لە ستایشی دڵی زیندوودا
"لەم وتارەدا، نووسەر بە شێوەیەکی قووڵ لە دیاردەی 'دڵمردوویی' دەکۆڵێتەوە، کە وەک وەڵامێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ئەو گفتوگۆ بەربڵاوەی لەناو بازنە ڕۆشنبیرییەکاندا لەسەر چەمکەکانی وەک 'نیهیلیزم' و 'بێباکی' لە ئارادایە..."

کاتێک کیرکگارد باسی دڵ و وزەی دڵ لە گرنگیی و بایەخدان بە شتەکان دەکات، بە تەنها باسی هەست و سۆزێکی پەتیی ناکات، بەڵکوو مەبەستی سەرەکیی ئەو بزوێنەرە وجودییە گرنگەیە وا مرۆڤ دەبەسێتەوە بە خۆی و شتەکانەوە. هەستکردنمان بە خۆمان و بە شتەکانی دەورمان، ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە ژیانی خۆمان و ئەوانی تر، گرنگیدان و مانا بەخشین بە ڕووداو و شتەکانی چواردەورمان جەوهەری مرۆڤبوون و پێناسەی یەکەمی مرۆڤبوونمانە!
ئێمە دەژین، دەترسین، دەگرین، ئازار دەکێشین، دەلەرزین، تووڕە دەبین، هاوار دەکەین، پێدەکەنین، ئاشق دەبین، یاخی دەبین، گرنگی بە خۆمان و بە چواردەورمان دەدەین یان لێیان زویر دەبین و دەتۆرێین و… هتد. ئەی چی ڕوو دەدات کاتێک ئەم بزوێنەرە ویژدانیی و وجودییەی مرۆڤ لەکار دەکەوێت و دەکوژێتەوە… چی ڕوو دەدات ئەو دەمەی هیچمان بۆ گرنگ نییە و چاوەڕوانیی هیچ ناکەین، چی ڕوو دەدات کاتێک هەموو شتێک هیچوپووچە. دەردەکەوێت و مانای خۆی لەدەست دەدات؟ ئەو دەمەی چیتر هەست بە شتەکان ناکەین و گرنگیی پێ نادەین، ئەو دەمەی چراکەی ناومان دەکوژێتەوە، ئەو کاتەی دڵمان لە کانگای هەست و سۆزەوە دەبێتەوە بە ئۆرگانێک ترپەکانی تەنها بۆ ئەوەیە بیرمان خاتەوە کە هێشتا خوێن بە جەستەماندا دەڕوات و هێشتا بە سەر دنیاوە ماوین! ئەو دەمەی ئاشق دەبین و دڵمان نالەرزێت بۆ بینینی یار، ئەو دەمەی دەنووسین بەس تەنیا بۆ ئەوەی نەمرین… ئەو جۆرە لە بێباکیی بە ژیان کە ئازاریش خۆی عاسی دەکات و خۆی نادات بەدەستەوە، ئەو کاتەی ژیان لە ناوەوە دەتکوژێت، کوشتنێک کە یەک دڵۆپ خوێنیش لە جەستەت نایەت، چونکە لە ناوەوە خوراویت، لە ناوەوە ڕزیویت بە زەبری ژیان خۆی. ئەو کاتەی هێور هێور جیهان بۆ تۆ دەبێتەوە بە ئامڕاز، خۆیشت دەبیتە پرۆژەی ئەکتەرێکی شکستخواردوو، هەموو ڕۆژێک بۆینباخەکەت دەبەستیت، سوراوەکەی لێوت دەکەیت، جانتاکەت دەدەیت بە شانتا تا ڕۆڵەکەی خۆت ببینیت، نەک لەبەر ئەوەی زیندوویت و خۆتیت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بیرت چووەتەوە خۆت چۆن بوویت! ئیتر تۆ هەمیشە باشیت، چونکە دەزانیت کەس حەوسەڵەی ئەوەی نییە بزانێت تۆ بۆ باش نیت و دڵمردوویت… هەر وەک چۆن شۆبنهاوەر پێمان دەڵێت: خراپترین شت لە خەمۆکییدا ئەوە نییە، کە ئازارمان زۆرە و حەسرەت دەکێشین، بەڵکو خودیی نەبوون و غیابی ئازارە. ئیتر ئەو کاتەی نە هیچ شتێک ئازارت دەدات، نە هیچ شتێکیش دڵخۆشت دەکات، ئەو دەمەی دەبیت بە جەستەیەک کە تەنها دەزانیت هەناسە بدەیت، ئیدی هیچت بۆ گرنگ نییە، نەک لەبەر ئەوەی دڵتخۆشە و باشیت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێز و هەرەکەتی ئەوەت نییە ئازار بچێژی. ئیدی تۆ وەک مرۆڤێکی دڵمردوو کز دەبیت و دەکوژێیتەوە.
ئەمە قسەکردن نییە لە سەر دۆخی خەمۆکیی ڕەشبینیی مرۆڤ بە ژیان و ساتە قورسەکانی، بەڵکوو قسەکردنە لەسەر بزوێنەری بوون و وجوودی مرۆڤ بەرانبەر بە خۆی و ئەو جیهانەیشی وا لێی دەژی، باسی گرنگیدان دەکەین. ئەو کاتەی مرۆڤ چیدی بۆی گرنگ نییە لە دەوری چی ڕوو دەدات، ئەو دەمەی پووچی قان دەدات، تۆیش دەبیتەوە بە بەشێک لەم پووچییە، ئەو کاتە شتێک نامێنێت بە ناوی ژیانەوە، ئیدی ئەو کاتە ژیان خۆی گوازارشتە بۆ بێمانایی ژیان، ئیدی جیهان وەک نمایشێکی بێسرتە، بێدەنگ و بێمانا، نمایشێک یان کۆمەڵە وێنەیەکی جووڵاو لە دەوری تۆ، تۆی بێجووڵە و بێدەنگ دەسووڕێتەوە. وەک ئەوەی تۆ لە دەرەوەی ڕووداوەکان بیت، وەک ئەوەی تۆ هەر نەبیت. ئەم کوژانەوەیە هەر بە تۆەوە ناوەستێت وەک تاکێک، بەڵکوو خۆی دەخزێنێتە نێو هەموو سووچ و پەنا و پەسێرەکانی دەورت: لە ناو خێزان، کۆمەڵگە، ئایین، سیاسەت، هونەر و ئەدەبیشدا دەگاتە ترۆپکی خۆی.
جا لەو کۆمەڵگەیانەی جەنگ و نەهامەتییەکانی جەنگ مرۆڤەکانی هاڕیوە، لە کۆمەڵگەی سیستمی سیاسی و داپڵۆسینەر و دیکتاتۆرییدا، ئەم جۆرە کوژانەوەیە لە بوون و وجوودی مرۆڤدا بە ترسناکیی دەردەکەوێت و خۆی نمایش دەکات. لە کۆمەڵگەیەک، کە کوشتن و بڕین دەبێتەوە بە هەواڵی بەپەلە و خێرا، ئەوا ناتوانین هەموو خراپییەکان بدەینە پاڵ توندوتیژیی، بەڵکوو شتێکی تر شانبەشانی ئەم توندوتیژییە خۆی درێژ دەکاتەوە، ئەویش کوژانەوە و لەکارکەوتنی دڵی مرۆڤەکانە بۆ خۆیان، بۆ ئەو جیهانەیش وا تێیدا دەژین. دەستبەردانە لە ژیان، سەرکزکردنە بە ناوی ژیانەوە تا کڵاوەکەت با نەیبات، ئەم کوژانەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە باشە و فەزیلەتەوە نییە، ناتوانین دڵی خۆمان بەوە خۆش بکەین و بڵێین ئێمە کە دەست تێکەڵ ناکەین لەگەڵ سیستم دڵباش و چاکەخوازین… گەر چاکە خۆی تێرمێکی سیاسی و فەلسەفیی بیت، ئەوا ڕاست نییە ئەم دۆخە بەم شێوەیە لێک بدرێتەوە! خەڵک بێدەنگ نابێت لەبەر ئەوەی باشە و چاکن، خەڵک بێدەنگ دەبێت، چونکە دڵی مردووە و ناتوانێت چیتر ژیان بۆ خۆی بۆ ئەوانی تریش بە گرنگ و بە بایەخ ببینێت. خەڵک مردنێکی تر دەژی بە ناوی ژیانەوە.
هەڵبەت منیش هەر وەک کیرکگارد کاتێک باس لە کوژانەوەی دڵ و ڕۆحی مرۆڤەکان دەکەم، مەبەستم لە شکان و ڕەخنەکردنی خەڵک نییە، بەڵکوو زیاتر خەمخۆریی ناونانی شتەکانە وەک خۆیان. وێناکردنی دۆخێکی مرۆیی و وجوودی، کە هەر چۆن لە جەنگدا هەر ئەوایش لە ئەشق و لەدەستدان و دەستەخەڕۆبووندا بە خۆت بە ژیان، ئەم وێنایە بە ترسناکیی دەردەکەویت: وێنای کوشتن و وێرانکردنی کەسەکان لە ناوەوە نەک لە دەرەوە، وێنای کوژانەوەی ژیان لە ناو دڵە زیندووەکاندا یان ئەو دڵانەی ڕۆژێک زیندوو بوون… وەلێ، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بە سرووشتی خۆی بە دوای مانادا وێڵە، تەنانەت مانا بۆ بێمانایی و پووچیی ژیانیش دەدۆزێتەوە و پەنا بۆ مانای تر دەبات، پەنا بۆ پێکی شەراب، ماددەی هۆشبەر، بەرخۆری، پەنا بۆ جوانکاریی، پەنا بۆ هەموو پووچییەک دەبەین نەک لەبەر ئەوەی نازانین ئەمانە هەمووی شتی پووچ و بێمانان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی خودی هیچوپووچیی تاکە شتێکە کە دەتوانێت کارمان تێ بکات و کارلێکی لەگەڵ بکەین، چونکە ئیدی ئازار و زامەکانمان هێندە قووڵ بوون، ناوێرین بچین بە لای هیچ شتێکی قووڵ و ڕەسەندا، خۆمان لە پرسیارە گەورەکان نادەین، دواجار مانا لە پەنای شتە پووچ و ڕووکەشەکاندا دەبینین، وەک ئەوەی کامۆ لە ‘تاعون’ـدا وەسفی دەکات و دەڵێت: ئێمە ژیان بەبێ هەست و سۆز بەڕێ دەکەین و دەیگوزەرێنین، چونکە گەر وانەکەین، هاڕە دەکەین و دەکەوین.
ئەی داخۆ لەناو ئەم هەقیقەتدا و بە زمانی هەقیقەت ئێمە چۆن بتوانین پێناسەی مرۆڤی کورد بکەین، چۆن بتوانین وەسفی ئەو مرۆڤە بکەین وا دەستی لە دنیا شتووە و تەواو بووە؟ ئەم مرۆڤە چۆن تەواو بوو؟ ئەو کوردە کامەیە وا بە یەکجارەکیی لە خۆی دوور کەوتووەتەوە و شکۆی نەماوە، ئەو مرۆڤەی بووەتە کەسێکی پرزەلێبڕاو و پەژموردە تا ڕادەی پووچی و بێدەسەڵاتیی بەرانبەر بە ئیرادە و بوونی خۆی، هێندە بێدەسەڵات کە وڵات و خاکی خۆی بەجێ دێڵێت و ڕوو دەکاتە دەرەوەی خۆی؟ ئەو مرۆڤەی هێندە ڕق و کینە لە دڵە، هەموو پەیوەندییەک ناشرین و بێزراو دەکات، مرۆڤێکی تووڕە بەرانبەر بە خۆی و ئەوانی تر؟ ئەم مرۆڤە چۆن بەم حاڵەتە گەیشت و چی بەم دۆخەی گەیاند؟ بەم پرسیارانە ئاپۆ دەیەوێت باسی گرنگیی ئەدەب لە زیندوکردنەوە و بنیادنانەوەی مرۆڤی کورد بکات. ئەو مرۆڤەی سەدەها ساڵە بە دەستی ستەمکاریی و دوژمنکارییەوە دەناڵێنێت و هێز و پرزەی لێ بڕاوە، ئەو مرۆڤە ماندوو و شەکەتەی چیتر ناتوانێت خەون و خەیاڵ بە خۆی و دواڕۆژی خۆیەوە ببینێت، ئەو مرۆڤەی پەیوەندیی بە ژیانەوە تەنیا بریتیە لە خودنەفرەتیی بە خۆی و بوونی خۆی. ئایا هەر ئەوەند بەسە ئەم کوردە بە چاکەخواز و فەقیری ماڵی خۆی ناو ببەین؟ یان پێویستە دەست بخەینە نێو برینەکە و لە ڕەگەوە زامەکەی بۆ ساڕێژ بکەین، ئەویش ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خۆی و وجوودی خۆی.
پرسیارەکە بۆ ئاپۆ ئەوەیە ئایا ئەو مرۆڤەی ناوی کوردە چۆن لە ڕێی ئەدەب و هونەرەوە جارێکی تر فێری ماناکانی ژیان دەبێتەوە؟ جا تۆ بڵێیی بە تەنها ئەشق یاخود شۆڕش بتوانێت ئەم مرۆڤە زیندوو بکاتەوە؟ تۆ بڵێی بتوانین لە هەناوی شکستەوە جارێکی تر مانای سەرکەوتن، بوێریی و جوامێریی پێ ببەخشینەوە، مانای خۆشەویستی و ئیرادەی بۆ ژیانێکی شکۆمەند فێر بکەینەوە؟ تۆ بڵیی بتوانین ناشرینی بۆ بکەین بە جوانیی و جارێکی تر سەرلەنوێ ڕۆح بکەینەوە بە بەریدا؟ ئەی داخۆ چۆن تەماشای دوژمنی ئەم مرۆڤە شکستخواردوووە بکەین و بیناسینەوە، ئەو دوژمنەی دڵ و ئەقڵی لێ سەندووەتەوە کردووییە بە مرۆڤێک بێ دڵ و بێ هۆش؟ ئایا هەر ئەوەندە بەسە داوای لێ بکەین و پێی بڵێین؛ فەرموو بەرخودان بکە! بەرخودان ژیانە، ئایا بە تەنها بەرخودان لە بەرەهوتی شکستەوە دەمانهێنێتەوە بوون و ناو ژیان؟ بە ڕای ئاپۆ بەبێ ژیانەوە و بنیادنانەوەی مرۆڤی کورد، هەموو شتێکی تر پووچ و بێمانایە، ئەوەی دەشتوانێت ئەم مرۆڤە درووست بکاتەوە و جارێکی تر ئاشنای بکاتەوە لەگەڵ ژیان و ئەشق بۆ ژیان خودی هونەر و ئەدەبە، بە تایبەتیش ژانری ڕۆمان. چونکە ئەوە هەر تەنها ئەدەبە دەتوانێت و لە باریدایە خۆی بهاوێژێتە نێو هەموو سووچ و پەنایەکی پێکهاتە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئایینیی، تەنانەت دوورترین پنتە دەروونیی و سایکۆلۆژییەکانی کۆمەڵگەدا و بێ پرس بێت و بچێت، ئەوە هەر بە تەنها جیهانی ئەدەبە دەتوانێت وەڵامی پرسیارێکی جەوهەری وەک (چۆن بژین؟) بداتەوە. بۆ ئەوەی ئەم وەڵامەیش وەرگرین، ئەوا پێشتر پێویستە بزانین چۆن ژیاوین، چی و چۆنمان گوزەراندوە؟