۆست پەیدا بکات. لە تورکیا دەبێت خۆمان لە نەتەوەپەرەستی و ئەو سیاسەتانە بەدوور بگرین کە دوژمنایەتی بەرانبەر کورد پەرەپێدەدەن. نابێت ڕێگە بە شەڕی تایبەت بدەین کە نەتەوەپەرەستی بە گوڕ بکات. نەتەوەپەرەستی لەگەڵ خۆییدا دژبەری دەهێنێت، هیچ سوودێکی بۆ گەلان نییە. بەتایبەت بۆ کورد ناشێت.
گوتەی ‘ناتوانرێت متمانە بە تورکيا و تورکەکان بکرێت’ لێدوانێکى گشتيە کە هەمووان دەیدەن. ئەمە نابێت گوتاری ئەو کەسانە بێت کە سیاسەت یان تێکۆشان بەڕێوەدەبەن. شیکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، سیاسەتی ڕاستەقینەش بەو پێیە جێبەجێ دەکرێت. ئێمە دژوارترین و درێژخایەنترین تێکۆشانمان لە دژی دەوڵەتی تورک ئەنجامداوە. ئێمە ئەوانەین کە واقیعی کۆمەڵایەتی تورک، واقیعی دەوڵەتی تورک و سیاسەتەکانی دژ بە کورد دەزانین. شەڕکردن واتە داننان بەو دەسەڵاتەی کە دژی شەڕ دەکەیت. ئەگەر ٥٢ ساڵە ئەم تێکۆشانە بەردەوامە، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەم دانپێدانانە قووڵ و بەرفراوانە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، من فریونادرێم و کەسیش فریو نادەم. چونکە ئەوەی بە باشترین شێوە ڕاستییەکانی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە نێونەتەوەییەکان و سیاسەتەکانی پەیوەست بە کورد دەزانێت ڕێبەر ئاپۆیە. سەرەتا پێویستە گەلەکەمان باش بزانێت کە هەڤاڵانی سەرەتای ڕێبەر ئاپۆ شۆڕشگێڕانی تورک کەمال پیر و حەقی قەراربوون. ئەم دوو هەڤاڵە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە درووستکردنی کارەکتەر و ڕۆحی تێکۆشانی ئازادیخوازیمان. ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بەم دوو هەڤاڵە گوتی، ڕۆحی شاراوەی من بوون. کەمال پێشەنگی بەرخۆدانی زیندان و شەهیدی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ی تەمموزە. سەدان هەڤاڵی تورکمان شەهید بوون. هێشتا بەسەدان هەڤاڵی تورک لە نێو تێکۆشانی ئێمەدان. لە تورکیا بازنەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگ هەیە کە پاڵپشتی خەباتی ئێمەیە بۆ ئازادی، ڕێکخراو و تاکی شۆڕشگێڕ هەیە. بۆیە دەبێت خەڵک دەستبەرداری نزیکایەتی گشتی ‘متمانە بە تورک مەکەن’ هەڵبگرێت و دۆست و هاوپەیمانەکانیان زیاد بکەن. ئەمەیە کە بۆ کورد درووستە و پێویستە بکرێت.
دەیان جار ئاگربەستمان ڕاگەیاندووە و گفتوگۆمان لەگەڵ تورکیا کردووە. تێکۆشانی سیاسی تاکلایەنە بەڕێوە ناچێت. ئاگربەست و دانوستانیش لایەنێکی گرنگی تێکۆشانی سیاسییە. هەموو ئەو هێزانەی تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی و دیموکراتیک بەڕێوەدەبەن، بەو جۆرە پڕۆسەی تێکۆشانەدا تێپەڕیون. ئەم پڕۆسەیە ناتوانرێت لە چوارچێوەی متمانە-بێ متمانەیی ئەنجام بدرێت. ئەمە ناسیاسیترین نزیکایەتییە. سیاسەتێک لەسەر بێمتمانەیی، متمانە بەڕێوەببرێت شتێکی هەڵەیە. لە تێکۆشانی سیاسیدا پێوانێکی لەو جۆرە نییە، یان بەم نزیکایەتییە تێکۆشانی سیاسی بەڕێوە ناچێت. متمانە و بێمتمانەیی دۆخێکە کە بە تێپەڕبوونی کات لە ڕێگەی هەڵوێستەکانەوە دەردەبڕدرێت. ناکرێت بڵێین متمانەم بە ئێوە نییە، نە تێکۆشانێکی سیاسیش بە وتنی متمانەم بە ئێوە نییە، بەڕێوە دەچێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر متمانەش نەبێت، بەهۆی هەلومەرجەوە تێکۆشانی سیاسی و کۆبوونەوە دەکرێت. هەڵەیە کە تێکۆشانی سیاسی ڕاستەوخۆ و تاکلایەنە ببینین؛ ئەمەش بە واتای ئەنجامنەدانی تێکۆشان.
ئێستا لەگەڵ تورکیادا خواستێک پرۆسەیەک بەڕێوە بچێت. هەوڵێک دەدرێت بۆ درووستکردنی دۆخی تێکۆشانی سیاسی دیموکراسی. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دیموکراتیزەبوون و پرسی کورددا هەیە. لە ڕاستیدا دیموکراتیزەبون و ئازادیی سیاسی دیموکراتیک بەدی نایەت تا ڕوانگەیەکی درووست بۆ پرسی کورد نیشان نەدرێت. ئەگەر هەبوونی کورد و کورد لە یاسادا جێگیر نەکرێت و هەبوونیان مسۆگەر نەکرێت و یاسای ئازادی درووست نەکرێت، ئەم پڕۆسە سیاسییە ناتوانێ بەرەوپێش بچێت، لەوانەیە بوەستێت. ڕێبەر ئاپۆ بەهۆی بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرانبەر گەلی کورد و گەلانی تورکیا بەم نزیکایەتییەوە مامەڵە دەکات.
بەکورتی هەڵەیە لەڕووی متمانە و بێمتمانەییەوە سەیری ڕووداوەکان بکەین. بە تایبەتی ئەو گوتەیەی ‘متمانە بەم گەلە نییە’ هەم هەڵەیە و هەم سیاسی نییە. لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیدا زۆر گرنگە بە بەرپرسیارێتی سیاسیەوە مامەڵە بکرێت. مرۆڤ بەو تێگەیشتنەی ‘متمانە بەم گەلە نییە’ ناتوانێت بگاتە هیچ شوێنێک. لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا هیچ شتێکی بەنرخی سیاسی ناگوترێت. لە نزیکایەتی ژیانی خوشک-برایەتی گەلانی دراوسێ بەردەوامین. دراوسێیەتی بژاردەیەک نییە. ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە نزیکایەتییە نەرێنییەکانی گەلانی دراوسێ بەرانبەر بە یەکتر نەهێڵین. بەرپرسیارێتییەکی هاوشێوە بۆ گەلانی دراوسێ و هێزەکانی دیموکراسی هەیە.
دوژمنایەتی بەرانبەر گەلانی دراوسێ یان نەتەوەپەرەستی نزیکایەتییەکی درووست نییە. هەڵوێستێکی درووست نییە. ئێمە وەک مرۆڤ، وەک مرۆڤێک کە بۆ دیموکراسی و ئازادی تێکۆشان دەکەین؛ هەم خۆمان لەم جۆرە بیرۆکە و مەیلە هەڵانە بەدوور دەگرین و هەم هەوڵ دەدەین کۆتایی بەو جۆرە مەیلانە لە کۆمەڵگادا بهێنین. بێگومان گەلەکەمان لە تێکۆشاندا دەهێڵینەوە دژی هەموو جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەک. ئەرکی ئێمەیە گەلێک درووست بکەین کە بۆ ئازادی خۆی تێکۆشان بکات و ئەمە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو دۆخانەی کە لای ئێمە قبوڵ ناکرێت بریتین لە؛ ملکەچبوون بۆ هێزەکانی دژبەری دیموکراسی و ئازادی، نۆکەری و دۆخێک کە بیر لە گەل و وڵاتەکەی نەکاتەوە. پەروەردەکردن و بەرەوپێشبردنی نەتەپەرەستی واتە وەستانەوە بەرانبەر یەکتر. لە دۆخێکی وادا وەک هەمیشە ئەوەی قڕ دەکرێت کورد دەبێت.
بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئەنجامدراون نزیکایەتی هەستاری و ڕەخنەی دەبینین. هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا تۆمەتی پڕۆڤاکسیۆن بە مەبەستی خراپەکاریش هەیە. دەبینین لەم دواییانەدا هەڵمەتێکی چەواشەکاری لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەچووە. بە تایبەتی ئاشکراکردنی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمان لە کاتی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و قۆڕخکردنی هەموو ئەمانە و پاشان ئەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کرا، لە ڕووی کاتەوە سەرنجڕاکێش بوون. هەروەها هەندێک لە بازنەی دەسەڵات ڕایانگەیاند کە قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن بازنە پەیوەندیدارەکانەوە لەبەرچاو ناگیرێت. مەبەست لەم باسانە سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ چییە؟ بە بەراوردکردنی ڕێبەر ئاپۆ و ئیدارەی ڕۆژئاوا مەبەست لێی چییە؟
ئەم جۆرە گوتارە ڕەشکردنانە لە بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان هەمیشە ئەنجام دراوە. ئەمەش دەکرێت بەتایبەتی کاتێک کە تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئازادی بۆ گەل بەڕێوەدەچێت. ئەوەی دەیان ساڵە ئەم کارە دەکات، ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی تورکیا و میدیاکانیەتی. زانراوە کە ساڵانێکە لە دژی ڕێبەر چی دەڵێن یان چی دەکەن. هێرشەکانی سەر دیجیتاڵ میدیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن ناوەندەکانی شەڕی تایبەتەوە ئاڕاستە دەکرێن. ئەوکەسانەی سەر بەم ناوەندی شەڕی تایبەتەن بە ناوی کوردایەتییەوە لە بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ هەڵمەتێکی ڕەشکردن بەڕێوەدەبەن. بیر لەوە دەکەنەوە کە کام پڕوپاگەندەی ڕەشکردن کاریگەری لەسەر کورد دەبێت، بەو پێیە بابەتەکان هەڵدەبژێرن و هەوڵدەدەن لەسەر هەندێک پەڕەی دیجیتاڵ میدیادا بڵاویان بکەنەوە.
هێرش بۆسەر ڕێبەرێتی، هێرشە بۆسەر کورد، ئەوانەیشی ئەمە دەکەن ناگەن بە هیچ
لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە کوردان لە ئەنجامی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا بێ کاریگەر بوون و وەک دووژمنی سوێندخۆرەیی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەیان ساڵە هەر کە فرسەت و زەمینەیەک دەبیننەوە ڕوو لەم هێرشانە دەکەنەوە. بە تایبەت کەسێتی دووژمنی سوێندخۆرەی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ بوونیان هەیە کە هێرشی پارادایمەکان دەکەن. هەوڵ دەدەن بە پێی هەندێک پرس و بابەت کە کورد هەستیارە بەرامبەری ئەم کارە بکەن. بەڵام هەرچییەک بکەن، ناتوانن ئاست و پێگەی ڕێبەرێتی هەڵبشێوێننەوە کە ٥٢ ساڵە تێکۆشان دەکات، ٢٧ ساڵە لە زیندان تێکۆشان دەکات، ئایدۆلۆژیا و تیۆرێکی دروست کردووە کە کورد شانازی پێوە بکات و بیرکردنەوەیەکی کوردیانەی ئافراندووە. ئەوانەی دەسەڵاتی سیاسی و فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییان نییە هەرچەندی هەوڵ بۆ ڕەشکردن و کاریگەریی دانان لە هەندێک کەس بکەن، هەرگیز ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن و بە دۆخەیانەوە لە چەقبەستوویدا دەمێننەوە. ئەم جۆرە هێرشانە دژ بە گەورەترین فەیلەسوف، بیرمەند، شۆڕشگێڕ، خەباتگێڕ و سیاسەتمەداری کورد لە مێژوودا، لە بنەڕەتدا دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کورد. بیر لە کوردایەتی ناکەنەوە. ئەوان لە پیلانگێرییەکدان دژی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی. لە ڕاستیدا ڕووداو و شەڕێکی دەروونین.
دەربارەی کارەکانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان و دەستپێشخەری چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ
دەوترێت ڕاپۆرتەکانی کۆمیسینی پەرلەمان زیاتر لە ٥٠ لاپەڕەیە. ڕێبەر ئاپۆ ڕوانگەیەکی سیاسی بۆ پێشخستنی پرۆسەکە نیشان دەدات. کۆمیسیۆنی ئەنجومەن بە جددی زانی و ویستی هەنگاو بنێت. لە ئاستی ئێستادا بینرا کە ئەم کۆمیسیۆنە ناتوانێت ڕۆڵێکی جددی لە دیموکراسیکردن و چارەسەرکردنی پرسی کورددا بگێڕێت. پێشتر دەبینرێت کە ئەو ڕاپۆرت و پێشنیارانەی کە دەیانەوێت ئامادەی بکەن، لەم چوارچێوەیەدان. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت هەموو سەرکردە سیاسییەکان کۆببنەوە و بڕیار لەسەر پرسی ڕۆڵی ڕێبەرێتی بڕیارێک بدەن؛. بەو پێیەی ئەم کێشەیە لە ئەنجومەندا چارەسەر بکرێت، ئەوانەی هەڵویستی ئەنجوومەنەکە دیاری دەکات پارتە سیاسییەکانن.
گەمژەییە لەسەر بارودۆخی ناو ڕاپۆرتەکانی ئەنجوومەن هێرش بکەنەسەر ڕێبەر ئاپۆ
کاری ئەو کەسانەی نیەتی خراپیان هەیە لە ڕاپۆرتی ئەنجوومەندا، دوور لە سروشتی گشتی قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ، گەمژەییە لەسەر بارودۆخی ناو ڕاپۆرتەکانی ئەنجوومەن هێرش بکەنە سەر ڕێبەر. دەوڵەت باخچەلی دیارییەکی بۆ ڕێبەر نارد، ڕێبەریش داوای دیارییەکی کرد بە پێی تایبەتمەندی کورد بۆی بنێردرێت. شاندی ئیمرالیی دەم پارتیش ئەم کارەی کرد. هەوڵدان بۆ دروستکردنی تێڕوانینی هەڵە سەبارەت بەم دیاریانە نیەتی خراپە. هەموو ڕووداو و پرسێک دەبێت لەسەر شایستەیی و ڕاستی خۆی هەڵسەنگێندرێت. ئەوانەی نیەتی خراپیان هەیە دەتوانن هەندێک شت بڵێن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە مرۆڤ دەتوانێ بڵێت دەمی خەڵک کیسەیەک نییە دابخرێت.
مادام دایکانی ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێبەری خۆیان قبوڵ دەکەن، ئەوا بۆ کەس نییە نەرێنیانە لە ڕێبەر نزیکبێتەوە
ئەوانەی دەڵێن گوێ بە ڕێبەر ئاپۆ نادەین، ڕاستییەکان دەشێوێنن. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە سەرکردەیەکی پێشەنگە کە تێکۆشانمان بەرەو سەرکەوتن دەبات. گەلەکەمان ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێبەر و دانوستانکاری سەرەکی خۆی دەبینێت. دایکانی ئاشتی ویژدانی گەلی کوردن. ئەوان پایەی تێکۆشانی گەلی کوردن بۆ ئازادی. ئەگەر دایکانی ئاشتی ڕێبەر ئاپۆ وەک سەرکردەی خۆیان قبوڵ بکەن، ئەوە کاری کەس نییە کە هیچ شتێکی نەرێنی لەسەر ڕێبەر بڵێت. ڕێبەر ئاپۆ ئێستا ئەو ڕێبەرەیە بۆ کورد کە زیاتر لە هەموو کەس گوێ لە قسەکانی دەگیرێت و حسابی بۆ دەکرێت.
هیچ پیلانگێڕییەک ناتوانێت لە دڵسۆزی ڕۆژئاوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ کەم کاتەوە
ئەم ڕاستییە نەک هەر کورد، بەڵکو لای زلهێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکانیش ڕوونە. لەم ڕووەوە ڕۆژئاوا هەمیشە لە پێشەنگدایە کاتێک باس لە دڵسۆزی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. بە نزیکیی وەک ئەوەیە ڕێبەر ئاپۆ دەستی بۆ هەموو کەسێک لە ڕۆژئاوا درێژ کردبێت و قسەی لەگەڵ کردوون. لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەزاران شەهیدیان بەخشیی. ئیدارەی ڕۆژئاوایش بە تەواوی دڵسۆزە بۆ ڕێبەر ئاپۆ؛ قسەکانی سەرکردە لەبەرچاو دەگرن. هەموو شتێک دەکرێت، بەڵام ناتوانرێت ئیدارەی ڕۆژئاوا دژ بە ڕێبەر ئاپۆ هەڵگەڕێندرێتەوە. لە ڕۆژئاوا هەموو ژنان لەسەر هێڵی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ڕاپەڕین و ئازاد بوون. هەروەها ژنان هەموو کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایان گۆڕیوە. لانی کەم نیوەی ئیدارەی ڕۆژئاوا ژنن. بۆیە دروستکردنی کێشە لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و ئیدارەی ڕۆژئاوا تەنیا لە دەوری مێز و کۆبوونەوەکانی لایەنی دژ بەڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. یان بە یارییە تایبەتەییەکانی شەڕی تایبەت دەتوانرێت شتی لەم شێوەیە بخرێتە ڕۆژەڤەوە.
دوا بەدوای هەردوو گوتەی ‘دەیانەوێت لە کوردستان سەد غەززە بخوڵقێنن. ئێمە دەمانەوێت ڕێ لەوە بگرین’ و ‘ڕۆژئاوا هێڵی سووری منە’ـی ڕێبەر ئاپۆ، هەندێک لایەن بە نییەتی خراپ بە تایبەتی لەسەر دیجیتاڵ میدیا بە گوتنی ‘ئەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەستی پێ کرد، ڕێگەخۆشکەر بوو لەبەردەم هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لەسەر هەمان هێڵە’ دەستیان بە تۆمەت بەخشینەوە کرد. ئامانج لەم قسانە چییە؟
بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییە هەنووکەییەکان، دیار دەبێت کە ئەم قسانە تا چەند بە نییەتی خراپ دەکرێن. بەر لەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە دەستپێشخەریی خۆی دەستی پێ بکات، هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی تورک بە ئیها (درۆنی تورکی) بۆردومانی شارەکانی ڕۆژئاوای دەکرد، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزێکی زۆری دەکوشت. دوای دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو هێرشانەش وەستان. تاوەکو ٦ـی کانوونی دووەم و هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، ئاگربەستێک کارابوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد ئەوە بوو کە هەناسە بۆ ڕۆژئاوا بگێڕێتەوە. هەر خۆی یەکەم کاریگەریی ئەرێنیی ئەم پرۆسەیە لەسەر ڕۆژئاوا بوو. بەڕێوەبەری و گەلی ڕۆژئاوا دۆخەکە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت، لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا ئەو قسەیەی کە دەڵێت ‘پرۆسەکەی تورکیا ڕێگەخۆشکەر بوو لەبەردەم هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا’ شەڕێکی تایبەتە دژی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمان. ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن کورد، ئەم قسەیەیان لە شەڕی تایبەتی تورکیاوە وەرگرتووە. ناوەندی شەڕی تایبەت لە تورکیا لەم پرۆسەیەدا کەمکردنەوەی کاریگەریی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمانی کردووە بە جۆرێک لە تێکۆشان بۆ خۆی. بەم شێوەیە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئاست و دەستی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمان لاواز بکەن.
ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردنی دەوڵەتی تورک ماوەی ٥٢ ساڵە درێژە بە تێکۆشانێکی گەورە دەدەن. ئەوانەی کە ئێستا دژی ڕێبەرێتی و تەڤگەرمان ئەم هەڵمەتی ڕەشکردنە بەڕێوەدەبەن، دەیان ساڵە بەم هەڵسوکەوتانەیان بوونەتە هاوکاری سیستەمی شەڕی تایبەت و دەوڵەتی تورک. گەلەکەمان باش دەزانێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا کێ لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا مامەڵەی کردووە و هەڵوێستی دژی تەڤگەری ئازادیمان نیشانداوە. ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا لە ئیمراڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەڕێوەدەبرێت، پرۆسەی مسۆگەرکردنی ژیانی دیموکراتیک و ئازاد و بوونی گەلی کوردە. دەوڵەتی تورک هەر چۆنێک مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا دەکات، وەڵامێکی چەندە ڕاست دەداتەوە، ئەوە کێشەی دەوڵەتە. هەموو هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوایە. ئێمە، بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان و گەلەکەی بە باشی ئەمە دەزانین. ئەوانەی بەمە نازانن و ڕاستییەکان پێچەوانە دەکەنەوە، ئێمە بە پارانۆیا و سەرلێشێواویی خۆیانەوە بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی، وازیان لێ دەهێنین.
کەسانی ئۆپۆرتونیست (هەلپەرست)، واتا ئەوانەی ڕۆژێک بەردێکیان نەهاویشتووەتە دوژمن، لەسەر دیجیتاڵ میدیا و لە شوێنی دانیشتنەکەیانەوە ستراتیژییەکانی دوژمن، بەرخۆدان و شەڕ دروستدەکەن و هێرشدەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ، هێڵەکەی، تەڤگەری ئازادی و پێکهاتەکانی. ئەمە بە مانای چی دێت؟ بەرانبەر ئەم لایەنانە پێویستە تێکۆشانێکی چۆن بکرێت؟
لە ڕاستیدا ئەمانە لایەن و کەسانی پەراوێزخراو (مارجیناڵ)ـن کە پێویست ناکات گرنگیان پێ بدرێت. دیجیتاڵ میدیا دەرفەتیان پێدەدات کە قسە بکەن. هەموو جیهان دەزانێت کە شۆڕشی ڕۆژئاوا لەلایەن کێوە و چۆن ڕوویدا. دەزانرێت کە شەنگال لەلایەن کێوە و چۆن ڕزگارکرا. لە هەمووان زیاتر گەلەکەمان و هێزە دیموکراسییەکان دەزانن کە ڕێبەرێتی و تەڤگەرمان ماوەی ٥٢ ساڵ چ تێکۆشانێکی کرد و چ بەهایەکی ئافراند. ئەگەر ئەم تێکۆشانی ٥٢ ساڵە ئەنجامنەدرابووایە، چی لە کورد و کوردستان دەمایەوە؟ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و وڵاتپارێزانەی خاوەن ویژدانن و ئەو مرۆڤانەی عەقڵیان لەسەریاندایە، ڕێز لەمە دەگرن. ئەو ژینگە سیاسی و کوردییەی کە ئەم تێکۆشانەی بەرهەمهێنا، پارێزوان، گەرەنتیکار و سەرچاوەی هێزی پاراستنی هەموو دەستکەوتەکانە. لە شوێنی دانیشتنەوە بە قسەکردن هیچ شتێک بەدەستنایەت. بچووکترین بەهاش بە ڕەنج و قوربانییەکی گەورە بەدەستدەهێنرێت. پێویستە گەل لەم کەس و لایەنانە بپرسێت، دوێنێ لە کام لای تێکۆشان بوون، ئەمڕۆ لە کوێن و لێرە بە دواوە لە کوێ دەبن. ئەوەی ئەوان دەیکەن، ‘بەکۆیی [کارەکتەرێکی خراپەکاری ناو چیرۆکی مەموزینە]’ـە لەسەر مێز.
پێویستە بڕوانینە ڕابردوو و ئەمڕۆی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و ببینین کە کام هێزانە لەناودان و تێکۆشان دژی ئەمەش لەلایەن کێوە بەڕێوەدەچێت. بانگەوازەکانی سەرەتا دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ئێمەوە بوو، لە هەموو شوێنێک گەل بە شێوەی ڕێکخراو دەستی بە جموجۆڵ کرد. تەڤگەرەکەمان ماوەی ٥٢ ساڵە لە ناوەندی گۆڕەپانی تێکۆشانە. ئەوانەی بە دەنگێکی بەرز قسەدەکەن، ئەگەر دەیانەوێت تێبکۆشن، با ڕێکخراوی خۆیان دابمەزرێنن، هێزی چەکداریی خۆیان دابمەزرێنن و بێنە مەیدان. ئەگەرنا بە قسە هیچ ناکرێت، وەک دەڵێن ‘بە حەڵوا حەڵوا، دەم شیرین نابێت’
هەندێک کەس هێرشی سەر ڕۆژئاوا وەک فرسەتێک دەقوازنەوە بۆ هێرشکردنەسەر تێکۆشانی ئازادیی ژن، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای تەڤگەری ئازادیی. پێتوایە ئامانجی ئەم کەسانە چییە؟
ئازادیی ژن لە جیناتی چاندی کۆمەڵایەتی کورداندایە
ئەوانەی زماندرێژەی بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادیمان دەکەن، کەسێتی و مامەڵەیان ڕوونە لە ئاست هێڵی ئازادیی ژنی. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە هێڵی ئازادیی ژنی ڕێبەر ئاپۆ کە لە لایەن هەموو ژنان و مرۆڤایەتیی دیموکراتیکەوە ڕێزی لێ دەگیرێت، ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن بەو هێرشانەیان لەسەر هێڵی ئازادیی ژن و پارادایم و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەریان دەخات کوالێتی و تایبەتمەندییان چیە و چۆنە. کوردستان ئەو جێگەیەیە کە هێڵی ئازادیی ژن پشتی پێ دەبەستێت. وەک چۆن چاندی کورد بنەڕەتی چاندی مرۆڤایەتییە، ئازادیی ژنیش لە جیناتی کۆمەڵاتی کوردان و ئەم جوگرافیایەدایە ڕەگی داکوتاوە. ئەوانەی هێرشی سەر پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن دواکەوتن و لەژێر کاریگەری پاشڤەڕۆیدان.
ڕێبەر ئاپۆ شکۆی کوردانە و ئافرێنەری ئاوەزی کوردییانەیە
ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفە، فیکر، ئایدۆلۆژیا، پارادایم و تیۆرییەکانییەوە شکۆی هەموو کوردێکە. وەک ئارکۆلۆژییەک بۆ کورد لێکۆڵینەوەی لە مێژوو کرد، هەموو بەها ئەرێنییەکانی مرۆڤایەتی لە کەسێتی خۆییدا چاند و ئاوەزێکی کوردانەی ئافراند. ڕوانگەی کوردی بەرانبەر مێژوو، کۆمەڵگە و سیاسەت ڕوونکردەوە. خودی ئەمە بە تەنها دەستکەوتێکی مەزنە بۆ کورد. بەهۆی ئەم مامەڵە پوچانەیانەوە بەرانبەر جیهان، کۆمەڵگە و ڕاستینەی کورد، لە بری ئەوەی شانازی بە ڕێبەر ئاپۆوە بکەن، هێرشی دەکەنەسەر. دژایەتیکردنی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ ئەم کەسانەی کوێر و کەڕ کردووە و بەرەو سەرلێشێواوی بردوون. هەر شایەنی ئەوە نییە زۆر هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، لە ڕاستیشدا چاند و نەریتی ئێمە نییە وەڵامی شتگەلی لەم شێوەیە بدەینەوە. بەڵام لەبەرئەوەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بۆ نیازێکی خراپ دەقۆزنەوە و هەڵیدەسەنگێنن، بە پێویست دەزانرێت هەندێک ڕوونکردنەوە و وەڵام بدرێتەوە.
گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا هەیە. لە لایەک ئەم هەڵوێستە بە ‘خیانەت لە کورد’ لێکدەدرێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت کە پڕۆسەکە لە ڕۆژئاوا بەهۆی متمانەی زۆر بە بوونی ئەمریکا ڕوویداوە. مرۆڤ چۆن باسی مامەڵەی ئەمریکا و جیهانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ڕۆژاڤا بکات؟ لە چ چوارچێوەیەکدا دەبێت ئەم گفتوگۆیانە هەڵسەنگێندرێن؟
هاوپەیمانی تاکتیکی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوەڕاستی بەرەنگاربوونەوەی بە داعش دەستی پێکرد. داعش هێرشی کردە سەر کوردانی ئێزدی لە شەنگال. گەریلاکانی هەپەگە – یەژا ستار و یەپەگە-یەپەژە ئێزدیان لە قڕکردن ڕزگار کرد. پاشان، داعش لە بری دیمەشق و حەلەب ڕووی لە کۆبانێ کرد و هێرشی کردە سەر کورد. داعش هێرشی کردە سەر مرۆڤایەتی و لە هەموو شوێنێکی جیهان کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. لە کەشێکی وادا هاوپەیمانییەکی تاکتیکی لە نێوان بەرخۆدان لە دژی داعش و ئەو هێزانەی کە هاوپەیمانی دژ بە داعشیان پێکهێنا، درووست بوو. ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بە بەرژەوەندی خۆیان دەیانزانی کە سوود لە فیداکاری کورد لە دژی داعش وەربگرن. ئەم پەیوەندییە تاکتیکییە هاوشێوەی پەیوەندی تاکتیکی جەنگی جیهانی دووەمی نێوان سۆڤیەت و هێزە دیموکراسیەکان و هێزە سەرمایەدارییە مۆدێرنیستەکانی ڕۆژئاوایە لە دژی فاشیزمی داعش. پەیوەندی ستراتیژی بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێوان ئەو هێزانەدا دادەمەزرێت کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە هاوشێوەن و یەک ئامانجیان هەیە. هەروەها پەیوەندی تاکتیکی لەو کاتانەدا دادەمەزرێت کە وڵاتان لە شەڕی دوژمنێکی هاوبەشدا لە یەکترەوە نزیک دەبنەوە. شەڕی داعش خۆی ئەمەی هێنایە ئاراوە. ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاش سوودمەند بوون لەو پەیوەندییە تاکتیکییە.
تێکۆشانی سیاسی تەنها لە ڕێگەی هاوپەیمانی ستراتیژییەوە ناکرێت. لە کاتی پێویستدا هاوپەیمانی تاکتیکیش دەکرێت. هەموو تێکۆشانێک لە لایەک لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە بەڕێوەدەچێت. بەبێ هاوپەیمانی تێکۆشان ناکرێت. ئەوانەی نازانن هاوپەیمانی بکەن، مێشکی سیاسی و داهێنەرییان نییە؛ خۆیان بە شکست مەحکوم دەکەن. ئەو هاوپەیمانییە تاکتیکییەی لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا لە چوارچێوەی تێکۆشانی دژ بە داعشدا بوو. هەروەها پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەو چوارچێوەیەدا تا ٦ـی کانوونی دووەم بەردەوام بوو. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان خۆیان هیچ کاتێک پشتیوانی سیاسییان بۆ ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەکردووە. دەزانین کە ڕۆژئاواییەکان بە ئاشکرا ئەمە دەڵێن. پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاوا کۆتایی هات، دوای ئەوەی لە کەسایەتی هەتەشە ئامرازێکی بینی کە بتوانێت بۆ خۆی بەکاری بهێنێت. بۆیە کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکی تاکتیکی ناتوانرێت بە خیانەت پێناسە بکرێت، بەڵام پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ ڕێکخراوێکی وەها کە هێرشی کردە سەر تاوەری دوانە لە نیویۆرک و ٣ هەزار ئەمریکی کوشت و بەو هۆیەوە بوو بە بیانووی داگیرکردنی ئەفغانستان، لە سەرووی هەموو شتێکەوە خیانەتێکە لە گەلەکەی خۆی. ئەمەش نزیکایەتییەکە کە پێچەوانەی سرووشتی پەیوەندییەکی تاکتیکییە. ئەو پەیوەندییەی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە نەگەیشتووەتە پەیوەندی و هاوپەیمانییەکی ستراتیژی کە بتوانرێت ناوی بنێین خیانەت، بەڵام ئەم جۆرە پشتگیرییە بۆ هەتەشە و بەرەوپێشبردنی سیاسیی، لە ڕوانگەی بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکانەوە سیاسەتێکی گڵاوە. بۆیە سیاسەتێکی وەهایە کە دەبێت ئاشکرا بکرێت. ئەمریکا و فەڕەنسا ڕۆشنبیران، کۆمەڵگە و سیاسەتمەداران بەرانبەر حکومەتەکانیان وەستاونەتەوە. میدیاکان ئەم سیاسەتەیان ئاشکرا کردووە.
بێگومان بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بە مامەڵە و سیاسەتی ئەمریکای زانیبوو. بەڵام لەبەرئەوەی گەل و هەندێک لایەن کە بە باشی لە پەیوەندیی تاکتیکی تێنەگەیشتبوون و مانایەکی گەورەیان پێ دەبەخشی، لەوانەیە خەیاڵی ئەوانی شکاندبێت، یاخود وەکو شکستێکی هیوا بینرابێت. لەم مژارەدا لە ڕووی پەروەردەکردنی باشی گەلەوە دەشێت ڕەخنە لە بەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بگیرێت. تێکۆشانێک ئەگەر بە گوێرەی هێز و پەیوەندییە ستراتیژییەکان پەیڕەو بکرێت، بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سەرکەوتوو دەبێت. پەیوەندییە تاکتیکییەکان کاتێک لە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و هێزی خۆیاندا هەڵبسەنگێنرێن و لەسەر بنەمای بەهێزکردنیان ببینرێن، کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتن دەبێت. دانانی پەیوەندیی ستراتیژی هەڵە نییە. پەیوەندیی تاکتیکی بۆ سەرکەوتنی تێکۆشان لە جێی خۆیەتی و پەیوەندیگەلێکن کە لە کاتی پێویستدا دەشێت بەکاربهێنرێن.
مامەڵەی جیهانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە ڕۆژئاوا بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییەکانییەوە سەبارەت بە سیاسەتی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوان سیاسەتی خۆیان تەنها بە پشتبەستن بە پەیوەندییەکی لۆکاڵی پەیڕەوناکەن. ئەوان سیاسەتێکی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەیە و ڕۆژئاواش لەو چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنن؛ وەک چۆن واشیان کردووە. ئەوان بەڕێوەبەرانی خاوەن ئیرادە و دیموکراتیکیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوێت، بەڵکوو ئەو هێزانە هەڵدەبژێرن کە نۆکەرن و خزمەتی هەژموونی ئەوان دەکەن. تۆم باراک گوتی، دیموکراسی نا، بەڵکوو پاشایەتی بۆ ڕاستیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوە. کاتێک ئەمەی گوت، بە گوێرەی جیاوازیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیگوت، بە گوێرەی هەندێک وڵات گوتی کە لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدایە. هەر خۆی ئەو قسەیەشی لە وڵاتێک کرد کە پاشایەتی لێیە.
پەیوەندیدار بەم پرسەوە، لە سووریا ڕۆڵ بە هەتەشە درا کە سەر بە هێڵی داعش-قاعیدەیە و ئەمە لەناو ڕای گشتیدا قسەی زۆری لەسەر دەکرێت. دەکرێت ئەمە چۆن شرۆڤە بکرێت؟ پلانی هێزە هەژموونگەرەکان بۆ هەتەشە چییە، لە دیزاینکردنی ناوچەکە و شەڕ بەو ئامانجەدا ڕۆڵێکی چۆن دەدەن بە هەتەشە؟
پێویستە گفتوگۆی زۆر لەو بارەیەوە بکرێت کە بۆچی لە سووریا ڕۆڵ بە هەتەشە درا. هەم لە دژی داعش دەبن، هەم ڕێکخراوێک لە سووریا دەکەنە باڵادەست کە خاوەنی هەمان زیهنییەتە! بەر لە هەر شتێک گەلی ئەمریکا کە کارەساتی دوو تاوەرەکە [کارەساتی ١١ـی سێپتەمبەر]ی بەسەرداهات، هێزە دیموکراسییەکان و پێکهاتە سیاسییەکان پێویستە دژی ئەم پشتیوانییە بۆ هەتەشە بوەستنەوە. بە هەتەشە هێرشکرایە سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قەسەدە کە ئەم هێزە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش لەناو هاوپەیمانییەکی تاکتیکیدا بوو. ئەم هەنگاوە هیچ پاساوێکی مرۆیی، دیموکراسی، ئەخلاقی و ویژدانی هەڵناگرێت. سیاسەتێکە کە پێویستە بە توندی شەرمەزار بکرێت.
درک بەمە کراوە؛ هەتەشە لە سیاسەتی هێزە نێونەتەوەییەکاندا تایبەت بە سووریا و هەژموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامڕازێکە، کە دەشێت بەکاربهێنرێت. هەروەها بینیان کە بە هێزێکی لەم شێوەیە دەتوانن سووریا بکەنە وڵاتێک کە بۆ ئیسرائیل نەبێتە جێی مەترسی. بەرزاییەکانی جۆلان و باشووری سووریا بە شێوەیەکی کردەیی بۆ ئیسرائیل جێهێڵدراوە و بەرزاییە ستراتیژییەکانی جۆلانیان کردووە بە خاکی ئیسرائیل. سووریا کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی لوبنانیش دەبێت؛ بە هەتەشەیان قبووڵکردووە کە دەست بۆ لوبنان نەبات و ئەوێ وەکو گۆڕەپانێکی ژێر کاریگەریی ئیسرائیل و جیهانی ڕۆژئاوا ببینێت. هەتەشە لە دیزاینی ناوچەکەدا وەکو ئامڕازێکی بێدەنگی هێزە هەژموونگەرەکان بەکاردەهێنرێت. بێگومان تورکیاش بۆ ئەوەی لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەر ببێت، هەوڵدەدات هەتەشە بەکاربهێنێت. بە شێوەیەکی سەرەکی درک بەوە دەکرێت کە دەبێتە جێبەجێکاری سیاسەتەکانی عەرەبستانی سعودی و هێزە نێونەتەوەییەکان. بەڵام هێزێکی لەم شێوەیە بۆ ناوەندمەودا و دوورمەودا نابێتە ئەو هێزەی کە جێی متمانەی هێزە نێونەتەوەییەکان و ئیسرائیل بێت. کاتێک کۆتایی بەو ئەرکە هات کە پێی ڕاسپێردراوە، بە ڕێ و ڕێبازێک دەکرێتە دەرەوە. لەوانەیە جۆلانیش بەمە بزانێت و سیاسەت دەکات. بەهەرحاڵ هەندێک هەن کە بەم شێوەیە ڕێ نیشانی جۆلانی دەدەن و ئامۆژگاری دەکەن.
هەبوونی ڕژێمێکی لەم شێوەیە لە سووریا لە سووریا وەکو ئامڕازێکی فشار لەسەر عێراقیش بەکاردەهێنرێت. هەر خۆی عێراق کەوتووەتە ناو نیگەرانییەکی لەم شێوەیەوە.
بەشی سێیەم و کۆتایی:
لە چەندین ناوچەی جیهان چالاکیی پشتیوانیی نێونەتەوەیی گەورە و فراوان ئەنجامدران. گەل و توێژە جیاوازەکان تێیدا بەشداربوون. لەڕووی فراوانی و کاریگەرییەکەیەوە، وەک شەپۆلی پشتیوانی نێونەتەوەیی نەوەی ١٩٦٨ دەبینرێت. هۆکارە سەرەکییەکەی ئەم چالاکییە فراوانە چین؟ پەیامەکەی چییە؟ کاریگەریی لەسەر تێکۆشان و دەوڵەتەکان چۆن دەبێت؟
لە بەرخۆدانی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە سۆسیالیستەکان و هێزە دیموکراتیکە شۆڕشگێڕەکان لە سەرانسەری جیهان چالاکیی پشتیوانیان ئەنجامدا. سەدان کەس ڕوویانکردە بەرخۆدانی کۆبانێ و دەیان ئەنتەرناسیۆنالیست لە ڕۆژئاوا شەهیدبوون. چەند ساڵە پەیوەندیی نێوان ئەنتەرناسیۆنالیستەکان و شۆڕشی ڕۆژئاوا بەردەوامە. سەدان ئەنتەرناسیۆنالیست لە سەرانسەری جیهانەوە ڕوویانکردە شۆڕشی ڕۆژئاوا؛ لەوێ چاودێری ئەزموونەکەیان کرد. تەنانەت بەشدارییان لە بنیاتنانی سیستەمی دیموکراتیکی ئەوێ کردووە. سەدان ئەنتەرناسیۆنالیست کە چوون بۆ ڕۆژئاوا، شۆڕشی ژنان و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکیان بینی، گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان. سەرەڕای کەموکوڕییەکانی ئەوێ، سەدان ئنتەرناسیۆنالیست کە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆیان بینی و بیریان لەوە کردەوە کە چۆن دەتوانرێت ئەم سیستەمە دیموکراتیکە بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
نەوەی گەنجانی ١٩٦٨ نوێنەرایەتی شۆڕشێکی کرد دژی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. لە بنەڕەتدا ڕاپەڕینێک بوو دژی سۆسیالیزمی بنیاتنراو کە ئەوکاتە سیستەمی دەسەڵاتخواز و دەوڵەتپارێز و بیرۆکراتیکی دامەزراندبوو. هیچ ئاراستەیەکی ئایدۆلۆژی و تیۆریی سیستەماتیکی نەبوو. شوێنەوارە هەرە ڕادیکاڵەکەی لە تورکیا بینرا. نەوەی ١٩٦٨ لە تورکیا سۆسیالیزمی قبووڵکرد و دەیویست لەسەر ئەم بنەمایە خۆی ڕێکبخات و تێبکۆشێت. بەشی زۆری ئەو کەسانەی پشتیوانییان بۆ ڕۆژئاوا نیشانداوە، ئەو کۆمەڵگەیەن کە پارادایمی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک و ئازادیی ژنانی ڕێبەر ئاپۆیان قبووڵ کردووە. کاریگەریی پارادایمی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک و ئازادیی ژنانی ڕێبەر ئاپۆ تا دێت لە جیهاندا زیاتر دەبێت.
هەروەها ڕای گشتی دیموکراتیک لە ئەورووپا، پشتگیرییکردن لە ڕۆژئاوا وەک قەرزێک دەبینن، چونکە ڕۆژئاوا داعشی تێکشکاند و ئەورووپای لەو بەڵایە ڕزگارکرد. نەک تەنها گەلانی ئەورووپا، گەلانی سەرانسەری جیهان باش دەزانن ئەوە شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوا بوون کە داعشیان تێکشکاند. ئەمە وایکرد لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانییەکی بەرفراوان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا نیشان بدرێت. پێویستە کورد سەربەرز بێت بە هەبوونی دۆستانی وەها. ئەرکی کوردانی نیشتەجێی ئەورووپایە کە هەموو ئەورووپییەک بکەنە دۆستی خۆیان و بەشداریان بکەن لە چالاکییەکانی خۆیاندا، ئەگەر ئەمە نەکەن، هەڵەیەکی گەورە دەکەن. بەشداربوونی گەلانی تر، بەشداربوونی کوردان کەم ناکاتەوە و لە بەهاکەی داناشکێنێت. وەک دەبینرێت، تێکۆشانی کورد پشتگیرییەکی نێونەتەوەیی وەردەگرێت، ئیتر کورد وەک پێشتر دەگوترا “گەلێکی بێ پارێزەر” نین.هێزە دیموکراتیکە شۆڕشگێڕەکانی جیهان خاوەنداری لە کورد دەکەن.
یەکگرتنی سۆسیالیستەکان و هێزە دیموکراتیکەکان و گەلی ئەورووپا لەگەڵ کورد، زۆر گرنگە. لە ڕابردوودا کوردستان لە جیهان دابڕێندرابوو، کۆمەڵکوژی و قڕکردن لە دژی کورد ئەنجام دەدرا. کورد بە تێکۆشان و خەباتی خۆی ئەم ڕەوشەی تێپەڕاند. ئەوەی بەرانبەر بە کورد کراوە، لە جیهانی دەرەوەشدا دەبینرێت؛ جیهانی دەرەوە تێکۆشانی کورد دەبینێت. ئێستا جیهان بەهۆی پارادایمی کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک و ئازادیی ژنان و جێبەجێکردنی ئەم پارادایمەوە، بە سەرسامییەوە لە کورد دەڕوانێت.
زیادبوونی ئەم پشتیوانیە، تێکۆشانمان بۆ ئازادیی بەهێزتر دەکات، تێکۆشانەکەمان دەخاتە بەرچاوی جیهان، دەبێتە سەرچاوەی ئاشکراکردن و ڕیسواکردنی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لەپێناو بەرژەوەندییەکانیاندا پشتگیریی لە دەوڵەتانی ناوچەکە دەکەن. ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە گۆڕینی ڕوانگەی حکومەت و هێزە سیاسییەکانی ئەورووپا. دوای هێرشەکەی سەر کۆبانێ، ئەو دەسەڵات و هێزە سیاسییانەی بەشداربوون لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، بەهۆی چالاکییەکانی پشتیوانییەوە ناچاربوون بەشێک لە هەڵوێستەکانیان بگۆڕن. ئەمڕۆ کورد نموونەی زیهنیەتێکی دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژنە بۆ گەلانی جیهان. تا دێت ئەم کاریگەرییە زیاتر دەبێت. ئەم ڕاستییەمان لە چالاکییەکانی پشتیوانیی بۆ ڕۆژئاوا بینی و پێی سەربەرزین.
هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ پەرەدان بە یەکێتیی نەتەوەیی کورد. گەلی کورد لە هەموو شوێنێک بە گوێرەی بانگەوازی سەفەربەرییەکە هاتە سەر شەقام، دەنگی هەڵبڕی. دیسانەوە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانیش لەم پرۆسەیەدا هەڵوێستی ئەرێنییان نیشانداوە. هاتنەکایەی هەڵوێست و مامەڵەیەکی نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردی و پارتە کوردییەکاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەگەری ئەوەی کە ئەم هەڵوێستە تێپەڕێت و بگۆڕێت بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش و ڕێخراوەییەک؟ ئێوە هیچ هەوڵێکتان داوە بۆ ئەوەی پارتە کوردییەکان لەسەر پلاتفۆرمێکی هاوبەش کۆببنەوە؟
چالاکییەکانی هاوپشتی و یەکدەنگی و یەکڕیزی سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوون. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە لەناو گەلی کورددا ئارەزوو بۆ ئازادی زیاد دەکات. گەلەکەمان سەد ساڵە دژی زوڵم و زۆرداری بەرگری دەکات و تووڕەییان گەورە بووە. بە تایبەتی، تێکۆشانی ٥٢ ساڵە بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ گەلی کوردی سەرلەنوێ خوڵقاندووە. گەلی کورد ئەو گەلەیە کە دەیان ساڵە لەسەر پێیە. هیچ شار و ناوچەیەک نییە کە سەرهەڵدان تێیدا ڕووینەدابێت. لە باکووری کوردستان دەیان ساڵە بە قوربانیدانی گەورە درێژە بە تێکۆشان دەدرێت. ئەم تێکۆشانە هێندە بێ ناوبڕ و دژوار بووە کە هەموو سەرهەڵدان و ڕاستییەک هەمیشە بە بەهای نوێ شێوەی داوە بە کۆمەڵگە. وڵاتپارێزی و ئارەزوو بۆ ئازادی لەناو گەلی کورددا پەرەی سەند. ئەم تێکۆشانەی باکووری کوردستان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەر چوار بەشی کوردستان هەبووە. ئەم تێکۆشانە وەکو مسۆگەری، داهاتوو و شکۆی کوردان بینراوە. شکۆ و کاریگەریی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لە هەر چوار بەشی کوردستان زۆر زیادی کردووە. هەر چوار بەشی کوردستان ئەم ڕێبەرە وەک ڕێبەری خۆی و تێکۆشانەکەی وەک هی خۆی بینیوە. ئەو سایکۆلۆژیا و ژینگەیەی کە لە ڕێی ئەم تێکۆشانە ٥٢ ساڵەیەوە لە کوردستان بەرهەمهاتووە، دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ کورد. ئەم ڕاستییە هۆکاری سەرەکیی چالاکییەکانی یەکگرتوویە لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا. گەلەکەمان، قەدری ڕەنج و تێکۆشان دەزانێت، پێگەی ڕێبەرێتی و تەڤگەرمان لە مێژووی گەلی کوردستاندا زۆر بە باشی دەزانێت.
دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەر چوار بەشی کوردستان پراکتیزکران
ئەو سنوورە دەستکردانەی کە لە ڕابردوودا کێشرابوون، لە هەست، ڕامان و کاردانەوەکانیشدا هەندێک سنووریان دروستکردبوو. تێکۆشانی ئێمە لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەم سنوورانەی لابرد و هەستەکانی کرد بە یەک. ڕامان و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ وەکو ڕێکخستن و تێکۆشانێک لە هەر چوار بەشی کوردستان کرا بە کردار. دانانی کاریگەری لەسەر هەر چوار بەشی کوردستان تاوەکو ئەم ئاستە، لەو ئەنجامانەدا کە ئەمڕۆ دەیبینین ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە. گەلی بەهادار و ڕەنجدەرمان پێگەی ڕێبەرێتی و تەڤگەرمان کە تێکۆشانێکی گەورەی داوە و بەهای مەزنی بەرهەمهێناوە، لەناو مێژوو و گەلی کوردستاندا جێدەگرێت، بە باشی دەزانێت.
چالاکییەکانی هاودەنگی و یەکڕێزی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرهەمی تێکۆشانی دەیان ساڵەیە. ئەمە کاردانەوەیەکی کاتی نییە. لەم بوارەدا یەکێتی گەلی کورد کە لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا هاتووەتەدی، ئەوەی دەرخستووە کە گەلەکەمان گەیشتووەتە هێز و توانای تێکۆشان. ئەم ڕاستییە هیوای گەلەکەمانی بە داهاتوو زۆر زیادکردووە و متمانەیانی بەهێزکردووە بەوەی کە بە دڵنیاییەوە سەکەوتوو دەبن.
هەڵوێستی یەکگرتووی گەلەکەمان گۆڕەپانی سیاسیش ڕەنگڕێژ دەکات
ئەم هەڵوێستەی گەل کاریگەری لەسەر هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردیش داناوە. لە برەودان بە چالاکییەکانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوادا ڕۆڵێکی ئەرێنییان گێڕا. ئێمە پێمان وایە کە پێویستی بۆ نیشاندانی هەڵوێستێکی سیاسی بە گوێرەی ئیرادەی گەلەکەمان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان هاتووەتە ئاراوە. ئەو ژینگەیەی کە بە هەڵوێستی یەکێتیی گەلەکەمان هاتووەتە کایەوە، لە گۆڕەپانی سیاسیشدا ئەنجامی دەبێت. پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک بە شێوەیەکی بەهێزتر خۆی نیشان بدات. لەگەڵ پارتە سیاسییە کوردییەکان، ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش وەکو بەشێک لە یەکێتیی نەتەوەیی لە بەرهەمهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی بەهێزدا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و ئەمە گەیشتووەتە ئاستی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی.
پەیوەست بەم قۆناغە ئامادەین بۆ پلاتفۆڕمێکی هاوبەش و پێشنیارمان بۆ پارتەکانی دیکەش کردووە
هەڵوێستی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک کە گەلەکەمان نیشانیداوە، چاوەڕێیە کە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک قسە تێپەڕێنێت و بگاتە کردار. لە پێشدا خۆپاراستنی هاوبەش، دیپلۆماسیی هاوبەش دەرفەتی دروستکردنی پلاتفۆڕمێکی نەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی کێشەکانی گەلی کورد لە هەموو کاتێک زیاترە. لە دوایین ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتیماندا، ئێمە ئاماژەمان بەوە کرد کە ئامادەین بۆ برەودان بە خەباتێکی لەم شێوەیە و لەو ڕووەوە لە هەوڵداین. هەر خۆی ئێمە هەمیشە پێشنیارمان بۆ پارتە سیاسییە کوردییەکانی تریش کردووە؛ ئاماژەمان بەوە کردووە کە پێویستە کۆمیتەی هاوبەش دابمەزرێنین و پێکەوە دەست بە کار بکەین. هیوادارین کە دوای چالاکییەکانی یەکگرتن و هاودەنگییەکانی ڕۆژئاوا بتوانین ئەم کارانە ئەنجام بدەین.
هەندێک پارتی کوردی کە مەیلی نەژادپەرەستییان هەیە، ویستیان هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە سوودی خۆیان بقۆزنەوە، هەرچەندە قسەی باشیان کرد و خۆیان وەک لایەنی یەکێتیی نەتەوەیی نیشان دا، بەڵام لە پراکتیکدا هەڵوێستەکانیان پێچەوانە بوو. هاوکاریکردنی هێزە داگیرکەرەکان بەردەوامە. لەسەر ئەم بابەتە چی دەڵێن؟
هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەیەکی ئەرێنیەوە سەیری بکەین. پرسی سەرەکی ئەوەیە کە لایەنە کوردییەکان بەڕووی یەکتردا کراوە نین. هەرچەندە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەرێنی دەرکەوێت، بەڵام نزیکایەتییە نەرێنییەکانیش دەبینرێن. دەبێت ئیدی ئەم دۆخە تێپەڕێنین. هەر پارتێک ئایدۆلۆژیا، بیرۆکە و سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە. تێکۆشان دەتوانرێت لەسەر بنەمای دیموکراتیک بەردەوام بێت. گەلی کورد کام ئایدۆلۆژیا بە ڕاست ببینێت خاوەندارێتی لێ دەکات و بەوپێیە مامەڵە دەکات. لە ڕووی پارتە سیاسییەکانەوە پێشنیار دەکەین بە ئەرێنی سەیری ئەم پڕۆسەیە بکرێت. وەک دەڵێن پەرداخەکە نیوەی پڕە و نیوەی بەتاڵە. سەیری دۆخی پڕ دەکەین.
خەمی کەسانی دژبەر لەم پرۆسەیەدا کورد نییە، بەڵکو ئامانج لێدانە تەڤگەر و ڕێبەرێتیمان
لەم پڕۆسەیەدا دەبینین بە ناوی نەژادپەرەستی و نەتەوەپەرەستی لە دژی ڕێبەرێتیمان و تەڤگەرەکەمان هەڵمەتێکی ڕەشکردن بەڕێوەدەبرێت. نیگەرانی ئەوان کورد نییە، باس لە دژایەتیکردنی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە دەکەن. زۆر شت دەتوانرێت لەسەریان بگوترێت؛ بەڵام لەبری ئەوەی بەوانەوە سەرقاڵ بین، سەرنج دەخەینە سەر چۆنیەتی پەرەپێدانی تێکۆشان، لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە دەتوانین بۆ کورد لە هەموو شوێنێک درووستی بکەین.
کاتمان بۆ پروپاگەندە دیجتاڵ میداییەکان نییە، سەرنجمان لەسەر پەرەدانە بە تێکۆشان
زیاتر لە دیجیتاڵ میدیا، زیاتر گرنگی بەو بیرۆکانە دەدەین کە گەل و هێزە سیاسییەکان لە سەرچاوە کراوەکاندا دەریدەبڕن. هەندێک جار ئاگادار دەبینەوە لەوەی کە لە دیجیتاڵ میدیادا چی ڕوودەدات. ئێمە کاتمان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیجیتاڵ میدیا یان شوێنکەوتنی ئەوەی لەوێ دەگوترێت! هەوڵ دەدەین زیاتر بزانین چی دەنووسرێت و دەوترێت.
لەگەڵ هێرشەکانی سووریا-ڕۆژئاوا هێرشەکان بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازادیش زیادیان کردووە. هەردوو ناونیشانی دامەزراوەیی و ئەکاونتی میدیای دیجیتاڵی هێرشی توندیان کراوەتە سەر. ئەم پڕۆسەیە لوتکەی هەوڵەکانی زانیاری ناڕاستی میدیای شەڕی تایبەتی تورکیا بووە. ئەم هێرشانە بە گشتی بەردەوامە. ئەم هێرشانە بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازاد چۆن هەڵدەسەنگێنین و ئەو زمانەی کە میدیای شەڕی تایبەتی تورکیا بەکاری دەهێنێت خزمەت بە کێ دەکات؟
نەریتێکی سەدساڵەی میدیای دەوڵەتی تورک هەیە کە دوژمنایەتی کورد دەکات، نکۆڵی لە ناسنامەی کورد دەکات و خزمەت بە قڕکردنی کورد دەکات. بەتایبەت لەماوەی ١٥-٢٠ ساڵی ڕابردوودا میدیای تورک تادێت زیاتر خزمەتی سیاسەتی دوژمنایەتی کورد و سیاسەتەکانی جینۆسایدی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی بێباکانە. جاران لە میدیا کەلتوورێکی ئەخلاقی بڵاوکردنەوە هەبوو. ئەمەش لە تورکیا بە تەواوی نەهێڵراوە. بۆتە میدیایەکی ناوەندی کۆنترۆڵکراو کە خزمەت بە سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکات. بەشێکی بەرچاو لە میدیای ئۆپۆزسیۆن کەوتۆتە دۆخێکەوە کە بەرگری لە سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردنی دەوڵەت دەکات.
ئەو سیاسەتانەی کە تورکیا تا ئێستا پەیڕەوی کردووە، لە بنەڕەتدا ڕاستییەکان دەشێوێنن و شەڕی تایبەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەک یان دوو دەزگای ڕاگەیاندنی ئازاد و ئۆپۆزسیۆن بە چەند قسە و سیاسەتێک لەناو دەچن. بۆ نمونە بەڕێوەبەریی گشتی Tele1 کە بە پاساوی بێ بنەما دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی داخست و قەیومی بۆ Tele1 نارد. فشار و گرتن دژی ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕۆژنامەنووسانی کورد بەردەوامە. هەرچەندە دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەیان هەیە، بەڵام لە بەرانبەر ڕاگەیاندنی ئازاددا بێکاریگەر دەمێننەوە، ڕاستی و درۆکانیان ئاشکرا دەبێت. تەنها بە درۆ، شێواندن و شەڕی تایبەت دەتوانن درێژە بە دژبەرییەکانیان لە دژی کورد بدەن. بە سیاسەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناتوانن بەرانبەر تێکۆشانی گەلی کورد سەربکەون. هەربۆیە تورکیا بە یاسای فەرمی و ڕۆژنامەگەری ئاسایی بەڕێوەناچێت. چونکە دەستوور و یاساکانی ئێستا بەس نین بۆ هێرشکردنە سەر کورد. هەربۆیە بە سیاسەتی نایاسایی و درۆ لە دژی کورد شەڕێکی گڵاو بەڕێوەدەبرێت.
شێواز و ئامرازەکانی شەڕی تایبەت لەگۆڕێییە
ئەوان لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتکیشدا دەستبەرداری شێوازی شەڕی تایبەت نەبوون، چونکە تا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی کوردیدا نەبێت، ئەو جۆرە پراکتیزەیانە سەرهەڵدەدەن. دەتوانین لە زمانی ڕاگەیاندنەکانەوە لە نەبوونی پێشکەوتن لە پرۆسەکەدا تێبگەین. چونکە ڕۆژنامەگەری ڕەنگدانەوەی سیاسەتی حکومەتە. میدایای ئەوانەی کە چارەسەری هەمیشەیی و بنەڕەتییان دەوێت، بەو شێوەیە نییە. هەرچەندە هەندێک جار وشە هەیە کە ئەرێنی بێت سەبارەت بە پرۆسەکە، بەڵام شێواز و زمانی بەکارهێنراو و هەڵسەنگاندن، ساڵانی پێشوو دێنێتەوە بیری مرۆڤ. لە لایەکی تریشەوە هەندێک فێربوون و ڕاهاتن و پێشبینی پێشوەختە وەک دۆگما لە میدایای تورکیادا چەسپیووە.
زمانی میدیای دەسەڵات هێشتا ڕۆڵی نەرێنیی دەگێڕێت؛ وەک بڵیی لایەنێکی دەرەکی بەڕێوەیان دەبات
لە تورکیا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ پڕۆسەیەک لە ئارادایە. وەک تەڤگەرێک لەم پرۆسەیەشداین؛ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەین. زمانی میدیای نزیک لە حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپە خزمەت بەو کەسانە دەکات کە دژی پرۆسەکەن. میدیای لایەنگری حکومەت ڕەوایەتی بە هەڵوێستی ئەو کەسانە دەدات کە دژی پرۆسەکەن. لە ڕاستیدا ئەوە میدیای لایەنگری حکومەتە کە سەکۆیەکیان بۆ دابین دەکات. میدیاکانی سەر بە حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپە بە پێی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەکە وەشان ناکات. لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی خراپتری هەیە لەوانەی کە دژی پڕۆسەکەن. بەو پێیەی ئەم زمانە زمانی بێ چارسەرییە، هەندێک جار پرسیار دەکەین کە داخۆ ئەم میدیایە لەلایەن هەندێک هێزی دەرەکییەوە بەڕێوەدەبرێت؟
ڕاگەیاندنی ئازاد هەڵوێستێکی ئەرێنی گرتووەتەبەر بەرانبەر بە پرۆسەکە
هەرچەندە ڕاگەیاندنی ئازاد سەرچاوەی سنوورداری هەیە، بەڵام لە ڕێگەی بڵاوکراوەکانیەوە هەڵوێستێکی دروست بەرامبەر بە پرۆسەکە دەگرێتەبەر؛ بەشدارە لە هەوڵەکان بۆ جوڵاندنی پرۆسەکە بەرەو دیموکراتیکردن و چارەسەرکردنی پرسی کورد. هێزی بڵاوکردنەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر حەقیقەت گەورەترە.
لە چوارچێوەی هەموو ئەم پێشهاتانەدا ‘پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە و دانوستانە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەچی ئاڕاستەیەکەدایە؟ ئایا دەکرێت پرۆسەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟ داخۆ دەتوانین باس لە هێرش یان پیلانگێڕییەکی جیهانی-نێونەتەوەیی بکەین دژی پرۆسەکە و ئەو واقیعە پارادایمایەی کە لەسەری بنیات نراوە؟ چۆن ئەم کۆنسێپتە پووچەڵ دەکرێتەوە؟
پرۆسەکە بەبێ ڕەخساندنی ‘مافی هیوا’ ئەستەمە
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی لە بانگەوازەکەی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆدا بە ڕوونی و پوخت پێناسە کراوە. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت پرۆسەکە بەو هێڵانە پەرە پێبدات. بەڵام کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە پێویستە ڕۆڵی هەبێت لەم کارەدا هێشتا بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەکردووە. لەم دواییانەدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە لەسەر مافی هیوا کۆبوونەتەوە. لە تورکیادا بەس دەتوانن قسە بکەن، بەڵام بۆ ئێمە پراکتیزەکردن زۆر گرنگە. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و توانای کارکردنی ئازادانە گرنگە. کاتێک ئەمەمان بینی تێدەگەین کە مافی هیوا جێبەجێ کراوە. لە ڕاستیدا بەبێ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادی کار بکات و بەبێ هەڵوێستێک کە بتوانێت ڕۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت، پەرەپێدانی پرۆسەکە ئەستەمە.
هەوڵەکانمان بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە تا ئاستێکە؛ شتەکە بە یەکلایەنە نابێت
ئەگەر دیموکراتیزەکردن و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا ڕووبدات، بەرژەوەندی زۆرێک لە گرووپەکان دەلەرزێت؛ کانیەکانیان وشک دەبن. هەر بۆیەش زۆرن ئەوانەی کە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروست بکەن. جگە لەوەش حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە هێشتا پابەندبوونێکی دیار و ئیرادەی هەنگاوە پێویستەکانی نیشاننەداوە. ئەمەش پرسیارێک لە ڕای گشتیدا دەوروژێنێت کە پرۆسەکە تا چەند بەرەوپێش دەچێت. بێگومان ڕێبەر ئاپۆ و ئـێمەیش دەمانەوێت بە سەبرەوە پرۆسەکە بەرەوپێش ببەین. بەڵام هەوڵەکانمان سنووردارە و تا جێیەک دەڕوات. چونکە ئەمە پرۆسەیەک نییە کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەنجام بدرێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت لەگەڵ کەسان و گروپەکانی تر کۆببێتەوە.
پێشهات و هێرشەکانی حەلەب هەوڵی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بوون بۆ لەباربردنی پرۆسەکە
لە تورکیا ئەو پارتانەی کە نایانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت، تەنیا لە ناوەوە نین. جگە لە تورکیا زۆرێک لە وڵاتان چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن. بۆیە سیاسەتەکان بۆ تێکدانی پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێن. لە ڕاستیدا هێرشی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە ٦ـی کانوونی دووەم؛ و دواتر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، مەبەست لێی تێکدانی پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بوو. چونکە پڕۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی لە ژینگەیەکدا جێبەجێ ناکرێت کە ململانێی توند و پەرەسەندن بێت. ئەم پرۆسەی هێرشکردنە کە زلهێزە نێونەتەوەییەکان و تورکیا لەخۆدەگرێت، وەک پیلانێکی نێونەتەوەیی دەبینین.
دژ بە پیلانگێڕییەکان، ڕێکخراوبوون و تێکۆشانی فرەلایەنەمان پێویستە
ئەگەر ئەو پڕۆسەیەی کە لە تورکیا جێبەجێ دەکرێت، بەرەو دیموکراتیکردن و چارەسەری پرسی کورد هەنگاو بنێت، پلانی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پەکدەخرێت. بۆ ئەوەی گەلی کورد لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا سەرکەوتوو بێت و شکست بەو کەسانە بگەیەنێت کە پیلانگێڕ و ئاوژاوەگێڕن، پێویستە پێکەوە ڕێکخستنیی و تێکۆشان بکات و خاوەندارێتی لە تێکۆشانی دیموکراتیکی بکات. یان پیلانگێڕان شکست دەهێنن و پرۆسەکە بەو جۆرە لێکتێگەیشتن و تێکۆشانە سەردەکەون، یان پلانی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە لەسەر بنەمای ململانێ دامەزراون، دێتە گۆڕەپانەکەوە. ئێمە و ڕێبەر ئاپۆ هەوڵی تێکشکاندنی ئەم پلانە دەدەین. بەڵام ئەگەر بەتەواوەتی شکستی پێنەهێنرێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو پرۆسەی ململانێیەی کە تورکیا بەرەو ئاژاوە و نادڵنیایی دەبات، دەست پێبکات. لەم حاڵەتەدا گۆڕانکاری لە شێوازەکانی ڕێکخستن و تیکۆشاندا ڕوودەدات، بەڵام بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو دەرفەتەکان بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکان ڕوودەدات. پرۆسەکە بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخانە دەستی پێکردووە، بۆیە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە ڕوونەدات، گرنگە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی سەربکەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە بۆیە ڕێکخروابوون و تێکۆشانی فرەلایەنە بۆ گەلی کورد و دۆستانمان پێویستە.”
کۆتایی…
ژێدەر: ANF
جەمیل بایک: لە ڕۆژئاوا کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیرادەی کورد کراونەتە ئامانج
جەمیل بایک: دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک دەرمانی دەردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
جەمیل بایک: بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێویستی بە هەنگاوی کردەییە



