گۆشەی ئازد

دوو تێزی ئۆجالان سەبارەت بە یەهوودییەکان

بۆ چارەسەری قەیرانی شارستانییەت و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، چارەسەر مۆدێرنیتەی دیموکراتییە

مەحموود عەبدوڵڵا

تێزی یەکەم: یەهوودییەکان بەهۆی پاوانی پارە و بازرگانیی ڕۆڵیان لە شارستانییەتی سەرمایەدارییدا هەیە و دواتر دەبنە قوربانیی هەمان شارستانییەت، ئەوەش پارادۆکسێکی سەیرە. ئەوان لە بواری ڕۆشنبیریی و پارە و بازرگانییدا پێشەنگن، هەر بەو هۆیەوە دەکەونە بەر نەفرەتی بازرگان و پارەدارانی نەتەوەکانی دیکە.

یەهوودییەکان لەبەر دوو هۆکار لە بواری پارە و ڕۆشنبیرییدا لە نەتەوەکانی تر کاریگەرترن:

یەکەم: بەهۆی پەرتەوازەییان لە سەرجەم کۆمەڵگەکانی تردا، دەبنە خاوەنی دوو کەلتوور، کەلتووری عیبریی و کەلتووری ئەو کۆمەڵگەیەی وا تێیدا جێگیر بوون. بۆ نموونە لە ئێران، نیمچەدوڕگەی عەرەبیی، ئەورووپا و ئەمریکا و هتد… لە ساڵانی (۷۰ پ.ز، تا ۷۰) زایینیی، زۆرترین شڕۆڤە و کۆکردنەوە بۆ تەوڕات دەکرێ، ئەمە بە سەردەمی  نووسەران دادەنرێت. بۆیە لە بواری ڕۆشنبیرییدا کاریگەریەکی بەرچاویان هەیە، تا لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ئیسلامیی لە سەدەکانی ناویین. ئەوان، واتا یەهوودییەکان، لەگەڵ زۆرێک لە هێزەکان پەیوەندییان دەبێت و دەبنە خاوەنکار و نووسەر، ئەمەش ڕقی ڕۆشنبیرانی نایەهوودیی دەجووڵێنێت و خراپ پێناسیان دەکەن. ئیرەییان پێ دەبەن. لە سەردەمی عوسمانیەکانیشدا ڕۆڵیان لە بازرگانیی و سەڕافیی سوڵتانەکاندا دەبێت.

دووەم:  بەهۆی پەرتوبڵاییان؛ بەهۆی ئەوەی ناتوانن لە وڵاتی خۆیان ژیانێکی ئاسان بژین، سەرنجیان لە سەر پارە و بازرگانیی دەبێت، بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاوانی پارە و ئابووریی دەگرنە دەست. ئەمەش دیسان لە سەردەمی سەرمایەدارییدا، کە لە منداڵدانی پارە و بازرگانییەوە لەدایک بووە، ئەوانەی بازرگان و پارەدارن، یەهوودییەکان وەک کۆسپ دەبینن، هەروەها جووتیارانیش بە هەمان شێوە، وەک دەستی شاراوە دەیانبینن، کە پارە و بازرگانیی لە بەرژەوەندییان نییە، پاشان ڕۆشنبیرانی نەتەوەکانی دی، کە گرێدراوی سیستەمن، دەکەونە ناشیرینکردنی یەهوودییەکان. لێرەدا سەرەڕای کاریگەریی بەرچاوی یەهوودییەکان لە هەڵکشانی سەرمایەدارییدا، بەڵام لە سەردەمی نوێشدا لە هەمووان زیاتر دەبنە قوربانیی.

تێزی دووەم: لایەنی ئایدۆلۆژیی و دەوڵەت-نەتەوە، یەهوودییەکان ڕۆڵێکی هەرە گرنگیان لەم بابەتە و پەرەسەندنی بیری ناسیۆنالیزمدا هەیە، بەڵام دیسان لە هەموو کەس زیاتر دەکەونە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم. 

چۆن؟

توێژی بۆرژوازیی وەک چینێکی نوێی کۆمەڵایەتیی، کە پۆزەتیفیزم دەکەنە ئایدیۆلۆژیا و ناسیۆنالیزم دادەهێنن، لە ڕێگەی دەوڵەتیشەوە پاوانی ئابووریی مسۆگەر دەکەن. تێزی ئۆجالان دەربارەی دەوڵەت ئەوەیە: “وەک کاکڵەی شارستانییەت، دەوڵەت پاوانێکی ئابوورییە”، بەڵام بورژوازیی بۆ ئەوەی بتوانێت دەوڵەت وەک موڵکی کۆمەڵگە بناسێنێ، پێویستی بە داهێنانی ناسیۆنالیزمە. ئیتر لە سەردەمی هەڵپەی پاوانخوازیی ئەورووپا لە هەموو جێیەک گڕی ناسیۆنالیزم پەرە دەسێنێت و یەهوودییەتیش بەهۆی ئەوەی لە سەرەتاوە ئایدیۆلۆژیای هۆز و قەومگەراییە، بە ئاسانیی وەردەچەرخێ، لە لایەکی ترەوە بۆرژوا، بازرگان و پارەدارە یەهوودییەکان ئاستێکی بەرچاوتری مۆدێرنیان هەیە. بۆیە بۆرژوای هەر نەتەوەیەک، یەهوودییەکان وەک کۆسپ دەبینێت، لێرەوە جارێکی تر یەهوودییەکان لەلایەن بۆرژوازی نایەهوودییەوە بەر نەفرەت دەکەون. ئەوان لە بۆرژوای نەتەوەکانی تر کاریگەرییان فرەتر بوو، لە بە ئاینبوونی پۆزەتیڤیزم و “ڕۆڵیان لە فەلسەفە و شۆڕشی ڕۆشنگەریی و بەئاینبوونی مۆدێرنیتە” لەلایەک، لەلایەکی تر لە نەتەوەکانی تر زیاتر تووشی کارەسات بوون، لە هەموو ئەورووپا ڕووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە. تا ئێستاش هەرکاتێک دەوڵەتێکی نوێ درووست ببێت، دەبێتە هۆی شەڕ. ئەوەش سەلمێنەری ئەم تێزەیە؛ “دەوڵەت پاوانی ئابوورییە”، لەگەڵ درووستبونی دەوڵەت نەتەوە، لای یەهوودییەکان وەک ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، جارێکی تر پرسی گەڕانەوە بۆ زەوی بەڵێنپێدراو دەبێتەوە ڕۆژەڤ و سەرەنجام زایۆنیزم لەدایک دەبێت. بەم ڕەنگە هەم باوکایەتیی بۆ ئایدۆلۆژیای میللیگەرایی دەکەن، هەم نەوە نوێکان ڕەتیان دەکەنەوە، ئەمەش دووەمین پارادۆکسە.

سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای یەهوودییەکان، ئۆجالان پێی وایە؛ ئایدیۆلۆژیای یەهوودیی، کۆتێزی شارستانییەتەکانە، بۆیە لە هەرکوێ کۆمەڵگەکان لەگەڵ شارستانییەت لە پەیوەندیی و ناکۆکییدا بن، بەو ئەندازەیەش لەگەڵ یەهوودییەکان لە پەیوەندیی و ناکۆکییدا دەبن، بۆیە یەهوودییەت ئایدیۆلۆژیای شارستانییەتە، ناکرێ بێ کاریگەریی ئەوان باسی شارستانییەت بکرێت، یەهوودییەت ئایدیۆلۆژیایەکی جیهانییە، ناسیۆنالیزمەکەشی جیهانییە.

بە کورتیی، هۆکاری ئەم هەموو دژایەتییە فراوانەیان دەگەڕێتەوە بۆ:

یەکەم: ململانێی بۆرژوازیی لەمەڕ پاوانی ئابووریی لە ڕێی دەوڵەتەوە. لێرەدا یەهوودییەکان لە بۆرژوای نەتەوەکانی تر لەپێشترن.

دووەم: کاریگەرییان لە بواری بازرگانیی و پارە و بانکدارییدا، دیسان بووەتە هۆی دژایەتیی نەتەوەکانی تر بۆ ئەوان، چونکە ئەوان زووتر و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بوارانەدا پێگەشتوون.

سێیەم: کاریگەریی و باڵادەستییان لە بواری ڕۆشنبیریی و زانستدا، لە ڕابردوو و ئێستاشدا لە ئەورووپا و ئەمریکا خاوەنی هێزی ڕۆشنبیریی و ئابووریی و زانستیین.

چوارەم: لە سەردەمی ئیسلامیشدا عەرەبەکان دەیانەوێت بگەنە شارستانیی و بازرگانیی یەهوودییەکان بە کۆسپ دەبینن.

لە شیکردنەوکانی ئۆجالاندا، یەهوودییەکان یەکسانن بە شارستانییەت، ناکرێت بێ تێگەیشتن لە یەهوودییەکان، لە شارستانیەتیش تێبگەین! بۆیە لە ئێستادا یەهوودییەکان لە ڕێی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، ئەویش لە ڕووی کەلتووری ماددیی و مەعنەوییەوە، ڕێبەرایەتیی شارستانییەت دەکەن، یەهوودییەکان دەتوانن گشت ئەو دەوڵەتانەی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت دەوڵەتانی تری جیهانیش بڕوخێنن وا خۆیان مامانێتییان بۆ کردوون، چونکە شارستانییەتی یەهوودیی ناوکی شارستانییەتی جیهانە، بەڵام ئەوکات خۆشیان نامێنن. یەهوودییەت و شارستانییەت دوو ڕووی دراوێکن. بە بڕوای ئۆجالان بۆ چارەسەری قەیرانی شارستانییەت و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، چارەسەر مۆدێرنیتەی دیموکراتییە، تەنانەت بۆ چارەسەری کێشەی یەهوودیی و فەلەستینییەکانیش.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.