گۆشەی ئازد

هاوپەیمانە فڕێدراوەكان: دیسانەوە ناپاكیی لە كورد دەكرێت

هۆل تەنها كارەساتێكی مرۆیی نییە چاوەڕوانی ڕوودانی بین، بەڵكوو دواهەمین پسووڵەی جەنگێكە و دەمێكە بە كۆتاییهاتوو دانراوە.

دیلان ئیڤانز

لەئینگلیزییەوە: ڕوشدی جەعفەر

 

 

ئەوكاتەی بۆ تێكشكاندنی داعش پێویستمان بە یارمەتییان بوو، كورد پاڵەوان بوو. وێنەیان دەگیرا، ستایش دەكران و بە وەسفی جۆراوجۆر دەڕازێنرانەوە: ئازا، ڕێكخراو و متمانەپێكراو. سەركردە خۆرئاواییەكان بەنابەدڵیی، بەڵام ڕێزدارانە ناویان دەهێنان. ڕۆژنامەنووسان بابەتی سەرسامكەریان لەبارەی كچە شەڕڤانەكان، ئەنجوومە دیموكراتییەكان و ئەو دوڕگە دەگمەنەی ئارامیی لە دەڤەرێكی داوەشاودا دەنووسی. بۆ ساتەوەختێك، خۆڕێكخستنی كورد شەرمەزاریی نەبوو بەڵكو سامانێک بوو.

دواتر داعش تێك شكا. بەم سەركەوتنە، ئیتر سوودی كوردیش بەسەر چوو.

ئەوەی دواتر ڕووی دا ناپاكیی نەبوو بە مانا دراماتیكییە [كلاسیكییەكەی]: نە خەنجەر لەپشتدانێكی دراماتیكی لەئارادا بوو، نە ئاخاوتنێك بەدەم ئازارەوە، نە پاكانەحسێبێكی گشتیی. بەڵكوو شتێكی زۆر مۆدێرنتر و و كاراتر بوو: فڕێدان. كشانەوەیەكی كارگێڕیی خاو لە ڕووی بایەخپێدان، پاراستن و زمانەوە. بەكاوەخۆ فەزای ئاسمانیی داخرا. دەسەڵاتپێدان تا دەهات كەم دەكرایەوە. بەیاننامەكان كورتتر، تەمومژاویتر و “هاوسەنگتر” بوون. ئەوەی ڕۆژگارێك پێی دەوترا خۆبەڕێوەبەریی، بووە ئاستەنگێك بۆیان. هاوپەیمانی جاران بووە بكەرێكی خۆجێی. ئەوەی بەرگریی لێ دەكرا، لێی پەشیمان بوونەوە.

بەم جۆرە دەسەڵاتە هاوچەرخەكان پادداشتیی ئەوانە دەدەنەوە كە یارمەتییان دەدەن: بە وەفاداریی نا، بە ناپاكییەكی ئاشكراش نا، بەڵكوو بە جۆرێك لە لەبیربردنەوەی كارگێڕیی. هەر كە ئەركەكە ڕاپەڕێنرا، یارمەتیدەرەكە پۆڵێن دەكەنەوە. دۆسییەكان دادەخرێن. هەڵسگاندنی نوێ دەخرێتە ڕوو. ئەو زمانە ئەخلاقییەی پێشتر بۆ پاساوی پشتگیریی دەهێنرایەوە، ئێكسپایەر دەبێت، ڕێك وەك مۆڵەتێكی ماوەبەسەرچوو.

ڕۆژاڤا و كامپەكان

ڕۆژاڤاش لەم ڕێسایە بەدەر نییە، بەڵكوو نموونەیەكی زەقێتی. ئەوەی ئێستا لە باكووری سووریا ڕوو دەدا، بەرهەمی سەركردەیەكی بێباك، مامەڵەیەكی چەپەڵ یان ورەلەدەستدان نییە. بەڵكوو دواقۆناغی پێشبینیكراوی پرۆسەیەكی دووبارەیە: هاوپەیمانیی كاتیی، خۆشحاڵبوونی تەكتیكیی، بێدەنگیی ستراتیژیی و دواجار سڕینەوە. توندوتیژیی لەسەر ئەرزی واقیع دڕندانەیە، بەڵام ئەو بڕیارەی كە ڕێگەی پێ دەدات، بڕیارێكی ڕێك، پیشەیی و دابەشكراوە لەنێوان دامەزراوەكاندا كە هەرگیز بە ئاشكرا ناوی خۆیانی ناخەنە سەر.

كورد لەبەر هەڵەیەك گوایە كردبێتیان سزا نادرێن. بەڵكوو لەبەر ئەوە فڕێ دەدرێن، چونكە ئەركی خۆیان تەواو كردووە.

هەمان ئەو لۆژیكەی ئێستا ڕۆژاڤا وەلاوە دەنێت، بە شێوەیەكی زەقتر لە دۆسییەی چارەنووسی كەمپی هۆل دیارە. بۆ چەندین ساڵ، ئەم كەمپە وەك پاشماوەیەكی ناڕەحەتی شەڕی دژی داعش مابوویەوە: دەیان هەزار ژن و مناڵ لەو دەشتاییەدا كۆ كرابوونەوە، نە دادگایی دەكران و نە دەگەڕێنرانەوە وڵاتی خۆیان، نە چاكسازییان تیا دەكرا و نە ئازادیش دەكران. كێشەیەك هەمووان دانیان پیا دەنا و كەسیش خۆی لێ نەدەكردە خاوەن. كەمپەكە لەلایەن هەمان ئەو هێزە كوردییانەوە بەڕێوە دەبرا وا شەڕەكەیان كردبوو.

هۆل هەبوو، چونكە دەبووایە هەبێت، بەڵام هەروابێتەوە لەبەر ئەوەی دەكرا پشتگوێ بخرێت. حكوومەتە خۆرئاواییەكان دۆخێكی هەڵواسراویان پێ باشتر بوو كە لەلایەن بریكارەكانەوە بەڕێوە ببرێت وەك لەوەی تێچووی سیاسیی گەڕاندنەوە و دادگایی و بەرپرسیارێتیی دوورمەودا بگرنە ئەستۆی خۆیان. هێزە كوردییەكان بەبێ دانپیانان و سەرچاوە و دەستڕۆیشتوویی ئەركی پاراستنی ئەوێیان خرایە ئەستۆ، هی پارێزگاریی لە ئەرشیفێكی زیندووی جەنگێكی تەواونەكراو: خێزانە توندڕەوەكان، مناڵانی تووشبووی تراوما و ئایدیۆلۆژیایەك كە بەهۆی فەرامۆشكردنەوە مابوویەوە. ئەم مامەڵەیە لە ڕووی یاساییەوە گوماناویی، لە ڕووی ئەخلاقییەوە داوەشاو و لە ڕووی ستراتیژییەوە ناسەقامگیر بوو، بەڵام هەر بەردەوام بوو، چونكە بە گونجاو دانرا. ئەم گونجاوییە ئێستا كۆتایی هاتووە.

كاتێك هێزەكانی حكوومەتی سووریا پێشڕەوییان كرد و شارە كوردییەكان كەوتنە بەر هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ، پاسەوانانی كەمپی هۆل گۆڕدران. نەك لەبەر ئەوەی ئیتر كەمپەكە سەلامەت بوو، دۆخەكەی چارەسەر كرا یان بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە گوازرایەوە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی دیسانەوە لە جێیەكی دیكە پێویستیان بە كورد بوو. كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی چەندین ساڵ جەختیان لەوە دەكردەوە كە پاراستنی كەمپەكە پێویستە بۆ ئەوەی داعش سەر هەڵنەداتەوە، كەچی كتوپڕ بۆیان دەركەوت نە پلانێكیان هەیە، نە میكانیزمێكی ڕادەستكردن و نە ئەوەی لە كاتی پێویستدا چی بكەن. كەمپەكە بەهۆی فەوزاوە نەڕووخا، بەڵكوو لەبەر ئەوەی هەرگیز نەخرابوویە نێو ئاسۆی سیاسیی هیچ لایەنێكەوە.

“تا ڕادەیەكی زۆر بەسەر چووە”

 ئەو زمانەی بۆ باسكردن لەم هەڵگەڕانەوەیە بەكار دێت، زۆر شت ئاشكرا دەكات. نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا نووسیویەتی، “ئامانجی بنەڕەتیی قەسەدە… تا ڕادەیەكی زۆر بەسەر چووە.” ئامانج لێرەدا تەنها شتێكی كاركردییە. دوای ئەوەی قەڵەمڕەوی داعش تێك شكێنرا، وادانرا ئیتر ڕۆڵی هێزە كوردییەكان تەواو بووە، بەبێ حسێبكردن بۆ ئەو زیندانانەی بەڕێوەیان دەبرد، ئەو كەمپانەی دەیانپاراستن، یان ئەركی درێژ و تاقەتپڕوكێنی لەناوبردن و ڕیشەكێشكردنی توندڕەوی دوای سەركەوتن. قۆناغی دوای جەنگ بە كێشەی لایەنێكی دیكە دانرا، گەرچی كەسی دیكەش ئامادەیی لەئەستۆگرتنی تیا نەبێت.

بەم جۆرە هۆل دەبێتە ئاوێنەیەكی تەواوەتیی ڕۆژاڤا خۆی. هەردووكیان تا ئەو كاتە بەرگەیان گیرا كە ئەركێكی ئەمنیی ڕاستەوخۆ ڕابپەڕێنن. هەردووكیان لە دانپیانان، وەبەرهێنان و گەرەنتیی درێژخایەن بێبەش كران. ئێستاش هەردووكیان وێڵ كراون، ئەمەش نەك بە بڕیارێكی ژیرانە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان بەڵكوو بە دەستبەردانێكی كارگێڕیی خاو، بڕینی بودجە، كەمكردنەوەی دەسەڵات و ناڕوونی یاسایی. ئەنجامی ئەمەش چارەسەر نییە، بەڵكوو ڕووهەڵماڵینە: ڕاكردنی بەندكراوەكان، مانەوەی ئایدۆلۆژیاكە، كورتكردنەوەی بەرپرسیارێتی لە بەیاننامەی ڕۆژنامەنووسانەدا.

ئەوەی بە سەر خانەوادەی چەكدارەكانی داعش دێت، بەدەر نییە لە دەستبەردان لە كورد، بگرە درێژكراوەیەتی. هەمان ئەو سیستەمەی شەڕڤانە كوردەكانی بۆ تێكشكاندنی داعش بەكار هێنا، ئیدارەی كوردی بۆ لەخۆگرتنی پاشماوەكانی داعشیش بەكار هێنا، دواتریش كشایەوە و پاسەوان و پاسەوانیكراوەكانی لە بۆشاییدا بەجێ هێشت.

ئەو توندوتیژییەی ڕەنگە بەدوایدا بێت، دیسانەوە وەك شتێكی تراژیدیی و ئاڵۆز و پێشبینینەكراو باس دەكرێت. بەڵام هیچ كامیان نییە. بەڵكوو ئاكامێكی چاوەڕێكراوی ئەو سیستەمەیە كە هاوپەیمانەكانی وەك ئامڕاز و پاشهاتەكانیش وەك بارێكی دەرەكیی دەبینێت.

بەم مانایە، هۆل تەنها كارەساتێكی مرۆیی نییە چاوەڕوانی ڕوودانی بین، بەڵكوو دواهەمین پسووڵەی جەنگێكە و دەمێكە بە كۆتاییهاتوو دانراوە.

ژێدەر: medium

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.