دوای 38 ساڵ دەپرسم بۆچی هەڵەبجە؟
هەڵەبجە ئەنجامی چیرۆکی تراژیدیای دەوڵەت-نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە کارگەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا-ناوەنددا بەرهەمهێنراوە.

نەجیبە قەرەداغی
چەند حەقیقەتێک، تاڵ وەک ژەهر و ڕوون وەک ڕۆژ هەن کە ئەگەر نەگوترێن، هەموو ساڵێک و لە هەمان ڕۆژدا قسەکردن لەسەر هەڵەبجە بەو ڕێبازە دووبارەیە، ئازارەکان قووڵتر دەکەنەوە، برینەکان ساڕێژ ناکەن، کۆمەڵکوژییەکان دووبارە دەبنەوە و حەقیقەتیش تەمومژ دەکرێت. فێرناند براودێل پێمان دەڵێت: “ڕووداوەکان تۆزن بەرچاومان تەمومژ دەکەن، ناهێڵن حەقیقەت ببینین”؛ بۆ ئەوەش، تێگەیشتن لەوەی چی لە پشت ڕووداوەکانەوە هەیە، پێویستی بە شرۆڤەکردن و واتادان هەیە.
چیرۆکی ئێمە لە کۆمەڵکوژیدا کورت ناکرێتەوە؛ کۆمەڵکوژی قەدەر نەبوو، ئەنجامی سیاسەتێک بوو، بەڵام ئەو سیاسەتە بە ئێستاشەوە ڕوون ناکرێتەوە، نە ڕەهەندی ناوخۆییەکەی و نە ڕەهەندە دەرەکییەکەی. 38ساڵە و هێشتا تراژیدیای کۆمەڵکوژیهەڵەبجە ڕوون نەکراوەتەوە. ئەگەر بکرایە، کۆمەڵکوژی شەنگال و هەمووکۆمەڵکوژییەکانی دواتر ڕوویان نەدەدا. 38 ساڵە کورد ڕووی تاوانەکەی لە دەرەوەیخۆیەتی، کە ئەمە بەشێکی ڕاستییەکەیە، بەڵام هەرگیز بە بوێرییەوە کەس باسیئەوەی نەکردووە کە بۆچی ڕوویدا و ئەنجامی چی بوو؟ چیرۆکی بەعس و سەدامحسێن تەنیا بەشێکی چیرۆکەکەیە و هەر زوو لە سێدارەدانی، بۆ پەردەپۆشکردنیچیرۆکە گەورەکە بوو.
فیلیپ سپینسەر، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکان، کە زۆربەی کارەکانی لەسەر هۆلۆکۆستە، دەڵێت: “بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی دووبارە نەبێتەوە، دەبێ سێ شت بکرێت: یەکەم، دەبێ لێی تێبگەین؛ دووەم، دەبێ یادی بکەینەوە؛ و سێیەم، دەبێ وەڵام بدەینەوە”.
با لە یەکەمیانەوە دەست پێ بکەم. ئێمە زانیاری و زانینمان بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجە کەمە و لە ئاستی نەبوودایە، چونکە شانۆ گەورەکەی پشت سیاسەتی کۆمەڵکوژی کە چیرۆکی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە و یەکێک لە پایەکانیقیامەتەکەی، واتە دەوڵەت-نەتەوەیە، ڕوون ناکرێتەوە. بەشێکی زۆر لە نووسەر، ڕۆشنبیر، مێژوونووس و سۆسیۆلۆگەکانی ئێستای کورد بەربەستن لەبەردەم تێگەیشتن لێی، چونکە خۆیان بوون بە بەردەبازی لێڵکردنی ئەم تێگەیشتنە. هێندە چیرۆکەکانی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئەورووپایان باس کردووە، هێندە بە شانوباڵی تیۆر، چەمک و تێزەکانیاندا هەڵیانداوە، کە کەس گومانی لەوە نییە ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ ژیان، لە کاتێکدا ئەنجامەکەی بۆ کورد کۆمەڵکوژی بوو. هەڵەبجە ئەنجامی چیرۆکی تراژیدیای دەوڵەت-نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە کارگەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا-ناوەنددا بەرهەمهێنراوە.
بۆ تێگەیشتن لە هەڵەبجە، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە کۆنتێکستی ئەقڵی سیاسیی کورد. هەڵەبجە ئەنجامی نەبوونی ئەقڵ، سیاسەت و ستراتیژییەکی یەکگرتووی کورد و نەبوونی خوێندنەوەیەکی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییە. ئەنجامی جەمسەرگیری، خۆشباوەڕی و بەکارهێنانی کوردە لە لایەن هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانەوە. بۆ ئەوەی ئەم برینە ساڕێژ بێت و دووبارە نەبێتەوە، دەبێت ئەو حەقیقەتانە وەکخۆیان بگوترێن و لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر بکرێت، بێ ئەوەی پینە بکرێن. هەڵەبجە هەوڵیش درا بکرێتە هەوێنی ئێشێکی قووڵی نەتەوەیی، بۆ ئەوەیوەک پەیژەیەک هێزە هەژموونگەرەکان بەسەریدا سەرکەون و بۆ دیزاینکردنەوەی ناوچەکە کەڵکی لێ وەرگرن. هەر وەک چۆن “لە شەڕی فتوحاتدا، ئەڵڵا تەنیا بەشە پڕوپاگەندەییەکەی شەڕەکان بووە و شەڕکەرەکان هیچ گومانیان نەبووە لە باوەڕەکەیان”، لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەشدا، زهنییەتی نەتەوەپەرستی و ئایینگەرایی لە لای نوخبەی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندپەرستەکانی سەدەی بیستەم،تەنیا بەشە پڕوپاگەندەکەیە؛ ئەوانەی دەبنە قەقنەس و سوتماک، تەنیا سووتەمەنیین بۆدەستکەوتی مشتێک سەرمایەدار و دەستەبژێر. بێ تێگەیشتن لە هەلومەرجەسۆسیۆلۆژی و مێژووییەکەی کۆمەڵگەی کورد، سەختە بزانرێت بۆچی کۆمەڵکوژیهەڵەبجە ڕوویدا.
دووەم، فیلیپ سپینسەر دەڵێت دەبێ یادی بکەینەوە. خۆبەخۆ، کۆمەڵگەیەک یادەوەریی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی بەهێز بێت، هەرگیز ڕێگە بە کۆمەڵکوژی بەو شێوەیە نادات. چونکە یادەوەریی کۆمەڵگە کاتێک لە لایەن دەسەڵاتدار و دەوڵەتەوە داگیر دەکرێت، ڕووبەڕووی دۆخی پارچەکراوی و درز دەبێتەوە و لەسەر جەستەی پارچەکراوی، دەوڵەت و دەسەڵاتدار و هێزە هەژموونگەرەکان بەرژەوەندییەکانیان بونیاد دەنێن. کورد نەک هەر بوون، خاک، کولتوور و مێژووەکەی بەدەست ئەو هێزانە داگیرکرا، بەڵکو لە ئاستێکدا دەروون، ڕۆح و هەستی پارچە کرا، کە بووە زەمینەی تێکشکانی کەسایەتییەکەی. ٥٠ ساڵە عەبدوڵڵا ئۆجالان لە تێکۆشانەکەیدا بەرامبەر ئەو کەسایەتییە شەڕ دەکات بۆ ئەوەی زەمینەی خۆبونیادنانەوە بڕەخسێنێت. زۆر کەم کەس هەن لەوە تێگەیشتوون بۆچی ڕێبەر ئۆجالان هێندەڕەخنەکانی لە بزووتنەوەکەی و کەسانی نێو بزووتنەوەکەی توند و ڕاستەوخۆیە. ئەو دەڵێت بێ تێگەیشتن لەو پارچەبوون و درز و دابەشبوونە مێژووییەی کە لە کەسایەتیی ژندا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کردە کۆیلە و داگیرکراو، ڕزگاری و ئازادی مەحاڵە. کۆمەڵگەیەک خاوەن یادەوەرییەکی قووڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نەبێت، بێ ناسنامە و بێ کەسایەتی دەبێت و نابێتە خاوەن ئەقڵێکی ستراتیژی، بەڵکو دەبێتە داردەستی ئەم هێز و ئەو هێز.
سێیەم دەڵێت: دەبێ وەڵامی کۆمەڵکوژییەکان بدەینەوە. ئەگەر کۆمەڵکوژییەکانی ئێمە دووبارە دەبنەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئێمە بە هەمان ئەقڵ، ئامراز و پارادیگمای سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە خۆمان، مێژووەکەمان، کۆمەڵگەکەمان، هەرێمەکەمان و سیستەمی حوکمڕانیمان دەڕوانین. گرتنەبەری هەمان ڕێگە نامانباتە شوێنێکی تر، بەڵکو دەمانباتەوە هەمان جێگە کە کۆمەڵکوژی و دۆخی بەکارهێنراوییە. بۆ نموونە، غەززە تەنیا قوربانیی هێرشەکانی ئیسرائیل نییە، بەڵکو سەرەتا قوربانیی سیاسەتێکە کە بۆ دیزاینکردنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و هەژموونخوازیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تاودرا و کرایە ئەو تۆپە ئاگرینەی ئاگری لە هەموو ناوچەکە بەرداوە.
ئەگەر تۆڕە جاڵجاڵۆکەییە ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییەکەی پشت هەر کۆمەڵکوژییەک نەخوێنرێتەوە، نازانین چ هێزێک چەند ڕۆڵی هەبووە تێیدا؛ کێ دیزاینەری بوو، کێ ڕێخۆشکەری بوو، کێ بەرژەوەندیی تێدایە و کێ قوربانییەکەیە. چیرۆکی قوربانی و ئەنجامدەر، تەنیا لوتکەی کێوە سەهۆڵینەکەیە، بەشە زۆرەکەی لە ژێر ئاودایە کە نابینرێت. بینینی ئەو بەشەی دیکە، ئەرکێکی مێژوویی، مرۆیی، ئەخلاقی، ویژدانی و دیموکراتییە بۆ دووبارەنەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان.
لە سەروبەندی شەڕە جیهانییەکاندا، ئەقڵی ستراتیژی و بەدیل بۆ ژیانی ئەو گەلانەی بڕیاردەر و بەڕێوەبەری شەڕەکان نین، لەوەدایە کە “لە شەڕی فیلەکاندا نەهێڵن وەک چیمەن بپلیشێنەوە”. لە شەڕی ئێران و عێراقدا، دوو هێز و دەسەڵاتی دڕندەی داگیرکەری کوردستان لە شەڕدا بوون، بەڵام تا ئێستا ڕەهەندە ناوخۆییەکانی ئەو شەڕە و کاریگەرییەکەی لەسەر کوردستان لە ڕووی سۆسیۆلۆژی و مێژووییەوە ڕوون نەکراوەتەوە.
شتێک لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، بە تێپەڕبوون بە مێژوویەکی پڕ خوێن و ئێشی ناوخۆیی، ئێمەی گەیاندووەتە ئێرە، هەندێک ئومێدە؛ ئومێدێکی گوماناوی. ئەوەی گەشەی کردووە و ئەرێنییە، ئەوەیە کە کورد نایانەوێت ببنە بەشێک لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە ئەمە شەڕێکی ناوچەیی و جیهانییە. هەر تێوەگلانێک لەو شەڕەدا بۆ کورد واتای کۆمەڵکوژییەکی نوێیە، نەک تەنیا لە سەروبەندی شەڕەکەدا، بەڵکو دەکرێت پریشکی ئەو ئاگرە بۆ دەیان ساڵی تری شەڕی مەزهەبی و ئەتنیکی کێش بکرێت، کە ئەمەش ئامانجی بەشێک لە هێزە هەژموونخوازەکانە. ئەدی تۆم باراک نەیگوت: “دیموکراسی، فیدراڵی و کۆنفیدراڵی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت، مەگەر بە سیستەمێکی ئۆلیگارشی بەڕێوە ببرێت!”؛ ئەمە بە ئاشکرا ڕاگەیاندنی شەڕ و زەمینەسازی بوو لە دژی مۆدێلی دیموکراتییانەی گەلان و پێکەوەژیان.
بەڵێ، بە کورتی و لە کۆتاییدا، گرنگە بڵێین کە 38 ساڵە شیعر و شانامە بۆ هەڵەبجەدەنووسرێت و مۆنۆمێنت و پەیکەری بۆ دادەتاشرێت، کۆنفرانس و کۆنگرەی لەخانەخوێی دابینکەرانی چەکی کیمیاوی دەبەسترێت، بەڵام ئەمانە ڕوونکردنەوەیکۆمەڵکوژییەکەیان نەکرد. گەڕانەوە بۆ بونیادنانی ئەقڵێکی ستراتیژی، خۆپاراستنێکییەکگرتووی تۆکمە و بەرنامەیەکی دیموکراتیزەکردنی ناوخۆیی لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان، نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییانەی گەلان بە ڕێزگرتن لە ماف، ئازادی و ناسنامەی نەتەوەیی، کولتووری و مێژوویی، تاکە ڕێگەی دووبارەنەبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکانە. ڕێگەیەکی درێژ و هێواشە، بەڵام تاکە ڕێگەی ڕاستە.



