گۆشەی ئازد

شکۆی کوردی پێگەیشتوو باڵاتر لە شکۆی چەک!

شکۆی چەکی گەریلا و شەڕی پارتیزانی لە مێژوودا، بابەتی شیعر، سینەما، ڕۆمان و نووسین بووە، بەڵام مەراسیمەکەی ئەمڕۆ نیشانی دا، شکۆی مرۆڤی شۆڕشگێڕ لە شكۆی چەک باڵاترە.

نەجیبە قەرەداغی

ئەمڕۆ لە ئەشکەوتی جاسەنەی باشووری کوردستان هەنگاوێکی مێژوویی نرا. ئەگەر ئەم هەنگاوە تەنیا وەک هەنگاوێکی پەیوەست بە پرسی کورد و ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە لێک بدرێتەوە، کەم دێنێت. ئەم هەڵوێستە مێژووییە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی، هەڵوێستێکی ئەخلاقیی، ویژدانیی و دیموکراتییانە و مێژووییە، لە کاتێکدا کە دنیا بەرەو جبەخانەیەکی سەربازیی و ملیتاریزم دەبرێ و تەپەی پێی ئەم پرۆسەیە لە ئەورووپا هەستی پێ دەکرێت. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵگریی ئەڵمانیا، ئەم هەنگاوەی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان پێداگرییە لە سەر پەرەدان بە ژیانێکی ئاشتیانە و کۆمەڵگەی دیموکراتی وەک کەلتوورێک و وەک ئەخلاقی پێکەوەژیان لە کوردستان، ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان.

ئەوەی سووتێنرا تەنیا چەک نەبوو، ئەوەی سووتێنرا ئامڕازەکانی وەڵامدانەوەی ستەم و زوڵمی  ١٠٠ـی دەوڵەتێکی داگیرکەر، فاشیست و نەژادپەرستی تورکە کە دەیویست بە لەناوبردن وەڵامی داوا و ویستی گەلی کورد بداتەوە. ئەو ئامرازە کۆتایی بە قۆناغێک هێنا و ئیرادە و بوونی گەلی کوردی گەیاندە ئاستی پێگەیشتوویی. لە جێیەک ئاشتیی و دیموکراتیی و یەکسانیی هەبێ، هەرگیز پێویست بە چەک نامێنیت، ئەو هەنگاوە سەمبولییە بۆ دەستپێکردنی ئەو قۆناغی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە.

لەم دە ساڵەی دواییەدا بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان گۆڕانکاریی ستراتیژییانەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی دژی داگیرکاریی لە تاکتیکی شەڕی تونێل و فراوانکردنی ئەشکەوتدا قاڵ کردەوە، کە دەبوو لە سەرەتای نەوەدەکانەوە پەرەی بەم تاکتیکە بدایە و لە ماوەیەکی کورتدا و بێ ئەوەی شەڕ درێژ بکرێتەوە، ئەنجامی بەدەست بهێنایە. تاکتیکێک کە دەوڵەتی بە چۆکدا دەهێنا.

ئەوەی لەم ماوەی ئەم پێنج تا شەش ساڵەی دواییدا کرا، خاڵی شکانی بۆ دەوڵەتی تورکیا لێ کەوتەوە. لە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید سارا، کە لە دوکان ئەنجام درا، دوو بەرپرسی میت دەستگیر کران و زۆر زانیارییان لە سەر کارەکانی میت و دەوڵەتی قووڵ لە شەڕی دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان ئاشکرا کرد. خاڵێکی تری شکانی فاشیزم ئەو کاتە بوو کە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە، کوشتن یان ڕزگارکرنی ئەندامانی میت شکستی هێنا و بە ملشکاویی کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان هێنا. شەڕی ئەشکەوت و تونێلەکان بووە مۆتەکە بۆ دەوڵەتی تورک، وێڕای بەکارهێنانی چەکی قورسی قەدەغەکراو، ناپاڵم و چەکی کیمیاویی بەرانبەر گەریلا و خەڵکی سڤیل و پێشەنگانی بزوتنەوەکە، بەڵام زیانی ئابووریی و زەبر لە پرەستیژی دەوڵەتی تورکیا دەدرا و گۆڕانکارییە هەرێمیەکان و بەرخودان گەریلا و گەل و بەرخودان و هەوڵەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاشتیی لە ئیمرالی، پاڵی بە پەرەسەندنی ئەم قۆناغەوە نا کە ئێستا گەیشتووەتە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگ.

پرۆسەی نزیکەی نۆ مانگی ڕابردوو، بە هەستیاریی و سەرنجێکی زۆرەوە درێژەی پێ درا. ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامە مێژووییەکەیدا لە ٢٧ـی شوبات پەرەی بەو پرۆسەیە دا کە دەوڵەت دەستپێشخەریی بۆ کردبوو.  خۆبەخۆ ڕێبەر ئۆجالان لە ١٩٩٣ـەوە دەیویست چەک بخاتە دەرەوەی ستراتیژی تێکۆشان و پەرە بە ڕێبازی چارەسەری ئاشتیی و دیموکراتییانەی پرسەکە بدات. پرسەکەشی بە پرسی کوردەوە و واوەتر وەک پرسی قەیرانی سیستەمی جیهانیی بینی. لە پرسی کورد زیاتر وەک پرسێکی زهنیی و بنیادی بینی. بۆ ئەوەش دەبوو بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بەو قۆناغی ئیزۆتەریکەی ٥٢ ساڵە لە پرۆسەیەکی سووڕی گەشەی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتیکردنیدا هەنگاوێکی دیکە بنێت و بە قۆناغی پێگەیشتوویی پەرە بە ئەقلی کورد بدات، ئەمەش لە جەوهەردا پەرەدانە بە ئەقڵی ژن.

 

سەمبولیزم و هەنگاوە مێژووییەکان، بۆچی ئەشکەوت؟

کۆنگرەی ١٢ پەکەکە کە لە کۆنگرەی فەسخکردن زیاتر سەرەتای قۆناغێکی نوێی مێژوویی، نیشاندانی ئیرادەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتی بزوتنەوەکە و دواتریش پرۆسەی وەلاوەنانی چەک کە ئەمڕۆ لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە ئەنجام درا، لە بەرزترین ئاستی بەرپرسانی بزوتنەوەکە ئەنجام درا ( ١٥ ژن ، ١٥ پیاو، کە چوار کەسیان بەرپرسی باڵای بزوتنەوەکەن – بەسێ هۆزات- بەهزاد چارچێلا – تەکین موش و تێکۆشین هۆزان)، دوای ڕاگەیاندنێکیابە زمانی کوردی و تورکی، کە ئاماژە بەوەی بە ئیرادەی خۆیان و بۆ پەرەدان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ئەوان وەک ” گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی” چەکاکانیان لەناودەبەن- دەسوتێنن.

لە تێگەیشتنی سەمبولیزمیەوە کە کاراکتەری سەرەکیی بزوتنەوەکەیە، هەڵبژاردنی ئەشکەوتی جاسەنە هەر وا ڕێککەوت نییە. ئەو ئەشکەوتەی شێخ مەحمود پەنای بۆ برد لە تێکۆشانی دژ بە داگیرکەری ئینگلیز و لەوێدا چاپخانەی دانا و یەکەمین ڕۆژنامەی بە ناوی ‘دەنگی حەق’ بڵاو کردەوە، ئەمە بە زیادەوە ڕاڤەکارە بۆ دۆخی ئەمڕۆ. هەر گەڕانەوەی گەریلاکانی ئازادیی بەرەو ژوور و بۆ ئەشکەوتەکە، ئاماژەیە بەو بەردەوامیی. بەردەوامیی چی؟ تێکۆشان، بەڵام بەبێ چەک، واتە تێکۆشانی هزریی و سیاسەتی دیموکراتیی، هەر وەک بەسێ هۆزات لە دوای ڕاگەیاندنەکە وتی؛ ”پێویست بە زەمینەی حقوقیی دەکات.”

 

ئاشتیی لە دیدی ڕێبەر ئۆجالانەوە چییە؟

ڕێبەر ئۆجالان لە کتێبی سۆسیۆلۆژیا ئازادییدا، لەمەڕ لە ئاشتیی دەڵێت؛ ڕێککەوتنی نێوان “دیموکراسیی و دەوڵەت” لە دوایین مانفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیدا کە نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕەیە و وەک ڕێکەوتنی نێوان ” کۆمین و دەوڵەت ” پێناسەی دەکات، دەڵێت؛ ڕیشەییترین ململانێییە لە مێژوودا و ئەمجارەیان بەم تێکۆشانەی ئێمە وەری دەچەرخێنین بۆ دیالێکتیکی یەکتر تەواوکردن نەک لەناوبردن، ئەوەش دەبەستێت بەم مەرجانەوە؛ یەکەم هەموو کەسێک لە ئارامییدا بژی، لەسەر بنەمای داننان بە خۆپاراستنی کۆمەڵگە و کاراکتەری کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقیی و سیاسیی (واتە خۆبەڕێوەبردن)، کە هەندێک ڕۆشنبیر ترسێکی زۆریان لە پرۆسەی بە ئەیالەتکردنی تورکیا لە سەر مۆدێلی ئەڵمانیا، سویسرا و ئەمەریکا لێ نیشتووە. مەرجی دووەمیش ئەوەیە کە نابێت یەک لایەن زاڵ بێت و دەبێ هەردوولاش ڕاگرتنی شەڕ قەبووڵ بکەن، سێیەمیش، هەموو لایەک لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ڕێز لە تێکۆشان و دامەزراوە دیموکراتییەکانی کۆمەڵگە بگرن. ئەوەش تەنیا لە دەرەوەی سێبەری چەک شیاو دەبێ، جا ئەو چەکە بەدەست هەر لایەنێکیانەوە بیت.

شکۆی چەکی گەریلا و شەڕی پارتیزانی لە مێژوودا، بابەتی شیعر، سینەما، ڕۆمان و نووسین بووە، بەڵام مەراسیمەکەی ئەمڕۆ نیشانی دا، شکۆی مرۆڤی شۆڕشگێڕ لە شكۆی چەک باڵاترە. ئەو شکۆیەیە کە پێویستی بە قسەی زیاترە. ئەم هەنگاوە زۆر لە قۆناغی شەڕی چەکداریی قوورسترە و پێویستی بە تێکۆشانێکی هەمەلایەنەیە، بەڵام بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا. لە وتارێکی تر باسی سەختییەکانی تێکۆشانەکە و هەنگاوە پێویستەکان دەکەم.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.