پرسی ژن
سکانداڵی ئێپستاین: ڕەهەندێکی نوێی “بکوژی کاستیک” لە دیدی ڕێبەر ئاپۆوە
ئێپستاین، بەڵگەیەکی قووڵە لەسەر ئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری تێکشکاوە و دەبێت گەلانی ئازادیخواز و هێزی ژنان بۆ "کۆمۆنالیزمی دیموکراتی"هەوڵ بدەن

هەیفا کەمال
لە فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا، پرسی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری – کە ناوی لێناوە “سێ سوارەکەی مەحشەر” (دەوڵەت-نەتەوە، سەرمایەداری، پیشەسازی) – تەنیا کێشەیەکی چینایەتی نییە. بەڵکو قووڵتر لەوە، ڕێبەر ئاپۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە فیکری سەرمایەداری لە بنەڕەتدا بەشێکە لە “بکوژی کاستیک*”، کە میراتگری کۆنترین سیستمی چەوسانەوەی مێژووە. ئەو “بکوژی کاستیکە” لە سەرەتای مێژووی شارستانیدا ژنی کردە کۆیلە، بەمەش، بناغەی کۆمەڵگەی دایکی تێکشکاند.
ئەو بکوژی کاستیکەی ڕێبەر ئاپۆ باسی لێوە دەکات، ئەمڕۆ بە ماسکێکی نوێ و نایابەوە دەردەکەوێت، بەتایبەتی لەو ڕووداوە جیهانییانەدا کە دیمەنی ڕاستی چەوسانەوەی مۆدێرن نیشان دەدەن. سکانداڵی ئێپستاین و تۆڕە قێزەونەکەی، هەروەها گۆڕانکارییە توندەکانی ستراتیژییەتی نوێی بەرگریی ئەمریکا (2026 NDS)، تەنیا پشتڕاستکەرەوەی ئەم تێڕوانینە فەلسەفییەن.
ژن وەک کاڵا: بکوژی کاستیک و کۆیلایەتیی مۆدێرن
لە فیکری ئۆجالاندا، کۆیلایەتیی مۆدێرن لە ڕێگەی چەوسانەوەی ڕەگەزیی و ئابوورییەوە قووڵتر بووەتەوە. سەرمایەداری نەک تەنیا کاری ژن دەدزێت، بەڵکو خودی بوون و جەستەی ژن دەکاتە مانشێتی بازاڕ و ڕیکلام. ژن دەبێتە “مانشێتی بازاڕ”، کە بەهای خۆی لە ڕێگەی چاوخشاندن و ویستەکانی کاستە باڵادەستەکەوە وەردەگرێت.
سکاندالی ئێپستاین نوێترین و ڕووترین دیمەنی ئەو “بکوژی کاستیکە” نیشان دەدات. ئێپستاین و تۆڕە دەسەڵاتدارەکەی، کە لە پشتی پەردەوە کاریان دەکرد، بە هێزی سەرمایە و پێگەی کۆمەڵایەتی، کچ و ژنی گەنجیان بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکردە کاڵای جنسی. ئۆجالان دەڵێت:
”بکوژی کاستیک نوێترین شێوەی خۆی بە سیستمی سەرمایەداری و لیبراڵیزم پۆشیوە، بەڵام لە ڕاستیدا سەرمایەدارەکان دز و تاڵانکەر و بکوژی گەورەی سەردەمن.”
تۆڕەکەی ئێپستاین ئاشکرای دەکات کە ئەو “بکوژی کاستیکە” چۆن لەژێر ماسکی لیبراڵیزمدا، بە دڵێکی ساردەوە، دڕندەترین شێوازی چەوسانەوەی ژنان پەیڕەو دەکەن. ئەوان لە جیاتی داهێنەر و دیموکراسیخواز، وەک “دەستەبژێری بکوژی کاستیک” تەنیا میراتی تاوانکاریی مێژووی پیاوسالاری دووبارە دەکەنەوە.
ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا: هەناردەکردنی بکوژی کاستیک
ستراتیژیی نوێی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کە درێژەپێدەری فەلسەفەی “ئەمریکا لە پێشەوە”ـی ترەمپە و پاشگەزبوونەوەی “قۆناغی دروستکردنی نەتەوە” ڕادەگەیەنێت، دیمەنێکی توند و پڕ لە فێڵ و مەکری بکوژی کاستیک لەسەر ئاستی جیهان نیشان دەدات. ئەم ستراتیژییە نوێیە، کە جەخت لەسەر “ڕیالیزمی پڕاگماتیک” دەکاتەوە، ئاشکرای دەکات کە تەنیا سڵکردنەوە نییە لە کێشەکان، بەڵکو گواستنەوەی فۆکەسە بۆ “بەرژەوەندییە عەینی و پڕاکتیکییەکانی” گەلی ئەمریکا. بە واتایەکی دیکە، ئەم بکوژی کاستیکە چیتر ماسکی نێودەوڵەتیبوونی لیبراڵی لەسەر نییە و ئامانجی تەنیا پاراستنی بەرژەوەندیی کاستە باڵادەستەکەی خۆیەتی لەسەر حسابی جیهان.
پایەی سەربازیی بکوژی کاستیک: ستراتیژییەکە فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا دەخاتە دەرەوەی ئەرکە لیبراڵییەکانی و ئامانجی تەنیا “شەڕکردن و بردنەوە”یە. ئەمەش دووبارە بنیاتنانەوەی “ڕۆحییەتی شەڕکەر”ـی کۆنی کاستەکەیە، کە ئاپۆ پێی وایە بەکارهێنانی توندوتیژانەی هێزە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی.
هەناردەکردنی تێچووی کاستەکە: کاتێک ستراتیژییەکە داوای “هاوبەشیکردنی بەرپرسیارێتی” لە هاوپەیمانەکان دەکات (وەک ئەوەی بۆ ڕووسیا بە ئەوروپا و بۆ کۆریای باکوور بە کۆریای باشوور دەڵێت)، لە ڕاستیدا بکوژی کاستیک تێچووی مانەوەی خۆی بۆ دەرەوە هەناردە دەکات. ئەمەش پەیوەندییە جیهانییەکان بۆ “گرێبەستێکی بازرگانیی خستنە سەریەک” کورت دەکاتەوە، کە تێیدا تەنیا قازانجی کاستەکە لە پێشەوەیە.
دڕندەییی لە ئۆپەراسیۆن: سیناریۆکانی ستراتیژییەکە، وەک “چەکوشەکەی نیوەشەو” دژ بە ئێران، نیشان دەدات کە بکوژی کاستیک کاتێک بەرژەوەندییەکانی دەکەوێتە مەترسی، هیچ سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی یەکلاکەرەوە، نەک دیپلۆماسییەت.
لە دیدی ئۆجالانەوە، “زیرەکترین کاری بکوژە کاستیکەکان لە مێژوودا ئەوە بووە، بە ماسک خۆیان حەشار داوە”. ستراتیژییەی ٢٠٢٦ نیشان دەدات کە چۆن کاستەکە ماسکی “دروستکردنی نەتەوە” لادەدات و ڕاستییە توندوتیژەکەی خۆی ئاشکرا دەکات.
لە ئێپستاین تا ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا: چوارچێوەی ژنۆلۆژی بۆ تێکشکاندنی کۆیلایەتیی مۆدێرن.
لە کۆتایی شیکارییە فەلسەفییەکانی ئۆجالاندا، ئەو دەستنیشانی دەکات کە بکوژی کاستیک، جا بە شێوە دڕندە و پەنهانەکەی (وەک سکانداڵی ئێپستاین)بێت، یان بە فۆرمی ڕیالیزمی سیاسیی توندوتیژ (وەک ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا)، تەنیا بە فەلسەفەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی تێکدەشکێنرێت. ئەم فەلسەفەیە وەک تاکە ڕێگەی ئازادی، پێداگری لەسەر پەرەپێدانی “مۆدێرنیتەی دیموکراتی”دەکات، کە بناغەکەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوەیە، چونکە ئەم سیستەمە ئامرازێکی سەرەکییە بۆ کۆکردنەوە و بەکارهێنانی هێزی بکوژی کاستیک، و ناتوانێت ئازادیی گەلان بەدی بهێنێت. ڕێگاچارەکە لە بنیادنانی کۆمۆنەی دیموکراتیدایە، واتە گەڕانەوە بۆ بناغەی ژیانی کۆمۆناڵی ئازاد، کە ژن لە ناوەند بێت و بڕیارەکان لەسەر بنەمای ئەخلاقیی کۆمەڵایەتی، نەک بەرژەوەندیی کاستە چەوسێنەرەکە، بدرێت. کاتێک ژن بەتەواوی لە کۆیلایەتیی مۆدێرن و کاڵابوون ڕزگار دەبێت، کۆمەڵگەش دەتوانێت بڵێت: “هەبوونی نەتەوەیی هاتە سەرخستن، دەور دەوری ڕزگاریی دیموکراتییە.”
ئەنجامی شیکارییەکانی ئۆجالان لە کتێبەکەدا ئەوەیە کە تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و بکوژی کاستیک، پەرەپێدانی “مۆدێرنیتەی دیموکراتی” و ژنۆلۆژییە کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان و سیستەمی کۆمۆناڵ دامەزراوە. بۆیە، سکانداڵی ئێپستاین، بەڵگەیەکی قووڵە لەسەر ئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری تێکشکاوە و دەبێت گەلانی ئازادیخواز و هێزی ژنان بۆ “کۆمۆنالیزمی دیموکراتی”هەوڵ بدەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگاربوون لەم کۆیلایەتییە مۆدێرن و توندوتیژە.
* بکوژی کاستیک: دەستەواژەیەکی فەلسەفیی بنەڕەتییە لە تیۆرییەکانی ئۆجالاندا (کە لە مانیفێستۆی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” خراوەتەڕوو). مەبەستی لێی ئەو ‘کۆمەڵەی پیاوانی ڕاوکەر’ـەیە کە لە سەرەتای شارستانییەتدا سەریهەڵدا. ئەم کۆمەڵەیە بە زۆرەملێ دەستی بەسەر پرۆسەی ژیاندا گرت و ژنی کردە کۆیلە. ئۆجالان پێی وایە سەرمایەداریی مۆدێرن نوێترین و پێشکەوتووترین شێوەی ئەم بکوژی کاستیکەیە، کە لە پشت ماسکی لیبراڵیزمەوە خۆی حەشارداوە.



