هێرشەکەی شێخ مەقسوود: پرۆژەیەکی میرنشینی داعشە و لە ئاگری ناوچەکەدا پێ دەگەیەنرێت
ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕوو دەدات؛ شەڕێکی سەربازیی لاوەکیی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پرۆژەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و تێیدا داعش لە سووریا وەک مۆدێلی ئەفغانستان درووست دەکرێتەوە

ئەکرەم بەرەکات
هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەڵەب، تەنها پەرەسەندنێکی ئەمنی ئاسایی یان ململانێیەکی ناوچەیی نەبوو کە کاریگەری سنوورداری هەبێت. بە پێچەوانەوە، ئەم هێرشانە وەرچەرخانێکی مەترسیداریان دەرخست کە داعش لە ژێر ناوی “حکومەتی کاتیی سووریا” و بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورک جلوبەرگێکی سیاسیی و سەربازیی نوێ بە ڕێکخراوەکە دەبەخشێت.
هەردوو گەڕەکەکە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسی مەدەنیی تێدایە و زۆربەیان کوردن. لە ٦ـی کانوونی دووەم ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بوونەوە. لەم هێرشەدا هەموو جۆرە چەکێکی قورس و مامناوەند بەکار هێنرا و تێوەگلانی هێزە فرەنەتەوەکان دیمەنێکی خوێناویی و دڕندەترین شەڕی سووریای ئافراند.
کێ هێرشەکەی ئەنجام دا؟
هێرشەکە بە فەرمیی لەلایەن حکومەتی کاتییەوە ئەنجام دراوە، بەڵام لە زەوییەوە شایەتحاڵانی ڕاستەوخۆ و تۆمارە ڤیدیۆییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە هێزی سەرەکیی پشت هێرشەکە پاشماوەی چەتەکانی داعش بوون کە پاش شکستیان لە باغۆز لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، دووبارە ڕێک خراونەتەوە و چەکدار کراون و گوازراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا لە باکووری سووریا.
تۆمارە ڤیدیۆییە باوەڕپێکراوەکان نیشانی دەدەن کە چەکداران هەڵگری بیرۆکە و درووشمی داعشن و دەستیان لە هێرشەکەی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەدا هەبووە. لەلایەکی ترەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە کۆشکی سپی هەوڵ دەدەن ئەو کەسانە لە کامێرا دوور بخەنەوە، بەو شێوەیە ناسنامەی گرووپە هێرشبەرەکان دەشارنەوە. جگە لەوەش چەتەکانی داعش خۆیان دیمەنی دەوروبەری ئەم دوو گەڕەکەیان تۆمار کردووە و ناسنامە و ڕۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیان دووپات کردووەتەوە.
هیچ تاوانێکی دۆکیۆمێنتکراو و ناسنامەی سنووردار لەگۆڕێ نییە
یەکێک لە مەترسیدارترین گرتە ڤیدیۆییەکان کە بڵاو بووەتەوە، هێرشی چەتەکان بوو بۆ سەر تەرمی ژنێکی ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا یەکێک لە هێرشبەرەکان هاوار دەکات؛ ‘ئەڵڵا ئەکبەر’، وەک ئاماژەیەک بۆ ئایدۆلۆژیای داعش. ناوی ئەم چەتەیە ‘ئەحمەد مەنسوور’ـە و خەڵکی میسڕە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی میسڕەوە داوا کراوە بە تۆمەتی تیرۆر و ئێستا لە ڕیزەکانی “هەیئەت تەحریری شام ” (HTS)ـدایە. ئەم هەلومەرجە جارێکی تر نیشاندەری پەیوەندییە ناوخۆییەکانی نێوان ڕێکخراوە توندڕەوەکانە لە ژێر یەک چەتردا.
یەکێکی تر لەو میلیشیایانەی لەو هێرشانەدا کوژراون، ‘بیلال مەحمود’ـی ئێراقییە. مەحموود پێشتر پەیوەندیی بە داعشەوە کردبوو و دواتر پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی سەر بە حکومەتی کاتییەوە کرد. ئەم حکومەتە ئێستا لە میسڕیی، ئێراقیی، چیچانیی و ئەفغانیی و تورکمان و چەندین نەتەوەی تر پێک هاتووە. ئەم مۆدێلە بە تەواویی لەگەڵ پێکهاتە سنووردارەکانی داعش دەگونجێت.
گەواهیدەرانی سەر ئەرزی واقیع: داعش لە ڕووی پێشەوەیە
ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەڵەب ‘بەنگین حەڵەب’ کە لە بەرگریکردن لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و گەڕەکی بەنی زەید بریندار بوو، بە ڕوونیی پشتڕاستی کردەوە کە هێرشبەرەکان چەتەی داعش بوون. بەنگین جەختی لەسەر شێوازی بەکارهێنانی شەڕ و تاکتیک و سرووشتی تاوانەکان کردەوە و گوتی؛ ئەمە لوتکەی ڕەفتارەکانی داعشە.
ئەو داتایانەی قەبارەی پیلانەکە دەردەخەن
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست کەوتووە، نزیکەی ٤٣ هەزار تیرۆریست و چەتە لەو هێرشانەدا بەشدار بوون. هێرشبەران ڕاستەوخۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “بەیرەقدار”ـی درووستکراوی تورکیا، دەیان خۆکوژ و تانک و چەکی قورس و پێشکەوتوو هێرشیان کرد. دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، کە زۆربەیان لەلایەن تورکەکانەوە درووست کراون، لە هێڵەکانی شەڕ لە دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە دۆزرانەوە.
زانیارییە باوەڕپێکراوەکان ئەوەش پشتڕاست دەکەنەوە، کە لیوای قەڵغانی ئێراقیی، کە نزیکەی ٤٠٠٠ چەکداری ئێراقی تێدایە و هەموویان ئەندامی پێشووی داعش بوون. سەرکردەکانی ئەو چەتانە له لیستی تیرۆری ئێراقدان. ئەم چەتانە لە تورکیا و باکووری کوردستان (ئورفا) لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکدا، مەشق و ڕاهێنانیان و لە کەمپی تایبەت لە شاری ئورفا وەرگرتووە.
جگە لەوەش نزیکەی ٤٠٠ چەتە، کە پێشتر پارێزەری تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادیی ئەمیری داعش بوون و “لیوای سەدام حوسەین” بوون. ئەم لیوایە سەرکردەکانی پلەیەکی ڕێکخراوەکە لەخۆ دەگرێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، زرێپۆشەکانی سوپای تورکیاش لە دەوروبەری گەڕەکەکان بڵاو کراونەتەوە.
بەرەو میرنیشینیەکی نوێی داعش بە جلوبەرگێکی نوێوه
هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن: ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕوو دەدات؛ شەڕێکی سەربازیی لاوەکیی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پرۆژەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و تێیدا داعش لە سووریا وەک مۆدێلی ئەفغانستان درووست دەکرێتەوە، بەڵام بە بەرەیەکی ناوچەیی و لە ژێر ناوی “سووریا” بنەمای دامەزراندنی “میرنشینی ئیسلامی” نوێ ئامادە دەکرێت.
بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و هاوکاریی تاوانکارانەی هەندێک لەو هێزانەی ڕۆڵیان لە دۆسییەی سووریادا هەیە، مەودایەکی فراوانتر بۆ ئەم پڕۆژەیە دەکاتەوە و جارێکی تر خەڵکی سڤیل دەکاتەوە سووتەمەنی حسابی ژیۆپۆلەتیک کە سووریا تەنیا وەک بوارێکی بەرژەوەندیی دەبینن، ئەمەش بە نرخی زیندووکردنەوەی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی کە جیهانی مۆدێرن دەیناسێت.
ژێدەر: www.lekolin.org



