گۆشەی ئازد

قەیرانەکان و دۆزەخی ڕۆشنبیران

دیاردەیەی خۆکوشتنی فیکریی، کە لەلایەن نوخبەی ڕۆشنبیریی نزیک لە دەسەڵاتەوە پراکتیزە دەکرێت. ئەم نوخبەیە، لەپێناو مانەوە لەناو بازنەی دەسەڵات، وەرگرتنی ئیمتیازات، پۆست و دەرکەوتنی میدیایی، دەستی داوەتە چەکێکی مەرگهێنەر

دانا حەمید

 

ئەوەی ئەمڕۆ لە گوتاری سیاسی و ڕۆشنبیریی باڵادەستی باشووری کوردستاندا شایەتحاڵین، تەنیا قەیرانێکی سیاسیی کاتیی یان ململانێیەکی حیزبیی ئاسایی نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی سیستەماتیکی «خەساندنی ناسنامە»ـەیە لە بنەڕەتیترین ئاستیدا؛ پڕۆسەیەک، کە تێیدا ناسنامەی نەتەوەیی لە ناوەڕۆکە مێژوویی و هزریەکەی دادەماڵرێت و دەکرێتە ئامڕازێکی ڕووت بۆ پاراستنی دەسەڵات. ناسنامەیەک، کە لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای «بوون بە کورد» وەک چەمکێکی مێژوویی، جوگرافیی و کەلتووریی هاوبەش خۆی پێناسە بکات، لەسەر بنەمای «بوون بە دەسەڵات» و پاراستنی ئیمتیازاتەکان خۆی دادەڕێژێتەوە. ئەم ناسنامە خەسێنراوە، کە لە بنەڕەتدا ناسنامەیەکی شکاو و لەتبووە، لە ڕێگەی میکانیزمێکی ژەهراوییەوە کە دەتوانین ناوی بنێین «نەژادپەرەستیی ناوخۆیی»، چەمکی «پێکەوەژیان»ـی کردووە بە کاریکاتۆرێکی بێمانا و نمایشێکی پۆپۆلیستیی. پێکەوەژیان لەم دیدگایەدا، لە فیکرێکی گەردوونییەوە بۆ قەبووڵکردنی «ئەویتر»ـی جیاواز، کورت کراوەتەوە بۆ تاکتیکێکی سیاسیی ناوخۆیی؛ نمایشێکی فۆلکلۆرییە بۆ ڕازیکردنی کونسوڵخانەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە تێیدا کەمینەکانی ناو سنووری هەرێم (وەک کریستیان و تورکمان، کلدان و ئاشووریی) وەک دیکۆرێکی جوان و نیشانەی کراوەیی بەکار دەهێنرێن. بەڵام لە هەمان کاتدا، «ئەویتر»ـی کورد لە دەرەوەی ئەو سنوورە جوگرافیی و ئایدیۆلۆژییە (بە تایبەت ئەوانەی سەر بە قوتابخانەی فیکریی تەڤگەری ئاپۆیین)، وەک هەڕەشەیەکی وجوودیی، ڕکابەرێکی سیاسی و تەنانەت «دوژمنێکی ناوخۆیی» سەیر دەکرێن. ئەم دووفاقییە ترسناکە، خیانەتێکی ڕاستەوخۆیە لە جەوهەری پێکەوەژیان، چونکە پێکەوەژیانی ڕاستەقینە لە قەبووڵکردنی بێمەرجی «ئەویتر»ـی جیاوازەوە دەست پێ دەکات، نەک لە دیاریکردنی ئەوەی کێ شایستەی ژیانە لەژێر چەتری پارێزگاریی ئێمەدا و کێ شایستەی سڕینەوەی سیاسی و میدیاییە. ئەمە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو لۆژیکە فاشیستییەیە کە دەڵێت «یان لەگەڵ ئێمەیت، یان دوژمنیت»، بەڵام ئەمجارەیان لەناو ماڵی کورد خۆیدا. ئەم ناسنامە شکاوە، ناسنامەیەکی «پاشکۆ»ـیە؛ پاشکۆی بەرژەوەندیی حیزبی، بنەماڵەیی و تەنانەت بەرژەوەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش. کاتێک دژایەتیی بەشێکی گەورەی نەتەوەکەت دەبێتە مەرجی مانەوەی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانت لەگەڵ داگیرکەر، ئیتر تۆ خاوەنی ناسنامەی خۆت نیت، بەڵکوو بوویتەتە بەشێک لە ستراتیژیی ئەوی داگیرکەر.

ئەم ناسنامە (شووناس)ـە شکاوە، خۆی لە فۆرمێکی سیاسیی ترسناکدا بەرجەستە دەکات و دەتوانین ناوی بنێین «باوکایەتییەکی کوشندە». قەوارەی سیاسیی باشوور، بەهۆی ئەوەی خاوەنی ئاڵا، پەرلەمان، نەوت و پەیوەندیی دیپلۆماسییە، تووشی وەهمێکی مێژوویی بووە کە پێی وایە خاوەنی هەقیقەتی ڕەهای خەباتی کوردیی [کوردایەتیی]ـشە. لەم ڕوانگەیەوە، پارچەکانی تر وەک «منداڵی لاسار» یان «هەرزەکاری سیاسیی» سەیر دەکرێن کە پێویستیان بە سەرپەرەشتیی، ئاڕاستەکردن و تەنانەت سزادانیشە. کاتێک ڕۆشنبیرێکی باشووریی، لە لووتکەی بورجە عاجییەکەیەوە کە بە داهاتی نەوتی خەڵک درووست کراوە، فەرمان بە ڕۆژئاوا دەدات و تیۆریی بۆ چارەنووسی کۆبانێ و قامیشلۆ دادەڕێژێت، ڕاستییەکەی هەمان ئەو ئەقڵییەتە کۆڵۆنیاڵیستییە دووبارە دەکاتەوە کە سەدەیەکە دۆزی کوردی پارچەپارچە کردووە. ئەو پێی وایە مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەوانی تر بدات، چونکە خۆی لە «ناوەند»ـی دەسەڵاتدایە و ئەوانی تریش لە «پەراوێز»ـی نەهامەتیدا دەژین. ئەمە لۆژیکی «خاوەندارێتیی»ـیە، نەک لۆژیکی «هاوچارەنووسیی». کارەساتی شەنگال و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێزدییەکان، ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەم باوکایەتییەی ئاشکرا کرد؛ کاتێک قوربانیی ژینۆساید، لەبری ئەوەی ببێتە خاوەنی بڕیاری خۆی و پرسیاری ئەوە بکات «بۆچی نەتانپاراستین؟»، دەکرێتە کاڵایەکی سیاسیی لە بازاڕی ململانێی حیزبیدا و هەوڵ دەدرێت جارێکی تر بخرێتەوە ژێر هەمان ئەو چەترەی لە کاتی کارەساتدا کون کون بوو. لێرەدا، ناسنامەی نەتەوەیی دەمرێت و ناسنامەی حیزبیی و بنەماڵەیی جێگەی دەگرێتەوە، چونکە پاراستنی دەسەڵات لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان گرنگتر دەبێت. ئەم باوکایەتییە، لە قووڵاییدا، ڕەنگدانەوەی ترسێکی گەورەیە؛ ترسی دەسەڵاتی باشوور لە مۆدێلە ئەڵتەرناتیڤەکانی حوکمڕانیی. سەرکەوتنی هەر مۆدێلێکی جیاواز لە ڕۆژئاوا یان ئەوانی تر، کە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی و بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک دامەزراوە، دەبێتە ئاوێنەیەک کە شکست و گەندەڵیی سیستمی حوکمڕانیی باشوور لەبەر چاو گەورەتر دەکات. بۆیە، لەبری فێربوون لەو ئەزموونانە، هەوڵی سڕینەوە و ناشیرینکردنیان دەدرێت.

لێرەوە، دەگەینە حاڵەت و تا ئەندازەیەک دیاردەیەی خۆکوشتنی فیکریی، کە لەلایەن نوخبەی ڕۆشنبیریی نزیک لە دەسەڵاتەوە پراکتیزە دەکرێت. ئەم نوخبەیە، لەپێناو مانەوە لەناو بازنەی دەسەڵات، وەرگرتنی ئیمتیازات، پۆست و دەرکەوتنی میدیایی، دەستی داوەتە چەکێکی مەرگهێنەر: بێبایەخکردنی سیستەماتیکی ئەو چەمک و تیۆریایانەی دەبوو ببنە چەکی بەرگریی لە ئازادیی و دادپەروەریی. کاتێک بە ڕۆژ گاڵتە بە فیکری ئۆجالان و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی دەکەن و بە خەیاڵی شاعیرانە ناوی دەبەن، و بە شەو لەگەڵ قوتابییەکی سەرەکیی هەمان قوتابخانە (مەزڵووم عەبدیی) کۆ دەبنەوە و بە سەرکردەی حەکیم ناوی دەبەن، ئەمە نیشانەی پراگماتیزم نییە، بەڵکوو نیشانەی پووکانەوەی فیکریی، هەلپەرەستیی سیاسیی و مردنی ئەخلاقییە. ئەم نوخبەیە، بە دەستی خۆی، گۆڕەپانی فیکریی کوردییان لە هەر چەمکێکی ڕەخنەیی و ڕادیکاڵ بەتاڵ کردووەتەوە. ئەوان سیستەمی سیاسییان لە هەر پرسیارێکی جدیی و شەرمەزارکەر پاراستووە و لە بەرانبەردا، کۆمەڵگایان بێ چەک کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم. کاتێک شەپۆلی حەماسەت نامێنێت و ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەوەیەکی تووڕە و بێهیوا دەبنەوە کە پرسیاری داهاتی نەوت، گەندەڵیی و داهاتووی خۆیان دەکەن، هیچ شتێکیان پێ نامێنێت بۆ بەرگریی، چونکە ئەو بنەما فیکرییانەی (وەک دیموکراسیی، لێپرسینەوە، مافی هاووڵاتیبوون و پێکەوەژیان)، کە دەبوو پشتی پێ ببەستن، خۆیان بە دەستی خۆیان ڕووخاندوویانە. ئەوان نازانن بەرگریی لە چی بکەن، چونکە چیتر باوەڕیان بە هیچ شتێک نییە جگە لە بەرژەوەندییەکانیان و مانەوەی سیستەمەکە بە هەر نرخێک بێت. ئەم خۆکوشتنە فیکرییە، دۆخێکی «شیزۆفرینیای سیاسیی» درووست کردووە؛ دۆخێک،ی کە تێیدا گوتار و کردار بە تەواوی لە یەکتر دابڕاون. لە میدیاکاندا باسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردیی دەکەن، کەچی لە واقیعدا سەرقاڵی فرۆشتنی سامانی نەتەوەکەن بەو دەوڵەتانەی گەورەترین دوژمنی ئەو سەربەخۆییەن. ئەمە وایکردووە کە متمانە نەک هەر بە سیاسییەکان، بەڵکوو بە خودی زمان و چەمکەکانیش نەمێنێت.

ئاسۆی ئەم ناسنامە پەرت و شکاوە، تاریکستانێکە تێیدا «دابڕانی ستراتیژیی» و «خۆخۆریی نەتەوەیی» دەبێتە تاکە واقیع. لەبری یەکگرتنی هێزەکان دژی دوژمنی هاوبەش، وزەی نەتەوەیەک لە ململانێی ناوخۆیی و سڕینەوەی یەکتردا بەفیڕۆ دەچێت. ئەمە خەونی لەمێژینەی داگیرکەرانە و ئەمڕۆ لەسەر دەستی ناوخۆ دێتە دی و ڕۆشنبیری دەرباریش تیۆریزەی بۆ دەکات. چارەسەر، شۆڕشێکی فیکریی و ویژدانییە؛ شۆڕشێک کە لە داننان بەم ناسنامە پەرتەوە دەست پێ دەکات. پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە هیچ حیزب و بنەماڵەیەک نوێنەری کورد نییە و خاوەنی هەقیقەتی ڕەها نییە، بەڵکوو ئیرادەی ئازادی خەڵک لە هەر شوێنێک بێت، تاکە سەرچاوەی شەرعییەتە. دەبێت نوخبەی باشوور لەبری وانەوتنەوە بە پارچەکانی تر، بگەڕێنەوە و گوێ لە هاواری بێدەنگیی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بگرێت؛ گوێ لەو گەنجانە بگرێت وا لە بێکارییدا کۆچ دەکەن، گوێ لەو مامۆستایانە بگرێت وا مووچەیان پێ نادرێت، و گوێ لەو ژنانە بگرێت وا لەناو ئەم سیستەمە پیاوسالارەدا دەکوژرێن. پێویستە واز لە ئەقڵییەتی خاوەندارێتیی بهێنرێت و باوەڕ بە لۆژیکی هاوبەشیی، فرەیی و ڕێزگرتنی دوولایەنە بهێنرێت. ئەگەر ئەم وەرچەرخانە ڕوو نەدات، ئەوا مێژوو وەک شایەتحاڵی شکستێکی گەورە سەیریان دەکات؛ شکستی ئەو نەوەیەی دەرفەتی بنیادنانی نەتەوەیەکیان هەبوو، بەڵام لەپێناو دەسەڵاتێکی کاتیی و گەندەڵدا، ناسنامەی نەتەوەکەیان شکاند و کەرامەتی مرۆڤەکانیان کردە قوربانیی. داهاتوو لە دەستی ئەو هێز و تاکانەدایە کە دەتوانن لەم بازنە داخراوەی خۆخۆریی بێنە دەرەوە و ناسنامەیەکی نوێی کوردیی دابڕێژن؛ شووناسێک کە لەسەر بنەمای ئازادیی، پێکەوەهەڵکردن، یەکسانیی و دادپەروەریی بۆ هەمووان دامەزرابێت، نەک لەسەر بنەمای هەژموونخوازیی و دابەشکاریی لەگەڵ ئەوانی تر.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.