هێرش بۆ سەر ڕۆژاڤا، هێرشە بۆ سەر پڕۆسەی ئاشتیی
مشتەکۆڵەی ئاسنین نیشانی کورد دەدرێت. بە سەرنجدان لەم واقیعە، مرۆڤ ناتوانێت هیچ لێکدانەوەیەکی لۆژیکی بۆ ئەو پرۆسەیە بکات کە باس دەکرێت لە ئیمرالی و لە ئارادایە

د. خەیریی هەزارگوڵ
گەلی کورد و هێزە دیموکراتییەکان لە هەموو شوێنێک لە دژی هێرشی چەتەکانی (تەحریرولشام – HTŞ) کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات بۆ سەر ڕۆژاڤا، ڕاپەڕیون. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە جیاتی ئەوەی ئەم ڕاستییە ببینێت، سیاسەتێکی دوژمنکارانە بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژاڤا پەیڕەو دەکات. ئەردۆغان فەرمان دەدات و هاکان فیدان قسە دەکات؛ قسەکانیان گوزارشت لە پاڵپشتیکردنی چەتەکان و هەڕەشەکردن لە گەلی کورد دەکەن؛ مشتەکۆڵەی ئاسنین نیشانی کورد دەدرێت. بە سەرنجدان لەم واقیعە، مرۆڤ ناتوانێت هیچ لێکدانەوەیەکی لۆژیکی بۆ ئەو پرۆسەیە بکات کە باس دەکرێت لە ئیمرالی و لە ئارادایە (واتە ئەم دووفاقییە لە چوارچێوەی هیچ لۆژیکێکدا جێی نابێتەوە).
ئەوانەی لە ڕۆژاڤا دوژمنایەتیی کورد دەکەن، چۆن دەتوانن لە تورکیا لەگەڵ کورد بکەونە ئاشتیی؟ ئەمە جێگەی پرسیارە. ئەوانەی ئێستا گرنگیی بە HTŞ دەدەن و پاڵپشتیی دەکەن، بە هیچ شێوەیەک گوێ بە هەست و داواکاریی ئەو کوردانە نادەن وا ١٠٠٠ ساڵە پێکەوە دەژین و پێیان دەڵێن “برا”. ئەم دۆخە نیشانەی ئەوەیە کەشی “بێ شەڕ” کە ساڵێکە بەردەوامە، لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەوە کۆتایی پێ دەهێنرێت. چونکە ئەو زمانەی بەکار دێت و ئەو سیاسەتانەی پەیڕەو دەکرێن، دەری دەخەن کە پلانێک بۆ هێرشکردنە سەر تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسیی کورد لە ئارادایە. هەر لە ئێستاوە بە ئامانجگرتنی پارتی دیموکراتیی و یەکسانیی-دەم پارتیی، بەو مانایەیە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هیچ سیاسەتێکی ئاشتییان نییە.
دەوڵەت باخچەلی، پێی وابوو دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا، وای دەبینی پێویستە بۆ ماوەیەک لە ناوخۆدا ئارامیی هەبێت تا تورکیا بتوانێت پێگەی خۆی دیاریی بکات. دۆخی سیاسیی و ئابووریی ناوخۆی تورکیاش لە بارودۆخێکی باشدا نەبوو. لەم کەشەدا، ئەردۆغان و باخچەلیی کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بۆ ماوەیەک بە نەرمیی مامەڵە لەگەڵ کورد بکەن. وادیارە پشتێنەی تەوقەکردنی باخچەلی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دەم و بانگەوازەکەی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان -کە هەموو کورد ڕەچاوی دەکات- بەم شێوەیە بووە. ئەگەر سەیری بڵاوکراوەکانی میدیای لایەنگری ئاکەپە-مەهەپە بکەین، دەبینرێت ئامانجیان ئاشتیی نییە لەگەڵ کورد.
هاکان فیدان لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە دیدارەکانی ئیمراڵیی، بە ڕاشکاویی وتی؛ ئەو دیدارانە گرنگ نین. ئەو بانگەشەی کرد کە وتەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بە شێوەیەکی جیاواز جێبەجێ دەکرێن و زمانی نێوان ئیمراڵیی و قەندیل زمانێکی ڕێکخراوەییە، بۆیە دیدارەکان مانایەکی بۆ ئەوان نییە. جەختیشی کردەوە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان وتەکانی ئەو و سیاسەتەکانی دەسەڵاتدا نییە. بەم شێوەیە هاکان فیدان دانی بەوەدا نا کە هەڵوێستی دژە-پڕۆسەکەی لە بنەڕەتدا ڕای فەرمیی دەسەڵاتە.
هەموو ئەمانە گوزارەن لەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشتیی و دیموکراتیزەبوون نانێت. کۆتایی بە پڕۆسەی ئێستا دەهێنن و هێرشەکان زیاد دەکەن، دواتریش تاوانەکە دەخەنە ملی هێزە سیاسییەکانی کورد! ئەو سیاسەتانەی ئێستا پەیڕەو دەکرێن، نیشانی دەدەن کە دەیانەوێت بارودۆخێکی لەو شێوەیە درووست بکەن.
لیژنەیەک لە پەرلەمان پێک هێنراوە، بەڵام ئەم لیژنەیە گۆڕدراوە بۆ کایەیەک بۆ پەردەپۆشکردنی سیاسەت و نزیکایەتییەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە. تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاشتیی و دیموکراتیزەبوون نەناوە. بگرە تەنانەت هەوڵی نەداوە کەشێکی گونجاو بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە درووست بکات. ئاشکرایە کۆنووسی دیدارەکانی ئەندامانی لیژنەکە لەگەڵ ئیمراڵیی دوای دیدارەکان بڵاو نەکراونەتەوە. بڵاوکردنەوەی بەشێک لە قسەکان بە دابڕاویی لە ناوەڕۆک و گشتگیرییەکەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەری دەخات کە ئامانجی لیژنەکە ئەنجامدانی کارێک نییە بۆ ئاشتیی. نیشاندانی دیداری ئیمراڵیی بەو شێوەیە و ئەو هەڵسەنگاندنانەی دواتر لە سەر ئەو “بەرماڵ-گڵێم”ـی بەرانبەر دیارییەکی دەوڵەت باخچەلی بۆ ڕێبەری گەلی کورد نێردرابوو، کرا، گۆڕدرا بۆ شێوازێک لە “تیرۆری سیاسیی”. ئەم هێرشانە بۆ سەر شکۆی ڕێبەرێک، کە گەلی کورد بە “سەرۆکایەتیی دانوستانکار”ـی خۆی دەزانێت، لەلایەن ناوەندێکی شەڕی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت. هەندێک کوردیش وەک ئامڕازی ئەم شەڕە تایبەتە بەشداری لە هێرشکردنە سەر شکۆی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن.
بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵە هێرش دەکرێتە سەر ئەم ڕێبەرایەتییەی پێشەنگی تێکۆشانی گەلی کورد دەکات، بە مەبەستی لاوازکردنی کاریگەرییەکەی. چی دەربارەی ئەم ڕێبەرایەتییە نەوتراوە؟! ئەوەی ئەم ڕێبەرایەتییە لە ماوەی پەنجا ساڵدا بۆ ئەم گەلەی کردووە، تەنانەت خودا ستەمکارەکانی ناو ئەفسانەکانیش ناتوانن نکۆڵیی لێ بکەن. گەلی کورد باشتر لە هەمووان دەزانێت لە ماوەی بیستوحەوت ساڵی زینداندا چ هەڵوێست و تێکۆشانێکی هەبووە. ئەگەر گۆشەگیرییەکی توند بۆ ماوەی بیستوحەوت ساڵ لەسەر ئەم ڕێبەرایەتییە هەبێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانی دەدات کە لە ناو چ تێکۆشان و هەڵوێستێکدایە. بە کورتیی؛ “ڕووی خۆر بە بێژینگ ناگیرێت”.
دەرکەوتووە کە ناوەندی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیا هەوڵێکی تایبەت دەدات بۆ تێکشکاندنی کاریگەریی ئەم ڕێبەرایەتییە لە سەر گەل و هێزە دیموکراتەکان. بە زانینی ئەم ڕاستییە، پێویستە گەلی کورد زیاتر خاوەندارێتیی لە ڕێبەرایەتیی خۆی بکات لە دژی ئەم پڕوپاگەندە ڕەش و تیرۆرەی کەسایەتییە. لایەنێکی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژاڤا پەیوەندیی بەو ڕێبەرایەتییەوە هەیە وا بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای دانا. ئەمە هێرشە بۆ سەر پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی. پێویستە گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکان ئەم ڕاستییە ببینن. لەم سۆنگەیەوە، تێکۆشان دژی هێرشی سەر ڕۆژئاوا، لە هەمان کاتدا خاوەندارییە لە پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی و ئەو ڕێبەرانەی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوە دەبەن.
سەرچاوە: یەنی یاشام



