دیالەکتیکی ئومێد و ڕاپەڕینەوەی گەلێک
شۆڕش «ڕووداوێک نییە لە کۆتایی مێژوودا چاوەڕێ بکات، بەڵکوو ساتێکە لە ناو ئێستادا دەتەقێتەوە.

دیدەم نوور
لەتورکییەوە: نەجیبە قەرەداخی
ئێستا ئێمە لە بەردەم دەرچە و قۆناغێکی نوێداین. ئێرنست بلۆخ دەڵێت: ” ئومێد، هەستێک نییە لە داهاتوودا چاوەڕێ بکات، بەڵکوو هێزێکە لە ناو “ئێستا”ـدا دەتەقێتەوە.” ئەم ” هێزەی لە ناو ئێستادا دەتەقێتەوە”، لە کەسی ڕۆژئاڤادا لە زۆر شوێنی جیهان؛ لە مەیدانەکان، لە شەقامەکان و لە کەزیەی ژناندا، دەگۆڕێت بۆ بەرگریی و هاوپشتییەکی سەرتاپایی یەکپارچە. بۆ ڕۆژئاڤا، کە بە ڕێککەوتنی هێزە هەژموونگەراکان لە ژێر گەمارۆی چەتەکانی هەیئەت تحریر ئەلشامـ HTŞ دایە، ئومێد لەم ساتەدا خۆی سەرلەنوێ بنیاد دەنێتەوە. واڵتەر بنیامین بە چەمکی «ساتەوەختی ئێستا» وەسفی ئەم ساتە دەکات: دەڵێت شۆڕش «ڕووداوێک نییە لە کۆتایی مێژوودا چاوەڕێ بکات، بەڵکوو ساتێکە لە ناو ئێستادا دەتەقێتەوە.”
وتەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، جەوهەری ئەم ساتە و بنیادنانی مانایە:
“بە شێوەیەکی مێژوویی و ڕۆژانە، نەشتەرمان لە هەموو ناڕوونییەکان دا. تەقینەوەیەکی مانا هاتە ئاراوە. ئێستا لە دۆخی تەقینەوەیەکی تەواوداین. ئەمڕۆ دەریایەک لە مانا پەیدا بووە.”
ئەو “هێڵە سوورە”ـی کە گەلی کورد بە هاواری “کوردستان یەک وڵاتە!” خاوەنداریی لێ دەکات، بەرهەمی بەها ئەخلاقیی-سیاسییە کۆمەڵایەتییەکانی تەوەری ژنە و لە ڕێگەی شەڕێکی قووڵی هەمەلایەنە و باجێکی قورسەوە بەدەست هاتووە. ڕۆژئاڤا، کە هێزە هەژموونگەراکان دەیانەوێت بیخنکێنن؛ ئومێدێکی کردەیی و پراکتیکییە بۆ تێکۆشانی ئازادیی، ئەو بەهایانەی خوڵقاندوونی، کەلتوورەکەی دەیسەلمێنێت کە ئەگەری ژیانێکی جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤ) هەیە.
ئامانجی سەرەکیی لە هەوڵی سەرکوتکردنەوەی ناسنامە و بووونی کوردی ئازاد لە ڕێگەی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییەوە، شکاندنی ئەم ئومێدەیە کە پێی دەڵێن “شکستی هەستەکان”. هۆکاری ئەوەی فۆرمە نوێیەکانی بکوژە “کاستیک”ـەکان، لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی وەک چەتەکانی هەتەشە- HTŞ کە کۆکەرەوەی مرۆڤخۆرەکانن، بەم شێوە دڕندانەیە هێرش دەکەن، هەر ئەمەیە. ڕۆژئاڤا، ئەمڕۆ لە بەرانبەر ئەم تاریکییە دژەکۆمەڵایەتییەدا تێ دەکۆشێت و لە هەمان کاتدا دەبێتە دڵ، کردار و یادەوەریی بەکۆمەڵی ئومێد.
بنیامین دەڵێت: “ڕابردوو تەنیا لە کاتی مەترسیدا وەک هەورەبروسکە دەدرەوشێتەوە و دەناسرێتەوە.” لە واقیعی کوردا، ئەم برووسکەیە؛ بە یادەوەریی بەکۆمەڵی ئێمە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە وەردەگرێت و دەمانهێنێتە سەر ڕێڕەوی ئازادیی پەنجاودوو ساڵەی ئەمڕۆ. هەموویان لە “ئێستا”ـدا وەک بروسکە دەدرەوشێنەوە. ئەو برووسکەیە، ئێستا بۆ گەلی کورد ڕێکخستنی ئومێدی ڕاپەڕینەوەیە بە پشتبەستن بە مێژووی بەرخودانی خۆی.
سەنگەرەکانی بەرخودان، ئەو شوێنە کۆنکرێتییانەن وا ئومێدیان تێدا درووست دەکرێت. دەنگی “بژی بەرخودانی ڕۆژئاڤا”، کە لە مەیدانەکانەوە بەرز دەبێتەوە، ئیتر ڕاگەیاندنی بوون و ئومێدێکی بەکۆمەڵە. دەنگی بەرخوەدان، ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی کوردییە لە ئاستی جیهانییدا. دەنگی بەرخودان، هاوپشتییەکی نێودەوڵەتیی ڕەسەنە و دەنگی ڕۆژئاڤا بڵندتر دەکاتەوە. ئەمە هێزی گەلانە بۆ هێنانەدی ئەو “هێشتا-نەبووە”ـی بلۆخ بۆ نێو ساتەوەختی ئێستا. بۆیە ئومێد، چاوەڕوانییەکی تاکەکەسیی و پاسیڤ (کپ) نییە؛ بەڵکوو چالاکییەکی کۆمەڵایەتیی بەکۆمەڵە لە ساتەوەختی ئێستادا. گەلی کورد، باجەکەی هەرچییەک بێت، تا دوایین هەناسە پارێزگاریی لەم دەریای مانایە دەکات کە خوڵقاندوویەتی.
هەروەتر جیا لەوەش، درووشمی «دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزین»، درووشمی ئومێدێکی ئاگرینە و کەرامەتی مرۆڤایەتیی بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.
سەرچاوە: یەنی یەشام



