دەروونناسی ژنکوژ!

د. جەعفەر عومەر – پزیشكی دەروونی
کوشتن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لەسەر ئاستی جیهان، بەگشتی ساڵانە لە هەزار کەس ٧ کەس بە کوشتن کۆتایی بە ژیانیان دێت! بەڵام ئەم ڕێژەیە بەگوێرەی وڵاتان جیاوازە، بۆنمونە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە هەزار مردوو یەكێکیان بە کوشتن کۆتایی بە ژیانی دێت، لە ئاسیا و ئەفریقا لە هەزار مردن، ٥ دانەیان بە کوشتن مردوون. ئەم ڕێژە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەرزدەبێتەوە، بۆنمونە لە هیندۆراس لە سەد مردوو ٩ کەسیان بە کوشتن کۆتایی بە ژیانیان هاتووە! (ourworldindata.org).
لە وڵاتی خۆشماندا کوشتن بەربڵاوە و بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت، وەکو کێشە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکان بەتایبەت بە بیانوی شەرەف یان لەسەر زەوی وزار، کێشە سیاسییەکان وەکو لەناوبردن و پاکتاوکردنی کەسانی دژ و ناڕازی، کێشە ئابوورییەکانی وەکو قەرزداربوون، پیشە تاوانکارییەکانی وەکو دزی و ڕێگری، … بۆ هەریەکە لەو کێشانە لە ماوەی ڕابوردوودا چەندین نمونەمان بیستووە و بینیوە!
یەکێک لە دیاردە باوەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بریتییە لە دیاردەی کوشتن بە بیانوی شەرەف، بە واتای پاراستنی شکۆی خێزان و خانەوادە کاتێک کە ئەندامێکی مێینە کردەیەکی سێکسی لە دەرەوەی پەیوەندی خێزانی ئەنجامدەدات. بەم هۆیەوە چەندین ئافرەت بوونەتە قوربانی دەستی پیاوانی خانەوادەکەیان.
ئەم دیاردەیە، لە رووی دەروونناسییەوە زۆرترین هۆکاری هەیە:
🔸 باڵادەستی پیاو بەسەر ژن؛ بەشێوەیەک لە کۆمەڵگەدا ڕەگەزی نێر خۆی بە گەورە و خاوەنی ڕەگەزی مێ دەزانێت! ئەمەش وادەکات کە سنوردارکردن و پاراستنی مێ ببێتە ئەرکێکی گرنگی نێر.
🔸 بەهێزی پەیوەستی پەیوەندی خوێنی و خێزانی لە کۆمەڵگەدا، بەشێوەیە کە هەر لەکەیەک بۆ تاکێکی خێزان دەبێتە نەنگی بۆ تەواوی خیزانەکە!
🔸 هەڵە لە پەروەردەی ڕەگەزی؛ هەر لە منداڵییەوە لە کۆمەڵگەدا کوڕ بە باڵاتر پیشاندەدرێت لە کچ، بۆنمونە لە هەندێک خێزاندا برای بچووک دەسەڵاتی هەیە بەسەر خوشکە گەورەکەیدا!
🔸 تێڕوانینی نەریتی هەڵە بۆ شەرەف؛ لە کردەی سێکسی دەرەوەی خێزاندا نێر و مێ هەردوکیان وەکو یەک تاوانبارن! بەڵام بەگوێرەی کلتوری کۆمەڵگەی کوردی تەنها ئافرەت شەرەفە، لەکاتێکدا زۆربەی کات پیاو هۆکارە بۆ ئەو پەیوەندییە و تاوانباری سەرەکییە!
🔸 نەخوێندەواری و ناهۆشیاری تاک؛ هەتا ئاستی هۆشیاری تاک کەمتر بێت، ئەگەری تاوانکاری لە جۆری کوشتن زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ڕووی تێگەیشتن لە ژینگە و شێوازی مامەڵەی دروست!
🔸 لاوازی هۆشیاری ئاینی تاک؛ بەئاگانەبوون لە ڕۆحی ئاین کە تاوانی کوشتن چەندە گەورە و مەترسیدارە، بەتایبەت لە ئیسلامدا کە ڕووداوی ئیفک هەیە و پەیامبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) بەشێوەیەکی زۆر دروست مامەڵەی لەگەڵ کردووە!
🔸 لاوازی سزادان لە سیستەمی یاسایی و بەهێزی پاداشتی کۆمەڵایەتی؛ یەکێک لە بنەماکانی ڕێککردنەوە ڕەفتاری مرۆڤ بریتییە لە پاداشت و سزا، لە کوردستان سیستەمی سزایی بە چەندین هۆکار لاوازە و زۆرجار تاوانبار سزانادرێت! تەنانەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسەکە پاداشت و دەستخۆشی لێدەکرێت بۆ ئەو کارە هەڵەی کە کەسێکی کوشتووە.
🔸 پاڵنەری تۆڵەسەندنەوە و هەڵچوونی توڕەیی؛ یەکێک لە پاڵنەرەکانی ژیانی مرۆڤ بریتییە لە تۆڵەسەندنەوە، هەروەها هەڵچوونی توڕەیی لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە، لەمڕوەوە تاک واهەستدەکات بەو کردەیەی تۆڵەی سەندۆتەوە و لەسەر بنەمای هەڵپە و توڕەیی ئەو ڕەفتارە دەکات.
🔸 هۆکارە دەروونییەکانی تر وەکو بونی تایبەتمەندی دژەکۆمەڵ، بەکارهێنانی مەی ماددەی هۆشبەر، نەخۆشی دەروونی، ….
جگە لەو هۆکارانە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی هەیەن کە بەشدارن لە زۆربوونی ئەم تاوانەدا، ئێمە هەوڵمانداوە بابەتە پەیوەستەکان بە دەرووناسی خودی بکوژەوە باسبکەین!
زۆرجار ئەو هۆکارانە کارلێکدەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی مرۆڤێک کە بەلایەوە ئاسایی بێت کە تاوانی کوشتن بەرانبەر بە ئافرەتێکی خێزانەکەی ئەنجامبدات! بەو هیوایەی بتوانین ئەو هۆکارانەی لە دەسەڵاتی هەریەکەماندایە کەمیبکەینەوە و نەیهێڵین…