كوردستان: ئه‌ستێره‌ی له‌رزۆكی ڕۆژئاڤا
هاوکاتی ئەمە ده‌مه‌وێت بڕوام وابێت هه‌موو شتێك كۆتایی نه‌هاتووه و ڕۆژئاڤا سه‌رله‌نوێ خۆی درووست ده‌كاته‌وه و ئه‌و ڕابوونه دیموكراتییه‌ی به جیهانی ناساند، له‌گه‌ڵ هه‌موو تاقیكردنه‌وه و ناخۆشییه‌كاندا، ده‌مێنێته‌وه و په‌ره ده‌سێنێت: به‌رخودان ژیانه!

ئۆكتاڤ لارماناك ـ ماترۆن[1]
و. له فەڕەنسییەوە: فازڵ مه‌حموود
زۆر باش ئه‌و ده‌مه‌م بیره كه ناوی “ڕۆژئاڤام” بیست. ئه‌و ده‌مه له قۆناغی پێش زانكۆ بووم. له قۆناغێكدا كه له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه خەریک بووم بۆ خۆم دەگەڕام، شه‌یدای چه‌مكی “شاره‌وانیی ئازاد[2]” بووم كه له موری بوكچین وه‌رگیرابوو و ئیداره‌ی خۆسه‌ریی كورد له هه‌وڵی جێبه‌جێكردنیدا بوو. پێشینه‌ی [هزریی و سیاسیی] ئۆجالان، بیرمه‌ندی ڕێنماییه‌كه‌ری ڕۆژئاڤا، كه له ساڵی ١٩٩٩ له توركیا زیندانی كراوه، پڕ بوو له فێركاریی و زانیاریی باش بۆ من. ئۆجالان دامه‌زرێنه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستانه له ساڵی ١٩٧٨، سه‌ره‌تا له پێناو درووستكردنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی خه‌باتی ده‌كرد. دواجار ده‌سته‌به‌رداری پارادایمی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه بوو، چونكه ئه‌مه‌ی به ماشێنێكی جه‌نگی هاوچه‌شنساز ده‌زانی ــ جاروباریش كاولكه‌ر ـ كه له هه‌وڵی درووستكردنی یه‌ك كەلتوور و یك تاقه ناسمانەی نه‌ته‌وه‌ییدایە، له‌گه‌ڵ یەك كۆمه‌ڵگای ئایینیی و یه‌كپارچه. ئه‌مەش بۆ هه‌رێمێك، کە كۆمه‌ڵێكی زۆر كەلتوور و ئایین پێكه‌وه ده‌ژین، كارێكی كاڵفامانه‌یه.
به بۆچوونی ئۆجالان ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه پێكهاته‌یه‌كی ناوەندگەرا و سەربازگەریی هه‌یه و هاوڕێچكه و هاوكاتی سووڕەکانی سه‌رمایه‌داریی وه‌به‌رهێنان هەڵدەخولێت. ڕێبەری كوردان ده‌نووسێت: “كۆمه‌ڵگا به ته‌واوه‌تیی له نێو ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌دا نوقم بووه. هه‌ربۆیه میشێل فۆكۆ داكۆكیی له كۆمه‌ڵگا به بنه‌مای ئازادیی ده‌زانێت”. ئه‌و بۆ چەشنە خەباتێک دەگەڕێت دژ به تێهه‌ڵكێشكردنی هه‌ژمووندار كه تێیدا په‌رستنی پاره و نه‌ته‌وه‌گه‌رایی توندڕه‌وانه تێکەڵ بە زانستگەرایی ماتریاڵیستیی نائه‌خلاقانه‌ی به‌تاڵ له ڕۆح دەکات.
ئه‌م یه‌كگرتن و تێهه‌ڵكێشه ئایینییه[3] لە سۆنگەی پاکتاوی فره‌یی مرۆیی و یه‌كانگیریی لۆكاڵیی، ده‌بێته مناڵدانێكی ئایدۆلۆژیی سیستمی ده‌سه‌ڵات، جا ئەمە له نێو تۆڕێكی پلەداریی سه‌ركوتكه‌رانه‌دا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه: واته باوكسالاریی و هه‌ژموون به سه‌ر سرووشت و هتد… بۆ دەربازبوون لەم ڕژێمه هه‌ژموونداره‌ی ده‌سه‌ڵات به به‌كارهێنانی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی خودی ده‌وڵه‌ت ڕزگارت نابێت. ئه‌وه‌ی ده‌بێت بكرێت بریتییه له ستراتیژییه‌كی دابڕان و كه‌مكردنه‌وه‌ی لۆژیكی ده‌وڵه‌تیی: په‌ره‌پێدانی لۆكاڵیی پێكهاته‌ی سه‌ربه‌خۆ، كه دواجار پێكهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت بكاته شتێكی ناپێویست و زیاده. ستراتیژییه‌كی به‌مشێوه‌یه پێش ئه‌وه‌ی له سووریا جێبه‌جێ بكرێت، له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٠ له به‌شێك له شاره‌كانی توركیا، كه به شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌وتبووه ده‌ست كورده‌كان، به‌كار هێنرا. له‌م تاكتیكه‌دا ده‌شێت كاریگه‌ریی دۆلووز له‌به‌رچاو بگیرێت؛ گرنگیدانی دۆلووز بۆ كۆمه‌ڵێك تۆڕی له‌چه‌قخراو، هه‌م خه‌میشی بۆ پرسی كه‌مینه‌كان کە له ڕۆژئاڤا پێیان ده‌وترێت “پێكهاته‌كان” و هه‌ركامه‌یان به‌پێی بڕی دانیشتووانیان نوێنه‌ری سیاسیی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه. له گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ئه‌وه‌ی پتر ئاڕاسته‌ی [سیاسیی] ئۆجالان پێك ده‌هێنێت ، كۆنفدراڵیزمی دیموكراتیكی بوكچینه.
خۆسه‌ریی سەرانسەریی
له ڕوانگه‌ی بوكچینەوە “هه‌موو ناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت خۆسه‌ر و هه‌موو ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگا لە بەشدارییدا ئازاد بن… ئاستی لۆكاڵیی هه‌مان ئاسته‌یە و ده‌بێت بڕیار له‌وێوه ده‌رچێت. به بۆچوونی ئه‌و، بڕیاره بنه‌ڕه‌تییه‌كان ده‌بێت له ئاستی كۆمۆنه‌كان ـ كه دواجار بۆ پڕۆژه پێكه‌وه‌ییه‌كان له ئاستێكی گه‌وره‌تردا پێكه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه ـ به شێوه‌یه‌كی دیموكراتیی بدرێن وه‌ك : دادپه‌روه‌ریی، بەرگریی ڕەوا، په‌روه‌رده و هتد… ئەمەش بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی كه‌م بكرێته‌وه.
گه‌رچی “ئیداره‌ی خۆسه‌ریی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا” له ساڵی ٢٠١٣ درووست بوو، خاوه‌نی كۆمیته‌یه‌كی جێبه‌جێكاره و ساڵی ٢٠١٤ ده‌ستوور و ٢٠١٦ “په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تیی” بۆ خۆی داڕشتووه، به‌ڵام هه‌رگیز بڕیار نه‌بووه ببێته ده‌وڵه‌ت، جا چ جای ده‌وڵه‌تێكی كوردیی. به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه جۆریكه له “دیموكراسیی بێ ده‌وڵه‌ت” و ده‌بێت ڕادیكاڵییه‌كه‌ی دیموكراسییه‌كانی ڕۆژئاڤا بخاته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌مجۆره یه‌كگرتنه سیاسییه كۆنفیدراڵییه مه‌به‌ستی نییه خۆی له سنووره‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئیتنیكدا قه‌تیس بكات.
بوكچین ئاگادارمان ده‌كاته‌وه: “گەر هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات له گۆشه‌گیرییدا بژێت و په‌ره به خۆپه‌سه‌ندیی بدات، له به‌رده‌م مه‌ترسیی ئه‌وه‌دایه وەرگەڕێتە سەر مێنتاڵێتییه‌كی خێڵه‌كیی و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه”.
چاک چاکێ ده‌زانم له كرداردا، واقیع زۆر ئاڵۆزه. نووسینه‌كانی ئۆجالان به‌پێی پێویست له نێو خه‌ڵكیدا ناخوێنرێنه‌وه. له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئایدیاكانی گه‌یشتوونه‌ته ئاستی پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو، به تایبه‌ت بۆ ژنان: (یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زیی، درووستكردنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان، پێكهێنانی گونده خۆبه‌ڕێوه‌به‌رەکانی ژنان و پێداگریی له سه‌ر “ژنۆلۆژیی”: زانستیی ژنان).
به‌ڵام جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دیموكراتیی، سوسیالیستیی، فێمینیستیی، ئێكۆلۆژیی، نه‌یتوانیوه هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی خۆی بهێنێته دی. کاتێک ئۆجالان خوازیاری وه‌لانانی سوپایه‌كی ڕێكخراو بوو له پێناو پێكهێنانی كۆمه‌ڵێك هێزی خۆسه‌ریی خه‌ڵكیی، له هه‌لومه‌رجی جه‌نگدا، لێ هه‌ندێك كه‌س ڕه‌خنه له به‌سەر‌بازیكردنی كۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت “پاشه‌كشێ به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتگەرایی” ده‌گرن.
كۆتایی تراژیدیی یۆتۆپیایه‌ك؟
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به بۆچوونی من ڕۆژئاڤا یه‌كێكه له نوێخوازترین ئه‌زموونه سیاسییه‌كانی ئه‌م ده‌یانه‌ی كۆتایی. ئه‌م ئه‌زموونه شێوازێك له هیوای درووست كرد: نه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵته‌كێنراو، به‌ڵكوو بۆ جیهانێك كه له ژێر فۆرمه سیاسییه كۆن و داڕزاوەکاندا هه‌نااسه‌ی سوار ببوو. له گه‌ڵ ئه‌و خولیا كه‌مه‌ی هه‌مه بۆ سه‌فه‌ر، ئه‌مه یه‌كێكه له‌و شوێنه ده‌گمەنا‌نه‌ی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه كه پێم خۆش بوو ڕۆژێك به چاوی خۆم بیبینم. پێم خۆش ده‌بوو؟ یا پێش ئه‌مه پێم خۆش بوو؟ پاش ئه‌م ئاگربه‌سته له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نوێی سووریا ، چ شتێك له‌وه ده‌مێنێته‌وه؟ چاودێران ڕه‌شبینن. وڵاتانی ڕۆژئاوا، كه له ڕووی پراگماتیكییه‌وه سه‌رده‌مێك له شه‌ڕی داعش و بۆ لاوازكردنی به‌شار ئه‌سه‌د پشتگیریی ” ئیداره‌ی خۆسه‌رییان” ده‌كرد، ئێستا له دیمه‌شق لایه‌نێكی خوازراوتریان بۆ گفتوگۆ دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌م ڕێكه‌وتنه، به‌پێی ڕاپۆرتی سایتی “سه‌رهه‌ڵدان”[4] “ناچێته ژێر باری سووبێكتبوونی سیاسیی جه‌معیی و توانای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی كۆمه‌ڵگا.. دامه‌زراوه ئیدارییه‌كانی ڕێوەبەریی خۆسه‌ر ده‌چنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی… ڕاستییەکەی ئه‌م تێكه‌ڵكردنه هەر هاوچەشنسازییه”.
هاوکاتی ئەمە ده‌مه‌وێت بڕوام وابێت هه‌موو شتێك كۆتایی نه‌هاتووه و ڕۆژئاڤا سه‌رله‌نوێ خۆی درووست ده‌كاته‌وه و ئه‌و ڕابوونه دیموكراتییه‌ی به جیهانی ناساند، له‌گه‌ڵ هه‌موو تاقیكردنه‌وه و ناخۆشییه‌كاندا، ده‌مێنێته‌وه و په‌ره ده‌سێنێت: به‌رخودان ژیانه!
سه‌رچاوه:
Kurdistan : l’étoile tremblante du Rojava | Philosophie magazine
[1] توێژه‌ری بواری فه‌لسه‌فه و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری ‘فه‌لسه‌فه’ له فەڕەنسا.
[2] le “municipalisme libertaire”
[3] syncrétisme



