گوتار

دیالەکتیکی ئۆجالان

خوێندنەوەیەک بۆ جیاوازیی نێوان دیالەکتیکی دەوڵەتگەرای هیگڵ و دیالەکتیکی ئازادیخوازانەی ڕێبەر ئۆجالان.

جەبار ئەحمەد

هیگڵ بۆ کامڵبوونی دیالەکتیکەکەی وەرچەرخانی سەنتێزی بۆ بنیادی جووڵەی مێژوو دیدە گرتووە، مێژوو لە دەوڵەتدا و وەک سەنتێزی تاک و کۆمەڵگە دەگات بە قۆناغی کامڵبوونی خۆی، بەڵام کاتێک بەر تێزەی ئۆجەلان دەکەویت، ئەوا هەست دەکەیت بەر دیالەکتیکێکی بێ سەنتێز کەوتوویت.

دیالەکتیکی ئۆجەلانی دیالەکتیکێکی داینامیکییە، و هەمیشە لە بەرەو کامڵبوونە، هەمیشە جووڵاو و وەرچەرخاو و وەرچەرخێنەرە. واتا دۆخێکی نییە تیایدا بگاتە بنبەست و پرۆسە دیالەکتیکییەکەی بووەستێت. دیالەکتیکی وەستاو و دیالەکتیکی سەنتێزی لە چەقبەستنی دۆخی کامڵبووندا، بەشێک نییە لە دیدی ئۆجالان، هەر ئەمەشە دینامیکیەتی بەردەوامی هزری ئۆجەلان بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

لەم میانەیەوە تێزەی سیاسی ئۆجالان بۆ سۆسیالیزمی خۆسەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا ناگاتە بەرکەماڵی خۆیی و پێچی دواقۆناغی مێژوویی خۆی تەواو ناکات، ئەمەش بەرئەنجامی پێناسەی ئۆجالانە بۆ سیاسەت.

ئەگەر سیاسەت بۆ بیرمەندانی تر هونەری بەڕێوەبردن، زانستی دەسەڵات و دەوڵەت و کۆنترۆڵکردن بێت که تیایدا دەسەڵات هێزی زاڵبوونە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، ئەوا بۆ ئۆجالان سیاسەت هونەری خۆبەڕێوەبردنە، خۆبەڕێوەبەریی ـ خۆسەریی پرۆسەیەکی جڤاکیی و جڤاتیی ـ کومەڵگەیی و کۆمەڵی هەماهەنگکارە. کە تیایدا خۆبەڕێوەبەریی دەبێتە پرۆسەی هاوکاریی و کردەیەکی نێوانیی و ئاسۆیی کۆمەڵگەییە.

پرۆسەی خۆسەریی یان سیاسەت وەک پرۆسەیەکی جڤاکیی  لای ئۆجالان دوو پایەی سەرەکیی هەیە، ئەوانیش بریتین لە  کۆمەڵگەی دیموکرات ـ ئازاد و ئەنتیگراسیۆنی جڤاکیی.

سۆسیالیزمی ئۆجالانیی، سۆسیالیزمێکی نادەوڵەتیی، دژەناوەندێتیی و دژەدەسەڵاتە، سۆسیالیزمی جڤاکییە

مەبەست لە کۆمەڵگەی دیموکرات کە ماهییەتی ئازادیشی لە خۆیدا هەڵگرتووە، گوزارشتە لە ڕیشەیی بوونی کۆمەڵگا بەسەر سیاسەتەوە، درێژبوونەوەی فۆرمی بەڕێوەبردن بۆ قووڵایی جڤاکی، پایەکانی کۆمەڵگەی دیموکرات زیاتر بە بنیادی جڤاکییدا گرێ دەدرێن، هەر ئەمەش سۆزسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکرات لە هزری ئۆجەلاندا، لە سۆزیالیزمەکانی تری بیرمەندانی مارکسی و سۆسیال دیموکراتی خۆرئاوایی جیا دەکاتەوە، چونکە سۆزیالیزمی بیرمەندانی مارکسیی و سۆسیال دیموکراتی ئەورووپیی ـ خۆرئاوایی، سۆزیالیزمی دەسەڵاتخوازن، سۆزیالیزمێکن بۆ دەسەڵاتی سۆسیالیستیی، بۆ دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریایی، بۆ دەوڵەتێکی کرێکاریی و سۆسیالیستیی، بەڵام سۆزیالیزمی ئۆجالانیی، سۆزیالیزمێکی نادەوڵەتیی، دژەناوەندێتیی و دژەدەسەڵاتە، سۆزیالیزمی جڤاکییە، دیموکراتییەتیش پرۆسێسێکی جڤاکیی و ناسێنتراڵە. هەربۆیە سۆزیالیزمی دیموکراتیک تەنها لە هزری ئۆجالاندا دەتوانێت سۆزیالیزمێکی مرۆیی ـ جڤاکیی بێت.

هەروەها مەبەست لە ئەنتیگراسیۆن پێکەوەژیانە لە ناوەڕاستی جیاوازییەکاندا، واتا چەمکەکە بە ماناى کۆکردنەوەى یەکە نزیکەکان دێت، بە جۆرێک هەر یەکێک لەو یەکانە ڕیشە و بنیادى سەربەخۆی خۆی پارێزراوبێت، هەروەها لە بواری کۆمەڵناسیی و فکری سیاسییدا، وشەی ئەنتیگراسیۆن واتایەکی زۆر تایبەت و قووڵتری ھەیە کە پەیوەستە بە ڕێکخستن و پێکەوەژیانی کۆمەڵگا.

ئەنتیگراسیۆن پرۆسێسێکە و تێیدا کەسانێک یان گرووپێک خۆیان دەگونجێنن و دەبنە بەشێکی سەربەخۆ و کاریگەر لە کۆمەڵگایەکی گەورەتر، واتا ئەمە تەنیا (ناوخۆیی بوون) و ناوەکیی – ستراکچەراڵیی نییە، بەڵکوو بەشداربوونێکی تەواوەتیی و وەرگرتنی مافى فرەییبوونە لەلایەن کۆمەڵگەکەوە. لەلایەن کۆمەڵناسانەوە، ئەنتیگراسیۆن بەستراوەتەوە بە بیرۆکەی پێکھاتەی کۆمەڵایەتیی و ئەو ڕێگایانەی کە ئەندامانی کۆمەڵگا پەیوەندییەکان ڕێک دەخەن و ھەست بە ناوەندێتییەک و سەنتەرێکى پێکەوە پەیوەستى دەکەن. بە گشتیى چەمکەکە چەندین ڕووکاری ھەیە:

– ئەنتیگراسیۆنی کۆمەڵایەتیی: پەیوەستە بە ڕاھاتن وەک بەشێک لە کۆمەڵگەکە. کە گرێدراوى (ناسینی کەلتووری ناوەندیی، فێربوونی زمان، ھاوڕایی و هەماهەنگىی لەگەڵ ئاکار و ڕەفتاری کۆمەڵگە، ھەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى وەک ھاوڕێ، ھاوسەر، پێوەندی کار و …هتد)ـە.

– ئەنتیگراسیۆنی ئابووریی: توانایی بەشداریکردنە لە بازاڕی کار و ئابووریی وەک کرێکار، کەسی بازرگان یان کڕیار. ئەمیش گرێدراوى (توانایی دەستکەوتنی کار، ھەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ پەرەپێدانی پیشە، نەبونی ڕێگرییە ڕەگەزییەکان لە بەشداری ئابوورییدا)ـیە.

– ئەنتیگراسیۆنی سیاسیی: بەشداریی لە ژیانی سیاسیی و دەسەڵاتدا. کە گرێدراوە بە(مافی دەنگدان، ھەبوونی دەرفەتی پێکھێنانی حیزب یان بەشداریکردن تێیدا، ھەبوونی نوێنەرایەتیی لە ناو دەسەڵاتدا).

ئامانجی ئەنتیگراسیۆن درووستکردنی کۆمەڵگایەکی ھاوسەنگە کە تێیدا ھەموو کەسێک ھەست بە پێگە و سەربەخۆیی بکات، لە کاتێکدا جیاوازییەکان ڕێزلێگیراون و کەلتوورە جیاوازەکان مایەى هەڕەشە و چەوسانەوە نین و ئەنتێگراسیۆن لە فکری سیاسییدا زیاتر بیرۆکەیەکی نۆرماتیڤ – ستانداردە(Standardizing)، واتە پەیوەستە بەوەی چی پێویستە بکرێت بۆ درووستکردنیکۆمەڵگایەکی یەکگرتوو و دادپەروەر، بە جۆرێک کەلتوورە جیاوازەکان پەیوەندییەکی ڕێکخراویان ھەبێت و ڕێز لە کەلتووری یەکتر بگرن، بەڵام لەگەڵ چەمکى ئەنتیگراسیۆندا چەمکێکى ترمان هەیە کە بریتییە لە ئاسیمیلاسیۆن (Assimilation)، واتا تێکەڵبوون و لەناوبردنی جیاوازیی، بە جۆرێک کەلتوورە کەمینەکان کەلتووری زۆرینەکە بە تەواوی قەبووڵ دەکەن(یان ناچارن قەبووڵى بکەن) و کەلتووری خۆیان لەدەست دەدەن.

بە پێچەوانەى ئاسیمیلەکردنى کەلتوورییەوە، ئامانج لە کۆمەڵگەیەکى ئەنتیگراسیۆن درووستکردنی کۆمەڵگاییه فرەکەلتوری (Multiculturalism)و ھەموو کەلتوورێک دانی پێ دادەنرێت و بەھاکانى قەبووڵکراو و ڕێزلێگیراون، درووستکردنی کۆمەڵگای یەککەلتووریی (بە بنیادێکى جیاوازیی و فرەییەوە) کە تێیدا ھەمووان وەک یەک دیارن و ھەڵسوکەوت دەکەن، واتا ئەنتیگراسیۆن وەک ڕێگایەکی دادپەروەر سەیر دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە جیابوونەوەی کۆمەڵایەتیی (Segregation) (کە تێیدا گرووپەکان لە یەکتر جیا دەبنەوە)، یو ڕێگرتنە لە ئاسیمیلەکردنى کەلتووریى (کە تێیدا کەلتوورێک کەلتوورەکانى تر لەناوخۆیدا دەتوێنێتە و دەسڕێتەوە).

بە گشتیى دەتوانین وا وێنای بکەین کە ئەنتیگراسیۆن هاوتایە بە پێکەوەژیان و بەشداریی یەکسان لە کۆمەڵگایەکی فرەکەلتوورییدا، لە کاتێکدا ناسنامەی تاک و کۆمەڵەکان قەبووڵکراو و ڕێزلێگیراون، بە واتایەکى تر ئەنتیگراسیۆن هەر چەمکێک نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکیشە، پرۆسێسێکی دینامیکیی و ڕەفتاریی – کۆمەڵایەتییە و مەبەست لێی درووستکردنی کۆمەڵگایەکی بەھێزتر و یەکگرتووترە.

ئەنتیگراسیۆنی جڤاکیی تێزەیەکی کەلتوورییە، کە هاوپەیوەستی قەبووڵکردن و پاراستنی جیاوازییەکانە، ئۆجالان تەرکیزی لەسەر ڕێزگرتنە لە پلورالیزم و بەرگریی لە شووناسە بچووک و پەراوێزییەکان، تەنانەت دژی هەرجۆرە یەکانگیریی و یەکڕەنگکردنێکە، بەڵام ئەنتیگراسیۆنی جڤاکیی قۆناغ و دۆخە نەوەک ئامانجێکی کۆتایی، واتا قۆناغێکە و لێیەوە کۆمەڵگا ڕووەو کۆمەڵگەی دیموکراتیی وەردەچەرخێت، نەک وەک دۆخێکی ئیدیاڵ ئامانجی کۆتایی تێزی ئۆجالان بێت.

ئەنتیگراسیۆنی جڤاکیی دەشێت لە ڕێگەی کۆماری دیموکراتییەوە و هاوتەریب بە بوونی دەوڵەتیش دەستەبەر بکرێت، بەڵام دۆخێکە و کۆمەڵگا ڕووەو چانددارکردن و کەلتوورەیشنی فرەیی و دواتر ڕووەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک کامڵ دەکات.

بابەتەکانی نووسەر
جەبار ئەحمەد
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.