لە سەروەریی دەوڵەتەوە بەرەو سەروەریی کۆمەڵگە: تێپەڕاندنی وەهمی نەتەوە-دەوڵەت و فەلسەفەی ئازادیی
مێژووی ٢٥٠ ساڵەی نەتەوە-دەوڵەت تەنیا گۆڕستانی بەکۆمەڵ و وێرانکاریی بۆ مرۆڤایەتیی بەرهەم هێناوە. کورد وەک گەلێک کە لە هەمووان زیاتر ئازاری ئەم سیستەمەی چەشتووە، شایستەی ئەوەیە پێشەنگی مۆدێلێکی نوێ بێت: مۆدێلی "کۆمەڵگەی سیاسیی و ئەخلاقیی"

هەردی دولبەر
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، جارێکی دیکە شەپۆلێکی ڕەخنە و هێرش ڕووبەڕووی دیدگا فەلسەفییەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەبێتەوە، بە تایبەت لەو خاڵانەی کە پەیوەستن بە پرسی “دەوڵەت-نەتەوە” و “بنیادنانی پێكەوەژیانی دڵخوازانەی گەلان’. ئەوانەی هێرش دەکەن، زۆرجار لەناو قاوغی تەسکی ناسیۆنالیزمێکی کلاسیکدا گیریان خواردووە و وا دەزانن ڕەتکردنەوەی دەوڵەت واتا ڕەتکردنەوەی بوونی نەتەوەیەک. بەڵام کێشەکە لێرەدا نییە؛ کێشەکە لە نەناسینی جەوهەری دەوڵەت و ئەو مێژووە خوێناوییەیە کە ئەم دەزگایە لە خۆیدا دەیژێنێت. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوە نییە بۆچی ڕێبەر ئاپۆ دژی دەوڵەتی کوردییە، بەڵکوو ئەوەیە: ئایا “دەوڵەت” لە بنەڕەتدا دەتوانێت ببێتە ئامرازی ڕزگاریی، یان خۆی گەورەترین ئامڕازی سەركوتكردنی ئازادییە؟
هەقیقەتی دەوڵەت: سیانەیەک لە توندوتیژیی، داگیركاریی و فرتوفێڵ
بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ، دەبێت سەرەتا “ئۆنتۆلۆژیای دەوڵەت” بناسین. دەوڵەت تەنیا دامەزراوەیەکی ئیداری نییە، بەڵکوو سیستمێکی دەسەڵاتدارییە و لەسەر سێ کۆڵەکەی “توندوتیژیی، فرتوفێڵ و داگیرکاریی” دامەزراوە. دەوڵەت لە مێژوودا هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ پۆلینکردنی کۆمەڵگە و دابەشکردنی بەسەر “سەروەر و بندەست” کاری کردووە کە لای هیگڵ دەبێتە “ئاغا و کۆیلە”. یاسا لەم سیستەمەدا، نەک بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی، بەڵکوو بۆ شەرعیەتدان بەو داگیرکاریی، فرتوفێڵ و توندوتیژیی بەکار دێت و دەسەڵات ئەمە بەڕێوە دەبات. کاتێک دەوڵەت توندوتیژیی دەنوێنێت، ناوی دەنێت “یاسا”، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە بەرگریی لە خۆی دەکات، ناوی دەنێت “تاوان”. ڕێبەر ئاپۆ دژی دەوڵەتە، چونکە دەوڵەت “کۆمەڵکوژیی کۆمەڵایەتیی” ئەنجام دەدات؛ واتە کۆمەڵگە لە جەوهەرە سیاسی و ئەخلاقییەکەی دادەماڵێت و دەیکاتە بارستەیەکی بێدەنگ لەژێر فەرمانی بیرۆکراسییدا.
دەوڵەتی کوردیی: خەونێک یان داوێکی نوێ؟
ئەوانەی بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە هێرش دەکەن، پێویستە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری قورس بدەنەوە کە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو وردەکارییەکانی بوونی دەوڵەتەوە. ئەگەر سبەی بڕیاری درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردیی بدرێت، ئەو دەوڵەتە پانتای جوگرافیاكەی لە كوێوە بۆ كوێی دەبێت؟ ئایا لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە دەبێت کە داگیرکەران کێشاویانە، یان سنوورێکی نوێ بە شەڕێکی خوێناوی تر دەکێشرێت؟ کام شاری کوردستان دەبێتە پایتەخت و ناوەندی دەسەڵاتەکەی؟ لە هەمووی گرنگتر، کام زاراوە دەبێتە زمانی فەرمیی؟ کام ئایین دەبێتە ئایینی فەرمیی؟ کام لە ئاڵاکان دەکرێتە ئاڵاکەی؟ ئایا سۆرانیی دەبێتە زمانی سەپێنراو بە سەر کرمانجی، کەلهوڕیی و هەورامییدا، یان بە پێچەوانەوە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە کە پێویستیان بە وەڵامی لۆژیکیی هەیە.
ئەم پرسیارانە تەنیا پرسی ڕواڵەتیی نین، بەڵکوو جەوهەریین. مێژووی نەتەوە-دەوڵەت لە ٢٥٠ ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە کە هەموو دەوڵەتێکی نوێ، بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت، دەبێت دەست بکات بە یەکڕەنگ “هاوشێوە“کردن. واتە دەبێت فرەیی ناوخۆیی و جیاوازییەکانی ناو نەتەوەکە لەناو بەریت بۆ ئەوەی “تاکە ئاڵا، تاکە زمان، تاکە ناسنامە، تاکە ئایین و تاکە بازاڕ” درووست بکات. لێرەوەیە قوربانیی دەبێتە جەلاد. کورد خۆی قوربانیی پڕۆسەی “تورکاندن عەرەباندن و فارساندن” بووە، ئایا دەیەوێت دەوڵەتێکی هەبێت کە هەمان مۆدێلی چەوساندنەوە بەرهەم بهێنێتەوە؟
پێکەوەژیانی دڵخوازانەی گەلان: پێویستییەکی ستراتیژییە یان خەیاڵپڵاویی؟
ڕەخنەگرانی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێن تورک و عەرەب و فارس نایانەوێت ببنە برای کورد. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە لە ئاستی “دەوڵەتەکان”ـدا، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ باسی پێكەوەژیانی دڵخوازانە لەگەڵ “دەوڵەتەکان” ناکات، بەڵکوو باسی پێكەوەژیانی دڵخوازانەی “گەلان” دەکات؛ نەک “برایەتیی گەلان”، لە ڕووی ناوەڕۆک و واتاوە ئەو دوو دەستەواژە جیاوازییان زۆرە. لە ڕوانگەی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتییەوە، دوژمنی کورد نەتەوەکانی تر نین، بەڵکوو “زیهنیەتی نەتەوە-دەوڵەت”ـەکانە کە دژی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی خۆشیانن. ئەگەر کورد تەنیا ڕێگەی دەوڵەتبوون بگرێتە بەر، ئەوا بۆ هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراوی شەڕی سنوورەکاندا دەمێنێتەوە. بۆچی؟ چونکە نەتەوە-دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای دژایەتیی یەکتر درووست دەبن. “پێكەوەژیانی دڵخوازانەی گەلان” تاکە ڕێگەیە بۆ تێکشکاندنی ئەو قەفەسە جوگرافیی و سیاسییەی ئیمپریالیزم لە سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ ناوچەکەی کێشاوە. بانگەشەی پێکەوەژیانی دڵخوازانەی گەلان تەنیا درووشمێکی ئایدیاڵیی و ئەخلاقی نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ ئەوەی وزەی گەلان لە بری کوشتنی یەکتر، بۆ بنیادنانی ژیانێکی ئازاد وەگەڕ بخرێت.
قوربانی و تەڵەی لاساییکردنەوە: دیدگایەکی فەلسەفیی
دووبارە بە گرنگی دەبینم بپرسمەوە؛ بۆچی کورد، کە گەورەترین قوربانیی سیستەمی دەوڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێشتا دەخوازێت ببێتە خاوەن دەوڵەت؟ لێرەدا دەبێت پەنا ببەینە بەر فەیلەسووفە دژەدەوڵەتەکان و تیۆرییەکانی ڕزگاریی. فەیلەسووفی فەڕەنسی “ژیل دۆڵۆز” و “فیلێکس گواتاری” باس لەوە دەکەن کە دەوڵەت “ئامێرێکی گرتنە“. هەرچی ژان فرانسوا بایارتیشە دەڵێت: “دەوڵەت وزەیەکە”، واتە خاوەن بوونێکی جێگیر نییە تا خزمەتی کۆمەڵگە بکات”. هەرچی پیێر کلاستەریشە لە پەرتووکی کۆمەڵگەی دژە دەوڵەتدا ئەو هەقیقەتە دەسەلمێنێت کە “دەوڵەت پێویستییەکی سرووشتیی نییە بۆ پەرەسەندنی مرۆڤ، بەڵکوو لادانێکە لە ڕەوتی سرووشتیی کۆمەڵگە”. هەرچی چارڵز تیلیشە لەمبارەوە دەڵێت: “دەوڵەت ڕێکخراوێکی مافیاییە و سەرانە کۆ دەکاتەوە”. کاتێک کۆمەڵگەیەکی ئازاد و زیندوو دەخوازێت خۆی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتدا ڕێک بخات، وەک ئەوە وایە لێشاوی ئاوێکی زیندوو بخەیتە ناو حەوزێکی کۆنکرێتییەوە؛ ئاوەکە دەبێتە زۆنگاو و بە تێپەڕبوونی كات بۆگەن دەبێت.
کورد کە بۆ سەدان ساڵە لە دەرەوەی دەوڵەت و وەک “کۆمەڵگەیەکی سرووشتیی” ژیاوە، خاوەنی کەلتوورێکی دیموکراتیی و فرەییە و دەوڵەت ناتوانێت بەرگەی بگرێت. کاتێک قوربانیی دەخوازێت ببێتە خاوەن هەمان ئەو چەکە (دەوڵەت) کە پێی کوژراوە، تووشی جۆرێک لە “نەخۆشیی لاساییکردنەوەی جەلاد” دەبێت. فرانتز فانۆن دەڵێت: “کاتێک بندەست دەخوازێت جێگەی سەروەر بگرێتەوە، تەنیا ڕەنگی چەوساندنەوە دەگۆڕێت، نەک جەوهەرەکەی.” لە کاتێکدا کورد نەبووەتە بندەست!
ڕێبەر ئاپۆ بە دیدێکی فەلسەفی قووڵەوە تێگەیشتووە کە “دەوڵەت” ڕێگەی ئازادی نییە، بەڵکو “کۆتایی مێژووی ئازادیی”ـیە. بۆ کوردێک کە دەیەوێت ئازاد بێت، گەڕان بەدوای دەوڵەتدا وەک گەڕانی زیندانییەک وایە بەدوای زیندانێکی خۆماڵییدا. فەلسەفەی دژە-دەوڵەت دەڵێت: “مرۆڤ پێویستی بەوە نییە حاکم بێت بۆ ئەوەی ئازاد بێت، بەڵکوو پێویستی بەوەیە هیچ کەس حاکمی نەبێت.”
دەرەنجام؛ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ڕێبەر ئاپۆ، دەكرێت ئاوا شڕۆڤە بكەین:
بە گشتیی ئەم هێرشانە لە تێنەگەیشتنێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرن. ڕێبەر ئاپۆ نەیاری مافەکانی گەلی کورد نییە، بەڵکوو ئەو گەورەترین داکۆکیکارە لە “بوون”ـی کورد، بەڵام بوونێک کە بە توندوتیژیی دەوڵەت پیس نەبووبێت. ئەو لە جیاتی “نەتەوە-دەوڵەت”، پێشنیاری “نەتەوەی دیموکراتیی” دەکات؛ نەتەوەیەک کە ناسنامەکەی نەک لەسەر بنەمای ئاڵا و سنووری دەستکرد، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان بنیاد دەنێت.
مێژووی ٢٥٠ ساڵەی نەتەوە-دەوڵەت تەنیا گۆڕستانی بەکۆمەڵ و وێرانکاریی بۆ مرۆڤایەتیی بەرهەم هێناوە. کورد وەک گەلێک کە لە هەمووان زیاتر ئازاری ئەم سیستەمەی چەشتووە، شایستەی ئەوەیە پێشەنگی مۆدێلێکی نوێ بێت: مۆدێلی “کۆمەڵگەی سیاسیی و ئەخلاقیی” کە تێیدا مرۆڤەکان بێ ئەوەی پێویستیان بە دەوڵەت بێت، ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن. ڕێبەر ئاپۆ نایەوێت کورد ببێتە خاوەن دەوڵەت، چونکە دەیەوێت کورد ببێتە خاوەن “ئازادییەک” کە هیچ دەوڵەتێک نەتوانێت لێی زەوت بکات. ئەمە جەوهەری ئەو فەلسەفەیەیە وا ناسیۆنالیستە ناتوانن لێی تێبگەن.



