لێدان لە برایەتیی گەلان، لێدانە لە ڕۆژئاوا
دەسکەوتێکی دیکەی خۆڕاگری ڕۆژئاوا و پشتیوانی گەل لە هەر چواربەشی کـــــوردستان لە دەرەوی وڵات درووستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی بوو.

زاگرۆس هیوا
ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، جێبەجێکردنی پلانێکە لە چوارچێوەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان. لەم داڕشتنەوەدا ئیرادەی گەلان بە نەبوو هەژمار دەکرێت و چارەنووسیان، تۆم باراک وتەنی؛ ئەدرێتە دەستی ‘دیکتاتۆرە خێرخوازەکان’. ئەم دیکتاتۆرانە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەندا لە مێژە ئامادە کراون. ئەمە مۆدێلێکی بەڕێوەبەرییە کە ئەمریکا شایستەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دەبینێت. ئیدی هاوپەیمانیی دژ بە داعش گۆڕاوە بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ داعش. ئەفغانستان ڕادەستی ئەلقائیدە کرایەوە و سووریاش ڕادەستی داعش. ئەو زیندانییانەی داعش جارێکی دی ڕێک دەخرێنەوە، پەروەردە و پڕچەک دەکرێن و لە سەر ناوێکی جیاواز بەریان دەدەنە گیانی هەر وڵات و هەرگەلێک کە بیانەوێت. ئیدی هێزی پرۆکسی بچووک و پەرتەوازە نامێنێت، هەموویان کۆ دەکەنەوە و دەوڵەتێکیان پێ دەدەن، بەم شێوەیەش ڕەوایەتیی و فەرمییەتیان پێ دەبەخشن. بۆ ئەوەی بۆگەنیی تاوانەکانیانیش بشارنەوە، جلی جیهادییان لەبەر دادەکەنن، قات و بۆینباخیان لەبەر دەکەن و لە کۆشکی سپی عەتری بۆنخۆشیان پیا دەکەن.
لەم کۆنتێکستەدا، هەر مۆدێلێک کە فاشیزمی نەتەوەپەرەستیی و ئایینپەرەستیی و ڕەگەزپەرەستی پەسند نەکات و بیەوێت ژیانێکی ئازاد بە دوور لەم چەمکانە بنیاد بنێت، وەک دوژمن سەیر دەکرێت. ئەو شەڕەی کە لە ڕۆژئاوا هەیە، پێویست دەکات لەم چوارچێوەیەدا واتای پێ بدەین. شەڕی ڕۆژئاوا شەڕی هەقە لە دژی ناهەقیی، شەڕی مرۆڤایەتییە لە دژی دڕندەیی، شەڕی ڕەوشتە لە گەڵ بێڕەوشتیی، شەڕێکە لە پێناو بەهاکانی مرۆڤایەتیی. هێرشی سەر ڕۆژئاوا تەنیا هێرشێکی سەربازیی نییە، بەر لە هەموو شتێک هێرشێکی زیهنییەتیی، سیاسیی و ئابووریی و کەلتوورییە. ڕاستە، عەرەبێکی شۆڤێنیی و جیهادیی بووەتە بەڵێندەری ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، بەڵام ئەو بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی گەلی عەرەب وەک کەلتوور، وەک ئۆنتۆلۆژیی ناکات. زاتەن یەکەم کاری ئەبوو محەمەد جۆلانی فرۆشتنی هێماکانی قەزیەی عەرەبی واتە جۆلان (گوڵان)، فەلەستین و قودس بوو. ئەو نوێنەرایەتیی زلهێزەکانی جیهان دەکات و بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بەم هێرشە ببەخشێت، دەمامکی نەتەوەپەرەستیی عەرەب و ئایینپەرەستیی ئیسلامی سوننە بەکار دەهێنیت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە لەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەدا پێگەی کورد چی بەسەر دێت؟ کورد چ مافێکی دەبێت؟ پەرەسەندنەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی ئاماژە بەوە دەکەن کە کورد سایکس-پیکۆ و لۆزانێکی دی بە سەردا سەپێنراوە. پەیماننامەی پاریس تەنیا پەیمانێک نییە لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا. ڕەزامەندیی و بەرژەوەندیی زۆر لایەنی نێودەوڵەتیی و هەرێمی تێدایە. لە کاتی شەڕی حەلەبدا وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی هەموو ئەم لایەنانەی کرد. هێشتا ماددەکانی پەیمانی پاریس ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئەو بڕیارنامە (مەرسوومە) کۆمارییەی کە جۆلانیی بڵاوی کردەوە، هێڵە گشتییەکانی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە سەبارەت بە کورد ئاشکرا دەکات. ئەم هێڵە گشتییانە کۆپی کراوی هەمان سیاسەتی تورکیا و ئەردۆغانن، سیاسەتی “تورکیای بێ تیرۆر و هەرێمی بێ تیرۆر”، کە ئەمەش سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردە. لەم چوارچێوەیەدا سەرەتا بۆ ئەوەی کە گەلی کورد هەڵخەڵەتێنن، دەست دەکەن بە ئەدەبییاتی برایەتیی و دەڵێن “کوردمان وەها خۆش دەوێت و وەها لە دڵ و دەروونماندایە” و ئەگەر پێویستیشی کرد فرمێسکیشی بۆ دەڕێژن. تەنانەت جارجار هەوڵ دەدەن لە شەجەرەی بنەماڵەدا ڕەگێکی کوردیش بۆ خۆیان بدۆزنەوە. بەڵام ئەم حەزکردن و خۆشەویستییە بۆ کورد، تەنیا هەڵخەڵەتاندنە و هیچ ڕەنگدانەوەیەکی لە یاسا و دەستووردا نییە. تەنیا پەیامێکی خۆشەویستییە لە سەر چەو و لمی کەناراوەکانی دەریای مێدیترانە نووسرابێت. بە شەپۆلێک دەسڕدرێتەوە. زاتەن ئەردۆغان بە کێی گوت برا، پێویستە بزانین چاڵی بۆ هەڵدەکەنێ.
کە دێتە سەر ماددەکانی مەرسوومەکە، دەبینین هەمان سیاسەتی نکۆڵیی و ژینۆساید بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە تیایدا شاردراوەتەوە. ڕاستە، دوای سەد ساڵ خەباتی کورد ئیدی ناتوانن بە ڕاشکاوانە نکۆڵیی لە هەبوونی بکەن، بە گوتنیش بێت دانی پێدا دەنێین. بەڵام لەم لۆزانە نوێیەدا کورد هیچ مافێکی نییە. نە مافی دەستووریی هەیە، نە مافی یاسایی. نە مافی سیاسیی هەیە نە مافی کۆمەڵایەتیی. نە مافی ناسنامەی هەیە، نە مافی پەروەردە بە زمانی کوردیی و نە مافی خۆپاراستن. تەنیا ئەمە بە کورد دەڵێین: “ئێمە ئەوە سەد ساڵە لە بەر گورانی گوتن، فیکە بە کوردی و هەڵپەڕکێ کوردی ئێوەمان دەکوشت، ئەشکەنجە و زیندانیمان دەکردن. ئیدی واناکەین. پێویستە بۆ ئەمە سوپاسمان بکەن. دەتوانن بۆ خۆتان گورانی بڵێنەوە و هەڵپەڕن. بۆ ڤیستیڤاڵ و شتی وا ئەمەمان پێویستە. پێویستە زۆریش سوپاسگوزار بن کە ڕێگەمان داوە ئەمە بکەن”. بەمەش دەڵێین گوایە دەستەبەرکردنی مافی کەلتووری گەلی کورد.
شەڕی ڕۆژئاوا بۆ سەپاندنی ئەم مەرجانەیە. گەلەکۆمەیەکی نوێ دژ بە کورد لە ڕۆژئاواوە دەستی پێ کردووە و ئەگەر بەری لێ نەگیردرێت، بڵاوی هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێتەوە. ئەو جیهادییەی ئێستا لە سنووری حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانی مڵازی گرتووە، سبەینی دێتە بەردەم ماڵی هەر کوردێک. ئەم گەلەکۆمە فۆرمێکی نوژەنکراو و درێژکراوەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتییە دژ بە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٨-١٩٩٩. گەلەکۆمەیەکە لە دژی ئەقڵی ستراتیژیی کورد. هەربۆیە کوردیش هاوشێوەکی خۆڕاگرییەکانی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ خۆڕاگرییەکی ستراتژیی دەکات و بە ئەقڵی ستراتیژیی خۆی وڵام دەداتەوە. هەموو کوردێک لە ناخی خۆیدا هەست بەمە دەکات و ئەم هەستە دەکاتە کردار و چالاکیی. ئەم گەلەکۆمە نوێیە کەی دەستی پێ کرد؟ ئەم گەلەکۆمە لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێ کرد. لە ساڵرۆژی دامەزراندنی پەکەکەدا، جۆلانیی هێرشی کردە سەر حەلەب و پۆلیسی بەریتانیاش هەڵیکوتایە سەر کومەڵەی کوردی لەندەن. لە ڕۆژی ٩ی ژانویەدا، هەمان ڕۆژی تیرۆرکردنی سەکینە جانسز لە پاریس، هەر دوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب داگیر کران. ئەو دەستەی کە شەهید سەکینە جانسزی لە پاریس تیرۆر کرد، هەمان ئەو دەستەیە وا لە هەمان ڕۆژدا تەرمی شەهید دەنیزی لە بیناکەی حەلەب فڕە دایە خوارەوە.
لێرەدا پرسیار ئەمەیە کە ئایا ئەم گەلەکۆمەیە دەچێتە سەر؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە تەواوی گرێدراوی تێکۆشانی کورد و دۆستی کوردە، بە هەموو چین و توێژەکانییەوە. پلانەکە تازە خەریکە دەکەوێتە واری جێبەجێ کردنەوە و هێشتا لە سەر ئەرزی واقیع نەگیرساوەتەوە. پێویستە ڕێگە نەدەین بگیرسێتەوە. لایەنی پیلانگێڕ کاتێک ببینێت تێکۆشانێک هەیە لە بەرانبەری، ناچارە بە پلانەکەی خۆیدا بچێتەوە. ئەوەی تا ئێستا ڕووی داوە هەر ئەمەیە. تۆم باڕاک ویستی لە هەولێر پلانەکەی بە تەواویی بسەپێنێت و بیکات بە ئەمری واقیع. ئەوەی ئەو دەیویست بەسەر کورددا بیسەپێنێت خۆبەدەستەوەدان و ڕادەستکردنی هەموو دەسکەوتەکان بە جۆلانیی جیهادیی بوو. وای دانابوو کە کۆتا چاوپێکەوتنی بێت لە گەڵ هەسەدە. بەڵام کاتێک کە ڕۆژئاوا بڕیاری خۆڕاگریی دا و هەموو گەل لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات هاتنە سەر شەقام، ناچار دووبارە هەم لە شام و هەم لە هەولێر لە گەڵ هەسەدە دانیشت. ئەوەی کە تۆم باڕاکی هێنایە سەر مێزی دانوستان، داستانی خۆڕاگریی قارەمانانەی شەڕڤان و پشتیوانیی گەل بوو و بەس. هەموو خۆڕاگرییەک قارەمانی خۆی هەیە. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییەش ژنانی هەر چواربەشی کوردستان و سەرتاسەری جیهان بوون کە بە هۆنانی کەزێ ترسیان خستە هەناوی جۆلانیی و هاوپەیمانەکانی. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییە ئەو کیژوڵە جوانەیە وا بە گوتنەوەی درووشم لە سەر هەر دوو شانی باوکی، خۆپشاندانەکانی سلێمانی دەسووڕێنێت. قارەمانی ئەم خۆڕاگرییە ئەو دایکەیە کە لە ڕانییەوە بە دەستی خۆی کوڕەکەی دەنێریت بۆ بەرەکانی جەنگ لە ڕۆژئاوا، ئەو باوکەیە کە خۆی و کوڕەکەی پێکەوە دەچن بۆ جەنگ، ئەو مامۆستا ئایینیەیە کە مینبەری کردووەتە سەنگەر دژ بە داگیرکەران، ئەو ڕاگەیاندنکارانەن کە هەموو چەواشەکارییەکانی میدیای قەتەریی و سعوودییان پووچەڵ کردووەتەوە، ئەو دایکەیە کە پارەی دەرمانی شێرپەنجەی خۆی دەنێرێت بۆ ڕۆژئاوا، ئەو منداڵەیە کە پارەی دەخیلەکەی خۆی دەنێرێت بۆ منداڵانی ڕۆژئاوا، ئەو گەنجانەن کە نموونەی شەهید ئەحمەد هێمن کەرکووکیی لە باکوور و باشور و ڕۆژهەڵاتەوە سنووریان بەزاند و چەکی خۆڕاگرییان کردە شان. کەس نکۆڵیی لە گرنگیی دیپلۆماسیی ناکات، بەڵام لایەنی بەرانبەر بەر لەوەی گوێ لە دانوستانکاری کورد بگرێت، ئاوڕێک لە هەڵوێستی ئەم قارەمانانە دەداتەوە و بە گوێرەی ئەوە بڕیار دەدات. زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەم قارەمانێتییەی گەل تا ئێستا نەیهێشتووە ئەم گەلەکۆمە بگیرسێتەوە. ئەم خۆڕاگرییە کاریگەرییەکی وەهای درووست کردووە کە بەشداربووانی ئەم گەلەکۆمەیە هەر یەکەو کەوتوونەتە پەلەقاژەی پاکانە بۆ خۆیان. هەر یەکە و بە جۆرێک دەڵێین “وەڵا منی تێدا نیم” و لێدوان دەدەن و پلانی دەرچوون لەم ئابڕووچوونە دادەنێن.
دەسکەوتێکی دیکەی خۆڕاگری ڕۆژئاوا و پشتیوانی گەل لە هەر چواربەشی کوردستان لە دەرەوی وڵات درووستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی بوو. مانگی ڕێبەندان بوو بە مانگی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد. گەلی کورد لە ساڵیادی کۆماری مەهاباددا کۆنگرەی نەتەوەیی بەست. ئەم کۆنگرەیە نەک لە هۆڵ و سالۆنەکاندا و بە بەشداری نوخبەی سیاسی، بەڵکوو لە هەموو ماڵ و شەقام و کۆچە و کۆڵان و یاریگا وقوتابخانە و مزگەوتەکانی کوردستان، لە شەقام و مەیدانەکانی ئەورووپا و ئەمریکا، بە بەشداریی کارا و ڕاستەقینەی ملیۆنان کورد لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە ژێر باران و بەفر و سەرما و سەقەم و گازی فرمێسکڕێژ و زەختی پۆلیسدا، بە گەواهی و چاودێریی رای گشتیی هەموو دنیاوا بەسترا. ئەوە سەلمێنرا کە دیالەکتیکیی یەکێتیی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی لە ناو کورددا، پەیمانێکی سیاسیی نییە کە چەند کەسێک واژۆی بکەن، بەڵکوو پەیمانێکی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای پاراستنی نرخ و بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتیی کە هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەر مرۆڤێکی خاوەن ڕەوشت تیایدا بەشداریی دەکات و یەک بڕیاریشی وەرگرتووە: بەرخوەدان. یەکێتییەک کە بەم شێوەیە بێتە ئاراوە بە هیچ شتێک خراپ نابێت. ئەوەی کە دەکەوێتە سەر حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە وەفایان بۆ ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە هەبێت و بە هەموو شێوەیەک پابەندی بڕیارەکانی بن.
پاراستنی ڕۆژئاوا تێکۆشانێکی هەمەلایەنەیە. گوتاری نەتەوایەتیی و کوردبوون بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا زۆر گرنگە و پێویستە بەردەوام بێت. ئەمە گوتاری یەکێتیی و خوشک و برایەتی گەلی کوردە لە هەر چواربەشی کوردستاندا. نەتەوایەتیی و شەڕی مان و نەمان بۆ نەتەوە یەکێکە لە ڕمزەکانی ڕۆژئاوا. بەڵام ڕۆژئاوا هەڵگری پەیامێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی و گوتاری نەتەوایەتیی تەنیا یەکێکە لە ڕەمزەکانی ڕۆژئاوا. کوردبوون، ئازادیی ژن، پاراستنی ژینگە، پێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان، ئازادیی هەموو گەلان، ئازادیی ئایینەکان، برایەتیی گەلان و هتد… هەموو ڕەمزی کوردستانی ڕۆژئاوان و کۆی هەموو ئەم ڕەمزانەن کە هەبوون و ئۆنتۆلۆژی ڕۆژئاوایان پێک هێناوە. هەر یەکێک لەم ڕەمزانە سەنگەرێکن، مینبەرێکن. ڕۆژئاوا ئەوە زیاتر لە ١٤ ساڵە بە پشتبەستن بە کۆی ئەم ڕەمزانە، بەم سەنگەر و مینبەرانە هاتووەتە بوون و خۆڕاگریی دەکات. قەتیس کردنەوەی ڕۆژئاوا تەنیا لە گوتارێک و لە ڕەمزێکدا، دێتە واتای خنکاندنی ڕۆژئاوا. دێتە واتای ئەوەی کە تەنیا لە سەنگەرێکەوە شەڕ بکەیت، لە مینبەرێکەوە وتار بدەیت و هەموو سەنگەر و مینبەرەکانی دیکە چۆڵ بکەیت. ڕۆژئاوا قەڵای خۆڕاگریی کوردانە. قەڵایەک چەندە سەنگەری زۆر بن، ئەوەندە بەهێزتر خۆی دەپارێزێت. هەر رەمزێکی ڕۆژئاوا سەنگەرێکە و هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز لە یەکێک لەم سەنگەرانەوە و لەپێناو ڕەمزێکدا یان کۆی ڕەمزەکاندا خۆڕاگریی دەکات. چونکە ڕۆژئاوا هەروەکو چۆن بەرجەستەکردنی هیوای ئازادییە بۆ گەلی کورد، لە هەمان کاتدا بۆ گەلانی دیکە و بۆ هەموو مرۆڤایەتییش هیوابەخشی ئازادییە و ئەو شتەی کە تا ئێستا ڕۆژئاوای لە سەر پێی ڕاگرتووە، ئەوەیە کە گوتاری ڕۆژئاوا پەیامی بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەیە، هیوای ڕزگاری هەموو مرۆڤایەتییە. هەربۆیە زۆربەی گەلانی جیهان، لە چوار لای دونیاوە، ڕۆڵەکانیان هاتن لە ڕۆژئاوا گیانی خۆیان لە پێناو مانەوەی ئەم ئەزموونەدا فیدا کرد. ئەوان ئازادیی خۆیان لە ئازادیی ڕۆژئاوا دەبینن. ئێستاش لە هەموو جیهاندا، بە هەزاران دۆستی گەلی کورد لە پێناو پاراستنی ڕۆژئاوادا لە سەر شەقامەکانن.
هەڵبەت مرۆڤ کاتێک کە تووشی کێشە و نەهامەتییەک ببێت، لە هۆکارەکانی دەکۆڵێتەوە. ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە و بۆ دەرس وەرگرتن و پێشکەوتن گرنگە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە بتوانین ڕۆژئاوا لە ناو زەمین و سیاقی خۆیدا و لە چوارچێوەی پارادایمی خۆیدا هەڵبسەنگێنین. ئەزموونی ڕۆژئاوا لە سەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە نەتەوەپەرەستیی، ئایینپەرەستی و جنسیەتپەرەستی و داهێنانی پارادیمێکی نوێ گەشەی کردووە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هاتووە. هەربۆیە ناتوانین بە پشتبەستن بە نەتەوەپەرەستیی و ڕەگەزپەرەستی و ئایینپەرەستیی ڕەخنە لە ڕۆژئاوا بگرین. هەندێک کەس بە ناوی ئاکادیمی و ڕۆشنبیر یان مامۆستای ئایینیی بەئەنقەست یان لە ڕووی بێئاگاییەوە هەڵمەتێکیان دژ بە چەمکی برایەتیی گەلان، دژ بە ئازادیی ژن، دژ بە ئایین، دژ بە عەرەب و هتد… دەست پێ کردووە. گوایە “چەمکی برایەتیی گەلان شکستی هێناوە و پێویستە بگەڕێینەوە بۆ نەتەوەپەرەستیی؛ نەتەوایەتیی شکستی هێناوە و پێویستە و بگەڕێینەوە بۆ ئایین؛ ڕێبازی ئازادیی ژن شکستی هێناوە، ژن ناتوانێت شەڕ بکات و پێویستە لە ماڵەوە خزمەتی مێردەکەی بکات؛ عەرەب هێرشمان دەکاتە سەر و پێویستە ئێمە هێرش بکەینە سەر عەرەب، موسوڵمان هێرشمان دەکاتە سەر و پێویستە ئێمەش ئیدی ئیسلام نەبین” و هتد…
هەمووی ئەم بۆچوونانە هەڵەن و بە ئەندازەی هێرشەکەی سوپای جۆلانیی زیان لە ڕۆژئاوا دەدەن، چۆنکە گورز لە ڕەمزەکان دەدەن. لێدان لە برایەتیی گەلان، لێدانە لە ڕۆژئاوا. لێدان لە ئازادیی ژن لێدانە لە ڕۆژئاوا. لێدان لە ڕەمزەکان لە هێرشی سەربازی مەترسیدارترە. ئەگەر سەنگەرێک شکا مرۆڤ دەتوانێت دووبارە بیگرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو ڕەمز و بەهایەی جەنگاوەرێک لەو سەنگەرەدا لە پێناویدا خۆڕاگریی دەکات، تووشی لێدان و شکان بێت، هەرگیز تۆ ناتوانیت کەسێکی دیکە لەو سەنگەرەدا دانێیت و ڕازیی بکەیت کە بۆ ئەو ڕەمزە شەڕ و بەرخوەدان بکات.
لێدان لە برایەتیی گەلان، تەنیا لێدان لە ڕۆژئاوا نییە. لێدانە لە باشوور، لە ئەزموون و دەستکەوت و ڕەمزەکانی باشووری کوردستانیش. چونکە لە ئەزموونی باشووریشدا برایەتیی گەلان هەیە. خوالێخۆشبوو مام جەلال لە سەر ناوی کورد سەرۆککۆماری هەموو گەلانی ئێراق بوو، سیمبۆلێکی برایەتیی گەلان بوو، هەموو لایەک وەک چەتری ئاشتیی سەیری دەکرد. ئێستاش هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی ئێراق و لە هاوکاریی و پەیوەندیی و هاوپەیمانیی لە گەڵ عەرەبدا باشووری کوردستان بپارێزن، لەگەڵ یەک کێبڕکێ دەکەن. تەنانەت ئامادەن دەست لە دەنگی برای کورد هەڵبگرن بۆ ئەوەی دەنگی فڵان برای عەرەب، یان کریستیان، یان ئاسوور و یان تورکمان لە کەرکووک و موسڵ و دیالە و سەلاحەدین بەدەست بهێنن. لایەنێک ئامادەیە بۆ ئەوەی پۆستێک لە دەستی برا کوردەکەی دەربهێنێت، هەموو ئیمتیاز و بە ملیۆنان دۆلار ببەخشێت بە برا عەرەبەکانی.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا برایەتیی گەلان بۆ باشوور حەڵاڵە و بۆ ڕۆژئاوا حەرامە؟ ڕاستییەکەی ئەوەی بۆ هەر دوویان حەڵاڵە. چەمکی برایەتیی گەلان هەڵە نییە، ڕەنگە ڕۆژئاوا ئەگەر هەڵەیەکی هەبێت ئەوەیە کە وەک پێویست پەرەی بە برایەتیی گەلان نەداوە. هەمان شت بۆ برایەتیی ئایینەکان و ئازادیی ژنیش ڕاستە. فاشیزمی عەرەبیی و تورکیی و فارسیی بە فاشیزمی کوردیی وڵام نادرێتەوە. فاشیزم فاشیزمە، ڕەنگ و بۆنی جیاوازیشی هەبێت، گەوهەرەکەی ناگۆڕێت. فاشیزمی نەتەوەپەرەستیی و ئایینپەرەستیی و ڕەگەزپەرەستی ئایدیۆلۆژیای ڕەسەن و خۆماڵی نیین، لەگەڵ ئۆنتۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژیی ئەم ئاو و خاکەدا ناگونجێن. ئەمانە ئایدۆلۆژیای هاوردە و لەقوتوونراون و وەک خواردنێک بۆ مێشکی مرۆڤەکان بەکار دەهێنرێن.
کاتێک لە مرۆڤ برسیی دەبێت و دەیەوێت خواردنێک بخوات، دوو ڕێگا هەیە کە خۆی تێر بکات. تەندرووسترین ڕێگا ئەوەیە مرۆڤ لە بەرهەمە خۆماڵییەکان بە دەستی خۆی چێشتێک لێ بنێت و بیخوات. ئەگەر مرۆڤ کاتی نەبوو، تاقەتی نەبوو، نەیویست خۆ ماندوو بکات، ڕێگای دووەم ئەوەیە کە خواردنی ئامادە و لەقوتوونراو بکڕێت و بیخوات. ئەم خواردنە کەسێکی دی ئامادەی کردووە و لە قوتووی ناوە و بەرواری بەسەرچوونیشی هەیە. هەموو لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوە دەردەخەن کە خواردنی لەقوتوونراو شێرپەنجەی لێ دەکەوێتەوە، بە تایبەت ئەگەر ماوەکەی بەسەر چووبێت. ئەمە بۆ ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراویش وایە. نەتەوەپەرەستیی، ئایینپەرەستیی، ڕەگەزپەرەستیی و زانستپەرەستیی ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراون. ئەمانە ئایدیۆلۆژیای ئامادەن، لە هەموو شوێنێک هەن، سەرئێشەی ناوێت کە خۆتی لە سەر پەروەردە بکەیت، هەموو میدیای سیستەم ٢٤ سەعاتە ڕیکلامی بۆ دەکەن و دەیوروژێنن. تەنیا بڵێی “بژی فڵان نەتەوە، فڵان ئایین، فڵان ڕەگەز” یان “بمرێ فڵان نەتەوە، فڵان ئایین، فڵان ڕەگەز” بەسە. ئیدی پێویست ناکات زۆر سەری خۆتی پێوە بێشێنیت. جا ئەم نەتەوەیە دەتوانێت عەرەب بێت، کورد بێت یان تورک، یان فارس، فەرق ناکات. دەتوانێت موسڵمان بێت، جوولەکە یان مەسیحیی، فەرق ناکات. لەم ئادیۆلۆژیا لەقوتوونراوەدا کەس ناپرسێت کە نوێنەرانیی ئەم نەتەوە یان ئایینە پێویستە تایبەتمەندییەکەی چۆن بێت؟ زیهنییەتی چۆن بیت ؟ ژنکوژە یان نا؟ پیاوکوژە یان نا؟ دز و گەندەڵە یان نا؟ ژینگە دەپارێزێت یان نا؟ پێویست ناکات خۆت بە پەروردەکردنی ئەم کەسەوە سەرقاڵ بکەیت. تەنیا درووشمت بۆ بڵێتەوە بەسە. هەروەکو چۆن خواردنی لە قوتوونراو شێرپەنجەی جەستەی لێ دەکەوێتەوە، ئایدیۆلۆژیای لەقوتوونراویش (نەتەوەپەرەستی، ئایینپەرەستیی، ڕەگەزپەرەستیی و زانستپەرەستی) شێرپەنجەی کۆمەڵایەتییان لێ دەکەوێتەوە. شێرپەنجەی کۆمەڵایەتیی دایکی هەموو شێرپەنجەکانە. هەروا بە ئاسانی دەرمان ناکرێت. چ پێویست دەکات کۆمەڵگای کوردیش، هاوشێوەی کۆمەڵگای تورکیی و عەرەبیی تووشی شێرپەنجەیەک بکەین کە نەوە دوای نەوە ئاسەوارەکانی بمێنێت؟ کێشەکە ئەوەیە ئەم ئایدیۆلۆژیا لە قوتوونراوانە لە هەر کوێیەک درووست کرابێتن، لای خۆیان ماوەکەی بەسەر چووە، بەڵام بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویینی دەفرۆشنەوە. هەرکەسێک نەتەوەپەرەستیی کرد، پێویستە بزانین ئەو کەسە لە شوێنێکدا نەتەوەی خۆی دەفرۆشێت. هەرکەسێک ئایینپەرەستیی کرد، پێویستە بزانین ئەو کەسە لە شوێنێکدا ئایین دەفرۆشێت. سرووشتی ئەم کارە وایە.
ئێستا لە سەر ڕاگەیاندن و لە ناو شەقامدا شاڵاوێک لە دژی برایەتیی گەلان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن چەن کەس و گرووپێکەوە دەستی پێ کردووە. گوایە چەن عەشیرەتێکی عەرەب خیانەتیان لە قەسەدە کردووە و ئیدی پێویستە کورد متمانە بە عەرەب نەکات. بەڵام ئەم بەناو ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانە توزێک سەری خۆیان نایەشێنن کە لە دۆخەکە تێبگەن و بزانن برایەتیی گەلان چ دەستکەوتێکی بۆ ڕۆژئاوا هەبووە. ئەوەی لە ڕۆژئاوادا خیانەتی لە کورد کردووە عەرەب نییە، بەڵکوو چەن سەرۆک عەشیرەتێکن کە سعوودیە و قەتەر بەر لە چەند مانگ بە ڕینمایی تورکیا چەندین ملیارد دۆلار پارەیان بۆ ڕژاندوون بۆ ئەوەی لە دژی هەسەدە بووەستەوە. بەڵام لە ئەندامەکانی ئەم عەشیرەتانە بە هەزاران کەس بەشداری قەسەدە بوون و بەهەزاران شەهید و برینداریان لە ناو ڕیزەکانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژەدا هەیە. ئێستاش زۆرێک لەم شەڕڤانە عەرەبانە لە ناو هەسەدەدا ماونەتەوە و لە دژی چەتەکانی جۆلانیی لە شەڕدان. یەکەم شەهیدی تێکۆشانی ئازادیخوازی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدێکی عەرەبە و خەڵکی ڕەققایە. (شەهید عەزیز عەرەب).
فاشیزم بە فاشیزم وەڵام نادریتەوە. ئەگەر ئەردۆغان پەرە بە فاشیزمی تورکچێتیی دەدات، یان جۆلانی ئاڵای فاشیزمی عەرەبچێتیی بەرز کردووەتەوە، چ پێویست دەکات ئێمەش پەرە بە فاشیزمی کوردچێتیی بدەین؟ ئەمە وەک ئەوەیە تەور لە قاچی خۆمان بدەین، لقەداری ژێرپێی خۆمان ببڕینەوە. برایەتیی گەلان هێندە ڕەمزێکی گرنگە کە تەنانەت ئەوانەش وا بڕوایان پێی نییە، ناچارن و بەکاری دەهێنن. ئەردۆغان ڕۆژ و شەوی خستووەتە سەر یەک بۆ ئەوەی لە نێوان گەلاندا شەڕ بنێتەوە. بەڵام هەر جارێک کە دەچێتە سەر مینبەر، باسی برایەتیی کورد و عەرەب و تورک دەکات. ئەی باشە، ئێمە کورد کە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ هیچ گەلێک نییە، بۆ دەست لە برایەتیی گەلان بەردەین؟ ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئەردوغان و جۆلانیی، فاشیزمی تورکچێتیی و عەرەبچێتیی، ئەوە نییە کە ئێمەش کوردچێتیی بکەین. تاکە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ئەمانە پێداگرییە لە سەر کوردبوونمان، سەرلەنوێ پێناسەکردن و بنیادنانی کوردبوون. کوردبوونێک کە ئازادیی ژن بە بنەما دەگرێت، ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرێت، گرنگیی بە گەنجان دەدات، ژینگە دەپارێزێت، دەتوانێت خۆی بپاریزێت، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی خۆی بەهێز دەکات، پەرە بە ئابووریی خۆماڵیی و هەرەوەزیی بدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەلانی دراوسێ لە سەر بنەمای یەکسانیی و دادپەروەریی پێناسە دەکات و ڕێک دەخاتەوە.



