گۆشەی ئازد

سۆسیالیزم لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە

ئازادی تەنها لەڕێی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە نایەتەدی. سەرباری گۆڕانی دەسەڵاتی چینایەتی، کەچی پەیوەندییەکانی هەژموون و باڵادەستی بە فۆرمی جیاواز درێژە بە خۆیان دەدەن؛ مادام وایە، پرسی ئازادی، پێویستی بە پشکنینی تیۆریی قووڵترە.

پرسی ئازادیی کۆمەڵایەتی، سەرەکیترین و کێشەدارترین تەوەری بیری سیاسیی مۆدێرنە. بەتایبەت لەنێو نەریتی مارکسیستیدا، ئازادیی کۆمەڵایەتی گرێدراوە بە گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و لەناوبردنی هەژموون و باڵادەستیی چینایەتییەوە. هەرچەند ئەم ڕوانگەیە چوارچێوەیەکی تیۆریی تۆکمەی ڕەخساندووە بۆ بونیادی چەوسانەوەی سەرمایەداری، بەڵام ئەزموونە مێژووییەکان نیشانی دەدەن کە ئازادی تەنها لەڕێی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە نایەتەدی.

سەرباری گۆڕانی دەسەڵاتی چینایەتی، کەچی پەیوەندییەکانی هەژموون و باڵادەستی بە فۆرمی جیاواز درێژە بە خۆیان دەدەن؛ مادام وایە، پرسی ئازادی، پێویستی بە پشکنینی تیۆریی قووڵترە.

هەڵبەتە، پێویستە هاوشانی پەیوەندیی لەگەڵ بوون و شێوازی تێگەیشتنی کۆمەڵگە لە خۆی، بڕوانینە ئازادیی کۆمەڵایەتی. بە مانایەکی تر، ئازادیی دەسکەوتێکی سیاسیی نییە کە دواتر بکەوێتە چنگمان، بەڵکوو پرۆسەیەکە لە میانی گریمانە ئۆنتۆلۆژییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فۆرمەکانی چالاکیی پراکتیکییدا شێوەدەگرێت. هەرکات وەک جەوهەری نەگۆڕ بڕوانرێتە مرۆڤ و کۆمەڵگە، بەشێوەیەکی حەتمی ئازادیی سنووردار دەبێت؛ بەپێچەوانەوە، ئەو ڕوانگانەی وەک پرۆسە و پەیوەندیی و سەیروورەی [بوون‌بە] مێژوویی دەڕواننە بوون، هەلومەرجە ماددیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئازادیی فراوانتر دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ سۆسیالیزم وەک بەکۆمەڵایەتیکردنەوە دەبینێت، ئەمە هەرگیز مانای ڕەتکردنەوەی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی کلاسیک نییە. ڕێک بەپێچەوانەوە، گەرەکە وەک هەوڵێک ببینین بۆ پەرەپێدانی ماتریاڵیزمی دیالەکتیک لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی لەنێو ئەزموونی مێژووییدا یەخەیان گرتووە. مامەڵەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئۆنتۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و سۆسیالیزم، وەک ناچاریی بەیەکداچوو، ڕێخۆشکەرە بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ئازادی وەک پرسی بوونێکی کۆمەڵایەتیی دابڕاو لە مەسەلەی گۆڕینی دەسەڵات.

دەتوانین وەها پرسیارەکە دابڕێژینەوە: ئایا ئازادیی کۆمەڵایەتی تەنها لەڕێی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە دێتەدی، یان چەمکی بوون و ئۆنتۆلۆژیای کۆمەڵایەتی توخمێکی بنیاتنەری ئەم پرۆسەیەن؟ لەم پرسیارەوە، خاڵە بەهێزەکانی ڕوانگەی مارکسیزمی کلاسیکی بۆ ئازادی دەبینین، هاوکات بەر بنبەستە تیۆریی و پراکتیکییەکانی دەکەوین کە بەرئەنجامی پشتگوێخستنی ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژییەکانە.

لەم وتارەدا، سەرەتا ڕوانگەی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی بۆ پرسی ئازادی دەپشکنین، لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی لە میانی پراکتیکی مێژووییدا هاتوونەتە بەردەمی. پاشان، دێینە سەر باسی پەیوەندیی نێوان پرسی ئۆنتۆلۆژیا و ئازادی. ئینجا کاریگەرییە یەکلاکەرەوەکانی شێوازی بوونی تاک و کۆمەڵگە لەسەر پراکتیکی سیاسی هەڵدەسەنگێنین.

لەم بەشانەی خوارەوەدا، لەچوارچێوەیەکی سۆسیۆلۆژییدا، سەرنج دەخەینە سەر پێویستی فراوانکردنی ڕاڤە چینایەتییەکان، هەروها ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی سۆسیالیزم لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی دەکرێتە چەقی ئەم باسوخواسە تیۆرییە. ئەم توێژینەوەیە بەوە دەگاتە ئەنجام کە چۆن دەکرێت ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی بگوازرێتەوە بۆ چوارچێوەیەکی مێژوویی بەرفراوانتر لەڕێی سەربارکردنی ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە.

ماتریاڵیزمی دیالەکەتیکی کلاسیک و پرسی ئازادی

ماتریاڵیزمی دیالەکتیک یەکێکە لە چوارچێوە تیۆرییە تۆکمەکانی ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن. مارکس و ئەنگڵس، لەسەر بناغەی پەیوەندییە مادییەکانی بەرهەمهێنان لە مێژوویان دەڕوانی؛ هەروەها ململانێی چینایەتییان بە داینەمۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەبینی. ئەم ڕوانگەیە، ئازادی وەک کاتیگۆرییەکی ئەخلاقی و یاسایی نەدەبینی، بەڵکوو گۆڕی بۆ کێشەیەکی مێژوویی کە گرێدراوە بە گۆڕینی هەلومەرجی ماددییەوە. بەتایبەت، سرووشتە چەوسێنەر و ڕەنج‌خۆرەکەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بە شاهۆکاری سنووردارکردنی سیستەماتیکییانەی ئازادی دەبینرێت.

بەلای مارکسیزمی کلاسیکەوە، ئازادی بەرئەنجامی لەناوبردنی خاوەندارێتیی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و کۆتاییهێنانە بە هەژموون و باڵادەستیی چینایەتی. لەم سیاقەدا، دەوڵەت وەک دەزگایەکی سەرکوتکەری چینی باڵادەست دەبینرێت کە بە نەمانی چینەکان ئەویش دەپووکێتەوە. لەم نەخشەڕێیەدا، ئازادی وەک هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی دەبینرێت کە پاش بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی شێوازەکانی بەرهەمهێنان دێتەدی.

هەرچەندە ئەم ڕوانگەیە لەڕووی تیۆرییەوە یەکانگیر دیارە، بەڵام ئەزموونە مێژووییەکان ئاستەنگ و سنووردارییەکانیان نیشاندا. ئەزموونە سۆسیالیستییەکانی سەدەی بیستەم لە جوگرافیا جیاجیاکانی جیهان، ئەوەی سەلماند، سەرەڕای گۆڕینی ڕادیکاڵی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، بە هیچ جۆرێک ئازادی خۆبەخۆ نەهاتەگۆڕێ. نەک هەر نەپووکایەوە، بگرە دەوڵەت ئەوەندەی تر گۆڕا بۆ دەزگایەکی ناوەندی و دەستێوەردەر، بە فۆرمی جیاواز زاڵبوون بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییدا بەرهەمهاتەوە. بەم پێیە، دەردەکەوێت کە ئازادی بۆ گۆڕینی ژێرخانە ئابوورییەکان کورت‌ناکرێتەوە.

لەم ڕووەوە، ڕوانگەی ماتریاڵیزمی دیالەکتیک بۆ ئازادی، ڕووبەڕووی کێشەی بنەڕەتی دەبێتەوە. یەکەم، زۆرجار ئازادی دەبێتە ئامانجێکی دواخراو بۆ ئاییندە. ڕەفتارە دەسەڵاتخوازییەکان وەک ناچارییەکی کاتیی ڕەوایەتییان پێ دەدرێت، ئازادی دوادەخرێت بۆ قۆناغی پاش-شۆڕش.

دووەم، سوبێکتی مرۆیی زۆرجار لەڕێی پێگە چینایەتییەکەیانەوە پێناسەدەکرێت، کەچی ڕەفتاری ڕۆژانە و پەیوەندییە کەلتوورییەکان و سیستەمە ڕەگەزییەکان و کارکردە بچووکەکانی دەسەڵات، وەک شتانێکی لاوەکی دەبینرێن. بەمەش ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە چۆن هەژموون خۆی دەخزێنێتە نێو سەرتاپای تەونی کۆمەڵایەتییەوە.

دەبێت بزانرێت، ئەمانە دەرئەنجامی ناچاریی تیۆری مارکس نین. بەپێی ڕوانگە سەرەتاییەکانی مارکس دەربارەی پراکسیس، مرۆڤەکان تەنها بەرئەنجامی هەلومەرجە مادییەکان نین، بەڵکوو خۆیان و ئەم هەلومەرجانە پێکەوە دەگۆڕن. هاوکات، لە زۆربەی نەریتە مارکسیستییەکاندا، ئەم ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژییە پشتگوێخراوە و جەخت لە حەتمییەتی مێژوویی کراوەتەوە. دیالەکتیک زۆرجار لەنێو پانتایی بەرهەمهێناندا سنووردارکراوە، ئازادی وەک پرسێک نەبینراوە کە سەرتاپای بوونی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە.

لێرەوە، بنبەستی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی کلاسیک پەیوەست بە پرسی ئازادی، بەرئەنجامی پشتگوێخستنی بونیادی ماددیی نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی پێناسەیەکی تەنگ و بەرتەسکە بۆ ماددە. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان یەکلاکەرەوەن، بەڵام پرسی ئازادی بە ناتەواویی دەمێنێتەوە، ئەگەر ڕاڤەیەکی پێویست نەکرێت بۆ چۆنێتی بەرهەمهێنانەوەی ئەم پەیوەندییانە لەڕێگەی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ بوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کردە ڕۆژانەییەکان. ئەمەش پێویستی بە فراوانکردنی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکە بەجۆرێک ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکانیش بگرێتەخۆ.

کێشەی ئۆنتۆلۆژی: پەیوەندیی نێوان تێگەیشتن لە بوون و ئازادی

یەک لە کێشە سەرەکییەکانی تیۆری کۆمەڵایەتیی مۆدێرن، کورتکردنەوەی پرسی ئازادییە بۆ ئاستی سیاسی و ئابووریی. ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی کلاسیک، لەڕێی بەبنەماگرتنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە شیکردنەوەیەکی مێژوویی تۆکمە دەخاتەڕوو؛ کەچی زۆرجار پەیوەندییە قووڵەکانی مرۆڤ لەگەڵ جیهاندا دەخاتەلاوە. لەم خاڵەدا، ئۆنتۆلۆژی وەک پرسی بوون، وەک پانتاییەکی یەکلاکەرەوە دێتەپێش بۆ تێگەیشتن لەو زەمینەیەی کە ئازادی مومکین دەکات.

ئۆنتۆلۆژی پرسیارە دەربارەی چۆنێتیی بوونی مرۆڤ لە جیهاندا. مرۆڤ تەنها بوونێکی بەرهەمهێن و کارکەر نییە، تەنها لەڕێی پێگە چینایەتییەکەیەوە پێناسە ناکرێت. بەڵکوو خاوەنی بوونێکە کە مانا دادەتاشێت، پەرە بە پەیوەندییەکان دەدات، خۆی و ژینگەکەی شرۆڤەدەکات.  لەم ڕووەوە، ئۆنتۆلۆژیا ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەنها بونیادی دەرەکی نین، بەڵکوو مرۆڤەکان ئەم بونیادانە ناونشین دەکەن و بەرهەمیان دەهێننەوە. بەبێ گۆڕانکاری لە تێگەیشتن دەربارەی بوون، زەحمەتە ئازادیی کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت.

لێرەیا، ڕەخنەی سەرەکیی هایدگەر لە فەلسەفەی مۆدێرن دێتەپێش؛ بەلای هایدگەرەوە، بیری مۆدێرن بوون دەهێنێتە ئاستی ئۆبێکت، ئۆبێکتێک کە شیاوی پێواندن و ژماردن و کۆنتڕۆڵکردنە. ئەم تێگەیشتنە، پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جیهاندا کورتدەکاتەوە بۆ ئاستێکی تەکنیکی و ئامرازیی. بوون چیتر پرۆسەیەکی ژیانکردن و هاوبەشکردن نییە، بەڵکوو دەبێتە پانتاییەک بۆ بەڕێوەبردن و جڵەوکردن. ئەم تێگەیشتنە لە بوون، دەبێتە پاساوی ڕەوایەتیدان بە باڵادەستی و زۆرداری، لە ئاوارتەوە دەیگۆڕێت بۆ یاسا.

ئەم بەرتەسککردنەوە ئۆنتۆلۆژییە تەنها تایبەت نییە بە سەمایەداری، لە ئەزموونەکانی سۆسیالیزمی دەوڵەتیشدا، هەمان کێشە هەن. تەنانەت وەختێک خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەگەڕێنرێتەوە بۆ جەماوەر، هێشتا هەبوونی مرۆڤ لەڕێی پلانسازیی ناوەندیی و نوێنەرایەتی و میکانیزمەکانی دیسپلینەوە پێناسەدەکرێت.  ئازادی دەبێتە ئامانجێکی سەرەوخوار [لە سەرەوە بۆ خوارەوە]، نەوەک پەیوەندییەک کە بەردەوام لەمیانی چالاکیی کۆمەڵایەتییدا بەرهەم دێتەوە. ئەمەش پانتایەکی نوێی ململانێ لەنێوان ئازادیخوازیی و دەسەڵاتدا دەکاتەوە.

لەم خاڵەدا، بەپێی ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ، ئۆنتۆلۆژیا چەقی تیۆری سیاسییە. بەنیسبەت ڕێبەر ئاپۆوە، کێشەکە تەنها پەیوەندیی خاوەندارێتی یان ناکۆکی چینایەتی نییە؛ بەڵکوو ئەوەی گرنگە چۆنێتی تێگەیشتنی مرۆڤە لە خۆی و کۆمەڵگەکەی. ئەو دەمەی بوون وەک کۆی پەیوەندییەکان و حاڵەتی سەیروورەیەکی بەردەوام دەبینرێت، چیتر ئازادیش وەک ڕەوشێکی نەگۆڕ و وەستاو نامێنێت، دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەک کە لەنێو ژیانی ڕۆژانەدا دەچەسپێت و هەڵدەوەشێنرێتەوە و سەرلەنوێ بنیاتدەنرێتەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، ئازادی لە بەڵێنێکی دواخراو بۆ ئایندەوە دەگۆڕێت بۆ بەرپرسیارێتییەک لە ئێستادا.

هاوکاات ئەم چوارچێوە ئۆنتۆلۆژییە پەیوەندییەکی مەودادار دەپارێزێت لەگەڵ شێوازەکانی بوون لەسەر بنەمای ناسنامە و نەتەوە. ناسنامە جێگیرەکان و جەوهەرە نەگۆڕەکان و گێڕانەوە مێژووییە تاکلایەنەکان، بوون وەک بونیادێکی ڕەقهەڵاتوو دەبینن. بەڵام بەپێی تێگەیشتنێکی پەیوەندیداری ئۆنتۆلۆژیی لە بوون، گەرەکە مرۆڤەکان لەڕێی پەیوەندییانەوە لەگەڵ ئەوانیتر پێناسەی خۆیان بکەن. لێرەوە، چیتر ئازادیی موڵکێکی تایبەت یان کۆڵەکتیڤ نییە، پرۆسەیەکی بەردەوامی بەرهەمهێنانەوەیە لەنێو ژیانی هاوبەشدا.

گەر لەم گۆشەنیگایەوە بڕوانین، هیچ پەیوەندییەکی هیرارشی لەنێوان ئۆنتۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و سۆسیالیزمدا نییە.

ئۆنتۆلۆژیا زەمینەیەک بۆ شیکردنەوەی سۆسیۆلۆژیی دەڕەخسێنێت.

سۆسیۆلۆژیا شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکانی گریمانە ئۆنتۆلۆژییەکان ڕووندەکاتەوە.

لای خۆیەوە، سۆسیالیزم ڕێگەیەکی پراکتیکی پێشکەش دەکات بۆ ئاراستەکردنی هەردووکیان بەرەو ئازادی.

هەرکات ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژییەکان پشتگوێ دەخرێن، سۆسیالیزم کورت‌دەبێتەوە بۆ مۆدێلێکی بەڕێوەبردنی سادە و ساکار.

ڕێبەر ئاپۆ هەموو هەوڵێکی بۆ ڕێگرییە لەم کورت‌کردنەوەیەی سۆسیالیزم.

کێشەی سۆسیۆلۆژی: سنوورەکانی چین و شێوە هەمەجۆرەکانی هەژموونی کۆمەڵایەتی

سۆسیۆلۆژیای مارکسیستیی کلاسیک، لەسەر بنەمای پەیوەندیی چینایەتی کۆمەڵگە شرۆڤە دەکات. پەیوەندییەکان بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە؛ پێگەی کۆمەڵایەتیی تاک دەستنیشان دەکات؛ هەروەتر سیاسەت و یاسا و ئایدۆلۆژیا لەسەر بنەمای ئەم زەمینە مادییە شێوەدەگرن. ئەم ڕوانگەیە زۆر گرنگە بۆ دەرخستنی نایەکسانییە بونیادییەکانی نێو کۆمەڵگەی سەرمایەداری. بەڵام تاڕادەیەک دەسکورتە لە شرۆڤەکردنی هەموو فۆرمەکانی هەژموونی کۆمەڵایەتی.

هەرچەندە یەکانگیرییەکەی جارانیشی لەدەستداوە، بەڵام چین و شیکاریی چینایەتی هێشتا گرنگ بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی کارکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک لەسەر ئاستی مێژوویی و ئەنترۆپۆلۆژیی هەڵدەسەنگێنرێت، بەڵام ناتوانێت شرۆڤەیەکی گشتگیر بۆ تەواوی کۆمەڵگە بخاتە بەردەست. زانراوە کە هیرارشییەت و نایەکسانی ڕەگەزیی و فۆرمەکانی هەژموونی ئایینی و کەلتووریی، تەنانەت لە کۆمەڵگە پێش-دەوڵەتی و نیمچە-دەوڵەتییەکانیشدا هەبوون. بەم پێیە، هەژموون و باڵادەستی تەنها لە پەیوەندیی چینایەتییەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو گرێدراوە بە فۆرمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆنتر و قووڵترەوە.

دەستوەردانە سۆسیۆلۆژییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، لێرەدا مانا وەردەگرێت.

بەنیسبەت ڕێبەر ئاپۆوە، چین فۆرمێکی گرنگیی هەژموونی کۆمەڵایەتییە، بەڵام تاکە فۆرمی بنەڕەتی و سەرەکی نییە. ئەو دابڕانەی لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانییەتی دەوڵەتدا تووشی کۆمەڵگە بوو، بەتەنها گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی نییە. بەڵکوو دابڕانێکی زەینی و ڕێکخستنی و کەلتوورییشە. پیاوسالاری، دەسەڵاتی هیرارشی و دەسەڵاتی نوێنەرایەتی و ناوەندگەرایی، پێش دەرکەوتنی چینایەتی شێوەی گرت، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی چینایەتییدا قووڵتر بووییەوە.

لەم ڕوانگەیەدا، چیتر سۆسیۆلۆژیا تەنها ڕووبەرێکی بەرتەسکی شرۆڤەی ئابووریی نییە. کۆمەڵگە وەک بەرئەنجامی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بونیادێکی زیندوو دەبینرێت کە لەڕێی بەهاکان و نۆرمەکان و خوو و نەریت و چالاکییە ڕۆژانەییەکانەوە بنیاتدەنرێت. نابێت هەژموون تەنها لەنێو کارگەکان و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتییدا ببینرێت، بەڵکوو لەنێو خێزان و زمان و پەروەردە و سیاسەتی نوێنەرایەتییشدا بەرهەمدێتەوە. بۆیە ناکرێت تێکۆشان بۆ ئازادی تەنها لە ململانێی چینایەتییدا قەتیس بکرێت.

لە نەریتی مارکسیستیدا، هەوڵی جۆراوجۆر هەن بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلینە. چەمکی هەژموون لای گرامشی، شیکارییەکەی ئاڵتۆسێر بۆ دەزگا ئایدۆلۆژییەکان، دواتریش ڕوانگە مارکیسیستییە کەلتوورییەکان، هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ دوورکەوتنەوە لەم کورتکردنەوەیە بۆ ململانێی چینایەتی. بەڵام زۆرجار ئەم بەشدارییانە سنوورداربوون لە ڕەخنەگرتن لە مۆدێلی دەوڵەت و پارتی ناوەندیی. هەمدیسان، گۆڕانی کۆمەڵایەتی وەک پرۆسەیەکی سەرەوخوار [لە سەرەوە بۆ خوارەوە] نیشاندرا.

چوارچێوە سۆسیۆلۆژییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، دیسانەوە کۆمەڵگە دەخاتەوە چەقی باسوخواسەکان. کۆمەڵگە هەرگیز جەماوەرێکی پاسیڤ و ناچالاک نییە، بەڵکوو سوبێکتێکی خۆ-ڕێکخەرە. لێرەوە، کۆمۆن و ئەنجوومەن و ڕێکخستنە خۆجێیەکان تەنها یەکەی ئیداری نین، بەڵکوو گۆڕەپانی بنیاتنەرن بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتی. لێرەدا، سۆسیۆلۆژیا خۆی بە شیکردنەوەی پەیوەندیی چینایەتییەوە سنووردار ناکات، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی زانین کە پۆتێنشاڵەکانی خۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەردەخات.

لێرەدا، چین بە تەواوەتی ڕەت ناکرێتەوە؛ بەڵام نابێتە تاکە تەوەری یەکلاکەرەوە. تێکۆشانی چینایەتی و ڕەگەزیی و ئیکۆلۆژیی، هەروەها خواستی ئازادیی کەلتووریی، وەک پرۆسەی بەیەکداچوو دەبینرێن. بەلای ئەم ڕوانگەیەوە، هەژموونی کۆمەڵایەتی تاکڕەهەند نییە، تێکۆشانی ئازادییش پێویستی بە زەمینەیەکی فرەڕەنگە.

لەگەڵ ئەوەشدا، فراوانبوونە سۆسیۆلۆژییەکان ناکۆک نایەتەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی مارکسیزم؛ بەپێچەوانەوە، لەڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە، قووڵتریان دەکاتەوە. شیکاریی چینایەتیی دەپارێزرێت، بەڵام لەنێو بونیادە گشتگیرەکەی کۆمەڵگەدا جێی دەکرێتەوە. بەشدارییەکەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی دەبینێتەوە لە گۆڕینی سۆسیۆلۆژیا لە سیستەمێکی شرۆڤەکردنی ساکارەوە بۆ بەشێکی دانەبڕاو لە پراکتیکی ڕزگاری.

بەکۆمەڵایەتیکردن بە ڕەنگی سۆسیالیزم: بنیاتنانی کۆمەڵایەتییانەی ئازادی

لە تیۆری سۆسیالیستیی کلاسیکدا، سۆسیالیزم وەک بەکۆمەڵایەتیکردنەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و لەناوبردنی هەژموونی چینایەتی پێناسەدەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، سۆسیالیزم بە قۆناغێکی مێژوویی دادەنرێت کە پاش تێپەڕاندنی سەرمایەداری دەردەکەوێت. لەم پرۆسەی گواستنەوەیەدا، دەوڵەت ڕۆڵێکی ناوەندیی دەگێڕێت. پلاندانان و دابەشکردن و هەماهەنگیی بەرهەمهێنان لەڕێی دەزگاکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەچێت. ئازادکردنی کۆمەڵگە، تاڕادەیەکی زۆر بەندە بە سەرکەوتنی ئەم گواستنەوە ناوەندییەوە.

هەرچەند ئەم ڕوانگەیە، ئەڵتەرناتیڤێکی تۆکمە پێشکەش دەکات بۆ ئاسەوارە وێرانکارییەکانی سەرمایەداری، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات سنووردارییەکانی خۆی ئافراند. چیتر بەگوێرەی پێویست، سۆسیالیزم وەک بنیاتنانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نابینرێت، بەڵکوو زیاتر وەک مۆدێلێکی ئابووریی و ئیداریی سەیردەکرێت. چیتر کۆمەڵگە وەک سوبێکت نەماوە، بەڵکوو بووەتە ئۆبێکتێک کە بڕیار لەبارەیەوە دەدرێت.  لەمەوە، ئازادیی دەگۆڕێت بۆ پرسێکی ئیداریی نەوەک پرسێکی کۆمەڵایەتی.

لەم خاڵەدا، ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ، وەرچەرخانێکی گرنگ دەنوێنێتەوە. بەنیسبەت ئەم ڕوانگەیەوە، سۆسیالیزم ڕەهاکردنی تواناکانی کۆمەڵگەیە بۆ خۆڕێکخستن و بڕیاردان. لەمەوە، چیتر سۆسیالیزم فۆرمێکی دەوڵەت یان سیستەمێکی ئابووریی نییە، بەڵکوو شێوازێکی ژیانی کۆمەڵایەتییە. چەمکی بەکۆمەڵایەتیکردن، لێرەدا یەکلاکەرەوەیە. سۆسیالیزم کردەی خۆبنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیە.

بەپێی ئەم ڕوانگەیە، ئازادی خۆبەخۆ لە بەرئەنجامی نەمانی دەسەڵاتی ناوەندییەوە نایەتەدی. ئازادی لەنێو کۆمۆن و ئەنجوومەن و فۆرمەکانی ڕێکخستنی نێو ژیانی ڕۆژانەدا، بەرجەستە دەبێت. ئابووری و سیاسەت و کەلتوور، بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە، نابنە خاوەن کارکردێکی ڕزگارکەر. سۆسیالیزم نابێتە کۆڵەکتیڤیزمێک کە تاک پشتگوێ دەخات، بەڵکوو فۆرمێکی پەیوەندیدارێتییە کە تێیدا تاک لەسایەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەهێزتر دەبێت.

ڕەخنەی ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی تەنها پشت نابەستێت بە ئەزموونە مێژووییەکان، هاوزەمان، پشت‌ئەستوورە بە چوارچێوە ئۆنتۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییەکان. مرۆڤ وەک بوونەوەری پیوەندیدار و کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بۆیە ئازادی لەنێو پەیوەندییەکاندا شێوەدەگرێت. لێرەوە، ناکرێت ئازادی لە ناوەندێکەوە دابەشبکرێت. گەر فۆرمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ئازادیی فەراهەم نەکەن، گۆڕینی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی هەرگیز بەتەنها بەس نییە.

ئەم ڕوانگەیە بۆ بەکۆمەڵایەتیکردن، ململانێی چینایەتی پووچەڵ ناکاتەوە، بەڵکوو دەیکاتە بەشێک لە ململانێیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانتر. ناکۆکیی نێوان کار-سەرمایە، نایەکسانیی ڕەگەزیی، وێرانکاریی ئیکۆلۆژیی، هەژموونی کەلتووریی، بە فۆرمی جیاواز هەمان قەیرانی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکەن. سۆسیالیزم بانگەشەی ئەوە دەکات، لە ئاستی کۆمەڵگەدا وەڵام بۆ هەریەک لەم قەیرانانە دەخاتەڕوو.

بەکورتی، بەلای ڕێبەر ئاپۆوە، سۆسیالیزم وەک ئامانجێک، لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا کورت‌نابێتەوە، بەڵکوو سۆسیالیزم پرۆسەی خۆبنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیە. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە حاڵەتێکی بەردەوامیی پراکتیک و چالاکییە. بەکۆمەڵایەتیکردن وەک دوایین وێستگە ناڕوانێتە ئازادی، بەڵکوو وەک ئەزموونێک دەیبینێت. بۆیە، سۆسیالیزمەکەی ڕێبەر ئاپۆ، لەبری ئاسۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی چەپی کلاسیک، دیدگایەک بۆ ئازادبوونی کۆمەڵایەتی پێشکەشدەکات.

نوێکردنەوەی ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی: پرۆسە، پەیوەندی، سوبێکت

ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی، شێوازێکی بیرکردنەوەی تۆکمەیە، لەڕێی ناکۆکییەکانەوە شرۆڤە بۆ گۆڕانکارییە مێژووییەکان دەکات. ئەمە ڕوون و ئاشکرایە. کارلێکی ئاڵۆگۆڕیی نێوان هەلومەرجە ماددییەکان و ئاگایی کۆمەڵایەتی دەبێتە شاگریمانەی ئەم ڕوانگەیە. بەڵام زۆرجار ئەم چوارچێوەیە لەنێو بازنەی بەرهەمهێناندا سنووردار بووە. دیالەکتیک یەکسانکراوە بە یاساکانی جووڵەی ژێرخانی ئابووریی. ئەم بەرتەسکییە، هەڵەی دیالەکتیک نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی لێکدانەوەیەکی مێژووییە بۆ دیالەکتیک.

دەستوەردانەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەیە، لەڕێی چەمکەکانی پرۆسە و پەیوەندیدارێتییەوە، سەرلەنوێ بیر لە دیالەکتیک بکرێتەوە. گۆڕانی کۆمەڵایەتی تەنها بە یەکلابوونەوەی ئەنتاگۆنیزمە چینایەتییەکان بەدی نایەت. بەڵکوو لەڕێی گۆڕانی ئەو پەیوەندییانەشەوە دێتەدی کە مرۆڤەکان لەنێوان خۆیان، لەگەڵ کۆمەڵگە و سرووشتدا ئافراندوویانە. لەم ڕوانگەیەدا، سۆسیالیزم چیتر نەخشەڕێیەکی مێژوویی نییە کە بەگوێرەی قۆناغە داخراوەکان دەچێتەپێش، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ سەیروورەیەکی [بوون‌بە] بەردەوام.

لە ماتریاڵیزمی دیالەکتیکیی کلاسیکدا، زۆرجار سوبێکت وەک هەڵگری ناچاریی مێژوویی دەبینرێت. چین ئەکتەری سەرەکییە لەسەر شانۆی مێژوو. هەرچەندە ئەمە گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی بایەخی چالاکیی کۆڵەکتیڤ؛ بەڵام پرۆسەی بەسوبێکت‌بوونی تاک و کۆمەڵگە، لە چوارچێوەیەکی تەنگدا دەهێڵێتەوە. کەچی ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ، سوبێکت لەڕێی پێگە چینایەتییەکەیەوە پێناسەناکات. بەڵکوو سوبێکت وەک بوونێک دەبینێت کە لەنێو پراکتیکدا بنیات‌دەنرێت و دەگۆڕێت.

ئەم نوێکردنەوەیە ڕۆڵێکی لاوەکی نابەخشێتە واقیعی ماددیی، بەپێچەوانەوە، چوارچێوەی ماددیی فراوانتر دەکات. پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ئابووریی، ڕەهەندێکی گرنگیی ژیانی کۆمەڵایەتیین، بەڵام تاکە ڕەهەند نین. زمان و کەلتوور و پەیوەندییە ڕەگەزیی و ئیکۆلۆژییەکان و فۆرمەکانی بەشداریی سیاسی، هەر هەموویان دەبنە بەشێک لە واقیعی ماددیی. بۆیە دیالەکتیک لە ناکۆکی کار-سەرمایەدا قەتیس نابێت، بەڵکوو دەتوانێت ناکۆکییە گشتییەکانی بوونی کۆمەڵایەتی شرۆڤەبکات.

لەم خاڵەدا، نوێکردنەوەی ماتریاڵیزمی دیالەکتیک مانای نزیککردنەوەی نییە لە ئایدیاڵیزم. بەپێچەوانەوە، هەوڵە بۆ تێگەیشتن لە بونیادە بەرجەستە و فرەتوێژەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بە تێپەڕاندنی پەتیکردنەوە ئایدیاڵیستییەکان. ماددە تەنها ئەو شتە نییە کە شیاوی پێوانە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خووەکان و ژیانی کۆمۆناڵیش دەبنە خاوەنی ڕاستینەیەکی ماددیی. قبووڵکردنی ئەمە، ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی دیالەکتیک قووڵتردەکاتەوە.

لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆدا، دیالەکتیک چیتر ستراتیژی گرتنەدەستی دەسەڵات نییە، بەڵکوو دەبێتە میتۆدی تێگەیشتن لە توانای کۆمەڵگە خۆ-بەرهەمهێنانی بەردەوام. ناکۆکی بەربەستێک نییە بۆ تێپەڕاندن، بەڵکوو داینامیکێکە کە دەرفەتی گۆڕان هەڵدەگرێت. لەمەوە، چیتر ئایدیای شۆڕش ساتێکی دابڕانی تاقانە نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی درێژخایەنی بنیاتنانی کۆمەڵایەتییە.

وەک دەرئەنجام، ئەم نوێکردنەوەیە ماتریاڵیزمی دیالەکتیک پووچەڵ ناکاتەوە؛ بەڵکوو لەگەڵ ئەزموونە مێژوویی و پێویستییە تیۆرییەکاندا دەیگونجێنێت. بەشدارییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، دیالەکتیک لە چوارچێوەی دەوڵەت و پارت و چین دەردەهێنێت، دەیگۆڕێت بۆ شێوازێکی بیرکردنەوە کە ژیان و کۆمەڵگە بەبنەما دەگرێت. بەپێی ئەم گۆڕانە ئازادی ئامانجێکی دواخراو نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پراکتیکیی کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆ.

ئەنجامگیریی و گفتوگۆ: پەیوەندیی بنیاتنەری نێوان ئۆنتۆلۆژیا و کۆمەڵگە و ئازادی

بانگەشەی سەرەکی ئەوەیە، ئازادیی کۆمەڵایەتی تەنها لەڕێی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە نایەتەدی. بەبێ گۆڕینی تێگەیشتنی مرۆڤ دەربارەی بوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فۆرمەکانی بەسوبێکت‌بوون، ئازادبوون بەردەوام نابێت. ئەم چوارچێوەیە هەوڵدەدات ئەو لایەنانە بخاتەڕوو کە هزری چەپی کلاسیک فەرامۆشی کردوون، بەبێ ڕەتکردنەوەی بنەما سەرەکییەکانی ئەم هزرە.

ماتریاڵیزمی دیالەکتیکیی کلاسیک، هێشتاش ئامرازێکی تیۆریی تۆکمەیە بۆ شرۆڤەکردنی چەوسانەوەی سەرمایەداری و نایەکسانیی چینایەتی. بەڵام زۆرجار بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئازادی وەک ئامانجێکی دواخراو، مەودایەکی بونیادیی لەگەڵ پراکتیکی کۆمەڵایەتییدا ئافراندووە. ئەزموونەکانی سۆسیالیزمی دەوڵەتی ئەم دەریانخست کە ئەم مەودایە ئاکامی تیۆریی و مێژوویی لێ کەوتووەتەوە. گۆڕانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان هەمیشە هاوشانبووە لەگەڵ دەرکەوتنی فۆرمی نوێی هەژموون، چونکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە نەگۆڕیی ماونەتەوە.

لەم خاڵەدا، ڕەهەندی ئۆنتۆلۆژیی دەخرێتە چەقی توێژینەوەکەوە. بوونی مرۆڤ لەنێو جیهاندا، تەنها بوونێک نییە لەنێو پەیوەندییە ئابوورییەکاندا، بەڵکوو بوونێکە لەنێو مانا و پەیوەندی و پراکتیکیشدا. بوون حاڵەتێکی نەگۆڕ و وەستاو نییە؛ بەڵکوو پرۆسەیەکی پەرەسەندنی بەردەوامە. ئەم تێگەیشتنە ئازادی وەک ئامانجێکی تەواوکراو نابینێت، بەڵکوو ئازادی وەک فۆرمێکی پەیوەندیی دەبێنێت کە بەردەوام لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتییدا بەرهەم دێتەوە. بەم مانایە، ئۆنتۆلۆژیا چیتر پانتایەکی ئەبستراکتی تیۆری سیاسی نییە، بەڵکوو دەبێتە یەکێک لە بناغە ماددییەکانی ئازادی.

وتوێژە سۆسیۆلۆژییەکان، هەرچەند شیکردنەوەی چینایەتی دەپارێزن، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکرێت هەژموونی کۆمەڵایەتی بۆ جەمسەرێک کورت بکرێتەوە. پیاوسالاری و هیرارشییەتی کەلتووریی و ناوەندگەرایی و پەیوەندییەکانی نوێنەرایەتی، دیاردەگەلی مێژوویین کە لەگەڵ بونیادە چینایەتییەکاندا لێک‌ئاڵاون. ئازادکردنی کۆمەڵگە پێویستی بە ڕووبەڕوونەوەی هەریەک لەم فۆرمانەی هەژموونە. لەمەوە، سۆسیۆلۆژیا بێجگە لە ئامرازێکی شرۆڤەکردن، دەبێتە توخمێکی بنیاتنەری پراکتیکی ئازادبوون.

ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سۆسیالیزم، ئەم فراوانبوونە ئۆنتۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییانە لەدەوری چەمکی بەکۆمەڵایەتیکردن کۆدەکاتەوە. سۆسیالیزم پرۆژەی گرتنەدەستی دەسەڵات نییە، بەڵکوو ڕەهاکردنی تواناکانی کۆمەڵگەیە بۆ خۆ-ڕێکخستن. کۆمۆن و ئەنجوومەن و ڕێکخستنە خۆجێیەکان، چیتر بونیادی ئیداریی و ئامرازیی نین، بەڵکوو دەبنە پانتاییەک بۆ بەرهەمهێنانی ئازادی. لەنێو ئەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵگە چیتر ئۆبێکتێکی پاسیڤ و ناچالاک نییە، بەڵکوو دەبێتە سوبێکتێکی بنەڕەتیی بۆ ئازادبوون.

ئەم نزیکایەتییە هەندێ ڕەخنە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕەنگە ڕەخنە باوەکە ئەوە بێت، ناکۆکی و ململانێی چینایەتی خراوەتە لاوە. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە چین دوورناخاتەوە، بەڵکوو وەک تاکە فاکتەری شرۆڤەکردن لێی ناڕوانێت. ناکۆکی کار-سەرمایە هێشتا ناکۆکییەکی سەرەکیی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە؛ بەڵام ناتوانین بەشێوەیەکی گشتگیر لە هەژموونی کۆمەڵایەتی تێبگەین، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هیرارشییەت و فۆرمانەی دەسەڵات کە پێش پلەبەندییە چینایەتییەکان دەرکەوتوون.

ڕەنگە ڕەخنەیەکی تر ئەوە بێ، ئەم نزیکایەتییە دابڕانە لە مارکسیزم. ڕەنگە بگوترێ، جەختکردنەوە لە ئۆنتۆلۆژیا و کۆمەڵگە، نزیکبوونەوەیە لە ئایدیاڵیزم. بەڵام واقیعی ماددیی پشتگوێ نەخراوە، بەڵکوو چوارچێوەی ماددە فراوانتر کراوە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پراکتیکە ڕۆژانەییەکان و فۆرمەکانی ڕێکخستن و بازنەکانی ژیانی کۆمۆناڵ دەبنە بەشێک لە ژیانی ماددیی. ئەم نزیکایەتییە هەوڵدەدات ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژییە چەپێنراوەکانی نێو مارکسیزم نیشانبدات.

هەروەها ڕەخنەکان دەربارەی دەوڵەت و دەسەڵات گرنگن. ڕەنگە جەختکردنەوە لە بەکۆمەڵایەتیکردن بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەو پێیەی، گوایە کێشەی دەسەڵاتی ناوەندی دەشارێتەوە. بەڵام ئەم ڕەخنەیە دەسەڵات تەنها لە دەزگاکانی دەوڵەتدا قەتیس دەکات؛ کەچی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، دەسەڵات دەخزێتە نێو هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی ڕۆژانەوە. گرتنەدەستی دەسەڵات خۆبەخۆ تۆڕەکانی دەسەڵات هەڵناوەشێنێتەوە. بەکۆمەڵایەتیکردن دەسەڵات ناشارێتەوە، بەپێچەوانەوە، لە هەموو ئاستەکاندا دەیخاتە بەر چاو.

کاتێک ئەم نزیکایەتییە کۆمەڵگە وەک سوبێکتی ئازادبوون دەبینێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنەیە ببێتەوە، گوایە مۆرکێکی ڕۆمانسییانە دەبەخشێتە کۆمەڵگە. وا دەردەکەوێت، ئەم ڕوانگەیە نایەکسانی و مەیلە کۆنەپەرست و ململانێیەکانی نێو کۆمەڵگە فەرامۆشدەکات. بەڵام لەم ڕوانگەیەدا، کۆمەڵگە ئایدیاڵیزە نەکراوە، بەڵکوو وەک پانتایی ململانێ و تێکۆشان دەبینرێت. ئازادی بە سەرکوتکردنی ئەم ناکۆکییانە گەشەناکات، بەڵکوو بە ئەزموونکردنیان مومکین دەبێت.

دواجار، ڕەنگە جێبەجێکردنی ئەم ڕوانگە و نزیکایەتییە بخرێتە ژێر پرسیارەوە. ڕەنگە مانەوە و خۆڕاگریی ئەم مۆدێلە کۆمەڵگەییانە، بەتایبەت لە هەلومەرجەکانی قەیران و شەڕ و دەسەڵاتخوازییدا، ببێتە جێی مشتومڕ. بەڵام ئەم ڕەخنەیە سنووردارییەکانی سیستەمی سیاسیی باڵادەست نیشان دەدات، نەوەک خودی تیۆرەکە. ئەزموونە مێژووییەکان نیشانی دەدەن، دەکرێت لە دژوارترین هەلومەرجیشدا، خۆ-ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بێتەکایەوە. ئەزموونی ڕۆژئاوا [ڕۆژئاوای کوردستان]، باشترین نموونەیە.

دواجار، کاتێک ئۆنتۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و سۆسیالیزم پێکەوە هەڵدەسەنگێنرێن، چیتر ئازادی وەک ئایدیاڵێکی ئەبستراکت یان بەڵێنێکی دواخراو نامێنێتەوە، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ پراکتیکێکی کۆمەڵایەتیی زیندوو. بەشدارییەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەوڵێکە بۆ بنیاتنانەوەی ئەم یەکێتییە، هەروەها نوێکردنەوەیەکی تیۆریی جددیی پێشکەش بە هزری چەپی هاوچەرخ دەکات.

ژێدەر: ANF

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.