گۆشەی ئازد

خوێــندنەوەیەك بۆ پەیامەکەی ئۆجالان لەسەر ئیسلامی دیموکراتیك!

لە کۆتاییدا ئۆجالان بە مانا تەسکەکەی نە ناسیۆنالیستێکی پراگماتیکە و نە مارکسیستێکی تەقلیدیی، بەڵکو بیرمەندێکی ماتریالیستی مێژووییە

عومەر خەتات

 

چەند ڕۆژێك پێش ئێســتا فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا، بە درووشمی “لە ئیسلامی دیموکراتیکەوە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیك”، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. عەبدوڵڵا ئۆجالان، پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد و ئاماژەی بە چەند خاڵێك دا، لەوانە:

[* جەوهەری ئیسلام ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە.

* ئیسلامی دەوڵەتی فەرمیی یان پێکهاتە جەمعییەکان کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەك ئامرازێکی دەسەڵاتداری و تاڵانکاری بەکاری دەهێنێت، ئەم جەوهەرەی خۆی لەدەستداوە.

* ئیسلامی دیموکراتیك گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە، ئەو پەیمانە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕیی، گەل و کولتوورە جیاوازەکانە بە ئیرادەی خۆیان و بێ زۆرەملێیە.]

ئەمە پوختەی پەیــامەکەی ئۆجالانە بۆ کۆنگرەی ناوبراو.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە لایەن زۆرێك کەوتە بەر ڕەخــنە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر و گوماناویی و تا ئەو ئەندازەیەش کە ئۆجالان بە ســازشکەر بەرامبەر بە ئیســلام لە قەڵەم بدەن یان زۆرێك لایانوایە کە ئەوە پەیــامی میــتە و ئەوان نووســینەکانی بۆ چاك دەکەن. ناسیۆنالیستەکان و ڕۆشنبیرەکانیــان، ئەوانەی کە ئاییــنی ئیســلام لە چاوی داعشەوە دەخوێــننەوە و تەنـــانەت بە “ئایینی عەرەب” دەیناســێنن هەر یەکە لە عەقڵی خۆیـــەوە و ڕووکەشــانە خوێندنەوەی بۆ پەیــامەکە کرد، هەندێک لەوانەش خۆیــان بە چەپ و کۆمۆنیســت دەزانن ئەوانیش قولاپی ڕاکانی خۆیـــانیان فڕێدایە دەریــاکەوە. ئەم نموونـــانەی خوارەوە بەشــێکن لەو کۆمێنتانە یان ئەو خوێـــندنەوانە:

– ئیسلام و دیموکراتیك کوجا مەرحەبا چ خۆشخەیاڵییەکە و ڕێك بە ئاوازی ئەردۆغان و ئیسلامییە هاوشێوەکانیەتی!!
– ئیسلام و دیموکراسی وەك قاپقاپ و حوشتر وان، ئەم قسانە سەردەمی ئەتاتورکی بەدڕەوشتمان بیر دەخاتەوە کە سەرکوتی سەید ڕەزا و شۆڕشی ئاگری داخیان پێکرد.

– نە ئازادی، نە دیموکراتی و مافی ژنان، ئەمانە هاوتەریبی ئیسلام نین، ئیسلام زمانی دیالۆگی نیە، زمانی سەرپەڕاندن و شمشێرە، ئەم پەیامە برەودانە بە داعشیزمی دیموکراتی.

– خوام نەبێ هەر دەمێکە من وتوومە سەرۆك ئاپۆ لەوپەڕی کۆمۆنیزمەوە بایدەداتەوە بۆ ئاینگەرایی.. ئاخر کێ ویستوویەتی ئیسلام دیمۆکراتی بێت؟ و چەندین خوێــندنەوەی تر کە پێوسیت ناکات لێرەدا ڕیز بکرێن.

لاموایە کەم کەس لەوانەی لەسەر پەیــامەکەی ئۆجالان قسەیەکیــان کردووە، توانیویــانە دروست خوێندنەوەیەکی ماتریالیستانەی بۆ بکەن. تەنــانەت ئەوانەشی خۆیان بە پەکەکە دەزانن و لە پەیجەکاندا هەڵسوڕاون توانیبێتیــان ڕۆشــنایی دروست بخەنە سەر ناوەڕۆکی پەیامەکە و بەمەش پەیامەکەی ئۆجالان تەمومژێك و ناڕۆشنییەکی لەگەڵ خۆی هێــناوە کە پێویست دەکات خوێــندنەوە و شیکردنەوەیەکی جیاواز و بێ لایەنەی بۆ بکرێت. ئەم نووســینە هەوڵێکە لەو ڕاســتایەدا.

خوێندنەوە جیاوازەکان

ئێمە لە ناو پەیامەکەی ئۆجالان لەسەر ئیسلام بە گشتی و “ئیسلامی دیموکراتیك” بە تایبەتی لە بەرامبەر دوو خوێــندنەوەی جیـــاواز و لە هەمانکاتدا هاوبەشــدا وەســتاوین. هەردوو خوێندنەوەکە لەسەر پایەی وەلادان و نکوڵیکردن “نفي” لە ئیسلام بارگەیـان داکوتاوە و بەم شێوەش هەردوو خوێندنەوەکە بە حوکمی ئایدیالیست بوون و ئاتەیستبوونیممان ناتوانن لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە لە ئایین بە گشتی و لە ئایینی ئیسلام بە تایبەتی بگەن و بەمەش ئیشکالییەتەکانی تێگەیشتن نەك وەك خۆی دەهێـــڵنەوە بەڵکو کاریگەریی دادەنێن لەسەر بەردەوامی پشێوی کۆمەڵایەتی و وونکردنی قیبلەنومای خەباتی چینایەتی و تەسلیمبوون بە شەڕی شوناسە لاوەکییــەکان.

خوێندنەوەیەی یەکەم:

خوێندنەوەیەکی ناسیۆنالیستانەیە. لەم خوێندنەوەیەدا، ئیســلام یەکســان دەکرێت بە دینی عەرەب، ئایینێکی کوشتن و کۆیلەکردن کە هەستی نەتەوایەتی لاواز دەکات. دیسان لەم پێناسەیەدا ئیسلام میکانیزمێکە بۆ کۆلۆنیالیزمی عەرەبیی لە پێناو زاڵبوون و پاراستنی دواکەوتوویی گەلی کورد و لەبیرکردنی خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

ڕەتکردنەوەی ئیسلام لەلایەن بەشێك لە ناسیۆنالیستەکانی کوردەوە و پێناسەکردنی وەك ئایینی کوشتن و کۆیلەکردن و ئامرازێك بۆ لاوازکردنی هۆشیاری نەتەوایەتی، لە ڕەهەندێکی تەواو ئایدیۆلۆژییەوە سەرچاوە ناگرێت. بەڵکو بەرهەمی کەڵەکەبوونێکی مێژوویی درێژخایەنی ئەزموونە ستەمکارەکانە کە تیایدا ئایینی ئیســلام لەگەڵ دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکان و دواتر لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرندا تێکەڵ بووە. بۆ چەندین سەدەیە کورد وەك ئەزموونێکی ئەبستراکتی ڕۆحیی یان ئەخلاقیی ڕووبەڕووی ئیسلام نەبووەتەوە، بەڵکو وەك زمانێك بۆ هەژموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دوژمنەکانی بەکارهاتووە، ئەمە چ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانییدا بووبێت یان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نەتەوەیانەی کە لە دوای کۆلۆنیالیزمەوە پێکهاتن و کولتوری کۆلۆنیالیزمیان بە میرات وەرگرت. لەم ئەزموونە مێژووییەدا، زۆرجار ئایین- ئیسلام وەکو بەرگێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ پاساودان لە نکۆڵیکردن لە بوونی کورد وەك نەتەوە، تاوانبارکردنی زمان و کولتوورەکەی و گۆڕینی هەر داواکارییەك بۆ مافەکانی وەك فیتنە یان یاخیبوون لە کۆمەڵگەی ئیسلامی گەورەتر، کاری کردووە.

لەم پاشــخانە و لەناو هۆشیاری خەڵکی کورددا، بەتایبەتی لەناو ڕەوتە ڕادیکاڵەکانیدا، تێڕوانینێك بۆ ئیسلام سەرهەڵدەدات، کە ئەم ئاییــنە، نەك وەك ئایینێکی مێژووکرد کە دەتوانرێت لێکدانەوە و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێت، بەڵکو وەك پێکهاتەیەکی پاوانخوازانە کە بە شێوەیەکی ئۆرگانیك پەیوەستە بەو شتەی کە بە کۆلۆنیالیزمی عەرەبی یان ئیسلامی-ناسیۆنالیستی ناو دەنرێت. عوروبە و ئیسلام وەك یەك شوناسی یەکگرتوو لە زهنی بەشێکی خەڵکی کورددا وێنا دەکرێن. ئەم تێڕوانینە بۆ ئیسلام لە مێژوویەکی کۆنەوە تا ئێســتا، ئــاووسە بە چەندین دەقی فیقهی و مێژوویی ڕاستینە کە پاساودەری فەتحکردن و کۆیلەکردن و باجی جزییە و باڵادەستی ئایینین. هەموو ئەم تووندوتیژیــیانە بۆ زۆرێك لە خەڵکی کورد، ئەو تێڕوانینە دەچەسپێنێت کە هۆکاریی هەموو ئەم تاوانکارییانە، خودی ئیسلامە، نەك لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانی.

بەڵام ئەم ڕەتکردنەوە گشتییەی ئیســلام، لەگەڵ خۆیدا هەڵگری پارادۆکسێکی قووڵە. لە لایەك کاردانەوەیەکی سروشتییە بەرامبەر بە مێژوویەکی دوور و درێژی ستەم، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەکەوێتە داوی خوێندنەوەیەکی جەوهەرگەرایی بۆ ئایین، یانی دانانی ئایــین وەك قەوارەیەکی جێگیر، خاڵی لە مێژوو یان ململانێ ناوخۆییەکانی. ئەمە هەمان لۆژیکی بزووتنەوە سەلەفیی و جیهادییەکانە کاتێك بانگەشەی خاوەندارێتی “ئیسلامی ڕاستینە” دەکەن. له هەردوو تێڕوانینەکەدا، ئایین بۆ پاوانخوازیی و توندوتیژیی فۆرمەکانی کورت دەکرێتەوە و مێژوویەکی دوور و درێژی ململانێ و لێکدانەوەی جۆراوجۆریی ڕەوتەکانی ناو ئیسلام پشتگوێ دەخرێت.

ئەو تێڕوانینەش کە ئیسلام هەستی نەتەوەیی لاواز دەکات و ڕێگری دروست دەکات لە خەبات بۆ سەربەخۆیی کورد، واقیعییە و لەسەر ئەزموونێکی واقیعیش دامەزراوە. گوتاری ئیسلامیزم هەمیشە بەکارهێنراوە بۆ دژایەتی کردنی داخوازییە نەتەوەییەکان، بەو پێیــەی کە ئەم داواکاریانە “ئوممەت” کەرت و پەرت دەکات و خزمەت بە دوژمنانی ئیسلام دەکات. بەڵام کێشەکە لە خودی ئاییـــندا نییە، بەڵکو لە بەکارهێــنانی گوتاری ئایــینیدایە وەك ئامرازێك بۆ سەرکوتی جیاوازییە چینایەتی و نەتەوەییەکان. لێرەدا گوتاری ئایــینیی دەبێتە گوتاری خزمەت کردن و هەژموونی دەسەڵات. کاتێك داوا لە کورد دەکرێت بەبێ دانپێدانان بە زمان و خاك و مێژووەکەی خۆیاندا، ئاسمیلە بکات لە ناو “نەتەوەی ئیسلامی”دا، ئەوا ئایــین- ئیسلام دەبێتە فۆرمێکی تری هەژموونی کۆلۆنیالیستی.

لەم تێگەیشتنەدا، تێدەگەین کە بۆچی بەشێك لە ناسیۆنالیستەکان، ئیسلام وەك میکانیزمێك دەبیــنن بۆ هێشتنەوەی گەلی کورد لە دۆخی دواکەوتوویی و سستکردنی خەباتەکەیاندا. کاتێك ئایین- ئیسلام لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی خۆی جیا دەکرێتەوە و وەك ئەلتەرنایڤێك بۆ کردەی سیاسی بەکار دەهێنرێت، خۆبەخۆ دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی بێهۆشکردن، هەروەك چۆن مارکس لە ڕەخنەی ئایین دا باسی کردووە. بەڵام هەڵەکە لێرەدا لە گشتاندنی ئەم ئەرکەیە بۆ ئایین بە گشتی و پشتگوێخستنی ئەگەری هەڵوەشاندن و ئاڕاستەکردنەوەی ئەم ڕۆڵەیە بە شێوەیەکی تر. ئیسلام وەك هەر ئایینەکانی تر هەمیشە لە پێگەی دەسەڵاتدا نەبووە؛ بەڵکو لە هەندێك ساتەوەختی مێژوویــیدا، بووەتە زمانی ڕاپەڕینێکی ئەخلاقیی، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕاپەڕینانەش پەرەی نەسەندبێت بۆ پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی تەواو.

لەم پاشخانەوە دەکرێت ڕەخنە و خوێندنەوەی ناسیۆنالیستی نەریتیی لە پەیامەکەی ئۆجالانەوە بخوێندرێتەوە و وەك “خەڵەفاو” و “جێبەجێکەری پیلانی دوژمنان” تاوانبار بکرێت و تەنــانەت گومان بکرێت لەوەی کە ئەو قســانە هی ئەو نین. بەڵام پەیامەکەی ئۆجالان و تێگەیشتنی ئەو لە ستراتیژ و کاری ســیاسی زۆر لەم خوێــندنەوانە قوڵترە.

پرۆژەکەی ئۆجالان و پەیامەکەی وەك ڕێگایەك بۆ تێپەڕاندنی ئەو جەمسەرگیرییە تیژەی نێوان ناسیۆنالیزمێك کە بە تەواوی ئیسلام ڕەتدەکاتەوە و پاوانخوازییەکی ئایینی کە بە ڕەهایی ناسیۆنالیزم ڕەتدەکاتەوە، دەکرێت بخوێندرێتەوە. ئۆجالان نکۆڵی لەوە ناکات کە ئیسلام وەك ئامرازێکی چەوساندنەوە بەرامبەر کورد بەکارهێنرابێت، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە کە کێشەکە بۆ خودی ئایین بچوك بکاتەوە. ئەو دەڵێت ئەمە پارادۆکسێکە و ڕەتکردنەوە تووندی ئایین خزمەت بەو هێزانە دەکات کە ئایینیان بۆ هەژموون بەکارهێناوە، چونکە مەیدانەکەیان بە کراوەیی بۆ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیکردنی ئیسلام لە کۆمەڵگادا قۆرخ بکەن. ئۆجالان پێی وایە کاتێك ئایین لە پرۆژەی ڕزگاریخوازیی کورد دوور دەخرێتەوە، ملیۆنان کوردی باوەڕدار بەجێدەهێڵرێن یان پاڵیان پێدەنرێن بەرەو هێزە کۆنەپەرست و دژەئازادییەکان، ئەمەش هۆشمەندی و خەباتی خەڵکی کورد پەرت پەرت و لاواز دەکات.

لای ئۆجالان کێشەکە لەوەدا نییە کە ئیسلام هۆشمەندی نەتەوەیی لاواز بکات، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە کام ئیسلام و کامە ناسیۆنالیزم و کامە پەیوەندیی نێوانیان؟ ناسیۆنالیزمێك کە لەسەر نەفی تەواوەتی ئایین بنیات نرا بێت، خۆشی دەبێتەوە بە ئایدۆلۆژیایەکی وەلانەر و هەمان لۆژیکی دەسەڵات بەرهەم دەهێنێتەوە کە کورد لە مێژوودا بەدەستیەوە زەرەرمەند بووە. بە پێچەوانەوە ئایینێك کە لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەوە بخوێندرێتەوە، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کۆکەرەوەی ئەخلاقی کە پاڵپشتی پرۆژەی ڕزگاریخوازیی بێت، نەك بەربەســتێك. ئەمە ئەو تەحەدا فیکری و سیاسییەیە کە ئۆجالان دەیەوێت لە پەیامەکەیدا بیڵێت. تەحەدایەکی قورسە، چونکە پێویستی بەوەیە کە هەردوو بەرە دەستبەرداری یەقیــنە پیرۆزەکانی خۆیان بن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاسۆیەکی واقیعیتر بۆ ڕزگاریی دەکاتەوە کە لەسەر جێگرتنەوەی فۆرمێکی هەژموون بە فۆرمێکی تری هەژموون نییە، بەڵکو لەسەر بنیاتنانەوەی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بناغەی فرەیی و یەکتر قبوڵکردن و واقیعبینی مێژوویی بنیات دەنرێت.

خوێندنەوەی دووەم:

خوێندنەوەیەکی چەپیـیانەیە. کە بەشــێك لە مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکان هەیــانە سەبارەت بە ئیسلام. لەم خوێندنەوەیەدا گەڕانەوەیەك نابینرێت بۆ مارکس و تێزەکانی لەسەر ئایین کە پڕیەتی لە عەقڵ و تێگەیشتنی مێژووییــانە، لە بری ئەوە بەبێ مەبەســت پەنا دەبرێتە بەر خوێندنەوەکانی پێش مارکس لەوانە فیورباخ کە ڕەخنەکانی لە ئایــین، ڕۆشنگەریی، ئەخلاقیی و هیومانیستیین. چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر ئاییـــن هیــــچ شتێکیان نیــیە، ئەوەی هەیـــانە، یاخود ڕەخنەی ئەوان زیاتر لە کارکردنی ئیسلامیزمە لە کۆمەڵگەی کوردییدا، ئەمەش زۆرجار وا دەکات کە ئەوان لە کاتی ڕەخــنەدا ئاییـــن و ئیسلامیزم کە ئەوان ناوی دەنێن ئیسلامی ســیاسیی تێکەڵ بە یەك دەکرێن.

لای مارکس، ئایین بەرهەمی سروشێکی میتافیزیکیی نییە و درۆیەك و فێڵێکی پەیامبەرانیش نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مێژووکردە و بۆ تێگەیشتن لێی، نابێت لە ئاسمانەوە بۆی دابەزین، بەڵکو پێویستە لە زەمینەوە لە ئاسمان تێبگەین! بۆ ئەم تێگەیشتنەش، پێویستمان بە شیکردنەوەی ئەو بارودۆخ و داکەوتە مێژووییە هەیە کە ئایین تێیـــدا سەری هەڵداوە و بەردەوامە. دیسان لای مارکس شەڕی کۆمۆنیزم شەڕە لەگەڵ دەوڵەت، نەك ئایینی دەوڵەت. دەوڵەت لەو شەڕەدا ئازادیی سیاسی، ئازادیی تاك، ئازادیی ئایین، ئازادیی نەتەوە مسۆگەر دەکات. ئەرکی کۆمۆنیزم ڕزگاریی سیاسی نییە، بەڵکو ڕزگاریی ئینسانییە، ڕزگاربوونە لە دەوڵەت. بۆیە مارکس ئەم لایەنە تیۆلۆژییە بەجێ دەهێڵێت و دێتە سەر لێکۆڵێنەوەی بناغە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین، نەك خودی ئایین خۆی! ئایین لای مارکس وەڵامێكە بە نامۆیی ئینسان، ئینسانێك کە خۆی ون کردووە! بەڵام خۆ ئەم نامۆییە مۆرێکی ئەبستراکتی نیـیە لە دەرەوەی مێژوو هاتبێت و درابێت لە ناوچەوانی ئینسان، بەڵکو بەرهەمی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە! بەرهەمی کۆمەڵگەیەکە کە ئەو دیدگا لنگەوقووچە دەداتە ئینسان و پەنای پێ دەبات بۆ ئاسمان، چونکە کۆمەڵگەکە خۆی لنگەوقووچە، یانی پڕە لە چەوسانەوە! ئایین لەم پێناسەیەدا تۆپەڵە وەهمێکی هەڕەمەکی نییە لە خورافات و بیروباوەڕی کۆن، بەڵکو “تیۆرە گشتی”یەکەی ئەم جیهانە نامۆیەیە کە ئینسانی وا لێ کردووە پەنای بۆ ببات و لەوێدا مانایەك بۆ ژیانی خۆی پەیدا بکات. بۆیە مارکس خەبات لە دژی ئایین دەبەستێتەوە بە خەبات لە دژی جیهــــانێك کە ئایین بۆنوبەرامە ڕۆحانییەکەیەتی!

ئەمە پوختەی تێڕوانینی مارکسە بۆ ئایــین. ئایا تا چەند ئەم تێڕوانیــنە مارکسیستییە لە پەیامەکەی ئۆجالاندا ڕەنگدەداتەوە؟
مشتومڕەکانی پەیوەند بە پەیامەکەی ئۆجالان سەبارەت بە ئایین و بەتایبەتی ئیسلام، لە جەوهەردا لە ناوەڕۆکی خودی ئارگیومێنتەکانییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو زیاتر لە هەڵە تێگەیشتنێکی دوو لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت: یەکێکیان لە مارکس و ئەوی دیکەیان لە کۆنتێکستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێکی بەرچاو لەو کۆمۆنیستانەی کە ڕەخنە لە ئۆجالان دەگرن، لە پێگەیەکی ئاتەیستییەوە ڕەخنە دەگرن نەك لە واقیعی بوونی ئایـــین لە کۆمەڵگە و ئەو زەمیــنە مادیـــیانەی کار دەکاتە سەر برەودان بە ئیمانداریی و لەگەڵیشیدا ئیسلامیزم. لەم پێگە ئاتایستییەدا، ئایین وەك پاشماوەیەکی میتافیزیکی کە دەبێ لە هۆشیاریدا بنبڕ بکرێت، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەك وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-مێژوویی کە لە پرۆسەی زەوت و نامۆبووندا دروست بووە و گەشەی کردووە. ئەم هەڵوێستە پارادۆکســییە، کەمتر سەر بە مارکسیزمە و زیاتر سەر بە سەردەمێکی پێش مارکسە، یانی بۆ سەردەمێك کە ڕەخنەی ئایینی وەك وەهمێکی ئیپیستمۆلۆژی یان فریودانی ئەخلاقی دەبینرا. مارکس خۆی قەدردانی لەم ڕەخنەیە کرد و وەك دەستکەوتێکی مێژوویی داینــا، بەڵام چیتر پێویستی بەم ڕەخنەیە نەبوو، بۆیە بەجێیهێشت.

لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنەی پەیامەکەی ئۆجالان لەلایەن هەندێك لە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە لە بنەڕەتدا نامارکسییانەیە، چونکە تەنیا لە ئاستی هۆشیاری ئایـــینیدا دەوەستێت و ناچــێتە ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەوە. ڕەخنەی ئاتەییستی چەپ و کۆمۆنیستەکان زۆرجار دەگۆڕدرێت بە ئایدۆلۆژیایەکی ئێلیتەیی سەرەوە بۆ خوارەوە کە دژایەتی خەڵك دەکات لەبری دژایەتی پەیوەندییەکانی هێز کە هۆکارە بۆ مانەوەی خەڵك لە دۆخی نامۆبووندا. لێرەدا ئاتەییزم نابێــتە دژەئیلاهیات، بەڵکو هەمــان وێنە هەڵگەڕاوەکەی خۆیەتی، چونکە ئاتەییزم وەك جەوهەرێکی جێگیر و نا مێژوویی مامەڵە لەگەڵ ئایین دەکات، هەروەك چۆن سەلەفیزم دەیکات – بە ڕەچاوکردنی جیاوازییەکان. ڕەخنەی ڕووکەشانەی ئەو هاوڕێــیانە، بەڵگەیە لەسەر وشکبوون لەناو خوێندنەوەیەکی سادە و ساکارانەی سێکیولاریزمدا. مارکسیزم، ئەگەر بەڕاستی تیۆرێکی ڕەخنەیی زیندوو بێت، ناتوانرێت بکرێتە لیستێك لە تابۆی ئایدیۆلۆژیی؛ بەڵکو هەر وەك چۆن بووە دەبێت وەك ئامرازێك بۆ تێگەیشتن و گۆڕینی واقیع بمێنێتــەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، تێگەیشتن لە ئارگومێنتەکەی ئۆجالان ناکرێت لەو پرسیارەوە لێی تێبگەین کە ئایا “ئایین ڕاستە یان هەڵەیە، باشە یان خراپ؟” بەڵکو دەبێ بپەڕێــینەوە بۆ پرسیاری: ئایا “ئایین چۆن لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە کاردەکات و کێ سوودمەندە لەم کارە؟”. ئۆجالان لە پەیامەکەیدا وەك عەقیدە بەرگری لە ئیسلام ناکات و پڕۆژەیەك بۆ بە ئیسلامیکردنی سیاسەتیش پێشنیار ناکات. بەڵکو هەوڵ دەدات ئەو ئەرکە پاوانخوازییە هەڵبوەشێنێتەوە کە بە درێژایی مێژووی ناوچەکەوە بە ئایینەوە گرێدراوە، چ لە ڕێگەی ئیمپراتۆریەتەکان یان دەوڵەت-نەتەوە، یان سیستەمی سەرمایەداریی جیهانییەوە، کە لە ئیسلامی جیهادیدا ئامرازێکی ئایدیاڵی باشــیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگاکان و گۆڕینی ململانێی چینایەتی بۆ ململانێیەکی خوێناویی شوناسیی دۆزیەوە. نموونەی مۆدێلی مەدینە بۆ ئۆجالان، مۆدێلێکی تیۆلۆژی یان تەشریعی نیــیە، بەڵکو هێنانەوەیەکی ڕەمزیــانەی وەزیفەدارە، مۆدێلێکی مێژوویی سەردەمێکە کە تیایدا ئایین بەشێك بووە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسی فرەیی، نەك ئامرازێك بۆ نەهێشتنی جیاوازی یان لەناوبردنی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان. وەك وتم، هێنانەوەیەکی ڕەمزییە نەك کۆپیکردنی سیستەمێکی حوکمڕانی. بەڵام ئەم نموونە ڕەمزییە لە هەمانکاتدا بێ وەزیفەش نیــیە. لە لایەك ڕەمزییە چونکە گفتوگۆ لەگەڵ ویژدانی ئایینیی دەکات، دەتوانێت دەرگایەکی سایکۆلۆژیی لای ئیماندارێك بکاتەوە کە “ئەمە نامۆ نیــیە بە ئایینەکەم” و لە هەمانکاتدا دەتوانێت هەژموونی خوێندنەوەکانی ئیسلامییزم بۆ “ئیسلامی ڕاستینە” هەڵبوەشــێنێتەوە. وەزیفەکەشی ئەوەیە کە دەتوانێت زمانێکی هاوبەش یان پردێك دروست بکات لە نێوان کەسێکی ئیماندار و کەسێکی سێکیولاردا و پۆلاریزەبوون و دەمارگیریی کەمتر بکاتەوە و لە هەمووشی گرنگتر ئەم پرۆژە ســیاسییەی ئەویش لە قبوڵبوونێکی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند بێت.

لێرەدا ئۆجالان لەگەڵ جەوهەری ڕەخنەی مارکسیستیی لە ئاییندا یەکدەگرێتەوە نەك لەگەڵ لێکدانەوە ڕووکەشەکاندا. وەك چۆن مارکس ئایینی وەك ڕەگی خراپەکاری نەدەبینی بەڵکو وەك ڕەنگدانەوەی جیهانێکی هەڵگەڕاوە دەبینی، ئۆجالانیش ئیسلام وەك هۆکاری دواکەوتوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابینێت. بەڵکو ئەم دواکەوتووییە بە بەرهەمی پێکهاتەیەکی پاوانخوازی و ئابووری دەبینێت کە ئایینی لە فۆرمێکی ئایدۆلۆژیی تووندوتیژ و خوێناویدا بەرهەمهێناوەتەوە. جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئۆجالان لە ســیاقی مێژووییەکی جیاواز لە سیاقی مێژوویی لە مارکس کاردەکات. سیاقێك و ناوچەیەك کە بە پرۆسەی ڕۆشنگەریدا تێپەڕ نەبووە، ئاییــن لە دەوڵەت و یاساکان جیا نەکراوەتەوە. بۆیە گواستنەوەی جەنگ بە ڕاستەوخۆیی بۆ “ڕەخنەگرتن لە ئایین”، تەنیا نامۆبوون قووڵتر دەکاتەوە و جەماوەر پاڵ پێوە دەنێت بەرەو هێزگەلێکی کۆنەپەرستانەتر کە خۆیان دەکەنە دەمڕاست و نوێنەری ئیسلامی ڕاستیــنە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوە نیــیە کە ئایا ئۆجالان بە مانا ئۆرتۆدۆکسـیەکەی مارکسیستە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لەم باسەدا، لە چوارچێوەی ئەو مەنهەجەدا کار دەکات کە مارکس کاری لەسەر کردووە یان نا؟ یانی ئاسۆی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ پێشــنیار دەکات بۆ کۆمەڵگا و ململانێکانی ناوی نەك شەڕ لەگەڵ باوەڕ و ئایدیاکان. وەڵامەکە بە تێڕوانینی من بەڵێــیە. واتە ئەو سەر بە رەوتێکە کە ئایین وەك مەیدانێکی کێشمەکێشی لێکدانەوە و ئەخلاقیات دەبینێت کە دەتوانرێت پۆتانسێلێکی مرۆیی لەدەستچوو لێیەوە وەربگیرێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی ململانێی چینایەتی یان بەڵێنی ڕزگاربوونی ئیسکاتۆلۆژی.

لایەنێکی تری پەیامەکەی ئۆجالان کردنەوەی ئاسۆیەك نییە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان ئایین و مەزهەبەکاندا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دابەزاندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ئاسمانەوە بۆ زەمین و شەڕ نەکردنی بێهوودەیە لەگەڵ ئاســمان و خوداکان. هەوڵێکە بۆ دەرکێشــانی ئەرکی بێهۆشکەرانەی ئایین بەبێ لێسەندنەوەی مانای وجودییەکەی و گەڕانەوەی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان بۆ شوێنی سروشتی خۆیان، یانی بۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سیستەم، سامان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی.

لە کۆتاییدا ئۆجالان بە مانا تەسکەکەی نە ناسیۆنالیستێکی پراگماتیکە و نە مارکسیستێکی تەقلیدیی، بەڵکو بیرمەندێکی ماتریالیستی مێژووییە کە کاردەکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بارودۆخی هۆشیاری و ڕزگاری لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە وێران بووە. ئۆجالان، بەبێ گوێدانە ئەوەی مرۆڤ لەگەڵیدا هاوڕا بێت یان نا، یەکێك لە هەوڵە جددییەکان دەدات بۆ بەکارهێــنانی ئەم مەنهەجە ڕەخنەیییە لە یەکێك لە ئاڵۆزترین و شێواوترین ناوچەکانی جیهاندا.

ئاگامبین لە “میترۆپۆلیس”دا، یادوەرییەکی خۆی دەگێڕێتەوە لەگەڵ “گی دێبۆر”دا. دەڵێ؛ مشتومڕێکمان بوو کە من لاموابوو باسەکەمان لەسەر فەلسەفەی ســیاسییە، تاکو لە خاڵێکدا گی باسەکەی پچڕاند ووتی: “بڕوانە، من فەیلەسووف نیم، ســتراتیژیستم”، ئەم قسەیەی گی دیبۆر دەکرێت بۆ ئۆجالان بەکار بهێنرێت؛ ئۆجالان بۆ بزووتنەوەکەی خۆی بە ڕاستی ســیاسیی و ستراتیژیستە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.