سێ سەرنج و نیو لەسەر شەهیدانی درۆن
لە کاتێکدا ٤٠ هەزار مەدەنیی مسوڵمانی برامان لە غەززە شەهید دەبن و لەبری ئەوەی ئەم مسوڵمانە تەمام عەیارە درۆنەکانی بنێریت بۆ تۆڵەکردنەوە لە زایۆنیزم، کەچی کەلوپەل بۆ بکوژەکانیان دەنێریت و درۆنەکانیشی بۆ ئارامترین زۆنەکانی دوونیا کە شارباژێڕ و پشدەرن ئاراستە دەکات و کاتێک ناتوانێت دەستی بە چنگ و بازووی پڵنگ و بەورەکان بگات، دەست دەکات بە کوشتنی بولبوول و قومرییەکان.

یاسین ئافتاو
یەکەم؛ بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان و بەتایبەت منداڵ و گەنجەکان لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە یەک مانای هەیە، تۆرانییزم و کەمالیزمی نوێ «کە دادوگەشەپێدانی جەبان و مسوڵمانکوژ نوێنەرایەتیی دەکات» لە شەڕی سەربازییدا دژی گەریلا و شەڕڤان، لە شەڕی سیاسییدا دژی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی باکوور و عەلمانیی توورکیا دۆڕاوە، بۆیە بەدکاریی و ڕووخسارە دزێوەکەی هێندەی تر زەق دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت (هێشتا پێی ماوە).
دادوگەشەپێدان؛ هێزێکی بێشەرەف و بێکەرامەتە، سەرۆکە فاشیستەکەی کە بە مامۆستا دینییەکەی خۆی دەڵێت (فەتۆ) و وەکو دڕندەیەکی لەئاژەڵنەچوو شوێنکەوتووانی تارومار کردووە، کەچی مینا دەرۆزەکەر و قەحپەیەک لە منداڵکوژێکی وەکو بەششار ئەسەد و لە لاقەکەری خوشکانی گۆڕەپانی ڕابیعە دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی لای لێ بکەنەوە و قاوەیەکی لەگەڵدا بخۆنەوە.
بێدوودڵیی و بە ڕەهایی دەڵێم؛ ئاردۆگان کۆپییەکی هەرە ڕەسەنی نەتەنیاهۆی برایەتیی، میراتگری ڕاستەقینەی سەددامە، سەرەنجامی ئەو سێ بکوژ و سایکۆپات و منداڵکوژەش هەر یەک دەرەنجامە، ئاردۆگان رێک وەکوو نەتەنیاهۆی منداڵکوژ و بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی بەردەمیدا نەدۆڕێت و ڕووبەڕووی دادگایی نەکرێتەوە؛ هەموو شتێک دەکات و وەکو ئەویش دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت و مزگەوت و قورئانی پیرۆزیش دەخاتە ژێر پێڵاوەکانیەوە.
دووەم؛ بەکارهێنانی درۆن دژی بێوەیترین مسوڵمانی دونیا کە کوردە، ڕۆشنترین بەڵگەی ئەوەیە کە حوکمی دینیی و بەتایبەتیی ئەوەی بەناوی ئیسلامەوە دەکرێت گەورەترین درۆی مێژووە، لە کاتێکدا ٤٠ هەزار مەدەنیی مسوڵمانی برامان لە غەززە شەهید دەبن و لەبری ئەوەی ئەم مسوڵمانە تەمام عەیارە درۆنەکانی بنێریت بۆ تۆڵەکردنەوە لە زایۆنیزم، کەچی کەلوپەل بۆ بکوژەکانیان دەنێریت و درۆنەکانیشی بۆ ئارامترین زۆنەکانی دوونیا کە شارباژێڕ و پشدەرن ئاراستە دەکات و کاتێک ناتوانێت دەستی بە چنگ و بازووی پڵنگ و بەورەکان بگات، دەست دەکات بە کوشتنی بولبوول و قومرییەکان، کەسێک مەگەر هەر دڵی کوێر بووبێتەوە، ئەگینا زۆر ڕوونە کە سیاسەتبازیی بە ناوی دین و بە تایبەتیی ئیسلامەوە ڕەشترین تاوانە، گەورەترین وەهمە، ڕوونترین هەڵەی هەموو سەردەمەکانە.
سەرنجی سێیەم؛ بۆ هاوڕێ و برا و خوشکە ئیسلامییەکانمە؛ بەڵێ ئاساییە و زۆریش ئاساییە کە بێدەنگن کاتێک درۆنی دۆست و برا دینییەکەتان شەڕڤان و گەریلا دەکوژێت (لای من شەهیدن بێ دوودڵیی)؛ ئەوانە خۆیان ئەو ڕێگەیەیان هەڵبژاردووە و کێشەمان نییە کاتێک ئێوە بێدەنگن، بەڵام ئەی کاتێک درۆنی ئەم هاوڕێ و برایەتان منداڵ و مرۆڤی بێوەی دەکوژێت بۆچی هەر بێدەنگن؟
ئێوە مرۆڤگەلی وەکو ئێمە بە پیاوی ئێران و ئیتڵاعات دەزانن، کەچی لەوەشدا هەر ئێمە بووین چووینە سەر جادە و شەقامەکان و دژی بۆمبارانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئامۆزای ئایدۆلۆژییتان ناڕەزایییمان دەربڕیی؛ بۆچی ئێوە هیچ ئازارێکی هاونەتەوەکانی خۆتان ناتانجووڵێنێت ئەگەر بکوژەکە برای دینیی یان ئایدۆلۆژییتان بێت؟؟!!! ئایا ئەمە تێگەیشتنەکەتانە لە ئیسلام و برایەتیی ئیسلامیی؟ ئەی مرۆڤبوونتان لە کوێیە؟ بۆچی کە منداڵێکی فەڵەستینیی بە دەستی زایۆنیستێک شەهید دەکرێت جەرگتان دەکوڵێت، بەڵام کاتێک برایەکی دینییتان لە سوودان یەک پۆل منداڵی مەسیحیی یان بتپەرست دەکوژێت بە بای خەیاڵتاندا نایەت؟!!! بۆ مەگەر بێتاوان هەر بێتاوان نییە؟ بۆ مەگەر هەموومان ئافەریدەی خودا نیین و هەناسەی ئەومان تێدا نییە؟ بۆچی بۆ کۆژانی برا مەزهەبییەکانتان لە کشمیر و هەرێمی ئیگۆر و بۆسنە شیوەن دەکەن، بەڵام هەر ئەوەندەی زانییتان خوێنە سوورەکە هی شیعەیەکی دوانزە ئیمامییە چاوی دڵ و ڕۆحتان دەنووقێنن و خەیاڵتان وەکو شووشەی پەنجەرە تەخت دەبێت؟
ئەو شەهیدانەی ئەمڕۆی شارباژێڕ و ئەوانەی دوێنێی خەلەکان، مسوڵمانن وەکو ئێوە، گیانەکەم مسوڵمان نیین و گریمان هەر ڕۆحلەبەرێکی ئاسایین و مرۆڤیش نیین، ئایا دەکرێت مسوڵمانێکی دۆست و براتان لە بەرزایی ئاسمانەوە بە مووشەک هەپروون بە هەپروونیان کات؟؟ ئێوە دەڵێن ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و چین و ڕووسیا کافر و بێبەزەیین (کە بێگومان وایە و ڕاستە) بەس نموونە جوانەکەی ئێوەش توورکیایە؟ مژدەی ئێوە بۆ مرۆڤایەتیی دەوڵەتێکی فاشیست و منداڵکوژ و دووڕووی وەکو ئەوەی ئاردۆگانە؟!
نیوسەرنجەکەش بۆ هاوڕێیانی پارتییە؛ ئایا لای ئێوە منداڵی شارباژێڕ و پشدەر کورد نیین؟ کوردبوون لای ئێوە یەکسانە بە پارتییبوون و بارزانییبوون؟ تەنیا دەپرسم و هیچ حوکمێکی پێشوەختەم نییە دڵنیا بن. بەڵام بێدەنگبوونتان لە ئاست ئەو مەدەنییانە دەمخاتە گومانێکی قوڵەوە لە پێوەرەکانتان بۆ کورد و کوردبوون.