گۆشەی ئازد

لە دیالێکتیکەوە تا دیالێکتیک

ئاڵۆسکاندن و چەواشەی دیالێکتیک تاکە جیاوازیی نێوان ئەم ڕێبازە و ڕێبازەکانی پێشترە.

ڕامین گارا

لە فارسییەوە: سوورێن ئیبراهیم

داگرتنی فایلی PDF

 

یەکەم کەڕەت چەمکی دیالێکتیک لەلایەن هیراکلۆتیسەوە بە واتای گۆڕان و بزاوتی نەپساوەی جیهان بەکار هات، بەڵام لە بنەواشەوە کاکڵەوارەی چەمکی دیالێکتیک، بە چەشنێکی سەرسووڕمێن ڕەنگوبۆی لە ئایینی میترایزم [١] و زەردەشتییدا تانوپۆی چنرا، جا دانایانی یۆنانیی هاوسەردەمی فیساگۆرس لە سۆنگەی گەشت بۆ کوردستان و ئێرانی سەردەمی هەخامەنشیی، ئەم هۆشمەندییەیان گلێر کردەوە و بردیانە یۆنان، دیالێکتیکی زەردەشتیی بە شێوەیەکی ئەخلاقیی و زانستیی ملەجەڕێی نێوان دژوازی چاکە و خراپە و تاریکیی و ڕووناکیی و ئاهوورامەزدا و ئەهریمەن دەنوێنێتەوە، ئەمە لە دیالێکتیکی سەردەمی شارستانییەتی ئایۆنیایی پەرەسەندووترە، چونکە لە سەردەمی یۆناندا بە واتای مشتومڕ و گفتوگۆ بووە و نەپەرژابووە سەر مژاری دژەکان، دیالێکتیک بە یۆنانیی بە واتای وتووێژ دێت و لە بنەڕەتدا دەربارەی سرووشتی «لۆژیک» ە، لۆژیک بە واتای بیرکردنەوەی ڕاست دێت، دیالێکتیک ئەو ڕێبازانەیە وا چەوتییەکان سەڕاست دەکاتەوە و زەمینە و زهنییەتی مرۆیی بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەقیقەت فەراهەم دەکات، سوکرات بۆ پێشخستنی وتووێژە فەلسەفییەکانی خۆی، سوودی لێ دیت، بە گشتیی هیگڵ لە «میتۆد و لۆژیک» و ڕامانە فەلسەفییەکانیدا، کە شاپرسەکەی «بوونی دژەکان» ە، سوودی لە دیالێکتیک دیت، هیگڵ بە پێوەری یاسای دیالێکتیک، سەرپاکی شتەکان بە سنوورمەند و گوزەرا دەبینێت، گوایە دژی خۆیان هەیە، جا کاتێک دژێک دژێکی تر دەبەزێنێت، گۆڕان دێتە کایە، مارکس و ئەنگڵسیش بۆچوونە فەلسەفییەکانیان لە بن سەرناوی ماتریاڵیزمی دیالێکتیک، بە پێودانگی کۆڵەکەی بابەت و دژەبابەت و تێهەڵکێش (کۆتێز) ی هیگڵیی بنیاد نا، ملەجەڕێکە لە نێوان لۆژیکی دێرینی ئەرستۆیی و لۆژیکی نوێی هیگڵییدایە، جا ئەمەش لە پێناو دەستڕاگەیشتن و دەستڕانەگەیشتن بە واقع و هەقیقەتی گردەبڕدا. لۆژیکی پێوانەی ئەرستۆ لەسەر کۆڵەکەی بەڵگەی بەردەوام بەندە و هاوکاتێتیی [٢] دژەکان پەرچ دەداتەوە، لێ لۆژیکی دیالێکتیکیی ئەمەی پەژراند، لەم دوو جۆرەش بترازێت، لۆژیکیی بەڵگەمەندی ئاماریی و زانستی پراگماتیکی پاش ڕێنسانسیش بیچمیان گرت، لە فرانسیس بیکۆنەوە تا دیکارت و نیوتن، لە فەلسەفەی میکانیکیی [٣] دا بیرکاریی وەک «زمانی سرووشت» ناودێر کراوە، لەگەڵ لۆژیکی پراگماتیزم، کە یەکەمین ڕێسا بەرژەوەندپەرەستەکانی لەلایەن میکیاڤیڵییەوە پاسەدان کرا، بەپێی پەیوەندیی سووژە-ئۆبژە جڤاک و سرووشت بەکار بران.

لۆژیکی ئەرستۆیی موتڵەقگەرایە، لێ لۆژیکی دیالێکتیکیی ڕێژەگەرا، دیالێکتیک توانی یەکێتیی دژەکان بۆ هەڵێنجانی بارگۆڕانی بابەت «تێز» و دژەبابەت «دژەتێز» و تێهەڵکێش «کۆتێز» بەکار بهێنێت، لۆژیکی کلاسیک میتۆدی بیرکردنەوەی موتڵەقگەرا پەیڕەو دەکات، لێ لۆژیکی دیالێکتیکی هیگڵیی بە پێچەوانەوە شێوازی بیرکردنەوەی ڕاست پشتگوێ دەخات، چونکە زانین بە ڕێژەیی دەزانێت، بۆیە پێشڤەچوونێکی وا لە لە بەستێنی «میتۆد» دا هەڵناهێنجێت. دیالێکتیک ئەو تێگەشتنەی فەراهەم کرد کە جووڵە بە شێوەی بازنەیی و خولاوێکی بێهودە نییە، بەڵکوو بۆ پێشێ ملی پێوە دەنێت، مسۆگەر کێماسیی ئەم ڕوانینە ئەوەیە بزوات بە تەنێ مارپێچیی بۆ پێشێ ڕەچاو دەکات، لێ کوانتەم ئەمەی سەرڕاست کردەوە: دەکرێت بزاوت بۆ گشت لا و ڕەهەندەکان بێت. میتۆدی هیگڵ بریتییە لە دیالێکتیکی تایبەتمەندیی و جووڵەی ناوەکیی شت و زەین و سرووشت و کۆمەڵ، ڕاستییەکەی دیالێکتیک بزوێنەری گۆڕانە و بزووتنی ڕەهەندە شوێنەکیی و کاتەکیی و واتایی «زەینیی» ەکانی لێ دەکەوێتەوە.

ئۆجالان بۆ ئەوەی پێڤاژۆی دیالێکتیک بخاتە سەر ڕاستەڕێی خۆی، سەرەتا گرنگییەکی باڵکێشی بە پێناسەیەکی ڕاستی «میتۆد و لۆژیک» دا. چونکە هیگڵیش بۆ بەرەوپێشبردنی میتۆد و لۆژیک، سوودێکی فرەی لە دیالێکتیک بینی. بەڵام بەهۆی داشکاندنی تای تەرازوو بە لای «ڕێبازی زانستیی» دا، نەیتوانی سەرپاک خۆی لە چێوە و دۆگماکانی لۆژیکی ئایدیاڵیستیی ڕاپسکێنێت. یەکەمین کاری ئۆجالان ئەوە بوو، لە تێکڕای مێژووی مرۆییدا میتۆدی بۆ سێ جۆر دەسەبەش کرد: میتۆدی میتۆلۆژیی و ئایینیی و زانستیی، ئەو وتی؛ بە پێچەوانەی بانگەشە زێدەڕۆکانەوە، میتۆلۆژیا درۆ و پڕوپووچ نییە، بەڵکوو بەراورد لەگەڵ میتۆدەکانی تر، هەم ژینگەپارێزە و بەدوورە لە قەدەرگەرایی و ناچارەکێتیی، هەمیش بەستێنێکی گونجاوی بۆ ئازادیی تێدایە، ئەمانەشی لێ بترازێت، سەلماندی میتۆدە ئایینیی و زانستییەکان بە خۆیان و ڕوانگە تایبەتەکانیانەوە، هەریەکەیان جۆرێکن لە میتۆلۆژیا، هەروەها پێی لەسەر ئەوە داگرت کە بە ڕەچاوکردنی ئەو وێرانکارییەی کردوویانە، دەستڕاگەیشتنیان بە هەقیقەت زۆر دژوار و نەکردەنیی کردووەتەوە، بە گوزارشتێکی ڕوونتر، گۆشەنیگای ئایینیی و زانستیی ئەو دەوڵەمەندییە مەزنە زهنیی مرۆییەی وا کەڵەکەبووی سەرپاکیی ژیریی بوونەوەرانە، بۆ ئاستی ژیری شیکاریی و ئاماریی کورت کردووەتەوە و لۆژیکی مرۆڤیش بۆ ئاستی ژمێرەک «دەزگای ژمێرەک» ێک داشکێنراوە. ئۆجالان پێی لە سەر ئەوە داگرت؛ بۆ ئەوەی خۆمان لە دۆگماکان ڕابپسکێنین، دەبێت دەرگا بۆ میتۆدی نوێی واتاناسیی بخەینە سەر پشت. پەرچدانەوەی درکی جیهان لە سۆنگەی ژیریی هەستەکیی نێو جیهانبینیی میتۆلۆژیی و بانگەشەی ڕوانینی دۆگماتیکی ئایینیی-زانسیی ژیریی شیکاریی سەرپاک بە وێرانکەر پێناسە کرد، ئەمە گورزێکی هەناوتەکێنی لە پێڤاژۆی دیالێکتیکی دایکۆتۆمیی [٤] و جووتجەمسەر و دوانەیی پرسەکان و جیهان دا. ئۆجالان ئەم ڕێبازگۆڕکێیەی بۆ تێگەشتنی جیهان بە کۆڵۆنیی زەین ناودێر کرد.

لە بنەوەڕا داشکاندنی تێگەیشتنی جیهان و جڤاک بۆ ئاسۆی میتافیزیکیی لە تێڕوانینی ئایینییدا، بووە هۆی سڕینەوەی دیالێکتیک و بنجکوتانی موتڵەقگەرایی و قەدەرگەرایی و داکشانی گۆڕان و بزوات. ئایینەکان لە سۆنگەی هەڵکشاندنی گشت شتێک، تەنانەت واتاکانیش بۆ تەشقی ئاسمان و دەستڕانەگەیشتن پێیان، توانای تێگەشتنی مرۆڤیان هەڵفریواند. ئەم چەقبەستووییەی ئایین باندۆرێکی باڵکێشی خستە سەر ڕاستینەی جڤاکیی. دیالێکتیک خرایە ژێر چەپۆکی پەیڤی پیرۆز و فەرمانی یەزدان. چونکە دیالێکتیکی شوان-مەڕ پاوەجێ بوو. لە کۆمەڵی ئایینییدا چەقبەستوویی کۆمەڵ و سرووشت وەک ڕێسای بێ حەوت و هەشت و یاسا سەپێنرا. ئەمە تەنانەت سرووشتیشی چەقبەستوو کرد. پەیوەندییەکانی دیالێکتیک لە سەردەمی ئایینییدا سرووشتیی نەبوو، بەڵکوو ناچارەکیی بوو، جەمسەری دۆگماتیزم وەک دژبەری دیالێکتیک هەڵڕەنگا، بارگۆڕانە دیالێکتیکییەکان سرووشتیی نەبوون، بەڵکوو لەلایەن خواوەندێکی گریمانەییەوە دەسەپێنران، ئەمە لە کاتێکدا دیالێکتیک لەم گەردوونەدا لە بەستێنی دیاردە ئۆبژێکتیڤەکاندا بیچم دەگرێت و دیاردە زەینییەکانیش هەڵدەگێڕێتەوە، ئایین بەستێنی ئۆبژێکتیڤی تەواوێک سڕییەوە و جیهانی نموونەیی ئەفڵاتۆنیی و پەسڵانیی کرد بە جێگرەوەیەکی گردەبڕ.

تاکە لایەنی باشی ئایین ئەوەیە کە جۆرێک لە ململانێی دیالێکتیکیی دیاردەکانی جیهان؛ بابەتە زەینیی و واتاییەکان دەنوێنێتەوە. ئەم ململانێیەش لە نێوان دوانە دژبەرەکاندایە. بۆ نموونە: ململانێی شەیتان و خوا، چاکە و خراپە، ڕووناکیی و تاریکیی و هتد…، لێ لەبەر ئەوەی ڕوانینیان بۆ ئەم ملەجەڕێیە میتافیزیکیی و تاکڕەهەند بووە، دیالێکتیکێکی ناچارەکیی بووە و بەرەنجامەکەی لە ڕۆژی پەسڵاندا دێتە دی، ئایین و فەلسەفەی یۆنان میتۆدی دۆگماتیکیان بە سەر میتۆدی دیالێکتیکدا زاڵدەست کرد. میتۆدی زانستییش بە ڕاهێڵانی پەیوەندیی نێوان سووژە-ئۆبژە، بانگەشەی بۆ ململانێیەکی دیالێکتیکیی دەکرد، لەم ململانێیەدا ئەم دژبەر و دوانانە، وەک توانای سرووشتیی بۆ هەڵێنجانی پێشکەوتنی بەهادارتری سرووشتیی و کۆمەڵایەتیی هەژمار نەدەکران، بەڵکوو لە ئاسۆی هێز و دەسەڵاتەوە تێیان هەڵدەڕوانرا، گوایە سەرەنجامی ئەم ململانێیە گەرەکە لە بەرژەوەندیی هێزی «سوبێکت» و بەزینی «ئۆبێکت» ببڕێتەوە، ئەم بەرەنجامەش بە پێودانگی ململانێی تێز و دژەتێز و کۆتێزە. بەزاندنی دەسەڵاتی موتڵەق وەک ئامانجی میتۆدی زانستیی بانگەشەی بۆ دەکرا، ئەمە کۆڵەکەکانی زانستی پراگماتیزم دادەڕێژێت، لەم گێژاوەی دیالێکتیکی زەیینیی- زهنییدا، ئەخلاق و چاکە هەڵەوژوور دەبنەوە و بەرژەوەندیی جێیان پێ لێژ دەکەن. لە سەرەنیی ئەم پێڤاژۆ دیالێکتیکییە دەستکارییکراوەوە، گەشەی مرۆیی بە پێودانگێکی سرووشتیی تانوپۆ ناکوتێت، چونکە تێکڕای بژاردەکان داسەپێنراو و ناچارەکیین. لەڕادەبەدەر گرنگیی بە ڕامانی شیکاریی و زمانی ئاماریی دەدرێت. لە دیالێکتیکی ئایینییدا سۆبژێکتیڤیتە زاڵە، بەڵام لە دیالێکتیکی زانستییدا ئۆبژێکتیڤیتەی تەسکبین. یاساکانی دیالێکتیک تەنیا بە ئەندازەگیریی و پێوانەی دیاردەکان دەپێورێن. جا ئەمە گشت شتێک پارچە دەکات و ڕەسەنێتییەکەی لە ڕەگ هەڵدەکێشێت. لە سۆنگەی دیاردەناسیی ئۆبژێکتیڤیتەوە سەرمایەگوزاریی لە سەر مرۆڤ و سرووشت دەکرێت. پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و دیاردەکان لە ئاییندا میتافیزیکیی و لە میتۆدی زانستییدا میکانیکییە. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و پۆزەتیڤیزم بەم ئاوایە گەرەکیان بوو دیالێکتیک، کە ڕێکاری گۆڕان و جووڵەیە، بخەنە ژێر چەپۆکی خۆیان. ئایین دیالێکتیکی پەرچ دایەوە و سڕییەوە، بەڵام پۆزەتیڤیزم بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بوێریی ئەوەی کرد دیالێکتیکی دەستکرد بەرهەم بهێنێتەوە. لۆژیکیی ڕووداوەکانی دەستکاریی کرد، مرۆڤی نوێ و هاوشاریی نوێ و دەوڵەت-نەتەوەی نوێی مشتوماڵ دا و جیاواز لە چەرخی میتۆلۆژیی و ئایین، پێی بۆ کۆمەڵی مرۆیی هەڵهێنا.

لەم بەستێنەدا داهێنانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی فرە هەڵفریوێنن، لە پەرگاڵی سیستەمی سەرمایەدارییدا ئاشتیی جێی نابێتەوە، بۆچی؟ چونکە ڕێسای تێز و دژەتێز و کۆتێز دەستکاریی کراون و کۆتێز، تەنێ دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە. دژەتێز تێز ئاوێتەی خۆی ناکات، بەڵکوو سەرپاک هەڵی دەوەشێنێتەوە، لە ئەگەری ئامێتەبوونیشدا ناسنامەکەی دەسڕێتەوە. «زمانی ئاماریی» و «یاسا و ڕێسای بژاردەیی»، لە ڕێبازی زانستیی سەردەمی سەرمایەدارییدا وەک زمان و میتۆدی سرووشت هەژمار دەکران، ئەمانە گورزێکی گورچکبڕیان لە زهنییەتی تەندرووست و لۆژیکی درکی ڕووداوەکان و جیهان لەلایەن مرۆڤەوە دا. سرووشت و گەردوون بژاردەی سرووشتییان بۆ بارگۆڕان هەیە، سا پێویستیان بە دەستپێچی تایبەت بە مرۆڤ و کۆمەڵگە نییە و جودان. مسۆگەر مرۆڤ تەواو بەدوور نییە لە میتۆدەکانی سرووشت. میتۆد و یاسا مرۆییەکان ناچارەکێتییەکی ڕێژەیی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵ دەساچێنن، ڕەنگە مرۆڤ لە گۆڕان و بزوانی خۆیدا مل بۆ کۆمەڵێک ناچارەکێتیی کەچ بکات کە پشتگوێخستنیان کێشەساز بێت، ژیری هەستەکیی مرۆڤ کۆسپێکی پێکۆڵ ناهێنێتە سەر ڕێی گۆڕان، بەڵام ژیری شیکاریی ئەم ئەدگارەی هەیە. ژیریی هەستەکیی و شیکاریی تایبەتمەندیی مرۆیین و لەگەڵ ژیریی سرووشت جیاوازن، لەبەر ئەم هۆکارانە ڕێسا و ڕێبازی مرۆڤ کاکڵەیەکی ناچارەکییان هەیە و هەندێ کاتیش کێشەسازن: ١. گرنگیی بە مانەوەی مرۆڤ دەدات. ٢. بەرژەوەندییە ماددیی و مەعنەوییەکان هەڵی دەفریوێنن. ئەم جووتە جیاوازیی سەرەکیی بەستێنی کۆمەڵایەتیی و بەستێنی سرووشتن. هەردووکیان ڕیزێک جەبریان هەیە، جا دەبێت مرۆڤ بوێریی تێگەشتن و تێپەڕاندنیانی هەبێت. زاڵبوون بەسەر ئەم دوو خاڵەدا میتۆد و یاساکانمان لە جەبر ڕزگار دەکات و دیالێکتیکییان دەکاتەوە. تێگەیشتنی دۆگماتیزم بۆ مژارەکانی «مانەوە و بەرژەوەندیی» یەکلاکەرەوەیە تا مرۆڤ پێ بەرەو ئاسۆ و ڕێڕەوی دیالێکتیک هەڵبهێنێت، لە سۆنگەی فەلسەفەی میکانیکیی و زمانی ئامارییەوە سەرتاپێ لە ڕوانینە جەبرگەراکانمان دەربازمان نابێت، تەنێ لە ڕێی دەربازبوون لە کۆسپی ڕێ و ڕێبازەوە دەکەوینە سەر ڕاستەڕێی دیالێکتیک.

دووانەی میتافیزیک – دیالێکتیک

ئۆجالان تاکە بیرمەندێکە کە ئاڵان لە چێوە دۆگماتیکە ئایدۆلۆژییەکان، بە تایبەت دووانەی «دیالێکتیک – میتافیزیک»، بە هەڵەیەکی میتۆدیی دەزانێت، جا ئەو پێی وایە ئەم گرفتارییە بووەتە هۆی کۆیلایەتیی و بەکاربردنی مرۆڤ لەلایەن سیستەمە فەرمانڕەواکانەوە. ئەو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت؛ ئەم دوالیزمە زەینی مرۆڤ پێبەستی خۆی دەکات، دژایەتیی ئەم دوالیزمە بەبێ بەرەگیریی تەواو، بە تاکە ڕێچارە دەزانێت.

لە بنەوەڕا پێکدادانی تێگەشتنی دیالێکتیکیی و تێگەشتنیی میتافیزیکیی، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێکاری تەندرووست و سرووشتیی و ئازادانەی دیالێکتیک بیچم نەگرێت. جووتجەمسەریی دیالێکتیک و میتافیزیک بژاردەی ناچارەکیی دێنێتە گۆڕێ، جەبر و سەپاندن شاکۆسپی بزاوتی دیالێکتیکی گۆڕان و پێشکەوتنە، بمانەوێت یان نا ململانێی جووتجەمسەرە ئایدۆلۆژییەکان دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم ململانێیە دوو زهنییەتی تاکبین و تاکڕەهەندی سۆبژێکتیڤ و ئۆبژێکتیڤ ڕەنگڕێژ دەکات، جا هەردووکیان لە پێناو بەرژەوەندییە دەسەڵاتگەرییەکەی خۆیاندا ناچار دەمێنن ڕێکاری تێز و دژەتێز و کۆتێز دەستکاریی بکەن، ئەمەش دیالێکتیک پەرچ دەداتەوە، فیزیای کوانتەم سەلماندی سەرچاوەی مادە-وزە، یەکە. دیالێکتیکی گۆڕان و جووڵە لەم گەردوونەدا تەنیا لە سۆنگەی بیرکردنەوە لە یەکێک لەم دووانە یان پەرچدانەوەی یەکێکیان و سەرباشقەیی ئەوەی ترەوە، کردەیی نابێتەوە. هیچکامیان هەرگیز لەناو ناچن، مرۆڤ لە وای دووانەی دیالێکتیک و میتافیزیکەوە هەوڵی دا بە پشتبەستن بە سۆبژێکتیڤ یان ئۆبژێکتیڤەکان، گۆڕان بێنێتە گۆڕێ، بەڵام ڕێکارێکی ئاوا پێچەوانەی ڕێساکانی سرووشت و جڤاکە. لەم ڕوانگەوە سرووشت و جڤاک یەکێتیی واتا وێنا دەکەن، ئۆجالان چەمکی میتافیزیکی کلاسیکی گۆڕی و فرە لە دیالێکتیک نزیکی کردەوە، ئەو وەک چۆن مرۆڤ بە کەڵەکەبووی ڕووتی ماددە نازانێت، ئاواش مادە بە داماڵراو لە هەستی «زیندووێتیی» نابینێت، ئەم تێگەشتنەی بە چاوگەی میتافیزیک لێک دایەوە کە پەیجووری دۆزینەوەی واتای جیهانە، جا لەم داڵانی شەنوکەوەدا دژبەری دیالێکتیک نییە.

دیالێکتیک لۆژیکی مێژوو و کات و بوون و پەرەسەندن و گەشە هاوسەنگ دەکاتەوە، مێژووی ئێستا بەبێ ڕابردوو و ئاییندە نەکردەنییە؛ ڕابردوو ناپووکێتەوە و لە هەورازونشێوی ئێستا و ئاییندەدا واتا دەبەخشێت، پەرەسەندنیش بە شێوەی داروینگەرایی دۆگماتیک پووکانەوەی تەواو بە پێوەر ناگرێت، بەڵکوو لە ئاسۆدا گەشە و فرەیی لێ دەکەوێتەوە، پێشکەوتنیش بە دەساوێژی ئەو سیانە و بەپێی جووڵە بە هەموو ئاستەکاندا ڕەنگڕێژ دەبێت، ناتوانین هەمەچەشنیی و پەرەسەندن و غەریزە و زاوزێ و زۆربوون و توانای تێگەیشتن و پێنجینە هەستی مرۆڤ و ماتەوزەی سرووشت و پێکهاتە زیندووەکەی، هەروەتر مەرگ و ژینی مرۆڤ وەک جیهانێکی سەرسووڕمێن و دواجار کۆمەڵگە؛ بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای دیالێکتیکی ئەرێنیی شیتەڵ بکەین. بۆ شیکاری ئەم بوون و دیاردانە گەرەکە خۆمان لە لۆژیکی پووکانەوە و ناهاوسەنگیی و ناهاوچەشنیی و یەکدەستیی و پەتیگەریی ببوێرین، چونکە ئەمانە دیالێکتیکی بزووتن و فرەیی و بەردەوامیی لە جووڵە و بزاوت دەخەن. ڕێساکانی بایۆلۆژیای بوون و فیزیای کوانتەم وەک مانگی لای ئێوارێ ئەم بابەتەیان سەلماندووە. دیالێکتیک پێمان دەڵێت؛ تاکە شتێک کە ناگۆڕێت، خودی گۆڕانە. گۆڕانیش لە داڵانی کات و شوێندا ڕوو دەدات، ئەمە دیرۆک و ڕابردووش لەخۆ دەگرێت.

لە مێژوودا تەنێ دەزگاکانی هێز و دەسەڵات ڕایەیان کەوتووە سیستەمی دیالێکتیکی مرۆڤ و کۆمەڵ بەپێی پەرەسەندن چەواشە بکەن. پڕوپاڵانتەی کۆتایی مێژوو و ئایدۆلۆژیا و سەرکەشییەکانی سەرمایەداریی بۆ وەستاندنی ڕێکاری دیالێکتیکە. ئەمە لە کاتێکدا ئۆجالان واتەنی: ‘’ڕاستینە کۆمەڵایەتییەکان بنیاد نراون و ڕاستینەی کۆمەڵایەتیی نەگۆڕ و هەمیشەیی لەئارا نییە.’’

ڕێبازە ئایدۆلۆژییەکانی ماخۆی ئیدیاڵی تایبەتن، ئەمەش مسۆگەر لە ڕێکاری دیالێکتیکییدا پشت بە ناسین دەبەستێت. ناسینیش بۆ سەیروورە و پەرەسەندن ڕەهەندێکی گرنگی دیالێکتیکی بوونی مرۆییە. پەرچدانەوەی ناسین، بە بچووکسەیرکردنی زەین و ماتەوزە سەرسووڕهێنە میتافیزیکییەکەیەتی.

دیالێکتیکی کۆمەڵایەتیی

گەر لە ڕێی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤەوە پێناسەیەکی نوێ بۆ میتافیزیک بکەین، جا لە بەستێنی ڕووتی ئایین و ئایدیاڵیزمی موتڵەقگەرایانە و ناچەرەکیی و نەگۆڕ و چارەنووسگەرایی سەرپاکی دیاردەکان دایماڵێن و بیگەڕێنینەوە بۆ نێو هەناوی کۆمەڵ و زەین-زهنییەتی مرۆیی، ئیتر تێ دەگەین دیالێکتیکی کۆمەڵایەتیی ڕێکارێکی گەشەسەندووتری بژاردەی ئازادی جڤاکیی، هەڵدەگۆزێت، جا ئەویش بەپێی بژاردەی سرووشتیی لە سرووشتدا. لێرەوەڕا دیالێکتیکی کۆمەڵایەتیی دەچێتە سەر ڕاستەڕێی میتافیزیک، تەنێ ئۆجالانە کە زۆر هونەرمەندانە و سەرسووڕمێن کارێکی بەم ڕەنگەی ئەنجامی داوە، لەم سۆنگەوە مرۆڤ لە ئاژەڵێتیی میکانیکییەوە وەردەسووڕێتە سەر بوونێکی بیرکەرەوەی کۆمەڵایەتیی. جا توانای بیرکردنەوەی خۆی لە سنوورەکانی ماددە ڕادەپسکێنێت و پێ بەرەو بەستێنی وزە، کە تایبەتمەندییەکی میتافیزیکیی هەیە، هەڵدەهێنێت. ئەم میتافیزیکە تایبەتمەندییەکانی دەگۆڕێن و لە میتافیزیکی کلاسیکیی ئایینیی خۆی هەڵدەبوێرێت، چونکە لەمەیاندا ئاکار و هونەر، دوورکەوتنەوە لە بیری میتافیزیکیی، سیاسەت و کۆمەڵایەتیبوونەوە و کردەی زەینیی و بابەتی لەم چەشنە تایبەتمەندیی میتافیزیکی مۆدێرنن و مرۆڤی میکانیکیی کۆیلە دەکەنە مرۆڤێکی ئازادی جووڵەزا. لێرەڕا ئیتر گوزارەی «میتافیزیکیی» واتای توانای تێگەشتنی زەینیی دەدات کە بیرکردنەوە تایبەتمەندییەتی و ناکەوێتە دەرەوەی سرووشت، بەڵکوو دەکەوێتە ئەولای مادەی ڕووتەوە و پێی بۆ بەستێنی وزە هەڵهێناوە، کەواتە دیالێکتیک تەواو بۆ بواری سرووشت پاوان نییە، بەڵکوو گرێدراوی بواری زەین و وزەشە، ئەمە ئەو شتە بوو هیگڵ گەرەکیی بوو شڕۆڤەیەکی ڕاستی بکات، لێ ئەو بەختەی لێ هەڵنەکەوت و ئەم بەرەنجامەی هەڵنەگۆست. ئەو دیالێکتیکە کۆمەڵایەتییەی وا هیگڵ خۆی تانوپۆی چنی و ناوی لێ نەنا و ڕاستەوپاستەی نەکرد، پێش ڕسکاندن و پێناسەکردنی، کردی بە قوربانیی دەوڵەت-نەتەوە، واتە خوای میتافیزیکیی پاشڤەڕۆی سەرمایەداریی، سا بانگەشەی دابەزینی خواوەندی لە شێوەی ناپلیۆندا کرد. ئیتر لە سۆنگەی پێڤاژۆی دەوڵەت-نەتەوەوە دیالێکتیکی نەفی ڕسکاند، ئۆجالان نە ڕێ دەدات مرۆڤ مل بۆ میتافیزیکی کلاسیک کەچ بکات و نە دەشهێڵێت سەرتاپێ لە چەشنە کوانتەمییەکەی بپچڕێت، جا کاتێک دیالێکتیک و میتافیزیکی مۆدێڕن لە خاڵێکدا پێک دەگەن و دیالێکتیک لە قووڵایی میتافیزیکدا پاوەجێ دەبێت، ئیتر هەردووکیان لە یەکڕەنگیی و پچڕان دەرباز دەبن. لە میتافیزیکی کلاسیکدا خودای ڕووت و ئەبستراکت شاتەوەرە، بەڵام لە میتافیزیکی مۆدێڕندا کۆڵەکە سەرەکییەکە مرۆڤی ئازادە، سا میتافیزیک مرۆیی دەبێتەوە، چونکە دیالێکتیکە کۆمەڵایەتییەکەی بە ئامانجی وەرچەرخان بەرەو ئاسۆی «ئازادیی و هەقیقەت» بنیاد نراوە. لۆژیکی دیالێکتیکی کۆمەڵایەتیی پشت بە هونەری ڕاڤە دەبەستێت، ئەلتەرناتیڤێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ پێشکەش ناکات، بەڵکوو یەکپشوو ڕاڤە دەکاتەوە و واتای نوێ هەڵدەگۆزێت، واتای کۆن تێهەڵکێشی واتا تازەکان دەکات و واتای نوێی پێ دەئافرێنێت، سەرپاکی ئەم واتا ئاوێتانە زەینی تازەی ئەو مرۆڤە ڕەنگڕێژ دەکەن وا لە جەبر و چەقبەستوویی کوشندە دەربازی بووە، ئەم ڕێبازە تێکڕای بوارە ئایدۆلۆژیی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگییەکان لە تۆتالیتاریزم و ناچارەکێتیی ڕەها ڕادەپسکێنێت و بزاوتیان تێ دەگەڕێنێت.

 

بارگۆڕانی دیاردەکان

دیالێکتیک لە چوارچێوەی «گۆڕان – تەواوکۆیی»، ئەویش لە بەستێنی شوێنکاتدا ڕوو دەدات. لە بوارەکانی «سرووشت – بایۆلۆژیی و جڤاک» و بەپێی ڕێکاری «تێز – دژەتێز – کۆتێز» پێشکەوتنی پێویست دێنێتە گۆڕێ. ئازادیی بەدوور لە کۆسپی «دەسەڵاتگەرێتیی و وێرانکەریی) و بە پێودانگی بژاردەی سرووشتیی بۆ گۆڕان وەدی دێت، ئەمە بەو مەرجەی هیچ کۆسپێک نەیەتە ڕێی «تێز – دژەتێز – کۆتێز»، لە مێژوودا ئەو دەزگایانەی هێز و دەسەڵات وا هەرگیز لە گەردەلوولی گۆڕان دەربازیان نەبووە، بە دەساوێژی هەڵاواردەی «خوا – بەندە» و «سوبێکت – ئۆبێکت» و لەمپەرسازیی بۆ ڕێکاری «تێز – دژەتێز – کۆتێز»، دیالێکتیکیان پەلبەست کردووە، جا بەستێنی جڤاکیان دژی دیالێکتیک و گۆڕان هەڵسووڕاندووە. مسۆگەر نابێت لەبیرمان بچێت کە گۆشەنیگای ڕاهیبەکانی دەسەڵاتیش گۆشەنیگایەکی موتڵەقگەرا بووە، ئەویش لەپێناو چنگخستنی هەقیقەتی ڕەها، ئەم چەشنە هەقیقەتە بانگەشەگەرە، لەبەر ئەوەی لە ئارا نییە، دۆگمای نەگۆڕ دەسازێنێت، گەرنا هەموو چەشنە ڕوانگەیەکی مرۆڤ کە بنەڕەت و چاوگەی هەبێت، سەدلەسەد بەدوور نابێت لە دۆگما، کەواتە دۆگماکان وەک جەمسەری دژبەری دیالێکتیک، لە سۆنگەی موتڵەقسازیی لەلایەن مرۆڤ و جڤاکەوە، دیالێکتیک هەڵدەوەشێننەوە، لێ ئەم هەڵوەشاندنەوەیە ئەو دەمە ڕوو دەدات دۆگماکان بە ڕەها و نەگۆڕ وێنا بکرێن، ئەگینا دۆگمای گۆڕاو و تێپەڕێنەر بزوێنەری ڕێکاری دیالێکتیکن، گەر دۆگمایەک وەک موتڵەق تەماشا بکرێت، ئەوا ڕێکاری تێز و دژەتێز و کۆتێز دەهەڕۆژێنێت و چەقی پێ دەبەستێت، کەواتە دۆگماکانیش لە چەپۆکی ڕێژەگەرایی دەربازیان نابێت، کار- کاردانەوەی دۆگماتیک و دیالێکتیک لە بەستێنی گۆڕانی شایستە و هاوتەرازدا، ئازادیی ڕەنگڕێژ دەکەن، ئۆجالان «بوونی دۆگماکان لە وێنەی هەقیقەتی گردەبڕ و نەگۆڕ» دا پەرچ دەداتەوە.

دۆگما موتڵەقەکان پچڕانی پەیوەندیی سووژە و بزووتنەوە و تەڤگەرەکان و پێشکەوتنی دیالێکتیکیی لێ دەکەوێتەوە. پێشکەوتنی دیالێکتیکیش لە سایەی بارگۆڕانی دیاردەکانی ئەم گەردوونەوە دەڕسکێت. ڕاستییەکەی بەبێ بارگۆڕانی دیاردەکانی گەردوون و کۆمەڵ، هیچ گۆڕانێک چێ نابێت، چونکە هەمەچەشنیی و فرەیی لەگۆڕێ نییە تا دژەکان ناچاری کار و کاردانەوە بکات و گۆڕان بڕەنگێنێت.

ئەو پارچەکردن و هەڵاواردنانەی لە نێوان دووانەکانی وەک ڕۆح-جەستە، میتافیزیک-سرووشت، ئاژەڵ-مرۆڤ، گیاندار-بێگیان و دواجاریش ماددە-وزە هێڵکێش کراون، لە چوارچێوەی سووژە-ئۆبژەدا گورزێکی کوشندەیان لە ڕێکاری دیالێکتیکیی داوە. بێگومان گەر لە کۆمەڵگەدا زێدەڕۆیی لە «گشت-بەش» و «موتڵەق – ڕێژەیی» ێتیی دیاردەکان بکرێت، ئەوا زێدەڕۆیی گشتگەرا و بەشگەرا، کە یەکەم موتڵەقگەرا دووەم ڕێژەگەرایی زێدەڕۆیە، لە «ڕێ و ڕێباز» بێبەش دەبن. جا لەم پێواژۆیەدا سەرپاکی واتا و دیاردەکان ناچاری نەگۆڕیی و چەقبەستن دەکرێن و دیالێکتیک لەنێو دەچێت، کەواتە کاتێک دیاردە و واتا لە ڕێ و ڕێباز بێبەش دەبن، ئەوا خۆبەخۆ بە نەگۆڕ هەژمار دەکرێن، سا بابەتی وەک «جووڵە – بەردەوامیی – پێشکەوتن» بە شێوەی «ڕاستەهێڵیی – ڕیزبەندیی» ی ڕووت فام دەکرێن، فامکردنێکی بەم ڕەنگە تەنێ لە ڕامانی بناژۆخوانەدا وەدی دێت و لەم گەردوونەدا هیچ گۆڕانێک تاکڕەهەند و یەک نییە، جا گۆڕان بە شێوەی سووڕی پووچەڵ هەژمار دەکرێت، هەردوو جووڵەکە «جیاوازیی و فرەیی و پێشکەوتن» پووچەڵ و چەواشە دەکەن و یەک ئامانجی ڕووت نیشان دەدەن، ئەمە لە کاتێکدا لە دیالێکتیکدا وێنای یەک ئەزەل یان بە پێچەوانەوە ناکۆتایی «ئەبەد» بۆ مرۆڤ نەکردەنییە. سووڕی پووچەڵیش لە گەردووندا بوونێکی بەردەستەکیی – دەرەکیی نییە.

ئۆجالان پێی وایە ڕاڤەی دیالێکتیک بە شێوەی «یەکێتیی لەناوبەری دژەکان» و باوەڕ بە ڕوودان «بەبێ دژ» و «هەڵتۆقان و لەدایکبوونی کتوپڕ» هەڵەیەکی میتۆدییە. ئۆجالان ڕوانگەی یەکەم بە سادەترین ڕوانگە دەزانێت، کە گەردوون «بێیاسا» دەڕەنگێنێت و «گێژاوی بەردەوام» ی لێ دەکەوێتەوە، جا ئەو بۆچوونەی دژەکان بەرچ دەداتەوە، تەگەرە دەخاتە بەر جووڵەی خۆڕسکی دیاردەکان. بە گوزارشتێکی تر گوایە دەبێت پاڵهێزی دەرەکیی وەجووڵەی بخات و ئۆجالان واتەنی «خۆڕسک» نەبن. بیری «یەکێتیی لەناوبەری دژەکان» بە درێژایی مێژووی شارستانییەت دەسەڵات و ستەم و جەنگ و کۆمەڵکوژیی و وێرانکاریی ڕسکاندووە. لە چەرخی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا ڕۆڵی ئەقڵگەرایی و زانستگەرایی لەم بوارەدا فرە باڵکێشن. وەک لە مێژووی میتۆلۆژیا و ئایین و فەلسەفەدا دەبینرێتەوە، ڕامان و کردەی بەدەر لە ڕێکاری دیالێکتیکیی، میتافیزیکی پەتی لێ دەکەوێتەوە، چونکە بەستێنی دەرەکیی واتە گەردوون و جیهانی هەڵۆڵی دەرەسرووشت. ئۆجالان چوارچێوەیەکی ئاوا بە بێسودترین ڕوانگە دەزانێت کە بە «کۆڵۆنیی زەینیی» کۆتایی دێت.

ململانێێ کۆن و نوێ

پێڕێک لە ڕۆشنبیران بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە مۆدێرنیتە بریتییە لە جەنگی دیاردە «تازەکان» لەگەڵ دیاردە و بیرە «کۆن» و «کلاسیک» ەکان، ئەم زەینییەتە تەسکبین و وڕێنەبازە کارێکی کردووە، هەمیشە هەوڵ بدرێت کۆریانێکی ڕیشاژۆ لە نێوان چەرخی کۆن و نوێدا بسازێنرێت، ئەویش لە ژێر ناوی ڕێنینسانس. دەتوانین بێژین ئەمە گەورەترین هەڵەی هەنگاوی یەکەمی ڕێنینسانسە. هەر لەو سەرەتایەوە ململانێی نێوان کۆن و نوێ بووە زهنییەتێکی دژ و نادیالێکتیکیی. کاتێک ئەم بیرە مۆری خۆی لە سەدەکانی چواردە و پانزە دا، گشت دیاردە کۆن و پاشڤەڕۆکانی بە ناوی میتافیزیک و میتۆلۆژیی و ئایینەوە وەک کاکڵەیەکی دێرین و دژەتازەگەریی ناودێر کرد. پێناسەیەکی هەڵەی تری ڕێنینسانس هەیە، دەتوانین بە دووەمین هەنگاوی هەڵە چاوی لێ بکەین، گوایە گشت پاشڤەڕۆییەکان بۆ مەسیحییەت دەگەڕێنەوە. جا واتای فەرهەنگیی دێرین و زیندوو بە نامەسیحیی و یۆنانیی-ڕۆمیی دەزانن. ئەم ڕوانگە موتڵەقگەرا مرۆییەی وا سەرپاکیی کۆنەپەرەستییەکانی دەخستە مل مەسیحییەت و گوایە پێش مەسیح، یۆنان-ڕۆم لەوە هەڵبواردەن، دیالێکتیک وەک بزواتێکی پلەڕیز و ڕاستەهێڵیی تەماشا دەکات. ئەمە جگە لەوەی کاکڵەی زەینیی ئەم ڕوانین و لۆژیکە پێوانەییە، لە ڕامانی ئەفڵاتۆن و ئەرستۆوە چاوگە دەگرێت، جا تا ئەمڕۆ بەردەوامە و گرێدراوی چەرخی مۆدێرنیزمە. بەڵام ئەم ڕامانەی لێ بترازێ، ڕامانی تریش هەن کە بۆ پۆست مۆدێرنیزم دەگەڕێنەوە، ئەمە لە نیچەوە پزیسکە دەسەنێت و چڵەپۆپەی ئەم بیرەش لە بۆچوونەکانی ئەودا هەڵڕەنگاوترە تا بیرمەندانی تر. فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیزم واتا فەرهەنگییە زیندووەکانی سەردەمی پێش فەلسەفەی یۆنان – ڕۆم بە ڕەسەنتر دەزانن. ئەم بیرمەندانە فەلسەفەی ئەفڵاتۆن و ئەڕستۆ بە وێرانکەرترین پاڵنەری ژینی مرۆیی لەپێناسە دەدەن. نیچە بیری سوکرات تا مۆدێرنیزم بە وێرانکەر و تراژیدیی دەناسێنێت و بە توندیی بە گژیا دەچێت. ئەو دەڵێت؛ خوداکانی سوکرات، خوای شەراب و مەستیی ژیانی مرۆڤیان لەپێ خستووە و ئەم پێودانگەی ئەقڵگەرایی پەرستنی ئاپۆلۆن و دینۆسۆس بە دەستپێکێکی مەرگباری ژینی مرۆیی دەزانێت، چونکە پێی وایە ئەوان جیهانیان بەپێی دۆگما و دەمارگیریی و ئەقڵ داڕێژاوەتەوە و خۆشییەکانی چەرخی مەستەنۆشیی و شەرابیان بڕاندووەتەوە. یەکێک لە شاکۆڵەکە و ڕێسا گردەبڕەکانی پۆستمۆدێرنەکان گەڕانەوەیە بۆ پێشمۆدێرن و سەردەمانی کەونار، سادەیی و دواکەوتوویی و عەیشونۆشی ژیان ئەوێ دەم لە بری ئەقڵپەسەندیی و دۆگماتیکی سەردەمی فەلسەفەی یۆنان و مۆدێرنیزم هەڵدەبژێرن. تەنانەت یەکێک لەو پاڵنەرانەی بووەتە هۆی درووستبوونی دووانەی میتافیزیک-پۆزەتیڤیزم، هەر ئەم بژاردە ڕەها و گردەبڕانەی جیهانی وشکەبیریی ئەوانە. لێ لە سەردەمی مۆدێرنیزمدا خودی پرۆتستانیزم ڕابوونێکە دژی ئەم ئەقڵگەراییە پەتییەی سەدەی شانزە. دژایەتیی ئایین و کڵێسا بەبێ ڕەچاوکردنی ڕۆڵی سەرمایە و دەوڵەت وەک شاپاڵنەری ڕەنگڕێژبوونی پەرگاڵ و سیستەمی سەردەم، گەورەترین لادانی پێڤاژۆی مۆدێرنیتەیە.

خاڵە گرنگەکە ئەوەیە بە پێودانگی دیالێکتیکی جیهانی زیندوو، گەمەی چەمکەکانی کۆن و نوێ، ئەویش بەپێی زهنییەتی توڕهەڵدانی کۆن و پەسەندکردنی نوێ وەک هەبوویەکی جێگرەوەی ڕەها، زهنییەتێکی دەسەڵاتگەرە. لەم زهنییەت و لۆژیکەدا دژەبابەت تێکڕا بابەت دەسڕێتەوە و تێهەڵکێش دەڕسکێت، ئەمە سەرپاکی فکری لە خۆی هەڵژەند، تەنانەت هەردوو نموونەی هیگڵ و مارکسیش، هەرچەندێک دوو چەشنە دیالێکتیکی پێچەوانەی یەکترین، بەڵام ملیان بۆ ئەم زهنییەتە خەواندووە، یەکەمیان هەرچەند لەناوچوونی بابەت ناپەژرێنێت، و پاشماوەی ڕۆڵەکەی لە دژەتێز و کۆتێزدا دەبینێتەوە، بەڵام زۆرانبازیی و جیاوازیی کۆن و نوێ لە پێناسی دەوڵەتدا وەک پاڵتۆی دەسەڵات، دووچاری چەوتییەکی هەناوتەکێن دەکات، بەم چەشنە دیالێکتیکی هیگڵ ڕادەستبوونی پەتییە بەرانبەر دەوڵەت-نەتەوە. ڕاستییەکەی کۆن و نوێ ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و تەریبی یەک ڕێ ناپێون، بەم چەشنە گورز لە جەستەی بابەت و دژەبابەت و کۆبابەت دەدات. دووەمیش ململانێی کۆن و نوێ، ئەویش لە چوارچێوەی ڕەتدانەوەی کۆن و ڕسکانی نوێدایە، دەرکەوتنی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا بەرانبەر بۆرژوازیی، لۆژیکی دیالێکتیکی نەفی مارکس پێک دێنیت، لەمەڕ «دیالێکتیکی نەفیی» ی تەنیا دەتوانین باسی فەیلەسووفانی سەدەی چواردە تا بیستویەک بکەین، هەر ئەو چەمکەی تیۆر ئادۆرنۆ بەکاری دەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدا لەم گەردوونەدا تەنێ یەک چەشن دیالێکتیک وا لە گۆڕی، ئەویش بریتییە لە ڕێکاری بابەت و دژەبابەت و کۆبابەت. جا دەستنیشاکردنی بە ئەرێ و نەرێ لە بەستێنی گەردوون و گێتییدا؛ کارێکی چەوتە. ئەم پۆڵێنە لە چەمکسازیی و گەمەی زمانەوانیی کۆمەڵناسیی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە چاوگە دەگرێت. یەکێتیی دژی دیاردەکان وەک دوو جەمسەری بزوێنەر، بە واتای داسەپاندنی نەفی هەڵوەشێنەرەوە و ئەرێگەرایی پەتیی، جوودا نین لێکتر. تەنانەت هیچ دیالێکتیکێکی گەردوونیی لە گۆڕێ نییە لە دەرەوەی کات و شوێن بێت، جا ناتوانین لە چێوەی شوێن و کاتیشدا کۆن بە پاشڤەڕۆی ڕەها و تازە و نوێ سەرپاک بە پێشکەوتوو بزانین.

تا هەنووکە پێناسی دیالێکتیک لە فەلسەفەی بووندا یەخەگیری ئەم جۆرە قەیرانە واتاییەیە. دیالێکتیکی بوون و دیاردەکان لە ململانێی نێوان بەشی پێشوو و بەشی تازەدا، جا لە چێوەی گشتدا بێت یان بەش، کۆنێتیی ڕەچاو ناکات، لە بابەتی زماندا دەتوانین وەک دوو تایبەتمەندیی بیر لە کۆن و نوێ بکەینەوە. لێ لە بنەوەڕا لە ماددە و واتای گەردوونییدا کۆن و نوێ لە گۆڕێ نین، ماددە ماددەیە و وزەش وزە. بەدەر لە زەینی مرۆیی و بەپێی کارلێکی ماددە و پێکهاتەی گونجاو لۆژیکی کۆن و نوێ وەک دوو تایبەتمەندیی ڕەچاو دەکات. جا نەخوازەڵا ئەم بابەتە میتافیزیکی دیاردە و واتاکان بێت. میتافیزیک تەنیا گرێدراوی بواری واتای کۆمەڵناسیی مرۆییە. لە ماددەی گەردوونیی و واتای کۆسمۆسدا پۆڵێنی میتافیزیکیی و فیزیکیی لە ئارا نییە. چونکە سەرباری هەمەچەشنیی مادە و وزە، بەڵام هۆشی گەردوونیی پۆڵێنێکی لەم ڕەنگەی نییە. مێشکی مرۆڤ باڵاترین مادەیە کە بەر مرۆڤ کەوتووە، سەرپاکی چەمک و واتاکان، جا چ دەرهەست و چ بەرهەست، لە دوو پێکهاتەی بنەڕەتیی گەردوون. واتە «ماددە و وزە» پێک هاتوون. کاتێک مادە و وزە دەبن بە بەشێک لە مێشکی مرۆڤ و پێ بۆ گۆڕەپانی کۆمەڵناسیی هەڵدەهێنن، ئەوا بزاوتەکەی زۆر ڕەوان دادەگەڕێت، چونکە ئەوە تەنیا مرۆڤە ئاسان دەتوانێت ئەمە بۆ دوو دەستەی میتافیزیک – فیزیک، مادیی – مەعنەویی؛ دەرهەست بەرهەست؛ کۆن – نوێ، تازە و کۆن و هەزاران دەستەواژەی زمانەوانیی – واتایی پۆڵێن و دەسەبەش بکات. کەواتە، مرۆڤ چۆناهی شڕۆڤەی دیالێکتیک دەکات. شڕۆڤە نەختوپوخت تایبەتە بە مرۆڤ. جا «چاک و چەوت» دووانن لە تایبەتمەندییەکانی. لە ڕێکاری دیالێکتیکی گەردوونییدا «چاک و چەوت» واتایان نییە. لێ مرۆڤ لە شیکارییەکانی خۆیدا ناتوانێت بەبێ ئەم پۆڵێنانە بیر بکاتەوە. کەواتە گرنگ ئەوە نییە کە پۆڵێنبەندیی ڕێگەپێدراوە یان نا؟! گرنگ ئەوەیە پارادایمی شڕۆڤەی دیاردەکان چۆن بن.

لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتییەوە ئێمە چەندین چەشنی دیالێکتیک دەبینین، هەریەکەیان شڕۆڤەیەکی جیاوازن، ڕایەمان دەکەوێت بە پارادایم و ڕێڕەوی ستراتیژیی ناودێریان بکەین. ئەم ڕێڕەوانە بۆ سەردەمی فەلسەفە و وڵاتی یۆنان پاوان نین. هەر شڕۆڤەیەک جیهانبینییەکە و لە بەرەتای ڕسکانی مرۆڤەوە چەندین شێوەی لێ ڕەنگاوە، هەر شرۆڤەیەکیان فەلسەفەیەکی بوونناسییە، هەڵکشانی هۆش «بیر» و زمان «ئاماژە و هێمایی» لە پێشکەوتن و دەرکەوتنی هەموو شرۆڤەکاندا لە وێنەی ڕێڕەوێک بەشدار بووە و دەبێت. مێشک و زمان دوو دەزگای هۆشمەند و بزوێنەرن. ماددە و وزە وەک دووانەیەکی ئەبستراکت-بابەتیی تەواوکەری یەکترن. لەگەڵ بیرکردنەوەی مرۆڤ لەمەڕ دیاردەکان، چەندین جۆر دیالێکتیکیش ڕەنگڕێژ بوون، بەڵام ئەمە بە گشتیی لە بواری کۆمەڵناسییدا بیچم دەگرێت. هەر لە سەرەتای چێوەگرتنی DNAەوە ئەم توانای بیرکردنەوە و قسەکەرییە لە مرۆڤدا داشاراوە، «توانای جەستەیی» یەکەمین و سەرەتاییترین پێڤاژۆی گەشەی سەرەتایی چەمکی دیالێکتیکی واتایی و مەعریفییە. بەڵام سەردەمی زێڕینی کۆمەڵناسیی دیالێکتیک لەگەڵ قۆناغی زمانی هێماییدا پێڕەوکە بووە. لەم قۆناغەوە تا کۆتایی سەردەمی نیوڵۆتیک [٥] و پێشکەوتنی زمانی هێمایی و هۆشی ئەناڵەتیک، قۆناغێکی بنەڕەتیی وا لە گۆڕێ، ئەمە درێژترین ماوەی ستراتیژییە لە ڕووی زمانەوانییەوە. هەردوو زمانی ئاماژە و هێمایی، تانوپۆی چەمکی سەرەتایی دیالێکتیکیان لە چێوەی مەعریفەی میتۆلۆژییدا چنی و شڕۆڤەی گەردوونیان مشتوماڵ دا. ئەم شڕۆڤەیە لە پڕوپاڵانتە و گێژاویی سەردەمی شارستانییەت بەدوورە. کۆڵەکەی ئەم سەردەمە زمان و هۆشی شیکارییە، لێ لە سۆنگەی کەسێتییەکی تایبەتی ئاوێزان بە سرووشت. زمان و هۆشی شیکاریی مرۆڤ وەک گیاندار لە سرووشت دەنۆڕێت و واتای لێ هەڵدەهێنجێت، سەردەمی خواوەندی دایک و تا سنوورێکیش فەلسەفەی سرووشتیی یۆنان، دەچنە چوارچێوەی ئەم ڕوانینە کردەییەوە، هەرچەندە ئایینە یەکتاپەرەستەکان و فەلسەفەی سرووشتیی سەردەمی یۆنان دوو دیاردە و نێواخنی تایبەت و جیاواز بوون لە نیۆڵۆتیک. لێ تا سنوورێکی باڵکێشیش ڕەنگوبۆی سەردەمی پێش خۆیان وا بەسەرەوە. چونکە زۆر پێی کاریگەرن و هێشتاش بە تەواویی پێیان بۆ چاڵی گێژاوی شارستانییەت هەڵنەخزاوە، هیچ چەمک و دەستەواژە و بێژەیەکی دژسرووشت لە چەرخی نیۆڵۆتیکدا چی نەبووە، ئەمەش مرۆڤی لەگەڵ سرووشت کردووە بە یەک. ئەمە سەردەمێکە هێشتان تێگەشتن بۆ ئاسمان هەڵنەکشێنراوە. هێشتا چاوی پێکۆڵ بە زەوییەوە هەڵدووراوە، مرۆڤ دژ و ناودژ و کۆسپەکان لە واتا و ماددەدا دەبینێت و تێکڕا گوڵی پرسیاری لا شین دەکەن. بەڵام هەموو کۆششی ئەوەیە ئەمانە وەک ڕیزێک دیاردە ڕاڤە نەکات گوایە ئەو لە سرووشت هەڵدەبڕن و سرووشت وەک دڕندە پێناس دەکەن. ئەوان پێیان وایە دژەکان دەساوێژێکی گرنگی بەردەوامیی و بزاوتی بوونن. بە پێچەوانەی چەرخی دۆگماتیکی یۆناییەوە بوون بە یەک و تاک نابیین. مەعریفەی دیالێکتیکی ئەوان بۆ هەستی دەسەڵاتخوازانە و دەسەڵاتگەرانەی بوونی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی پاڵ نانێت. فرەترین کەڵکەڵەی یەکتایی و و دەسەڵاتخوازیی لە سەردەمی یۆناندا ڕسکا، ئەمەش لە دژبەریی زایەندیی نێوان ژن و پیاودا وەک مانگی لای ئێوارێ ڕوونە. لە سەردەمی شارستانییەتدا ئەقڵگەرایی زۆر هەڵکشاوتر بوو لە ژیریی سۆزەکیی چەرخی نیۆڵەتیک. دەی بۆچی تا ئەم ئاستە تێگەشتنی دیالێکتیکیی بەرەو تێگەشتنی نەفی و دەسەڵات، واتە لەناوچوونی یەکێک و هەڵڕەنگانی ئەوی تر هەڵکشا؟ چونکە لە سەردەمی ئایین و فەلسەفەدا سەرپاکی تێگەشتنیان ناچار بە هەڵبژاردنی یەک بژاردە لە نێو تێکڕای دیاردەکاندا کرد. سەرەتا لە نێوان ژن و پیاودا، تاکە زاڵدەستی پیاو سەپێنرا. دەسەڵات و فەڕی پاشایەتیی بە سەر دیموکراسییدا زاڵدەست بوو. لە فەلسەفە و جیهانبینیی جڤاکدا، یەکێتیی بوون بوو بە تاکە کەڵکەڵە و خواستی کۆمەڵ. «یەکێتیی بوون» وەک شاچەمک بەسەر زەیندا سەپێنرا. لە یەکێتیی بوونی ئیدیاڵیستییدا سەرپاکیی نموونەکان بۆ ئاسمان هەڵدەفڕێنرێن و تایبەتمەندییە ڕۆحییەکان پێوار دەبن. یەک: پیاو، پاشا، ڕاهیب، کەشیش، نەتەوە و هتد… چەمکە تایبەتەکانی دیالێکتیکی لادەرن. ئەمە دژبەری سرووشتی سەرپاکی دیاردە و ئافرێنراوەکانە. لە سۆمەرییەکانەوە تا یۆنانییەکان، دیرۆکی دیالێکتیک پتر زارەکیی و بێژەییە، بەڵام لە سەردەمی فەلسەفەی نووسینەکیی یۆنانەوە، ئیتر دیالێکتیک پێ بۆ گۆڕەپانێکی زۆر جیاواز هەڵدێنێت. پیرۆزاندنی ئەقڵ و پاشا و فەیلەسووف و کەشیش تا ئەمڕۆش بەردەوامە. فەلسەفەی یەکێتیی بوونی دەسەڵاتگەرا ناوکی سەرپاکی ئەمانە پێک دێنێت. دەتوانین بێژین لە یۆنانەوە تا ئەمڕۆ بەپێی یەک ڕاستەهێڵی ستراتیژیی شڕۆڤەی دیالێکتیک دەکرێت و تێکڕای چەشنە ئایدیاڵیستیی و ماتریاڵیستییەکانی دیالێکتیک لەسەر تەوەرەی نەفی و نەفی نەفی هەڵدەخولێن، گەرچی تەنیا یەک هەڵاوێردە لە تیۆری هیگڵدا دەبینرێتەوە و دیالێکتیک بە شێوەیەکی ڕاست پێناسە کراوە، بەڵام بە گشتیی لە ژێر پاڵتۆی فەلسەفەی هیگڵدا هەمان لۆژیکی نەفیی داشاردراوە و ئەمە دیالێکتیک تووشی کێماسیی دەکات، ئەویش بەردەوامیی تێگەشتنی یەکخواز و یەکگەرا و تاکڕەهەند و تەسکبینی زاڵی پیاو و پاشا و کەشیش و پێکۆڵانەتریش دەوڵەت و پیرۆزاندنێتی. سەرپاکی ستراتیژی هیگڵ و پێناسەی ئەو بۆ دیالێکتیک، نەفی دیاردەکانە، ئاماژەکردنی بە دیاردەی دەوڵەت و ناپلیۆن وەک خوای سەر ڕووی زەمین و ڕاڤەکردنی، دیالێکتیکی نەفییە، کاتێک شەنوکەوی کاکڵەی دیالێکتیک دەکات، پێناسەکە کوانتەمییە، لێ کاتێک فەلسەفەی کۆمەڵناسیی و سیاسیی ڕەنگڕێژ دەکات، خۆبەخۆ شڕۆڤەکەی ڕەتدانەوەی دیالێکتیکە، ڕوانگەی پۆستمۆدێرنەکانیش هەرچەندێک ڕەتدانەوەی دیالێکتیک نییە، بەڵام لە فەلسەفەی سیاسیی و کۆمەڵناسییدا «ئاڵۆسکاندنی دیالێکتیک»ە، جا ئاڵۆسکاندن و چەواشەی دیالێکتیک تاکە جیاوازیی نێوان ئەم ڕێبازە و ڕێبازەکانی پێشترە.

 

سەرچاوە:

تبار آزادی، حسن قادرمرزی (ڕامین گارا)، مرکز نشر آزادی، چاپخانە آزادی ١٣٩٥/٢٠١٦

[١] – ئایینی میهر، یەزدانی پەیمانی ئارییاییەکان

[٢] – کۆبوونەوەی دژەکان

[٣] – پێی وایە گەردوون لە وێنەی دەزگایەکی میکانیکی زەبەلاحە و پشت بە هۆ و بەرهۆ دەبەستێت.

[٤] – دووجەمسەریی

[٥] – سەردەمی بەردینی نوێ

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.