گۆشەی ئازد

شایەتحاڵییەک لە سلێمانی

ئەم چالاکییە دەبێتە ڕەشەبایەک؛ لە قەندیلەوە بەرەو باشووری کوردستان و لەوێشەوە ڕێگا بۆ چارەسەریی چوار پارچە دەکاتەوە.

ئەرکان گوڵباخچە – سلێمانی

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی

 

 

ئێوارەیەکی درەنگ، بەرەو فڕۆکەخانەی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بەڕێ دەکەوم. ئەم ڕێگایەی کە درێژ دەبێتەوە بۆ شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، واتایەکی زۆر قووڵی هەیە. من بەرەو قۆناغێکی مێژوویی بەڕێ دەکەوم و لە ماوەیەکی کورتدا، ئەو جوگرافیایەی بەناویدا تێپەڕ دەبم، واتایەکی بێوێنە بەدەست دەهێنێت. ئەم گەشتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکە، شایەتحاڵییەکە و ئەرکێکی شکۆمەندانەیە. لەبەر ئەوە، هەستی پەرۆشی، شانازی و خۆشی تێکەڵاوی یەک بوون.

بۆ یەکەم جارە دەچمە باشووری کوردستان؛ دەگەمە ئەو خاکەی بە درێژاییی ژیانم بە سەرسوڕمانەوە چاودێریم کردووە و ڕێزێکی قووڵی لە دڵمدا بۆی دروست بووە؛ خاکی خەباتی ئازادیی کوردستان کە سەرچاوەی هیوا و بەرخودانی گەلی کورد بووە. بە شانازی و پەرۆشییەوە لە هەمان کەشی ئەو مرۆڤانەدا هەناسە دەدەم. ئەم ڕێگایە تەنها گەشتێکی جوگرافی نییە، بەڵکو پەڕینەوەیە لە سنوورێکی هزری و سیاسی کە ڕابردوو، یادەوەری و ئەمڕۆی تێدا تێکەڵ دەبن.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، چەندین جار کەلوپەلەکانم پشکنیوە و بۆ کۆتا جار چاوم پێیاندا خشاندووەتەوە. کامێرا، کۆمپیوتەر و هەموو کەلوپەلەکانی ترم ئامادەن. هەریەکەیان لەم گەشتەدا هاوڕێم دەبن؛ کامێراکەم بۆ چەسپاندنی ئەو دیمەنانەیە کە دەیانبینم، کۆمپیوتەرەکەشم یارمەتیدەرم دەبێت لە نووسینی شایەتییەکانم و گەیاندنیان بە ڕای گشتی. لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەم دوو ئامرازە وەک بەشێکی جیانەکراوەی من بوون؛ باشترین هەڤاڵ، نهێنیپارێز و هاوڕێم بوون.

کاتێک فڕۆکەکە هەڵفڕی، هەستمان کرد هێڵێکی بێگەڕانەوەمان بەزاند. کە لووتی فڕۆکەکە بەرەو باشوور وەرگەڕا، بینایی ڕێکوپێکی شارەکانی ئەڵمانیا و بەندەری پارێزراوی ئەورووپامان بەجێ هێشت. ئێستا ئاراستەمان بەرەو جوگرافیایەکە کە لانکەی خەباتی گەلێکە بۆ زیاتر لە سەدەیەک؛ جوگرافیای شەڕ و داوای ئاشتییە. دوای گەشتێکی ١٠ کاتژمێری و چەند ترانزێتێک، دەگەینە سلێمانی.

 

یەکەم هەنگاو لە سلێمانی

بەرەبەیانی کاتژمێر پێنج گەیشتینە فڕۆکەخانەی سلێمانی. کاتێک لە فڕۆکەکە دابەزیم و هەنگاوم نا بەرەو دەروازەکە، هەوایەکی گەرم بەر ڕوخسارم کەوت و لە ناخەوە هەستم بە قورسییەکەی کرد. ئەمە تەنها گەرمای سووتێنەری تەممووز نییە، بەڵکو گەرمیی شایەتحاڵیی قۆناغێکی مێژوویی و کاروانە تەواونەکراوەکەی شەهیدانمانە. ئەمە تەنها بەیەکگەیشتنەوە نییە، بەڵکو شایەتیدانی دەروازەیەکی مێژووییم. هەستێکە کە بە ئاسانی گوزارشتی لێ ناکرێت، دەبێت تێیدا بژیت.

شوێنی مانەوەمان زۆر دوور نییە. بە ڕێگایەکی پانی قیرتاوکراودا بەرەو پێش دەڕۆین. لە کاتی تێپەڕینمان بەسەر ئەو تەپۆڵکانەی کە بۆ کەمکردنەوەی خێراییی ئۆتۆمبێل دروست کراون، چاوم بە بیناکانی شارەکە دەکەوێت و بۆ یەکەم جار سەرنجی پێکهاتەی ئەو شارە دەدەم کە بۆی هاتووم. لە ماوەیەکی کورتدا دەگەینە ئەو ماڵەی تێیدا دەمێنینەوە.

 

بارگرانیی بێدەنگی

لەبەر هۆکاری ئەمنی، گەڕان بەنێو شاردا بە گونجاو نازانرێت، بۆیە سەرنجێکی زۆرم لەسەر ژیانی شار نییە. لەو کاتە کەمەی دەچمە دەرەوە، لە هەر شەقام و دیوارێک کە بەلایدا تێپەڕ دەبم، شوێنەوار و چیرۆکێک دەبینم. لە گۆشەی دیوارێکدا دروشمێک، لە یەکێکی تردا وێنەیەک کە هەوڵی سڕینەوەی دراوە. لە پەنجەرەی ئاژانسەکەوە کە لە نهۆمی دوازدەمەوە دەڕوانمە خوارەوە، دروشمەکانی “بژی کوردستان، بژی پەکەکە” لەسەر کەپرێکی ئاسنین سڵاومان لێ دەکەن. ئەم شارە، شاری لەبیرنەکراوان و لەبیرنەکەرانە؛ شارێکە کە چەندین ساڵە شانی داوەتە بەر ئامانج، خەون، خەم و بەرخودان. چونکە ئەم خاکە تەنها جوگرافیایەک نییە، بەڵکو شوێنێکە کە یادەوەریی مێژوویی گەلی کورد تێیدا تێکەڵ بووە و تێکۆشان تێیدا هۆنراوەتەوە.

لە سلێمانی، باری خەمێکیش هەیە، چونکە پاکترین فریشتەکانی ئازادیی جیهان لێرە کوژراون. لە کاتی دانیشتن لەگەڵ هاوڕێیان، قسەمان دەکەوێتە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا. هەڤاڵێک دەڵێت: “ئێستا نەک تەنها گوندەکان، بەڵکو ناوەندی شارەکانیش ئامانجن.” گولستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لە ناوچەی سەنگاو بە هێرشی ئاسمانیی تورکیا شەهید کران؛ ناگیهان ئاکارسەل کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە بەردەم ماڵەکەیدا تیرۆر کرا؛ عەزیز کۆیلوئۆغڵو کە لەم دواییەدا لە ڕانیە شەهید کرا، خوێنیان هێشتا وەک پەڵەیەکی ڕەش بەسەر ئەم زەوییەوە ماوەتەوە. ئەم لەدەستدانانە بەڕوونی نیشانی دەدەن کە لەم خاکەدا بوون بە ڕۆژنامەنووس تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو پرسێکی قوربانیدانە.

 

بیرەوەریی شارێک

هەر ڕێگایەک کە دەچێتەوە سەر سلێمانی، مێژوویەکی هەیە؛ هەندێکیان شیعرن، هەندێکیان سەرگوزەشتەن و هەندێکی تریش هەڵگری بەیەکگەیشتنەوەن. ڕێگاکەی من بەدوای ئەو ڕستەیەدا بوو کە ماوەیەکی زۆر بوو هەوڵم دەدا گوێم لێ بێت. مەبەستم تێپەڕین بوو بەنێو گۆرانیی بێدەنگی گەلێکدا. لە قۆناغە مێژووییەکانی گەلاندا، خاڵی شکان یان گۆڕانکاری هەن و گەلی کوردیش خاوەنی چەندین خاڵی لەو جۆرەیە. منیش بۆ شایەتیدانی یەکێک لە کاتە گرنگەکانی گۆڕینی مێژووی بەرخودانی کورد، لە ڕێگادا بووم.

سلێمانی بۆ بزووتنەوەی ئازادیی کورد تەنها شارێک نییە، هاوکات دەروازەیەکە. شاخەکانی کە درێژ دەبنەوە بۆ قەندیل، سەرەتای ئەو ڕێگایانەی دەچنە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، چوارڕێی بازرگانی. هەندێک جار، جێی پشووە و هەندێ جاریش جێی ماڵئاوایی. لێرەبوون تەنها پەیوەست نییە بە شوێنەوە، بەڵکو هەڵگری سنوورێکی مێژوویی و هەستیارییە. لە قووڵاییی دڵمەوە هەست بەوانە دەکەم کە ئەم ڕێگایانە بەکاردەهێنن، هەرچەندە نایانبینم. بە دەیان هەزار قارەمان کە دڵسۆزی ئازادین، لەم خاکەوە تێپەڕیون؛ بوونەتە ڕەشەبا و چوونەتە قەندیل، لەوێشەوە بۆ چوار پارچەی کوردستان.

 

ڕەشەبا و ئازاری چاوەڕوانی

گەیشتن بە باشووری کوردستان، لە واتای ڕۆژنامەوانییەکەیدا، سەرەتای ئەرکێک بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکی کەسی و مێژوویی بوو؛ هەستکردن بوو بە بەرپرسیارێتیی قورسی گەیاندنی ئەوەی دەیبینم بە ڕای گشتی. بیرم لە باشترین شێوازی جێبەجێکردنی ئەرکەکەم دەکردەوە، چونکە من تەنها وەک چاودێر و ڕۆژنامەنووس نەهاتبوومە ئێرە، بەڵکو وەک شایەتحاڵێک. وەک کەسێک کە دەرفەتی شایەتیدانی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکانی هەیە لەنێو خودی پڕۆسەکەوە. ئەمە بەڵێن و بەرپرسیارێتییەکە کە بە کەم سەیر ناکرێت.

لە ڕاستیدا، بە هەموو کەسێکی دەوروبەرمم نەگوتبوو کە بۆچی هاتوومەتە ئێرە. زانیاریی ڕوونم سەبارەت بە ناوەڕۆکەکە نەبوو، تەنها بیرۆکەیەکی گشتیم هەبوو، بەڵام دەمزانی کە ئەم گەشتە دەبێتە شایەتحاڵییەکی لەبیرنەکراو. ئەم شایەتحاڵییەش تەنها هیی من نابێت، بەڵکو لە یادەوەریی گەلەکەشمدا دەمێنێتەوە.

لە ڕۆژی سێیەمی گەیشتنم بە سلێمانی، لەگەڵ هاوڕێیەک کە دڵی بۆ خەباتی ئازادی لێ دەدات و وەک ئەوەی لەگەڵ ئازادیدا هاوسەرگیریی کردبێت، بە هێواشی لە شوێنی مانەوەمانەوە بەرەو ئاژانسی ڕۆژنیوز دەڕۆیشتین. ئاسمان بەهۆی تۆزەوە دیار نییە. سێ ڕۆژە لە سلێمانیم و هیچ کات ئاسمانی کراوەم نەبینیوە. هەڤاڵان دەڵێن کاتێک تۆزەکە دەڕەوێتەوە، شاخەکان دەردەکەون و سلێمانی شارێکی شاخاوییە. لە کاتی ڕۆیشتن، بایەکی گەرم بەر دەموچاوم دەکەوێت. لە شوێنێکی وا گەرم، بایەکی وا بەهێز! سەبارەت بە بایەکە لە هاوڕێکەم دەپرسم: “ئایا با هەمیشە ئاوا بەهێزە؟ ” دەڵێت: “دەزانیت، بای سلێمانی زۆر بەناوبانگە؛ پێی دەگوترێت ڕەشەبا.” بای ڕەش، هەوای ڕەش. وشەیەکی کوردیی نوێ لە یادەوەریمدا زیاد دەبێت: ڕەشەبا.

بیرم دەکەوێتەوە کە لە مەراسیمێکی سووتاندنی چەکداین کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لەلایەن گرووپێکی گەریلاوە ئەنجام بدرێت. ئەم چالاکییە دەبێتە ڕەشەبایەک؛ لە قەندیلەوە بەرەو باشووری کوردستان و لەوێشەوە ڕێگا بۆ چارەسەریی چوار پارچە دەکاتەوە. ڕۆژی هەینی لە قەندیل ڕەشەبا هەڵدەکات؛ وەک بایەکی گەرم بەر دڵی گەلی کورد دەکەوێت کە ساڵانێکە لە ژان و تووڕەییدا ژیاوە.

 

یادەوەریی ئاشتی: کەرامەت و لێبووردن

ژیانی گەلی کورد بە درێژاییی مێژوو بەنێو جەنگ، دوورخستنەوە، یاخیبوون و خەمدا تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ. بەڵام ئەم مێژووە تەنها ژان و تووڕەیی کۆ نەکردووەتەوە، بەڵکو سەرەڕای هەموو ئازارەکانی، کولتوورێکی قووڵی ئاشتیشی پەروەردە کردووە. لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتیی کوردا هەمیشە هیوایەک هەیە: ئەو دەستەی بۆ چەک درێژ دەبێت، ڕۆژێک دەگەڕێتەوە؛ شاخ ڕۆژێک بێدەنگ دەبێت؛ لە کۆتاییی هەموو یاخیبوونەکاندا مێزێک، گفتوگۆیەک و ڕووبەڕووبوونەوەیەک هەیە.

لەبەر ئەوەیە، ئامادەکاریی بزووتنەوەکە بۆ سووتاندنی سیمبۆلیی چەک تەنها هەنگاوێکی ستراتیژی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی کولتووری و نەریتیشە. ئەمە پاشەکشە نییە، بەڵکو گواستنەوەیەکی شکۆمەندانەیە بۆ ڕێزگرتن لە یادەوەریی گەل، کە بە سەربەرزییەوە ئەنجام دەدرێت.

چەک تەنها ئامرازی جەنگ نییە؛ هێمای شکۆمەندی، پاراستن و بەرگریشە. چەک تەنها لە کاتی پێویستدا هەڵدەگیرێت و دانانی، نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو چاکەیە. بۆیە دانانی چەک شکست نییە، بەڵکو شاندایە بەر بەرپرسیارێتیی جۆرێکی نوێی خەبات: بونیادنانی ئاشتی.

 

بانگەوازی ئۆجالان و خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی

ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان، و بە شێوەیەکی ئاشکرا لەبەرچاوی ڕای گشتی، نیشانەی ئەوەیە کە پڕۆسەکە تاکتیکی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی مێژوویی و پڕەنسیپی هەیە. ئەمە گوزارشتە لە گۆڕانکارییەکی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی. لە کولتووری کوردا، “ڕووبەڕووبوونەوە” بنچینەی ئاشتی و لێبووردنە. ئەم هەنگاوەی پەکەکەش دەربڕینی ئەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەیە: “ئێمە بەڵێنەکەمان بەجێ هێنا و ئەرکەکەمان ئەنجام دا. ئێستا ئەم خەباتە دەگوازینەوە بۆ بوارێکی تر، بۆ گەلەکەمان.”

ئەم گوتەیە ماڵئاوایی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی گواستنەوەی شکۆمەندانەیە. لە قەندیل، بەر لە مەراسیمەکە، کاتژمێرەکانی پڕن لە ئارامی. ئەم مەراسیمە تەنها پەیامێکی سیاسی هەڵنەگرتووە، بەڵکو هەڵگری یادەوەرییەکە کە هەست بە هەموو هەنگاوەکانی دەکرێت. لە بناری جاسەنە، ئەو ئاگرەی کرایەوە، تەنها چەکەکانی نەسوتاند، بەڵکو باری چەندین ساڵەی لەو خاکەدا سووک کرد.

 

ڕێگا بەرەو ئاشتی

پلاندانانی ئەم پڕۆسە مێژووییە لە دەوروبەری سلێمانی و لە بناری چیای قەندیل، کارێکی هەڕەمەکی نییە. سلێمانی لە یادەوەریی گەلی کورددا هەمیشە هێمای ڕۆشنبیری و هەوڵی چارەسەری بووە. پێنووسی جگەرخوێن، شیعری شێرکۆ بێکەس و دروشمی “بەرخودان ژیانە”ی مەزلووم دۆغان لە زیندانی ئامەد، لەم خاکەدا بووژاونەتەوە. ئێستاش ئەم شایەتحاڵییانە لەگەڵ ڕەشەبای قەندیل و دەنگی دەشتدا یەک دەگرنەوە.

شایەتیدانی ئەم پڕۆسەیە، هەستی ئاڵۆز لە ناخمدا دەورووژێنێت: شانازی، خەم، هیوا، ماڵئاوایی… بەڵام بەهێزترین هەست، ڕێزە. ئەنجامدانی پڕۆسەکە لەبەردەم چاودێرانی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا، ئەو جددییەت و بەرپرسیارێتییە مێژووییە نیشان دەدات کە بەسەر ئەم هەنگاوەدا زاڵە.

ئیتر تێکۆشان تەنها لە لووتکەی چیاکاندا نییە، بەڵکو لە گۆڕەپانی دەشتەکاندایە؛ نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بە سیاسەت، یاسا و هێزی نوێنەرایەتی بەردەوام دەبێت. ئەم گۆڕانکارییە پێویستیی بە شاندانەبەر بەرپرسیارێتیی ئاشتی هەیە. سیاسەتیش زۆرجار زەمینەیەکی سەختتر، پشوودرێژتر و قورسترە. بۆیە ئەم گۆڕانکارییە، هەم دەستکەوتە و هەم تاقیکردنەوەیەکی قورسیشە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.